ئاله‌نگارییه‌كانى به‌رده‌م به‌شداریی ژنان له‌ كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى دا له‌ گه‌رمیان

2024/02/29    444 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ- یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانیی مافه‌كانى مرۆڤ
 
پێشه‌كى:
 
یه‌كه‌ى رۆژنامه‌وانى مافه‌كانى مرۆڤ، له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كى رادیۆی ده‌نگ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، هه‌ستاوه‌ به‌ ئاماده‌كردنى راپۆرتێكى قوڵ كه‌ تیایدا به‌دواداچون ده‌كات بۆ پرسی به‌شداریی ژنان له‌ كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ گه‌رمیان و ئاله‌نگارییه‌كانى به‌رده‌مى.
 
 
1. ئاستى به‌شداریى ژنان له‌ نێو رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌ گه‌رمیان 
 
به‌شێك له‌ به‌رپرسانى رێكخراوه‌كان و چالاكوانانى بوارى ژنان له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێن: به‌شدارى ژنان له‌ نێو رێكخراوه‌كاندان هه‌یه‌ و ده‌ستپێشخه‌ربون له‌ كاركردنیان له‌ نێو رێكخراوه‌كان، به‌ڵام وه‌كپێویست نیه‌.
هه‌یفا مه‌جید، به‌ڕێوبه‌رى رێكخراوى شۆخ له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: به‌شدارى ژنان له‌ نێو رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى دیار و رون و به‌رچاوه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ژنان خۆیان ده‌ست پێشخه‌ربون و به‌شدارییان كردوه‌.
 
وتیشى: به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یانتوانیوه‌ به‌ ئازادیى وه‌كپێویست رۆڵیان هه‌بێت، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى به‌شدارییان هه‌یه‌، هۆكاره‌كه‌شى بۆ كۆمه‌ڵێك رێگرى و ئاسته‌نگ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ خێزانه‌كان و دابونه‌ریته‌.
 
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رپرسى رێكخراوێك پێیوایه‌ به‌شدارى ژنان له‌ كارى رێكخراوه‌ى له‌ ئێستادا سست بوه‌ له‌ چاو ساڵانى رابردو.
 
نه‌رمین عوسمان، به‌رپرسى لقى گه‌رمیانى كۆمه‌ڵه‌ى ئافره‌تانى كوردستان وتى: به‌شداریى ژنان له‌ نێو رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایی سست بوه‌، له‌ كاتێكدا له‌ ساڵانى رابردو به‌شدارییه‌كى كارایان هه‌بوه‌ و به‌رفراوان بو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كارى رێكخراوه‌ى كارێكى خۆبه‌خشیه‌ و بۆ پارێزگاریكردنه‌ له‌ مافه‌كانى خۆمان.
 
ده‌شڵێت: هۆكاره‌كه‌ى ده‌به‌ستمه‌وه‌ به‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كه‌ هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ى وایان له‌ رێكخراوه‌كان كردوه‌ به‌شدارى ژنان كه‌م ببێته‌وه‌.
 
هاوكات، نیگار ره‌شید، چالاكوان له‌ گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: ژنان كه‌م تا زۆر رۆڵ نابینن له‌ به‌ره‌وپێشبردنى دۆخى ژن له‌ نێو كۆمه‌ڵگادا، به‌ڵكو پێداگرى ژن له‌ سه‌لماندنى شوناسى خۆى و پێناسه‌ى هه‌قیقى ژنێتى كاریگه‌رى راسته‌قینه‌ى ده‌بێت له‌هه‌ر كار و چالاكى و رێكخراوێك، بۆیه‌ پێویسته‌ ژنان خۆیان بڕیار بده‌ن كه‌ خودى خۆیان چى بكه‌ن و چى به‌رنامه‌یه‌ك دابنێن نه‌ك ئه‌م سیسته‌مه‌ رێگه‌ و جێگه‌ و پێگه‌یان دیاریى بكات.
 
سامان عه‌زیز، شاره‌زا له‌ بوارى كارى رێكخراوه‌یى، پێیوایه‌ رۆڵى ژنان له‌ كارى رێكخراوه‌یى دا مامناوه‌نده‌.
 
وتى: وه‌ك ئه‌زمون كه‌ ئه‌یبینم به‌ گشتى خراپ نیه،‌ ره‌نگه‌ له‌ شوێنى ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ زۆر چالاكبن و كاریگه‌رى زۆر گه‌وره‌یان هه‌بێت له‌ گۆڕانكارى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ڵام بونیان هه‌یه‌ و گروپى خۆبه‌خشانه‌ى یه‌كگرتوى ئافره‌تانى باش هه‌یه‌.
 
وتیشى: ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان له‌ ئاستى ئه‌وه‌ن كه‌ سه‌ركرده‌ن، هاوكات خه‌ڵكانێكى زۆر هه‌یه‌ چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ن كاریگه‌رییه‌كه‌یان باشتر بێت.
 
 
 
2. ئاستى رۆڵگێڕانى ژنان له‌ نێو رێكخراوه‌كان
 
به‌رپرسانى رێكخراوه‌كان و چالاكوانانى گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ ژنان تا ڕاده‌یه‌كى باش رۆڵیان هه‌یه‌ له‌ نێو رێكخراوه‌كاندا، وه‌كخۆیان ده‌ڵێن له‌ جێگه‌ى تموحى ئه‌واندا نیه‌. 
 
نه‌رمین عوسمان، به‌رپرسى لقى گه‌رمیانى كۆمه‌ڵه‌ى ئافره‌تانى كوردستان وتى: ئافره‌تان له‌ نێو خودى رێكخراوه‌كان رۆڵیان هه‌بوه‌ و كارى خۆیان كردوه‌ به‌ باشى له‌ هه‌ر به‌رپرسیارێتیه‌ك كه‌ پێاندرابێت سه‌ربارى ئه‌و ئاسته‌نگیانه‌ى كه‌ روبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه‌ چ له‌ ئاستى كۆمه‌ڵگا بێت یاخود خزبه‌كان بێت، به‌ڵام له‌ تموحى ئێمه‌دا نیه‌ و رێژه‌كه‌ كه‌مه‌.
 
"رۆڵى ژنان له‌ نێو رێكخراوه‌كان ئه‌وه‌ رونه‌ ئه‌گه‌ر پله‌ى یه‌كه‌م نه‌بێت به‌ پله‌ى دوه‌م رۆڵى باشیان بینیوه‌ له‌ كارو چالاكیه‌كان و ئه‌و ئه‌ركه‌ى كه‌ پێیاندراوه‌ له‌و رێكخراوه‌ى ئه‌نجامیان داوه‌". له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوان له‌ گه‌رمیان واى وت.
 
ده‌شڵێت: له‌ كوردستان و گه‌رمیانیش رێكخراوێكى زۆر هه‌ن كچان و ژنانیش رۆڵێكى باشیان تیا بینوه‌ و كارده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ ناو رێكخراوه‌كان 10 ژن زیاتر یان 5 ژن زیاتر كارى تێدا ده‌كات و جێپه‌نجه‌یان دیاره‌ رۆڵێكى گرنگیان بینیوه‌ و ئه‌و رۆڵه‌شى كه‌ ژنان بینیویان كه‌ له‌ نێو رێكخراوه‌كان زیاتر و رونتر ئاشكرا ده‌ره‌كه‌وێت وه‌ك له‌وه‌ى پیاوان بینیویانه‌.
 
سامان عه‌زیز، شاره‌زا له‌ بوارى كارى رێكخراوه‌ى له‌ گه‌رمیان وتى: "به‌شدارى ژنان له‌ نێو رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى هه‌یه‌ به‌شێوه‌ى جیاجیا ئه‌بینین، هاوكات گروپ و رێكخراوى مونه‌زه‌م هه‌یه‌ كه‌ ئامانجیان هه‌یه‌ و چالاكى ئه‌نجام ده‌ده‌ن".
 
ده‌شڵێت: گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام بن، یه‌كێك له‌ كێشه‌كان ئه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام نابن رێكخراوه‌كان، بۆیه‌ به‌رده‌وام بونیان جۆرێكه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندنى به‌رداوامى كارى رێكخراوه‌یی، بۆیه‌ به‌شدارى ژنان له‌ نێو رێكخراوه‌كان نه‌ خراپه‌ نه‌ زۆر باشه‌ بۆیه‌ به‌ ناوه‌ند ئه‌یبینم.
 
 
 
3. ئاسته‌نگییه‌كانى به‌رده‌م ژنان له‌كاركردنیان دا له‌ نێو كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى دا
 
ژنان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌شدارى ژنان و كاركردنیان له‌ نێو رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى روبه‌ڕوى كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگى ده‌بنه‌وه‌ دیارترینیان كۆمه‌ڵگه‌ و خێزانه‌كانن.
 
هه‌یفا مه‌جید، به‌ڕێوبه‌رى رێكخراوى شۆخ له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: ژنان به‌ به‌رده‌وامى روبه‌ڕوى كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ ده‌بنه‌وه‌ له‌ هه‌ر كارێك كه‌ ده‌یكه‌ن، بۆیه‌ ته‌نها له‌ نێو رێكخراوه‌كان نیه‌، ئاسته‌نگیه‌كانیش كلتور و دابونه‌ریت له‌گه‌ڵ رێگرییه‌ خێزانیه‌كانن كه‌ ئه‌مانه‌ هۆكارى سه‌ره‌كى كه‌مى به‌شدارى ژنانن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ خودى ژنان خۆیان كه‌ وه‌ك پێویست نایه‌نه‌ پێشه‌وه‌.
 
هاوكات، نه‌رمین عوسمان، به‌رپرسى لقى گه‌رمیانى كۆمه‌ڵه‌ى ئافره‌تانى كوردستان وتى: له‌پاڵ دابونه‌ریت و كۆمه‌ڵگا و خێزانه‌كان، ئاسته‌نگیه‌كى ترى به‌رده‌م ژنان حزبه‌ سیاسیه‌كانن‌، چونكه‌ كه‌سانێك هه‌ن كارى رێكخراوه‌كانیان ناشرین كردوه‌ و تۆمه‌ت ده‌به‌خشنه‌وه‌ بۆ رێكخراوه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ سۆشیاڵ میدیادا، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ به‌شدارى ژنان كه‌م ببێته‌وه‌.
 
"سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ له‌ روى كلتورییه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى عه‌شایه‌ر و خێڵه‌كین كه‌ بوه‌ به‌ رێگرێكى گه‌وره‌ له‌ ده‌ركه‌وتنى ژنان و كچه‌ به‌ تواناكان به‌تایبه‌ت له‌ گه‌رمیان، رێكخراوه‌كان خۆشیان هۆكارێكى گه‌وره‌ن و به‌ربه‌ستن له‌ به‌رده‌م ژنه‌ به‌تواناكان بۆ كاركردن له‌ نێو رێكخراوه‌كاندا". هاوكار نه‌سره‌دین، چالاكوان له‌ گه‌رمیان واى وت.
 
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌و ژنانه‌شى كه‌ له‌وێ جێگه‌یان بوه‌ته‌وه‌ خاوه‌نى توانا و روئیایه‌كى پیشه‌گه‌رنین یاخود به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان تواناى گه‌وره‌یان بۆ كاركردن نیه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر ئه‌حزابى سیاسى وه‌رگیراون و وه‌ك ناوه‌ندێكى په‌یداكردنى پاره‌ كارده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌مشێوه‌یه‌ش رێگرن له‌و ئافره‌تانه‌ى كه‌ به‌توانان و رێگرن له‌ ده‌ركه‌وتنیان.
 
 
نیگار ره‌شید، چالاكوان له‌ گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: ئاسته‌نگیه‌كان به‌ پله‌ یه‌ك هۆشیارى خودى ژن خۆیانه‌ كه‌ خۆى له‌ نێو سیسته‌مى سه‌رمایه‌دارى و پیاوسالاریدا خۆى ون كردوه‌  و خه‌ركى سه‌لماندنى خۆیه‌تى له‌و چوارچێوه‌دا.
 
ده‌شڵێت: هه‌روه‌ها سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مرۆ ئاسته‌نگیه‌كى گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م ده‌ركه‌وتنى ژنێتى به‌ مانا راسته‌ قینه‌ى خۆى، به‌جۆرێك به‌رنامه‌ و چالاكى و یاسا و میدیاى له‌ خزمه‌تى دروست كردنى ژنێكى پیاوانه‌دا خستوه‌ته‌گه‌ڕ و وه‌لاوه‌نانى ژنێتى و رۆڵگێرانى راسته‌قینه‌ى ژنه‌ له‌ كایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و رێكخراوه‌یدا.
 
پرسى مادیی یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌كان كه‌ راى جیاوازى له‌ نێوان به‌رپرسانى رێكخراوه‌كان و چالاكوانان دروست كردوه‌ به‌جۆرێك به‌شێكیان ده‌ڵێن پاره‌داركردنى ژنان له‌ هه‌ندێك له‌ رێكخراوه‌كان كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر به‌شدارى ژنان له‌ نێو هه‌ندێك له‌ رێكخراوه‌كان.
 
نه‌رمین عوسمان، به‌رپرسى لقى گه‌رمیانى كۆمه‌ڵه‌ى ئافره‌تانى كوردستان، وتى: یه‌كێكى دیكه‌ له‌و كێشانه‌ بونى پاره‌یه‌كى زۆره‌ له‌ هه‌ندێك رێكخرا و كه‌مى بونى پاره‌ له‌ رێكخراوێكى دیكه‌ ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ هه‌ندێك له‌ ژنان بۆ خۆ پاره‌داركردن رو له‌و رێكخراوانه‌ بكه‌ن و كاریگه‌رى هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌كانى دیكه‌ كه‌ تواناى مادییان سنورداره‌، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ ژنان له‌ هه‌ندێك رێكخراو كارنه‌كه‌ن.
 
 
به‌پێچه‌وانه‌وه‌، له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوان له‌ گه‌رمیان هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات: لایه‌نى مادى نه‌ك له‌ ناو رێكخراوه‌كان، به‌ڵكو له‌ هه‌ر شوێنێك كار بكه‌یت گرنگه‌، ئه‌و ژنانه‌شى كه‌ له‌ نێو رێكخراوه‌كان كارده‌كه‌ن گرنگه‌ ئه‌و كاروچالاكیانه‌ى كه‌ ده‌كرێت به‌پێى تواناى كه‌سه‌كه‌ یان ئه‌و ژنانه‌ لایه‌نى مادیی دیارى بكرێت و توندوتیژى موچه‌ى تێدا نه‌كرێت یان جیاوازى ره‌گه‌زى نه‌كرێت.
 
سامان عه‌زیز، شاره‌زا له‌ بوارى كارى رێكخراوه‌یى، پێیوایه‌ "ئاسته‌نگیه‌كى ئێجگار زۆر روبه‌ڕى كارى رێكخراوه‌كان ئه‌بێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى له‌مپه‌ر بێت له‌ به‌شدارى و رۆڵى ژنان تێیدا".
 
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: له‌ هیچ شوێنێك نه‌مبیستوه‌ پرۆژه‌یه‌كى تایبه‌ت یان فه‌ندێك هه‌بێت تایبه‌ت به‌ ژنان، له‌كاتێكدا به‌پێى ئه‌زمونى خۆم ئافره‌ت رۆڵێكى میحوره‌ى هه‌یه‌ له‌ نێو رێكخراوه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ گۆرانكارى كۆمه‌ڵایه‌تى ژن ئه‌توانێت كاریگه‌رى زۆر دروست بكات یان چالاكتر ئه‌توانێت كار بكات له‌ نێو كۆمه‌ڵگادا، وه‌ك ئامارى گشتیش له‌ روى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ ژنان زۆر چالاكترن له‌ پیاوان، چونكه‌ ئه‌توانن زوتر بگه‌ن به‌ چین و توێژه‌كان.
 
 
 
4. ده‌ستوه‌ردانى حزبى له‌ كارى رێكخراوه‌یى ژنانى ساردكردوه‌ته‌وه‌ له‌ كاركردن
 
"رێكخراوه‌كان به‌شێكیان پاشكۆى حزبین و له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ ژنان خۆیان به‌ دوربگرن له‌ كارى رێكخراوه‌ى كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌كان، چونكه‌ حزب سنور داده‌نێت به‌ كاركردن و به‌شداریكردنى خودى ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ چالاكیه‌كان". نه‌رمین عوسمان، به‌رپرسى لقى گه‌رمیانى كۆمه‌ڵه‌ى ئافره‌تانى كوردستان واى وت.
 
هاوكات، هاوكار نه‌سره‌دین، چالاكوان له‌ گه‌رمیان وتى: رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌ گه‌رمیان به‌ رێژه‌یه‌كى زۆر له‌ ژێر چه‌ترى حزبدان، ئه‌مه‌ش رونه‌ كه‌ پشت به‌ تاوانى ژنان و كچانى به‌ توانا نابه‌ستن، بۆیه‌ زۆرێك له‌ ژنان كه‌ له‌ نێو رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نین چ له‌ گه‌رمیان چ له‌سه‌ر ئاستى كوردستانیش كارده‌كه‌ن به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ئه‌فزه‌لیه‌تى زۆریان نیه‌، چونكه‌ به‌ سیڤى حزب و به‌ فۆرمى حزبى وه‌رگیراون و كارده‌كه‌ن؟
 
ده‌شڵێت: بۆیه‌ كاتێك رێكخراوه‌كان كه‌ ئه‌و ژنانه‌ وه‌رده‌گرن به‌ فۆرمێكى خێڵه‌كیانه‌ وه‌رده‌گیرێن و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و رۆڵى رۆبۆتیان پێده‌درێت، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ى بۆماوه‌ى 32 ساڵه‌ رێكخراوه‌كان رۆڵێكى ئه‌وتۆیان نه‌بوه‌ و جێپه‌نجه‌یان دیار نیه‌ و په‌یامى مه‌ده‌نیان بۆ خه‌ڵك نه‌ناردوه‌ و له‌ نێویشیاندا ئافره‌ت به‌ رێژه‌یه‌كى زۆر به‌شداره‌ له‌مه‌دا.
 
"پرسى ژن بوه‌ به‌ پرسێكى سیاسی ناتوانین بیته‌كێنین لێى، هه‌روه‌ها سیسته‌میش به‌رپرسه‌ له‌و دۆخه‌ى كه‌ ژنى تیایه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك بێت، چونكه‌ ژن رۆڵێكى گه‌وره‌ و كاریگه‌رى هه‌یه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگادا بۆیه‌ به‌رده‌وام ده‌ست بۆ ژن براوه‌، سیسته‌مى سیاسى ده‌سه‌ڵاتداریش به‌رپرسه‌ له‌ بارودۆخى ژن چ به‌ باشى چ به‌ خراپى". ئه‌مه‌ پوخته‌ى رای چالاكوان: نیگار ره‌شید بو له‌وباره‌یه‌وه‌.
 
 
5. پێویسته‌ چی بكرێت؟
 
ژنان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى ژنان له‌ نێو رێكخراوه‌كان زیاتر ببێت و زیاتر رۆڵیان هه‌بێت، پێویسته‌ خودى ژنان خۆیان بێنه‌ پێشه‌وه‌، هاوكات ئه‌و ئاسته‌نگیانه‌ى كه‌ روبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه‌ تێیپه‌ڕێنن و ر‌چه‌شكێنى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ژنان رۆڵیان زیاتربێت.
 
هه‌یفا مه‌جید، به‌ڕێوبه‌رى رێكخراوى شۆخ له‌ گه‌رمیان ده‌ڵێت: پێویسته‌ ژنان خۆیان رۆڵى سه‌ره‌كى بگێڕن له‌ به‌شدارى كردنیان له‌ نێو رێكخراوه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ پانتاییه‌كى زیاتر بۆ ژنان فه‌راهه‌م بكرێت و متمانه‌ى زیاتر به‌ ژنان بدرێت بۆ پێدانى پۆستێك له‌ نێو رێكخراوه‌كاندا، چونكه‌ ژنان خاوه‌نى ئیراده‌ و توانایه‌كى بێ وێنه‌ن و كاره‌كانیان زۆر به‌ باشى ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
 
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ركى رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیشه‌ كه‌ زیاتر كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن هانى ژنان و كچان بده‌ن بێنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ كاركردن له‌ نێو رێكخراوه‌كاندا، ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ى راهێنان و وۆركشۆپ و سیمینارى تایبه‌ت به‌ هۆشیارى ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ ژنان زیاترى ئه‌زمون په‌یدا بكه‌ن و په‌ره‌ به‌ تواناكانیان بده‌ن.
 
"چاره‌سه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ رێكخراوه‌كان خودى خۆیان به‌ فۆرمێكى مه‌ده‌نیانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و سه‌ربه‌خۆ بن له‌ كاركردن، هاوكات ژنان و كچانى به‌ توانا بهێننه‌ پێشه‌وه‌ و به‌رپرسیارێتیان پێبده‌ن ئه‌مه‌ش واده‌كات جێپه‌نجه‌یان ده‌ربكه‌وێت له‌ ئه‌نجامدا". هاوكار نه‌سره‌دین، چالاكوان له‌ گه‌رمیان واى وت.
 
نیگار ره‌شید، چالاكوان له‌ گه‌رمیان باس له‌وه‌ ده‌كات: پێویسته‌ ژنان یه‌كه‌مجار پێناسى خودى خۆیان بدۆزنه‌وه‌ وه‌ك ژنێك شۆڕشێك له‌ ناوه‌وه‌ى خۆیان بكه‌ن و خۆیان بته‌كێنن له‌و نه‌ریته‌ پیاوسالارییه‌ى كه‌ بێئاگا خراونه‌ته‌  خزمه‌تیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هۆشمه‌ندییه‌كى گه‌وره‌ى ئه‌وێت كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ى سیسته‌مه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ پاڵپشتى ژنان بكرێت، چونكه‌ سیسته‌م ژنێكى پیاوانه‌ى ئه‌وێت له‌ مه‌یدانى كارى رێكخراوه‌ی و چالاكى و خزمه‌تدا.
 
به‌ هه‌مان شێوه‌، له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوان له‌ گه‌رمیان هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات: زۆربه‌ى ئه‌و رێكخراوانه‌ى كه‌ هه‌ن و ژنان كارى تیا ئه‌كه‌ن به‌تایبه‌ت گه‌رمیان به‌تایبه‌ت تر له‌و ناوچانه‌ى كه‌ قه‌زان گرفته‌كان زیاترن و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى ژنان كه‌متره،‌ بۆنمونه‌ له‌ قه‌زاى كه‌لار رێژه‌ى هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى ژنان كه‌مه‌ و له‌ سه‌نته‌رى پارێزگاكان زیاتر ژنان هه‌ن.
 
ده‌شڵێت: پێویسته‌ خودى رێكخراوه‌كان بوار به‌ ژنان بده‌ن بێنه‌ پێشه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خودى ژنان خۆشیان كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ن بێنه‌ پێشه‌وه‌.
 
وتیشى: ئه‌و ئاسته‌نگیانه‌ى كه‌ دێنه‌ پێش ژنان پێویسته‌ كارى له‌سه‌ر بكرێت و ره‌چه‌ شكێنى تێدا بكرێت، جگه‌ له‌وه‌ى پیاوانیش رێگرى نه‌كه‌ن له‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى ژنان.
 
سامان عه‌زیز، شاره‌زا له‌ بوارى كارى رێكخراوه‌یى، پێیوایه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت فه‌ندى تایبه‌تى هه‌بێت بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ ژن پێشكه‌شى ئه‌كات و سه‌ركرده‌كه‌ى ژنه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك هاندانێك بۆ زیاتر به‌شدارى ژنان.
 
وتیشى: له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ پێویسته‌ ده‌ستگیرۆیى ژنان بكرێت له‌ ئاستى سه‌ركرده‌دا كه‌ گرنگه‌ حكومه‌ت پلانى هه‌بێت و راهێنانى تایبه‌تى به‌ پێگه‌یاندنى ژنانى سه‌ركرده‌ى هه‌بێت، به‌تایبه‌تیش گرنگى به‌و ناوچانه‌ بدات كه‌ پشتگوێ خراون وه‌ك  قه‌زا و ناحیه‌كان كه‌ دورن له‌ سه‌نته‌رى شاره‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌، چونكه‌ كه‌مترین هه‌لى تێدایه‌.
 
 
ئامادەکردنی: زریان محەمەد
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,382,981     ژمارەی میوان 699