کچێک لە پشت تەشتە ترشیاتەکانەوە میراتی باوکی و شکۆی خێزانەکەی دەپارێزێت
09:02PM - 2026-05-12 , بینین : 75


رادیۆی ده‌نگ- هۆزان فه‌ریق

لە گەڕەکی "ئازادی"، لەو شوێنەی دەنگی کڕیار و قەرەباڵه‌غی بازاڕ تێکەڵی بۆنی خۆشی سرکە و بەهارات بوە، کچێک بە زەردەخەنەیەکی پڕ لە متمانە و دەستێکی لێهاتوەوە وەستاوە. ئەو "چیمەن محەمەد"ـە؛ ئەو کچەی نەک هەر تەنیا ترشیات دەفرۆشێت، بەڵکو چیرۆکی وەفای کچێک بۆ باوکی و جەنگێکی بەردەوام بۆ بژێوی ژیان دەگێڕێتەوە.

پێشەکییەک لە ئازارەوە بۆ ئومێد

چیرۆکی چیمەن لە رۆژە سەختەکانی کۆرۆناوە دەستپێدەکات. ئەو کاتەی ڤایرۆسەکە باوکی لێ سەندەوە، چیمەن تەنیا لەبەردەم بژاردەیەکدا مابوەوە: یان دەبو رێگە بدات دوکانی ترشیاتەکەی باوکی دابخرێت، یان خۆی ببێتە کۆڵەکەی خێزانەکەی. ئەو دوەمیانی هەڵبژارد.

وا پێنج ساڵە چیمەن لەم دوکانە بچکۆلانەیەدا، نەک هەر رێگری لە ونبونی ناوی باوکی کردوە، بەڵکو بوەتە نیشانەیەک بۆ "دەستڕەنگینی و دەستپاکی" لە شاردا.

"دەستمان ناگۆڕین"؛ نهێنی مانەوە لە بازاڕدا

کاتێک دەچیتە ناو دوکانەکەی، چیمەن بە روخۆشییەوە دەڵێت: "نەمانویست شاگرد دابنێین، چونکە مشتەرییەکانمان تایبەتن، ئەوان تامی دەستی خێزانەکەی ئێمەیان ناسیوە".

چیمەن بە هاوکاری دایکی و خوشکەکانی، هەمو رۆژێک لە ماڵەوە سەرقاڵی دروستکردنی ترشیاتن، له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ویری فه‌لافل و دۆ و كه‌ره‌ش دروستده‌كه‌ن و هه‌ر له‌ دوكانه‌كه‌دا ده‌یفرۆشن.

ئەو پێداگیرە لەسەر ئەوەی بەرهەمەکان تازه‌ و "فرێش" بن. هەرچەندە زۆر کەس پێشنیاریان بۆ کردوە ترشیاتی ئامادەکراوی بەغدا و شوێنەکانی تری بۆ بهێنن، بەڵام ئەو رەتیکردوەتەوە. دەڵێت: "ئەگەر تامی ترشیاتەکانمان بگۆڕێت، متمانەی مشتەرییەکانمان لەدەست دەدەین. ئێمە لێرە تەنیا کاسپی ناکەین، ئێمە متمانە دەفرۆشین".

رۆژێکی پڕ لە زەحمەت؛ لە "مەشکە"وە بۆ "قەپان"

ژیانی چیمەن تەنیا لە پشت مێزی دوکانەکە نییە. رۆژەکەی لە کاتژمێر ٥ یان ٦ـى بەیانییەوە دەستپێدەکات. پێش ئەوەی بێتە دوکان، لە ماڵەوە دەستدەکات بە شیر کوڵاندن، ماست مەین و ژەندنی مەشکە بۆ بەرهەمهێنانی دۆ و کەرەی کوردی.

"زۆر کەس وا دەزانن ئێمە درەنگ هەڵدەستین، بەڵام نازانن ئیشی ماڵەوەمان چەند زۆرە"، چیمەن وای وت. ئەو تەنانەت سەوزەواتەکانی ناو ترشیاتەکەش لە ماڵەوە بە پاکی دەشواتەوە و ئامادەیان دەکات، چونکە خاوێنی لای ئەو لە سەرو هەمو شتێکەوەیە.

قەپانەکەی باوک و رزقی حەڵاڵ

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی چیرۆکی چیمەن، پابەندبونیەتی بەو "تەرازو و قەپانە"ـی باوکی بۆی جێهێشتوە. ئەو بە شانازییەوە باس لەوە دەکات کە وەک باوکی، هەرگیز کێشی ئاوی ترشیاتەکە ناخاتە سەر کێشی بەرهەمەکە.

"دەمانەوێت رزقەکەمان حەڵاڵ بێت، با داهاتەکەش کەم بێت. دڵنیام بەم کارەمان پاداشت و خێر بۆ باوکیشم دەچێت، چونکە رێگەی ئەومان بەرنەداوە". چیمه‌ن به‌ دڵنیایی و شانازییه‌وه‌ وای وت.

ژنێک لە بازاڕی پیاواندا

لە بازاڕێکدا کە زۆربەی کاسبکارەکانی پیاون، چیمەن توانیویەتی رێزێکی زۆر بۆ خۆی پەیدا بکات. لە کاتی قسەکانیدا، کڕیارێک دێتە ژورەوە، چیمەن بە ئەدەبێکی زۆرەوە دەڵێت: "سەرچاو کاکە گیان، یه‌ك كیلۆ ترشیاتى سور و یه‌ك زه‌رد؟ به‌سه‌رچاو."

ئەو دەڵێت: "ئەگەر رێز و ئیحترامی ئەم مشتەرییانە نەبوایە، رەنگە نەمتوانیایە وەک کچێک لەم بازاڕەدا بەردەوام بم. سوپاس بۆ خودا ئێمە لەوان رازین و ئەوانیش لە ئێمە".

کۆتایی رۆژ؛ ئامادەکاری بۆ بەیانییەکی نوێ

کاتێک کاتژمێر دەگاتە کاتی بانگی عیشا، چیمەن دوکانەکەی داناخات تا هەمو تەشت و سەتڵ و کەوچکەکان بە جوانی پاک نەکاتەوە. ئەو بە هیلاکییەکی شیرینەوە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، تا بەیانییەکی تر زو هەستێتەوە و دوبارە دەستبکاتەوە بە ئاماده‌كردنى هه‌ویری فەلافەل و کوڵاندنی شیر.

چیمەن محەمەد، تەنیا نمونەیەک نییە بۆ کچێکی کاسب، بەڵکو هێمایەکە بۆ ئەوەی چۆن دەکرێت بە "دەستپاکی، ماندوبون و رەسەنایەتی"، مرۆڤ نەک هەر بژێوی ژیانی دابین بکات، بەڵکو ببێتە جێگەی شانازی کۆمەڵگەکەشی.