دۆسییەکانی وەبەرهێنان و نوسینگەکانی دراو زۆربون؛ لە کەلار هەزاران دۆسیەی یاسایی لە جێبەجێکردندان
راپۆرت
06:58PM - 2025-12-27 , بینین : 141
 
رادیۆی دەنگ
 
بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی کەلار، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی دۆسیەکانیان دەکات لەمساڵدا و ئاشکرای دەکات کە دۆسییەکانی پەیوەست بە وەبەرهێنان و نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپیالە، بەڕادەیەکی بەرچاو زیادیان کردوە.
 
بەڕێوبەرایەتی جێبەجێکردنی کەلار، فەرمانگەیەکی سەر بە وەزارەتی دادە، ئەرکەکانی بریتیە لە جێبەجێکردنی حوکمە شارستانی و دارایییەکان و بڕیارە جێبەجێکارییەکان، لەنمونەی وەرگرتنەوەی قەرز، بژێوی (نەفەقە)ـی هاوسەران و.. هتد.
 
 
هەزاران دۆسیە و قەرزە ملیارییەکان
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، تەنها لەمساڵدا زیاتر لە هەزار دۆسیەی نوێ تۆمارکراون، بەمەش کۆی گشتی ئەو دۆسیانەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کاریان لەسەر کراوە گەیشتوەتە نزیکەی ١٠ هەزار دۆسیە.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە، جۆری ئەو دۆسیانەیە کە ئەمساڵ رویان لە زیادبون کردوە؛ بەتایبەت ئەو کێشانەی پەیوەستن بە گرێبەستەکانی وەبەرهێنان، نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و "کۆمپیالە"ـی نێوان هاوڵاتیان. 
 
بەوتەی سۆران ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتییەکە بۆ رادیۆی دەنگ، لە هەندێک لەو دۆسیانەدا، بڕی ئەو قەرزانەی کە پێویستە بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێتەوە، لەملیارێک دینار تێپەڕیوە.
 
 
هەڵکشانی کێشە خێزانییەکان
 
بەشێکی تری ئامارەکان تەرخانکراوە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دوای پڕۆسەی جیابونەوە (تەڵاق).
 
دۆسیەکانی تایبەت بە بژێوی (نەفەقە)ـی ژن و مناڵ و گەڕانەوەی قەرزی هاوسەرگیریی (مارەیی) لەمساڵدا لە هەڵکشانی بەردەوامدان، ئەمەش بارگرانییەکی زیاتری خستوەتە سەر شانی دەزگا یاساییەکان.
 
 
مناڵ؛ قوربانییەکی بێدەنگی ململانێکان
 
لە هەستیارترین بەشی ڕاپۆرتەکەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بە "ناخۆشترین" جۆری دۆسیەکان دەکات، ئەویش پرسی رادەستکردنی مناڵە لەنێوان دایک و باوکدا دوای جیابونەوە.
 
سۆران ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی جێبەجێکردنی کەلار، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەم ساتانە کاریگەرییەکی دەرونیی قورس لەسەر مناڵەکە و دایک و باوکەکە و ئێمەش جێدەهێڵێت.
 
لەم سۆنگەیەشەوە داوایەکی ئاراستەی هاوسەرە جیابوەکان کرد کە مناڵ نەکەنە قوربانیی ململانێ و کێشە کەسییەکانی خۆیان و رەچاوی باری دەرونیان بکەن.
 
 
هۆشدارییەکی گشتی بۆ هاوڵاتیان
 
بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی کەلار، هەروەها پەیامێکی هۆشداریی ئاراستەی هاوڵاتیان کرد و داوایان لێدەکات لە کاتی ئەنجامدانی مامەڵەی بازرگانی، کڕین و فرۆشتن، یان هەر ئاڵوگۆڕێکی دارایی، بەوپەڕی هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن.
 
جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە هاوڵاتیان پارە و سامانیان بەبێ گرێبەستی یاسایی تۆکمە بەهەدەر نەدەن، چونکە بەوتەی خۆی "پڕۆسەی وەرگرتنەوەی مافەکان لە رێگەی یاساوە کات و ماندوبونێکی زۆری دەوێت".