دادگا بڕیارێکی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی قەڵای شێروانە هەڵدەوەشێنێتەوە
هەواڵ
07:39PM - 2025-05-14 , بینین : 153
 
رادیۆی دەنگ
 
دوای ئەوەی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی نیشتەجێبونی قەڵای شێروانە سیتی خانوی هاوڵاتیەک وەردەگرێتەوە، دادگای رزگاریی بڕیاری کۆمپانیاکە بەنایاسایی لەقەڵەم دەدات و دەڵێت کەمتر لەو پارەیەی وەکو قیست وەرگیراوە، کار لە پرۆژەکەدا کراوە
 
بەپێی نوسراوی ژمارە 959ـی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان کە دوێنێ (12ـی 5ـی 2025) دەرچوە و ئاراستەی کۆمپانیای گاردینیا کراوە کە جێبەجێکاری پرۆژەی نیشتەجێبونی قەڵای شێروانە سیتیە لە ناحیەی رزگاریی، باس لەوەدەکات بەپێی بڕیاری دادگای رزگاریی، رێژەی تەواوکردنی پرۆژەکە یەکسان نییە بەو بڕە قیستەی کە لە بەشداران وەرگیراوە.
 
رونیدەکاتەوە: "کۆمپانیاکە دەبێت لەماوەی چوار ساڵدا لە رۆژی دەستبەکاربونییەوە کە (5ـی 8ـی 2020)ـە، پرۆژەکە جێبەجێ بکات و یەکەکە رادەستی خاوەنەکەی بکات"، لەکاتێکدا لەناوەڕاستی ساڵی 2025 نزیک دەبینەوە و هێشتا پرۆژەکە تەواو نەکراوە.
 
ئەوەشهاتوە: بەپێی ئەو کەشفەی لەلایەن دادگای رزگارییەوە کراوە، رێژەی کاری ئەنجامدراو لە یەکەکان 56.3%ـە و رێژەی کارکردن لە خزمەتگوزارییەکان 9.22%ـە، بۆیە هەڵوەشاندەوەی گرێبەستی بەشداربوەکە نایاساییە.
 
ئەم نوسراوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان پاش ئەوە هات کە کۆمپانیای گاردینیاـی جێبەجێکای پرۆژەی نیشتەجێبونی قەڵای شێروانە سیتی، پێشتر گرێبەستی بەشداربویەکی پرۆژەکەی هەڵوەشاندبوەوە بە بیانوی نەدانی پارەی پێویستی قیستەکانەوە.
 
لەبەشێکی دیکەی نوسراوەکەدا هاتوە: کۆمپانیاکە نابێت راستەوخۆ قیست لەبەشداربوان وەربگرێت و پێویستە لەرێگای ئەژمێری بانکییەوە بێت.