پۆلیسی دارستان هەیە کەچی ئاسایش داربڕ دەستگیر دەکات
هەواڵ
12:06PM - 2025-02-26 , بینین : 254
 
رادیۆی دەنگ
 
لە وەڵامی ئەوەی بۆچی زۆرێک لەوانەی کە داردەبڕنەوە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر دەکرێن، وتەبێژی پۆلیسی دارستانی گەرمیان دەڵێت: لە دارستانەکان خاڵی چاودێریی جێگیرمان نییە.
 
بەپێی بڵاوکراوەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان، ئەو کەسانەی کە دار دەبڕن لە شوێنی سەرپێچیکردنەکەیان دەستگیر ناکرێت و پاش ئەنجامدانی کارەکە لەلایەن ئاسایشەوە لە بازگەکان دەستگیر دەکرێن.
 
هاشم عەلی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان، لەبارەی هۆکارەکەیەوە بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لە هەندێک کاتدا مەفرەزەکانمان لەوانەیە ئەو کەسانە نەبینن کە دار دەبڕنەوە، ئیتر لە بازگەکانی ئاسایش دەگیرێن، چونکە خاڵی چاودێریمان نییە لە نزیک دارستانەکان، بەکۆمەڵێک هۆکار.
 
وتیشی: قەیرانی دارایی و نەبونی سوتەمەنی پێویست بۆ ئۆتۆمبێلەکان و کەمی میلاک، وایکردوە مەفرەزە لە هەندێک لە شوێنەکان دانەنەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەفرەزەکانمان دەردەچن و "قسوریان نەکردوە"، ئەمە جگە لەوەی هەندێک جاریش زانیاریمان بۆ دێت و مەفرەزەکانمان بە دەم حاڵەتەکەوە دەچن.