کوڕی بەرپرسێکی یەکێتی بەتۆمەتی راوکردن لە گەرمیان دەستگیر دەکرێت
هەواڵ
12:12AM - 2024/08/14 , بینین : 1,717
 
دەنگ نێت
 
کوڕی بەرپرسێکی یەکێتی بە ئۆتۆمبیلێکەوە کە هی ئیدارەی گشتی یەکێتییە، بە تۆمەتی راوکردن لە سنوری گەرمیان دەستگیرکراوە، ٢ کەسیش کە لەگەڵیدابون هەڵهاتون.
 
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردوەتەوە: بەرەبەیانی دوێنێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناحیەی مەیدان، بۆسەیان بۆ چەند کەسێک داناوە کە بۆ راوکردنی ئاژەڵی کێویی هاتبونە سنورەکە، لەئەنجامدا کەسەکان روبەڕوی مەفرەزەکە بونەتەوە و دواتر هەڵهاتون.
 
رونیشیکردەوە: تایەیەکی ئۆتۆمبێلی راوچیەکان تەقیوە و بەوهۆیەوە توانراوە دەستی بەسەردا بگیرێت و تۆمەتبارێکیشیان دەستگیر بکرێت.
 
هاشم عەلی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان، جەختی لە روداوەکە کردەوە و بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ۳ کەس بون، دانەیەکیان دەستگیر کراوە و دوانیان هەڵهاتون، لەئێستادا فەرمانی دەستگیرکرن بۆ دوانەکەی تریش دەرچوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، ئەو تۆمەتبارەی دەستگیر کراوە، کوڕی بەرپرسی پێشوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتییە، ئەو ئۆتۆمبێلەشی کە پێیان بوە و دەستی بەسەردا گیراوە، لە جۆری مێکزەمینییە و هی ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.