هەوڵی دروستکردنی حەشدی کوردیی لە خورماتو دەدرێت
هەواڵ
12:12AM - 2023/07/22 , بینین : 354
 
دەنگ نێت
 
ژمارەیەک کوردی قەزای خورماتو دەیانەوێت حەشدی کوردیی لە قەزای خورماتو دروستبکەن، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت: ئەو کوردانە چەکیشیان لە حەشد وەرگرتوە.
 
محەمەد عەریف، ئەو کەسایەتییە کوردەی قەزای خورماتوە کە تۆمەتبار دەکرێت بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی حەشدی کوردیی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندوە: کەمتەرخەمی و بێ منەتی نوێنەرانی کورد لە خورماتو و کەمی خزمەتگوزاریی ناچاری کردین بەرەیەکی ناڕازی دروست بکەین، نوسینگەیەکمان بۆ مەهدی تەقی پەرلەمانتاری عێراق کردوەتەوە و لەو نوسینگەوە خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە کوردییەکان دەهێنین.
 
مەهدی تەقی، کەسایەتییەکی تورکمانی شیعەیە و یەکێکە لە فەرماندەکانی پێشوی حەشدی شەعبی، لە ئێستادا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە لە کوتلەی هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری.
 
محەمەد عەریف، وتی: ئەو بەرە ناڕازییەی دامانناوە کاندیدیشمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین دەبێت.
 
کەریم شکور، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و نوێنەری کوردەکانی خورماتو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەوبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای وتوە: ئەوانە کۆمەڵێک خەڵکن و خاوەنی کەسایەتی ئەوتۆ نین، دەیانەوێت دەست لە شتێک گیربکەن و دەوڵەمەندبن، هەوڵیاندا فەوجێکی حەشدیان بۆ دروست بکرێت و بۆیان نەکرا، ئێستا نوسینگەیەکیان بۆ مەهدی تەقی پەرلەمانتاری شیعە داناوە و دەیانەوێت لە ناوچە کوردییەکان ئیشی بۆ بکەن.
 
هاوکات سەرچاوەکە لەسەر زاری فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سنوری قەزای خورماتو کە بەوتەی خۆی داوایکردە ناوی بڵاو نەکرێتەوە، وتویەتی: ئەو کوردانەی خورماتو کە چوونەتەپاڵ مەهدی تەقی پەرلەمانتاری شیعە، دەیانەوێت فەوجی حەشدی شەعبی بکەنەوە و هەندێک ناویشیان نوسیوە، بڕێک چەک و تەقەمەنیشیان وەرگرتوە.
 
لە بەرامبەردا، محەمەد عەریف کە تۆمەتبار دەکرێت بە دروستکردنی حەشد لە خورماتو، دەڵێت: هەوڵی دروستکردنی حەشدمان نەداوە، بەڵام چەند چەکێکم وەرگرتوە بۆ پارێزگاری لە خۆم و نوسینگەکەم، چونکە روبەڕوی تەحەدا بومەتەوە.