
دەنگ نێت
خاوەن باخێک لە ناحیەی رزگاری دەڵێت: کۆمپانیایەک کە پرۆژەی نیشتەجێبون لەسەر زەویەکەیان ئەنجام دەدات بە ئۆتۆمبیلی چەکدارەوە هاتونەتە سەریان و وەکخۆی دەڵێت: "بەدوای شەڕدا دەگەڕان"، نوێنەری کۆمپانیاکەش رەدی دەکاتەوە کە چەکدار بوبن و دەڵێت: بۆ وێنەگرتن هاتون.
فاروق مەلا محەمەد، خاوەنی باخێک لەسەر ئەو زەویەی کە بڕیارە پرۆژەی 'شاری شکۆ'ـی لەناحیەی رزگاری لە کەلار لەسەر دروست بکرێت، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: بەیانی ئەمڕۆ کۆمپانیاکە هاتن بۆ کارکردن ئێمە دەریانمان کرد، دواتر نزیک کاتژمێر یازدە هاتنەوە بۆ کارکردن جگە لە شۆفڵ و گەڵابەکان دو ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان دەبڵ و ئاڵتیمایەکیان لەگەڵ بو، نیسانەکە ٤ کەس بون سیانیان دەمانچەی پێبو.
وتیشی: نیسانەکە هاتنە ناومان بەدوای شەڕدا دەگەڕان، بەڵام ئێمە شەڕمان نەکرد.
هاوکات ئەو ١٣ جوتیارەی کە باخ و کێڵگەکانیان بەر پرۆژەکە دەکەوێت، راگەیەنراوێکیان لەبارەی روداوەکەی ئەمڕۆ بڵاوکردوەتەوە، تیایدا داوای چارەسەری کێشەکەیان دەکەن.
لە راگەیەنراوەکەدا دەڵێن: بەرپرسانی حکومی و حیزبی ناوچەکەو کۆمپانیاکە، لە روی یاسایی و کۆمەڵاتیەوە بەرپرسیارن لە هەر روداوێکی نەخوازراو و هەر ئاژاوەو زیانێک کە بەر ماڵ و گیانمان بکەوێت.
دەشڵێن: "لێرەوە تکا دەکەین لە کەلی شەیتان بێنە خوارەوەو ، هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی خۆتان و ئێمەش مەکەنە قوربانی پارەو سامانێک کە هیچ فەرقی نییە لە گەڵ تاڵانیدا، وە ئەو شەڕەی هێناوتانەتە بەردەم دەرگامان لێمانی دور بخەنەوە".
لە بەرامبەردا نوێنەری کۆمپانیای دەشتی بەرلوت کە پرۆژەی شاری شکۆ ئەنجام دەدات، رەدی دەکاتەوە چەکداریان بردبێتە سەر جوتیارەکان.
هاوکار وەلید، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: جوتیارەکان بە خاوەن شۆفڵەکەیان وتبو بڕۆ و کێشەمان لەگەڵ تۆ نیە، نەیانهێڵا شۆفڵەکە کاربکات، دواتر درۆنەکەمان هەڵدا و کۆمەڵێک وێنەی ئەو کەسانەمان گرت کە وەک رێگر هاتونەتە سەر رێگامان، نە چەکیشمان پێبوە، نە چەکدارمان لەگەڵدا بوە.
وتیشی: نیسانەکە خۆم هێنابوم، روپێوکارێک لەگەڵماندا بوە، لەگەڵ راهێنراوێک (مطبق)، سایەقی نیسانەکە و منیش، سەیارەکەی تریش کامێرامانەکەمان ئاڵتیمایەکی پێبو، هات هەندێک وێنەی ئالیاتەکانی گرت لەکاتی کارکردندا، کە ئەم وەزعە رویدا ئەو کامێراکەی داگرت.
لەبارەی ئەوەی کۆمپانیاکە قەرەبوی خاوەن باخەکان دەکاتەوە یاخود نا، فاروق مەلا محەمەد وتی: کۆمپانیاکە دەستی دەستیمان پێدەکات و ئەمڕۆ و بەیانیمان پێدەکات، ئەڵێت سەدا سێی زەویەکەتان دەدەمێ، بەڵام هیچی دیاری نەکردوە، کەدانیشتین لەگەڵ کۆمپانیاکە بڕیارمان وابو ئیش نەکەن تا قەرەبوەکەمان دەدەنێ، بەڵام ئەوان رێککەوتنەکەیان شکاند.
لەبەرامبەردا، هاوکار وەلید، نوێنەری کۆمپانیاکە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: زەویەکە هی شارەوانیە، دەستبەکاربونی سەرەتایی شارەوانیمان بۆ کراوە، هەرکات زەویەکە بەتەواوەتی تەسلیمان کرا و دەستبەکاربونی تەواوەتیمان بۆ کرا، ئەوکات لەگەڵ ئەو جوتیارانە دادەنیشین و حاڵمان حاڵی ئەو پرۆژانەی تر کە لەدەڤەرەکە دروست کراون، خەڵک چی دابو وەک قەرەبو ئێمەش وەکو خەڵک.
کێشەی ئەو پرۆژەیە ئەوەیە کە زەویەکەی ئەگەرچی هی شارەوانییە، بەڵام لە دوای راپەڕینەوە دراوە بە ژمارەیەک جوتیار و گرێبەستیان بۆ کراوە و کاری کشتوکاڵی تیادەکەن و باخیان تێدا دروستکردوە.
کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی هەواڵێکی پێشوتر لەبارەی کێشەی پرۆژەی شاری شکۆ
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵبەرپرسی لقی گەرمیانی یەکێتی قوتابیان "پارتی": رێگەم پێنەدرا خۆم لە کۆنگرەدا هەڵبژێرم
-
-
راپۆرت"كچان و كوڕانیش بهكاریدێنن"... ڤهیپ، بهڵایهك لهنێو گیرفانى گهنجان دا
-
-
هەواڵمامهڵهى تاپۆكردنى خانوه زیادهڕهوەکان له گهرمیان رایی ناكرێت
-
-
هەواڵكۆمپانیای گاردینیا: پێدانى قیست پهیوهندیی نییه به رێژهى تهواوكردنى یهكهكانهوه
-
-
هەواڵدادگا بڕیارێکی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی قەڵای شێروانە هەڵدەوەشێنێتەوە
-
زۆرترین بینراوەکان