جارێکی تر پێدانی پارە بە کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگای کەلار- سلێمانی رادەگیرێت
هەواڵ
12:12AM - 2023/07/03 , بینین : 428
 
دەنگ نێت
 
گەنجینەی ٢ـی سلێمانی ماوەی مانگێکە پێدانی پارەی سولفەی بۆ پرۆژەی رێگای کەلار- سلێمانی راگرتوە، بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیانیش دەڵێت: گەنجینە داوای (خطاب ضمان) دەکات.
 
ئەو ٢٥٠ ملیۆن دینارەی کە بڕیاربو هەفتانە بۆ بەردەوامبون لە کارکردنی پرۆژەی رێگای کەلار- سلێمانی خەرج بکرێت، ماوەی زیاتر لە مانگێکە خەرج ناکرێت.
 
عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان، جەختی لە کێشەکە کردەوە بە رادیۆی دەنگی وت: ماوەی زیاتر لە مانگێکە گەنجینەی٢ـی سلێمانی هیچ پارەیەکی بۆ تەمویل نەکردوین.
 
وتیشی: ئەوان داوادەکەن کە کۆمپانیای بێشکان کە جێبەجێکاری پرۆژەکەیە، جارێکی دیکە (خطاب ضمان)یان بۆ بکاتەوە، کۆمپانیاش رەتیدەکاتەوە ئەو کارە بکات، بەڵکو بەفەرمی پێی راگەیاندوین ناتوانن بەردەوام بن لە کارکردن.
 
بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان، پێیوایە ئەمە گرفتە لەبەردەم دواکەوتنی زیاتری پڕۆژەکە، چونکە بەوتەی خۆی ئەنجامدانەوەی (خطاب ضمان) لە ئێستادا پێویست نییە و وەزارەتی ئاوەدەنکردنەوەش هەمان رای هەبوە و وتویەتی تەنها بۆ ئەو پڕۆژانە پێویستە کە بەفەرمی راگیراون و سەرلەنوێ دەست بە کارکردن دەکەنەوە.