دواین زانیاری لەبارەی دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە
هەواڵ
12:12AM - 2023/07/02 , بینین : 602
 
دەنگ نێت
 
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان لە بارەی دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆکەیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رونکردنەوە دەدات.
 
زیاتر لە ١٥٠ دەرچوی زانکۆی گەرمیان کە لە یەکەمەکانن و نفوسیان ناوچە جێناکۆکەکانە، حکومەتی عێراق رەتیکردوەتەوە دایانبمەزرێنێت، ئەمەش بەو هۆیەی زانکۆکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانپێنراو نیە.
 
د. فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، لەبارەی دواین پێشهاتەکانی ئەو پرسە، بە رادیۆی دەنگی وت: هیچ شتێکی نوێ لەو بارەیەوە نیە، بەڵکو ئێمە ئەوەلیاتی ئەو خوێندکارانەمان ناردوە بۆ عێراق و چاوەڕێی  وەزارەتی خوێندنی باڵای ‌‌‌عێراق دەکەین.
 
ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەی پێشوتردا ئەو دەرچوانە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان کرد چارەسەرێکی کێشەکەیان بکرێت و هاوشێوەی دەرچوە یەکەمەکانی زانکۆکانی دیکە بن و بێبەش نەبن لە دامەزراندن.
 
پێشتر حکومەتی عێراق رایگەیاندبو یەکەمەکانی زانکۆکانی عێراق ئەوانەی نیشتەجێی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەون، دادەمەزرێنێت، دامەزراندنەکەش دەرچوانی زانکۆکانی هەرێم دەگرێتەوە بەو مەرجەی خودی دەرچوەکە دانیشتوی ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەتی عێراق بن نەک هی هەرێمی کوردستان.
 
زانکۆی گەرمیان تائێستا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی و حکومەتی عێراقەوە دانپێنراو نییە، بەوهۆیەی زانکۆکە بارەگای سەرەکی لە پارێزگایەکە (سلێمانی) و لقی لە پارێزگای دیکە (دیالە) هەیە کە مەبەست لێی کۆلێژەکانی زانکۆکەیە لە خانەقین، ئەمەش بەپێی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی رێگەپێدراو نییە.