دەرچوە یەکەمەکانی زانکۆی گەرمیان لە دامەزراندنەکەی حکومەتی عێراق بێبەش دەبن
هەواڵ
12:12AM - 2023/06/21 , بینین : 785
 
دەنگ نێت
 
ژمارەیەک دەرچوی زانکۆی گەرمیان نیگەرانن لەوەی دەرفەتی دامەزراندنیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەدەست دەرچوە، ئەویش بەو هۆیەی زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانپێنراو نییە.
 
حکومەتی عێراق لە ماوەی رابردو بڕیاریدا بەدامەزراندنی سەرجەم ئەو دەرچوانەی زانکۆ کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠٢١دا لە کۆلێژ و بەشەکانیان دا یەکەم بون، بەڵام بەهۆی ئەوەی زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانپێنراو نیە، ئەو دەرچوانەی زانکۆکە کە نفوسیان لە ناوچە جێناکۆکەکانە، بێبەش بون لە دامەزراندن.
 
راژان محەمەد، دەرچوی زانکۆی گەرمیان لە کۆلێجی زمان و زانستە مرۆڤایەتیەکانی خانەقین، بە رادیۆی دەنگی وت: ژمارەمان ١٥٢ دەرچوە کە یەکەمی سەر بەشەکانی خۆمانین و دەرچوی ساڵانی ٢٠١٧ تاوەکو ٢٠٢٢ین و نفوسمان دیالەیە، بەڵام دامەزراندنی حکومەتی عێراق ئێمەی نەگرتەوە.
 
وتیشی: سەردانی هەر شوێنیکمان کردوە هۆکارەکەیان گەڕاندۆلوەتەوە بۆ دانپێنەنانی زانکۆی گەرمیان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە.
 
محەمەد یوسف، یەکێکی دیکەیە لە دەرچوانی زانکۆی گەرمیان لە خانەقین، وەکخۆی وتی: چارەنوسیان دیار نیە و قورسە دابمەزرێن.
 
لەوبارەوە سەرچاوەیەک لە زانکۆی گەرمیان ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردە و بۆ رادیۆی دەنگ وتی: زیاتر لە ٧٠ دەرچو ئەو کێشەیەیان هەیە، هەمو دەرچوەکانی تر کە داوایان پێشکەشکردوە، کۆدی دامەزراندنیان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام دەرچوەکانی زانکۆی گەرمیان هیچ کۆدێکیان بۆ نەگەڕاوەتەوە.
 
رادیۆی دەنگ، بۆ بەدواداچونی زیاتر پەیوەندی بە سەرۆکی زانکۆی گەرمیانەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکەی بێوەڵام بو.
 
لایخۆشیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستانەوە  بۆ رادیۆی دەنگ باسی لەوە کرد، ئەو کێشەیە زیاتر کێشەیەکی سیاسیە لە نێوان هەولێر و بەغداد.
 
زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە دانپێنراو نییە، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی زانکۆکە لە پارێزگایەکە (سلێمانی) و لە پارێزگایەکی تر کۆلێژی هەیە، کە مەبەست لێی کۆلێژەکانێتی لە قەزای خانەقین کە لە روی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە.
 
پێشتریش سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، د. فەرهاد قادر، بە رادیۆی دەنگی وتبو: بابەتی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە لە قۆناغی کۆتاییدایە، بەنوسراو لامانە و وایان پێوتوین، بەڵام چەندی پێدەچێت نازانم، چونکە پرۆسەکە لای ئێمە نیە و لای وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراقە.