لەسەر کێشەکانی وەبەرهێنان قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان کۆدەبێتەوە
هەواڵ
12:12AM - 2023/06/20 , بینین : 897
 
دەنگ نێت
 
قوباد تاڵەبانی- جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە کۆبونەوەی لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان جەختدەکاتەوە کە دەبێت لە ماوەیەکی نزیکدا گرفتەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی سنورەکە چارەسەر بکرێن.
 
بەپێی راگەیەنراوی نوسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکی لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان ئەنجامداوە، تیایدا ئاماژەیداوە بە رەخنە و گلەییەکانی دانیشتوانی ئیدارەی گەرمیان و وەبەرهێنەران لە سستی بەڕێوەچوونی کاروبارەکان.
 
بەپێی راگەیەنراوەکە، قوباد تاڵەبانی "هۆشداریداوە کە چیتر هیچ کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی کاروباری هاوڵاتییان و وەبەرهێنەران قبوڵ ناکرێت".
 
وتوشیەتی: هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک کەمتەرخەم بێت لە راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتیان، یان کێشە و گرفت لەبەردەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دروست بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
ئاماژەی بەوەشکرد کە لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێناوە لەنێوان سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرەکانی ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەوەی بەدواداچون و هەڵسەنگاندن بکەن بۆ کێشە و کەموکوڕییە ئیدارییەکان و رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی گرفتە ئیدارییەکان، هەروەک داواشی لێکردون "بەیەک تیم کاربکەن".
 
لەبارەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە بڕیارە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان ئەنجامی بدەن لەپای وەرگرتنی پرۆژەی نیشتەجێبون و وەبەرهێنان، جێگری سەرۆکی حکومەت بڕیاریداوە کۆمپانیای جێبەجیکار بەزووترین کات دەستبکات بە دروستکردنی سایدی دوەمی شەقامی پشتێنەیی کەلار و رێکارەکانی کۆڕنیشی سەر روباری سیروانیش تەواو بکرێن بۆ ئەوەی پڕۆژەکە دەستبەکار بێت.