پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە گەرمیان راگیرا
هەواڵ
12:12AM - 2023/06/03 , بینین : 371
 
دەنگ نێت
 
دوای شەش رۆژ لە وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی گەرمیان، پرۆسەکە راگیرا، بەڕێوبەری سایلۆی گەرمیانیش هۆکارەکەی بۆ کەمکردنەوەی بڕە گەنمی جوتیارانی گەرمیان دەگەڕێنێتەوە.
 
کاروان رەئوف، بەڕێوبەری سایلۆی گەرمیان بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: سیدیەکی نوێمان بۆ هاتوە کە بۆ هەر جوتیارێک وەرگرتنی گەنم لە ۱۹٥ کیلۆ بۆ دۆنمێک کەمکراوەتەوە بۆ ۱۷٥ کیلۆ بۆ دۆنمێک، بەو هۆکارەش کشتوکاڵی گەرمیان پشتگیری لە جوتیاران ناکات، پرۆسەکە راگیراوە.
 
وتیشی: ئێمە بەپێی سیدیە تازەکە دەتوانین گەنم لە جوتیاران وەربگرین، بەڵام چاوەڕێی پشتگیریی کشتوکاڵی گەرمیانین.
 
بەپێی ئامارێکی سایلۆی گەرمیان لەماوەی شەش رۆژدا نزیکەی ٥۱۲۹ تۆن گەنم وەرگیراوە لە جوتیاران، 
 
بەوتەی بەڕێوبەری سایلۆی گەرمیان، بەبێ بونی پشتگیریی کشتوکاڵی گەرمیان ناتوانین هیچ بڕە گەنمێک وەربگرین، هەرکات کشتوکاڵ پشتگیری کرد، ئەوکات دەست دەکەین بەوەرگرتنی گەنم.
 
رادیۆی دەنگ لەمبارەیەوە پەیوەندی بە بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بێوەڵام بو.
 
پێشتر بەرکەوتەی گه‌رمیان بە ۳٦ هه‌زار تۆن گەنم دانرا‌، بەڵام لە ئێستادا ئەو پشکەی گەرمیان کەمکراوەتەوە بۆ ۳۲ هەزار تۆن لەسەر بنەمای روبەری زەوی کشتوکاڵی، به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵى گه‌رمیان له‌ سنورى گه‌رمیان به‌ روبه‌رى چێنراوى ١٨٤ هه‌زار و ٣٥٣ دۆنم زه‌وىیە.