
دەنگ نێت
سەرۆکی کۆمەڵەی توشبوانی ئۆتیزم لەگەرمیان رەخنە لە 'پەراوێزخستنیان' دەگرێت کەتاوەکو ئێستا نەتوانراوە سەنتەرێکی حکومی بۆ توشبوانی نەخۆشیەکە لە سنورەکەدا دروست بکرێت، به‌ڕێوبه‌ری چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی گەرمیانیش ده‌ڵێت: هاتنه‌وه‌ی رەزامەندی ٢ سه‌نته‌ری حكومی نزیكه.
سەعید کەریم، سەرۆکی کۆمەڵەی توشبوانی ئۆتیزم لە گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: نزیکەی ٣٠٠ مناڵی توشبوی ئۆتیزم لەلامان تۆمارکراون و ژمارەی توشبوانیش رو لە زیادبونە.
ئەو نیگەرانە لەوەی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە سەنتەرێکی حکومی بۆ ئەو نەخۆشانە دابین بکرێت.
وتیشی: بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان، تەنها بەزارەکی بەڵێنی تەرخانکردنی شوێنێکیان پێداوین.
له به‌رامبه‌ردا، ژیلوان عادل، بەڕێوبەری گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتی: کاتێک من دەستبەکاربوم یەک سەنتەری ئەهلی ئۆتیزم هه‌بو، پاش دەستبەکاربونم رەزامەندی دو سەنتەری ئەهلی ترمان وەرگرتوە، ئێستا سێ سەنتەری ناحوکومی لەگەرمیاندا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: "دو نوسراومان کردوە بۆ كردنه‌وه‌ی دو سەنتەری حكومی یەکێکیان بۆ قەزای کفری و ئەوەکەی تر بۆ قەزای کەلار"، كه به‌وته‌ی خۆی هەردو نوسراوەکەیان ناردوە و لەئێستادا بە زارەکی رەزامەندییان وەرگرتوە بۆکردنەوەیان و چاوەڕێی هاتنەوەی رەزامەندییەکەن بەشێوەی نوسراو و فەرمی.
هه‌رچه‌نده بۆ سه‌نته‌ری ئه‌هلی له به‌رامبه‌ر تۆمارکردنی توشبوه‌كانیان ده‌بێت خێزانەکەی بڕە پاره‌یه‌ك بده‌ن، به‌ڵام به‌ڕێوبه‌ری گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی كۆمه‌ڵایەتی گەرمیان باس له‌وه ده‌كات: بۆ ئەو کەسانەشی کە بارودۆخی ماددیان خراپە، لەسەر داوای ئێمە بێبەرامبەر لەسەنتەرەکان وەردەگیرێن.
لەسنوری قەزای کەلار سێ سەنتەری ناحکومی بۆ توشبوانی ئۆتیزم هەیە، بەڵام لە قەزای کفری، هیچ سەنتەرێک نیە.
سەعید کەریم، ئاماژەی بە پێویستیی هەبونی سەنتەری ناحکومی لە قەزای کفری کرد، بەڵام بەوتەی خۆی "حکومەت کەمتەرخەمە بەتەواوی بەرامبەر بەتوشبوانی ئۆتیزم".
سەبارەت بەکردنەوەی سەنتەری ناحکومی لەکفری، ژیلوان عادل، ده‌ڵێت: لەبەر ئەوەی کفری ژمارەی دانیشتوانی کەمە و توشبوی ئۆتیزمی کەمتر تیایە لەچاو قەزای کەلار، بۆیە هیچ كه‌سێك داوای نەکردوە بۆ ئه‌وه‌ی سه‌نته‌ری ئۆتیزم لەوشارە بكاته‌وه.
ئۆتیزم (Autism) نەخۆشییەکی مێشکییە و لەمناڵییەوە کەسەکە توشی دەبێت کە وادەکات رەفتاری ئاسایی نەبێت و توانای گفتوگۆ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەمدەبێتەوە و لەهەندێک باردا نامێنێت.
زۆرترین بینراوەکان