بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی گەرمیان بەردەوامە
هەواڵ
12:12AM - 2023/03/29 , بینین : 514
 
دەنگ نێت
 
بەڕێوبەرانی ناحیەکانی سەرقەڵا و قۆرەتو لە گەرمیان، رایدەگەیەنن بەرهەمهێنانی نەوت لە بلۆکە نەوتییەکانی ناوچەکانیان بەردەوامە، بەڵام هەناردەکردنی نەوتەکە لە بلۆکێکیاندا راگیراوە.
 
تەھا ئیبراھیم، بەڕێوبەری ناحیەی سەرقەڵای سەر بە قەزای کفری، بە رادیۆی دەنگی وت: لە دوانیوەڕۆی دوێنێ (سێشەمە)ـەوە ھەناردەی نەوت لەکێڵگە نەوتییەکانی سنوری ناحیەکەمان راگیراوە، بەڵام بەرهەمهێنان بەردەوامە و نەوتە بەرهەمهێنراوەکە عەمبار دەکرێت.
 
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرهەمهێنانی نەوت لە بلۆکی نەوتی گەرمیان کە لەناو هاوڵاتیاندا بە 'حەسیرە' ناسراوە، ئەگەرچی رانەگیراوە، بەڵام زۆر کەمکراوەتەوە و نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠٪ لەچاو پێشودا بەرهەمدەهێنرێت. چاوەڕێشی کرد بەرهەمهێنانەکە رابگیرێت ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە چەند رۆژی داهاتودا دەستپێنەکاتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، سەردار محەمەد، بەڕێوبەری ناحیەی قۆرەتو، بە رادیۆی دەنگی وت: بەرهەمهێنانی نەوت لە بلۆکی چیاسورخ بەردەوامە، بەڵام زانیارییم نییە لەوەستانی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتەکە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، هەناردەکردنی نەوتی ئەو بلۆکە نەوتییە رانەگیراوە.
 
 
هاوکات کۆمپانیای گازپرۆم نەفتی روسی کە وەبەرهێنان لە بلۆکی نەوتی گەرمیان 'حەسیرە'دا دەکات، لەگەڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵ و هاوبەشەکانی کە وەبەرهێنان لە بلۆکی نەوتی چیاسورخ دا دەکەن، بە فەرمی لەوبارەوە تائێستا هیچ راگەیەنراوێکیان نەبوە، بەپێچەوانەی کۆمپانیاکانی دیکە کە لە بلۆکە نەوتییەکانی تردا کاردەکەن و راگەیەنراویان لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە هەبوە.
 
بەپێی زانیارییەکانیش، راگرتنی هەناردەی نەوتی سنورەکە پەیوەندیدارە بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا پاش پابەندبونی ئەو وڵاتە بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس کە رێگەدان بە هەناردەکردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە، بە سەرپێچی رێککەوتننامەی نێوان هەردو وڵات (تورکیا و عێراق) زانی کە لە ساڵی ١٩٧٢ لەبارەی پرسی نەوت و گواستنەوەیەوە واژویان کردوە.
 
بلۆکی نەوتی گەرمیان، لە چوار بیری نەوت پێکدێت و بەرهەمی رۆژانەی پێش راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم، لەنێوان ١٢ بۆ ١٤ هەزار بەرمیلی رۆژانەبو، ئەمەش لەکاتێکدایە بەرهەمی ساڵێک پێشتری بلۆکی گەرمیان نزیک بوبوەوە لە ٤٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام بە کاریگەریی زیادبونی ئاو لە بیرەکاندا، بەرهەمیان دابەزی.
 
هاوکات بەرهەمی بلۆکی نەوتی چیاسورخ لە نێوان ٤ بۆ ٦ هەزار بەرمیلی رۆژانە بو، ئەویش بەهەمانشێوە کێشەی بونی ئاو لە بیرەکانی دا هەبو.
 
نەوتی هەردو بلۆکەکەش، بە تانکەر دەگوازرایەوە بەشێکی بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ، بەشی زۆریشی بۆ خورمەڵە و تێکەڵ بە نەوتی کێڵگەکانی تر دەکرا و بە بۆڕی نەوتی کوردستان رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرا.