ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڕەشەی پەنابردنە بەر دادگا لە ئیدارەی گەرمیان دەکات
هەواڵ
12:12AM - 2023/02/17 , بینین : 555
 
دەنگ نێت
 
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وەڵامی ئیدارەی گەرمیان لەبارەی پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی کەلار بە "بیانو" دەزانێت، دەشڵێت: ئەگەر بەردەوام بن، لە دادگای کارگێڕیی سكاڵا تۆمار دەکەین.
 
پێشتر ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە نوسراوێکدا کە ئاراستەی ئیدارەی گەرمیانی کردبو، رێکارەکانی پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی کەلاری بە "نایاسایی" ناوبردبو و داوای رونکردنەوەی لێکردبو، بەڵام بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی گەرمیان لە لێدوانی بۆ رادیۆی دەنگ، جەختی لەوەکردبوەوە کە ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئەنجومەنی پارێزگاوە نییە و وەزارەتی شارەوانی خۆی نوسراوی بۆ کردون بەمەبەستی پێکهێنانی ئەنجومەنەکە.
 
لایخۆشیەوە، بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە رادیۆی دەنگی وت: نوسراومان بۆ ئیدارەی گەرمیان کردوە کە چۆن ئەو ئەنجومەنەیان پێکهێناوە، بەڵام بیانوی ئەوان ئەوەیە کە وەزارەتی شارەوانی نوسراوی ئاراستە کردون.
 
وتیشی: بەپێی مادەی 35 لە یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009ـی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دەسەڵاتی دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی ئەنجومەنەکە لای ئێمەیە پاشان دەنێردرێت بۆ وەزارەتی شارەوانی نەک راستەوخۆ  ئاراستەی وەزارەت بکرێت.
 
هاوکات باسی لەوەشکرد: لە کاتێکدا نابێت کەسانی نزیک (خزم و کەسوکار) لە یەک ئەنجومەنی شارەوانی دا هەبن، کەچی سەرۆکی شارەوانی کەلار و بەڕێوبەری کشتوکاڵی کەلار کە بە ئەندامی ئەنجومەنەکە دیارییکراون، کەسی نزیکی یەکترن، هەمان تێبینیشمان لەسەر رێکخراوەکان هەیە.
 
بەوتەی خۆیشی، رێکاری دیکە بۆ ئەو بابەتە دەگرنەبەر و ناڕەزایەتی خۆیان ئاراستەی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران دەکەن و سکاڵاش لە دادگای کارگێڕیی تۆمار دەکەن.
 
ئیدارەی گەرمیان لە مانگی ئاداری ساڵی پار، ناوی هەریەکە لە بەڕێوبەرانی: کارەبا، تەندروستی، گەشتوگوزار، وەبەرهێنان، هاتوچۆ، نەخشەدانان و ژینگەی گەرمیان، لەگەڵ ناوی بەڕێوبەرانی: شارەوانی، کشتوکاڵ و ئاوی کەلار و هەروەها ناوی نوێنەری: سەندیکای ئەندازیاران، سەندیکای کرێکاران و یەکێتی زانایانی ئاینی لە گەرمیان ناردبو بۆ وەزارەتی شارەوانی بەمەبەستی پەسەندکردنیان وەکو ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی کەلار.
 
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 پەیڕەوێکی دەرکرد بەناوی 'پەیڕەوی ژمارە (2)ـی ساڵی 2019 سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پەیرەوی پێکهێنانی ئەنجومەنەکانی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان'، کە تیایدا لە بری پێشتر کە بە هەڵبژاردن ئەنجومەنی شارەوانییەکان دیاریی ده‌کران، ئەمجارە بە دانانی راستەوخۆ ئەنجومەنەکە پێکدەهێنرێت، کە (75%)ـى له‌ بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانن و (25%)ـى بۆ رێكخراوه‌ مه‌ده‌نی و پیشه‌ییه‌كانه‌، به‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رج و رێنمایی، ئەمەش جێگەی ئەنجومەنە کۆنەکەی شارەوانی گرتەوە کە لە ساڵی 2000 بە هەڵبژاردن دەستنیشان کران.