هاوڵاتیەک: ئیدارەی ناحیەی مەیدان رێگەی خانو دروستکردنم پێ نادات
هەواڵ
12:12AM - 2023/02/12 , بینین : 738
 
دەنگ نێت
 
هاوڵاتییەک لە گوندی چیا رەزا لە گەرمیان دەڵێت هەمو بەڵگەنامەیەکی پێویستی هەیە، کەچی ئیدارەی ناحیەی مەیدان رێگەی پێنادات خانو لە گوندەکەیان دروست بکات، بەڕێوبەری ناحیەکەش دەڵێت با ئەو هاوڵاتییە ٢ شایەت بێنێت و هەمو کارێکی بۆ رایی دەکەین.
 
یونس محەمەد سەلیم، بە رادیۆی دەنگی وت: ئیدارەی ناحیەی مەیدان رێگەم پێنادەن خانو لە گوندەکەمان (گوندی چیا رەزا) دروست بکەم و دەڵێن ئێوە لەلایەن کوێخاوە لەو گوندە دەرکراون و باو و باپیرانت لە ساڵی ١٩٧٠ لەو گوندەدا نەبون، لەکاتێکدا هەمو بەڵگەنامەیەکی فەرمیمان هەیە و تەنانەت باوکم لە نفوسی دا ناوی گوندی چیا رەزا نوسراوە، هەروەک لە دوای راپەڕینەوە هەتا ساڵی ٢٠٠٢ نیشتەجێی ئەو گوندە بوین.
 
باسی لەوەشکرد؛ پێشتر لیژنەی تایبەتمەند بە مۆڵەتدان بە دروستکردنی خانو لە ناحیەکەیان بە زۆرینەی دەنگ واژویان لەسەر نوسراوێک کردوە بۆ ئەوەی خانو دروست بکات، کەچی ئیدارەی ناحیەکە ئەو نوسراوەیان فەوتاندوە و بەوهۆیەوە لە دروستکردنی خانو لە گوندەکە بێبەش کراوە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئەوان خەڵکی ئەو گوندەن و زەوی کشتوکاڵییان هەیە و ساڵانە دەیکێڵن و کشتوکاڵی تێدا دەکەن، کەچی کە دەیانەوێت خانو لە گوندەکە دروست بکەن، ئیدارەی ناحیەکە رێگەیان پێنادات، هۆکارەکەیشی دەگەڕێنێتەوە بۆ فشاری هەندێک کەس کە بە وتەی خۆی نایانەوێت خانو لە گوندەکەدا دروست بکات.
 
لەبەرامبەردا بەڕێوبەری ناحیەی مەیدان، سەروەت محەمەدئەمین، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەو هاوڵاتییە پێمان وتوە ٢ شایەت بهێنە کە پشتگیرییت بکەن بۆ ئەوەی ئێمەش مامەڵەکەت رایی بکەین یان ئەنجومەنی گوندەکە بهێنە، بەڵام ئەو هیچیان ناکات.
 
وتیشی: سێ جار ئەو هاوڵاتییە بانگراوە بۆ کۆبونەوەی لیژنەی کێشە کشتوکاڵییەکانی ناحیەکە، بۆ ئەوەی گوێی لێبگیرێت و بەدواداچون بۆ کێشەکەی بکرێت، بەڵام ئەو ئامادە نەبوە و دەڵێت کەیسەکەم داوە بە دادگا.
 
لەبەرامبەردا یونس محەمەد، بێهیوایی خۆی لە ئیدارەی ناحیەکە دەردەبڕێت و باس لەوەدەکات متمانەی بەوە نیە بەدەمییەوە بێن، هەربۆیە سەردانیان ناکات و کەیسەکەی خستوەتە دادگا.
 
وتیشی: ئێمە زەوی کشتوکاڵیمان هەیە و ساڵانە ئەیکێڵین و کشتوکاڵی تیا دەکەین، ئیتر چۆن دەتوانرێت بوترێت خەڵکی ئەو گوندە نین یان شایەت بهێنین؟