له‌ به‌دواداچونێكى یه‌كه‌ى چاودێریی: 160 بینای قوتابخانه‌ له‌كه‌لار پێویستی به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌

2023/11/28    498 جار بینراوە
 
رادیۆی دەنگ
 
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان به‌دواداچون بۆ پرسی بیناى ناوه‌نده‌كانى خوێندن ده‌كات و ئاشكراى ده‌كات له‌ كه‌لار 160 بینا پێویستی به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ و فه‌رمانى كارگێڕی بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى 50 دانه‌یان ده‌رچوه‌، له‌ كفریش له‌كۆی 16 قوتابخانه‌ كه‌ زۆر پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌، چوارده‌یان كاریان تێدا كراوه‌.
 
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، ئه‌مڕۆ سه‌ردانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیانى كرد و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان و لێپرسراوی بەشی ئەندازیاریی لە به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان کۆبویەوە به‌مه‌به‌ستى ئاگاداربون له‌ دۆخی بیناى ناوه‌نده‌كانى خوێندن، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى ساڵی پار یه‌كه‌كه‌ راپۆرتێكى له‌وباره‌وه‌ ئاماده‌كرد (كلیك بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه‌).
 
م. دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا وتى: له‌ سنورى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار 225 قوتابخانه‌مان هه‌یه‌ له‌و رێژه‌یه‌ 160ـى پێویستى به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ 50ـى زۆر پێویسته‌، هه‌نگاوى جدیشمان بۆ ناوه‌ و كارى باشمان كردوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، هاوكات فه‌رمانى كارگێڕى بۆ 70 قوتابخانه‌ ده‌رچوه‌ كه‌ نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌ له‌ گه‌رمیان كه‌ 50یان له‌ كه‌لارن، ته‌نها ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ ئاراسته‌ى بانك بكرێت و پاره‌ى بۆ ته‌رخان بكرێت.
 
وتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 9 قوتابخانه‌مان فراوانكردنمان بۆكردوه‌ له‌ سنورى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار كه‌ 36 پۆل دروستكراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى فه‌رمانى 5 قوتابخانه‌ى دیكه‌مان هه‌یه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ كه‌ 3 له‌و قوتابخانانه‌ له‌ كاردان.
 
به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ ماوه‌كانى رابردو بڕیارى دا 360 پۆل له‌ ناوه‌نده‌كانى هه‌رێم دروست بكرێت له‌و رێژه‌یه‌ش 16ـى به‌ر گه‌رمیان ده‌كه‌وێت و دروستى ده‌كه‌ین.
 
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: 4 قوتابخانه‌مان مه‌ترسى روخانى له‌سه‌ره‌ یه‌كێك له‌وانه‌ قوتابخانه‌ى بێداره‌ كه‌ زه‌وى بۆ ته‌رخان كراوه‌ دروست بكرێت، هاوكات قوتابخانه‌ى كوڵه‌جۆمان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش بینایه‌كى له‌ ته‌نیشت بۆ دروست كراوه‌ له‌ %92ـى كارەکانی ته‌واو بوه‌ له‌به‌ر تێچویه‌كى كه‌م كه‌ 750 ملیۆین دیناره‌ كاره‌كانى راگیراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ قوتابخانه‌ى پوقه‌ و په‌ژار كه‌ پرۆژه‌مان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و دوانه‌ش له‌ رێكارى مامه‌ڵه‌كانیانین بۆ ئه‌وه‌ى نۆژه‌ن بكرێنه‌وه‌.
 
دۆخه‌كه‌ له‌ قه‌زاى كفرى جیاوازتره‌، به‌جۆرێك 16 بینا له‌و سنوره‌كه‌ پێویستى به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌بوه‌ و  نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراه‌نه‌وه‌ پاره‌ى بۆ ته‌رخان كراوه‌.
 
وه‌ك به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان وتى: "له‌ قه‌زاى كفریش 72 بینامان هه‌یه‌ له‌و رێژه‌یه‌ 16یان زۆر پێویستى به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌بو، له‌ ئێستادا هه‌ر 16كه‌ى نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌ ته‌نها دوانیان نه‌بێت له‌ رێكارى ته‌واوبوندان، ئه‌مه‌ش به‌ بڕى 300 ملیۆن دینار كراوه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆى ته‌رخان كردوه‌".
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ سنورى گه‌رمیان پێویستمان به‌ 13 بیناى نوێى 18 پۆلى هه‌یه‌ 10 دانه‌یان له‌ قه‌زاى كه‌لار و 3 دانه‌یان له‌ قه‌زاى كفرى، به‌ دروستكردنى ئه‌و بینایانه‌ لۆدێكى زۆرمان له‌سه‌ر لائه‌چێت، هاوكات له‌ ماوه‌ى ساڵانى پێشتر 18 بینامان 3 ده‌وامى بو به‌هۆى زۆرى فێرخوازه‌وه‌ ئێستا ته‌نها 1 بینامان 3 ده‌وامیه‌، هۆكارى ئه‌مه‌ش دروستكردنى ئه‌و پۆله‌ نوێیانه‌ بو له‌گه‌ڵ ئه‌و قوتابخانانه‌ى كه‌ له‌ ناو پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان دروست كراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ بینایه‌كى 12 پۆلى له‌ ناحیه‌ى رزگارى و 3 باخچه‌ له‌ سنورى گه‌رمیان، له‌گه‌ڵ دروستكردنى بینایه‌كى 18 پۆله‌ كه‌ ته‌واو نه‌بوه‌.
 
له‌باره‌ى گوژمه‌ى پرۆژه‌كانیشه‌وه‌، م. دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین، هێماى بۆئه‌وه‌كرد: ئه‌م پرۆژانه‌ش به‌ گوژمه‌ى جیاوازه‌ بۆ نمونه‌ ئه‌و 16 پۆلیه‌ى به‌ر گه‌رمیان ده‌كه‌وێت 1 ملیار و 650 ملیۆن دینارى بۆ ته‌رخان كراوه‌، هاوكات ئه‌و 16 قوتابخانه‌ى كفرى به‌ گوژمه‌ى 300 ملیۆن نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌و 70 قوتابخانه‌شى كه‌ دیاریكراوه‌ به‌ كۆى گشتى 1 ملیار دینارى تێده‌چێت، بۆیه‌ به‌ كۆى گشتى  4 ملیار و نیومان پێویسته‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ر بینایه‌ك كه‌ دروست ده‌كرێت 2 ملیارى پێویسته‌.
 
له‌ باره‌ى ئه‌وه‌ى رێكخراوه‌كان تاچه‌ند رۆڵیان هه‌بوه‌ له‌ هاوكارییكردنى بەڕێوبەرایەتی په‌روه‌رده‌ی گەرمیان له‌و كێشه‌و گرفتانه‌ى كه‌ له‌ روى بیناوه‌ هه‌یه‌، به‌ڕێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان وتی: ئه‌و 36 پۆله‌ى كه‌ دروست كراوه‌ له‌ ناوه‌نده‌كان له‌لایه‌ن ده‌زگاى خێرخوازى بارزانیه‌وه‌ دروست كراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى رێكخراوى یونسێف زۆر پێداویستى بۆ دابین كردوین، له‌گه‌ڵ دابینكردنى كاره‌با بە تیشکی خۆر بۆ 3 ناوه‌ندى خوێندن له‌ ئێستادا، چونكه‌ 10 بینامان گرفتى كاره‌باى به‌رده‌وامى هه‌یه‌.
 
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچونى رادیۆی ده‌نگه‌ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED ئه‌مریكی، مانگانه‌ هه‌رجاره‌ و له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كى په‌یوه‌ست به‌ حكومه‌ته‌وه‌، راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچونى قوڵ بڵاوده‌كاته‌وه‌، هاوكات چالاكی دیكه‌ی وه‌كو: كۆبونه‌وه‌، گفتوگۆی كراوه‌ و كۆنفرانسیش ئه‌نجام ده‌دات.
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,456,808     ژمارەی میوان 782