یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، بیست و حه‌وته‌مین راپۆرتى مانگانه‌ى بڵاوكرده‌وه كه تایبه‌ته به: "گرفتى خراپی و نه‌شیاوی ناوه‌نده‌كانى خوێندن له گه‌رمیان".
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە.
لە راپۆرته‌كه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیاندا، گرفتى بیناى قوتابخانه‌كان خراوه‌ته‌ڕو و مامۆستایان و فێرخوازان كێشه‌كانیان باس ده‌كه‌ن به‌و پێیه‌ى بینا یه‌كێكه له گرنگترین پێداویستیه‌كانى پرۆسه‌ى خوێندن و په‌روه‌رده، به‌ڵام له گه‌رمیاندا بینای ناوه‌نده‌كانى خوێندن به‌ده‌ست زۆر گرفته‌وه ده‌ناڵێنن، كه بنه‌ڕه‌تی ترینیان كۆنى و خراپییانه.
له راپۆرته‌کەدا به‌رپرسانى په‌روه‌رده هۆكارى چاره‌سه‌ر نه‌كردنى گرفتى بیناكان ده‌خه‌نه‌رو هه‌روه‌ك ئامارى ئه‌و قوتابخانانه‌ى كه پێویستیان به نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه خراوه‌ته‌ڕو.
له كۆتاییشدا وه‌ك سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانى دیكه، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده خراونه‌ته‌ڕو به ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكورتیه‌كان.
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه، به ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی.
راپۆرتێك له‌باره‌ى:
گرفتى خراپی و نه‌شیاوی ناوه‌نده‌كانى خوێندن له گه‌رمیان
پێشه‌كى:
بینا یه‌كێكه له گرنگترین پێداویستیه‌كانى پرۆسه‌ى خوێندن و په‌روه‌رده، به‌ڵام له گه‌رمیاندا بینای ناوه‌نده‌كانى خوێندن به‌ده‌ست زۆر گرفته‌وه ده‌ناڵێنن، كه بنه‌ڕه‌تی ترینیان كۆنى و خراپییانه.
ئه‌م كۆنی و خراپییه، وایكردوه چه‌ندین لێكه‌وته‌ى جۆراوجۆری هه‌بێت له‌سه‌ر پرۆسه‌ى خوێندن و په‌روه‌رده له سنوره‌كه‌دا، لێكه‌وته‌كانیش كاریگه‌ریی ماوه كورت و درێژ به‌جێده‌هێڵن.
له‌م راپۆرته‌دا به وردیی به‌دواداچون بۆ ئه‌و پرسه كراوه، هه‌روه‌ك لێكه‌وته و كاریگه‌رییه‌كانیشی رون كراوه‌ته‌وه، هه‌ڵه‌سه‌نگاندنیش بۆ به‌ده‌مه‌وه‌هاتنى حكومه‌ت بۆ ئه‌م پرسه كراوه.
یه‌كه‌م: قه‌باره‌ى كێشه‌ى خراپی بینای قوتابخانه‌كان
1. ژماره‌ى ئه‌و قوتابخانانه‌ى پێویستیان به نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه
به‌ڕێوبه‌رى به‌شى بیناسازى له په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: زۆربه‌ى ناوه‌نده‌كانى خوێندن بیناكانیان پێویستى به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه، ئه‌و بینایانه‌ش له سه‌نته‌رى شار و ده‌ره‌وه‌ى شاریش دان.
تارا سائر شه‌فیق، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى بیناسازى له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان وتى: له سنورى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار كۆی بیناكان پێویستى به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه كه خۆى له 225 بینا ده‌بینێته‌وه، له‌و رێژه‌یه‌ش 50 بینایان زۆر پێویستن كه ده‌بێت نۆژه‌نیان بكه‌ینه‌وه، له سه‌نته‌رى شار و له ده‌ره‌وه‌ى شارن.
وتیشی: له قه‌زاى كفریش 72 بینامان هه‌یه له‌و رێژه‌یه‌ش 16 بیناى قوتابخانه پێویستى به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه كه 10 دانه‌یان له ناو شاره و 6 له ده‌ره‌وه‌ى شاره، هاوكات له قه‌زاى خانه‌قینیش 4 قوتابخانه‌مان پێویستى به نۆژه‌ن كردنه‌وه‌یه.
به‌ڕێوبه‌رى به‌شى بیناسازى له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان، هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: هه‌مو ئه‌م بینایانه ده‌رخسته‌ى بۆ كراوه و له ئیداره‌ى گه‌رمیانه له‌وێ ته‌نده‌رینى بۆ ده‌كرێت و له ماوه‌یه‌كى كورتدا ده‌ست پێده‌كات، چونكه رێژه‌كه‌ى زۆره بۆیه له رێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى كه‌من بۆ نمونه چه‌ند بینایه‌ك بێت ئه‌وه راسته‌وخۆ له رێگه‌ى به‌شى بیناسازى په‌روه‌رده‌وه ئه‌نجام ده‌درێت.
سه‌باره‌ت به بودجه‌ى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى بیناى ناوه‌نده‌كانى خوێندن، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى بیناسازى له په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان باسى له‌وه‌كرد: بودجه‌ى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى بیناى ناوه‌نده‌كان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌یه.
به‌رپرسانى په‌روه‌رده جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه بیناى ناوه‌ندیان نیه به‌ته‌واوى داخرابێت، به‌ڵكو به‌شێكى ته‌رك كراوه به‌هۆى ئه‌وه‌ى مه‌ترسى روخانى له‌سه‌ره. عه‌داله‌ت له‌تیف، به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار ده‌ڵێت: بینامان نیه به ته‌واوى چۆڵ كرابێت به‌هۆى خراپى كوالێتیه‌وه، به‌ڵام هه‌مانه به نیوه‌یی چۆڵكراوه، ئه‌وانیش: كوڵه‌جۆى زه‌نگاباد، بێكه‌س، زه‌ماوه‌نگه، هۆرێن و بێلوله، به‌شێكى ناوه‌نده‌كانى ناحیه‌ى رزگاریش به‌هه‌مان شێوه‌یه، ئه‌و بینایانه‌ش كه زۆر خراپن مێژوه‌كانیان بۆ ساڵانى هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى پێش‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كفرى، جه‌ختى كرده‌وه ئه‌وانیش بینایان نیه به ته‌واوى چۆڵ كرابێت، به‌ڵكو به‌شێكی لێ له‌كار خراوه.
ئیسماعیل سه‌مین، وتیشى: به‌تایبه‌ت 3 بینامان له ده‌ره‌وه‌ى شار هه‌یه‌كه مه‌ترسى روخانى له‌سه‌ره له ئه‌گه‌رى رێژه‌یه‌كى زۆرى بارانبارین دا.
2. به‌راوردێك له‌ماوه‌ى 4 ساڵ دا
له تشرینی یه‌كه‌مى 2017 دا، یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان یه‌كه‌م راپۆرتى به‌دواداچونى خۆی له بوارى په‌روه‌رده‌دا، تایبه‌ت كردبو به بیناى ناوه‌نده‌كانى خوێندن. له‌و راپۆرته‌دا ئاماژه به‌وه‌كرابو كه له سنورى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان دا (85) بینا پێویستی به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه (70 له‌كه‌لار و گوند و ناحیه‌كانى، 15 له كفری و گوند و ناحیه‌كانى).
3. خراپیی و نه‌شیاویی ژینگه‌ى به‌شێك له ناوه‌نده‌كان
مامۆستایان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن ژینگه‌ى به‌شێك له ناوه‌نده‌كانى خوێندن له روى كوالێتیه‌وه خراپه‌و له‌بارنیه بۆ پرۆسه‌ى خوێندن، ئه‌مه‌ش سه‌رشێواوى دروست ده‌كات بۆ فێرخواز.
عوسمان ساڵح، 11 ساڵه مامۆستایه له قوتابخانه‌ى رزگاریی بنه‌ڕه‌تى له قه‌زاى كفرى، وتى: پۆله‌كانمان بچوك و كۆنن، به جۆرێك 5 پۆل ئه‌ولاتر كه مامۆستایه‌ك وانه شى ئه‌كاته‌وه گوێت لێى ئه‌بێت، 40 قوتابیش له پۆلێكدایه به‌هۆى خراپى ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كانه‌وه وایكردوه سه‌رلێشێواوى دروست ببێت له كاتى وانه‌كان و ژینگه‌كه‌ى له‌بار نیه بۆ تێگه‌شتن.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: به‌شێكى زۆرى ناوه‌نده‌كانى خوێندن بیناكه‌ى له‌گه‌ڵ سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى سه‌رده‌م ناگونجێت، مامۆستاش ئه‌و پلانه‌ى كه هه‌یه‌تى بۆ په‌روه‌رده و فێركردن زۆرجار ناتوانێت به‌دڵى خۆی جێبه‌جێی بكات.
4. كه‌مته‌رخه‌مى له نۆژه‌نكردنه‌وه‌دا هه‌یه
به‌شێك له به‌ڕێوبه‌رى ناوه‌نده‌كانى خوێندن جه‌خت له خراپى بیناى ناوه‌نده‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه كه كوالێتیان خراپ بوه پێویستى به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه.
سیروان عه‌بدلعه‌زیز تالب، به‌ڕێوبه‌رى ئاماده‌یی شه‌هید ئارام له قه‌زاى كه‌لار، باس له‌وه‌ده‌كات له ساڵی ٢٠١٨ لە ئەنجامی رودانی بومه‌له‌رزه بەشێک لە سەقفی هۆڵی بیناكه‌یان روخاوه و بەشەکەی تری مەترسی روخانی لە سەر بوه، دواتر نۆژەن کراوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن په‌روه‌رده‌ى كه‌لاره‌وه، به‌ڵام هێشتا پێویستى دیكه‌ى ماوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بیناكه كۆنه.
به‌ڕێوبه‌رێك ده‌ڵێت، بۆ ماوه‌ى 11 ساڵه به‌ڕێوبه‌ره تا ئێستا بیناكه‌ى نۆژه‌ن نه‌كراوه‌ته‌وه، له كاتێكدا زۆر پێویستى پێیه‌تى. عوسمان ره‌حیم، به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى هیواى بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى باوه‌نور، وتى: بیناى ناوه‌نده‌كه‌مان له ساڵى 2000 دروست كراوه، من 11 ساڵه به‌ڕێوبه‌ریم، پێویستى به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه، چونكه چوارچێوه‌ى ده‌رگاكانى خراپ بون ولێى بوه‌ته‌وه ئه‌گه‌رى هه‌یه ده‌ربچێت.
به‌شێكه بینا قوتابخانه‌كان به‌هۆى ئه‌وه‌ى زۆر كۆنن نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر ناكات.
شێركۆ ره‌فیق محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى زریانی بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى رزگارى، ده‌ڵێت: بیناى قوتابخانه‌كه‌مان له ساڵی 1988ـه‌وه دروست كراوه و سێ ده‌وامى تێدا ده‌كرێت و نزیكه‌ى 1400 قوتابى هه‌یه، چه‌ند جارێك نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه به بڕى جیاواز، به‌ڵام به‌هۆى كۆنى بیناكه‌وه وه‌ك خۆى لێهاتوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت كاره‌باكه‌ى كه هه‌موى له ژێره‌وه پچراوه و به‌رده‌وام خراپ ده‌بێت. "مێژوى بیناى ناوه‌نده‌كه‌مان بۆ ساڵى 2000 ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ساڵى 2007 له‌لایه‌ن كۆمپانیاى نه‌وتى حه‌سیره جارێك نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه، له ئێستاشدا به‌هۆى زه‌وى له‌رزه‌وه 3 پۆلى ته‌رك كراوه و تێیدا ناخوێنرێت كه خۆى ته‌نها 6 پۆله، لیژنه‌شى بۆ پێكهێنراوه له‌لایه‌ن په‌روه‌رده‌ى كفرییه‌وه". لوقمان جه‌لال، به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى میل قاسمى بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵاى سه‌ر به قه‌زاى كفرى واى وت.
وتیشى: زیاتر له 10 جار نوسراومان كردوه بۆ په‌روه‌رده و به‌ڕێوبه‌رى ناحیه و كۆمپانیاى نه‌وتى حه‌سیره‌یش كردوه، هیچ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، له كاتێكدا ته‌نها 5 بۆ 6 ملیۆن دینارى تێده‌چێت. به‌ڕێوبه‌رێك باس له‌وه ده‌كات له‌لایه‌ن ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه لیژنه هاتوه‌ته ناوه‌نده‌كه‌یان خه‌مڵاندنیان كردوه بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى بیناكه‌یان، به‌ڵام تائێستا هیچ بودجه‌یه‌ك خه‌رج نه‌كراوه.
ئیبراهیم نه‌جمه‌دین، به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى ئه‌ژینى بنه‌ڕه‌تى له قه‌زاى كفرى باس له‌وه ده‌كات: مێژوى دروستكردنى قوتابخانه‌كه‌یان بۆ ساڵانى شه‌سته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، له 2013 نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه، بۆ جارێكى تر ئیداره‌ى گه‌رمیانیش پێش مانگێك بڕیاریدا نۆژه‌ن بكرێته‌وه و لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت سه‌ردانی كردون و خه‌مڵاندنى بۆ كراوه و ته‌نده‌ریشیان راكێشاوه و پاره‌شیان بۆ خه‌رج كردون كه 20 ملیۆنى بۆ ده‌رچوه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا خه‌رج نه‌كراوه.
ده‌شڵێت: سه‌قفى بیناكه‌مان دڵۆپه ده‌كات، روناكى خراپه، كوالێتى په‌نجه‌ره‌كانى خراپه و گۆڕه‌پانه‌كه‌مان خراپه، ئه‌گه‌ر به باشى نۆژه‌نبكرێته‌وه تاوه‌كو 10 ساڵى دیكه‌ش كێشه‌مان نابێت.
دوه‌م: لێكه‌وته‌كانى خراپی بینای قوتابخانه‌كان
1. به‌شێك له ناوه‌نده‌كانى خوێندن بون به سێ ده‌وامى
به‌هۆى زۆرى رێژه‌ى قوتابى له ناوه‌نده‌كانى خوێندن و كه‌مى پۆل و داخستنى هه‌ندێك پۆله‌وه به‌هۆی خراپی بیناكه‌یان، به‌شێك له ده‌وامى ناوه‌نده‌كان بون به سێ ده‌وامى.
عه‌داله‌ت له‌تیف، به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار، ده‌ڵێت: له سنورى په‌روه‌رده‌مان دا 7 قوتابخانه‌مان بوه به 3 ده‌وامى به‌هۆى كه‌مى بیناوه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌وام بكرێت به یه‌ك ده‌وامى ئه‌وه لانى كه‌م پێویستمان به 50 بینا ده‌بێت، چونكه ساڵانه 2500 بۆ 3000 فێرخواز زیاد ئه‌كات.
به‌پێى ئامارێكى به‌شى پلاندانان له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان، ئه‌و بینانه‌ى كه بون به سێ ده‌وامى له سنورى په‌روه‌رده‌ى قه‌زاكان به‌مشێوه‌یه:-
هاوشێوه‌ى كه‌لار، له قه‌زاى كفریش ژماره‌یه‌ك قوتابخانه كراونه‌ته سێ ده‌وامى.
ئیسماعیل سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كفرى، وتى: له سنورى په‌روه‌رده‌مان 3 قوتابخانه‌مان بون به سێ ده‌وامى به‌هۆى زۆرى رێژه‌ى فێرخوازى عه‌ره‌ب، وه‌كو بینا پێویستمان به‌بینای نوێ نیه، به‌ڵام به‌شێكى زۆرى ناوه‌نده‌كانمان مێژوى دروست كردنیان كۆنه و ئه‌گه‌ر بڕوخێنرێن و دروست بكرێنه‌وه باشتره، ئه‌و 5 بیناى كه له دروست كردندایه ته‌واو بكرێت ره‌نگه هه‌ر پێویستمان نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى رێژه‌یه‌كى زۆرى هاوڵاتیان له سنوره‌كه كۆچ ده‌كه‌ن ساڵانه 100 یان 200 فێرخواز زیاد ئه‌كات.
دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: به‌لای كه‌مه‌وه پێویستمان به 45 بۆ 50 بیناى نوێ هه‌یه كه بۆمان دروست بكرێت، چونكه ساڵانه نزیكه‌ى 5 هه‌زار فێرخواز زیاد ده‌كات.
2. به‌هۆى كه‌مى هۆڵى خوێندن هه‌ر پۆلێك ٢٠ خوله‌ك ده‌خوێنێت
به‌ڕێوبه‌رێك جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه به‌هۆی زۆری ژماره‌ى فێرخواز و پۆله‌كان و كه‌مى ژماره‌ى ژوره‌كانیانه‌وه، ناچارن ماوه‌ى یه‌ك وانه بكه‌ن به 20 خوله‌ك.
عه‌بدولقادر ئیبراهیم، به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى حه‌سیره‌ى بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا، وتى: له پۆلى 1 بۆ 9مان هه‌یه كه 67 قوتابین، ناچاربوین به‌هۆى كه‌مى ژور پۆلى 1و2 تێكه‌ڵ بكه‌ین له‌گه‌ڵ 4 و5، كه هه‌ر پۆلێكیان 20 خوله‌ك ده‌خوێنن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى خراپى هه‌بوه له‌سه‌ر پرۆسه‌ى خوێندن. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه ئه‌و گونده یه‌كێكه له گونده "ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى" سنورى گه‌رمیان و یه‌كێك له به‌رهه‌مترین كێڵگه نه‌وتیه‌كانى گه‌رمیان له‌وێدایه.
3. خراپى بیناى كاریگه‌رى ده‌رونى خراپی له‌سه‌ر فێرخوازان به‌جێهێشتوه
توێژه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تى جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه خراپى كوالێتى بیناى به‌شێك له ناوه‌نده‌كانى خوێندن له گه‌رمیان كاریگه‌رى ده‌رونى به‌جێهێشتوه له‌سه‌ر فێرخوازان و ته‌نانه‌ت مامۆستایانیش.
جوان محه‌مه‌د، توێژه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى له قوتابخانه‌ى په‌ژارى بنه‌ڕه‌تى له قه‌زاى كه‌لار، وتى: كوالێتى بینا رۆڵێكى زۆرى هه‌یه له‌سه‌ر ده‌رونى فێرخواز و ته‌نانه‌ت مامۆستایانیش، چونكه زۆرجار ئه‌و بینایانه له روى روناكى و ده‌رگا و په‌نجه‌ره و ژوره‌كانیشه‌وه خراپن به جۆرێك مناڵ وه‌ك قه‌فه‌زێك ئه‌یبینێت.
وتیشى: به‌شێكى بیناكان به‌هۆى زه‌وى له‌رزه‌وه درزى تێكه‌وتوه، ئه‌مه وایكردوه مناڵ به‌رده‌وام ترسى روخانى ئه‌و پۆله یان ئه‌و بینایه له زهنیدا بێت و كاریگه‌رى بكاته سه‌رتێگه‌یشتنى له وانه‌كانى.
ئه‌م ترسه، فێرخوازێكیش جه‌ختى لێكرده‌وه.
حه‌وا محه‌مه‌د، فێرخواز له پۆلى نۆیه‌مى بنه‌ڕه‌تى له قوتابخانه‌ى قانعى بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: قوتابخانه‌كه‌مان زۆر كۆنه، هه‌مو پۆله‌كانیش به‌هۆى بومه‌له‌رزه‌وه تێكچوه، هه‌میشه ترسى روخانى ئه‌و بینایه‌مان له دڵدایه.
به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار، هاوڕایه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى خراپی بیناكان لێكه‌وته‌ى زۆریان هه‌یه، به‌ڵام وه‌كخۆی ده‌یڵێت: خه‌مى ئێمه لێره ئه‌وه‌یه كاره‌ساتى لێنه‌كه‌وێته‌وه.
4. لێكه‌وته‌كانى دیكه
خراپی بیناى به‌شێك له قوتابخانه‌كان جگه له‌و لێكه‌وتانه‌ى باسكران، لێكه‌وته‌ى دیكه‌شى هه‌یه له‌سه‌ر بواره‌كانى دیكه‌ى خوێندن، له‌وانه ئاماژه به هه‌ندێكیان ده‌ده‌ین له خواره‌وه.
ا. نه‌بون و خراپی یاریگا و گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌كان دا
به‌شێكى زۆری قوتابخانه‌كان به ده‌ست نه‌بون و خراپی گۆڕه‌پان و یارگاوه ده‌ناڵێنن و ئه‌مه‌ش ئاسته‌نگى زۆری بۆ دروستكردون.
سه‌ركه‌وت حه‌مه‌ئه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى بڵندى بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى رزگارى، وتى: یاریگه‌ى قوتابخانه‌كه‌مان خۆڵه و به‌كه‌ڵكى یاریكردن نایه‌ت به‌تایبه‌ت له زستان، چونكه ده‌بێته قوڕ، فێرخوازیش بریندار بوه تێیدا به‌تایبه‌ت له ساڵانى پێشوتر كه چوارده‌ورى سیاج كرابو.
به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ی حه‌سیره‌ى بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا، عه‌بدولقادر ئیبراهیم، باسى له‌وه‌كرد: یاریگامان نیه و گۆڕه‌پانێكى بچوكمان هه‌یه له ناو قوتابخانه‌كه، به‌ڵام یاریگه‌یه‌كمان هه‌یه تارتانه و له پێش ناوه‌نده‌كه‌یه هاوبه‌شه هه‌م بۆ خه‌ڵكى لادێكه و هه‌م بۆ قوتابخانه‌ش.
ته‌نها له یه‌ك قوتابخانه‌ى سنورى كه‌لار ٤٧٣ قوتابى بۆ خراپى بیناكه‌یانه‌وه بێبه‌ش بون له یاریگاى وه‌رزشى.
یه‌حیا ره‌حیم، به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى مادى بنه‌ڕه‌تى له گرده‌گۆزینه‌ى سه‌ر به قه‌زاى كه‌لار، وتى: ناوه‌نده‌كه‌مان جێگه‌ى تایبه‌تى به یاریگا نیه، به‌ڵكو له گۆره‌پانى ناوه‌نده‌كه كه زۆر بچوكه یارى ئه‌نجام ده‌ده‌ن له كاتیكدا 473 فێرخوازمان هه‌یه ناچار بوین كردومانه به 2 ده‌وامه‌وه.
له به‌رامبه‌ردا، عه‌داله‌ت له‌تیف، به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار، ده‌ڵێت: ئه‌و بینایانه‌ى كه نوێن یاریگایان بۆ دروست كراوه، هه‌رچه‌نده پێویستیان به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى كه كۆنن هه‌ر نیانه یان كۆنكریته یان خۆڵه، بۆیه پێویسته حكومه‌ت چۆن بودجه بۆ بینا دابین ده‌كات ئه‌بێت ئاواش پاره بۆ یاریگا و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى خه‌رج بكات.
ب. گرنگى به‌جێگه‌ى ئاو خواردنه‌وه نادرێت
فێرخوازان ناره‌زایه‌تیان هه‌یه له شوێنى تایبه‌ت به ئاو خواردنه‌وه‌یان له ناوه‌نده‌كانى خوێندن به‌تایبت ئه‌و ناوه‌ندانه‌ى كه بیناكانیان زۆر كۆنن و جێگه‌ى بۆ ته‌رخان نه‌كراوه.
ئه‌حمه‌د سیامه‌ند، قوتابى پۆلى پێنجه‌مى بنه‌ڕه‌تى له قوتابخانه‌ى ماد له گرده‌گۆزینه، ده‌ڵێت: شوێنى ئاو خواردنه‌وه‌مان خراپه، له برى ئه‌وه‌ى شوێنێكمان بۆ دابنین بكه‌ن و گونجاو بێت، شتێكیان داناوه وه‌ك وشوێنى ئاو خواردنه‌وه‌ى ئاژه‌ڵ وه‌هایه!
مامۆستایانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه ژینگه‌ى به‌شێك له ناوه‌نده‌كانى خوێندن له روى كوالێتیه‌وه خراپه و له‌بارنیه بۆ پرۆسه‌ى خوێندن، به جۆرێك له نێوپۆله‌كاندا كه وانه ده‌خوێندرێت له پۆله‌كه‌ى دیكه ئاگات لێى ده‌بێت، ئه‌مه‌ش سه‌رلێشێواوى دروست ده‌كات بۆ فێرخواز.
عوسمان ساڵح، بۆماوه‌ى 11 ساڵه مامۆستایه له قوتابخانه‌ى (رزگارى)ى بنه‌ڕه‌تى له قه‌زاى كفرى وتى: "ژینگه‌ى قوتابخانه بینایه ئه‌گه‌ر شیاو بێت بۆ په‌روه‌رده‌كردنى قوتابى كه ئه‌چیته ژه‌ره‌وه ژینگه‌كه‌ى باش بێت دڵخۆش ده‌بیت پێى، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى هه‌یه له‌سه‌ر ده‌رونى فێرخواز و مامۆستایانیش بۆ پرۆسه‌ى خوێندن".
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئێمه پۆله‌كانمان بچوكه و كۆنه به جۆرێك 5 پۆل ئه‌ولاتر كه مامۆستایه‌ك وانه ده‌ڵێته‌وه گوێت لێى ده‌بێت، 40 قوتابیش له پۆلێكدایه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: خراپى ته‌واڵێته‌كان و گۆره‌پان و شوێنى ده‌ست شۆردن و باخچه‌ش گرفتى دیكه‌ن كه له‌لاى ئێمه رێژه‌ى سه‌وزایى سفره.
به هه‌مانشێوه، ئاسۆ عه‌لى، بۆ ماوه‌ى 9 ساڵه مامۆستایه له قوتابخانه‌ى (قانع)ى بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: "كۆنى بینا كاریگه‌رى هه‌یه له‌سه‌ر پرۆسه‌ى خوێندن چ مامۆستایان و چ خوێندكاران، بیناى ناوه‌نده‌كه‌ى ئێمه‌ش خۆى درزى تێكه‌وتوه به‌هۆى كۆنی و بومه‌له‌رزه‌ش هات ئه‌وه‌نه‌ى دیكه خراپتر، مێژوه‌كه‌شى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ1987، جارێكیش نۆژه‌ن كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام دیسان خراپ بوه‌ته‌وه و پێویستى به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه به هه‌مو شێوه‌یه‌ك".
ت. كێشه‌ى ته‌والێت و ده‌ستشۆر
ته‌والێتى له ناوه‌نده‌كانى خوێندن گرفتى مامۆستایان و فێرخوازانیشه، وه‌ك خۆیان ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن زۆر كۆن و خراپن.
"ئێمه 2 ته‌والێتمان هه‌یه به كوڕان و كچانیشه‌وه كه ئه‌مه‌ش زۆر كه‌مه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویستى به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زۆر شیاو نیه". حه‌وا محه‌مه‌د، پۆلى نۆیه‌مى بنه‌ڕه‌تى له قوتابخانه‌ى قانعى بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى رزگاری، واى وت.
به‌ڕێوبه‌رانیش جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه گرفتى زۆریان هه‌یه له‌گه‌ڵ ته‌والێتى ناوه‌نده‌كانیان.
سه‌ركه‌وت حه‌مه ئه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى بڵندى بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى رزگارى، وتى: ئێمه ته‌نها 2 ته‌والێتمان هه‌یه بۆ فێرخوازان ئه‌مه‌ش زۆر كه‌مه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌متر شیاون بۆ به‌كارهێنان.
هاوكات، سیروان عه‌بدولعه‌زیز، به‌ڕێوبه‌رى ئاماده‌یی شه‌هید ئارام له قه‌زاى كه‌لار، ده‌ڵێت: تەوالێت و جێگه‌ى دەستشۆری باشمان نییە پێویستە چاک بکرێت.
له هه‌ندێك له ناوه‌نده‌كان به‌هۆى زه‌وى له‌رزه‌وه به‌شێك له ناوه‌نده‌كه‌یان ته‌رك كراوه، چونكه مه‌ترسى روخانى هه‌یه، به‌ڕێوبه‌رێك باس له‌وه ده‌كات به فێرخوازان و مامۆستایانیشه‌وه یه‌ك ته‌والێتیان هه‌یه.
لوقمان جه‌لال، به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى میل قاسمى بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا، وتى: ته‌واوى ناوه‌نده‌كه‌مان یه‌ك ته‌والێتمان هه‌یه ئه‌ویش هى فێرخواز و مامۆستایانیشه، چونكه ته‌والێته‌كانى ناوه‌نده‌كه‌مان به‌هۆى زه‌وی له‌رزه‌وه ته‌رك كراوه، هاوكات شوێنى ده‌ستشۆردنیشمان ته‌رك كردوه.
یه‌حیا ره‌حیم، بۆ ماوه‌ى 9 ساڵه به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى مادى بنه‌ڕه‌تییه له گرده‌گۆزینه‌ى سه‌ر به قه‌زاى كه‌لار ده‌ڵێت: ته‌والێته‌كانمان زۆر خراپن، 5 ته‌والێتمان هه‌یه به كوڕان و كچانه‌وه، خۆشمان خاوێنى ئه‌كه‌ینه‌وه، چونكه كارگوزارمان نیه.
له به‌رامبه‌ردا، عه‌داله‌ت له‌تیف، به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار، ده‌ڵێت: بێگومان ئاوه‌رۆ و ته‌والێته‌كانمان خراپن و به‌رده‌وام پێویستیان به نۆژه‌نكردنه‌وه و بودجه هه‌یه، ئه‌گه‌رچى به به‌رده‌وامى له رێگه‌ى خۆمان یان رێكخراوه‌كان یان پاره‌ى فرۆشگا‌كان كارمان كردوه بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان، به‌ڵام ئه‌مه بودجه‌ى تایبه‌تى پێویسته.
پ. نه‌بون و كه‌مى باخچه و روبه‌رى سه‌وزایی
كه‌مى و نه‌بونى باخچه و سنورداریی رێژه‌ى سه‌وزایی له ناوه‌نده‌كانى خوێندن دا دیاره‌ده‌یه‌كى به‌رچاوه، به‌شێوه‌یه‌ك له به‌شێك له ناوه‌نده‌كان وه‌ك پێویست گرنگی نه‌دراوه به‌م پرسه و كێشه‌ى قوڵیان هه‌یه.
عوسمان ره‌حیم، به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى هیواى بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى باوه‌نور، ده‌ڵێت: باخچه‌مان نیه، بۆ ماوه‌ى 3 ساڵه خه‌ریكی دروستكردنى باخچه‌ین و خێرخوازانیش هاوكارییان كردوین، كه‌چى هێشتا گونجاو نیه.
به‌هه‌مان شێوه، به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى مادى بنه‌ڕه‌تى له گرده‌گۆزینه، ده‌ڵێت: ناوه‌نده‌كه‌مان باخچه‌ى نیه.
له‌به‌رامبه‌ردا، ئیسماعیل سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كفرى، وتى: یه‌كێك له هۆكاره‌كانى كه‌مى باخچه له ناوه‌نده‌كان نه‌بونى باخه‌وانه به‌وهۆیه‌ى دامه‌زراندن راگیراوه، كه‌سێكى تایبه‌تى ده‌وێت بۆ خزمه‌تكردنى باخچه‌كان، ئه‌گه‌رچى ئیداره‌ى ناوه‌نده‌كان به‌شى خۆیان گرنگیان پێى داوه.
سێیه‌م: هه‌وڵی حكومه‌ت له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى بینای خوێندن
1. حكومه‌ت ملیارێك دینارى دیاریكردوه و چاره‌نوسى نادیاره
له‌سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ گه‌رمیان له مانگى ئه‌یلولی 2021، بریاریدا به خه‌رج كردنى بڕى 16 ملیار دینار بۆ به‌شێك له‌و پرۆژانه‌ى كه راگیراون له سنورى گه‌رمیان، یه‌كێك له‌و سێكته‌رانه‌ى له‌م پاره‌یه سودمه‌ند بون، په‌روه‌ده بو، ئه‌گه‌رچى چاره‌نوسى ئه‌و بڕه پاره‌یه دیار نیه.
عه‌داله‌ت له‌تیف، به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار، ده‌ڵێت: دوابه‌دواى بڕیاره‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كه بڕیاریدا به خه‌رج كردنى بڕى 16 ملیار دینار بۆ به‌شێك له پرۆژه راگیراوه‌كانى گه‌رمیان، برى زیاتر له ملیارێكى به‌ر په‌روه‌رده كه‌وتوه، به جۆرێك 45 بۆ 50 قوتابخانه‌ى پێ نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه كه له‌لایه‌ن به‌شى بیناسازى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیانه‌وه دیاریكراون، هاوكات له‌و بڕه پاره‌یه بڕى 630 ملیۆن دینارى بۆ ته‌واوكردنى بیناى قوتابخانه‌ى كوڵه‌جۆى زه‌نگاباده.
ئیسماعیل سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كفرى، وتى: له‌و بڕه پاره‌یه‌ى كه ته‌رخان كراوه 16 قوتابخانه‌مان پێویستى ته‌واوى به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه، به لیست ئاماده‌مان كردوه.
"ئێمه به‌پێى لیژنه‌ى ئه‌ندازیارى دیاریمان كردوه و سه‌ردانى ناوه‌نده‌كانیان كردوه له كۆى بیناى قوتابخانه‌كان 70 ناوه‌ندیان دیاریكردوه له سه‌نته‌رى شار و ده‌ره‌وه‌ى شار دا كه نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وه، خه‌مڵاندنى پاره‌كه‌شى كراوه". دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
وتیشى: هه‌رچى ئه‌وه‌ى لیژنه‌كان دیاریان كردوه خه‌رج ده‌كرێت، به‌ڵام دیار نیه له‌و 16 ملیاره‌ى كه بریاره خه‌رج بكرێت چه‌ندى به‌ر په‌روه‌رده ده‌كه‌وێت، ئه‌و رێژه‌یه‌ش كه دیاریكراوه پێویستیه و چه‌ندین جاریش داوامان له سه‌روى خۆمان كردوه كه پێویسته بكرێت.
2. په‌روه‌رده: قه‌یرانى دارایی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌كانى راگرتوه
قه‌یرانى دارایی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌كانى راگرتوه و به‌شێكى زۆرى قوتابخانه‌كان پێویستى به نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ش به وته‌ى به‌رپرسانى په‌روه‌رده.
عه‌داله‌ت له‌تیف، به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار، ده‌ڵێت: له ساڵى 2014ـه‌وه به‌هۆى ئه‌و دۆخه داراییه‌ى كه هاته ئاراوه وه پێویست ناوه‌نده‌كانى خوێندن نۆژه‌نه‌كراونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچى هه‌ندێك ناوه‌ندى كه‌م له روى ئاو و ئاوه‌رۆوه‌پرۆژه‌یان بۆ كراوه، بۆیه له سنورى په‌روه‌رده‌مان زۆر ناوه‌ند پێویستى به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه كه زیاتره له 70 ناوه‌ند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سەروی ٢٥ بۆ ٣٠ قوتابخانەمان هەیە پێویست ده‌كات بڕوخێنرێن و دروست بکرێنەوه.
وتیشى: سێ بینامان هه‌بو به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه راگیرابو، له ماوه‌كانى رابردودا و له‌كاتى سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت داوامان لێ‌كرد و دو بینامان بۆ ته‌واو كرا، له ئێستادا ته‌نها یه‌ك بینامان ماوه ئه‌ویش ئه‌وه‌ى كوڵه‌جۆى زه‌ندئاباده. به‌هه‌مانشێوه، ئیسماعیل سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى كفرى، وتى: 70 قوتابخانه‌مان هه‌یه له‌ناوه‌وه‌ى شار و ده‌ره‌وه‌ى، هه‌موى پێویستی به نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه، به‌تایبه‌تى 16 دانه‌یان.
وتیشى: له‌و رێژه‌یه‌ش نزیكه‌ى 40 قوتابخانه‌یان پێویست ده‌كات بڕوخێنرێن و سه‌رله‌نوێ دروست بكرێنه‌وه كه هه‌ندێكیان مێژوى دروستكردنیان بۆ ساڵانى چل و په‌نجاكانى سه‌ده‌ى پێش‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه.
3. داهاتى ناوه‌نده‌كانى خوێندن بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه به‌كارناهێنرێت
ناوه‌نده‌كانى خوێندن داهاتێكیان له رێگه‌ى به‌كرێدانى "حانوت" فرۆشگاكانیانه‌وه به‌ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و داهاته ناتوانرێت بۆ پرۆسه‌ى نۆژه‌نكردنه‌وه و چاكسازیی له بینای ناوه‌نده‌كه‌دا به‌كاربهێنرێت.
سیروان عه‌بدولعه‌زیز، به‌ڕێوبه‌رى ئاماده‌یی شه‌هید ئارام له قه‌زاى كه‌لار، ده‌ڵێت: پارەی فرۆشگا تەنها بەشی پێداویستی رۆژانەمان دەکات، چونكه ئه‌و بڕه پاره زۆره نیه بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى بینایه‌ك ته‌رخانى بكه‌ى، ئه‌گه‌رچى لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی هه‌ر خەرج دەکەین بۆ خزمەتی بیناکە.
شێركۆ ره‌فیق محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى زریانى بنه‌ڕه‌تى له ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: "پاره‌ى فرۆشگاكه‌مان تاڕاده‌یه‌كى كه‌می بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه سودمان لێبینیوه".
به‌رپرسانى په‌روه‌رده‌ش جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه داهاتى فرۆشگا‌كان سنوردارن و هه‌مویشی بۆ ناوه‌نده‌كان نیه.
عه‌داله‌ت له‌تیف، به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار، وتى: به‌پێى ئه‌و رێنمایانه‌ى له به‌رده‌ستن %80ى بۆ ناوه‌نده‌كان خه‌رج ده‌كرێته‌وه به‌پێى ژماره‌ى فێرخواز، %20یشی بۆ په‌روه‌رده‌ى قه‌زا ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌و رێژه‌یش %60ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ په‌روه‌رده‌ى گشتى "گه‌رمیان" و له ئه‌نجامدانى خولى به‌تواناكردنى مامۆستایان به‌كارده‌هێنرێت كه %40ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێمه و ئێمه‌ش بۆ كڕینی پێداویستی ناوه‌نده‌كان خه‌رجی ده‌كه‌ین.
به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى كفری، باس له‌وه‌ده‌كات ئه‌و داهاته به‌شى نۆژه‌نكردنه‌وه ناكات.
ئیسماعیل سه‌مین، وتى: پاره‌ى فرۆشگا به‌شى نۆژه‌نكردنه‌وه ناكات ته‌نها به‌شى پیداویستیه‌كانى وه‌ك په‌ڕاوگه و ئه‌نجامدانى چه‌ند چالاكیه‌ك ده‌كات، پێویسته حكومه‌ت خۆى بودجه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان بكات.
به‌ڕێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیانیش، هاوڕایه له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچونه‌دا.
دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین، وتى: پاره‌ى فرۆشگا پێشتر و ئێستاش هه‌ر خه‌رج كراوه بۆ ناوه‌نده‌كان به‌مه‌به‌ستى كڕینى پێداویستى و په‌ڕاوگه و هه‌ندێكجاریش بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ناوه‌نده‌كان له روى ئاوه‌ڕۆ و شتى دیكه‌وه، به‌ڵام به‌شى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى بیناكان ناكات.
4. له غیابی پاڵپشتی حكومی وه‌به‌رهێنه‌ران بینا دروست ده‌كه‌ن
له غیابی نه‌بونى هیچ پاڵپشتیه‌كى جیدیی حكومه‌ت بۆ دروستكردنى بینای ناوه‌ندی خوێندن، له كه‌لار بینای قوتابخانه‌یه‌ك له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رێكه‌وه دروست كراوه، ئه‌ویش له‌به‌رامبه‌ر پرۆژه‌یه‌كى وه‌به‌رهێنان دا.
ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، وتى: له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیانه‌ى كه كارى وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن له سنوره‌كه له ئێستادا بیناى قوتابخانه‌یه‌ك له گه‌ڕه‌كى گۆران (گازینۆ) دروست ده‌كرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رۆكى شاره‌وانى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه پرۆژه‌كه‌ى وه‌كو ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى خێرخوازیی ئه‌نجام داوه و ئه‌وان ناتوانن "هیچ كۆمپانیایه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ناچار بكه‌ین".
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. خراپی و كۆنی بیناى ناوه‌نده‌كانى خوێندن، له دیارترین كێشه‌كانى كه‌رتى په‌روه‌رده‌ن له سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان دا، به راده‌یه‌ك كه‌م ناوه‌ند هه‌یه كه پێویستی به نۆژه‌نكردنه‌وه و چاكسازیی بیناسازیی نه‌بێت.
2. به‌كۆی گشتى له سنوره‌كه‌دا، له كۆی (301) بینا، (301) بینای ناوه‌ندى خوێندن پێویستی به نۆژه‌نكردنه‌وه و چاكسازیی تێدا كردن هه‌یه، له‌و رێژه‌یه‌شیان (70) بینا زۆر زیاتر له‌وانى تر نۆژه‌نكردنه‌وه و چاكسازیی ده‌وێت.
3. به‌وپێیه‌ى سیسته‌مى فه‌رمانڕه‌وایی له هه‌رێم مه‌ركه‌زییه، هه‌ربۆیه هه‌ر هه‌نگاوێك به ئاقارى دروستكردنى بینا و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان، ده‌بێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه (ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده و دارایی) بڕیاری لێبدرێت، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌ت له ئاست چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌یه‌دا له گه‌رمیان زۆر سست و لاوازه، بۆ ئه‌مه‌ش قه‌یرانى دارایی وه‌كو پاساو ناوی ده‌هێنرێت.
هه‌رچی په‌روه‌رده‌كانیشه ده‌سه‌ڵات و تواناى دارایی ئه‌نجامدانى پرۆژه‌ى وه‌هایان نیه و بودجه‌ى پێویستیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌به‌رده‌ست نیه.
تاكه بودجه‌یه‌كیش كه ناوه‌نده‌كانى خوێندن ده‌ستیان بكه‌وێت، پاره‌ى "حانوت" فرۆشگاى ناوه‌نده‌كانیانه، به‌ڵام هه‌م بڕه‌كه‌ى ئه‌وتۆ نیه كه به فریای كارى نۆژه‌نكردنه‌وه و چاكسازیی بنه‌ڕه‌تى و گه‌وره له بیناكان بكه‌وێت، هه‌میش قوتابخانه‌كان ده‌سه‌ڵاتى به‌كارهێنانى هه‌مو ئه‌و داهاته‌یان نیه و (80%)ى به‌ر ئه‌وان ده‌كه‌وێت.
4. له تشرینی یه‌كه‌مى 2017 دا، یه‌كه‌مه‌مان راپۆرتێكى له‌باره‌ى كێشه‌ى بینا به گشتى له كه‌رتى په‌روه‌رده‌دا له ئیداره‌ى گه‌رمیان بڵاوكرده‌وه، له‌و ساته‌وه تا بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م راپۆرته، ئه‌و كێشه‌یه به‌ره‌وپێشه‌وه‌چونێكى ئه‌وتۆی تێدا به‌دیی نه‌هاتوه، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك هه‌وڵی نۆژه‌نكاریی كه‌م دراوه، به‌ڵام كێشه‌كه به‌كۆی گشتى وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه و بگره له هه‌ندێك بڕگه‌ش دا به‌ره‌و خراپتر رۆشتوه.
5. كۆنی و نه‌شیاوی بیناكان، لێكه‌وته‌ى زۆری هه‌یه له‌سه‌ر پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردن، چ له‌روى كوالێتى خوێندن و چ له‌سه‌ر ده‌رونى فێرخوازان و مامۆستایانیش.
6. بینای ناوه‌نده‌كانى خوێندن به هۆی كۆنى و نۆژه‌ن نه‌كردنه‌وه‌یان، به‌ده‌ست زۆر كه‌موكورتیی دیكه‌وه گیرۆده‌ن، له‌نمونه‌ى: نه‌بون و خراپی گۆڕه‌پان و یاریگا، نه‌بون و خراپی ده‌ستشۆر و ته‌والێته‌كان، نه‌بون و كه‌می باخچه و روبه‌رى سه‌وزایی و ...هتد.
7. له‌و 16 ملیار دیناره‌ى كه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى هه‌ندێك پرۆژه‌ى راگیرا‌و له سنورى گه‌رمیان دیارییكرد، 1 ملیاری بۆ كه‌رتى په‌روه‌رده دیارییكراوه، به‌ڵام وه‌ك به‌رپرسانى په‌روه‌رده باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، تائێستا پاره‌كه خه‌رج نه‌كراوه و هه‌ندێكیشیان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن به‌رچاویان رون نیه له‌وباره‌وه.
8. بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌كان و دابینكردنى پێداویستیه‌كانیان، زۆرجار په‌نا بۆ خێرخوازان و كه‌سانى خۆبه‌خش براوه، به‌ڵام ئه‌مانه سنوردارن، هاوكات وه‌به‌رهێنه‌رێك بینای قوتابخانه‌یه‌ك له سنورى قه‌زاى كه‌لار دروست ده‌كات له‌پای پێدانى ره‌زامه‌ندى به ئه‌نجامدانى پرۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبون.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. دۆخی بینای ناوه‌نده‌كانى خوێندن له گه‌رمیان زۆر خراپ و نه‌گونجاون، ئه‌مه‌ش گرفتى جۆراوجۆر بۆ پرۆسه‌ى خوێندن و كوالێتیه‌كه‌ى دروست كردوه. پێویست ده‌كات حكومه‌تى هه‌رێم له‌م روه‌وه پلانی گونجاو و پێویست دابینێت و هه‌ڵمه‌تى دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه و چاكسازیی له بیناكان ده‌ستپێبكات.
2. پێویسته په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان روپێویه‌كى وردترى بیناكان بكات و پۆلێنى ئه‌و بینایانه بكات كه زۆرتر پێویستییان به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش به‌رنامه بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان دابنێت به‌پشت به‌ستن به هه‌ر بودجه‌یه‌ك كه به‌رده‌ست ده‌بێت بۆ كه‌رتى په‌روه‌رده و ساڵانه هه‌ندێك له‌و ناوه‌ندانه نۆژه‌ن بكاته‌وه.
3. ئه‌وه‌ى تێبینی ده‌كرێت له‌و بودجانه‌ى كه حكومه‌ت ته‌رخانى ده‌كات بۆ پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان، به‌رێژه‌یه‌كى كه‌م به‌ر كه‌رتى په‌روه‌رده ده‌كه‌ون، له‌كاتێكدا گرنگیی ئه‌م كه‌رته له پێش كه‌رته‌كانى دیكه‌وه‌یه، بۆیه پێویسته بۆ داهاتو ئه‌م تێڕوانینه بگۆڕێت و گرنگی زیاتر به‌م كه‌رته بدرێت له به‌ركه‌وته‌ى بودجه دا.
4. له قه‌زاى كه‌لار زۆرجار له‌به‌رامبه‌ر پێدانى زه‌وی به پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان، وه‌به‌رهێنه‌ران وه‌كو ده‌ستپێشخه‌ریی هه‌ڵده‌ستن به ئه‌نجامدانى پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریی جیاواز، به‌ڵام به‌زۆری ئه‌و پرۆژانه له بوارى شاره‌وانى و خزمه‌تگوزاریی رێگاوبانن، ده‌بێت له‌و روه‌وه پلانێك هه‌بێت و هه‌مو ئه‌و پرۆژانه ته‌نها له یه‌ك بواردا قه‌تیس نه‌بن و بوارى په‌روه‌رده‌ش گرنگیی پێبدرێت و به‌شێكى ئه‌و پرۆژانه له‌و بواره‌دا بن.
5. بونى ده‌ستپێشخه‌ریی كۆمه‌ڵگه‌یی له نمونه‌ى هاوكاریكردنى خێرخوازان و خۆبه‌خشان زۆر گرنگ و پێویسته، به‌ڵام پێویست ده‌كات ئه‌م بواره رێكبخرێته‌وه و خودی په‌روه‌رده‌كان سه‌رپه‌رشتى ئه‌م پرۆسه‌یه بكه‌ن و كۆمه‌ك و پاره‌ى گونجاو بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ناوه‌نده‌كان كۆ بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌توانن هه‌ڵمه‌ت و كۆنفرانس و كۆبونه‌وه‌ى فراوان ئه‌نجام بده‌ن به به‌شداریی سه‌رمایه‌دار و بازرگان و كه‌سانى خێرخواز و خۆبه‌خش.
6. پێداچونه‌وه‌یه‌ك بكرێت به‌و داهاتانه‌ى كه ناوه‌نده‌كان ده‌ستیان ده‌كه‌وێت له به‌كرێدانى فرۆشگاكانیانه‌وه، ئه‌ویش به دۆزینه‌وه‌ى ئالیه‌تێكى گونجاو بۆ به‌كارهێنانى ئه‌و داهاته له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ناوه‌نده‌كان دا له نمونه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى داهاتى چه‌ند ناوه‌ندێك پێكه‌وه و به‌كارهێنانى بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى یه‌ك ناوه‌ندیان به نۆره و به‌پێی پێویستیی.