راپۆرتێك له‌باره‌ى کێشەی کوشتارگەکانی ئاژەڵان لە گەرمیان

2023/11/19    1032 جار بینراوە
 
رادیۆى ده‌نگ
 
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌ نوێترین راپۆرتى مانگانه‌ى خۆی دا تیشكیخستوه‌ته‌سه‌ر كێشه‌ى كوشتارگه‌كانى ئاژه‌ڵان له‌ گه‌رمیان و به‌ وردی ئاماژه‌ى به‌و كێشانه‌ كردوه‌ كه‌ هه‌یانه‌.
 
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه‌ بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە به‌ شێوازى (PDF).
 
 
رادیۆی ده‌نگ له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كى دا به‌ پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، له‌ رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، مانگانه‌ راپۆرتێك له‌سه‌ر كه‌رتێك بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌تیشكخستنه‌سه‌ر مامه‌ڵە و رۆڵی حكومه‌ت له‌ رێكخستنى ئه‌و کەرتەدا. ئه‌م مانگه‌ له‌باره‌ى كوشتارگه‌كانى ئاژه‌ڵان له‌گه‌رمیان كه‌ حكومه‌ت به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، راپۆرتێكى ئه‌نجامداوه‌ و به‌ وردی كێشه‌كانى ئه‌م بواره‌ى خستوه‌ته‌ڕو.
 
ده‌قی راپۆرته‌كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ده‌خوێننه‌وه‌.
 
بەشی یەکەم: کاری کوشتارگەکان و کێشەکانیان
 
1. كوشتارگه‌كانى گه‌رمیان چۆن كارده‌كه‌ن؟
له‌ سنورى گه‌رمیان 4 كوشتارگه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌رده‌وامى له‌ كاردان، ئه‌وانیش كوشتارگه‌ى قه‌زاى كه‌لار و قه‌زاى كفرى و ناحیه‌ى رزگارى و ناحیه‌ى باوه‌نور، ئه‌م كوشتارگانه‌ به‌ 2 شێواز كارده‌كه‌ن، شێوازێكى كلاسیكه‌ كه‌ له‌ كوشتارگه‌كانى كفرى و رزگارى و باوه‌نور جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌م شێوازه‌ كاركردنى شێوازه‌ كۆنه‌كه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كه‌س و ئاژەڵێكى هه‌بێت ده‌هێنرێت و سه‌ر ده‌بڕدرێت و گۆشته‌كه‌یان ده‌رهێناوه‌ و دایان ناوه‌ و بردویانه‌ته‌وه‌، به‌ڵام شێوازى د‌وه‌م هاوچه‌رخه‌، ئه‌م شێوازه‌ كاركردنه‌ ته‌نها له‌ كوشتارگه‌ى كه‌لار جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌م شێوازه‌ جیاوازه‌، به‌ جۆرێك له‌ جێگه‌ى یەکەم ئاژەڵەکە سه‌ر ئه‌بڕدرێت، له‌ جێگه‌ى دوەم پێسته‌كه‌ى لێده‌كرێته‌وه‌ له‌ جێگه‌ى سێیەم ناوسكه‌كه‌ى ده‌رئه‌هێنرێت و له‌ جێگه‌ى چوارەم گۆشته‌كه‌ پاك ئه‌كرێته‌وه‌ و ئه‌شۆردرێته‌وه‌ و له‌ خاڵێك دائه‌نرێت تاوه‌كو وشك ده‌بێته‌وه‌ دواتر پشكنینى بۆ ده‌كرێت و مۆر ده‌كرێت و ده‌خرێته‌ به‌ڕاده‌وه‌ بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ 4 كاتژمێر دواتر ده‌نێردرێت بۆ بازاڕ.
هاوكات كوشتارگه‌ى كه‌لار راسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ گۆشتفرۆشه‌كان نیه‌، به‌ڵكو ئاژەڵه‌كان له‌وێ به‌جێده‌هێڵرێت و به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌كه‌ هه‌مو شتێك ده‌كه‌ن و به‌ به‌ڕاد بۆیان ده‌نێرێته‌وه‌، به‌ڵام كوشتارگه‌كانى دیكه‌ راسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گۆشتفرۆشه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ جۆرێك خۆیان ده‌یهێنن و ده‌شىبه‌نه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێلى خۆیان.
كوشتارگه‌كان به‌پێى یاساى ژماره‌ 2ـى ساڵى 1972ى عێراقى رێکخراون.
 
2. ئەرک و کاری‌ كوشتارگه‌كان
رۆژانه‌ له‌ سنورى گه‌رمیان گۆشتفرۆشه‌كان له‌ كوشتارگه‌كان ئاژەڵه‌كانیان سه‌ر ده‌بڕن و پشكنینى بۆ ده‌كرێت له‌لایه‌ن پزیشكى ڤێته‌رنه‌ریه‌وه‌، دواتر ده‌هێنرێته‌وه‌ سه‌نته‌رى قه‌زا و ناحیه‌كان و ساخ ده‌كرێته‌وه‌.
هیوا محه‌مه‌د وه‌لى، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى سه‌ید خالد له‌ قه‌زاى كه‌لار، هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: له‌ كوشتارگه‌دا بۆ سه‌ربڕینی ئاژەڵى بچوك 6 هه‌زار و بۆ ئاژەڵى گه‌وره‌ 30 هه‌زارم لێوه‌رده‌گیرێت.
سامان حەسه‌ن ساڵح، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى سامان له‌ قه‌زاى كه‌لار وتیشى: مانگانه‌ 200 سه‌ر ئاژەڵ سه‌ر ئه‌بڕم و هه‌رچه‌ند سه‌ر ببڕی نرخی هه‌قده‌ستى كوشتارگه‌كه‌ جێگیرن.
هاوكات، قاسم ئه‌حمه‌د یاره‌، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى وڵات له‌ قه‌زاى كفرى باسى له‌وه‌كرد: بۆ ئاژەڵى بچوك 2 هه‌زار و بۆ گه‌وره‌ش پێشتر 5 هه‌زار بو ئێستا نازانم، چونكه‌ من ئیش له‌ ئاژەڵى گه‌وره‌ ناكه‌م وه‌ك گوێره‌كه‌.
"له‌ كوشتارگه‌ى باوه‌نور بۆ ئاژه‌ڵى بچوك 2 هه‌زار دینار و بۆ ئاژه‌ڵى گه‌وره‌ش 6 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیریێت"، كۆچه‌ر تۆفیق محه‌مه‌د، خاوه‌نى دوكانى گشت فرۆشى ئالان له‌ ناحیه‌ى باوه‌نور وا ده‌ڵێت.
عه‌لى والى عه‌لى، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى بێستون له‌ ناحیه‌ى رزگارى وتى: "بۆ ئێمه‌ ئاژەڵى بچوك 1 هه‌زار و ئاژەڵى گه‌وره‌ش 5 هه‌زار وه‌رئه‌گیرێت، به‌ڵام به‌ رۆژا نرخی سه‌ربڕینی ئاژەڵى بچوك 2 هه‌زاره‌".
به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى كه‌لار و كفریش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌و نرخانه‌ى كه‌ دانراوه‌ بۆیان له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر سه‌ربڕینێك پێوه‌ى پابه‌ندن، ئه‌گه‌رچى وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن له‌ زه‌ره‌ردان.
سامان محه‌مه‌د سه‌عید، به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى كه‌لار، ده‌ڵێت: ئاژەڵى بچوك به‌ 6 هه‌زار سه‌ر ئه‌بڕدرێت و ئاژەڵى گه‌وره‌ش به‌ 30 هه‌زار، له‌ كاتێكدا ئاژەڵه‌كان پاك ئه‌كرێن و دەشۆردرێنە‌وه‌ و له‌ت ئه‌كرێن و ئه‌خرێنە‌ به‌ڕاده‌وه‌ و ئه‌برێنه‌وه‌ بۆ دوكانى گۆشت فرۆشه‌كان، كه‌چى ده‌ڵێن زۆره‌، ئه‌گه‌ر له‌ ناو شارا كه‌سێك سه‌رى ببڕێت به‌ 50 هه‌زار نایكه‌ن.
وتیشى: بۆ ئێمه‌ مانگانه‌ 100 گوێره‌كه‌ش سه‌ر نابڕدرێت له‌ ئێستادا ئه‌مه‌ش بۆ من زه‌ره‌، هاوكات له‌و 30 هه‌زاره‌ش 2 هه‌زارى بۆ پێسته‌كه‌یه‌تى 28 هه‌زار بۆ من ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
له‌ باره‌ى ئه‌وه‌ى نرخی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵه‌كان چۆن دیارییكراوه‌، د. عوسمان مسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له‌ رێگه‌ى لیژنه‌ى خه‌مڵاندنه‌وه‌ له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان یه‌كلاكراوه‌ته‌وه‌.
 
د. دلێر محه‌مه‌د ئه‌مین، لێپرسراوى هۆبه‌ى كوشتارگه‌كان و ته‌ندروستى گشتى له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: چاودێرى كوشتارگه‌كان ده‌كه‌ین رۆژانه‌ راپۆرتمان بۆ دێت كه‌ چۆن له‌ پێش سه‌ربڕین و دواى سه‌ربڕین پشكنیان كردوه‌ بۆ ئه‌و ئاژەڵانه‌ كه‌ ده‌برێنه‌ ئه‌وێ و چۆن مۆرى لێ ئه‌درێت.
"ئه‌ركى ئێمه‌ چاودێرى گۆشت فرۆشه‌كان و پاكوخاوێنى و مۆڵه‌ته‌كانیان و ته‌ندروستى گشتیه‌، هاوكات چاودێرى كوشتارگه‌كان و ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ش كه‌ سه‌ر ئه‌بڕدرێن له‌ كوشتارگه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌ لیژنه‌ ده‌كرێت". عامر عه‌دنان فه‌تحوڵڵا، لێپرسراوى پشكنین و به‌دواداچونى بازاڕ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان وای وت.
به‌پێ ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان له‌ سنوره‌كه‌دا نزیكه‌ى 600 هه‌زار سه‌ر مه‌ڕ و بزن هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ 10 هه‌زار سه‌ر ره‌شه‌وڵاخ و گامێش.
 
3. كێشه‌ى بیناى كوشتارگه‌كان
یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ى كه‌ روبه‌روى گۆشتفرۆشان و ڤێته‌رنه‌ریش بوه‌ته‌وه،‌ كۆنى بیناى كوشتارگه‌كانه‌ جگه‌ له‌ كوشتارگه‌ى كه‌لار، كه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن بینایه‌كى مودێرنى هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچى هه‌مو مه‌رجه‌ ته‌ندروستیه‌كانى تێدا نیه‌.
سامان حەسه‌ن ساڵح، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى سامان له‌ قه‌زاى كه‌لار وتیشى: له‌ روى بیناوه‌ گرفتمان نیه‌ و تازه‌یه‌ ئه‌وه‌ى گرفته‌ به‌ڵێنده‌ره‌كه‌یه‌ كه‌ پاك و خاوێن نین و گۆشته‌كه‌مان به‌ پاكى بۆ نایه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌رنا بیناكه‌ تاڕاده‌یه‌ك تازه‌یه‌ و باشه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا كرێگرته‌ى هه‌ندێك له‌ كوشتارگه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كوشتارگه‌مانیان نۆژه‌ن كردوه‌ته‌وه‌ و شیاوه‌ بۆ به‌كارهێنان.
سامان محه‌مه‌د سه‌عید، به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى كه‌لار ده‌ڵێت: "بیناى كوشتارگه‌كه‌م نۆژه‌ن كردوه‌ته‌وه‌ و نزیكه‌ى 200 ملیۆن دینارم تێدا خه‌رج كردوه‌، به‌جۆرێك چی تێدابوه‌ فڕیم داوه‌ و گۆڕیومه‌".
هاوكات، كۆچه‌ر تۆفیق محه‌مه‌د، خاوه‌نى دوكانى گشت فرۆشى ئالان له‌ ناحیه‌ى باوه‌نور ده‌ڵێت: كوشتارگه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك گونجاوه‌ له‌ روى بیناوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زێرابى ناحیه‌كه‌ به‌ ته‌نیشتیدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام له‌ ناوه‌وه‌ باشه‌ و خاوێنه‌.
وتیشى: كوشتارگه‌كه‌ له‌لاى ئێمه‌ نه‌دراوه‌ به‌ كرێ، به‌ڵكو خۆمان به‌رێوه‌ى ده‌به‌ین و ته‌نها سه‌ربڕ له‌وێوه‌ پاره‌كه‌ وه‌رده‌گرێت و خۆشمان گۆشته‌كه‌ ئه‌هێنینه‌ ده‌ره‌وه‌.
هاوكات، ئاسۆ حسێن حمه‌ساڵح، لێپرسراوى كوشتارگه‌ى ناحیه‌ى باوه‌نور، وتى: "بینایه‌كه‌ى ئه‌گه‌ر باسى مه‌رجه‌ ته‌ندروستیه‌كانى كوالێتى بكه‌ین وه‌ك كوشتارگه‌یه‌كى نمونه‌ى وه‌رى بگرین ئه‌و بینا نمونه‌یه‌ نیه‌ و ئه‌و مه‌رجه‌ ته‌ندروستیه‌ى تیا نیه‌ كه‌ باس ده‌كرێت كه‌ له‌ گه‌رمیان به‌و شێوه‌یه‌ هه‌مو كوشتارگه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گونجاوه‌ بۆ به‌كارهێنان و بینایه‌كى باش و خاوێنه‌".
"كوشتارگه‌ى ناحیه‌ى رزگارى تا بڵێى خراپه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ روى پاكوخاوێنیه‌وه‌ و دارى گۆشت وردكردنه‌كه‌ى تا بڵێى پیسه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ كاره‌باى نیشتیمان ده‌پچڕێت مۆلیده‌ كار پێناكه‌ن به‌ شه‌ڕ نه‌بێت". عه‌لى والى عه‌لى، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى بێستون له‌ ناحیه‌ى رزگارى وتى.
باسى له‌وه‌شكرد: له‌ روى بیناوه‌ خراپ نیه‌ و باشه‌.
له‌ وه‌ڵامدا، ئیدریس ئه‌مین محه‌مه‌د، به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى ناحیه‌ى رزگارى به‌ وه‌كاله‌ت، وتى: "له‌ ماوه‌كانى پێشوتر هه‌ندێك گرفتمان هه‌بوه‌ له‌ كارپێكردنى مۆلیده‌، پاكوخاوێنیش شوێنێكى بچوك نیه‌ تاوه‌كو به‌رده‌واتم خاوێن بێت، چونكه‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى دێنه‌ ئه‌وێ ناوه‌ستن له‌ كاتێكدا كامێرامان داناوه‌ و ده‌توانن ئاژەڵه‌كه‌ى خۆیان ببینن كه‌ سه‌رى ده‌بڕن كه‌ چى به‌وه‌ رازى نابن، هاوكات سه‌ربڕه‌كانیش كارمه‌ندى ئێمه‌ نین و بۆ ئێمه‌ ئیش ناكه‌ن و گرنگى به‌ پاك و خاوێنى شوێنه‌كه‌ ناده‌ن له‌ ناو خانه‌كانه‌وه‌ به‌ پێڵاوى پیسه‌وه‌ دێن و گرفتیان نیه‌، پابه‌ند نابن به‌ رێنماییه‌كانى ئێمه‌وه‌".
وتیشى: له‌ ماوه‌كانى پێشتر ئه‌م گرفتانه‌ هه‌بون له‌ ئێستادا له‌ %80مان چاره‌سه‌ر كردوه‌.
هاوكات، سۆران خه‌لیل، لێپرسراوى كوشتارگه‌ى ناحیه‌ى رزگارى، ده‌ڵێت: "راسته‌ كوشتارگه‌كه‌ مودێرن و ستاندارد نیه‌ و له‌ خوار هاوچه‌رخه‌وه‌یه‌، به‌ڵام باشه‌ و لایه‌نى ته‌ندروستى تێدا جێبه‌جێكراوه‌ و پاكوخاوێنه‌".
قاسم ئه‌حمه‌د یاره‌، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى وڵات له‌ قه‌زاى كفرى باسى له‌وه‌كرد: "كوشتارگه‌كه‌ له‌ روى بیناوه‌ خراپ نیه‌، بەڵام مۆدێرنیش نیه‌، خۆشمان هه‌ر یه‌كه‌مان و سه‌ربڕى خۆمان هه‌یه‌ گۆشته‌كه‌مان ئه‌یبه‌ین و ئه‌یهێنینه‌وه‌".
له‌به‌رامبه‌ردا، ئه‌حمه‌د عه‌باس محه‌مه‌د، به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى كفرى باس له‌وه‌ ده‌كات: "بینایه‌كه‌ى ئێمه‌ زۆر كۆنه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌م تێدا ئه‌نجام داوه‌، ئه‌و كه‌موكورتیانه‌ى كه‌ هه‌یبو هه‌مویم چاك كردوه‌".
به‌رپرسانى ڤێته‌رنه‌رى جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌و كوشتارگانه‌ى كه‌ له‌ گه‌رمیان هه‌یه‌ له‌ روى كوالێتى بیناوه‌ ته‌ندروست نین بۆ به‌كارهێنان.
د. دلێر محه‌مه‌د ئه‌مین، لێپرسراوى هۆبه‌ى كوشتارگه‌كان و ته‌ندروستى گشتى له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: بیناى كوشتارگه‌كان له‌ روى كوالێتیه‌وه‌ ته‌واوى مه‌رجه‌ ته‌ندروستیه‌كانى تێدا نیه‌، چونكه‌ كۆنن و مۆدێرن نین، ساڵانه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تمانه‌وه‌ داوامان لێده‌كرێت كه‌ چ كوشتارگه‌یه‌كمان خراپه‌ و ئێمه‌ش پێیان ده‌ڵێن.
باسى له‌وه‌شكرد: وه‌ك ڤێته‌رنه‌رى له‌ هیچ یه‌كێك له‌ كوشتارگه‌كان رازى نین به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى ناحیه‌ى رزگارى و باوه‌نور، داواشمان له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان كردوه‌ هیچیان بۆ نه‌كردوین.
به‌ڕێوبه‌رى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیانیش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بیناى كوشتارگه‌كان هیچ مه‌رجێكى ته‌ندروستیان تێدا نیه‌ له‌ روى بیناوه‌.
د. عوسمان مسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: هه‌مو كوشتارگه‌كان له‌ روى بینا و ته‌ندروستیه‌وه‌ خراپن و كه‌مترین مه‌رجى ته‌ندروستى تیایه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كفرى و باوه‌نور و رزگارى كه‌ ته‌نها هۆڵێكه‌ و ناونراوه‌ كوشتارگه‌، له‌ كاتێكدا ده‌بێت بینایه‌كى هاوچه‌رخت هه‌بێت و مه‌رجه‌كانى سیسته‌مى كوشتارگه‌ى تێدابێت، ته‌نها ئه‌وه‌ى كه‌لار نه‌بێت هه‌ندێك له‌ مه‌رجه‌كانى سیسته‌مى كوشتارگه‌ى هاوچه‌رخى تیایه‌، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌كانى كه‌ هه‌موى خراپن.
وتیشى: هه‌ندێكجار نۆژه‌نكردنه‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام گۆڕبنى كاشیه‌ك و بۆیه‌كردنێك به‌ڕاستى ئه‌مه‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ نیه‌ و له‌ خواستی ئێمه‌دا نیه‌.
 
4. گۆشتفرۆشه‌كان: به‌شه‌كانى ترى ئاژەڵه‌كه‌مان پێنادرێت جگه‌ له‌ گۆشته‌كه‌ى
سامان حەسه‌ن ساڵح، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى سامان له‌ قه‌زاى كه‌لار وتیشى: "ئێمه‌ بۆ ماوه‌ى 4 ساڵه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌مان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كرێگرته‌ى كوشتارگه‌كه‌ كه‌ شاره‌وانى پێى داوه‌، چونكه‌ ناچارى كردوین سه‌روپێ له‌لاى خۆیان پاك بكه‌ین و 5 هه‌زارمان لێوه‌رده‌گرێت كه‌ خاوێنیش پاكى ناكات، هاوكات پێسته‌كه‌مان به‌ 250 دینار لێوەردەگرێت، كه‌چى خه‌ڵك هه‌یه‌ جوتى به‌ 5 هه‌زار دینار دەکڕێت، نایه‌ڵن و ریخۆڵه‌ و ورده‌چه‌وه‌رى و ته‌نانه‌ت گوشتیش به‌ پێسته‌كه‌وه‌ به‌ جێ ئه‌هێڵن به‌ مه‌به‌ست دواتر شاگرده‌كان بۆخۆیانى ده‌به‌ن".
ده‌شڵێت: گۆشتمان به‌ پیسى دێته‌وه‌ و هه‌مو گۆشتفرۆشه‌كانیش ئیمزامان كۆكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان باوه‌ڕ به‌ قسه‌كانمان ناهێنن، له‌گه‌ڵ به‌ڵێنده‌ره‌كه‌ش قسه‌مان كردوه‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى كه‌ كراوه‌ له‌گه‌ڵ شاره‌وانى بۆیان نیه‌ ئه‌و شتانه‌ى كه‌ هى خۆمانه‌ بیبه‌ن و ناچارمان بكه‌ن.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ناچار ئه‌بین نرخه‌كان له‌سه‌ر هاوڵاتیان گران بكه‌ین، چونكه‌ من مانگى وا هه‌یه‌ زیاتر له‌ 2 ملیۆن دینارم به‌س له‌ كوشتارگه‌ ئه‌ڕوات.
به‌هه‌مان شێوه‌، هیوا محه‌مه‌د وه‌لى، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى سه‌ید خالد له‌ قه‌زاى كه‌لار، جه‌ختى له‌ قسه‌ى هاوكاره‌كه‌ى كرده‌وه‌ و ئه‌وه‌ى سه‌رباركرد كه‌ "هاوكات گۆشته‌كه‌مان به‌ پاكى بۆ نایه‌ته‌وه‌".
ده‌شڵێت: دو ساڵە ئەم کێشەیەمان هەیە و چه‌ندین جار ئه‌مه‌مان به‌ ڤێته‌رنه‌رى و شاره‌وانى كه‌لار وتوه‌ تاوه‌كو ئێستا بۆمان چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى كه‌لار ده‌ڵێت به‌ نوسراوى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان كه‌ بۆم هاتوه‌ رایده‌گه‌ینن رێگه‌ نه‌درێت سه‌روپێ به‌ پیسى بێته‌وه‌ ناو شار.
سامان محه‌مه‌د سه‌عید، به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى كه‌لار ده‌ڵێت: "به‌ نوسراوى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان كه‌ بۆم هاتوه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ین سه‌روپێ به‌ پیسى بێته‌وه‌ ناو شار و له‌ به‌رامبه‌ر پاكردنى بڕى 5 هه‌زار دینار وه‌رئه‌گرین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌وێ كارده‌كه‌ن كه‌ 3 كه‌سن، شتى وانیه‌ ده‌ڵێن به‌ ناچارییه‌ به‌ڵكو پاك ده‌كرێت و به‌ به‌ڕادیش بۆیان ده‌برێته‌وه‌ دوكانه‌كان، هاوكات پێسته‌ به‌ 2 هه‌زار هه‌ڵئه‌گرمه‌وه‌ و ریخۆڵه‌ به‌ 250 دینار، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ژێرچاودێرى شاره‌وانى و ڤێته‌رنه‌رى ده‌یكه‌م و پزیشكى ڤێته‌رنه‌رى له‌وێیه‌".
وتیشى: ئه‌وه‌ى كه‌ باس ده‌كرێت گۆشت به‌ ناخاوێنى دێته‌وه‌ به‌ڵگه‌ چیه‌ بۆ ئه‌وه‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌، چونكه‌ 3 پزشكى ڤێته‌رنه‌رى له‌وێیه‌ ئه‌كرى سه‌رپه‌رشتى كردن و پشكنین له‌ ئه‌ستۆى ئه‌وانه‌ ئه‌گه‌ر پیس بیچت چۆن به‌سه‌ریانا تێپه‌ڕیوه‌، ته‌نانه‌ هه‌ر شتێك له‌وێ دیارى بكرێت كه‌ شیاو نه‌بێت فڕێ بدرێت تۆمار ده‌كرێت و له‌ناو ده‌برێت.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: ئه‌ى باسى ئه‌وه‌ بۆ ناكه‌ن رۆژانه‌ به‌لاى كه‌مه‌وه‌ 70 سه‌ر ئاژه‌ڵ به‌ قاچاخ سه‌ر ئه‌بڕدرێت به‌بێ ئه‌وه‌ى پشكنینى بۆبكه‌ن و هیچ مه‌رجێكى ته‌ندروستى تیا نیه‌، له‌كاتێكدا له‌لاى ئێمه‌ به‌ ته‌واوى مه‌رجه‌ ته‌ندروستیه‌كانه‌وه‌ ده‌برێته‌وه‌ بۆ دوكان.
له‌ وه‌ڵامدا، د. عوسمان مسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: به‌پێى یاساى ژماره‌ 2ى ساڵى 1972ى عێراقى كوشتارگه‌كان كارده‌كه‌ن، به‌جۆرێك ئه‌و به‌روبومانه‌ى كه‌ شیاوه‌ بۆ خواردن موڵكى گۆشتفرۆشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى شیاو نیه‌ موڵكى به‌ڵێنده‌ره،‌ به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا بڕیك پاره‌ بدات به‌ گۆشتفرۆشه‌كه‌، بۆنمونه‌ وه‌ك پێسته‌كه‌ى یان ریخۆڵه‌كه‌ى، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌شه‌ پاره‌ نه‌كات ئه‌وه‌ به‌ڵێنده‌ره‌كه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌ناوى ببات و ژینگه‌كه‌ بپارێزێت.
باسى له‌وه‌شكرد: ئه‌و به‌شه‌شى كه‌ به‌كه‌ڵك دێت ئه‌وه‌ به‌ڵێنده‌ر ئاماده‌یی ده‌كات بۆ نمونه‌ ریخۆڵه‌كان زۆر ئه‌كرێت و له‌ به‌ڕاد هه‌ڵئه‌گیرێت و دواتر ده‌فرۆشرێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و ریخۆڵانه‌ پیسترین به‌شى ئاژەڵه‌كه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ته‌ندروستى چاك نه‌كرێت ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى دروستكردنى نه‌خۆشى، هاوكات نابێت فڕێ بدرێته‌ ناو سه‌تڵى خۆڵه‌وه‌، چونكه‌ زیانى هه‌یه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا، ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كه‌لار باس له‌وه‌ ده‌كات: "خاوه‌ن گۆشت فرۆشه‌كان ناچارنین كه‌ سه‌روپێیان یاخود پێسته‌یان یاخود ریخۆڵه‌ى ئاژەڵه‌كانیان بده‌ن به‌ كرێگرته‌ى كوشتارگه‌كه‌، چونكه‌ له‌ گرێبه‌سته‌كه‌دا ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌، به‌ڵكو خۆیان سه‌رپشكن كه‌ چى لێده‌كه‌ن و ده‌یده‌ن به‌ كێ".
وتیشى: ته‌واوى گۆشت فرۆشه‌كانى كه‌لار ده‌توانن داواكارییه‌ك بهێنن كه‌ نایانه‌وێ ئه‌و كه‌رستانه‌ى كه‌ هى خۆیانه‌ بیده‌ن به‌ به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌كه‌، هیچیش ناچار نین بیده‌ن به‌ ئه‌و.
ده‌شڵێت: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌توانن له‌ رێگه‌ى یه‌كه‌ى ئیدارییه‌وه‌ سكاڵا تۆماربكه‌ن كه‌ ناچاریان ده‌كه‌ن به‌و شێوه‌یه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ى رێكار بگرینه‌ به‌ر به‌رامبه‌ریان.
"له‌لاى ئێمه‌ش هه‌مان كێشه‌ى قه‌زاى كه‌لارمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ كوشتارگه‌ ریخۆڵه‌كانمان ناده‌نه‌وه‌ به‌ پاره‌ نه‌بێت له‌گه‌ڵ پێسته‌كان، ئه‌م گرفته‌شمان گه‌یاندوه‌ به‌ ڤێته‌رنه‌رى هیچیان نه‌كردوه‌". عه‌لى والى عه‌لى، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى بێستون له‌ ناحیه‌ى رزگارى وتى.
دۆخه‌كه‌ له‌ قه‌زاى كفرى و ناحیه‌ى باوه‌نور جیاوازه‌ وه‌ك خاوه‌نى گۆشتفرۆشه‌كان خۆیان ده‌ڵێن ئه‌وان ئه‌و گرفته‌یان نیه‌ كه‌ له‌ قه‌زاى كه‌لار هه‌یه‌.
كۆچه‌ر تۆفیق محه‌مه‌د، خاوه‌نى دوكانى گشت فرۆشى ئالان له‌ ناحیه‌ى باوه‌نور ده‌ڵێت: "له‌لاى ئێمه‌ به‌و جۆره‌ نیه‌ كه‌ له‌ كه‌لار باسى لێوه‌ده‌كرێت كه‌ سه‌روپێ و پێسته‌ و ریخۆڵه‌ ده‌برێت، ئێمه‌ هه‌موى بۆ خۆمانه‌ و ده‌یبه‌ینه‌وه‌".
 
5. گرفتى نه‌بونى ساردكه‌ره‌وه‌ "به‌ڕاد"
جگه‌ له‌ كه‌لار، كوشتارگه‌كانى دیكه‌ ساردكه‌ره‌وه‌ "به‌ڕاد"یان نییه‌ بۆ هه‌ڵگرتنى گۆشتى ئاژه‌ڵه‌ سه‌ربڕاوه‌كه‌ له‌ كوشتارگه‌كه‌وه‌ بۆ دوكانى گۆشت فرۆشه‌كه‌، به‌ڵكو وه‌كو گۆشت فرۆشه‌كان ئاماژه‌یان پێدا، "خۆمان گۆشته‌كانمان ده‌به‌ینه‌وه‌ بۆ دوكانه‌كانمان".
ئاسۆ حسێن حمه‌ساڵح، لێپرسراوى كوشتارگه‌ى ناحیه‌ى باوه‌نور وتى: "كوشتارگه‌ى باوه‌نور به‌ڕادى نیه‌ له‌ كاتێكدا ده‌بێت بۆ ماوه‌ى 24 كاتژمێر ئه‌و گۆشته‌ هه‌ڵبگیرێت به‌پێى ستاندارد دواتر بدرێته‌وه‌ به‌ گۆشت فرۆش، بۆ گواستنه‌وه‌كه‌شى هه‌ر به‌ڕادمان نیه‌ و هه‌ر گۆشت فرۆشه‌كان خۆیان ده‌یبه‌نه‌وه‌ و هه‌ر خۆشیان سه‌رى ده‌بڕن".
هاوكات، عامر عه‌دنان فه‌تحوڵا، لێپرسراوى پشكنین و به‌دواداچونى بازاڕ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان وتى: "له‌ نێو كوشتارگه‌كان پزیشكى ڤێته‌رنه‌رى هه‌یه‌ و چاودێرى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ ده‌كه‌ن له‌ پێش سه‌ربڕین و دواى سه‌ربڕینیش، ئه‌و گۆشته‌ى كه‌ مۆرى لێده‌درێت له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ له‌ 4 كاتژمێر بۆ 24 كاتژمێر ده‌كرێت له‌ به‌ڕادا بمیێنێته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێى ستاندارد له‌ روى ته‌ندروستیه‌وه‌ ده‌بێت به‌وشێوه‌یه‌ بێت، هاوكات له‌و ماوه‌یه‌دا ترشێك ده‌رئه‌دات ئه‌و گۆشته‌ ئه‌رگه‌ر نمرە 6 بێت ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى له‌ ناوبردنى ئه‌و ڤایرۆسانه‌ى كه‌ هه‌یه‌ له‌ گۆشته‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ كاتى نه‌خۆشى تاى خوێنبه‌ربون ره‌چاو ده‌كرا".
هاوكات، ئه‌حمه‌د عه‌باس محه‌مه‌د، به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى كفرى باس له‌وه‌ ده‌كات: "وه‌ك كوشتارگه‌ى كفرى به‌ڕادمان نیه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ى گۆشته‌كان و هه‌ڵگرتنى ئه‌و گۆشته‌ بۆ ماوه‌ى 4 كاتژمێر، له‌هه‌وڵدام بۆى دابین بكه‌م، به‌ڵام لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌ك شاره‌وانى و ڤێته‌رنه‌رى هاوكار نین، ئه‌مه‌ش پاره‌ى ئه‌وێت".
به‌ڵام له‌ قه‌زاى كه‌لاریش ئه‌گه‌رچی به‌ڕاد هه‌یه‌، به‌ڵام گۆشتفرۆشه‌كان تێبینییان له‌سه‌ر هه‌یه‌.
سامان حەسه‌ن ساڵح، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى سامان له‌ قه‌زاى كه‌لار وتى: "ئێمه‌ به‌ڕادمان هه‌یه،‌ به‌ڵام یه‌ك به‌ڕاد كافى نیه‌ بۆ ئێمه‌ جارى وا هه‌یه‌ به‌ 4 سه‌عات گۆشته‌كه‌مان بۆ نایه‌ته‌وه‌".
هیوا محه‌مه‌د وه‌لى، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى سه‌ید خالد له‌ قه‌زاى كه‌لار جەختی لەم کێشەیە کردەوە و وتیشى: داوامان كردوه‌ بدرێت به‌ ته‌نده‌رینى و كه‌سێكى باشتر بێت و گۆشته‌كه‌مان بۆ بهێنێته‌وه،‌ به‌ڵام قبوڵ نه‌كراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و ماڵه‌ى ئێمه‌ له‌وێ زه‌مانه‌تى نیه‌ كه‌ وه‌ك خۆى بێته‌وه‌ بۆمان.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌، فه‌رهاد عه‌بدوڵڵا، لێپرسراوى كوشتارگه‌ى كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه‌ كرد: له‌ كوشتارگه‌ى كه‌لار 1 به‌ڕاد هه‌یه‌، به‌ڵام گه‌وره‌یه‌ و كافیه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر لۆد هه‌بێت به‌تایبه‌ت له‌ بۆنه‌كاندا به‌ به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌كه‌ ده‌ڵێن كه‌ به‌ڕادى دیكه‌مان بۆ دابین بكات و دابینى كردوه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا، سامان محه‌مه‌د سه‌عید، به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى كه‌لار ده‌ڵێت: "به‌ڕادمان هه‌یه‌ به‌شى سنوره‌كه‌ش ئه‌كات گرفتى نیه‌، ئه‌گه‌ر لۆدیشمان له‌سه‌ر بێت دانه‌یه‌كى كه‌ممان هه‌یه‌ ده‌یخه‌ینه‌ كاره‌وه‌، چونكه‌ رۆژانه‌ سه‌ر بڕین له‌لاى ئێمه‌ له‌ 70٪ تێپه‌ڕناكات، مانگانه‌ش كرێى 22 كرێكارى له‌سه‌ره‌".
"له‌ كوشتارگه‌ى كه‌لار گۆشته‌كان به‌ به‌ڕاد ده‌گوازرێته‌وه‌ و به‌ر زه‌وى ناكه‌وێت و ئه‌و كێشه‌یه‌مان چاره‌سه‌ر كردوه‌، به‌ڵام له‌ كوشتارگه‌كانى دیكه‌ گۆشتفرۆشه‌كان خۆیان گۆشته‌كانیان ده‌به‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى پلانى ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ش بكه‌ین به‌ به‌ڕاد، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى زیاتر له‌سه‌ر هاوڵاتیان ئه‌كه‌وێت و ئه‌و دۆخه‌ى كه‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌رێم جارێك رامان گرتوه‌، ئه‌گه‌رنا ره‌زامه‌ندى به‌ڵێنده‌ر و شاره‌وانیه‌كانیشمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌". د. عوسمان مسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان وای وت.
 
5. پزیشكى ڤێته‌رنه‌رى پشكنین بۆ ئاژەڵه‌كان ده‌كات
له‌ نێو كوشتارگه‌كانى گه‌رمیان پزیشكى ڤێته‌رنه‌رى بونى هه‌یه‌، به‌جۆرێك پێش سه‌ربڕین و دواى سه‌ربڕینى ئاژەڵه‌كان پشكنینیان بۆ ده‌كرێت، هه‌ر ئاژەڵێك گونجاو نه‌بێت بۆ سه‌ربڕین ره‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌.
كۆچه‌ر تۆفیق محه‌مه‌د، خاوه‌نى دوكانى گشت فرۆشى ئالان له‌ ناحیه‌ى باوه‌نور ده‌ڵێت: "ئاژەڵه‌كانمان له‌ كوشتارگه‌ سه‌ر ده‌بڕین و پزیشكى ڤێته‌رنه‌رى تێدایه‌ و پشكنین بۆ گۆشته‌كه‌ ده‌كات، دواتر مۆرى لێ ئه‌دات كه‌ مۆرى گوشت فرۆشه‌كان جیاوازه‌ له‌ هى ماڵان كه‌ شینه‌، دواتر خۆمان ده‌یبه‌ینه‌وه‌ بۆ دوكانه‌كانمان".
هاوكات، عه‌لى والى عه‌لى، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى بێستون له‌ ناحیه‌ى رزگارى وتى: "پزیشكى ڤێته‌رنه‌رى له‌ كوشتارگه‌یه‌، كه‌ ئاژەڵه‌كانمان سه‌ر ده‌بڕین و پاكى ده‌كه‌ین دواتر ئه‌و دێت و پشكنینى بۆ ئه‌كات، ئه‌وكات مۆرى لێ ئه‌دات ئه‌گه‌ر نه‌خۆش بێت ئه‌وه‌ مۆرى لێنادرێت و ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گرن و پێمان ناده‌نه‌وه‌".
لێپرسراوانى كوشتارگه‌كان له‌ گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ پێش سه‌ربڕین و دواى سه‌ربڕینیش پشكنین بۆ ئه‌و ئاژەڵانه‌ ده‌كرێت كه‌ دێنه‌ ناو كوشتارگه‌كان.
سۆران خه‌لیل، لێپرسراوى كوشتارگه‌ى ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: رێكارى ئێمه‌ له‌ كوشتارگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاژەڵ دێته‌ ناو كوشتارگه‌ سه‌ره‌تا پشكنینى سه‌ره‌تاى بۆ ئه‌كه‌ین، هه‌ر نه‌خۆشیه‌كى وه‌ك گه‌نه‌ و گه‌ڕى پێست و هه‌ندێك نه‌خۆى دیكه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵى بێت ئه‌وه‌ ره‌تى ده‌كه‌ینه‌وه‌ سه‌رببڕدرێت، دواتر ده‌بردرێت بۆ سه‌ربڕین كه‌ هێنایانه‌وه‌ دیسان پشكنین بۆ گۆشته‌كه‌ى ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌تایبه‌ت بۆ جگه‌ر و سیه‌كه‌ى.
وتیشى: خۆم پشكنین بۆ ته‌واوى ئه‌و گۆشتانه‌ ده‌كه‌م کە ده‌چێته‌ ناو گۆشت فرۆشه‌كانه‌وه‌ و مۆڵه‌تى كاركردنیان پێدراوه‌، هاوكات مۆرى تایبه‌ت به‌ خۆمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌درێت له‌ گۆشته‌كه‌ و ده‌درێته‌وه‌ به‌ خاوه‌نه‌كه‌ى.
هاوكات، مه‌ریوان عه‌دنان محه‌مه‌د ساڵح، پاریده‌ده‌رى پزیشكى ڤێته‌رنه‌رى له‌ كوشتارگه‌ى كفرى باس له‌وه‌ ده‌كات: وه‌ك هه‌ر كوشتارگه‌یه‌كى دیكه‌ له‌ گه‌رمیان رۆژانه‌ پشكنین بۆ ئاژه‌ڵه‌كان ئه‌كه‌ین پێش سه‌ربڕین و دواى سه‌ربڕینیش كه‌ گۆشته‌كه‌مان بۆ دێته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ مۆرى لێ ئه‌درێت له‌لایه‌ن پزیشكى ڤێته‌رنه‌رییه‌وه‌.
"ئه‌ركى ئێمه‌ له‌ نێو كوشتارگه‌ ئه‌وه‌یه‌ پشكنین بۆ ئه‌و ئاژەڵانه‌ ده‌كرێت كه‌ رۆژانه‌ دێنه‌ نێو كوشتارگه‌ له‌ پێش سه‌ربڕین و دواى سه‌ربڕین، ته‌نانه‌ت ئاژەڵمان هه‌بوه‌ پێش سه‌ربڕین نه‌خۆش بوه‌ ره‌تمان كردوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ببڕدرێت ناردومانه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر به‌تایبه‌ت نه‌خۆشیه‌ ڤایرۆسیه‌كان له‌گه‌ڵ پێستیه‌كان كه‌ هه‌یبوه‌". فه‌رهاد عه‌بدوڵڵا، لێپرسراوى كوشتارگه‌ى كه‌لار وای وت.
وتیشى: له‌ دواى سه‌ربڕینیش دیسان پشكنینى بۆ ئه‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر شتێكى نامۆ هه‌بێت له‌ گۆشته‌كه‌یدا ئه‌وه‌ ره‌تى ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گرین و له‌ناوى ئه‌به‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر گرفتى نه‌بێت ئه‌وه‌ مۆرى ده‌كه‌ین و له‌ رێگه‌ى به‌ڕادەوه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ دوكانى گۆشت فرۆشه‌كان له‌ دواى 4 كاتژمێر، چونكه‌ له‌و ماوه‌یه‌ى كه‌ ئه‌مێنێته‌وه‌ هه‌ر حاڵه‌تێكى نه‌خۆشى هه‌بێت زیاتر ده‌رئه‌كه‌وێت.
دۆخه‌كه‌ له‌ ناحیه‌ى باوه‌نور جیاوازتره‌ له‌ كوشتارگه‌كانى دیكه‌، چونكه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن پشكنینى پێش سه‌ربڕینیان نیه‌، هۆكاره‌كه‌شى ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ شوێنى تایبه‌ت به‌ مانه‌وه‌ى ئاژه‌ڵه‌كانیان نیه‌.
ئاسۆ حسێن حمه‌ساڵح، لێپرسراوى كوشتارگه‌ى ناحیه‌ى باوه‌نور وتى: ئه‌ركى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ پشكنین كردنه‌ بۆ ئه‌و ئاژەڵانه‌ى كه‌ له‌وێ سه‌ر ئه‌بڕدرێت، به‌ڵام ئێمه‌ پشكنینى پێش سه‌ربڕینمان نیه‌، چونكه‌ شوێنى مانه‌وه‌ى ئاژه‌ڵى تیا نیه‌، به‌ڵام به‌یانیان له‌ كاتژمێر 4ى به‌یانى گۆشتفرۆشه‌كان خۆیان دێن و ئاژەڵه‌كان سه‌ر ئه‌بڕن و دواتر له‌ دواى سه‌ربڕین پشكنینى بۆ ئه‌كه‌م و ئه‌خرێته‌ بازاڕه‌وه‌.
به‌هه‌مان شێوه‌، عوسمان مسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: هه‌مو كوشتارگه‌مان پزیشك و یاریده‌ده‌رى پزیشكى ڤێتێرنەریی تێدایه‌ و له‌ كاردان و پشكنین بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌وێ سه‌رئه‌بڕدرێن چ هى دوكانى گۆشت فرۆشه‌كان بێت یاخود هى ماڵان بێت.
 
6. پشكنینه‌كان له‌ رێگه‌ى چاوه‌وه‌یه‌
پشكنین كردنى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى له‌ كوشتارگه‌كان ده‌كرێت له‌لایه‌ن پزیشكانى ڤێته‌رنه‌رییه‌وه‌ ته‌نها له‌ رێگه‌ى چاو و ده‌ستلێدانه‌وه‌یه‌، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن تاقیگه‌ى تایبه‌تیان نیه‌ بۆ ئه‌نجامدانى پشكنین.
فه‌رهاد عه‌بدوڵڵا، لێپرسراوى كوشتارگه‌ى كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: پشكنیه‌كان له‌ رێگه‌ى چاوه‌وه‌ زیاتر ئه‌نجام ئه‌درێت و تاقیگه‌مان نیه‌، هه‌ر حاڵه‌تێكى گوماناوى و جیاوازیش بێت ئه‌وه‌ ئاراسته‌ى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیانى ده‌كه‌ین كه‌ له‌ رێگه‌ى تاقیگه‌ى تایبه‌ته‌وه‌ پشكنینى بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچى تاوه‌كو ئێستا حاڵه‌تى له‌وشێوه‌یه‌ روبه‌ڕومان نه‌بوه‌ته‌وه‌.
بە وتەی مه‌ریوان عه‌دنان محه‌مه‌د ساڵح، پاریده‌ده‌رى پزیشكى ڤێته‌رنه‌رى له‌ كوشتارگه‌ى كفرى، دۆخه‌كه‌ لای ئه‌وانیش هه‌روایه‌ و پشكنینه‌كانیان به‌ ده‌ستلێدان و چاوه‌.
نه‌ك له‌ قه‌زاكان، له‌ناحیه‌كانیش به‌هه‌مانشێوه‌یه‌.
سۆران خه‌لیل، لێپرسراوى كوشتارگه‌ى ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: "هه‌ر به‌ چاو پشكنین ده‌كه‌ین و تاقیگه‌ى تایبه‌تمان نیه‌ بۆ حاڵه‌تێك ئه‌گه‌ر هه‌بێت و پشكنینى بۆ بكه‌ین".
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى چۆن گۆشت و ئاژه‌ڵی خراپ ده‌ناسنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر تاقیگه‌ نه‌بێت، ئاسۆ حسێن حمه‌ساڵح، لێپرسراوى كوشتارگه‌ى ناحیه‌ى باوه‌نور وتى: "به‌پێى ئه‌زمونى خۆمان ده‌زانین نه‌خۆشیه‌كان چین به‌پێى ئه‌و خولانه‌ى بینیومانه‌، گۆشته‌كه‌ى زه‌ردیه‌تى یان جارى واهه‌یه‌ سه‌یاره‌ لێى داوه‌ به‌ هه‌ر جۆرێك له‌ جۆره‌كان بۆ خواردن نه‌شێت ره‌ت ئه‌كرێته‌وه‌".
لایخۆشیه‌وه‌، د.عوسمان مسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: پشكنیه‌كان له‌ رێگه‌ى چاو و ده‌سته‌وه‌ ده‌كرێت و تاقیگه‌مان نیه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵێك پزیشكه‌كه‌ سه‌رى لێده‌رنه‌كات پرس و را به‌ پزیشكه‌كانى دیكه‌ ئه‌كات ئه‌گه‌رچى تاوه‌كو ئێستا ته‌نها 1 حاڵه‌تى له‌وشێوه‌یه‌مان هه‌بوه‌ ئه‌ویش له‌ ناحیه‌ى رزگارى بوه‌ دواى 3 ساڵ كه‌ توشى زه‌ردویی ببو، داویه‌تى به‌ خۆمان  و بڕیارمان لێداوه‌.
 
7. گرفتی تێكه‌ڵكردنى گۆشت له‌ كوشتارگه‌ى كه‌لار 
به‌پێى وته‌ى هه‌ندێك له‌ گۆشت فرۆشان له‌ نێو كوشتارگه‌ى كه‌لار گۆشته‌كان تێكه‌ڵ ده‌بن، ئه‌مه‌ش بوه‌ به‌ كێشه‌ بۆیان، لێپرسراوى هۆبه‌ى كوشتارگه‌كان و ته‌ندروستى گشتى له‌ ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له‌ ئێستادا ئه‌و گرفته‌ نه‌ماوه‌.
هیوا محه‌مه‌د وه‌لى، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى سه‌ید خالد له‌ قه‌زاى كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: هه‌ندێكجار ئاژەڵه‌كانمان تێكه‌ڵ ده‌بێت له‌گه‌ڵ گۆشت فرۆشه‌كانى دیكه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له‌ كێشه‌كانمان.
باسى له‌وه‌شكرد: لایه‌نه‌كان به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان پێداوین كه‌ ئه‌م گرفته‌ چاره‌ بكه‌ن به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ چاره‌ بكرێت و دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ گۆشته‌كه‌ به‌ خاوێنى بۆمان نایه‌ته‌وه‌.
سامان حەسه‌ن ساڵح، خاوه‌نى دوكانى گۆشت فرۆشى سامان له‌ قه‌زاى كه‌لار وتى: هاورێى وامان هه‌بوه‌ ئاژەڵى بردوه‌ته‌وه‌ ئه‌وێ كه‌ 40 كیلۆ گۆشتى سافى هه‌بێت كه‌ هاتوه‌ته‌وه‌ 20 كیلۆ بوه‌، بۆیه‌ ماڵه‌كانمان له‌وێ هیچ زه‌مانه‌تێكى نیه‌.
ده‌شڵێت: ناچاربوین بۆ پاراستنى ماڵه‌كانمان بۆ خۆمان كه‌سێكمان گرتوه‌ به‌ كرێ له‌ خانه‌كان مانگانه‌ 35 هه‌زار دینارى پێده‌ده‌ین، چونكه‌ ئاژەڵێكمان ببرێت كه‌س نازانێت چۆن بوه‌ و چى كراوه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا، د. دلێر محه‌مه‌د ئه‌مین، لێپرسراوى هۆبه‌ى كوشتارگه‌كان و ته‌ندروستى گشتى له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له‌ ماوه‌كانى پێشوتر ئه‌م گرفته‌مان هه‌بو گۆشتفرۆشان به‌رده‌وام سكاڵایان هه‌بو له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌و گرفته‌ نه‌ماوه‌ به‌پێى ئه‌وه‌ى سكاڵامان بۆ نایه‌ت.
 
8. سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ به‌ قاچاخ
ئه‌حمه‌د عه‌باس محه‌مه‌د، به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى كفرى باس له‌وه‌ ده‌كات: "له‌ ئێستادا كه‌س ئاژەڵ ناهێنێته‌ گوشتارگه‌ سه‌رى ببڕن، به‌ڵكو له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ نایاسایی سه‌رى ده‌بڕن، به‌ جۆرێك رۆژانه‌ 10 سه‌ر ئه‌گه‌ر له‌ كوشتارگه‌مان سه‌ر ببڕدرێت، كه‌چى له‌ ده‌ره‌وه‌ رۆژانه‌ 50 سه‌ر سه‌ر ئه‌بڕدرێت، به‌ جۆرێك خان هه‌یه‌ له‌ قه‌زاكه‌ له‌وێ شوێنى تێدا كراوه‌ و ئاژەڵى تێدا سه‌ر ئه‌بڕدرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین جار به‌ داواكارى لایه‌نه‌كانم ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌ هیچیان نه‌كردوه‌".
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: مۆر ته‌زویر كراوه‌، به‌ جۆرێك له‌ 7ى به‌یانى پزیشكى ڤێته‌رنه‌رى دێته‌ كوشتارگه‌ بۆ پشكنین، كه‌چى سه‌عات شه‌شى به‌یانى گۆشت هه‌ڵواسراوه‌ به‌ مۆره‌وه‌ له‌ دوكانه‌كان و چێشتخانه‌كاندا، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌و مۆره‌یان له‌ كوێ هێناوه‌.
باسى له‌وه‌شكرد: له‌ كفرى شوێنێك هه‌یه‌ پێى ئه‌ڵێن ئه‌وبه‌رى كه‌ ئه‌م شوێنه‌ زێرابى نیه‌، به‌ڵكو ئاوى زێرابى ماڵان له‌ چه‌مێكا كۆ ئه‌بێته‌وه‌، هه‌ندێك كه‌س غه‌تاسیان تێخستوه‌ و ئاژەڵ سه‌ر ئه‌بڕن و گۆشته‌كه‌ى پێ ئه‌شۆرنه‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌م شوێنه‌ سه‌گ و شتى تیایه‌، كه‌چى تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و چه‌ندین جار به‌ لیژنه‌كان و ڤێته‌رنه‌ریشم وتوه‌ له‌ قه‌زاكه‌دا.
له‌ به‌رامبه‌ردا، د. عیماد عه‌زیز، لێپرسراوى هۆبه‌ى ڤێته‌رنه‌رى كفرى، وتى: ئه‌و بابه‌ته‌ى كه‌ ده‌وترێت له‌ ده‌ره‌وه‌ى كوشتارگه‌كان ئاژەڵ به‌ قاچاخ سه‌ر ده‌بڕدرێت دوره‌ له‌ راستیه‌وه‌، چونكه‌ لیژنه‌ى ڤێته‌رنه‌ریمان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى ئه‌منى به‌به‌رده‌وامى سه‌ردانى شوێنه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ هاوڵاتیان خۆیان سه‌رى ده‌بڕن و ده‌یبنه‌وه‌ ماڵه‌كانى خۆیان ناچێته‌ بازاڕ و ساخ بكرێته‌وه‌، ئه‌و كاتانه‌شى كه‌ پێمان ده‌وترێت گۆشتى بێمۆر یان قاچاخ ساخ ئه‌كرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ لیژنه‌كانمان سه‌ردان ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌شى كه‌ سه‌ر بڕن ناویان له‌لامان تۆماركراوه‌ و مۆریان هه‌یه‌.
وتیشى: سه‌ربڕین له‌ ده‌ره‌وه‌ى كوشتارگه‌كان ناتوانرێت بنه‌بڕبكرێت، چونكه‌ هاوڵاتی ئاسایی ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن و تاوه‌كو ئێستا ئه‌و رێنماییه‌یان وه‌رنه‌گرتوه‌ كه‌ زیانى هه‌یه‌ بۆیان و 200 جۆر نه‌خۆشى هه‌یه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ى ئاژەڵ و گۆشتى سوره‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ مرۆڤ.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌باره‌ى گه‌ڕه‌كى ئه‌و به‌ریشه‌وه‌ راسته‌ خانى ئاژه‌ڵى تیایه‌، به‌ڵام لیژنه‌مان سه‌ردانى كردوه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شتى وانه‌بوه‌ كه‌ باس ده‌كرێت، به‌ڵكو ده‌گمه‌نه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك داواى بكات و بیباته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، ئه‌وانه‌شى كه‌ له‌وێن به‌ڵێننامه‌یان پێ پڕكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ نه‌كه‌ن، ئه‌وه‌شى كه‌ شوێنى سه‌ربڕینى هه‌بوه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌مانه‌وه‌ پێداویستیه‌كانى ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌، ئه‌مه‌ش پێش چه‌ند ساڵێك بوه‌ و ئێستا نیه‌، بۆیه‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌بوه‌ به‌ دیارده‌.
 
 
9. ئه‌و بڕه‌ گۆشتانه‌ى ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت چیان لێده‌كرێت؟
فه‌رهاد عه‌بدوڵڵا، لێپرسراوى كوشتارگه‌ى كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: "هه‌ر گۆشتێك له‌ژێر پشكنینى ئێمه‌ ده‌رنه‌چێت و ته‌ندروست نه‌بێت بۆ به‌كارهێنان ئه‌وه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گرین و ده‌یخه‌ینه‌ ناو مه‌حره‌قه‌ى تایبه‌ته‌وه‌ و ده‌یسوتێنین و له‌ ناوى ده‌به‌ین". هاوكات، د. عوسمان مسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: "له‌ كوشتارگه‌كان شوێنێكى بچوكمان دروستكردوه‌ وه‌ك مه‌حره‌قه‌یه‌كه‌ بۆ له‌ناوبردنى ئه‌و پارچانه‌ى كه‌شیاو نیه‌ بۆ به‌كارهێنان و نه‌خۆشن كه‌ پێویسته‌ بسوتێنرێت و له‌ناوببرێت". باسى له‌وه‌شكرد: ئه‌وبه‌شه‌شى كه‌ به‌كه‌ڵك نایه‌ت ئه‌ركى شاره‌وانیه‌ و له‌ناوى ده‌بات و ده‌یخاته‌ ژێرخاكه‌وه‌.
 
10. ناحیه‌ى مه‌یدان بێ كوشتارگه‌یه‌
به‌ڕێوبه‌رى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت، به‌هۆى به‌رفراوانى ناوچه‌كه‌ ناحیه‌ى مه‌یدان پێویستى به‌ كوشتارگه‌یه‌ك هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ چاره‌سه‌رى بكه‌ین.
د. عوسمان مسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان وتى: له‌ ناحیه‌ى مه‌یدان به‌تایبه‌ت ژاڵه‌ناو گرفتى چاودێریكردنى گۆشتفرۆشه‌كانمان هه‌یه‌ له‌ روى سه‌ربڕینى ئاژه‌ڵه‌كانیان، بۆ ماوه‌ى 3 ساڵه‌ و چه‌ندین جار داوامان له‌ ڤێته‌رنه‌رى ده‌ربه‌ندیخان كردوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌شتوینه‌ته‌ چاره‌سه‌ر.
وتیشى: بۆیه‌ پێویستمان به‌ كوشتارگه‌یه‌كى دیكه‌ هه‌یه‌ له‌ ناحیه‌ى مه‌یدان.
 
11. هه‌ندێك له‌ كوشتارگه‌كان له‌ رێگه‌ى موزایه‌ده‌وه‌ دراون به‌ كرێ
"كوشتارگه‌كه‌م به‌ ته‌نده‌رین وه‌رگرتوه‌ و ساڵانه‌ش 3 ملیۆن و 300 هه‌زار ده‌ده‌م به‌ شاره‌وانى، ساڵانى پێشتریش باجى نه‌بو ئێستا باجیشى هاتوه‌ته‌ سه‌ر، نه‌ڕۆشتوم به‌ ده‌میه‌وه‌ بزانم چه‌نده‌، ئه‌مه‌ش ئه‌ركى دروست كردوه‌، چونكه‌ خه‌ڵك ئاژەڵ ناهێنێت له‌ كوشتارگه‌ سه‌رى ببڕێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ نایاسایی سه‌رى ده‌بڕن، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین جار لایه‌نه‌كانم ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌ هیچ نه‌كراوه‌ بۆم". ئه‌حمه‌د عه‌باس محه‌مه‌د، به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى كفرى واى وت.
عه‌لى خورشید، سه‌رۆكى شاره‌وانى كفرى، ده‌ڵێت: "كوشتارگه‌ى قه‌زاكه‌ به‌ موزایده‌ داومانه‌ به‌كرێ به‌پێى یاساى ژماره‌ 1ـى ساڵى 2021، كه‌ ساڵانه‌كه‌ى زیاتره‌ له‌ 3 ملیۆن دینار".
وتیشى: به‌پێى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى كه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت به‌ڵێنده‌ر پابه‌ندبێت به‌ پاكوخاوێنى كوشتارگه‌كه‌ و دابینكردنى ئامێرى ئاڵوگۆڕكردنى هه‌واو و دابینكردنى ئاو و كاره‌با و فرێدانى پاشماوه‌كانى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى كه‌ هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ى شاره‌وانیه‌وه‌یه‌.
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: ئه‌م كوشتارگه‌یه‌ش له‌ ساڵه‌كانى هه‌شتاكان دروستكراوه‌ له‌سه‌رده‌مى حكومه‌تى عێراق، بۆ جارێكیش له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێم نۆژه‌ن كراوه‌ته‌وه‌، خۆشمان له‌ ساڵى 2020 نۆژه‌نمان كردوه‌ته‌وه‌ له‌ روى بیناوه‌، ئه‌م كوشتارگه‌یه‌ش هاوچه‌رخ نیه‌.
هاوكات، سامان محه‌مه‌د سه‌عید، به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى كه‌لار ده‌ڵێت: كوشتارگه‌ى كه‌لار له‌ رێگه‌ى موزایه‌ده‌وه‌ وه‌رم گرتوه‌ و ساڵانه‌ش زیاتر له‌ 1 ملیۆن دینار وه‌ك كرێ ده‌ده‌م به‌ شاره‌وانى، نرخه‌كه‌ش بۆیه‌ به‌وشێوه‌یه‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ته‌واوم له‌ كوشتارگه‌كه‌دا كردوه‌.
له‌ وه‌ڵامدا، ئه‌كره‌م ساڵه‌ح، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كه‌لار باس له‌وه‌ ده‌كات: "كوشتارگه‌ى كه‌لار كه‌ هه‌ر جاره‌و ده‌درێت به‌ كرێ كۆمه‌ڵێك كه‌موكورتى تێدایه‌ كه‌ ده‌درێت به‌ كه‌سێك ئه‌وه‌ كه‌موكورتیه‌كانى له‌سه‌ر ده‌بێت كه‌ چاكى بكات، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان كه‌ دیارى ده‌كات، بۆ نمونه‌ ئه‌مساڵ گرفتى به‌ڕادى هه‌یه‌ ئه‌مه‌ بۆ كاتى موزایده‌كه‌ كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بكرێت".
"ساڵانه‌ 30 ملیۆن و 250 هه‌زار دینار ده‌ده‌م به‌ شاره‌وانى و له‌ رێگه‌ى موزایه‌ده‌وه‌ ئه‌م كوشتارگه‌یه‌مان وه‌رگرتوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و گرفتمان هه‌یه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ كاتى خۆى كه‌ موزایه‌ده‌ كرا بۆ ئه‌م كوشتارگه‌یه‌ پێمان وترا كه‌ رۆژانه‌ 150 سه‌ر ئاژه‌ڵ تێیدا سه‌ر ئه‌بڕدرێت كه‌ هاتینه‌ سه‌ر واقعه‌كه‌ رۆژانه‌ 25 بۆ 30 سه‌ر سه‌ر ئه‌بڕدرێت، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ زۆرترین ماڵانه‌ كه‌ %80ـه‌". ئیدریس ئه‌مین محه‌مه‌د، به‌ڵێنده‌رى كوشتارگه‌ى ناحیه‌ى رزگارى به‌ وه‌كاله‌ت واى وت.
باسی له‌وه‌شكرد: یه‌كێكى دیكه‌ له‌ كێشه‌كانمان ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ساڵانه‌ كرێیه‌ك ئه‌ده‌ین به‌ حكومه‌ت، كه‌چى كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك هه‌ن له‌وێ خانیان هه‌یه‌ و رۆژانه‌ كارى سه‌ر بڕین ئه‌نجام ئه‌ده‌ن بۆ خه‌ڵك كه‌ 5 بۆ 7 هه‌زار له‌ خه‌ڵك وه‌رئه‌گرن شاره‌وانیش 2 هه‌زاری بۆ من داوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ من كێشه‌م بۆ دروست ببێت له‌ دابین كردنى ئه‌و كرێیه‌ى كه‌ پێویسته‌ مانگانه‌ بیده‌م، مانگى وا هه‌یه‌ 1 ملیۆن و 500 هه‌زار كورتهێنانم هه‌یه‌.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: بۆ ماوه‌ى 6 مانگه‌ سه‌رقاڵى ئه‌م كێشه‌یه‌ین سه‌ردانى لایه‌نه‌كانمان كردوه‌ چ له‌ شاره‌وانى چ له‌ به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ چ له‌ ڤێته‌رنه‌رى چ له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان تاوه‌كو ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، بۆیه‌ پلانى ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌ست له‌ ئیشه‌كه‌ هه‌ڵگرین.
باسى له‌وه‌شكرد: شكاتمان لێكراوه‌ له‌لاى مه‌ڵبه‌ند، ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان پێمان ئه‌ڵێت نابێت ئه‌م كه‌سانه‌ ده‌ربكرێن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى  ده‌نگ به‌و حزبه‌ ئه‌ده‌ن، له‌ كاتێكدا ئێمه‌ به‌ رێكارى ئیدارى و یاسایى ئه‌و كوشتارگه‌یه‌مان وه‌رگرتوه‌ و هه‌ر یه‌ك یاساشمان هه‌یه‌، كه‌چى پێمان ئه‌ڵێن كه‌لار جیاوازه‌ له‌ ناحیه‌ى رزگارى.
له‌ به‌رامبه‌ردا، كۆمار محه‌مه‌د عه‌لى، لێپرسراوى هۆبه‌ى ڤێته‌رنه‌رى رزگارى، باس له‌وه‌ ده‌كات: به‌كرێدانى كوشتارگه‌ هیچ په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌ و پرسیشمان پێناكه‌ن، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ لایه‌نى ته‌ندروستى ئه‌و گۆشته‌یه‌ كه‌ ده‌خرێته‌ بازاڕه‌وه‌، بۆیه‌ بۆ خۆیان پلانى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ حكومه‌ت لێیان وه‌ربگرێته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ داواى كۆمه‌ڵێك شتمان كرد بۆیان جێبه‌جێ نه‌كردین به‌هۆى ئه‌وه‌ى زۆریان له‌سه‌ر ئه‌كه‌وێت، ئه‌وانیش بابه‌تى مۆلیده‌ و بابه‌تى فێنكه‌ره‌وه‌ و پاك راگرتنى شوێنه‌كه‌.
هاوكات، د. دلێر محه‌مه‌د ئه‌مین، لێپرسراوى هۆبه‌ى كوشتارگه‌كان و ته‌ندروستى گشتى له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: "كوشتارگه‌كان له‌لاى شاره‌وانیه‌ و ئه‌و مه‌رجانه‌ى ئێمه‌ داواى ده‌كه‌ین ناتوانن جێبه‌جێى بكه‌ن، بۆنمونه‌ ئه‌وه‌ى ناحیه‌ى رزگارى له‌گه‌ڵ شاره‌وانى كۆبوینه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆبونه‌وه‌ داوامان كردوه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى له‌وێیه‌ شوێنه‌كه‌ نۆژه‌ن بكاته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر سه‌ربڕینى ئاژەڵى بچوك و له‌ 1500 دیناره‌وه‌ بكات به‌ 2 هه‌زار دینار و وه‌رى بگرێت، كه‌چى نرخه‌كه‌ زیاد كرا كوشتارگه‌كه‌ش هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تى و بگره‌ خراپتریشبوه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌ بۆ ئێمه‌".
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى له‌باره‌ى شێوزاى پێدانى كوشتارگه‌ى ناحیه‌كه‌ له‌ رێگه‌ى موزایه‌ده‌وه‌ هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: رێكخستنه‌وه‌ى كوشتارگه‌ى ناحیه‌ى رزگارى له‌لاى ئێمه‌ نیه‌، به‌ڵكو له‌لاى به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ و ڤێته‌رنه‌رییه‌، ئه‌ركى ئێمه‌ ته‌نها پێدانى بیناكه‌یه‌ به‌ كرێ، دواتر ئه‌ركى سه‌رپه‌رشتیكردن و رێكخستنه‌وه‌ى له‌لاى ئێمه‌ نیه‌.
"كوشتارگه‌ى كه‌لار له‌ رێگه‌ى موزایه‌ده‌ى ئاشكراوه‌ ده‌درێت به‌ كرێ، به‌جۆرێك ساڵانه‌ به‌ 1 ملیۆن و 350 هه‌زار دینار داومانه‌ به‌كرێ و له‌ مانگى 1ى ساڵى داهاتو گرێبه‌سته‌كه‌ى ته‌واو ده‌بێت، هاوكات ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌شى كه‌ وه‌ك كرێ پێى دراوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌وانى". ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار واى وت.
له‌ به‌رامبه‌ردا، د. عوسمان مسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: شاره‌وانى كوشتارگه‌كان ده‌دات به‌ كرێ داهاته‌كه‌ى بۆ ئه‌وان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌ركى نۆژه‌نكردنه‌وه‌شى له‌سه‌ر ئه‌وانه‌، به‌ڵام به‌ هاوبه‌شى ڤێته‌رنه‌رى.
 
12. بڕیارە كوشتارگه‌یه‌كى مۆدێرن له‌ گه‌رمیان دروست بكرێت
به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان رایده‌گه‌یه‌نێت: كوشتارگه‌یه‌كى مۆدێرن به‌ كۆى پێداویستیه‌كانیه‌وه‌ له‌ گه‌رمیان دروست ده‌كرێت له‌ سه‌ر روبه‌رى زیاتر له‌ 100 دۆنم و له‌ رێكارى وه‌رگرتنى مۆڵه‌تدایه‌.
هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌رێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له‌ پلانماندایه‌ كوشتارگه‌یه‌كى مودێرن له‌ سنورى گه‌رمیان دروست بكرێت له‌ رێگه‌ى وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ به‌ كۆى پێداویستیه‌كانى كوشتارگه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواكارییه‌ك هاتوه‌ و له‌ رێكارى وه‌رگرتنى مۆڵه‌تدایه‌ و نوسراومان كردوه‌ بۆ وه‌رگرتنى راى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیاره‌كان.
وتیشى: ئه‌م پرۆژه‌یه‌ پرۆژه‌یه‌كى به‌رفراوان ده‌بێت و له‌ سنورى گه‌رمیانیش ده‌بێت ته‌نها یه‌ك كوشتارگه‌ هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شوێنى به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵیشى تێدا ده‌بێت.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: زه‌وى بۆ پێشنیاركراوه‌ كه‌ نوسراومان ئاراسته‌ى كشتوكاڵى گه‌رمیان و ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان كردوه‌ پێانوایه‌ له‌ ناحیه‌ى رزگارى بێت كه‌ سه‌نته‌رى گه‌رمیان بۆ ئه‌و كوشتارگه‌یه‌ و بڕیاره‌ له‌سه‌ر وربه‌رى زیاتر له‌ 100 دۆنم زه‌وى دروست بكرێت.
"پلان هه‌یه‌ كوشتارگه‌یه‌كى مۆدێرن له‌ گه‌رمیان دروستبكرێت له‌ رێگه‌ى وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ و جارێك كۆمپانیا وه‌رى نه‌گرتوه‌، ئه‌م كوشتارگه‌یه‌ش كارگه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌بێت بۆ به‌رهه‌مهێنان و چاره‌سه‌ركردنى به‌شه‌كانى ترى ئاژه‌ڵ وه‌ك پێسته‌ و ریخۆڵه‌ و سه‌روپێى كه‌ دواتر ده‌خرێته‌ بازاڕه‌وه‌". د. عوسمان مسته‌فا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
هاوكات، ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كه‌لار جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ له‌ پلاندایه‌ كوشتارگه‌یه‌كى مودێرن له‌ سنورى گه‌رمیان دروست بكرێت له‌ رێگه‌ى وه‌به‌رهێنانه‌وه.
 
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
 
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. له‌ سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان دا 4 كوشتارگه‌ى فه‌رمیی هه‌ن، كوشتارگه‌كان سه‌رجه‌میان حكومیین و ساڵانه‌ به‌كرێی دیارییكراو له‌ رێگه‌ى زیادكردنه‌وه‌ ده‌درێن به‌ به‌ڵێنده‌ر. وەکو بینا و موڵک سەر بە شارەوانی و ئیدارەی قەزاکانن، بەڵام وەکو لایەنی چاودێریی زۆرتر بەڕێوبەرایەتی ڤێتێرنەری بەوکارە هەڵدەستێت.
2. 98 دوكانى گۆشتفرۆشیی لە سنورەکەدا هەن، سه‌رجه‌میان ناچاكراون كه‌ له‌ كوشتارگه‌كان دا ئاژه‌ڵه‌كانیان سه‌رببڕن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پاره‌یه‌ك وه‌رده‌گیرێت كه‌ به‌پێی ناوچه‌كان بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ جیاوازه‌، له‌ كه‌لار بۆ ئاژه‌ڵی بچوك (6) هه‌زار و بۆ ئاژه‌ڵی گه‌وره‌ش (30) هه‌زار وه‌رده‌گیرێت. له‌ كفری بۆ ئاژه‌ڵی بچوك (2) هه‌زار و بۆ ئاژه‌ڵی گه‌وره‌ش (5) هه‌زار وه‌رده‌گیرێت. له‌ ناحیه‌ى رزگاریی بۆ ئاژه‌ڵی بچوك (1 بۆ 2) هه‌زار و بۆ ئاژه‌ڵی گه‌وره‌ش (5) هه‌زار وه‌رده‌گیرێت و هه‌رچی ناحیه‌ى باوه‌نوریشه‌ بۆ ئاژه‌ڵی بچوك (2) هه‌زار و بۆ ئاژه‌ڵی گه‌وره‌ش (6) هه‌زار وه‌رده‌گیرێت. ئه‌م نرخانه‌ش له‌ رێگه‌ى لیژنه‌ى خه‌مڵاندنه‌وه‌ له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان یه‌كلاكراوه‌ته‌وه‌.
3. كوشتارگه‌كان كێشه‌ى زۆریان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تى له‌ روى بیناوه‌، له‌نێو چوار كوشتارگه‌كه‌ ئه‌وه‌ى كه‌لار له‌ سیانه‌كه‌ى دیكه‌ باشتره‌، به‌ڵام به‌وه‌ى كه‌لاریشه‌وه‌ هیچیان به‌پێی ستانداردى جیهانی نین. به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى ڤێتەرنه‌رى گه‌رمیان، كوشتارگه‌كانى كفرى و باوه‌نور و رزگارى "ته‌نها هۆڵێكه‌ و ناونراوه‌ كوشتارگه".
4. سیسته‌مى كاركردنى كوشتارگه‌كان ته‌قلیدییه‌، جگه‌ له‌وه‌ى كه‌لار، هیچكام له‌ كوشتارگه‌كانی تر ساردكه‌ره‌وه‌ "به‌ڕاد"یان نییه‌ بۆ هه‌ڵگرتنى گۆشت و گواستنه‌وه‌ى بۆ دوكانه‌كانى گۆشتفرۆشتن.
5. به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێتەرنه‌رى گه‌رمیان، هه‌مو كوشتارگه‌كان له‌ روى بینا و ته‌ندروستیه‌وه‌ خراپن و كه‌مترین مه‌رجى ته‌ندروستى تیایه‌.
6. گۆشتفرۆشه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه‌لار، نیگه‌رانن له‌وه‌ى له‌ كوشتارگه‌كه‌دا جگه‌ له‌ گۆشتى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى ده‌یانهێنن بۆ سه‌ربڕین، به‌ش و پاشماوه‌كانى تریان پێنادرێت و گلده‌درێته‌وه‌، به‌رپرسانى كوشتارگه‌ و حكومه‌تیش جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان دیاریی كراوه‌، به‌تایبه‌تى هه‌ندێك به‌شى ئاژه‌ڵ وه‌كو ریخۆڵه‌، مه‌ترسی گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشیی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى زانستى چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.
7. له‌هه‌مو كوشتارگه‌كاندا پزیشك و ستافی ته‌ندروستى ئاژه‌ڵ هه‌یه‌ بۆ پشكنین و پێش سه‌ربڕین و پاش سه‌ربڕین پشكنین بۆ گۆشت و ئاژه‌ڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌ كوشتارگه‌ى باوه‌نور كه‌ پێش سه‌ربڕین پشكنین بۆ ئاژه‌ڵه‌كه‌ ناكرێت.
8. ئه‌و پشكنینه‌ى بۆ ئاژه‌ڵ و گۆشته‌كه‌ى ده‌كرێت، ته‌نها پشكنینه‌ به‌ ده‌ستلێدان و ته‌ماشاكردن، واتا به‌ تێستى زانستى و پشكنینی له‌ تاقیگه‌دا نییه‌، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێته‌رنه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵێك پزیشكه‌كه‌ سه‌رى لێده‌رنه‌كات پرس و را به‌ پزیشكه‌كانى دیكه‌ ئه‌كات.
9. سه‌رباری بونى كوشتارگه‌، به‌ڵام گۆشتفرۆشه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر ئاژه‌ڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ى كوشتارگه‌كان سه‌رده‌بڕدرێن، به‌ڵام به‌رپرسانى حكومى ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌و حاڵه‌ته‌ زۆر كه‌من و زیاتریش بۆ ماڵانه‌ و گۆشتى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ نافرۆشرێن.
10. له‌ سنورى ناحیه‌ى مه‌یدان و ئه‌وبه‌رى سیروان، هیچ كوشتارگه‌یه‌ك بونى نییه‌، ئه‌گه‌رچی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێتەرنه‌رى بونى كوشتارگه‌ له‌و سنوره‌ به‌ پێویست ده‌زانێت.
 
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. به‌پێی ئه‌و به‌دواداچونه‌ى كردومانه‌، كوشتارگه‌كانى گه‌رمیان هیچیان ستانداردی زانستی و ته‌ندروستییان تێدا نییه‌، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی دروست ده‌كات له‌ بڵاوبونه‌وه‌ى نه‌خۆشی و خراپبونی خودی ئه‌و گۆشته‌ى له‌ كوشتارگه‌كانه‌وه‌ به‌رهه‌مدێت.
ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ ته‌ندروستى گشتیی زۆر مه‌ترسیداره‌، به‌تایبه‌تى له‌كاتى بون و سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌و په‌تایانه‌ى كه‌ له‌نێوان ئاژه‌ڵ و مرۆڤدا ده‌گوێزرێنه‌وه‌.
گرنگه‌ حكومه‌ت ئه‌م بابه‌ته‌ به‌جیدیی و هه‌ند وه‌ربگرێت، ئه‌ویش به‌گرتنه‌به‌رى ئه‌م رێكارانه‌:
ا. دروستكردنى كوشتارگه‌ى مۆدێرن به‌ پێی ستانداردی جیهانى. ئه‌گه‌ر له‌م دۆخه‌ داراییه‌دا بۆ حكومه‌ت قورس بێت كه‌ ئه‌م كاره‌ بكات، ئه‌وا ده‌توانێت له‌رێگه‌ى وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ ئه‌نجامى بدات.
پێویسته‌ له‌ دروستكردنى ئه‌م كوشتارگانه‌دا، ره‌چاوى ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ تواناى كوشتارگه‌كان چه‌ندن و شیاویی ئه‌وه‌یان تێدابێت به‌رفراوانتر بكرێن له‌ داهاتودا ئه‌گه‌ر ژماره‌ى دانیشتوانى ناوچه‌كه‌ زیاتر بو.
ب. ئه‌و كوشتارگانه‌ى كه‌ هه‌ن نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان تێدابكرێت، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ى به‌كارهێنانى ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌ وه‌ك ساڵانه‌ له‌ به‌ڵێنده‌ره‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت.
 
2. ئه‌و پشكنینانه‌ى بۆ به‌رهه‌مى گۆشت و ئاژه‌ڵان له‌ كوشتارگه‌كان ده‌كرێن، پشكنینن له‌رێگه‌ى چاو و سه‌یركردنه‌وه‌، پێویست ده‌كات حكومه‌ت له‌مڕوه‌وه‌ هه‌نگاوى زانستی تر هه‌ڵبێنێت و پشكنینه‌كانى تۆكمه‌تر بكات بۆ ئه‌وه‌ى مه‌ترسی و لێكه‌وته‌ى ته‌ندروستى نه‌بێت.
 
3. گۆشتفرۆشه‌كان به‌گشتى نیگه‌رانن له‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ستافی كوشتارگه‌كان و تێبینییان هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت تێبینی و سه‌رنجیان به‌هه‌ند وه‌ربگرێت و كۆبونه‌وه‌ى فراوانیان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بدات. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌هۆی هه‌ستیاریی پیشه‌كه‌یانه‌وه‌، پێویستییان به‌ پێدانى زانیاریی و هۆشیاریی ته‌ندروستى نوێ هه‌یه‌ له‌باره‌ى ئه‌و پرسانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ مامه‌ڵه‌ و به‌رگرتن له‌گه‌ڵ گۆشت و ئاژه‌ڵ.
 
4. سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ى كوشتارگه‌كان ئه‌گه‌ر به‌ سنوردارییش بێت، به‌ڵام هه‌ر بونى هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت و لیژنه‌كانى چاودێریی قه‌زا و ناحیه‌كان و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان، زیاتر چاوكراوه‌بن له‌وڕوه‌وه‌، هه‌روه‌ك لێپێچینه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ كه‌سانى سه‌رپێچیكاردا بكرێت.
 

 

 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,421,187     ژمارەی میوان 966