بەڕێوبەری تۆماری خانوبەرەی گەرمیان: پرۆسەی تاپۆ ھەنگاوێکی باش چوەتە پێشەوە

2023/05/23    663 جار بینراوە
 
رادیۆی دەنگ
 
یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێی گەرمیان لە کۆبونەوەیەکی لەگەڵ بەڕێوبەری تاپۆی گەرمیان، ئەنجامدا، بەڕێوبەری ناوبراویش باس لە بەرەوپێشەوەچونی پرۆسەی تاپۆ دەکات لە سنورەکە.
 
ئەکرەم رەزا، بەڕێوبەری تاپۆی گەرمیان، لە کۆبونەوەکەدا لە بارەی دواین زانیاری لەسەر بەرەو پێشچونەکان سەبارەت بە تۆمارکردنی خانوبەرە لە سنورەکە، باسی لەوەکرد: لە ئێستادا تۆمارکردنی خانوبەرە ھەنگاوێکی باش رۆشتوەتە پێشەوە و ھاوڵاتیان بەدەمەوە ھاتنیان ھەیە، بەتایبەت لە دوای یاسای ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠٢١ کە وایکردوە ھاوڵاتیان بە بەردەوامی مامەڵە پێشکەش بکەن، بەتایبەت ئەو گەڕەکانەی کە بە زیادەڕەوی دروست کراون.
 
وتیشی: ئەوەی گرفتە ناحیەی باوەنورە تاوەکو ئێستا ھیچ مامەڵەیەکیان نەھاتوەتە لامان بەمەبەستی تۆمارکردن.
 
لە بارەی کێشەی ئەو دۆسیانەی کە لە ناحیەی رزگاری لە ماوەی ساڵانی رابردو لەناوچون چیکراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بەڕێوبەری تۆماری خانوبەرەی گەرمیان ھێمای بۆ ئەوەکرد: کار لەسەر ئەو بابەتە کراوە لە رێگەی دادگای ناحیەکەوە موڵک تۆمار دەکرێت.
 
سەبارەت بەوەی تا چەند سیستەمی ئەلیکترۆنی بەکاردەھێنن بۆ رای کردنی مامەڵەی تۆمارکردنی خانوبەرە، ئەکرەم رەزا وتی: لە ئێستادا سیستەمی ئەلکترۆنی بۆ کارەکانمان بەکارناھێنین، بەڵام لە پلانماندا ھەیە ئەو سیستەمە بھێنینە گەرمیان.
 
ئەمەش دوای ئەوە هات کە یەکەی چاودێری ساڵی پار راپۆرتێکی لەبارەی پرسی تاپۆ و کێشەکانی بەڕێوبەرایەتی تۆماری خانوبەرەی گەرمیان بڵاوکردەوە.
 
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگه‌، به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه‌ راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به‌ حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی، جگه‌ له‌وه‌ش چالاكى دیكه‌ى وه‌كو: كۆنفرانس، كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆى كراوه‌ و به‌دواداچونى مه‌یدانى له‌باره‌ى پرسه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ حكومه‌ته‌وه‌ له‌ سنوره‌كه‌، ئه‌نجام ده‌دات.

 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,383,167     ژمارەی میوان 883