یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تی خۆجێی گه‌رمیان، له میانه‌ى به‌دواداچونه‌كانى دا، راپۆرتێكى ئاماده كردوه له‌باره‌ى پرس و كێشه‌ى تۆمارى خانوبه‌ره "تاپۆ" له‌گه‌رمیان، تیایدا به وردی له‌سه‌ر كێشه‌كانى په‌یوه‌ست به‌و بواره وه‌ستاوه و له‌سه‌ر زارى هاوڵاتیان و به‌رپرسانى په‌یوه‌ندیداره‌وه به‌دواداچونى بۆ كێشه‌كان كردوه.
هه‌روه‌ك له كۆتاییشدا كۆی ده‌ره‌نجامى به‌دواداچونه‌كانى له‌وباره‌وه گه‌ڵاڵه‌كردوه، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك پێشنیازیشی وه‌كو راسپارده بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان خستوه‌ته‌ڕو.
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه، به ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی.
ده‌قی راپۆرته‌كه به تێكست له خواره‌وه ده‌خوێننه‌وه.
پێشه‌كى:
تاپۆ یان تۆمارى خانوبه‌ره بریتیه له تۆماركردنى موڵكێك به ناوى هاوڵاتیانه‌وه، جا ئه‌م موڵكه یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون بێت یاخود بازرگانى بێت یاخو كشتو‌كاڵى بێت، ئه‌گه‌ر باسى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون بكه‌ین ئه‌وه له‌به‌رامبه‌ر تۆماركردنى موڵكێك حكومه‌ت به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كان له %3ى كۆى داهاتى ئه‌و موڵكه بۆ حكومه‌ت ده‌بێت.
له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره (تاپۆى) گه‌رمیان 3 جۆر تۆمارى موڵك هه‌یه، ئه‌وانیش: (یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون، موڵكى بازرگانى و موڵكى كشتو‌كاڵى)ن، ئه‌مه‌ش به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كان، كه خۆى له یاساى ژماره 43ى ساڵى 1971 ده‌بینێته‌وه.
له‌میانه‌ى ئه‌م راپۆرته‌وه، به وردى له‌سه‌ر پرسی تاپۆكردن و هه‌روه‌ها رێژه‌ى زه‌ویه تاپۆكراوه‌كان و ئاسته‌نگ و كێشه‌كانى تاپۆكردن له گه‌رمیان ده‌وه‌ستین.
به‌شى یه‌كه‌م: تۆمارى خانوبه‌ره له‌گه‌رمیان و رێژه‌كه‌ى
یه‌كه‌م: ئامارى مامه‌ڵه‌ى تۆماركردنى خانوبه‌ره
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، كاركردنیان له ماوه‌ى 2 ساڵى رابردو و 6 مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا به‌مشێوه‌یه‌ى لایخواره‌وه بوه:
دوه‌م: تۆمارى خانوبه‌ره له‌گه‌رمیان
1. قه‌زاى كه‌لار
ته‌واوى قه‌زاى كه‌لار تۆمارى خانوبه‌ره‌ى هه‌یه به‌جۆرێك به‌شێكیان به‌ناوى شاره‌وانیه‌وه‌ن و پێویسته ئیفرازبكرێن، به‌ڵام به‌سه‌ر چه‌ند زۆنێكدا دابه‌شبون به‌مه‌به‌ستى تاپۆكردن، به جۆرێك چه‌ند گه‌ڕه‌كێك و به بڕیارێك یاخود یاسایه‌ك مامه‌ڵه‌ى تاپۆیان بۆ رایی ده‌كرێت، كه ئه‌مه‌ش سه‌رلێشێواوى بۆ هاوڵاتیان دروست كردوه.
أ. هه‌ریه‌كه له گه‌ڕه‌كه‌كانى: (به‌رده‌سور، سه‌ركه‌وتن، 500 ماڵه‌كه) به بڕیارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ژماره 3904 كه له ساڵى 2003 ده‌ركراوه، تاوه‌كو ئێستا هیچ گرفتێكیان نیه، هاوڵاتیان له سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى ده‌توانن مامه‌ڵه‌ى تۆماركردنى خانوه‌كانیان بكه‌ن به‌مه‌به‌ستى تۆماركردنى، هاوكات به‌پێى ئه‌و بڕیاره‌ش نرخێكى ره‌مزى دیاریكراوه كه تاوه‌كو ئێستاش كارى پێده‌كرێت كه خۆى له 150 هه‌زار دینار ده‌بینێته‌وه.
ب. هه‌ریه‌كه له گه‌ڕه‌كه‌كانى: (فه‌رمانبه‌ران، شۆڕش، بنگرد و شێروانه) ئه‌م گه‌ڕه‌كانى جیاواز له‌وانى دیكه ناوبه‌ناو تاپۆكردنیان بۆ كراوه كه به بڕیارى ژماره 241 له ساڵى 1999، كه له ساڵى 2000 تاپۆ له قه زاكه كرایه‌وه تۆمارى خانوى ئه‌و گه‌ڕه‌كانه ده‌ستى پێكرد، به‌ڵام له ساڵى 2007 ئه‌و بڕیاره راگیرا، دواى ئه‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك كارى پێكرایه‌وه تاوه‌كو ساڵى 2012 كه به ته‌واوى راگیرا كه هاوڵاتیان له‌و گه‌ڕه‌كانه نه‌یانده‌توانى تاپۆى موڵكه‌كانیان بكه‌ن تاوه‌كو ساڵى 2018 كه به فه‌رمانێكى نوێ و ژماره 328 ده‌ست به تاپۆكردن كرایه‌وه به نرخێكى دیارى كرا‌و به جۆرێك بۆ هه‌رمه‌ترێك له 3 هه‌زاره‌وه بۆ 7500 دینار بو به‌پێى جیاوازى گه‌ڕه‌كه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌رچونى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2019 ئه‌م فه‌رمانه راگیرا و تاوه‌كو ئێستا كارى پێنه‌كراوه.
ت. هه‌ریه‌كه له گه‌ڕه‌كه‌كانى: (ئاواره‌كان، 20 ماڵه‌كه، 50 ماڵه‌كه و 100 ماڵه‌كه) كه ئه‌مانه رێكخراوى UN كاتى خۆى بۆی دروست كردون، به بڕیارى ژماره 12073 كه له ساڵى 2006 ده‌ركراوه، تاوه‌كو ئێستا هاوڵاتیان ده‌توانن موڵكه‌كانیان تاپۆ بكه‌ن.
پ. هه‌ریه‌كه له گه‌ڕه‌كه‌كانى: (ئازادى، گۆران، حه‌مرین، سیروان و كه‌لارى كۆن كه 83 دۆنمى نه‌بێت تاپۆیه) كه ئه‌مانه به زیاده‌ڕه‌وى دروست كراون، ئه‌مانه‌ش به‌پێى یاسایی ژمارى 3ـى ساڵى 2019ـى هه‌موارى ژماره 7ـى ساڵى 2021 مامه‌ڵه‌ى تاپۆیان بۆ رایى ده‌كرێت و به‌پێى ئه‌و یاسایه ده‌بێت ئیفراز بكرێن.
ج. ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌شى كه نوێن له قه‌زاى كه‌لار، وه‌ك: شه‌هیدان و گه‌ڕه‌كه‌كانى، به كۆى گشتى له %99یان تۆماریان هه‌یه و هیچ كێشه‌یه‌كیان نیه به‌مه‌به‌ستى تۆماركردنیان.
2. قه‌زاى كفرى
له قه‌زاى كفرى به 2 یاسا مامه‌ڵه‌ى تاپۆ رایی ده‌كرێت، یه‌كێك له‌وانه یاساى ژماره 7ـى ساڵى 2021ـه، كه تایبه‌ته به خانوه زیاده‌ڕه‌وییه‌كان كه له سنورى شاره‌وانیدا كراوه، هاوكات ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ش كه گرفتێكیان نیه و موڵكى شاره‌وانین، به‌پێى یاساى ژماره 43ـى ساڵى 1971 تاپۆ ده‌كرێن.
3. ناحیه‌ى رزگارى
له ساڵى 1988به‌دوا تێبینه‌رایه‌تى تایبه‌ت به تۆمارى خانوبه‌ره له ناحیه‌ى رزگاری دا هه‌بوه كه سه‌ربه پارێزگاى سلێمانى بوه، كه كارى تاپۆكردن له‌و كاته‌وه له ناحیه‌كه‌دا ئه‌نجامدراوه تاوه‌كو ساڵى 2000 كه له قه‌زاى كه‌لار تێبینه‌رایه‌تى كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له ساڵى 1991 به‌شێكى زۆرى تۆماره‌كان سوتاون و له‌ناوچو‌ن، ته‌نها تۆمارى 5 هه‌زار و 500 موڵك ماونه‌ته‌وه ئه‌ویش نوسخه‌ى دوه‌میان له پارێزگاى سلێمانى بوه كه له ساڵى 2008 كارى له‌سه‌ر كراوه و تۆمارن، ئه‌گه‌رنا ته‌واوى ناحیه‌كه تاوه‌كو ئێستا تۆماریان بۆ نه‌كراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نزیكه‌ى 6 هه‌زار دۆنم زه‌وى بۆ شاره‌وانى ناحیه‌كه گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه كه له ئێستادا پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانى له‌سه‌ر كراوه.
سه‌باره‌ت به رێكاره‌كان بۆ سه‌رله‌نوێ دروستكردنى تومار بۆ ئه‌و خانوانه‌ى له ناحیه‌كه‌دا هه‌یه، به‌ڕێوبه‌رى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، ئه‌كره‌م ره‌زا، وتى: "له ئێستا لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه كه دادوه‌رى ناحیه‌كه سه‌رپه‌رشتى ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه كاره‌كانى سست كردوه، چونكه پێویستى به دادوه‌رێكى تایبه‌ت هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان به زوترین كات ده‌ست پێبكات، چونكه كارى مه‌یدانى زۆره و دادوه‌رى دادگاى ناحیه‌كه‌ش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى نیه".
4. ناحیه‌ى باوه‌نور
ته‌واوى ناحیه‌ى باوه‌نور به زیاده‌ڕه‌وى دروست كراوه و هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كى تاپۆكردنیان بۆ نه‌كراوه، له كاتێكدا به‌پێى یاساى ژماره 7ـى ساڵى 2021 ده‌توانرێت مامه‌ڵه‌ى ئیفراز كردنیان بۆ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ به‌روپێشچونێكى به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه، وه‌ك به‌ڕێوبه‌رى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، ئه‌كره‌م ره‌زا باسی لێوه‌كرد: "ناحیه‌ى باوه‌نور ئیشى زۆرباشى لێكرا، ته‌نانه‌ت تۆماریشمان بۆ جیاكرده‌وه به كۆمپیوته‌ر، له پلانیشدابو تێبینه‌رایه‌تى تایبه‌ت به خۆى بۆ بكرێته‌وه وه‌زاره‌تیش ره‌زامه‌ندى دا به‌كردنه‌وه، به‌ڵام ته‌نها یه‌ك ساڵ به گه‌رمى كارى تێدا كرا".
وتیشى: به جۆرێك راگیرا تاوه‌كو ئێستا كاركردن تێیدا ده‌ستى پێنه‌كردوه‌ته‌وه، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌كه‌ش نه‌هاتن و به‌دواى هۆكاره‌كه‌شى دا بڕۆن، له كاتێكدا ئێمه له خۆمانه‌وه ناتوانین كارى تێدا بكه‌ین، به‌پێى یاساكه‌ش تاوه‌كو ئێستا به پراكتیكى كارى له‌سه‌ر نه‌كراوه.
سێیه‌م: رێژه‌ى تاپۆكردن له گه‌رمیان
1. كه‌لار:
رێژه‌ى تاپۆكردن له قه‌زاى كه‌لار جیاوازه له نێوان گه‌ڕه‌كه‌كانیدا كه به‌مشێوه‌یه ( گه‌ڕه‌گه نوێیه‌كانى وه‌ك شوه‌هیدان به گشتى له %90ـى تاپۆیه، گه‌ڕه‌كه‌كانى وه‌ك به‌رده‌سور، سه‌ركه‌وتن، 500 ماڵه‌كه له %80ـى تاپۆیه.
هاوكات گه‌ڕه‌كه‌كانى وه‌ك: فه‌رمانبه‌ران، شۆڕش، بنگرد و شێروانه نزیكه‌ى له %60 تاپۆیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌ڕه‌كه‌كانى: ئازادى، گۆران، حه‌مرین، سیروان و كه‌لارى كۆن رێژه‌یان %0ـه "جگه كه 83 دۆنمى كه‌لاری كۆن كه تاپۆیه"، هه‌روه‌ها پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان جگه له دریملاند كه تاپۆیه، رێژه‌ى تاپۆكردن تێیاندا له %0.
"قەزای کەلار لە ٣٢ گەڕەک پێکهاتوە بەشێکی زۆریان تاپۆن و بەشێکیشیان بە زیادەڕەوی دروست کراوە، ئەوانەی کە تاپۆیان هەیە و گرفتێکیان نیە تەواوی گەڕەکەکانی شەهیدانە کە زیاتر لە ١٥ هەزار ماڵە تۆماریان هەیە، هاوکات هەندێک گەڕەکی کەمان هەیە کە بەشێکیان تاپۆن ئەوانیش گەرەکەکانی فەرمانبەران و بنگرد و شێروانە و شۆرش و بەردەسور و راپەڕینە کە بە بڕیای ژمارە ٢٤١ تۆمارکراون". ئەکرەم ساڵەح، سەرۆکی شارەوانی قەزای کەلار وا دەڵێت.
هێمای بۆ ئەوەشکرد: کۆمەڵێل مەجموعەمان هەیە وەک بەردەسور و ٥٠٠ ماڵەکە و گۆران و سەرکەوتن ، کۆمەلێک یاسا و بڕیاری یەک لەدوای یەک دەرچون بۆ تاپۆکردنیان، هاوکات کۆمەلێک خانوشمان هەیە کە UNدروستی کردون ئەوانیش ٤٠مالەکە و ٥٠ مالەکە و ئاوارەکانن کە ئەمانیش بریاری خۆیان هەیە بۆ تاپۆکردنیان.
به‌گشتیش و به وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، رێژه‌ى تاپۆ له قه‌زاى كه‌لار %70ـه.
2. كفری
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری دەڵێت: "قەزای کفری لە ١٥ گەڕەک پێکهاتوە، گەڕەکیشمان هەیە تاپۆی نیە، چونکە کاتی خۆی بە بڕیاری UNدروست کراوە، وەک ماستەر پلان هەیەتی لەگەڵ نەخشەدا، بەڵام کێشەی موڵکداری تێدایە".
وتیشی: کاری لەسەر کراوە، بەڵام یەکلانەبوەتەوە، هاوکات ئەم یاسا نوێیەش کە هەیە بۆ تاپۆکردنی خانوە زیادەڕەوییەکان نایانگرێتەوە و ساڵانە پارەئەدەن بە حکومەت کە ساڵی ٢٠ هەزار دینارە، ئەو گەڕەکەش گەڕەکی ئیمام محەمەدە.
به‌پێی ئاماره‌كانى شاره‌وانیش، رێژه‌ى تاپۆكردن له قه‌زاى كفرى له %80ـه.
3. ناحیه‌ى رزگاری/ كه‌لار
ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاری باس لەوە دەکات: "ناحیەی رزگاری لە ١٥ گەڕەک پێکهاتوە لە ئێستادا، وە ٢ گەڕەکی نوێشمان هەیە کە لە قۆناغی کاردان ئەوانیش نۆژەن ستی و پرۆژەی قەڵای شێروانەیە کە زیاتر لە ١١٠٠ یەکەیە، بەکۆی گشتی ٥ هەزار ماڵ تاپۆی هەیە، چونکە بەشێکی زۆری تۆماری خانوبەرە کاتی خۆی سوتاوە و لەناوچوە، تاوەکو ئێستا ئەو کێشەیە بەردەوامی هەیە ا چارەسەر نەکراوە".
دەشڵێت: بەپێی یاسای ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢١ داتوانین لەم یاسایەدا جێگەی بکەینەوە، بەڵام تۆماری خانوبەرەی گەرمیان دەڵێت ناتوانین ئەوە بکەین، لەبەر ئەوەی ناحیەی رزگاری مەجموعەی ئۆردگایە، بۆیەوە تاوەکو ئێستا بەم یاسا کارمان نەکردوە.
رێژه‌ى تاپۆكردن له ناحیه‌ى رزگارى نزیكه‌ى له %43ـه.
4. ناحیه‌ى باوه‌نور/ كه‌لار
"باوەنور لە ٥ گەڕەک پێکهاتوە، هیچ یەکێک لەو گەڕەکانە تاپۆی نیە"، وەحید یوسف وای وت.
دەشڵێت: لەگەل ئەوەشدا کۆمەڵێک ماڵمان هەیە لە دو شوێنی جیاواز کە گەڕەکێک پێک دەهێنن، ئەویش نزیکەی ٣٠٠ پارچە زەوییە و قەرەبوی هەندێک زەوی کشتوکاڵیە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەنەدی تاپۆی پێنەدراوە.
به‌پێی داتاكانى شاره‌وانى، رێژه‌ى تاپۆكردن له ناحیه‌ى باوه‌نور %1ـه.
5. ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا/ كفری:
به‌وته‌ى كاروان جه‌مال، به‌ڕێوبه‌رى تێبینه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى كفری، ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا له 4 گه‌ڕه‌ك پێكدێت و هیچ زیاده‌ڕه‌ویه‌كى تێدا نییه. رێژه‌ى تاپۆكردنیشی 50%ـه.
6. شێخ ته‌ویل/ كه‌لار:
رێژه‌ى تاپۆكردن له ناحیه‌ى شێخ ته‌ویل له %0ـه.
7. ناحیه‌ى ئاوه‌سپی/ كفری:
شاره‌وانى نیه و تاپۆی نیه.
8. ناحیه‌كانى ئه‌وبه‌رى سیروان
هه‌ردو ناحیه‌ى (قۆره‌تو و میدان) كه به ناحیه‌كانى ئه‌وبه‌رى سیروان ناسراون، لةطةلَ ناحيةكانى (نةوجول و كؤكس) ئه‌گه‌رچی له روى ئیدارییه‌وه سه‌ر به ئیداره‌ى گه‌رمیانن، به‌ڵام ناوضةى كيَشة لةسةرن و تۆماریان له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان دا نییه، بۆیه هیچ ئامارێكى ئه‌و ناحیانه‌مان ده‌ست نه‌كه‌وت.
به‌شى دوه‌م: كێشه‌كانى هاوڵاتیان له پرۆسه‌ى تۆمارى خانوبه‌ره‌دا
1. هاوڵاتیان: حكومه‌ت و شاره‌وانى سه‌ریان لێشێواندوین
به‌شێكى زۆرى ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى كه به زیاده‌ڕوى خانوه‌كانیان دروست كردوه تاوه‌كو ئێستا كارى تاپۆكردنیان بۆ راى نه‌كراوه، هاوڵاتیه‌كیش ده‌ڵێت: حكومه‌ت و شاره‌وانى هیچ رێكارێكى نه‌گرتوه‌به‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته.
ئاسۆ ئەحمەد، هاوڵاتی لە گەڕەکی ماڵە زیادەڕەوییەکانی فه‌رمانبه‌ران لە قەزای کەلار، باس لەوە دەکات: "حکومەت و شارەوانی سەریان لێ شێواندوین، چونکە هیچ رێکارێک نەگیراوەتەبەر بۆ تاپۆکردنی خانوەکانمان، لەبەر ئەوەی گەڕەکەکەی ئێمە بە زیادەڕەوی دروست کراوە، شارەوانی نەئەوەتا دەرمان بکا نە ئەوەتا بۆمان تاپۆ بکا، لەم نێوەندە ماوینەتەوە".
وتیشی: ماوەیەک بەر لە ئێستا شارەوانی سەردانی کردین و سەرژمێری شوێنەکەی کرد ئەویش تا نیوە بو و وەستا، ناشزانین هۆکارەکەی چی بو، هەر دوابەدوای ئەوەش کۆمپانیایەک هات پێی وتین بۆ هەر ماڵێك ٥ دەفتەر دۆلارتان دەدەینێ و شوێنەکە چۆڵ بکەن، ئەمەش خۆیان هاتبون حکومەت نەیناردبون، بەڵام ئەو هاوڵاتیانەی لێرە نیشتەجێبون رازی نەبون بە داواکە.
ئەم گەڕەکە لە ٤٠٠ ماڵ پێک هاتون، وەک خۆیان دەڵێن ئەم گەڕەکەی ئەوان تاپۆ ناکرێت لەلایەن حکومەتەوە، لەبەر ئەوەی زەویەکەی یەکێکە لە زەویە باشەکانی شار، بۆیە نازانین چی بکەین، حکومەتیش خەمساردە لەسەر ئەم بابەتە.
ئەرکان ئیبراهیم، هاوڵاتی لە قەزای کفری دەڵێت: "سەبارەت بە تاپۆکردنی خانوبەرە لەلایەن تاپۆوە هیچ گرفتێک نیە، ئەوەی گرفتە شارەوانیە کە هیچ ئاسانکارییەک ناکات بۆ هاوڵاتیان، زۆر ئاستەنگ دروست دەکەن بەتایبەت لە روی مۆڵەتی بیناوە، هۆکارەکەشی شەخسە".
دەشڵێت: خۆم خان‌و دروست دەکەم بۆ هاوڵاتیان بۆ هەر خانویەک ١ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دینار دەدەم بە شارەوانی، کەچی ئاسانکاری بۆ هاوڵاتی ناکەن.
"ئەوەی زانیاریمان هەیە لە بارەی تاپۆ هەتاوەکو ئێستا یەک زەوی یان یەک خان‌و لەم شارە تاپۆ نەکراوە، ئەو دەنگۆیەش کە گوایە تاپۆ بۆ ناحیەی باوەنور دەرچوە و ئیشی لەسەر دەکرێت تا ئێستا نەبوە بە ئەمری واقع، بۆیە زۆر بەی گرفتەکانی ئەم ناحیەیەش هۆکارەکەی نەبونی تاپۆیە", ئارام جەبار، هاوڵاتی لە ناحیەی باوەنور واى وت.
دەشڵێت: من خۆم یەکێکم لەو هاوڵاتیانە کە زەویەکم کڕیوە رێگە پێدانمان بۆ ناکرێت بیکەین بە خان‌و، لەکاتێکدا هەمو مەرجێکی بینای تیایەو لە نەخشەی بنەڕەتی شارەوانی بە شوێنی نیشتەجێبون هاتوە.
لەبەرامبەردا، وەحید یوسف، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی باوەنور هێمای بۆ ئەوەکرد: "هەندێک هاوڵاتی بازرگانی دەکەن بەسەر زەوی حکومەتەوە، بە جۆرێک خەڵکی وا هەیە ١٠٠٠ مەتر زەوی هەیە بەپێی یاسا نوێیەکەی تاپۆ کردن تەنها دەتوانێت ٣٠٠ مەتر تاپۆ بکات، ئەوەکەی کەی کە فرۆشتویەتیەوە ناتوانێت تاپۆی بکات، چونکە سودمەند بوە".
دەشڵێت: لە ناحیەکە ٣ کەیسی لەو شێوەیەمان هەیە کە زەوی وایان کڕیوەتەوە و ناشتوانن بیکەن بە خان‌و، شارەوانی ناتوانێت مۆڵەتیان پێبدات، تەنانەت پێم وتون کە بڕۆن و پارەکانیان وەربگرنەوە، لەبەر ئەوە یاسا رێگەیان نادات.
2. كێشه‌ى تاپۆنه‌كردنى خانوى 100 مه‌ترى
"لە قەزای کفری له‌لایه‌ن شاره‌وانیه‌وه رێگە به دروستكردنى خانوی ١٠٠ مەتری نادرێت، تاپۆشی ناکەن ئەگەرچی لە گەڕەکە کۆنەکانی قەزاکەش بێت، لە کاتێکدا ئەنجومەنی شارەوانی چەند بڕیارێکی لایە و تاپۆش ئاراستەی شاره‌وانی کفری کردوە لە ١ مەترەوە بۆ ١٠٠٠ مەتر دەکەین بە تاپۆ، کەچی شارەوانی نایکات دەڵێت لە سەرەوە نوسراومان بۆ هاتوە، بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانەکەم لایە". ئەرکان ئیبراهیم، هاوڵاتی لە قەزای کفری واى وت.
لە بەرامبەردا، عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری باس لەوە دەکات: "خانوی ١٠٠ مەتری مۆڵەتی بینای پێ‌نادرێت و تاپۆش ناکرێت، ئەمەش بڕیارێکی وەزارەتی دادە کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ دەری کردوە، دەڵێت نابێت زەوی ٢٠٠ مەتری دابەش بکرێت بۆ ١٠٠ مەتری، بەبێ ئەوە ئاماژە بەوە بکات ئەنجومەنێکی دادوەری یاخود لیژنەیەکی تایبەت بەو بوارە پێکبهێنرێت".
جەختی لەوەشکردەوە: زۆر هەوڵماندا کە ئەم یاسایە لە قەزاکە جێبەجێ نەکرێت، بەڵام سودی نەبو.
هاوكات، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لاریش جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه خانوى 100 مه‌ترى له قه‌زاكه مۆڵه‌تى بیناى پێ‌نادرێت به بڕیارێكى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى هاتوه، كه زه‌ویه‌كى 200 مه‌ترى بكرێت به 100 مه‌ترى، به‌ڵام ئه‌و مۆڵه‌تانه‌ى كه دراوه پێش ئه‌و بڕیاره گرفتێك نیه ده‌توانن خانوه‌كانیان بكه‌ن، به‌ڵام نوێ بێت رێگه نادرێت.
ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه تاپۆنه‌كردنى خانوى 100 مه‌ترى بڕیاره نه‌ك یاسا.
رزگار محەمەد، ئەندامی لیژنەی شارەوانیەکان لە پەرلەمانی کوردستان باس لەوەدەکات: زەوی ١٠٠مەتری کە تاپۆ ناکرێت یاخود ئیجازە بینای پێ‌نادرێت ئەمە یاسا نیە، بەڵکو بڕیارە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی کۆبوینەتەوە کە نابێت بەو شێوەیە بێت، لە وەڵامدا پێی راگەیاندین گەڕەکێک کە دروست دەبێت ئەگەر ٢٠ ماڵ بێت خزمەتگوزاری بۆ ٢٠ ماڵ دەبرێت نەک ٤٠ ماڵ، بۆیە ئەو بڕیارە دەرکراوە و کاری پێدەکرێت.
ئه‌كره‌م ره‌زا، به‌ڕێوبه‌رى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: "هیچ گرفتێك نیه له‌لاى ئێمه له 1 مه‌تره‌وه تاوه‌كو هه‌زاران مه‌تر تاپۆ ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ى گرفته له‌لاى شاره‌وانیه كه مۆڵه‌تى بینا نادات".
هاوكات، کاروان جەمال خورشید، بەڕێوبەری تێبینەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی قەزای کفری دەڵێت: "ئێمە گرفتمان نیە لە تاپۆکردنی خانوی ١٠٠ مەتری، بەلکو لە ١ مەترەوە تاوەکو ١٠٠ مەتر ئێمە تاپۆ دەکەین بەپێی یاسا و رێنماییەکان".
وتیشی: بەپێنەدانی مۆڵەتی بینا بە خانوی ١٠٠ مەتری یەکێک لە هۆکارەکان کە قەزاکە چۆڵ کرا، چونکە خەڵک لەتوانایدا نیە خانویەکی ٢٠٠ مەتری بکات بە بینا.
3. وه‌رگرتنى به‌رتیل
هاوڵاتیه‌ك جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه له‌به‌رامبه‌ر رایكردنى مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان له نێو شاره‌وانى قه‌زاى كفرى به‌رتیل وه‌رده‌گیرێت، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاكه‌ش ئه‌وه ره‌ت ده‌كاته‌وه.
ئەرکان ئیبراهیم، هاوڵاتی لە قەزای کفری وتی: "لە بەرامبەر رایکردنی مامەڵەکانم چەندین جار پێیان وتوم ٢٠٠ هەزار دینار بدە بێ کێشە بۆت تەواو دەکەن، وتومە نایکەم و بەرتیل نادەم".
لە بەرامبەردا، عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری وتی: "چەند ساڵ لە شارەوانی قەزاکە فەرمانبەر بوم ئێستاش سەرۆکی شارەوانیم، شتی وام نەبینیوە، بەڵام رەنگە ئەندازیارێک لەبەرامبەر دروستکردنی نەخشەیەک هەقی خۆی وەرگرتبێت، ئەگەرنا وەک به‌رتیل وەرگرتن شتی وام نەبینیوە".
جەختی لەوەشکردەوە: هەر هاوڵاتیەک بەڵگەیەکی لەو شێوەی لایە بابیهێنێت، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی شارەوانی پێشتریش نەماوە تاوەکو ترسێک هەبێت.
4. كارنه‌كردن به یاساى تۆماركردنى خانوى زیاده‌ڕه‌و
"لە قەزای کفری کار بە یاسای زیادەڕەوی ناکرێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەو ١٠٠٠ یەکەیەی کە دروست ئەکرێت لە قەزاکە هاوڵاتیان وەری بگرن، لە ئەمەش گرانە هەر یەکەیەک ٦ دەفتەر دۆلار ئەکەوێت، لە کاتێکدا خانویەکی ١٢٥ مەتری بە کامل مواسەفاتەوە بە ٣ دەفتەر دەکریت لە سەنتەری شاردا"، ئەرکان ئیبراهیم، هاوڵاتی لە قەزای کفری وا دەڵێت.
جەختی لەوەشکردەوە: بەپێی یاساکەش بۆ وەرگرتنی پارە لە روی تەخمیناتەوە کێشەیەک نیە و گونجاوە، بەپێی شوێن ئەگۆڕێت، بۆ نمونە خانویەکی ٢٤٠ مەتری لە باشترین گەڕەکی شار بە ٣ دەفتەر و ٢٥ وەرەقەیە، تەخمینی ئەکەن بە ٢ دەفتەر دۆلار، واتە ئێستا لە %٣٠ وەرئەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر بە ١٠ ملیۆن تەخمین بکرێت ئەوە ٣٠٠ هەزار وەرئەگیرێت.
هاوکات، ئاسۆ ئەحمەد، هاوڵاتی لە گەڕەکی ماڵە زیادەڕەوییەکانی فه‌رمانبه‌ران لە قەزای کەلار باس لەوە دەکات: "یاسای ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠١٩ هەبو وەکپێویست کاری لەسەر نەکرا، ئێستا هەموار کراوەتەوە بە یاسای ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠٢١ کە دەبێت ئەم خانوانە تاپۆ بکرێت، کەچی تاوەکو ئێستا نەکراوە، ئەگەرچی کار لەسەر گەڕەکی کوڵەجۆیەکان کراوە و بەشێکی تاپۆ کراوە، بەڵام بۆ ئێمە هیچمان پێ ناڵێن".
لە بەرامبەردا، ئەکرەم ساڵەح، سەرۆکی شارەوانی قەزای کەلار وتی: ئێمە بەشێک شوێنمان هەیە لە کەلار کە بە زیادەڕەوی دروست کراون، بەڵام گەڕەک نین، ئەوانیش لە پشتەوەی بەڕێوبەراتی پۆلیسی گەرمیان نزیکەی ٤٠ ماڵمان هەیە، لەگەڵ لیواڕەشەکە کە نزیکەی ١٥٠ ماڵن، هاوکات پشتەوەی شارەوانیمان کە ٢٥٠ ماڵن وە کۆمەڵێک ماڵی دیکەشمان هەیە لەسەر روباری سیروان.
باسی لەوەشکرد: ئەمانە تۆمار ناکرێن دەبێت قەرەبو بکرێنەوە کە بەپێی یاسا زەوییەکی ٢٠٠ مەتریە، یەکێک لە شوێنانە لیوا ڕەشەکەیە که نوسراوەکەیان لە ئەنجومەنی وەزیرانە و رێکاری باشی بڕیوە، ئەوەکانی دیکەش سەرژمێریمان کردوە و قەرەبویان دەکەینەوە.
بەپێچەوانەوە، هاوژین مەهدی، هاوڵاتی لە گەڕەکی حەمرینی قەزای کەلار، دەڵێت: "ئێمە ٢٤ ساڵە لێرەین و گەڕەکەکەی ئێمە لە ئێستادا تاپۆی بۆ دەرچوە بەپێی یاسای نوێی حکومەت، لە ئێستادا نەخشەی بۆ دروست کراوە بەپێی ئەو نەخشەیەش دەتوانیت دەستکاری خانوەکەمان بکەین، ئەگەرچی هەندێک ماڵ بەر نەخشەکە دەکەوێت و لادەبرێت، چونکە کاتی خۆی بە زیادەڕەوی دروست کراوە، باس لەوەش دەکرێت قەرەبو دەکرێینەوە".
وەحید یوسف، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی باوەنور، دەڵێت: "کار بە یاساکە دەکرێت، ئەوەی گرفتە هاوڵاتی بەدەمەوە نایەت، چونکە بۆ هەر تاپۆکردنێک مەبلەغێک پارە وەردەگیرێت کە لە ٥ هەزارەوە دەست پێدەکات بۆ ٨ هەزار دینار بۆ هەر مەترێک، بۆ نمونە لە خانویەکی ٢٠٠ مەتری ١ ملیۆن پارەی لێوەردەگیرێت، هاوڵاتیش ئەڵێ من خانوی خۆمە بۆ پارەبدەم و تاپۆی بکەم، لە کاتێکدا تاپۆکردنی زۆر سودی هەیە".
له به‌رامبه‌ردا، رزگار محەمەد، ئەندامی لیژنەی شارەوانیەکان لە پەرلەمانی کوردستان باس لەوەدەکات: "ئەم یاسایە کە ئێستا یەکەی نیشتەجێبونی پێ تاپۆ دەکرێت سەرەتا بە یاسای ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠١٩ دەکرا دواتر دو جار هەموار کرایەوە یەکێکیکان بەشێک لە مادەکان بو دواتر یاساکە، کە بو بەیاسای ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠٢١ کە ئێستا بەردەستە و کاری پێدەکرێت".
وتیشی: یاساکەش کە هەموار کرا زۆربەی پەرلەمانتارەکان کۆکبوین لەسەر ئەوەی کە زۆرتری هاوڵاتی سودمەندبن لە یاساکە، بە جۆرێک سەرەتا یاساکە بە مەتر پارەی لە هاوڵاتیان وەردەگرت جیاوازی نەکردبو، بەڵام ئێستا بوە بە رێژە و خەمڵاندن، بۆ هەر خانویەک کە تاپۆ بکریت لە %٥ پارە وەردەگیرێت، ئەگەر خانوەکە هی خۆی بێت و دابێتی بە کرێ %١٠ پارەی لێ وەردەگیرێت.
جەختی وەشکردەوە: واتە ئەگەر زەوییەک بای ١ دەفتەر دۆلار بێت ئەوە تەنها ٥٠٠ $ی لێوەردەگیرێت.
به‌شى سێیه‌م: گرفته‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان
1. هه‌یكه‌لیه‌تى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان پێكهاتوه له به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ك و تێبینه‌راتیه‌ك له قه‌زارى كفری، هۆبه‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان پێكهاتوه له: (هۆبه‌ى كارگێڕى و خۆیه‌تى، هۆبه‌ى ژمێریارى، و هۆبه‌ى وردبینى ژمێریارى، هۆبه‌ى هونه‌ری، هۆبه‌ى تۆماركردن، هۆبه‌ى تۆماره هه‌میشه‌ییه‌كان و هۆبه‌ى دۆسیه‌كان)، هاوكات هه‌مان هه‌یكه‌لیه له تێبینه‌رایه‌تى قه‌زاى كفرى بونى هه‌یه، جگه له هۆبه‌ى وردبینى و ژمێریارى.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره له گه‌رمیان سه‌ره‌تا تێبینه‌رایه‌تى بوه له قه‌زاى كه‌لار و له ساڵى 2000 كه كاره‌كان هه‌موى ده‌رۆشته‌وه پارێزگاى سلێمانى، دواتر له ساڵى 2013 بو به به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان.
ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه كارى تاپۆكردنى هه‌مو ناوچه‌كان ئه‌نجام ده‌دات، كه به وته‌ى به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ى كارێكى قورس و ئاڵۆزه.
2. گرفتى بینا
رێژه‌یه‌كى زۆرى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان بینایان نیه و كۆمه‌ڵێك به‌ڕێوبه‌رایه‌تى له نێو بینایه‌كدا كۆكراونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش بارگرانى بۆ دروستكردون، یه‌كێك له‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیانه.
ئه‌كره‌م ره‌زا، به‌ڕێوبه‌رى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات: "بیناكه‌مان خراپترین بینایه و له ناو قایمقامیه‌تى قه‌زاكه‌داین، تاوه‌كو ئێستا 3 جار ئاگرى تێچوه، كوالێتیه‌كه‌ى زۆر خراپه و به كه‌ڵكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره نایه‌ت، چونكه له ئه‌گه‌رى گرفتێكى كاره‌با هه‌مو شتێك له ناوده‌چێت و سفر ده‌بێته‌وه".
سه‌باره‌ت به دروستكردنى بینا بۆیان، به‌ڕێوبه‌رى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: زه‌ویمان بۆ ته‌رخان كراوه به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى بینا، به‌ڵام له ساڵى 2014ـه‌وه تاوه‌كو ئێستا راگیراوه به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه، تاوه‌كو ئێستاش چه‌ند جارێك هه‌وڵمانداوه بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى، به‌ڵام ئه‌نجامى نه‌بوه.
"گرفتی بینامان نیە، چونکە لە نێو قایمقامیەتی قەزاکەداین، ئەگەرچی زەویشمان بۆ دابینکراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە تاوەکو ئێستا بۆمان دروست نەکراوە"، کاروان جەمال خورشید، بەڕێوبەری تێبینەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی قەزای کفری وا دەڵێت.
جەختی له‌وەشکردەوە: چاوەڕوانی ئەوەش نین بۆمان بکەن.
3. گرفتى كه‌مى فه‌رمانبه‌ر
كه‌مى فه‌رمانبه‌ر له نێو فه‌رمانگه حكومیه‌كان یه‌كێكه له‌و كێشانه‌ى روبه‌ڕویان بوه‌ته‌وه، به‌جۆرێك فه‌رمانبه‌رێك كه خانه‌نشین ده‌بێت، فه‌رمانبه‌رى له جێگه‌دا دانانرێت، ئه‌مه‌ش كێشه‌ى بۆ فه‌رمانگه‌كان دروست كردوه، یه‌كێك له‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ش تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیانه.
ئه‌كره‌م ره‌زا، به‌ڕێوبه‌رى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان هێماى بۆئه‌وه‌كرد: "گرفتى كه‌مى فه‌رمانبه‌ر یه‌كێكه له‌و كێشانه‌ى روبه‌رومان بوه‌ته‌وه، به جۆرێك بارگرانى زۆرى بۆدروست كردوین، وه‌ك به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان به كۆى گشتى 37 فه‌رمانبه‌رمان هه‌یه، له‌و رێژه‌یه‌ش 8 دانه‌یان ته‌نسیب كراوه بۆ كه‌ركوك، 2 دانه‌شیان گرێبه‌ستن".
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: پێویستم به 35 فه‌رمانبه‌ره و داواشم كردوه، به دابینكردنیشیان زۆربه‌ى كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌بێت، هه‌موشیان پسپۆرییان هه‌یه له بواره‌كاندا.
هاوكات، کاروان جەمال خورشید، بەڕێوبەری تێبینەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی قەزای کفری دەڵێت: "ئیمە گرفتی کەمی فەرمانبەرمان هەیە بە جۆرێک ١٧ کەسین، لە بەشی یاساییەکەمان ١ فەرمانبەرمان هەیە ئەویش عەرەبە و کوردی نازانێت، لەکاتێکدا پێویستم بە ١٠ فەرمانبەری دیکە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها ٥ دانەیان شەهادەی بەکالۆریۆسیان هەیە، هەمو ئەوەکانی دیکە بێ شەهادەن".
دەشلێت: بەڵام ئەو فەرمانبەرانەم کە شەهادەیان نیە هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەکردوم، چونکە ئەزمونیان هەیە.
4. بونى فشار له‌سه‌ر هۆبه‌كان
لێپرسراوى هۆبه‌كان له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان و تێبینه‌رایه‌تى قه‌زاى كفرى جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، رۆژانه فشارێكى زۆریان له‌سه‌ره بۆ رایكردنى مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان، هۆكاره‌كه‌شى ده‌به‌ستنه‌وه به كه‌مى فه‌رمانبه‌ره‌وه.
ئاراز عوسمان، لێپرسراوى هۆبه‌ى تۆمار له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات: "وه‌ك تاپۆى گه‌رمیان فشارێكى زۆرمان له‌سه‌ره، وه‌ك هۆبه‌ى تۆماریش كه سه‌ره‌كیترین هۆبه‌یه له به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه فشارێكى زۆر زۆرمان له‌سه‌ره، چونكه زۆرترین مامه‌ڵه دێته لاى ئێمه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فه‌رمانبه‌رامان زۆر كه‌مه كه 4 كه‌سین، ئه‌گه‌ر 8 بوینایه زۆر باش ده‌بو".
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌م هۆبه‌ى ئێمه (ئیقرار) وه‌رده‌گرین كه كه ئاماده‌ى ده‌كه‌ین بۆ په‌نجه‌مۆر و تاپۆكردن، ئه‌مه‌ش ئیشى زۆر زۆره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌بێت له چه‌ند تۆمارێك "سجل" تۆماربكرێت، وه‌كو تۆمارى مامه‌ڵه و تۆمارى هه‌میشه‌یى و تۆمارى گشتى تاپۆى هه‌رێم.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه رۆژانه تا چه‌ند مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان رایى ده‌كه‌ن و چه‌ند ماوه‌ى پێویسته، لێپرسراوى ئه‌و هۆبه‌یه جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه: "رۆژانه 25 بۆ 30 مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان راى ده‌كه‌ین، ته‌نها له گه‌رمیان رۆژانه مامه‌ڵه‌ى هاولاًتیان راى ده‌كرێت راسته‌وخۆ كه به ڕێژه له %90 ده‌بێت، ئه‌مه له ناوچه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان كات داده‌نێن بۆ هاوڵاتیان به 15 رۆژ تاوه‌كو (ئیقرار)ێكى بۆ ده‌كه‌ن".
له هه‌مانكاتدا، ئه‌یاد عه‌دنان، فه‌رمانبه‌ر له هۆبه‌ى هونه‌رى له تێبینه‌رایه‌تى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: "ئێمه له هۆبه‌یه 2 فه‌رمانبه‌رین، رۆژانه‌ش لۆدمان له‌سه‌ره، به‌ڵام به‌و رێژه زۆره نیه، چونكه قه‌زاكه زۆر به‌رفراوان نیه، رۆژانه 15 بۆ 20 مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان دێته لامان".
وتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆژانه مامه‌ڵه‌ى وامان بۆ دێت به 15 رۆژ ته‌واو نابێت، هه‌شمانه به سه‌عاتێك ته‌واو ده‌بێت.
5. نه‌كردنه‌وه‌ى راهێنانى به‌هێزكردنى فه‌رمانبه‌ران
به‌رپرسانى تاپۆى گه‌رمیان ره‌خنه ده‌گرن له‌وه‌ى كه تاوه‌كو ئێستا راهێنانى به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناى فه‌رمانبه‌ران نه‌كراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به زانیارى نوێ ئاشنا بكرێن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ناچارن فه‌رمانبه‌ره‌كان بنێرنه ده‌ره‌وه‌ى گه‌رمیان بۆ به‌ڕێوبه‌رایتى تاپۆكانى پارێزگاكان، چونكه وه‌كخۆیان ده‌ڵێن ئه‌وان كارى زیاتریان هه‌یه و زانیارى له‌وانه‌وه وه‌رده‌گرن.
ئه‌كره‌م ره‌زا، به‌ڕێوبه‌رى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان وتى: " راهێنان بۆ فه‌رمانبه‌ران نه‌كراوه‌ته‌وه و نیه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئاستى زانیارى فه‌رمانبه‌رێك زیاتر بكه‌ین ئه‌وه ده‌یاننێرمه پارێزگاى سلێمانى یاخود تاپۆكانى هه‌ولێر، چونكه كارى ئه‌وان زیاتره و زانیاری‌یان زۆرتره، به پراكتیكى شته‌كان ده‌بینن".
هاوكات، کاروان جەمال خورشید، بەڕێوبەری تێبینەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی قەزای کفری باسی له‌وه‌كرد: "تاوه‌كو ئێستا هیچ راهێنانێكى تایبه‌ت نه‌كراوه‌ته‌وه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى زانیارى فه‌رمانبه‌ر، كه زۆر گرنگه هه‌بێت به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه له تۆمار كارده‌كه‌ن یاخود له‌سه‌ر كۆمپیوته‌رن".
6. مه‌ترسى لهناوچونى فایله‌كان
به‌رپرسانى تۆمارى خانوبه‌رى گه‌رمیان هۆشدارى ده‌ده‌ن له لهناوچونى ئه‌و فایلانه‌ى كه مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیانن و تایبه‌تن به تۆماره‌كانى خانوبه‌ره، وه‌كخۆیان ده‌ڵێن له بونى هه‌ر حاڵه‌تێكى ئاگركه‌وتنه‌وه یان خۆپیشاندانێك هه‌موى له ناوده‌چێت.
"مه‌ترسى لهناوچونى دۆسیه‌كانمان زۆر زۆره به‌هه‌ر هۆكارێك بێت به‌تایبه‌ت خۆپیشاندانه‌كان، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه ئه‌و شوێنه‌ى بۆمان ته‌رخان كردوه گونجاو نیه، به‌جۆرێك ته‌والێته‌كه‌شى تێدایه". ئه‌كره‌م ره‌زا، به‌ڕێوبه‌رى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان هێماى بۆئه‌وه‌كرد.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه: هه‌مو مه‌له‌فاتێكمان وێنه‌ى دوه‌مى سكان كراوه و له هه‌ولێره.
به‌پێچه‌وانه‌وه، کاروان جەمال خورشید، بەڕێوبەری تێبینەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی قەزای کفری دەڵێت: "ئێمه وه‌ك شوێنى هه‌ڵگرتى فایله‌كان گرفتێكى نیه له روى كوالێتیه‌وه، به‌ڵام گرفتێك ئه‌وه‌یه له بونى هه‌ر ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ك یان خۆپیشاندانێك هه‌موى له ناوده‌چێت".
7. به‌كارنه‌هێنانى سیسته‌مى داتابه‌یس وه‌ك پێویست
له مامه‌ڵه‌كانى په‌یوه‌ست به تۆمارى خانوبه‌ره‌دا له‌گه‌رمیان، ئه‌وه‌ى زۆر بایه‌خى پێنه‌دراوه، سیسته‌مى داتابه‌یسه، به‌ڵكو به رێكاره كۆن و ته‌قلیدیه‌كان مامه‌ڵه‌كان به‌ڕێ ده‌كرێن.
ئه‌كره‌م ره‌زا، به‌ڕێوبه‌رى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان هێماى بۆئه‌وه‌كرد: "سیسته‌مى كۆمپیوته‌ر كارى پێده‌كه‌ین بۆ راییكردنى هه‌ندێك له مامه‌ڵه‌كان و هه‌ر هاوڵاتیه‌ك موڵكێك بكات به ناوى خۆیه‌وه تۆمارى ده‌كه‌ین، به‌ڵام كاركردن به داتا به‌یس وه‌ك پێویست نیه".
وتیشى: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵمانداوه له‌گه‌ڵ پارێزگاى سلێمانى له داهاتو به‌جدى كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكه‌ین.
کاروان جەمال خورشید، بەڕێوبەری تێبینەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی قەزای کفری دەڵێت: "تەواوی مامەڵەکانی هاوڵاتیان بە دۆسیەیە و هیچی تۆماری کۆمپیوتەر نیە کە نزیکەی ٢٤ هەزار ژمارەیە، هۆکارەکەشی ئەوەیە ١ فەرمانبەری کۆمپیوتەرم هەیە ئەویش گرێبەستە".
وتیشی: دواوی دو فەرمانبەری کۆمپیوتەرم کردوە، كه ئه‌گه‌ر بۆمان دابین بكه‌ن تەنانەت لە ماوەی ٦ مانگدا دەتوانین هەموی بکەین بە ئەلیکترۆنی.
به‌شى چواره‌م: كێشه ته‌كنیكیه‌كانى پرۆسه‌ى تاپۆ له گه‌رمیان
1. كێشه‌ى تاپۆكردن به‌هۆی نه‌بونى نه‌خشه‌ى بنه‌ڕه‌تى
"کەلار کۆمەڵێک گەڕەکی هەیە بە زیادەڕەوی دروست کراوە و نەخشەیان نەبوە کە ژمارەیان ٥ گەڕەکە، ئەوانیش: کەلاری کۆن، ئازادی، حەمرین، گۆران و سیروانن، ئەمانە نەخشەی کەرتیان بۆ کراوە و پەسەندیش کراوە، تەنها کاری جیاکردنەوەیان ماوە بۆ ئەوەی بەش بەش بکرین". ئەکرەم ساڵەح، سەرۆکی شارەوانی قەزای کەلار واى وت.
دەشڵێت: بۆ نمونە کەلاری کۆن کە ٢٩٠ دۆنمە یەک تۆماری هەیە، بۆیە لە ئێستادا بەشێکی کارەکانی تەواوبوە، گەڕەکی سیروانیش تەواو بوە، حەمرینیش لە کاردایە، کە بەپێی یاسای ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠٢١ تاپۆ دەکرێن.
هاوکات، وەحید یوسف، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی باوەنور دەڵێت: "ئێمە تەنها یەک گەڕەکمان نیزامیە و گرفتی نیە، هەمو گەڕەکەکانی دیکە بەهۆی زیادەڕەوییەوە کێشەی تێدایە، کە دەبێت روپێوی بکرێت، هاوکات گەڕەکەکان نەخشەی بۆ دروست بکرێت".
وتیشی: یەکێک لەو کێشانەی کە هەمانە ١ ئەندازیارم هەیە لەگەڵ ١ روپێو "مەساح"، ئەمەش وایکردوە کارەکان قورس بڕوات، داواشم کردوە بۆمان دابین بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە.
بەپێچەوانەی ناحیە و قەزاکانی دیکە، ناحیەی رزگاری گەڕەکی زیادەڕەوی تێدا نیە، وەک ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی ناحیەکە باسی لێوەدەکات: "رزگاری زیادەڕەوی تێدا نیە، چونکە کاتی خۆی لەسەر نەخشە دابەشکراوە، تەنانەت لە ساڵی ١٩٨٧بۆ ١٩٩٠ لەو ماوەیەدا ١٣ هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە".
بەڕێوبەری نەخشەدانانی ئاوه‌دانى گەرمیان باس لەوەدەکات، قەزا و ناحیەکانی گەرمیان %٧٠ـی نەخشەیان هەیە، ئەوانەشی کە نیانە لە هەوڵداین کە بۆیان دروست بکەین.
سامان مەحمود، باس لەوە دەکات: "قەزای کەلار بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی نەخشەی هەیە، تەنها ئەو جێگانە نەبێت کە بە زیادەڕەوی دروست کراون، لە ئێستاشدا ٣ گەڕەکی ئیفرازی نەخشەی تەواو بوە و کاری لەسەر دەکرێت، ئەوانیش گەڕەکەکانی سیروان و حەمرین و کەلاری کۆنە، بە جۆرێک گەرەکی سیروان تەواو بوە و ئەو دو گەڕەکەکەی دیکەش لە کاردان، بە تەواوبونی ئەو دو گەڕەکە زۆربەی کێشەکانمان تەواو دەبێت، چونکە رێککردنەوەی زۆری تیایە هاوکات قەرەبوکردنەوەی هاوڵاتیانیشی تیایە".
وتیشی: قەزای کفریش بەشێکی زۆری کارەکانی تەواوبوە، بۆ ناحیەکانیش بەهەمان شێوە، بەجۆرێک ناحیەی شێخ تەویل لە %٨٠ـی کارەکانی تەواو ببو بەهۆی قەیرانی دارایی راگیرابو لە ئێستادا دەستمان پێکردوەتەوە، ناحیەی باوەنوریش لە %٩٠ـی کارەکانی تەواوبوە تەنها شوێنێک نەبێت کە بەرزی تیایە ئەبێت ئەوە چاک بکەین، ناحیەی رزگاریش لە %٩٠ـی تەواو بوە، ساڵەح ئاغاش لە %٩٠ـی کارەکانی تەواو بوە، هاوکات گردەگۆزینەش نەخشەی تەواو بوە، ناحیەی سەرقەڵاش قۆناغی باشی بڕیوە.
جەختی لەوەشکردود: بەکۆی گشتی گەرمیان لە %٧٠ی ناحیە و قەزاکان نەخشەی هەیە، ئەو شوینانەشی کە نەخشەی کەرتین لە هەوڵداین بیکەین بە نەخشەی بنەڕەتی.
2. كێشه‌ى تاپۆی یه‌كه نیشته‌جێبوه‌كان
به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات، به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كان هه‌ر پرۆژه‌یه‌كى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون تاوه‌كو %100 له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه وه‌رنه‌گیرێته‌وه تاپۆ ناكرێت، له گه‌رمیان 2 پرۆژه‌ى له‌و شێوه‌یه‌مان هه‌یه.
هونەر مەحمود، دەڵێت: "ئێمە ٢ پرۆژەمان لە روی بیناکاری و خانوەوە تەواو بوە لە قەزای کەلار، بەڵام خزمەتگوزاریەکانی تەواو نەبوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەریان نەگرتوەتەوە کە تاوەکو ئێستا تاپۆنەکراون، ئەوانیش هێلان ستی کە ٩٢٧یەکەیه لەگەڵ تابلۆ ستی کە ٩٠١ یەکەیه".
وتیشی: لە قەزای کفریش ١٣٢ یەکەمان هەیە بە هەمان شێوە تاپۆ نەکراوە بەو هۆکارە، بۆیە هەتاوەکو پرۆژەیەک %١٠٠تەواو نەبێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەری نەگرنەوە، تاپۆ ناکرێت، ئەمە بەپێی یاسا و رێنماییەکانی وەبەرهێنانە.
جەختی له‌وەشکردەوە: بە هەمو پرۆژەکانی دیکەوە ٨ بۆ ٩ هەزار یەکەی نیشتەجێبونی دیکەمان هەیە وەک وەبەرهێنان هەموی لە قۆناغی کاردایە.
سەبارەت بەو پرۆژانەی کە تاپۆیان بۆ کراوە، بەڕێوبەری وه‌به‌رهێنانی گەرمیان باسی له‌وەکرد: "لە ئێستادا ٤٠٨ یەکەمان هەیە لە قۆناغی کۆتایی دایە و مامەڵەی تاپۆشی بۆکراوە ئەویش نۆژەن ستیە، هاوکات ڤێلاکانی دریملاندیش کە ١٠٠ ڤێلایە تاپۆ کراوە و هیچ کێشەیەکی نیە.
3. نه‌بونى ئامێرى درۆن كێشه‌ى بۆ شاره‌وانیه‌كان دروست كردوه
وەحید یوسف، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی باوەنور باس لەوەدەکات: "ناحیەکە بە کۆی گشتی نەخشەی بنەڕەتی نیە، ئەوەی هەیە کەرتیە، نەخشەکەش بەڕێوبەری ناحیە پەسەندی کردوە، بەڵام وەزارەت پەسەندی نەکردوە، ئێستاش داوامان لە وەزارەت کردوە و دەرخستەیەکمان ئامادە کردوە، چاوەڕوانین ئامێرێکی درۆنمان بۆ دابین بکەن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ئەپدەیتی نەخشەکە بکەینەوە و نەخشەیەکی نوێ دروست بکەین".
جەختی لەوەشکردەوە: دوابەدوای پەسەندکرنی نەخشەکە دەست بە تاپۆکردن دەکەین.
هاوکات، بەرزان کەریم، بەڕێوبەری شارەوانیەکانی گەرمیان دەڵێت: ناحیەكانی گەرمیان و بەشێک لە شارەوانیەکان تاپۆیان نیە لەگەڵ نەخشەدا، لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردنی نەخشەن، بەتایبەت کێشەمان لە ساڵەح ئاغایە کە زەویەکانیان دەکەوێتە مادەی ١٤٠ەوە ناتوانین مامەڵەی تاپۆیان بۆ بکەین، هاوکات گردەگۆزینەش راستە "سورەت قەیدی" هەیە و زەوییەکانیان تاپۆی هەیە، بەڵام ئیفرازی نیە.
ئەگەرچی لە ئێستادا یاسای تایبەت بە تاپۆکردن هەیە و ئەوانەشی کە زیادەڕەویان کردوە دەتوانن خانوەکانیان تاپۆ بکەن، بۆ ئەم مەبەستە هاوڵاتیان تا چەند داواکارییان پێشکەش کردوە، بەڕێوبەری شارەوانیەکانی گەرمیان، هێمای بۆ ئەوەکرد: "هاوڵاتیان وەک پێویست بەدەمەوە نایەن و مامەڵەکانیان دەستپێبکەن، لە رێگەی لیژنەی لاوەکی کە لەسەر ئاستی شارەوانیەکان پێکهێنراوە، دواتر ئاراستەی لیژنەی باڵا دەکرێت".
جەختی له‌وەشکردوە: پێویستە ناحیەکان هەموی روپێوی "مسحی" بۆ بکرێت، ئەمەش نەبونی ستاف کێشەی بۆ دروست کردوین، بۆیە لە ئێستادا داوامان کردوە ئامێری درۆنمان بۆ دابین بکەن کە دەرخستەی شارەوانیەکانمان ئاراستەی وەزارەت کردوە، کە بودجەمان بۆ خەرج بکات، چونکە بە کڕینی ئەو ئامێرە بە یەک هەفتە کارەکان تەواو دەبن.
4. كارنه‌كردن و به‌ده‌مه‌وه‌نه‌چونى یاسای نوێی تۆمارى خانوبه‌ره
به‌پێى به‌دواداچونه‌كانى یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێى گه‌رمیان یاسایه‌كى نوێ به‌ركاره بۆ رایكردنى مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان به‌مه‌به‌ستى تاپۆكردنى موڵكه‌كانیان، ئه‌ویش یاساى ژماره 7ـى ساڵى 2021ـه، كه ده‌توانن به‌پێى ئه‌م یاسایه زیاده‌ڕه‌وییه‌كانیان تۆمار بكه‌ن.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له ته‌واوى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان لیژنه‌ى تایبه‌ت پێكهێنراوه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له قه‌زا و ناحیه‌كانى سنوره‌كه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى تێبینیه تاوه‌كو ئێستا ئه‌و لیژنه‌یه وه‌ك پێویست كارى له‌سه‌ر ئه‌م یاسایه نه‌كردوه، به‌جۆرێك هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك به‌م یاسایه نه‌گه‌شتوه‌ته تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان بۆ تاپۆكردن.
ئه‌كره‌م ساڵه‌ح، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كه‌لار باس له‌وه‌ده‌كات: "لیژنه‌ى تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێكهێنراوه و چه‌ند جارێك كۆبونه‌وه‌ش كراوه، به‌ڵام وه‌كپێویست كاره‌كان نه‌كراوه".
سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار هۆكارى كارنه‌كردن به یاساى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى به‌سته‌وه به‌وه‌ى كه قه‌یرانى دارایى و ڤایرۆسى كۆرۆنا و بایكۆت و نه‌بونى بودجه هۆكارى سه‌ركی په‌كخستنى كاره‌كان بون، وه‌كخۆى ده‌ڵێت ماوه‌یه‌كى كه‌مه ده‌وامكردن هاتوه‌ته‌وه سه‌ر سكه‌ى خۆى ئه‌م كارانه‌ش به ساڵێك ته‌واو نابن، له كاتێكدا زیاتر له 10 گه‌ڕه‌كى قه‌زاى كه‌لار به زیاده‌ره‌وى دروست كراوه، كه هه‌موى ئیفرازى ده‌وێت له‌گه‌ڵ دروستكردنى نه‌خشه‌دا.
له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدان به‌ڕێوبه‌رى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان، ئه‌كره‌م ره‌زا، جه‌تى له‌وه‌كرده‌وه: "تاوه‌كو ئێستا هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك نه‌هاتوه‌ته لاى ئێمه به‌م یاسا نوێیه تاوه‌كو تۆمارى بكه‌ین و تاپۆ بكرێت".
ئه‌مه له قه‌زاى كفرى به پێچه‌وانه‌وه‌یه، له‌وێ 108 مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان ئاراسته‌ى لیژنه‌كه كراوه و كارى له‌سه‌ر كراوه.
کاروان جەمال خورشید، بەڕێوبەری تێبینەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی قەزای کفری دەڵێت: "بەپێی ئەو لیژنەی کە هەمانە لەگەڵ لایەنە په‌یوەندیدارەکان تاوەکو ئێستا ١٠٨ مامەڵەی هاوڵاتیان هاتوەتە بەردەست، ٨ لەو مامەڵانە پەسەند کراوە، چونکە لەگەڵ نەخشەی شاردا گونجاوە، ئەوەکانی دیکەش لە کاردان".
به‌شى پێنجه‌م: داهاتى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان
ئه‌كره‌م ره‌زا، به‌ڕێوبه‌رى تۆمارى خانوبه‌ره‌ى گه‌رمیان هێماى بۆئه‌وه‌كرد: "به‌پێى یاسا له %3ى داهات ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان به جۆرێك ئه‌گه‌ر خانویه‌ك به‌پێى خه‌مڵاندنه‌كه‌ى كه له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تمه‌نده‌وه ده‌كرێت و سه‌ردانى موڵكه‌كه ده‌كات ئه‌گه‌ر بایى 150 ملیۆن دینار بێت ئه‌وه 4 ملیۆن و 500 هه‌زارى بۆ تاپۆ ده‌بێت".
به‌هه‌مان شیوه، کاروان جەمال خورشید، بەڕێوبەری تێبینەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی قەزای کفری وا دەڵێت: "له %3ى داهاتى هه‌ر موڵكێك كه تۆمار ده‌كرێت بۆ تێبینه‌رایه‌تیه".
به‌پێى ئه‌و ئاماره‌ى كه له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تاپۆى گه‌رمیان و تێبینه‌رایه‌تى قه‌زاى كفرى داهاتى 2 ساڵى رابردو و 6مانگى ئه‌مساڵ به‌مشێوه‌یه‌یه:
"بەپێی یاسای ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠٢١ی هەموار کراو، ئەو داهاتەی کە دەگەڕێتەوە بۆ شارەوانیەکان لە تاپۆکردندا، رێژه‌كه‌ى %٧٠ـە، رێژەکەی دیکەشی دەڕواتەوە خەزێنەی دەوڵەت و دیسان بۆ وەزارەتمان خەرج دەکرێتەوە". ئەکرەم ساڵەح، سەرۆکی شارەوانی کەلار وای وت.
ده‌شڵێت: به‌پێى یاسه‌كه دابه‌شكارى كراوه له‌و رێژه‌یه‌ى كه شاره‌وانى وه‌رى ده‌گرێت، بۆ نمونه ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه له ناو سنورى شاره‌وانیدا زیاده‌ڕه‌وى كراوه‌ته سه‌رى له %5 داهات وه‌رده‌گیرێت، هاوكات ئه‌و زیاده‌ڕه‌وییه‌ى كه كراوه كه‌سى زیاده‌ڕه‌وى كار خۆى تێدا نیشته‌جێ نه‌بێت ئه‌وه له %10 نرخى راسته‌قینه‌ى ده‌چێته سه‌ر واته ده‌بێته %15، هاوكات ئه‌گه‌ر زیاده‌ڕوى كرابێته سه‌ر موڵكى شاره‌وانى بۆ نمونه وه‌ك گه‌ڕه‌كى شه‌هیدان ئه‌وه له %25 داهاتى لێوه‌رده‌گیرێت، هاوكات سودمه‌ند بوبێت له حكومه‌ت ئه‌وه له %10ـى نرخى راسته‌قینه‌ى ده‌چێته سه‌ر واته ده‌كاته له %35، ئه‌مه‌ش به‌پێى یاساكه.
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری، هێمای بۆ ئەوەکرد: "بەپێی یاسای ژمارە ٣ـی ساڵی٢٠١٩ ئەو داهاتەی کە لە تاپۆکردن دەگەڕێتەوە بۆ شارەوانی %٣٠ بو، بەڵام ئێستا بەپێی هەمواری هەمان یاسا کە ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠٢١ لە %٧٠ـی داهات دەگەڕێتەوە بۆ شارەوانی و لە %٣٠ـی دەچێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت".
هاوکات، وەحید یوسف، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی باوەنور دەڵێت: "بەپێی یاسای هەمواری ژمارە ٧ـی ساڵی ٢٠٢١ لە %٧٠ـی داهاتی تاپۆ بۆ شارەوانی دەگەڕێتەوە کە ئەمەش لە دروستکردنی لیژنەی تایبەت بەو بوارە و دروستکردنی نەخشەدا بۆ قەزا و ناحیەکان خەرج دەکرێت، هاوکات %٣٠یش بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە".
به‌شى شه‌شه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. تاپۆ یه‌كێكه له كێشه سه‌ره‌كیه‌كانى بوارى خانوبه‌ره له گه‌رمیان، ئه‌م كێشه‌یه به‌تایبه‌تى له ناحیه‌كاندا زه‌قتره هه‌تاوه‌كو شاره‌كان، چونكه ناحیه‌ى ئه‌وتۆ هه‌یه 1%ـى خانوه‌كانى تاپۆ نین، به‌ڵام له شاره‌كان دۆخه‌كه زۆر باشتره و به‌گشتى رێژه‌ى تاپۆ له‌نێوان 70-80% دایه.
2. یه‌ك یاسا نیه كه ئه‌م بواره یه‌ك و رێك بخات، به‌ڵكو كار به چه‌ند یاسایه‌ك ده‌كرێت، ئه‌میش به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه سیاسی و ئابوری و ئه‌و واقیعه دیموگرافیانه‌ى هاتوه‌ته ئاراوه.
3. هاوڵاتیان به‌رچاویان رون نیه له پرسی تاپۆ دا، تائێستا له گرنگى و پێویستیه‌كه‌ى به باشى نه‌گه‌شتون، هه‌روه‌ك توشی جۆرێك له سه‌رلێشێوان بون به‌هۆی رێكاره‌كان ئه‌میش به كاریگه‌ریی جیاوازى یاسا به‌ركاره‌كان و ورده‌كاریی شوێن و روبه‌رى خانوه‌كانیانه‌وه.
4. فه‌رمانگه‌كانى تاپۆ له سنوره‌كه‌دا كێشه و گرفتیان زۆره، چ له روى بیناوه، چ له روى ستافه‌وه، هه‌روه‌ك چ له روى پێداویستی و ئامێره‌وه، ئه‌مه‌ش كارى كردوه‌ته سه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌كانیان، ته‌نانه‌ت مه‌ترسیشی له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یانه دروست كردوه كه له فه‌رمانگه‌كان دان.
5. كاركردنى فه‌رمانگه‌ى تاپۆ وه‌كو سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانى دیكه، كۆن و ته‌قلیدییه، ئه‌مه‌ش وایكردوه رۆتینی ئیداریی زۆر بێت و كاریش بكاته سه‌ر زو ته‌واوبونى مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان. جگه له‌وه‌ش خول و راهێنانى پێویست بۆ ستافی ئه‌و فه‌رمانگانه ناكرێنه‌وه.
6. له هه‌ندێك له ناحیه‌كان پرۆسه‌ى تاپۆ زۆر خاو به‌ڕێوه‌ده‌چێت یان راگیراوه، بۆنمونه: باوه‌نور پرۆسه‌كه به‌بێ بونى هۆیه‌كى رون تیایدا به راده‌یه‌كى زۆر راگیراوه، رزگاریش به‌هۆی ئه‌وه‌ى پێویسته لیژنه‌كه دادوه‌ر سه‌رۆكایه‌تى بكات و دادوه‌رێكیش ته‌رخان نه‌كراوه بۆ ئه‌م كاره، بۆیه به خاوى به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
7. نه‌بونى نه‌خشه‌ى بنه‌ڕه‌تیی وه‌كچۆن له كێشه زه‌قه‌كانى ئیداره‌دانى شاره، ئاوه‌هاش بۆ بوارى تاپۆش بوه به كێشه.
8. زۆربه‌ى پرۆژه نیشته‌جێبوه‌كان كێشه‌ى تاپۆیان هه‌یه و بۆیان ناكرێت، ئه‌ویش به‌وهۆیه‌ى ئه‌و پرۆژانه به فه‌رمى له‌لایه‌ن شاره‌وانیه‌وه وه‌رنه‌گیراون چونكه كێشه‌یان تێدایه و به كه‌موكورتییه‌وه راده‌ستى دانیشتوانه‌كه‌ى كراونه‌ته‌وه. له‌كۆی 3 پرۆژه‌ى نیشته‌جێبونى كه‌لار، ته‌نها یه‌كێكیان تاپۆ كراوه.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. پێویست ده‌كات له روی یاساییه‌وه، پرسی تۆمارى خانوبه‌ره پێداچونه‌وه‌ى پێبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى یاسایه‌كى گشتگیری نوێ دابڕێژرێته‌وه كه ئه‌و بۆشایی و كه‌موكورتییانه‌ى له بواره‌كه‌دا هه‌ن پڕ بكاته‌وه، هه‌روه‌ها دوایی بێنێت به‌و سه‌رلێشێوانه‌ى كه هاوڵاتیان به‌وهۆیه‌وه روبه‌ڕوى ده‌بنه‌وه.
ئه‌مه‌ش كارى پارله‌مانى كوردستانه كه له‌رێگه‌ى لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كانى كار بۆ رێكخستنه‌وه‌ى ئه‌م بواره بكات.
2. فه‌رمانگه‌كانى تاپۆ كێشه‌ى زۆریان هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى فشاری زۆریان له‌سه‌ره، هاوكات به‌هۆی نه‌بونى بینا و پێداویستی و كارمه‌ندى پێویسته‌وه، له‌ژێر فشارێكى زۆردان و هه‌روه‌ك ناشتوانن وه‌كو پێویست مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان رایی بكه‌ن.
ده‌بێن حكومه‌تى هه‌رێم گرنگیی به‌م فه‌رمانگه‌یه بدات و پێداویستییه‌كانى بۆ دابین بكات، بۆ ئه‌وه‌ى له‌و دۆخه‌دا نه‌مێنێته‌وه.
3. مه‌ترسیه‌كى زۆری فه‌وتان و لهناوچونى دۆسیه‌كانى تاپۆ هه‌یه، چونكه شێوازى هه‌ڵگرتنیان زۆر ته‌قلیدی و خراپ و نه‌شیاوه، هه‌ربۆیه گرنگه شوێنى پارێزراو بۆ ئه‌و دۆسیایانه دابین بكرێت و له هه‌ر مه‌ترسیه‌ك به‌دور بخرێن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێشنیاز ده‌كه‌ین كه له دروستكردنى بینا بۆ ئه‌م فه‌رمانگه‌یه، ره‌چاوى ئه‌م لایه‌نه بكرێت. هه‌روه‌ك هه‌تاوه‌كو كاتى دروستكردنى ئه‌م بینایه، پێشنیاز ده‌كه‌ین ئیداره‌ى گه‌رمیان شوێنێكی باش و پارێزراو ده‌ستنیشان بكات بۆ ئه‌وه‌ى وه‌كو كۆگاى هه‌ڵگرتنى ئه‌و دۆسیه‌یانه به‌كار بهێنرێت.
4. به‌هۆی ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى ئیداری له فه‌رمانگه‌كانى تاپۆ ته‌قلیدی و كۆنه، هه‌ربۆیه رۆتین زیاد ده‌كات و كاتیش زۆر ده‌بات، ئه‌مه‌ش به جاڕسكردن و كاتگرتنێكى زۆری هاوڵاتى كۆتایی پێدێت.
بۆیه پێشنیاز ده‌كه‌ین كه كاری فه‌رمانگه‌كه بكرێت به ئیلیكترۆنى، له رێگه‌ى بونى داتابه‌یسی تازه و گونجاوه‌وه، مامه‌ڵه‌كان رایی بكرێن و فشار له‌سه‌ر هاوڵاتیش كه‌مبكرێته‌وه.
5. گرنگه پێداچونه‌وه‌یه‌ك بكرێت به راژه‌ى فه‌رمانبه‌ران دا و فه‌رمانبه‌رانى پێویست بۆ فه‌رمانگه‌كانى تاپۆ دابین بكرێت، به‌تایبه‌تى فه‌رمانبه‌رى كارامه له‌و بوارانه‌ى كه پێویستیان پێیه‌تى.
6. به‌وهۆیه‌ى به‌شێكى به‌رچاو له فه‌رمانبه‌رانى فه‌رمانگه‌ى تاپۆ له سنوره‌كه پسپۆڕى بواره‌كه نین، بۆیه پێویستیان به خولی شیاندن و راهێنان هه‌یه. پێشنیاز ده‌كه‌ین كه به‌شێوه‌یه‌كى خولیی (دوری)، ئه‌م جۆره خولانه بۆ فه‌رمانبه‌ران بكرێته‌وه، به‌مه‌به‌ستى زاڵبون به‌سه‌ر ئه‌و كێشه و بۆشاییانه‌ى له‌كاركردن دا دروست ده‌بێت.
7. فه‌رمانگه‌كانى تاپۆ لاوازن له گه‌یاندنى ناوه‌ڕۆكى كار و چیه‌تى ئه‌ركه‌كانیان به هاوڵاتیان، به‌و به‌ڵگه‌یه‌ى زۆربه‌ى هاوڵاتیان له چیه‌تى كارى تاپۆ ئاگادار نین و به‌ڵكو توشى سه‌رلێشێوانیش بون، بۆیه پێشنیاز ده‌كه‌ین گرنگی زیاتر به‌م بواره بده‌ن و هۆشیاری پێویست له رێگه‌ى كه‌ناڵه‌كانى میدیا و سه‌كۆ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو بكه‌نه‌وه.
8. پێویسته ئه‌و لیژنانه‌ى بۆ پرسی تاپۆ پێكده‌هێنرێن به‌تایبه‌تى له ناحیه‌یه‌كى وه‌كو رزگاری، كارا بكرێن، به‌و رێگه‌یه‌ى كه دادوه‌رێك ته‌رخان بكرێت بۆ ئه‌و ئه‌ركه كه كار و ئه‌ركی دیكه‌ى نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌یه‌كى كه‌می دیارییكراو دا، پرۆسه‌كه بگات به ده‌ره‌نجام.