راپۆرتێك له‌باره‌ى كێشه‌کانى ده‌وامى فه‌رمی له‌ گه‌رمیان

2023/01/28    1143 جار بینراوە
 
رادیۆى ده‌نگ
 
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، نوێترین راپۆرتى مانگانه‌ى خۆی تایبه‌ت كردوه‌ به‌ پرسی "كێشه‌کانى ده‌وامى فه‌رمی له‌ گه‌رمیان".
  
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه‌ بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە به‌ شێوازى (PDF).
 
 
 
له‌ چوارچێوه‌ى چالاكیه‌كانى رادیۆی ده‌نگ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، هه‌ر مانگانه‌ى له‌ رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانه‌وه‌، راپۆرتێك له‌ باره‌ى بوارێكى په‌یوه‌ست به‌ حكومه‌ته‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ورده‌كاریی و كێشه‌ و تێبینی و داتا و به‌ره‌وپێشچونه‌كانى ئه‌و بواره‌ به‌ وردیی ده‌خاته‌ڕو.
له‌م مانگه‌شدا، له‌سه‌ر پرسی ده‌وامى فه‌رمى داموده‌زگا حكومییه‌كانى گه‌رمیان وه‌ستاوه‌، باسی ئه‌و كێشانه‌ى كردوه‌ كه‌ له‌و روه‌وه‌ هه‌ن، هه‌روه‌ك لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر خودی حكومه‌ت و هاوڵاتیانیش خستوه‌ته‌ڕو.
 
هه‌روه‌ك له‌ كۆتاییشدا ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده‌ى له‌باره‌ى ئه‌و پرسه‌وه‌ خستوه‌ته‌ڕو.
 
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگه‌، به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه‌ راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به‌ حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی.
 
ده‌قی راپۆرته‌كه‌ به‌ تێكست له‌ خواره‌وه‌ ده‌خوێننه‌وه‌.

به‌شى یه‌كه‌م: راپۆرت

پێشه‌كى:

ده‌وامی فه‌رمیی ده‌زگا حكومییه‌كانى گه‌رمیان، له‌ دواى سه‌رهه‌ڵدانى داعش و دوستبونى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ له‌ ساڵی 2014 به‌دواوه‌، ئاسته‌نگى زۆری هاتوه‌ته‌ به‌رده‌م و تائێستاش رێكوڕاست نه‌بوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ كه‌موكورتیی زۆردا تێده‌په‌ڕێت. جگه‌ له‌مه‌ش هه‌ندێك حاڵه‌تى دیكه‌ له‌ ده‌زگا حكومییه‌كاندا هه‌ن كه‌ كاریگه‌ریی و لێكه‌وته‌ى زۆری له‌سه‌ر ده‌وام و كاركردن به‌ پیشه‌یی هه‌یه‌.

له‌میانه‌ى ئه‌م راپۆرته‌وه‌، به‌دواداچونێكى ورد ده‌كه‌ین له‌وباره‌وه‌.

 

یه‌كه‌م: كێشه‌ى كاتى ده‌وام

1. ناوه‌ڕۆكى كێشه‌كه‌

تائێستا به‌ رونی نازانرێت كاتى ده‌وامى فه‌رمی ده‌زگا حكومییه‌كانى سنورى گه‌رمیان چه‌نده‌، به‌شێوه‌یه‌ك کاتی دەوامکردن لە بەڕێوبەرایتییەکان جیاوازە، هەندێکیان جەخت لەوەدەکەنەوە کەدەوامیان بەوجۆرە هاتوە، ئیدارەی گەرمیانیش دەڵێت: هەوڵمانداوە بۆ پابەندبونی زیاتر بە دەوام.

ئه‌گەرچی لەماوەی پێشوتردا ئیدارەی گەرمیان نوسراوێکی لەبارەی کاتی دەوامکردن بۆ دامودەزگاکان بڵاوکردەوە و گشتاندى به‌سه‌ریاندا، بەڵام هیشتا كێشه‌ هه‌یه‌.

بەپێی نوسراوەکەی ئیدارەی گەرمیان، ده‌وام (5) رۆژه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا (یه‌كشه‌مه‌ بۆ پێنجشه‌مه‌) جگه‌ له‌و ده‌زگایانه‌ى وه‌كو قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌كان كه‌ ده‌وامیان (6) رۆژه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا، ده‌شبێت رۆژانه‌ دەوامی سەرجەم دامودەزگا حکومیەکانی سنورەکە لە کاتژمێر (8:30) بەیانی دەستپێبکات تاوەکو کاتژمێر (3)ـى دوانیوەڕۆ.

بەڵام به‌پێی به‌دواداچونه‌كان، هیچ ده‌زگایه‌كى حكومى پابه‌ند نیه‌ به‌و واده‌یه‌وه‌ هەندێکیان له‌كاتژمێر (9:00)ـى به‌یانى ده‌ستبه‌كار ده‌كه‌ن و له‌ كاتژمێر (1)ـى دوانیوه‌ڕۆ و هه‌شه‌ له‌ (2)ـى دوانیوه‌ڕۆ كۆتایی به‌ ده‌وام ده‌هێنن.

لە شارەوانی کەلار دەوامی ئاسایی تاوەکو کاتژمێر (1:30)ـى دوانیوەڕۆیە. ئه‌كره‌م ساڵح، سەرۆکی شارەوانی كه‌لار، لەوبارەیەوە دەڵێت: تاوەکو ئێستا دەوامی ئاساییمان بەوجۆرەیە، بەڵام لە کاتی پێویستدا زیاتر دەمێنینەوە.

شادیه‌ حسێن، بەڕێوبەری گشتى کشتوکاڵی گەرمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد ده‌وامیان هاوشێوه‌ى شاره‌وانى كه‌لاره‌.

بەرێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، بەوته‌ى بەڕێوبەرەکه‌ی، دەوامی ئاسایی رۆژانەیان کاتژمێر (2)ـى دوانیوه‌ڕۆ تەواودەبێت. ئەمە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیانیش هه‌روایه‌.

 

2. لێكه‌وته‌كانى كێشه‌ى كاتى ده‌وام له‌سه‌ر هاوڵاتیان

هاوڵاتیان نیگەرانن لە پابەندنەبونی تەواوەتی دامودەزگا حکومیەکان بە کاتی دەوامکردنیانەوە.

تەواوکردنی رێکاری پێدانی مۆڵەت بۆ فرۆشگاکەی، مەجید محەمەدی هاوڵاتی و دانیشتوی قەزای کەلار دەباتە سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار، بەڵام وەکخۆی دەڵێت: ئەو رۆژەی سەردان دەکات هیچ فه‌رمانبه‌رێك لەوێدا نابینێته‌وه‌ كاره‌كه‌ى بۆ رایی بكات.

بەوتەی خۆیشی، ئەوە تاکە شوێن نەبوە کە سه‌ردانی کردوە و ئەو حاڵەته‌ی تێدا بوە، بەڵكو لە چەند بەڕێوبەرایەتیەکی دیکەش هەمان شت دوبارە بوه‌تەوە.

ئه‌م گرفته‌ وایكردوه‌ كاره‌كه‌ى له‌ كاتى خۆی دا بۆ ته‌واو نه‌كرێت و دوابكه‌وێت بۆ هه‌فته‌ى داهاتو.

هه‌ندێك له‌ هاوڵاتیانى دیكه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ كاتى ده‌وام كه‌مه‌ و رۆتینی ده‌وامیش زۆره‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌ یه‌ك رۆژدا نه‌توانن مامه‌ڵه‌یه‌ك ته‌واو بكه‌ن، ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌ بۆیان.

 

3. هۆكارى یه‌ك نه‌بونى كاتى ده‌وام

به‌ رای ئیداره‌ى گه‌رمیان، كێشه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ موچه‌وه‌، رۆڵی هه‌بوه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى راده‌ى پابه‌ندبون به‌ ده‌وامى فه‌رمییه‌وه‌.

چۆمان ئەحمەد، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی ئیدارەی گەرمیان، وتى: بەهۆی هەبونی قەیرانی دارایی، دەوام ساردیی و سستی تێکەوت، بەهۆکاری یەکەم لە  بەر دواکەوتنی موچە.

به‌كاریگه‌ریی قه‌یرانى دارایی، موچه‌ خۆران موچه‌یه‌كى زۆری ساڵانى پێشویان لای حكومه‌ته‌، به‌وته‌ى عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، لە ساڵی‌ (2015)ـەوە تا ئێستا، حکومەت نزیکەی‌ دو ساڵی‌ تەواوی‌ پارەی‌ موچەخۆران قەرزارە کە بڕەکەی‌ نزیکەی‌ 21 ترلیۆن و 600 ملیار دینارە.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى حكومه‌ت ماوه‌ى زیاتر له‌ 6 ساڵه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌ى فه‌رمانبه‌رانى راگرتوه‌ ئه‌ویش به‌كاریگه‌ریی قه‌یرانى دارایی، بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ى زیاتر به‌ فه‌رمانبه‌ران نه‌دات.

ئه‌م دو خاڵه‌، له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانى یه‌كنه‌بون و بونى كێشه‌ن له‌ ده‌وامكردن دا.

شادیه‌ حسێن، بەڕێوبەری گشتى کشتوکاڵی گەرمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌وام له‌و راده‌یه‌ى كه‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان گشتاندنى بۆ كردوه‌، وەک یارمەتیدان بوه‌ بۆ فەرمانبەرانیان، ئه‌مه‌ش لە پای گرفتی موچە و قەرزی موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران لای حکومەت.

 

4. هه‌نگاوه‌كانى رێكخستنه‌وه‌ى ده‌وام

ئیداره‌ى گه‌رمیان دوابه‌دواى گشتاندنێك بۆ سه‌رجه‌م داموده‌زگاكان بۆ ئه‌وه‌ى پابه‌ندى ده‌وام بن به‌و راده‌یه‌ى دیارییكردوه‌، هاوكات لیژنه‌یه‌كیشی پێكهێناوه‌ و چاودێریی ده‌وام ده‌كات له‌ داموده‌زگاكان.

چۆمان ئه‌حمه‌د، له‌باره‌ى پێكهێنانى ئه‌و لیژنه‌یه‌وه‌ وتى: له‌م ماوه‌یه‌ى رابردودا دۆخەکە کەمێک گۆڕا، بۆیە بە پێویستمانزانی لیژنەیەکی تایبەت لە ئیدارەی گەرمیان کارا بکرێتەوە و بەدواداچونی زیاتربکرێت بۆ پابەندبونی داموده‌زگاكان به‌ ده‌وامه‌وه‌.

به‌ رای کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کەموکورتی هەیە له‌و روه‌وه‌، بەڵام به‌وته‌ى خۆی ئەوە تەنها بەڕێوبەرایەتیەکان نین، بەڵكو خودی ئیدارەی گەرمیانیش پابەندی تەواوەتی دەوام نین.

چالاکوانێکیش تێبینی له‌سه‌ر ئه‌و پلانه‌ى ئیدارەی گەرمیان و سه‌ردانى لیژنه‌كانى هه‌یه‌.

ئارام پاڵانی، وتى: تێبینیم هەیە لە بارەی ئەو لیژنەیەوە، چونکە رون نیە کەسانی شارەزایان تێدایە، جگه‌ له‌وه‌ش کاتێک سەردانی فەرمانگەکان دەکەن بەجۆرێک لەجۆرەکان فەرمانبەرەکان ئاگادارن، ئەمەش وادەکات ئه‌گه‌ر کەموکورتیەکیش هەبێت بەدیی نەکرێت.

داموده‌زگاكان به‌مه‌به‌ستى رێكخستنه‌وه‌ى ده‌وام، لیستی تۆمارى رۆژانه‌ى ئاماده‌بونیان هه‌یه‌ كه‌ به‌ "لیستی ئیمزا" ناسراوه‌.

سەرۆکی شارەوانی کەلار، دەڵێت: لە رێگەی لیستێکەوە رۆژانە واژوی  هاتن و چونە دەره‌وەی فەرمانبەرەکان دەکه‌ین. 

هەمان رێکار له‌ زۆرینه‌ى داموده‌زگاكان په‌یڕه‌و ده‌كرێت.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌شێكیان ئامێری ئه‌لیكترۆنیان بۆ تۆماری ئاماده‌بون هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ رێگه‌ى په‌نجه‌ مۆری ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ واده‌ى هاتن و چونی فه‌رمانبه‌رانیان ده‌زانن.

 

دوەم: سه‌ردانى حزبی له‌ كاتى ده‌وام دا

1. قه‌باره‌ى كێشه‌كه‌

هه‌تا ئێستاش به‌ڕێوبه‌رانى حكومى به‌شداریی له‌ بۆنه‌ حزبییه‌كان دا ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی خۆشیان ره‌دی ده‌كه‌نه‌وه‌ یان پاساوى جۆراوجۆریان هه‌یه‌.

به‌وته‌ى چالاکوانى مه‌ده‌نى: ئارام پاڵانی، ‌هێشتا سەردانی حزبی ماون لە نێو بەڕێوبەرایەتیەکاندا و تەنانەت دەڵێت: رۆژانە لەگەڵ بونی بۆنە و مەراسیمی حزبەکان، بەشداری بەڕێوبەرەکان بەدی دەکرێت.

ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌ نوسراوى فه‌رمی ئاگادارى سه‌رجه‌م ده‌زگاكانى حكومه‌تى كردوه‌ كه‌ خۆیان له‌ به‌شدارییكردنى چالاكى و سه‌ردانى حزبی له‌ كاتى ده‌وامدا به‌دور بگرن، به‌ڵام داموده‌زگاكان به‌ ته‌واوى پابه‌ندی ئه‌م بڕیاره‌ نه‌بون، به‌ خودی ئیداره‌ى گه‌رمیانیشه‌وه‌.

هەریەکه‌ لە سەرۆکی شارەوانی کەلار و به‌ڕێوبه‌رى هاتوچۆی گەرمیان و به‌ڕێوبه‌رى پۆلیسی گەرمیان، رەتیدەکەنەوە کە لەپاش ئەو نوسراوەی ئیدارەی گەرمیان سەردانی بارەگای حزبەکانیان بۆ ئەو مەبەستانە کردبێت.

هەرچی لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕانیشە، شادیە حسێن و ژیلوان عادل، بە دوری دەزانن کە پێشوتر و ئێستاش  بەشداری ئەو جۆرە مەراسیم و بۆنانه‌یان کردبێت  لە کاتی دەوامی فەرمیدا.

به‌ڵام شادیە حسێن دان به‌وه‌شدا ده‌نێت لەکاتی دەستبەکاربونی بەرپرسی نوێی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی، لەگەڵ بەشێک لە فەرمانبەرەکانی دا و لە کاتی دەوامدا بۆ پیرۆزباییكردن سەردانی كردون.

عەزیز محەمەد، بەڕێوبەری ناحیەی ئاوەسپی لە پشکی یەکگرتوی ئیسلامی، دەڵێت: هیچ کاتێک لە کاتی دەوامی حکومی سەردانی حزبیمان نەبوە.

چالاکوانان بڕیارەکەی ئیدارەی گەرمیان بەپێویست دەزانن، بەڵام کۆکن لەسەر ئەوەی ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت.

شەماڵ ره‌ئوف، چالاکوان لە قەزای کفری، وتى: نوسراوەکەی ئیدارەی گەرمیان کارێکی باشە، بەڵام پێموانیە بتوانرێت لەواقیعدا جێبەجێ بکرێت، چونکە سەردانەکان هەر ماون.

ئاراز محەمەد، چالاكوان له‌كه‌لار، پێیوایه‌ بڕیاره‌كان به‌سه‌ر هه‌مواندا وه‌كو یه‌ك جێبه‌جێ ناكرێن، وتى: ئیدارەی گەرمیان بۆهەندێک کەس دەتوانێت ئیجرائات بکات، بەڵام بۆ بەشێکی دیکە ناتوانێت، هەنگاویان ناوە بۆئەوەی گۆڕانکاری بکەن، بەڵام نەیانتوانیوە، چونکە فشاری حزبیان لەسەر هەیە، خۆیان بەدەست حزبێکی دیاریکراوەوەن.

له‌به‌رامبه‌ردا چۆمان  ئەحمەد، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیدارەی گەرمیان دەڵێت: سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەڵێ کادری یەکێتییە، لێکتێگەشتنی باشی هه‌یە لەگەڵ ئەو حزبە و حزبه‌كانى دیکەش دا، بەڵام ئێمە لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان کاردەکەین، چونکە ئەوە پۆستی حکومیە.

بەڕێوبەری پۆلیسی گەرمیان، محەمەد حاجی فایەق، دان به‌وه‌دا ده‌نێت سه‌ردانیكردن هه‌بوه‌، به‌ڵام وه‌كخۆی ده‌ڵێت: "هەوڵمانداوە لەکاتی دەوامدا نەبێت و لە دوای ئەوە سەردان بکەین، بەڵام هەندێک شت پەیوەندی بە ئیشەکەمانەوە هەبوبێت وەک هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیەکانی دیكه‌، هەر دەبێت لەکاتی دەوامدا بێت".

به‌ڕێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیانیش دان به‌ بونى سه‌ردانی حزبی ده‌نێت، وتى: بەڵی سەردانیکردنی حزبیمان هەبوە، بەڵام ئەوە وەک  کار و چالاکی بوە.

دارا ئەحمەد، كه‌ له‌ پشكی یه‌كێتى نیشتمانى ئه‌و پۆسته‌ى لایە، باسی لەوەشکرد بە تەنها یه‌كێتی نیه‌ کە سەردانیان دەکەن، بەڵکو لایەنه‌کانی دیکەش سەردانی بەڕێوبەرایەتییەکەیان ده‌كه‌ن، به‌وپێیه‌ى "ناوه‌ندێكى پەروەردەیی و زانستی کۆمەڵایەتییە".

بەپێی ئەو وێنانەی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوکراونەتەوە، سەرۆکی شارەوانی کەلار سەردانی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی كردوه‌. لەوبارەوە دەڵێت: زیاتر سەردانەکانمان پاش دەوامی فەرمیە کە ئەمەش هیچ گرفتێکی تێدانیە، یان بەهۆی کاروباری هاوڵاتیانەوە سەردانمان كردوە و زیاتر رۆژانی شەمە (کە دەوامی فەرمی نییە) ئەو سەردانانە دەکەین.

محسن مەنسور، به‌ڕێوبه‌رى هاتوچۆی گه‌رمیان له‌ پشكی یه‌كێتى نیشتمانى، به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌ڵێت: من کەمترین سەردانى حزبی دەکەم، دوای نوسراوەکەی ئیدارەی گەرمیانیش سەردانیەکی ئەوتۆم نەکردوە، بەجۆرێک بەرپرسی دیاری یەکێتی هاتوه‌تە سنورەکە، سه‌ردانم نه‌كردوه‌ و ته‌نها تەلەفۆنم بۆ کردوە.

دەشڵێت: ئه‌گەر لەکاتی دەوامدا رۆشتبێتم  ئەوا بۆ ئیشوکاری هاوڵاتیان بوە.

لەبارەی ئەوەی لەماوەی پێشوتردا یاوەری لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی کردوە له‌ سەردانێكدا بۆ ناحیەی رزگاری، وتی: ئەوە بۆ دەستبەکاربونی بەرپرسی بنكه‌ى رزگاری سەر بە بەڕێوبەرایەتیمان بوه‌ نەک بۆ شوێنێکی دیکە.

به‌ رای چالاكوانێك، به‌رێوبه‌ره‌كان پابه‌ند و ناچارن به‌ سه‌ردانیكردنى حزبی، به‌هۆكارى ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه‌ حزبییه‌ى له‌ كاره‌كانیان دا هه‌یه‌.

شەماڵ رەئوف، زیاتر وتى: بۆ بچوکترین پۆست دەبێت رەزامەندی حزبی هەبێت، کە ئەمه‌ش گرفت دروست دەکات.

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بەڕێوبەری گشتى کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت: هیچ دەستێوەردانێکی حزبیمان نیە و دەستی حزبمان لە کاری حکومیدا بڕیوە.

شادیه‌ حسێن، هه‌روه‌ها وتیشی: بەڵێ هاوڵاتی هەیە سەردانمان دەکات لەلایەن حزبەوە، بەڵام تەنها پێماندەوترێت گوێ لەداواکاریەکەی بگرین.

ژیلوان عادل، به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێری و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان كه‌ هاوشێوه‌ى شادیه‌ حسێن له‌ پشكی گۆڕان ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتوه‌، باسی لەوەکرد: رەنگە کەسێکی دیاریکراو داواکاری لێمان هەبوبێت، بەڵام حزبەکەمان جەختی لەوە کردوه‌تەوە کە ئەوە خواست و ویستی ئەوان نیە و ناچار ناکرێین بۆ هیچ شتێک.

ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار كه‌ له‌ پشكی یه‌كێتیه‌، ده‌ڵێت: خەڵکی ئێمە خەڵکێکی کۆمەڵایەتیە، لەبەر ئەوەی کادری یەکێتین، هەندێكجار لەڕێگەی حزبه‌وه‌ پەیوەندی بەئێمەوە دەکەن، بەڵام دورە لەفشار و تەنها داواکاریەکە لە چوارچێوەی یاسادا.

له‌به‌رامبه‌ردا، میقداد شێخ بەهادین، لێپرسراوى مەڵبەندی 11ـى رێکخستنی  گەرمیانى یه‌كێتى نیشتمانى، لەبارەی هەبونی دەستێوەردانیان له‌ كارى حكومى و سه‌ردانیكردنیان، وتى: ئەوان کادری ئێمەن و ئێمە ئەوانمان ناردوەتەوە حکومەت و ئەرکمان پێداون، هه‌ربۆیه‌ چاودێرییان دەکەین نەوەک تێکەڵاوی کاریان بین.

وتیشی: سەردانیکردنی ئێمە بۆ ئەوان ئاساییە، لەوێوە دڵنیا دەبینەوە لەوه‌ى تاچەند لەخزمەت هاوڵاتیانن و کاریان رایی دەکەن.

لەوه‌ڵامى پرسیاری ئه‌وه‌ى مه‌گه‌ر به‌ڕێوبه‌ره‌كان نابێت خۆیان كاری هاوڵاتیان رایی بكه‌ن؟ میقداد شێخ به‌هادین، وتى: بەڵی دەیکەن، ئەرکی ئێمەشە زیاتر جەختیان لێبکەینەوە.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، بە پێویستی دەزانێت ئه‌و سه‌ردانانه‌ سنوردار بكرێن.

كه‌ریم عه‌لی، وتی: ئه‌م حاڵه‌ته‌ پیشاندانی دەستی حزبە لە نێو بەڕێوبەرایەتییەکان کە بەپێویستی دەزانین سنوردار بکرێت یان رێگری لێبکرێت.

چۆمان ئه‌حمه‌د، لێپرسراوى به‌شى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى ئیداره‌ى گه‌رمیان، له‌باره‌ى ئه‌م پرسه‌وه‌ ده‌ڵێت: بەڕێوبەرایەتییەکان پابەند دەکرێن به‌مه‌وه‌، بەڵام حیزب ئیسلوب و شێوازی خۆی هەیە و ناتوانین پابەندیان بکەین، لەگەڵیشیدا پەیوەندی و لێکتێگەشتنی باشمان هەیە، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت سەردانی هیچ کوێ نەکه‌ن، چونكه‌ ئه‌وانیش بۆ ئیش هاتون و مەرج نیە سەردانی هەرکوێ بکه‌ن بۆ کاری حیزبی بێت.

 

سەردانێکی لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی (ی. ن. ک) بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان

 

2. لێكه‌وته‌كانى كێشه‌كه‌

سه‌ردانى حزبی سه‌رده‌كێشێت بۆ ده‌ستوه‌ردانى حزبی، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌وته‌ى شاره‌زایه‌ك واده‌كات حكومه‌ت كارى خۆی نه‌كات و له‌ بری توانا، واسته‌ و پشكپشكێنه‌ جێگه‌ى بگرێته‌وه‌.

به‌وپێیه‌ى حكومه‌تی خۆجێی گه‌رمیان له‌ چوار لایه‌ن پێكهاتوه‌ (یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتو و کۆمەڵ)، بۆیه‌ هه‌ندێكجار خودی به‌ڕێوبه‌رانى حكومى هه‌ست به‌ بونى جیاكارى حزبی ده‌كه‌ن.

بەڕێوبەری گشتى کشتوکاڵی گەرمیان كه‌ له‌ پشكی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌، دەڵێت: هەستم بەجیاکاری کردوە لە گەڵمدا.

شادیە حسێن، نمونه‌ى ئه‌وه‌ى هێنایه‌وه‌ كه‌ كاتێك سه‌ردانى پرسه‌ى فه‌رمانبه‌رێكى خۆی كردوه‌، ئیداره‌ى گه‌رمیان داوای كردوه‌ لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت، له‌كاتێكدا هه‌مان شت بۆ به‌ڕێوبه‌رانى دیكه‌ نه‌كراوه‌.

كه‌ریم عه‌لی، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له‌ لیستی گۆڕان، جه‌خت له‌م خاڵه‌ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئەو بڕیارەی ئیدارەی گەرمیان لە بیروبۆچونێکی حزبییەوە سەرچاوەی گرتوه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا دو به‌رپرسی گۆڕان و یه‌كگرتو، واینابینن به‌هۆكارى حزبی جیاكارییان له‌به‌رامبه‌ر كرابێت.

ژیلوان عادل، کە لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان به‌ڕێوبه‌رى گشتى چاودێری و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیانە، دەڵێت: رەنگە پێشوتر هەستم بەجیاکاریی کردبێت، بەڵام ئێستا پێموایە شتیکی لەو جۆرە نیە.

عه‌زیز محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى ئاوه‌سپی له‌ پشكی یه‌كگرتوى ئیسلامی، هه‌رله‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت: هه‌ستم به‌ جیاكارى نه‌كردوه‌.

هاوکات چۆمان ئەحمەد، به‌رپرسی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى ئیداره‌ى گه‌رمیان، باسی لەوەکرد بەهیچ شێوەیەک جیاکاری نەکراوە.

وتیشی: هەر بەڕێوبەر و بەرپرسێک لەهەر حزبێک بێت و ئەرکی چی بێت بەپێی ئەوە بۆی دیاریدەکرێت، بابەتی سیاسی و حزبی بەهیچ شێوەیەک رەنگدانەوەی لەسەر ئیدارەی گەرمیان نییه‌ و بەرپرسم لەم وتەیە.

سەبارەت بە داواكردن بۆ سزادانی بەڕێوبەری گشتى کشتوکاڵی گەرمیانیش كه‌ خۆی وه‌كو جیاكاریی به‌ هۆكارى حزبیی لێكی ده‌داته‌وه‌، به‌رپرسه‌كه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیان وتی: ئەوە پەیوەست بوە بە بەجێهێشتنی بەڕێوبەرایەتیەکەی له‌كاتى ده‌وام دا، بەڵام هیچ جیاکارییەک نەکراوە.

پشکی یەکێتی نیشتمانى و بزوتنەوەی گۆڕان لە چاو هەریەک لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتوی ئیسلامی لەسنورەکە زۆرترە، چالاکوانێک دەڵێت: گرفتی سیاسی رەنگدانەوەی لەسەر کارەکانیان دەبێت.

شەماڵ رەئوف، وتیشی: هەبونی گرفتی سیاسی رەنگدانەوەی لەسەر کاری حکومەتی خۆجێی دەبێت و رەنگە قورس بێت بەڕێوبەرێکی یەکێتی رەخنە  لە کاری بەڕێوبەرێکی گۆڕان بگرێت، واتا ناتوانن هەمان مامەڵە بکەن.

شادیە حسێن، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیانیش، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌: تاوەکو حزب تەداخولی فەرمانگەکان بکات، کێشە بۆهاوڵاتیان دروست دەبێت.

ئەم بابەتە به‌لای به‌ڕێوبه‌رى گشتى پەروەردەی گەرمیانه‌وه‌ جیاوازه‌.

دارا ئه‌حمه‌د، دەڵێت: سەرباری ئەوەی لە لایەنی جیاوازین، بەڵام نەبوەتە رێگر و گرفت، بەڵکو کارمان بۆ بەرژەوەندی گەرمیان کردوە و بڕیاری سیاسی رێگری لەکاری ئێمە لەحکومەت نەکردوە.

به‌ رای شاره‌زایه‌كى بوارى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، هه‌بونى رێككه‌وتنى حزبی له‌سه‌ر حكومه‌ت، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌دایان ده‌بێت.

سامان عەزیز، كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری گروپی گه‌شه‌یه‌ بۆ فشار و داكۆكی له‌ گه‌رمیان كه‌ گروپێكى فشاری مه‌ده‌نییه‌، وتى: لای ئێمە کاری حزب و حکومەت لەیەک جیاناکرێتەوە، چونکە بواره‌كه‌ پیشەیی نیە.

وتیشی: بەپێی دڵسۆزی بۆ حزب کەسەکان کاندید دەکرێن نەک لەسەر بنەمانی پیشەیی و لێهاتویی، بۆیە بەگشتی تێڕوانینی حکومەت حزبیانەیە.

"گرفتێکی دیکە ئەوەیە زۆرجار لە نێو خودی حزبەکانیش کاندیدی لێهاتو نانێرنە پۆستە حکومیەکان، به‌مه‌ش زیان لەو پۆستە حکومیە دەدات کە وەری گرتوه‌ و دواتر مامەڵەی خەڵکی بەڕێوە دەبات". سامان عەزیز وای وت.

 

سەردانێکی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ لقی گەرمیانی (پ. د. ک)

 

سێیەم: ئه‌نجامدانى چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تى له‌كاتى ده‌وام دا

به‌شێكى زۆر له‌ به‌ڕێوبه‌ر و فه‌رمانبه‌ره‌كان، له‌كاتى ده‌وامى فه‌رمی دا سه‌رقاڵی چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌بن، كه‌ دیارترینیان به‌شدارییكردنه‌ له‌ پرسه‌.

ئیدارەی گەرمیانن لە رێگەی نوسراوێکه‌وه‌ بەشدارییکردنی لە پرسە و بۆنەی حزبی و کۆمەڵایەتی قەدەغە كردوه‌.

چۆمان ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كانى ئیداره‌ى گه‌رمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ به‌ نوسراوى فه‌رمی و له‌ رێگه‌ى په‌یوه‌ندیشه‌وه‌ به‌ڕێوبه‌ره‌كانیان له‌وه‌ ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌كاتى ده‌وامى فه‌رمی دا رێگه‌ به‌ سه‌ردانى پرسه‌ نادرێت. به‌ڵام به‌پێی ئه‌و به‌دواداچونانه‌ى یه‌كه‌ى چاودێری كردویه‌تى، هه‌تا ئێستاش ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌رده‌وامیی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هیچ داتا و زانیارییه‌ك نیه‌ له‌باره‌ى سزادانى به‌ڕێوبه‌ر و فه‌رمانبه‌ران به‌م هۆیه‌وه‌.

تاكه‌ داتایه‌ك له‌مباره‌یه‌وه‌ بونى هه‌بێت، ئه‌و نوسراوه‌ی ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌ كه‌ داواى سزادانى به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان ده‌كات.

بەپێی نوسراوێکی ئیدارەی گەرمیان بەژمارە (١١/ ١/ ٢٩٦٥) کە لە ٣١/ ٨/ ٢٠٢٢ دەرچوە و ئاراستەی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کراوە، تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرباری ئاگادارکردنەوەی چەندەم جارەیان بۆ بەڕێوبەری فەرمانگەکان لە بەشداریی نەکردن لە پرسەدا لە کاتی دەوامی فەرمی، کەچی "بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بەبێ بایەخدان و پابەندبونی بە یاسا و رێنماییەکان لەکاتی دەوامی فەرمی هەستاوە لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرمانبەرانیان لە بەرواری (٢٩/ ٨/ ٢٠٢٢) فەرمانگەکەیان بەجێهێشتوە و سەردانی پرسەیان کردوە لە قەزای کفری". 

ئەو پرسەیەی کە لە نوسراوەکەی ئیدارەی گەرمیان دا ئاماژەی پێکراوە، پرسەی (سهێل خورشید رەشید) بو کە بە (م. شەماڵ) ناسراوە و رۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢ لە بەردەم ماڵەکەی خۆی دا لە کفری تیرۆر کرا. ناوبراو جگە لەوەی نوسەر و لێکۆڵەر و ئەندامی تەڤگەری ئازادی نزیک لە پەکەکە بو، فەرمانبەریش بو لە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی کفری.

به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان، داكۆكی له‌م سه‌ردانه‌ى ده‌كات به‌و پێیه‌ى كه‌سه‌كه‌ فه‌رمانبه‌ریان بوه‌، باس له‌وه‌شده‌كات به‌ڕێوبه‌رانى دیكه‌ش هه‌مان كاریان كردوه‌ و سه‌ردانى پرسه‌یان كردوه‌، به‌ڵام رێكاریان له‌به‌رامبه‌ردا نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر كه‌ به‌وته‌ى خۆی ره‌نگه‌ هه‌ندێكجار ئیداره‌ى گه‌رمیانیش ئاگادار نه‌بوبن.

چالاكێكى مه‌ده‌نی پێیوایه‌ بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رێگری زۆر له‌كارى حكومه‌ت ده‌كه‌ن.

سامان عه‌زیز، كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری گروپی گه‌شه‌ى گه‌رمیانه‌، وتى: ئەو کەسانەی لێرە دەچنە پۆستێک، بەهۆی دۆخی کۆمەڵایەتیەوە ناتوانن کاری خۆیان بە باشی پیادە بکه‌ن.

ئەم بابەتە خودی بەشێک لە بەڕێوبەرەکانیش ئاماژەی پێدەکەن کە هاوڵاتیان به هۆی پەیوەندی کۆمەڵایەتیەوە لە دەرەوەی دەوامی فەرمی  پەیوەندیان پێوە دەکەن.

 

چواره‌م: سەردانیکردن بەمەبەستی پیرۆزبایی

یه‌كێك له‌و حاڵه‌تانه‌ى كه‌ به‌ به‌رفراوانى تێبینی ده‌كرێت، سه‌ردانییكردنى زۆری هاوڵاتیانه‌ بۆ لای به‌رپرسه‌كان بۆ پیرۆزبایی لێكردنیان به‌بۆنه‌ى ده‌ستبه‌كاربون یاخود به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌ یان وه‌رگرتنى پۆستى نوێ.

ئارام پاڵانی، چالاكى مه‌ده‌نى، باسی لەوەکرد لە کاتی دەستبەکاربونی بەڕێوبەرێک زۆرترین سەردانی دەکرێت، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ هاوڵاتى كه‌ ئیشوكاری له‌ فه‌رمانگه‌یه‌ك هه‌یه‌، ئیشه‌كه‌ى دوابكه‌وێت.

ژیلوان عادل، كه‌ دواین به‌ڕێوبه‌رى گشتیه‌ له‌م سنوره‌ ده‌ستبه‌كار بوبێت، ئاشكراى ده‌كات كه‌ بۆ بابەتی پیرۆزباییکردن سەردانی کراوه‌، به‌ڵام وه‌كخۆی وتى: رێگەمان نەداوە کاری هاوڵاتیان گرفتی تێدا دروست بێت.

ئیداره‌ى گه‌رمیانیش هاوڕایه‌ له‌وه‌ى ئه‌م حاڵه‌ته‌ كێشه‌یه‌.

چۆمان ئەحمەد، لێپرسراوى راگه‌یاندنى ئیداره‌ى گه‌رمیان، وتی: سەردانیکردن ئه‌گەر بە تەنها بۆ مەبەستی پیرۆزبایی بێت كێشه‌یه‌، بەڵکو دەبێت سه‌ردانى هاوڵاتى بۆ داموده‌زگاى حكومی بەمەبەستی کار بێت.

له‌باره‌ى سه‌ردانیكردنى فه‌رمانگه‌كانیش بۆ لای یه‌كترى به‌مه‌به‌ستى پیرۆزبایی، چۆمان ئه‌حمه‌د وتى: ده‌بێت سه‌ردانه‌كه‌ بۆ هەماهەنگی نێوان ئەو دو لایەنە بێت، چونکە گرنگیشە کە ئەو پەیوەندیە هەبێت و یەکترناسین هەبێت لە نێوان بەڕێوبەرەکاندا.

چالاكێكى مه‌ده‌نی بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م حاڵه‌ته‌، پێشنیازێكى هه‌یه‌.

ئاراز محەمەد، وتى: له‌ حاڵه‌تى وه‌هادا دەبێت کاتێک دیاریی بکرێت بۆ سه‌ردان و پیرۆزبایی و ئه‌مه‌ش زۆر نەخایەنێت و به‌هۆیه‌وه‌ مامەڵەی هاوڵاتی دوانەکەوێت.

 

به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان

یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام 

1. تائێستا له‌ گه‌رمیان ده‌وامى فه‌رمیی چوارچێوه‌یه‌كى دیارییكراوى له‌ روى كاتى ده‌وامه‌وه‌ نیه‌، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانگه‌كان كاتژمێر (8:30)ـى به‌یانى ده‌ست به‌ده‌وام ده‌كه‌ن، هه‌ندێكی دیكه‌یان له‌ (9:00)ـى به‌یانى ده‌ستپێده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك كاتى كۆتاییهاتنى ده‌وامیشیان جیاوازه‌، به‌زۆری له‌ (1:00)، (1:30) و زۆر بڕوات له‌ (2:00)ـى دوانیوه‌ڕۆ كۆتایی به‌ده‌وام ده‌هێنن.

2. ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌ نوسراوى فه‌رمی داموده‌زگا حكومییه‌كانى سنوره‌كه‌ى ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى ده‌بێت پابه‌ند بن به‌ ده‌وامى فه‌رمی كه‌ له‌ (8:30)ـى به‌یانى ده‌ستپێده‌كات و له‌ (3)ـى دوانیوه‌ڕۆ كۆتایی پێدێت.

3. هۆكارى رێكنه‌بونى ده‌وام په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ قه‌یرانى دارایی و خه‌رجنه‌كردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌كاتى خۆیدا و پله‌به‌رزنه‌كردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ وایانكردوه‌ فه‌رمانبه‌ران پابه‌ند نه‌بن به‌و چوارچێوه‌یه‌ى حكومه‌ت دیاریی كردوه‌ بۆ واده‌ى ده‌وامكردن.

4. نه‌بونى ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ وایكردوه‌ فشاری زۆر له‌سه‌ر هاوڵاتیان دروست ببێت له‌ راییكردنى مامه‌ڵه‌كانیاندا، چونكه‌ به‌و فشاره‌ى هه‌یه‌ له‌سه‌ر داموده‌زگاكان و به‌و رۆتینه‌ ئیدارییه‌ى بونی هه‌یه‌، واده‌كات له‌ چه‌ند رۆژێكدا مامه‌ڵه‌یه‌كیان بۆ ته‌واو بكرێت.

5. لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ند له‌لایه‌ن ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ پێكهێنراوه‌، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌ك به‌رده‌ستدا نیه‌ له‌وه‌ى لیژنه‌كه‌ چی كردوه‌ و چ رۆڵێكى له‌ رێكخستنه‌وه‌ى ده‌وام دا هه‌یه‌.

6. سه‌رباری ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ به‌ نوسراوى فه‌رمی ئاماژه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌بونى كراوه‌، به‌ڵام هێشتا به‌شدارییكردن له‌ بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ران و به‌ڕێوبه‌رانه‌وه‌ له‌كاتى ده‌وامى فه‌رمی دا به‌رده‌وامه‌، به‌تایبه‌تى له‌ مه‌راسیمی پرسه‌ دا، ره‌نگه‌ ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیش، دیارترین هۆكارى به‌رده‌وامیی ئه‌م حاڵه‌ت/ دیاره‌ده‌یه‌ بێت.

7. سه‌ردانی حزبیی، یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له‌ حاڵه‌ته‌ به‌رچاوه‌كان، ئیتر چ سه‌ردانى حزب و به‌رپرسه‌كانى بێت بۆ داموده‌زگا حكومییه‌كان، چ سه‌ردانى به‌ڕێوبه‌ره‌ حكومییه‌كان بۆ باره‌گاى حزب و بۆنه‌ حزبییه‌كان له‌كاتى ده‌وامى فه‌رمی دا.

8. ئه‌گه‌رچی سه‌ردانى حزبی به‌ فه‌رمی قه‌ده‌غه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام داموده‌زگاكان وه‌كپێویست پێوه‌ى پابه‌ند نه‌بون و تائێستاش ئه‌نجام ده‌درێت، به‌شێك له‌و سه‌ردانانه‌ش ره‌نگه‌ به‌هۆی بڵاونه‌كردنه‌وه‌یان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا پێیان نه‌زانرێت.

9. هۆكارى سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌ حزبییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌مو به‌ڕێوبه‌ره‌كان كادیری حزبیین و پابه‌ندن به‌ حزبه‌كانیانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ناچاریان ده‌كات بونیان له‌ باره‌گا حزبی و چالاكیه‌ حزبیه‌كان دا هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی به‌شێك له‌و به‌ڕێوبه‌رانه‌ى بۆ ئێمه‌ قسه‌یان كرد، باسیان له‌وه‌كرد كه‌ له‌ دواى ده‌وام یان له‌و رۆژانه‌ى كه‌ پشوى فه‌رمییه‌، سه‌ردانی باره‌گا حزبیه‌كان و به‌شداریی له‌ بۆنه‌ حزبییه‌كان دا ده‌كه‌ن.

10. بونى ئه‌م سه‌ردانانه‌، به‌رای هه‌ندێك له‌ چالاكوانان وایكردوه‌ كه‌ ده‌ستوه‌ردانى حزبی لێبكه‌وێته‌وه‌ و كاره‌كان به‌ پیشه‌یی به‌ڕێوه‌نه‌چن، ئه‌گه‌رچی به‌ڕێوبه‌رانى حكومى جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ فشاریان ناخرێته‌ سه‌ر له‌لایه‌ن حزبه‌وه‌.

 

دوه‌م: راسپارده‌كان

1. پێویسته‌ پرۆسه‌ى ده‌وامكردن یه‌كبخرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ هه‌م سه‌رلێشێواویی، هه‌میش بارگرانى بۆ هاوڵاتى دروست كردوه‌. بۆ ئه‌مه‌ش گرنگه‌ حكومه‌ت ئه‌و هۆكارانه‌ى بونه‌ته‌ مایه‌ى ئه‌م ناجێگیرییه‌ ئاشكرا بكات و كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنیان بكات، بۆ ئه‌وه‌ى چوارچێوه‌یه‌ك دیاریی بكات بۆ كات و ماوه‌ى ده‌وامى فه‌رمی.

بۆ دیارییكردنى واده‌ و كاتى ده‌وام، ده‌بێت هه‌م ره‌چاوى ئه‌و دۆخه‌ بكرێت كه‌ لێكه‌وته‌ى قه‌یرانى داراییه‌، هه‌م تایبه‌تمه‌ندى شوێن و ده‌زگاكانیش، واتا به‌شێوه‌یه‌ك بێت ره‌چاوى به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانى تێدا بكرێت.

گرنگترین خاڵێك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتى ئاشنا بێت به‌ ماوه‌ و واده‌ى ده‌وامى داموده‌زگاكان، واتا بزانێت چه‌ند كاتژمێره‌ و له‌ كه‌یه‌وه‌ هه‌تا كه‌یه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ى لێ نه‌شاردرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ مامه‌ڵه‌ى ده‌گاته‌ ده‌زگایه‌كى حكومى، ئه‌و ماوه‌یه‌ بزانێت كه‌ له‌ به‌رده‌ستى دا ده‌بێت بۆ ته‌واوكردنى.

2. بونى لیژنه‌ى چاودێریی له‌ هه‌ر ئاست و بوارێكدا گرنگه‌، به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر، بونى شه‌فافیه‌ته‌ له‌ وه‌رگرتنى رێكار و مامه‌ڵه‌یان دا. ره‌نگیشه‌ قورس و نه‌كرده‌نی بێت كه‌ لیژنه‌یه‌ك كۆنترۆڵی سكێته‌رێكى فراوانى وه‌كو ده‌وام بكات، چونكه‌ هه‌م تواناى مرۆیی و هه‌م تواناى لۆجستیشی یارمه‌تیی نادات، به‌ڵام بونى گرنگه‌ بۆ ئاشكراكردنى كوموكورتییه‌كان.

3. بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كات و بوارێكى زۆر ده‌گرن له‌ فه‌رمانگه‌كان دا، واده‌كه‌ن هه‌م به‌ هه‌ردان له‌ كات و توانا و بودجه‌ى گشتى دا دروست ببێت، هه‌میش كارى هاوڵاتى دوابكه‌وێت.

بۆیه‌ پێویسته‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌ ته‌واوى رێگه‌ له‌م حاڵه‌ته‌ بگرێت و جه‌خت له‌ قه‌ده‌غه‌بونى بكاته‌وه‌ به‌شێوه‌ى بنبڕ، هاوكات ئالیه‌تى گونجاویش بۆ ئه‌مه‌ بدۆزێته‌وه‌.

4. گرنگه‌ له‌ لێپێچینه‌وه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رانى حكومیی له‌به‌ر پابه‌ند نه‌بون به‌ بڕیاره‌كانى په‌یوه‌ست به‌ ده‌وامه‌وه‌ به‌گشتى، ره‌چاوى دادپه‌روه‌ریی و یه‌كسانى و جیاكاریی نه‌كردن بكرێت.

5. بونى سه‌ردانى حزبیی به‌ هه‌ردو دیوه‌كه‌ى دا (سه‌ردانى حزب بۆ لای داموده‌زگاى حكومى یان سه‌ردانى داموده‌زگاى حكومی بۆ لای حزب)، به‌هه‌ده‌ردان و زیانگه‌یاندنه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌ هه‌مو ئاسته‌كان دا، بۆیه‌ گرنگه‌ جه‌خت له‌ قه‌ده‌غه‌كردنى بكرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مه‌ به‌س نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت لێپێچینه‌وه‌ بكرێت و وه‌كو یه‌ك هه‌مو داموده‌زگا و به‌ڕێوبه‌رێك كه‌ پێشێلی ئه‌م قه‌ده‌غه‌كردنه‌ ده‌كات، لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت. هه‌روه‌ك خودی حزبه‌كانیش ده‌بێت ره‌چاوى ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ بكه‌ن كه‌ حكومه‌ت هه‌یه‌تى و پێشێلی نه‌كه‌ن و ده‌ستوه‌رنه‌ده‌ن له‌كاروباره‌كانى دا.

 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,177,661     ژمارەی میوان 46