لە بەدواداچونێک دا بانکی گەرمیان دەڵێت: فشارێکی زۆرمان له سەرە

2022/12/24    711 جار بینراوە
 
رادیۆی دەنگ
 
یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێی گەرمیان بەدواداچون دەکات لە بارەی گرفتەکانی بانکی گەرمیان، بەڕێوبەری بانکەکەش باس لە بونی چەندین گرفت دەکات کە بەهۆی شێوازی کۆکردنەوەی داهات و سنوردارکردنی دەسەڵاتیان و دەستبردن بۆ پارەی هاوڵاتیان لەبانکەکەدا روبەڕویان بوەتەوە.
 
مانگی رابردو یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێی گەرمیان، راپۆرتێکی لەبارەی کێشەکانی بانکە حکومییەکان لە گەرمیان بڵاوکردەوە. بەمەبەستی بەدواداچون بۆ ناوەڕۆکی راپۆرتەکە و ئەو کێشانەی کە تیایدا خراونەتەڕو، یەکەکە کۆبونەوەیەکی لەگەڵ: ئاریا ئەنوەر، بەڕێوبەری بانکی گەرمیان لە کەلار ئەنجامدا.
 
لەمیانەی کۆبونەوەکەدا، ستافی یەکەی چاودێری بەدواداچونیان بۆ دیارترین ئەو کێشانە کرد کە لە راپۆرتەکەیاندا خرابونەڕو، یەکێک لەوانەش: دەستگرتن بو بەسەر پارەی هاوڵاتیان کە لە بانکەکەدا دایان نابو و کەچی ئێستا پێیان نادرێتەوە.
 
بەڕێوبەری بانکی گەرمیان، ئاریا ئەنوەر، لەمبارەیەوە وتی: بەهۆی پێدانی موچە دەست بۆ حساب بانکی تایبەتی هاوڵاتیان براوە و تاوەکو ئێستا (٥٠٠) ملیۆن دینار قەرزی هاوڵاتیانمان لاماوەتەوە.
دڵنیاییشیدا لەوەی لە دوای مانگی ئایاری ئەمساڵەوە بەبڕیارێکی وەزارەتی دارایی هیچ بڕە پارەیەکی نێو حسابی هاوڵاتیان دەستکاری نەکراوە.
 
هەر لە راپۆرتەکەی یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێی گەرمیان دا، باس لەو کێشانە کرابو کە دەزگا حکومییەکان هەیانە لە مامەڵەیان لەگەڵ بانکدا، بەتایبەتی لە خەرجکردنی سولفەکانیان. 
 
ئاریا ئەنوەر، باسی لەوەکرد کەمبونەوەی دەسەڵاتەکانیان، وایکردوە توانایان سنوردار بێت، بەشێوەیەک ئێستا بۆیان دیاری دەکرێت کە مانگانە بۆ چ شوێنێک و چەند پارە خەرج بکەن.
وتیشی: پێشوتر هەمو رۆژێک دەمتوانی 25 ملیۆن دینار بۆ خەرجی بەڕێوبەرایەتی وخەرجیەکانی دیکە سەرف بکەم، بەڵام ئێستا دەبێت لەسەروی خۆمان و لقی سەرەکی لەسلێمانی پێمان بوترێت چەند و بۆ کوێی خەرج بکەین.
 
باسی لەوەشکرد بڕە پارەکەیان بۆ زیاد کراوە، بەڵام وەکخۆی وتی: ناتوانین سودی لێوەرگرین، چونکە کاتێک بۆ دابینکردنی موچە بڕیاری راگرتنی خەرجیەکان دەدرێت، ناتوانین ئەوەش خەرج بکەین، بۆیە جاری وایە لەمانگەکەدا تەنها 10 رۆژ ئەو خەرجیانەمان بەردەکەوێت.
 
بەگشتی وەک لە راپۆرتەکەی یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێی گەرمیان ئاماژەی بۆ کرابو، بانکەکانی سنوری گەرمیان و لەنێویشی دا بانکی گەرمیان گیرۆدەی زۆر کێشەن.
ئاریا ئەنوەر، جەختی لەمەکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: کەڵەکەبونی کێشەکان وگرفتی شێوازی کۆکردنەوەی داهات بەگشتی، بوەتە هۆی زۆربونی فشارەکان لەسەریان.
 
یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێی گەرمیان، پرۆژەیەکی رادیۆی دەنگە بە پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی NED. یەکەکە تایبەتە بە بەدواداچون و چاودێری حکومەت لە سنوری گەرمیان دا، مانگانە هەرجارەو لە بوارێکی حکومەتداریی دا راپۆرتێک بڵاودەکاتەوە، هاوکات چالاکی دیکەی وەکو: کۆنفرانس، سیمینار، گفتوگۆی کراوە، کۆبونەوە و … هتد، ئەنجام دەدات.


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,383,131     ژمارەی میوان 847