زانیاری له‌باره‌ى بلۆکی نەوتی گەرمیان

2021/08/17    1365 جار بینراوە
 
رادیۆی دەنگ
ئامادەکردنی: هونەر گڵاڵی
 
بلۆكی نه‌وتى گه‌رمیان (مه‌به‌ستمان له‌ناوى بلۆكه‌كه‌یه‌ نه‌ك بلۆكه‌ نه‌وتیه‌كانى سنوری ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌ گشتى)، یه‌كێكه‌ له‌ بلۆكه‌ نه‌وتیه‌كانى سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان، ده‌كه‌وێته‌ سنورى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵای سه‌ر به‌ كفریه‌وه‌، پێکدێت لە چوار به‌ش یان چوار ناوچه‌ى نه‌وتى.
 
ئه‌گه‌رچی به‌رهه‌مى ئه‌م بلۆكه‌ به‌ ته‌واوى نازانرێت، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان له‌نێوان (35 بۆ 37)هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ دایه‌. پێشبینیش ده‌كرێت جگه‌ له‌ نه‌وت، بڕێكى زۆری گازی سروشتیش له‌م كێڵگه‌یه‌دا هه‌بێت كه‌ ده‌گاته‌ 7 تریلیۆن پێى سێجا.
 
پشكه‌كانى ئه‌م بلۆكه‌ به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌شبون: گازپرۆمى روسى (40٪)، وێسترن زاگرۆسى كه‌نه‌دى (40٪) و حكومه‌تى هه‌رێم (20٪).
 
ئەم کێڵگەیە خاوەنی 7 بیرە نەوتە، لە چوار بیرە نەوتیش نەوتی لێدەردەهێنرێت، كه‌  دابەش بوە بەسەر چوار ناوچەی نەوتی كه‌ ئه‌مانه‌ن:
 
♦ سەرقەڵا یەک: کە بیرە نەوتەکانی گوندی حەسیرە دەگرێتەوە.
 
♦ سەرقەڵا دو: بیرە نەوتەکانی گوندی ملەسورە دەگرێتەوە.
 
♦ سەرقەڵا سێ: بیرە نەوتەکانی گوندی کەواچەرمو دەگرێتەوە.
 
♦ سەرقەڵا چوار: بیرە نەوتەکانی گوندی کارێزە دەگرێتەوە.
 
 
 
لە ناوچەی "سەرقەڵا1" کە بیرە نەوتەکانی گوندی حەسیرە ده‌گرێته‌وه‌، سێ بیرە نەوت هه‌یە، لە یەک بیر دەرهێنانی نەوت دەکرێت نەوتێکی باشە و گونجاوە بۆ دەرهێنان.
 
لە بیرە نەوتەکانی "سەرقەڵا2" ، یەک بیرە نەوتە له‌ گوندى ملەسورەیه‌ و دەرهێنانی تێدا دەکرێت و نەوتێکی باش و گونجاوە، بە بۆڕی دەگوازرێتەوە بۆ "سەرقەڵا1" لە  حەسیرە.
 
بەهەمان شێوە ژماره‌ى بیرەکانی "سەرقەڵا3" یەک بیرە كه‌ کاری دەرهێنانی تێدادەکرێت و به‌رهه‌مه‌كه‌ى بەبۆڕی دەگوازرێتەوە بۆ "سەرقەڵا1" لە  حەسیرە.
 
هه‌رچی "سەرقەڵا4"ـه‌ کە بیرە نەوتەکانی کارێزە دەگرێتەوە، تائێستا یەک بیرە نەوتە كه‌ کاری دەرهێنانی تێدا دەکرێت و به‌هه‌مانشێوه‌ى ئه‌وانى تر به‌رهه‌مه‌كه‌ى بە بۆڕی دەگوازرێتەوە بۆ "سەرقەڵا1" لە  حەسیرە.
 
لە پرۆژەدایە سەرقەڵا پێنجیش دروست بکرێت کە له‌ سنورەکانی نێوان ناحیەی سەرقەڵا و گوندى ملەسورە دایە و بیرە نەوتێکی تێدا هەڵبكەنرێت.
 
ئه‌م بلۆكه‌ كه‌ له‌ ناو هاوڵاتیان دا به‌ زۆری به‌ "کێڵگەی نەوتی حەسیرە" ناسراوه‌ به‌وهۆیه‌ى یه‌كه‌م به‌رهه‌مهێنان له‌ گوندی حه‌سیره‌وه‌ كرا، لە ساڵی (2006) کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس نەوتی تێدا دۆزیەوە و لە ساڵی 2016 کۆمپانیای گازپرۆم نەفتى روسی، کێڵگەکەی وەرگرت.
 
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,421,059     ژمارەی میوان 841