رادیۆی دەنگ
لەبارەی داواکردنی پشک لە سەرمایەداران کە دەبێتە رێگر لە هاتنی سەرمایەداران بۆ سنورەکە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، رایدەگەیەنێت: ئەوەی لە هەر ئاستێک داوای پشک لە سەرمایەداران بکات ئێمەش لەو ئاستە روبەڕوی دەبینەوە.
لە کۆبونەیەکی ستافی یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێی گەرمیان لە گەڵ جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان گفتگۆیان لەسەر دواین راپۆرتی یەکەکە کرد کە تایبەت بو بە کەرتی
پیشەسازی لە گەرمیان.
لە میانەی کۆبونەوەکەدا چەند پرسێک گفتوگۆی لەسەرکرا لەوانە داواکردنی پشک و بەرتیل لەلایەن حزب و بەرپرسانەوە بۆ پرۆژە پیشەسازیەکان، هەروەک نەبونی فەرمانگەی پیشەسازی لە گەرمیان و نەبونی کەشفی جیلۆجی بۆ سامانە سروشتیەکانی ناوچەکانی گەرمیان کە وایکردوە ئەو مادانەی بۆ پیشەسازی دەست دەدەن بناسرێت، نەبوی ئاماری ورد لەسەر کارگەکان و بری سەرمایەیی وەگڕخراو تێیدا لەگەڵ ئەمانەشدا نەبونی چالاکی کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و دیداری پیشەسازیی کە وایکردوە پارەدارەکانی گەرمیان سەرمایەکەیان ناخەنە بواری پیشەسازیەوە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە وەڵامەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد:تا ئێستا هیچ سەرمایەدارێک نەهاتۆتەلام بڵێت پشک یان بەرتیلیان لێداواکردوم زۆرجار دەڵاڵ ئەوەدەکات، بەڵام هەرکەسێک لە دەزگا حکومیەکان ئەوە بکات نەوەک تەنها دەردەکرێت لە کارەکەی بەڵکو دەیدەینە دادگاش لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر کەسێک لە ئاستێکی باڵا لە دەرەوەی دامەزراوە حکومیەکان داوای پشک بکات ئێمەش لە ئاستی باڵا روبەڕوی دەبینەوە.
لە بارەی فەرمانگەی تایبەت بە پیشەسازی و بازرگانی وتی: زۆر بە گرنگی دەزانن لە گەرمیان بەڕێوبەرایەتی و فەرمانگەی تایبەت بە پیشەسازی بکەنەوە، بەڵام ئەوەش قورسە بەهۆی پێویستی بینا و زەمینەسازی بە دامەزراندی فەرمانبەر کە لە ئێستادا حکومەت پلانی بۆ ئەوە نیە.
هەروەک لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە تایبەت بو بە نەبونی شوێن لە ناوچەی پیشەسازی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وتی: شوێنمان بۆ ناوچەی پیشەسازی نوێ لەکەلار دیاریکردوە، بەڵام هەندێک رێکاری ماوە لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی یاسایی وەبەرهێنانەوە چاوەڕیی گۆڕانکارین، چونکە بە پێی یاساکە دەبێت زەویەکە بدرێت بە وەبەرهێن ئەمەش بارگرانی دارایی دەخاتە ئەستۆی ئەو کەسانەی دەیانەێت کارگەی پیشەسازی دابنێن، چونکە دەبێتە پارە ئەمە لە کاتێکدایە شارەوانی دەتوانێت خۆی ئەمە بکات، بەڵام یاساکە بەم شێوەیە رێگە نادات بە شارەوانی.
بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی ناو راپۆرتەکە و نەبونی داتا و ئاماری ورد لەسەر کەرتی پیشەسازی جەلال نوری، راپۆرتەکەی ئاڕاستەی بەشی پلان وپرۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان کرد.
یهكهى چاودێریی حكومهتى خۆجێی گهرمیان، یهكهیهكى بهدواداچون و لێكۆڵینهوه و چاودێریی رۆژنامهوانى سهر به رادیۆی دهنگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئهمریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و بهدواداچون لهبارهى بابهت یان پرسێكى پهیوهندیدار به حكومهتى خۆجێی گهرمیان بڵاودهكاتهوه، به ئامانجی تیشكخستنهسهر ئهو بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی.