ره‌حیم حه‌مید عه‌بدولكه‌ریم*
بێگومان ڕژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراق گرنگیه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌داوه‌ته هه‌ركارێك كه ببێته مایه‌ی دۆزینه‌وه وه‌به‌رهێنان له بواری كانزا وكانهكاندا له سه‌رجه‌می كوردستان وبه‌تایبه‌تی له‌و تلیمه سنوریه‌ی كه كه‌وتۆته نێوان عیراقی عه‌ره‌بی وهه‌رێمی كوردستانه‌وه ، هه‌ربۆیه تۆژینه‌وه وئه‌نجامه‌كانی پشكنین له‌و بواره‌دا ده‌گمه‌نن وزانیاریهكانیش كه‌من وله ئاستی پێویستدا نین.
یه‌كێك له‌و دیاردانه‌ی كه ڕۆڵی سه‌ره‌كیان بوه له دابه‌شبونی جوگرافیایی ده‌رامه‌ته كانزاییه‌كان (هۆكاره سروشتیه‌كان)ه كه بریتیه له بارودۆخی جیۆلۆجی وه‌كو جۆری گه‌ڤر وچاخی جیۆلۆجی وجوڵه‌ی توێكڵی زه‌وی وهۆكاره‌كانی ڕوتانه‌وه و....هتد.
هه‌ر له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه هه‌مو كنین وڕوپێوه جیۆلۆجیه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندوه كه كوردستان گه‌لێ كانزای تێدایه وبگره زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده له‌و بواره‌دا، باسه‌كه‌مان تایبه‌ته به ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان كه مێژوی هه‌بونی شارستانیه‌تی له زۆر شارۆچكه وناوچهیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندین هه‌زار ساڵی پێش زاین ، وئه‌و كان وكانزایانهی كه به‌گشتی تیایدا به‌دی كراون به‌م شێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه پۆلینی ده‌كه‌ین :
1. خه‌ڵوزی به‌ردین(قیر): له شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا ئه‌ڵمانه‌كان سودیان له كانێكی خه‌ڵوزی به‌ردین وه‌رگرتوه له نزیك كفری وبه تایبه‌تی له گوندی(ناساڵح)، هه‌روه‌ها له كتێبی (شۆرَشی برایم خانی ده‌لۆ)دا هاتوه: (له سه‌رده‌مه‌كانی بابل وئاشوردا ناوی كفری به ناوی (كیرۆ) هاتوه، چونكه قیریان له وێوه بردوه وه‌كو كه‌ره‌سته‌یه‌كی بیناسازی به‌كاریان هێناوه)، له ڕاستیدا هه‌تاوه‌كو ساڵانی 1970له نزیك گوندی (ناساڵح) له نزیك كفری قیریان ده‌رهێناوه وئه‌و شوێنانه‌ی كه قیریان تێدایه له ناوچه‌ی كفری ئه‌مانه‌ن: كه‌رتی 71/ناساڵح وكه‌رتی 16/كفری وگوندی سه‌ید حوسێن .
2. گڵه‌سه‌ر: به عه‌ره‌بی پێی ده‌وترێت (الأطیان) وبه زانستی (بێنتۆنایت)كه له پێكهاته‌ی(به‌ختیاری)ه وبه شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له كانزاكانی(مۆنتمۆرلۆنایت)پێكهاتوه، ئه‌م كانزایه له ده‌وروبه‌ری ناحیه‌ی(قه‌ره‌ته‌په)دا هه‌یه وئه‌م چینه‌ی كه له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یه توانستێكی مژینی به‌رزی هه‌یه بۆهه‌ندێ پیشه‌سازی وه‌كو دروستكردنی (كاغه‌ز)باشه وهه‌روه‌ها نیشتوی (بێنتۆنایت) له كفری دا هه‌یه وبۆ دروستكردنی (چیمه‌نتۆ) به كه‌ڵكه وئه‌م ماده‌یه هه‌ر له دێرزه‌مانه‌وه له ناوچه‌ی كفریدا هه‌یه وبهكاردهاتوه وه‌كو (سابون) وپێی گوتراوه (گڵه‌سه‌ر)چونكه هاوڵاتیان بۆ ششتنی سه‌ر به‌كاریانهێناوه وله 5 كێلومهتری شارۆچكه‌ی كفری له نێوان گونده‌كانی (ره‌حیم وه‌رقه وزه‌رداو )دا له نێو گردهكانیدا ئه‌م ماده‌یه به زۆری هه‌یه وبه عه‌ره‌بیه عامیهكهی پێیان وتوه(طین خاوه).
3. گۆگرد: له ده‌وروبه‌ری ناحیه‌ی (سلێمان به‌گ)دا گۆگردی هاوێنه‌یی پوخت له چینه جبس وقوڕینهكاندا هه‌یه وئه‌م ناوچانه 19 كیلۆمه‌تر له (خورماتو)ه‌وه دوره ئه‌م جۆره زۆر به‌كه‌ڵكه بۆ پیشه‌سازی په‌ینی كیمیاوی ولاستیكسازی وكاغهز و....هتد به‌كه‌ڵكه، به‌ڵام گۆگرد وه‌كو شله له ناوچه‌كه‌دا به ترشه‌مه‌نی ناوده‌برێت وئه‌وه‌ی كه له نزیك سه‌رچاوه‌ی ئاوی(ئاوه‌سپی) به زۆری هه‌یه وچه‌ند لهتبونێكی زۆری هه‌یه به شێوه‌یه‌كی سه‌رنج ڕاكێش هه‌ستی پێده‌كرێت وله نزیك گوندی(ده‌رزیله) شوێنێ هه‌یه له ڕاستیدا وه‌كو ژێرزه‌مین وایه به شێوه‌یه‌كی سروشتی ترشی گۆگرد(حامض الكبریتیك) له نێویدا ده‌تكێت وخه‌ڵكی كۆی ده‌كه‌نه‌وه وبهكاریدههێنن بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیه‌كانی پێست وگه‌ڕی هه‌ر بۆیه به‌و شوێنه ده‌ڵین (گه‌ڕاوه‌كه) جگه له‌وه گۆگرد وترشی گۆگرد له‌م شوێنانه‌ش هه‌ن(كه‌رتی86/فه‌قێ مسته‌فا وكه‌رتی 17/كنگربان) وگوندی (قوڕی چای).
4. گه‌چ: له هه‌ردو شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ وكفری چه‌ندین كانی به‌ردینی هه‌ن كه هه‌ر له ساڵانێكی زوه‌وه كوره‌ی گهچسازی تێدا هه‌یه‌و وگه‌چی تێدا به‌رهه‌مده‌هێنن به‌تایبه‌تی له كه‌رتی تایبه‌تدا .
5. چیمه‌نتۆ:له ناوچه‌ی (سلێمان به‌گ)دا به‌ردێكی زۆری تێدایه به‌كارده‌هێنرێت بۆ پیشه‌سازیی (چیمه‌نتۆ) وله دوڕیانی نێوان خورماتو وسلێمان به‌گ كه ده‌چیته‌وه به‌ره‌و كفری ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه نزیكه‌ی 33 كیلۆمه‌تر ده‌بێت به ده‌سته‌چه‌پدا ئه‌ڕوانیته شاخێك جۆره به‌ردێكی تێدایه بۆ پیشه‌سازی چیمه‌نتۆ به‌كاردێت.
6. خوێ: یه‌كێكه له‌و چوار كانزا سه‌ره‌كیانه‌ی كه له پیشه‌سازییه كیمیاویه‌كاندا پێویستن وله پیشه‌سازی به‌رهه‌مهێنانی 75 ماده‌ی كیمیاویدا سودی لێوه‌رده‌گیرێت ولهم شوێنانه‌ی گه‌رمیاندا به‌دیده‌كرێن (خوێواوگه‌ی كوم له چه‌مچه‌ماڵ 44 كیلۆمه‌تر له له باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی چه‌مچه‌ماڵه‌وه، حهوزهكان كه‌وتونه‌ته گوندی خیلینهوه و رێژه‌ی (كلۆریدی سۆدییۆم )ه‌كه‌ی ده‌گاته 97،31%بۆیه به جۆرێكی باش داده‌نرێت ، خوێواوگه‌ی خورماتو به دوری 2 كیلۆمه‌تر له ڕۆژهه‌ڵاتی خورماتوه‌وه وڕێژهكهی ده‌گاته 97،94%، خوێواوگه‌ی چه‌مچه‌ماڵ وحه‌مرین كه له جۆری گهڤهریه وله سنوری پێكهاته‌ی فارسی ژێره .
7. نه‌وت وگاز : كورد هه‌ر له كۆنه‌وه ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ نه‌وتدا هه‌بوه ، له باباگوڕگوڕ وكفری ومهنهلی ونهفتخانه وكانی قادر وچاڵوخاڵد له كفری و....هتد، نه‌وت به شێوه‌یه‌كی سروشتی له ژێر زه‌ویه‌وه هه‌ڵقوڵاوه ولهسهرزهوی گۆمی به‌ستوه وله‌لایه‌ن هاولاتیانه‌وه بۆ ڕوناككردنهوه ونه‌خۆشیی پێست وسواغدانی ئامراز ونێوماڵ ولێیشیان فرۆشتوه وسه‌رنجی زۆربه‌ی گه‌ریده بیانیه‌كانی ڕاكێشاوه ، ناوچه‌كانی نه‌وتی ناوه‌ڕاست سه‌ره‌تا له باباگوڕگوڕ له ساڵی 1927ز دۆزراوه‌ته‌وه وگرنگترین چاڵه نه‌وتیه‌كانی ناوچه‌ی نه‌وتی ناوه‌ڕاست ئه‌مانه‌ن: بابه‌گوڕگوڕ، بای حه‌سه‌ن، زهنبور، نه‌وتخانه و...هتد، به شێوه‌یه‌كی گشتی وبه شێوه‌یه‌كی كرداری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی زۆری داوه بۆ وه‌به‌رهێنان له‌و بواره وبه‌تایبه‌تی دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس كاری جیدی ئه‌نجام دراوه له ڕێگای كۆمپانیا بیانیه‌كانه‌وه وله ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان به‌م شێوه‌یه بوه :
1. له سنوری كه‌رتی1/ كوردهمیری ئه‌حمه‌د وكه‌رتی 277/میل قاسم وحهسیره له ڕێگای كۆمپانیای ویسترن زاگرۆسه‌وه بۆ مه‌به‌ستی ده‌رهێنانی نه‌وت وگاز.
2. له سنوری ناحیه‌ی نه‌وجول له كێڵگه‌كانی نه‌وتی په‌لكانه وغهڕه له ڕێگای كۆمپانیای شمێرانهوه.
3. له سنوری ناحیه‌ی سه‌نگاو ، له گونده‌كانی كۆیك وكه‌رتی 799/مه‌لا عومه‌ر وكه‌رتی 86/فه‌قێ مسته‌فا كه كۆمپانیای ته‌له‌سمان بۆ بواری نه‌وتی كارده‌كات .
4. له بلۆكی نه‌وتی (چیاسورخ) له كه‌رتی ئیداره ، كۆمپانیای (FORBES & MANHATAN ) له سنوری ناحیه‌ی قۆره‌تو .
5. له سنوری ناحیه‌ی سه‌نگاو ، له كه‌لان له ڕێگای كۆمپانیای( (sterling energy internation LTD بۆبواری نه‌وتی.
6. كۆمپانیای (دانا غاز )له سنوری ناحیه‌ی قادركه‌ره‌م (كۆرمۆری سه‌رو وخوارو) بۆ ده‌رهێنانی غازی سروشتی .
له كۆتاییدا وبه پێی ئه‌و ڕاستیانه‌ی لای سه‌ره‌وه حه‌قی خۆیه‌تی كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جگه له بواری نه‌وت له بواره‌كانی تری كانزایی ناوچه‌ی گه‌رمیان كاربكات و وه‌به‌رهێنی ئه‌و بوارانه بهێنرێنه ناوچه‌كه وهه‌وڵبدرێت كۆلیجی ئه‌ندازیاری به‌شی كانه‌كان له زانكۆی گه‌رمیان بكرێته‌وه وسود له‌و هه‌مو گۆگرد هی گه‌رمیانه وه‌رگیرێت بۆ بواری پیشه‌سازی وبایه‌خدان به بواری تهنقیب بۆ ئه‌و كایانه‌ی كه له‌سه‌ره‌وه باسكرانوئهوانهی تر كه تاوه‌كو ئێستا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
1. مسته‌فا نه‌ریمان/شۆڕشی برایم خانی ده‌لۆ/1985ز/به‌غدا.
2. عه‌بدوڵا غه‌فور/جوگرافیای كوردستان/ 2000ز/سلێمانی.
3. كۆمه‌ڵێك مامۆستای زانكۆ/ جوگرافیای هه‌رێمی كوردستانی عیراق/ 1999ز/هه‌ولێر.
4. هه‌ندێك زانیاری له دانیشتوانانی ناوچه‌كه‌وه وه‌رگیراوه،
* ئه‌ندازیار (ره‌حیم حه‌مید)، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوى گشتیی كشتوكاڵی گه‌رمیان، ئه‌م بابه‌ته‌ى له‌ساڵی 2013 ئاماده‌و بڵاوكردوه‌ته‌وه.