رادیۆى ده‌نگ
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان نوێترین راپۆرتى مانگانه‌ى خۆی بڵاوكرده‌وه كه‌تایبه‌ته به باسكردنى كێشه‌كانى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون له گه‌رمیان.
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگ، له چوارچێوه‌ى پرۆژه‌كانى رادیۆكه‌دا به پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، هه‌ر مانگه و له‌سه كه‌رتێكى گشتی لە گەرمیان راپۆرتێك ئاماده ده‌كات. بۆ ئه‌م مانگه راپۆرتێكى ئاماده كردوه له‌سه‌ر كێشه‌كانى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون، كه تیایدا به وردیی زانیاریی له‌باره‌ى پرۆژه‌كان و ژماره‌یان و هه‌مو ئه‌و كێشانه‌وه كه پرۆژه‌كان هه‌یانه، خستوه‌ته‌ڕو، هه‌روه‌ك له كۆتاییشدا گه‌شتوه به ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام له‌مباره‌یه‌وه و چه‌ند راسپاردهیهكیشی خستوته‌ڕو.
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە به شێوازى (PDF).
ده‌قی راپۆرته‌كه له خواره‌وه ده‌خوێننه‌وه.
كێشه‌كانى پڕۆژەکانی نیشتەجێبون لە گەرمیان
پێشه‌كى
له‌ئێستادا پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون له بابه‌ته گه‌رم و گرنگه‌كانى گه‌رمیانن، ئه‌ویش له‌لایه‌ك به‌هۆی بونى خواست له‌سه‌ریان، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه به‌هۆی ئه‌و كێشه و گرفتانه‌ى هه‌یانه و ئه‌و لێكهوتانهشى كه ده‌یانبێت له‌سه‌ر ناوچه‌كه له روی جیاوازه‌وه.
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، به پێویستی زانی راپۆرتى ئه‌م مانگه‌ى ته‌رخان بكات به‌م بابه‌ته‌وه، هه‌وڵیشیداوه له زۆر لایه‌نه‌وه بابه‌ته‌كه روماڵ بكات.
ده‌شبێت له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه به‌وه بكه‌ین پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون له گه‌رمیان، زیاتر له قه‌زاى كه‌لار بره‌ویان هه‌یه و له قه‌زاكه‌ى دیكه‌ى گه‌رمیان (كفری) ئه‌و برهوهى نییه، هه‌ربۆیه به‌شى زۆری راپۆرته‌كه روماڵی ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌لار ده‌كات.
هه‌روه‌ك به‌شی زۆری كۆمپانیاكانیش ئاماده نه‌بون له‌باره‌ى كێشه‌كانى پرۆژهكانیانهوه لێدوان بۆ یه‌كه‌كه‌مان بده‌ن.
به‌شى یه‌كه‌م: ناساندنێكى گشتى
1. ژماره‌ى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون
بەپێی داتاکانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان، 35 پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان له ئارادان (14 پرۆژه كه یان جێبه‌جێكراون یان چونه‌ته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه، له‌گه‌ڵ (21 پرۆژه كه له قۆناغی مۆڵه‌تدان و به‌مزوانه ده‌چنه بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه). وه‌ك له خشته‌كانى خواره‌وه رونكراوه‌ته‌وه:
یه‌كه‌م: ئه‌و پرۆژانه‌ى جێبه‌جێكراون یان چونه‌ته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه
دوەم: ئه‌و پرۆژانه‌ى زه‌ویان وه‌رگرتوه و له قۆناغی پێدانى مۆڵه‌ت دان
2. له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك پرۆژه‌ى نیشته‌جێبون ئه‌نجام ده‌درێت؟
ئەنجامدانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبون لە ئێستادا لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوبەرایهتییەکانی وەبەرهێنانهوه لە شارە جیاوازەکان ئەنجامدەدرێت، ئهگەرچی پرۆسه‌كه خۆی لە ئەستۆی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە.
بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوەدانکردنەوەی گەرمیان، پشتیوان عه‌بدوڵڵا، رەتیدەکاتەوە ئەوان سەرپەرشتی هیچ کارێکى ئه‌و پرۆژانه بکەن.
وتیشی: بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان ئێمە تەنها نین، بەڵکو بە سەرپەرشتی ئیدارەی گەرمیان و شارەوانیهكان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وەبەرهێنان کە لیژنەیەکی تایبەتمەندن، لە کاتێکدا داوامان کردوە بەنوسراوی فەرمی کە ئەندازیاری ئێمە لە لیژنەکاندا هەبێت، بەڵام وەبەرهێنانی گەرمیان وەڵاممان ناداتەوە.
له‌به‌رامبه‌ردا، هونەر مەحمود، بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان، باس لەوەدەکات: "ئەرکی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوەدانکردنەوەی گەرمیانە سەرپەرشتی پڕۆژەکان بکات، بەڵام نایکات و پێیان وتوین ئێمە ناتوانین ئەو کارانە بکەین کە ئەمە قسەی خۆیانە".
ئەنجامدانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبون ده‌بێت بەپێی پلان و ئامادەکاریی و رێژەی دانیشتوان و داڕشتنەوەی داتا بێت، به‌وه‌ى بۆ هەرشوێنێک پێویست بە ئەنجامدانی چەند پڕۆژە و چ جۆرە پڕۆژەیەک دەکرێت.
لەسنوری گەرمیان ئەنجامدانی پرۆژه‌كانى نیشتەجێبون، بەبێ وەرگرتنی داتا و ئامار یاخود زانینی پێویستی ئەنجامدراوه.
پشتیوان عه‌بدوڵڵا، باس لەوەدەکات: پێوەرێکی دیاریکراو نیە به‌وه‌ى چەند پڕۆژەی نیشتەجێبون بۆ شارێك پێویستە و ده‌بێت ژمارەی یەکەکان چەند بێت، یاخود پڕۆژەی چین و توێژ بن یان بازرگانی.
وتیشی: حکومەت بەو جۆرە پڕۆژەکان ناکات کە ئێمە دەمانەوێت، بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی بۆ هاوڵاتی کەمدەرامەت و کاسبکاران ئەنجامدراون هیچ کات جێی رەزامەندی ئێمە نین.
به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه كه پرۆژه‌كان به هه‌ڕه‌مه‌كى ئه‌نجامدراون و پشت ئه‌ستور نین به داتا و ئامار و روپێویی.
هونه‌ر مه‌حمود، وتى: ئێمە ئامارێکی تەواومان لەبەردەست نیە کە بزانین شار پێویستی بە چەندێك فراوانکردنە له روى نیشته‌جێبونه‌وه.
ئەکرەم ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، کە پێدانی زەویەکانی دەکەوێتە ئەستۆى شارهوانیهكهیان، لەبارەی ئەوەی بەچ پێوەرێک دەزانن شار پێویستیی بە ئەنجامدانی ئەو پرۆژانەیە؟ وتی: قەزای کەلار پێویستی پێیەتی، چونکە هەرکاتێک پڕۆژەیەک ئەنجامدەدرێت تەنانەت پسولەکانیان پارە دەکات، کەواتە خەڵک خواستی لەسەرە، چونکە هێشتا ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبون نەگەشتوهتە 10 هه‌زار یەکە، بۆیه بونى ئه‌و پرۆژانه زۆریش پێویستن.
پسپۆڕێکی بواری نیشتەجێبون، پێیوایە ئەوەی دەکرێت تەنها "کەڵەکەکردنی یەکەیە" نەوەک ئەنجامدانی پڕۆژەی نیشتەجێبون.
رزگارعەبدولکەریم، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری نیشتەجێکردن، باس لەوە دەکات کەرتی نیشتەجێبون بەشێوەیەکی نازانستی رادەستی کۆمپانیا کراوە، بەبێ ئەوەی بزانرێت چۆن سود لە روه ئابوریی و گەشەسەندوییهكهى وه‌ربگیرێت.
3. چۆن پرۆژه‌ی نیشته‌جێبون ده‌درێت به وه‌به‌رهێنه‌ر؟
پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون بۆ ئه‌وه‌ى بچنه بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه، چه‌ندین رێكاریان هه‌یه، هه‌ریه‌كه له‌و رێكارانهش له‌لای به‌ڕێوبه‌رایه‌تى و فه‌رمانگه‌یه‌كه، كه دیارترینیان: به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنان، شاره‌وانى و نه‌خشه‌دانانى ئاوه‌دانین، له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانى: ئاو، كاره‌با و ژینگه، به‌مه‌به‌ستى دڵنیابونه‌وه له‌وه‌ى لارییان نییه له جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كه.
تەرخانکردنی زەوی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبون، ئەرکی شارەوانی کەلارە، کە بەوتەی خۆیان هەرگیز هیچ کۆمپانیایەک داوای زەویەکی دیاریکراوی لێنەکردون، بەڵکو ئه‌وان وه‌كو شاره‌وانى دیاریان کردوە کە چ زەویەک بدرێتە چ کۆمپانیایەک.
ئەکرەم ساڵح، وتیشی: ئێمە سەرەتا پلانی پرۆژەکە داده‌نێین و پاشان کە وەبەرهێنێک دێتە پێشەوە، پێی دەدرێت.
هەرچی پەیوەندی بە به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى وەبەرهێنانەوە هەیە، پێدانی مۆڵەتە بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبون، کە بەوتەی هونەر مەحمود لەسەر بنەمای خواست و خستنەڕوه و پێیوایە لەئەنجامدا هۆکاربون بۆ گەشەکردنی شار.
دیوێکی دیکەی بابەتەکە لەئەستۆی بەڕێوبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوه‌دانى گەرمیانە.
سامان مەحمود، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه، دەڵێت: وەک نەخشەدانان هەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبون پێش ئەوەی دەستبەکارکردن بکات لەسەر زەویەکەی، دەبێت سایت پلانی پرۆژەکە و سێتی تەلارسازیی پرۆژه‌كه لەلایەن بەڕێوبەرایەتیمانەوە پەسەند بکرێت، هه‌روه‌ك دەبێت رای پلانسازیی لەسەر پارچە زەویەکە بدرێت لە روی گونجان و نەگونجانی ئەو پڕۆژەیەی کە داواکراوە.
4. پێوەری دانانی نرخ بۆ یەکەکانی نیشتەجێبون
به‌ڕێوبه‌رى گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت: نرخى یه‌كه‌كانى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون بەپێی رێنمایی دیاریی دەکەین.
هونەر مەحمود، دەڵێت: بۆ پڕۆژەی چین و توێژەکان، ئێمە نرخ دیاریی دەکەین ئەویش بەپێی ئەو رێنماییەی لەبەردەستمانە کە بۆ هەر مەترێکی چوارگۆشە لە خانویەکی 200 مەتری كه 160 مەتری دەکاتە بینا، بە 250 دۆلار دیاریی دەکرێت، به‌مه‌ش كۆی گشتى نرخی یه‌كه‌كه ده‌گاته 40 هه‌زار (4 ده‌فته‌ر) دۆلار كه ئه‌مه نرخی ته‌نها خانوه‌كه‌یه به‌بێ خزمه‌تگوزاریی.
رونیكرده‌وه: بڕێك پاره‌ى تر له به‌شداران وه‌رده‌گیرێت بۆ خزمه‌تگوزاریی نێو پرۆژه‌كه له سیسته‌مى ئاو و ئاوه‌ڕۆ و كاره‌با و ...هتد، كه ئه‌مانه‌ش دەرخستە و جۆری مەوادەکانى لایەنە پەیوەندیدارەکان له شاره‌وانى و داموده‌زگا حكومیه‌كانى تر دیاریی ده‌كه‌ن.
پاشان تێچوى: قوتابخانە، بنكه‌ى به‌رگرى شارستانى، دایەنگە، شەقام و شۆسته، بنکەی تەندروستی و ...هتد، له‌سه‌ر بهشداربوهكه به‌هه‌مانشێوه حساب ده‌كرێت.
هونه‌ر مه‌حمود، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه كۆی تێچوى پرۆژه‌كه به‌بێ حسابكردنى قازانجى كۆمپانیا و به‌و بڕگانه‌ى سه‌ره‌وه، ده‌گاته نزیكه‌ى 50 هه‌زار (5 ده‌فته‌ر) دۆلار، به‌پێی رێنماییه‌كانى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانیش 18% قازانج بۆ وه‌به‌رهێنه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێت، كه ئه‌مه‌ش ده‌كاته 9 هه‌زار (90 گه‌ڵا) دۆلار، هه‌روه‌ك قیستی ساڵانه‌ش هه‌ر ساڵه‌ى 1%ـى ده‌چێته سه‌ر، به‌مه‌ش نرخه‌كه له كۆتاییدا ده‌بێته 62 هه‌زار (6 ده‌فته‌ر و 20 گه‌ڵا).
هاوكات سەرۆکی شارەوانی کەلار، رهتیدەکاتەوە بە هیچ جۆرێك دانانی نرخی یەکەکان بگەڕێتەوە بۆ ئەوان.
لایخۆشیه‌وه ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: نرخه‌كان بەنایاسایی و بە قازانجەوە دیاری دەکرێن.
کەریم عەلی، وتی: دانانی نرخەکان دواجار بەمیزاجی کۆمپانیایە نەک لیژنه‌یەکی پسپۆڕ هەڵسەنگاندنی بۆ کردبێت.
رونیشیكرده‌وه: نرخەکان دەبێت لەسەر مەتری بیناکە بەبێ تێچو بخرێتەڕو لەگەڵ نرخی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى وەکو: ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ، شەقام، قوتابخانە... هتد، بەبێ قازانج، واتا نابێت هیچ قازانجێک لەسەر پڕۆژەکانی نێو یەکەکە هەبێت، به‌ڵام من بە بەڵگە لامە کە سێتی ئەو کارەبایەی بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان ناردویەتی بۆ پڕۆژەکان قازانجی لەسەر حسابکراوە بە رێژه‌ى 20%..
وتیشی: ئەمەمان لەگەڵ لایەنەکان باسکردوە، بەڵام پێمانوایە هێشتا نرخی زیاد لەسەر پڕۆژەکان هەیە، لەوانە: پڕۆژەی بەهەشتی مامۆستایان کە پارەی زیاتریان لێوەرگیراوە.
بەڵام به‌ڕێوبه‌رى گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان، رەتیدەکاتەوە کە قازانج لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان حسابنەکرێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌وانیش حساب ده‌كرێت.
هەریەکە لە پڕۆژەی نیشتەجێبونی شاری شکۆ و رۆیاڵ سیتی، دانانی نرخەکانی یەکەکانیان دەخەنەڕو، بەڵام بەبێ ئاشکراکردنی قازانجی کۆمپانیاکانیان.
هاوکار وەلی غەفور، نوێنەری پرۆژەی نیشتەجێبونی شاری شکۆ، دەڵێت: روبەری خان‌و و شوێنی خانوەکە و جۆرەکەی و پڕۆژە خزمەتگوزارییه‌كان حساب دەکەین و بەو پێیە نرخەکانیان دادەنێین.
وتیشی: تێچوی روبەری خانوى 180 مه‌تری، کۆمپانیا هەیە بە 880 هه‌زار (8 ده‌فته‌ر) دۆلار و هه‌شه به 60 هه‌زار (6 ده‌فته‌ر دۆلار) دروستی دەکات.
باسی له‌وه‌شكرد: هه‌ندێك كۆمپانیا مەترێک بە 800 دۆلار حساب دەکات، بەڵام ئێمە 315 دۆلارمان داناوە، ئەمەش بەهەماهەنگی لەگەڵ وەبەرهێنانی گەرمیان.
هاوکات بەرپرسی بەشی فرۆشتنی پرۆژه‌ى رۆیاڵ سیتی "شاری شاهان"، ئەیوب محمەد، وتی: ئێمە 331 یەکە دروست دەکەین کە ڤێلان، نرخەکانمان دیاریی کردوە لە نێوان 160 هه‌زار (16 ده‌فته‌ر) تاوه‌كو 340 هه‌زار (34 ده‌فته‌ر) دۆلار.
وتیشی: نرخەکان بەپێی جۆری خانوەکانە، پێمانوانیە نرخەکانی ئێمە گرانبێت، چونکە خودی نرخ لە قەزای کەلار بەرزە و ڤێلاکانیشمان بە کەرەستە و مەوادی نرخ بەرز دروست دەکرێن.
لەبەرامبەردا، به‌ڕێوبه‌رى گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان، دەڵێت: نرخی ئەو پڕۆژانەی كه بازرگانیین جیاوازه، چونكه هێندەی ئێمە ئاگادار بین کەرەستەی گرانبەها لە ڤێلاکانیاندا بەکاردەهێنرێت کە ئەو نرخەی لەسەر دەکەوێت.
ئەیاد محەمەد، چالاکوان لەقەزای کەلار، پێیوایە خودی یەکەکان نرخەکانیان بەرزە کە لە چاو نرخی خانوی نێو شاردا جیاوازیەکی کەمی هەیە.
وتیشی: کاتێک پڕۆژەیەکی نیشتەجێبون ئەنجامدەدرێت، دەستی حزب و کەسانی بەرژەوەندیخوازی تێدایە و قازانجی ئەوان لە پێشترە، کە ئەمەش ناکرێت چاوەڕوانی گۆڕانکاری لێبکرێت.
رزگارعەبدولکەریم، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری نیشتەجێکردن، باس لەوەدەکات کەرتی نیشتەجێون نیمچە گشتیە و دەبێت حکومەت وجودی هەبێت، بەڵام بە وتەی خۆی، ئێستا تەنها ئەو کاتە وجودی هەیە کە زەوی دابین دەکات و کۆمپانیا ئەگەر شوقەیەک یان یەکەیەک بە 4 هەزار دۆلار لەسەری بکەوێت، دەیدات بە 12 هەزار دۆلار، کە ئەمە بابەتێکی قازانج ویستە نەک ئەنجامدانی پڕۆژە و دروستکردنی بابەتی خزمەتگوزاریی کە دواجار خراوەتە ئەستۆی خودی هاوڵاتی.
دەشپرسێت: کەواتا بۆچی خودی حکومەت ئەم پڕۆژانە ئەنجام نادات؟
5. پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبون نرخی خانویان هه‌رزان نه‌كردوه
خاوه‌نى نوسینگەیەکی خانوبه‌ره لە گەرمیان، باس له‌وه‌ده‌كات سه‌رباری ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون، به‌ڵام نرخى خانوی ناوچه‌كه بە جێگیریی ماوەتەوە.
گۆران محه‌مەد، خاوەنی نوسینگەی خانوبه‌رە لەگەرمیان، دەڵێت: نرخی خان‌و لەقەزای کەلار دانەبەزیوە، بەڵکو نرخەکەی وەستاوە، لەوەتەی هەیە خان‌و لە گەڕەکی جوتیاران بە 60000 تا 80000 (6 تا 8 ده‌فته‌ر) دۆلار بوه.
خاوه‌نى نوسینگهیهكى دیكه‌ى خانوبه‌ره، باس له‌وه‌ده‌كات له‌ئێستادا زیاتر خواست له‌سه‌ر یه‌كه‌ى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبونه.
ئاراس نەجم، خاوەنی نوسینگەی عەقاراتی موڵكی گەرمیان، دەڵێت: خواست لەسەر خانوی نێو شار کەمتر بوه‌ته‌وه، ئەگەر ڕۆژانە 100 کەس سەردامان بکات ئەوا 90 کەسیان بۆ کڕینی یەکەی نێو پڕۆژە نیشتهجێبونهكانه.
سه‌رباری ئه‌مه‌ش، وه‌ك ئه‌و دو خاوه‌ن نوسینگهیهى خانوبه‌ره ئاماژه‌یان پێكرد، هێشتا نرخی خان‌و دانه‌به‌زیوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌مو پرۆژه نیشتهجێبونانهش ئه‌نجام دراون.
قادر ئیسماعیل، چالاکوانی مه‌ده‌نی له قەزای کفری، جه‌خت له‌و رایه ده‌كاته‌وه و وتى: نرخی یەکەکان بەرزن و کاریگەریشیان نەبوە لەسەر نرخی خانوى نێو شار.
شاره‌زایه‌كى بوارى نیشته‌جێكردن، پێیوایە ئەوەی رێگرە لە هەرزان نەبونی نرخی خان‌و لەکاتێکدا بەردەوام پڕۆژەی نوێ نیشتەجێبون ئه‌نجام ده‌درێت، رێککەوتی خودی کۆمپانیاکانه.
رزگار عەبدولکەریم، وتى: كۆمپانیاكان نرخى یه‌كه‌ى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون نزیک لە یەکتر دادەنێن بۆئەوەی نرخیان دانابه‌زێت و زەویەکی بێبەرامبەر بە تێچویەکی کەم دەفرۆشنەوە بەنرخێکی چەند هێندە، کەواتە چۆن نرخەکان دادەبەزن؟
6. كۆمپانیاكان بێ سه‌رمایه‌ن و به پاره‌ى به‌شداران پرۆژه ده‌كه‌ن
چالاکوانێک ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كۆمپانیاكان بێ سه‌رمایه‌ن و به پاره‌ى به‌شداران پرۆژه‌كان بونیاد ده‌نێن.
ئەیاد محەمەد، وتى: ئەوەی لە پڕۆژەکانەوە بەدی دەکەین کۆمپانیای بێ سەرمایە پڕۆژە ئەنجام دەدات کە تەنها پارە لە هاوڵاتی وەردەگرن و خۆیان سەرمایەیان نیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان، بەمەش گرفت و کەموکورتی بە روی هەمو پڕۆژەیەکدا دەرکەوتوە.
له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڕێوبه‌رى گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان، باس له‌وه‌ده‌كات له‌پێدانى پرۆژه‌دا چه‌ند مه‌رجێكیان هه‌یه.
هونه‌ر مه‌حمود، وتیشی: ئەو وه‌به‌رهێنانه‌ى ده‌یانه‌وێت پرۆژه جێبه‌جێ بكه‌ن، دەبێت کۆمەڵێک مه‌رج هه‌یه جێبه‌جێی بكه‌ن، له‌وانه: سەرمایەکەی، سایت پلانەکەی، لەگەڵ سودی (جەدوای) ئابوری پرۆژه‌كه‌ى، پاش دڵنیابونه‌وه له‌مانه، ئینجا نوسراویان بۆ دەکەین بۆ لایەنەکانی دی.
وتیشی: وه‌به‌رهێنه‌ر ئەگەر سەرمایەی نەبێت پڕۆژەی پێ‌نادرێت، به‌ڵكو دەبێت خودى وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه لە لایەنێکی فەرمی باوەڕپێکراوهوه نوسراوێکمان بۆ بێنێت و تیایدا رونیبكاتهوه سەرمایەکەی چەندە، پاشان پڕۆژەکانی پێدەدرێت.
چالاکوانێکی قەزای کفری، دەڵێت: ئێمە هیج گەشبین نین بەو پڕۆژە نیشتەجێبونانەی ئەنجامدەدرێت.
قادر ئیسماعیل، وتی: رەنگە تایتڵەکەی بۆ خزمەتگوزاری و سودمەندبونی دانیشتوان بێت، بەڵام لە واقعدا بەو جۆرە نیە، بەڵکو پێمانوایە نرخی یەکەکان بەرزن و کاریگەریشیان نەبوە لەسەر نرخی خانوی نێو شار.
7. به‌شى حزب و كۆمپانیاكانى له پرۆژه‌كان دا
چالاکوانێک ره‌خنه ده‌گرێت به‌وه‌ى پرۆژه‌كان هێنده سودیان بۆ حزب و كۆمه‌ڵێك كه‌سى دیارییكراو هه‌یه، ئه‌وه‌نده بۆ خه‌ڵكى نییه.
ئەیاد محەمەد، بەدوری دەزانێت پڕۆژەکانی نیشتەجێبون ببنە هۆکاری گەشەسەندنی ناوچه‌كه، به‌ڵكو وكخۆی وتى: ئەوەی دەکرێت پێشخستنی بەرژەوەندی کۆمەڵێک کەسی دیاریکراوە کە چارەنوسی پڕۆژەکانی نیشتەجێبون به‌تایبه‌تى لەقەزای کەلار دیاریی دەکەن.
باسی له‌وه‌شكرد: دەستی حزبی و بێ سەرمایەیی کۆمپانیاکان، دروستکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجیبونی بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا بردوە.
مه‌به‌ست له ده‌ستى حزب له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون له گه‌رمیان، ئه‌وه‌یه كه كۆمپانیاكانى سه‌ر به یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان كه حزبی باڵاده‌ستى ئه‌م سنوره‌یه، پشكیان هه‌یه له هه‌ندێك له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبونى سنوره‌كه.
به‌پێی نوسراوێكى مه‌ڵبه‌ندى گه‌رمیانى یه‌كێتى نیشتمانى كه مێژووه‌كه‌ى بۆ ساڵی (2019) ده‌گه‌ڕێته‌وه و پێشتر رادیۆی ده‌نگ بڵاویكردوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات 8%ـى قازانجى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون بۆ ئیداره‌ى گشتییه.
له‌باره‌ى ئه‌م پرسه‌وه، به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، له گفتوگۆیه‌كى كراوه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان دا له رێكه‌وتى (21/5/2022) له كه‌لار، بێئاگایی خۆی ده‌ربڕى و جه‌ختیكرده‌وه ئه‌وان وه‌كو حكومه‌ت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كاندا ده‌كه‌ن.
8. ئه‌نجامدانى پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریی له‌ناو شار له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه
له‌دواى دروستبونى قه‌یرانى داراییه‌وه، شاره‌وانیه‌كان و به‌تایبه‌تى شاره‌وانى كه‌لار، به‌و مه‌رجه زه‌وی ده‌دایه كۆمپانیاكان، كه بڕێك پاره وه‌كو دیاری بده‌ن به ئه‌و، بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریی له‌ناو شاردا پێ ئه‌نجام بدات.
لە کۆی 14 پڕۆژەی نیشتەجێبون لە گەرمیان، تەنها یەک پڕۆژە پارەی خەرج کردوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمه‌تگوزاریی له‌ناو شاردا.
سه‌رۆكى شارەوانی کەلار، ئەکرەم ساڵح، لەوبارەیەوە وتی: ئەوکات هیچ شتێکی لەو شێوەیە لە بەردەستماندا نەبوە کە وەبەرهێنەکە لە بەرامبەر ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبون پارە بۆ شارەوانی خەرج بکات، بۆیه هیچ کام لەو پڕۆژانە جگە لە نۆژین سیتی پڕۆژەی خزمه‌تگوزارییان ئەنجام نه‌داوە و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش (نۆژین سیتی) هه‌ستاوه به دروستكردنى جادەی تهنیشن پەروەردەی گەرمیان.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، له پرۆژه نوێكان دا، كۆمپانیاكان پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریی بۆ شار ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
رونیكرده‌وه: پرۆژه‌ى شێروانە تاوەرز کە پێکدێت لە 3 تاوەر و دەکەوێتە تەنیش دیوان مۆڵ، دەبێت قیرتاوی گه‌ڕه‌كى بەردەسور تەواو بکات لەگەڵ قیرتاوى یەکێک لە گەڕەکەکانی دیکە، بەڵام بەقەرز ئەنجامی دەدات تاوەکو حکومەت پارەی بۆ خەرج دەکاته‌وه، پاش خهرجكردنهوهى ئه‌و پاره‌یه، 900 ملیۆن دینار بۆ شارەوانی خەرج ده‌کات.
هەروەها پڕۆژەکانی شاری سەوز کە روبەری 100 دۆنم لە گەڵ جاف سیتی کە 104 دۆنمە و هەردوکیان دەکەونە تەنیشت پڕۆژەی نیشتەجێبونی فەرمانبەران، لەگەڵ پڕۆژەی گەرمیان سیتی پێکەوە 8 ملیار دینار بۆ پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریی خه‌رج ده‌كه‌ن، كه سه‌ره‌تا ئه‌و پاره‌یه وه‌كو قه‌رز بۆ پرۆژه‌ى رێگای کەلار- سلێمانی خەرج دەکرێت و دواتر كه قه‌رزه‌كه‌یان درایه‌وه به‌شێكى ده‌كه‌نه پرۆژه له‌ناو شارى كه‌لار.
هه‌روه‌ك پڕۆژەی یاکان و شاری شاهان پاککردنەوەی چەمی گازینۆ ئەنجامدەدەن، پڕۆژەی شاری شاهان دروستکردنی شەقامێکی 40 مەتری لەسەره.
هەروەها شاری شکۆ کە پرۆژەکە دەکەوێتە رزگاریەوە و 330 دۆنم زەوی پێدراوە، پڕۆژەی دروستکردنی جوتسایدێک بەتەنیشت بینای ئاسایشی رزگاری لەگەڵ دروستکردنی سایدێکی رێگاوبان بەتەنیشت بینای کۆمیتەی یەکێتیی له ناحیه‌ى رزگاری ئه‌نجام ده‌دات کە تێچوەکەی نزیکەی ملیار و نیوێکە، لەگەڵ دروستکردنی ئاوه‌ڕۆی سندوقیی به‌درێژایی 3 كیلۆمه‌تر.
هه‌رچی پڕۆژەی قەیوان (بناری پیرە مەگرون)ـه، تەواوکردنی سایدی دوەمی سەقامی پشتێنەی کەلار جێبه‌جێده‌كات لەگەڵ چارەسەرکردنی تۆڕی کارەبا کە لەو شوێنەیە.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌نجامدانى ئه‌م پرۆژانه بە چ پێوەرێک دیاریی دەکرێت؟ سەرۆکی شارەوانی کەلار دەڵێت: ئەو پڕۆژانەی دەبێت کۆمپانیا بۆ شارەوانی ئەنجامی بدات، بەپێی روبەری ئه‌و زەویە و هەڵکەوتەی شوێنەکەی دیاریی دەکرێت كه ده‌درێت به كۆمپانیاكه بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌ى نیشته‌جێبونى له‌سه‌ر ئه‌نجام بدات.
9. هه‌ندێك له پرۆژه‌كان ده‌ستیان پێنه‌كردوه و مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ده‌كرێت
ژمارەیەک کۆمپانیای نیشتەجیبون بەبێ ته‌واوكردنى رێکاری کۆتایی مامەڵەکەیان، پسولە و یەکەکانی نێو پڕۆژەکانیان دەفرۆشنەوە، به‌ڕێوبه‌رى گشتى وەبەرهێنانی گەرمیانیش ئه‌وه بە بازاڕی ڕەش ناو دەبات
شاری شکۆ کە پرۆژەیەکی نوێی نیشتەجێبونە و دەکەوێتە سنوری شارەوانی ناحیەی رزگاریەوە و دەستی بەفرۆشتنی یەکەکانی کردوە.
به‌وته‌ى هاوڵاتیه‌ك، پسولەیەکی بە 2000 (20 گه‌ڵا) دۆلار و پێشەکی 10000 (1 ده‌فته‌ر) له‌و پرۆژه‌یه كڕیوه.
له‌به‌رامبه‌ردا، هاوکار وەلی، نوێنەرى کۆمپانیای ده‌شتى به‌رلوت كه پرۆژه‌كه جێبه‌جێ ده‌كات، ده‌ڵێت: ئێمە بەبێ به‌رامبەر پسولەکانمان بە هاوڵاتیان داوە.
لەبارەی دەستبەکاربونیشیانهوه وتی: رێکارە سەرەتاییەکانی پڕۆژەکەمان تەواوکراوە و دەتوانین دەستبەکارکردن بکەین.
بەرپرسی بەشی فرۆشتنی پرۆژه‌ى رۆیاڵ سیتی، ئەیوب محەمەد، باسی لەوەکرد ئەوان دەستیان بە فرۆشتنی یەکەکان نەکردوە، ئەمەش سەرباری ئەوەی کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ریكلامی بۆ دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕو، تەنها شوێن حجزکردنە بۆ کەسێک کە بیەوێت دیاری دەکات و ئێمەش بۆیان حجز دەکەین تا دەستبەکاربونی پڕۆژەکە كه زۆری نه‌ماوه و زۆربه‌ى کارەکانی تەواو بوە و کۆتا نوسراوی لە ئەنجومەنی وەزیرانە و تەنها گەڕانەوەی ماوە.
گەرمیان سیتی، یەکێکی دیکەیە لەو پڕۆژانە یە کە پسولەکانی لەنێو هاوڵاتیان کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت لە ڕێگەی نوسینگەکانی خانوبەرەدا بە دیارییکردنی روبەر و جۆری خانوەکانیشهوه.
له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: بەهیچ جۆرێک نابێت هاوڵاتیان مامەڵە لەگەڵ ئه‌و كۆمپانیایانه بكه‌ن، چونکە ئەوەی ئەوان دەیکەن بازاڕی رەشە، نابێت هاوڵاتیان پارەی خۆیان بەو کۆمپانیایانە بدەن.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى بۆچی ئیجرائات ناكه‌ن له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان، وت: ئێمە ناتوانین ئیجرائات بکەین، چونکە هیچ سکاڵاکارێک بونی نیە.
10. كۆمپانیاكان نه‌ك سزانادرێن پاداشت ده‌كرێن
ئەگەرچی کۆمپانیاکان جێی رەخنەی هاوڵاتیانن، به‌ڵام به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وەبەرهێنانی گەرمیان تائێستا هیچ کۆمپانیایەکی سزا نەداوە، دەڵێت: ئاگادارمان کردونەتەوە.
هونەر مەحمود، بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان، وتى: تەواونەکردنی پڕۆژەکان و ئەو کەموکورتیانەی تێیاندایە، بەهۆی ئەوەوه بوە کە به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وەبەرهێنان لە گەرمیان نەبوە و سەرپەرشتی وردی پڕۆژەکان نەکراوە، هه‌روه‌ك ئه‌مه‌ش لەکاتێکدا بوە کە بەڕێوبەرێکی دیکە لە وەبەرهێنانی گەرمیان بوە جگه له من.
له‌باره‌ى شێوازى لێپێچینه‌وه‌ى ئه‌وان له بونى سه‌رپێچی له‌لایه‌ن كۆمپانیا جێبه‌جێكاره‌كانى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبونه‌وه، وتى: لەڕوی یاساییەوە بەرامبەر بەکەمتەرخەمی وەبەرهێنەکان سزا دیاریی نەکراوە، به‌ڵكو ئێمە ئاگادارکردنەوەیان بۆ دەکەین زیاتر لە جارێک، ئەگەر پابەندنەبێت بەئاگادارکردنەوەکانمان، ئه‌وا دەتوانین مۆڵەتی پڕۆژەکەی پێی هەڵبوەشێنینەوە.
كۆمپانیاكان كه سه‌رپێچی ده‌كه‌ن یان پرۆژه ته‌واو ناكه‌ن، نه‌ك لێیان ناپرسرێته‌وه، به‌ڵكو پرۆژه‌ى دیكه‌شیان پێده‌درێت.
كۆمپانیای روناكى شار كه پرۆژه‌ى یه‌كه‌مى كه هێلان سیتییه، دواى 13 ساڵ هێشتا حكومه‌ت وه‌رینه‌گرتوه‌ته‌وه به‌هۆی بونى كه‌موكورتی تێیدا، كه‌چى له‌م ساڵانه‌ى دواییدا پرۆژه‌یه‌كى دیكه‌ى پێدرا كه پرۆژه‌ى لانه سیتی بو، ئێستا ئه‌ویش هه‌ر به‌هۆی بونى كه‌موكورتی تیایدا، وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه.
ئەکرەم ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەوکات قەیرانی نیشتەجێبون هەبو لەگەرمیان، وەبەرهێنی دیکەش نەبوە کە پڕۆژە ئەنجامبدات، بۆیه كه كۆمپانیاكه پرۆژه‌ى لانه سیتی پێدرا قەیرانی نیشتەجێبون هەبو و هیچ وەبەرهێنێکی دیکەش مۆڵەتی نەبو.
به‌ڵام له ئێستاشدا هه‌ندێك پرۆژه‌ى دیكه كه ئه‌وانیش كێشه‌یان تێدایه و به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌وه وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه، كه‌چى فراوانكردنیان بۆ كراوه و زه‌وی دیكه‌یان پێدراوه بۆ ئه‌وه‌ى بیده‌ن به ده‌م پرۆژه‌كه‌وه و یه‌كه‌ى تری تێدا دروست بكه‌ن.
هه‌ریه‌كه له پرۆژه‌كانى: تابلۆ سیتی، بان سیتی و لانه سیتی، به‌هۆی بونى كه‌موكورتییه‌وه وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه، كه‌چى فراوان كردنیان بۆ كراوه و زه‌وی دیكه‌یان پێدراوه بۆ ئه‌وه‌ى بیكه‌نه یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون.
پرۆژه‌ى تابلۆ سیتی 17 دۆنم، بان سیتی 33 دۆنم و لانەسیتی ٨ دۆنم فراوانکردنیان بۆ دەکرێت.
سەرۆکی شارەوانی کەلار، ئەکرەم ساڵح، فراوانکردنی پرۆژەکان به حاڵه‌تێكى "ئاسایی" ده‌زانێت و وتى: ئەو زه‌ویه‌ى بە لانە سیتی دراوە زەویەکەی کەمە و بۆ پڕۆژەی دیکە نابێت، بۆیە لەبەرامبەر فراوانکردنی پڕۆژەکە چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی پێدەکرێت، لەوانە: شەقام و کارەبا بۆ پڕۆژەکە كه دەبو حکومەت بیکات.
"فراوانکردنی پرۆژەی بان سیتی بە 33 دۆنم زەوی بەو بیانوەیە کە سێ بەشی خزمەتگوزاریەکان لە فراوانکردنەکەیدا ئەنجام دەدرێت، چونکە لە پێشوتردا دروستکردنی: قوتابخانە، بنكه‌ى ئاگرکوژێنە و بنکەی تەندروستی وەک پێداویستی پڕۆژەکە دیاریکراوە، بەڵام نەخراوەتە سەر تێچوی پڕۆژەکە، واتا بەشداربوانی پرۆژکە پارەی ئەو خزمەتگوزاریانەیان لەسەر هەژمار نەکراوە". بەرێوبەری گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان وای وت.
وتیشی: وەبەرهێن مافی خۆیەتی داوای فروانکردن بکات بۆ پڕۆژەکەی کە بەڕێکاری ئیداری و بە پێی یاسای ژمارە 4ـى ساڵی 2006 وەبەرهێنان رێگەپێدراوە، بەڵام ئێمە لە بەرامبەر ئه‌م فراوانكردنه داواى ئه‌نجامدانى پرۆژه‌مان له وه‌به‌رهێنه‌كه كردوه، بۆنمونه وه‌به‌رهێنه‌رى پرۆژه‌ى تابلۆ سیتی دایه‌نگە و باخچەی ساوایان و قوتابخانە دروست ده‌كات و دڵنیاین کە لە مانگی ئه‌یلولی ئه‌مساڵدا دەوامی تێدا دەكرێت.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى كه به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنان ئاماژه‌ى پێكرد له‌به‌رامبه‌ر فراوانكردنى پرۆژه‌ى تابلۆ سیتی به وهبهرهێنهكهى ده‌كه‌ن، خۆی له بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌بو وه‌به‌رهێنه‌كه دروستى بكردایه و هی پرۆژه‌كه‌ى پێشویهتى و هه‌تا ئێستاش ته‌واوى نه‌كردوه!
11. ده‌ستپێنه‌كردنى هه‌ندێك له پڕۆژه‌كان
ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك له پڕۆژه‌كان ره‌زامه‌ندییان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی بونى كێشه‌وه، ده‌ستیان پێنه‌كردوه، یه‌كێك له‌و پرۆژانه‌ش، مارینایه كه پرۆژه‌یه‌كى میكسه (پرۆژه‌ى تێكه‌ڵى بازرگانى و نیشته‌جێبون و گه‌شتیاریی) و له‌سه‌ر روباری سیروانه.
هۆشمەند عوسمان، بەڕێوبەری پرۆژەی شاری نمونەیی مارینا، له‌وباره‌وه وتى: لایەنی حکومی کەمتەرخەمن لە رادەستکردنی شوێنه‌كه به ئێمه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد كه ئه‌وان نه‌خشه‌ی ته‌لارسازییان پێشكه‌ش به لایه‌نى حكومى كردوه و ده‌بێت حكومه‌ت زه‌ویه‌كه‌یان راده‌ست بكات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وان ده‌ست به كار بكه‌ن كه سه‌ره‌تا پێش هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك ده‌بێت بڕگه خزمه‌تگوزارییه‌كان ته‌واو بكه‌ن كه سه‌ره‌كیی ترینیان و یه‌كه‌میان كۆڕنیشهكهیه.
باسی له‌وه‌شكرد له‌گه‌ڵ 85%ـى ئه‌و خه‌ڵكه‌ى كه پێشتر له‌و ناوچه‌یه كشتوكاڵ و كاسبیان هه‌بوه رێككه‌وتون و پاره‌یان پێیانداوه، به‌ڵام ئه‌وه‌كه‌ى دیكه ماوه و به‌وته‌ى خۆی: "حکومەت هاوکارمان نیە و ئەو خەڵکەش دەرناچێت و مەجبورین بەدیاریەوە دانیشین تا قەناعەت دەکەن".
لایخۆشیهو، ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار وتى: کۆرنیشەکە لە دراسەدایە، ئێستا لیژنەیەکی باڵا سەرپەرشتی دەکات بۆ ئەوەی ئەپدەیتی تەواوی بکرێت و پەسەند بکرێت، هه‌تا پەسەندیش نەکرێت دەست ناکرێت بەکارکردن تێیدا.
له‌باره‌ى بونى رێگرییشهوه، وتى: ئەوکاتەی کە پەسەند کرا، هەر رێگرییەک هەبێت کار لەسەر لادانی دەکەین.
رێگرییه‌كان به ته‌نها له‌و پرۆژه‌یه‌دا نیه، به‌ڵكو زۆر پرۆژه‌ى دیكه‌ش كه‌موكورتیی و رێگری تێدا هه‌بون و به‌وهۆیه‌وه نه‌چونه بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه یان له جێگه‌ى خۆیان وه‌ستابون، هه‌ربۆیه له رۆژى 20ـى حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ جێگری سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم- قوباد تاڵه‌بانى، سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌یه‌كى ئیداره‌ى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی و فه‌رمانگه پهیوهندییدارهكانى گه‌رمیانى كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه، كه سه‌ره‌نجام بڕیاردرا لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت به سه‌رۆكایه‌تى نوسینگه‌ى جێگری سه‌رۆكى حكومه‌ت، بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان.
لیژنه‌كه تائێستا 2 كۆبونه‌وه‌ى كردوه، یه‌كێك له كه‌لار و یه‌كێك له سلێمانى، بڕیاریشدراوه كه پرۆژه به پرۆژه‌ی نیشته‌جێبون هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ بكرێت و چاره‌سه‌ر بۆ كێشه و رێگرییه‌كانى بدۆزرێته‌وه.
12. پرۆژه‌كان لێكه‌وته‌یان بۆسه‌ر ژینگه هه‌یه
به رای شاره‌زایان، پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون له پاڵ سوده‌كانى دا، له زۆر روه‌وه لێكه‌وته‌ى سلبی ده‌بێت، به‌تایبه‌تى كه به‌شێوازێكى پێشتر داڕێژراو و له‌سه‌ر بنه‌مای زانستى نه‌كراون.
عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت، مامۆستای زانكۆی گه‌رمیان و پسپۆڕی ژینگه و ئاو، پێیوایه ژمارەی خودی پڕۆژەکانی نیشتەجێبون زۆرن و زیاترن لە ئاستی پێویست.
له‌م بۆچونه‌دا، رزگارعەبدولکەریم، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری نیشتەجێکردن، هاوڕایه و ده‌ڵێت: ئەوەی ئێستا هەیە بابەتی فراوانکردن وخزمەتکردن نیە، بەڵکو تەخشان و پەخشانكردنى زەوییه، کە ئەمانە ناکرێت هێندە بە سانایی بکرێن.
زۆربونى ئه‌م پرۆژانه، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژینگه ده‌بێت.
عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، دروستكردنى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون رێژه‌ى زه‌وی قیرتاو و كۆنكرێت له شاردا زیاد ده‌كات، ئه‌مه‌ش واده‌كات گه‌رمای نێو شار زیاتر بێت.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌مه ده‌بێت روبه‌رى سه‌وزایی زۆر بكرێت و دارستانى ده‌ستكرد بونیاد بنرێت.
یه‌كێكى دیكه له زیانه‌كانى پرۆژه‌كه به‌وته‌ى ئه‌و پسپۆڕه، زیادكردنى مه‌ترسی دروستبونى لافاوه.
وتی: بەشێکی زۆری پڕۆژەکان لەسەر رێڕەوە ئاویەکان دروست کراون، بۆیە مەترسی دروستبونی لافاوی لێدەکرێت.
له‌لایه‌كى دیكه‌وه ئه‌و پرۆژانه ده‌بنه هۆكارى زیانگه‌یاندن به كشتوكاڵ.
به‌پێی روپێویه‌كى رۆژنامه‌نوس: ئاسۆ وه‌هاب، له ساڵی 2012ـوه هه‌تا سه‌ره‌تاى 2022، 3 ملیۆن و 111 هه‌زار و 874 مه‌تر دوجا زه‌وی له كه‌لار كراون به پرۆژه‌ى نیشته‌جێبون، كه ئه‌مانه‌ش له‌سه‌ر زه‌وی كشتوكاڵی بون.
له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان، رهدیكردهوه كه ئه‌و زه‌ویانه‌ى كراون به نیشته‌جێبون كشتوكاڵیی بن، به‌ڵكو وه‌كخۆی وتى: به‌رده‌ڵانیی "صخری"ن.
به‌شێك له‌و روبه‌ره زه‌ویانه، له‌وه‌ڕگان، كه به وته‌ى عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت زیانى بۆ لایه‌نى كشتوكاڵیی "ئاژه‌ڵداریی" ده‌بێت.
دیارترین زیانى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون له بوارى ژینگه و سروشتدا، له بوارى ئاو دایه، چونكه سه‌رچاوه‌ى ئاوى پرۆژه‌كان كراون به بیری ئیرتیوازی، ئه‌مه‌ش واده‌كات ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی ناوچه‌كه كه‌م بكات و مه‌ترسی بكه‌وێته‌سه‌ر.
به‌وته‌ى عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت، په‌نابردنه به‌ر ئاوی ژێر زه‌وی به‌وهۆیه‌وه‌یه كه تێچونهكهى كه‌متره، ئه‌گینا زیان و لێكه‌وته‌كانى زیاتره.
به‌وته‌ى ئه‌و شاره‌زایه، باشترین كار سودبینینه له ئاوى سیروان له رێگه‌ى پاڵاوگه‌ى ئاوی كه‌لاره‌وه.
سامان ره‌حیم، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی كه‌لار، وتی: لە ئێستادا ناتوانین ئاو بۆهیچ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبون له پاڵاوگه‌ى كه‌لاره‌وه دابین بکەین، چونكه تواناى ئه‌وه‌ى نیه ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ى تری بكه‌وێته سه‌ر، بۆیه دەبێت فراوانکردن بۆ پاڵاوگەكه بکرێت یان کۆمپاکت یونت دابنرێت.
هه‌ندێك له‌و پرۆژانه كه سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌كه‌یان بیری ئیرتیوازییه، كێشه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه ئاستى سه‌رچاوه‌ى ئاوی ژێر زه‌وییان كه‌مه و به‌شی ئه‌وه‌ناكات ئاو به ته‌واوه‌تى بدات به پرۆژه‌كه، ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌تى له‌و پرۆژانه‌دا ده‌رده‌كه‌ون كه له‌و دیو شه‌قامی پشتێنه‌یی كه‌لارن له ریزی زانكۆی گه‌رمیان.
نوێترین پڕۆژە کە پرۆژه‌ى بان سیتییه، لە رادەستکردنەوەى دا دەرکەوتوە گرفتی کەمی ئاوی دەبێت و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی کەلار پرۆژه‌كه‌ى وەرنەگرتوهتەوه.
سامان رەحیم، له‌وباره‌وه وتی: بۆ ئەو پڕۆژەیە رۆژانە 2000م ئاو پێویستە، کەچی ئەو بیرانەی لێدراو‌ن تەنها دەتوانن لە رۆژێکدا 20 بۆ 25 مەتر ئاو دابین بکەن.
كێشه‌كه به‌وته‌ى: حامد جومعه، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ژێر زه‌وی گه‌رمیان، ئه‌وه‌یه كه ئاستى ئاوی ژێرزه‌وی به‌شێكى ئه‌و ناوچه‌یه كه له روى جیلۆجیهوه به چینی (له‌وه‌ر به‌ختیاریی) ناوده‌برێت، لاوازه و ئاوه‌كه‌ى كه‌مه.
بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌یه، به‌ڕێوبه‌ری گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان، دەڵێت: "کۆمپاکتێک بۆ ئاوی بەردەسور دەکەین"، دڵنیاییش دەدات گرفتی کەمئاویی دروست نابێت.
هونەر مەحمود، وتیشی: سەرجەم پڕۆژەکان بۆ لێدانی بیر رەزامەندیی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ژێرزەوی گەرمیانیان هەیە، ئەگەر به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی کەلار ئەو بابەتە بخاتە ئەستۆی کۆمپانیاکە ئەی خۆی کارمەندی هەیە واتا میلاکی هەیە بۆ سەرپەرشتی کردنی بیرەکان.
باسی له‌وه‌شكرد دابینكردنى ئاو له ئه‌ستۆی كۆمپانیای جێبه‌جێكاره، له‌وباره‌وه وتى: "بەهەمو شێوەیه‌ک کۆمپانیا بەرپرسیارە لەدابینکردنی ئاو تەنانەت بەکڕینەوەی ئاویش بێت لەو بیرانەی لەسەر روباری سیروان هەن".
وه‌ك به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى كه‌لار ئاماژه‌ى پێدا، باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه پاڵاوگه‌ى ئاوی كه‌لار فراوان بكرێت و له‌وێوه ئاو بگه‌یه‌نرێته پرۆژه‌كانى ئه‌و دیو شه‌قامى پشتێنه‌یی كه‌لار، به‌ڵام به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان ئه‌مه به دور ده‌زانێت به‌هۆی تێچوهكهیهوه.
هونه‌ر مه‌حمود، وتیشی: پرۆژه‌كه بڕی 10 بۆ 12 ملیار دینار تێچوەکەیەتی، لەکاتێکدا موچەی هەمو گەرمیان 30 ملیارە!
به‌شى دوه‌م: گرفته‌كانى پڕۆژەکانى نیشته‌جێبون
یه‌كه‌م: پرۆژه تهواوكراوهكان
بریتین له‌و پرۆژانه‌ى كه ته‌واوكراون و هاوڵاتیان رۆشتونه‌ته ناو پرۆژه‌كه و یه‌كه‌كانیان، وه‌كو: دریم لاند، هێلان سیتی، كه‌لاری نوێ (تابلۆ سیتی)، لانه سیتی، نۆژین سیتی و بان سیتی.
جگه له پرۆژه‌كانى: دریم لاند و نۆژین سیتی، چوار پرۆژه‌كه‌ى تر، به فه‌رمی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ندێك كێشه‌وه كه له خواره‌وه خراونه‌ته‌ڕو.
1. ته‌واونه‌كردنى پرۆژه و خزمه‌تگوزارییه‌كان
به‌شێك له‌و پرۆژانه‌ى كه ته‌واوكراون و هاوڵاتیان چونه‌ته ناویان، له راستیدا ته‌واو نه‌كراون، واتا هه‌مو بڕگه‌كانى ته‌واو نه‌بوه و هه‌ندێك له خزمه‌تگوزارییه‌كانى كهموكورتییان تێدایه.
سەباح کەلاریی، دانیشتوی پڕۆژەی کەلاری نوێ (تابلۆ ستی)یه کە پێکهاتوە لە 900 یەکە. باس لەوەدەکات ماوەی 8 ساڵە پڕۆژەکە تەواو کراوە و بەنیوە و ناچڵی کۆمپانیەکە بەسەر هاوڵاتیاندا به‌جێی هێشتوە و خۆیان وه‌كو به‌شداران پارەیان تێدا خەرج ده‌كه‌ن.
وتیشی: یەکەکانمان هێندە دواکەوت به ناچارى خۆمان پارەمان بۆ خەرج کردە بۆ تەواوکردنی، نزیکەی 1900 (19 گه‌ڵا) دۆلارمان تێدا خەرج کردوە لە بری کۆمپانیا، سه‌ره‌تا کۆمپانیا پێی وتین خۆتان پارەی تێدا خەرج بکەن و دواتر پارەکانتان بۆ خەرج دەکەینەوە، بەڵام بۆ کەسێک کە یەک ملیۆن دیناری سەرف کردوە کۆمپانیا 150 هەزار دیناری خەرج دەکرد، بەئێستاشەوە کە پڕۆژەکەی رادەستی ئێمە نەکردوە داوای قیستی کۆتایی دەکات.
وتیشی: هەمومان کراوینەتە قوربانیی کۆمپانیا، ئەو خزمەتگوزاریانەشی دروستی کردوە خراپ بوە، وەک: قیرەکەی.
هەمان گرفت لە پڕۆژەی لانە سیتی دا هەیە کە ژمارەی یەکەکانی 330 یەکەیە و كۆمپانیای روناكى شار جێبه‌جێی ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك دانیشتوانەکەی ئەوەدەخەنەڕو کۆمپانیا بەبێ ئەوەی یەکەکان تەواو بکات لە رێگەی دادگاوە داوای قیستی کۆتایی پڕۆژەکە دەکات.
دەشتی محەمەد، دانیشتوى پرۆژه‌كه، باسی لەوەکرد: وەبەرهێنی پڕۆژەکە لە رێگەی دادگاوە فشاری خستوه‌تە سەر به‌شداران بۆ وەرگرتنەوەی قستی کۆتایی پڕۆژەکە، کە ئەمەش پێچەوانهی کاری کۆمپانیاکەیە کە خۆی کردویەتی و پڕۆژەکەی بەجێهیشتوە.
دەشڵێت: لە ناچاریی دا خۆم دەستم دایە تەواوکردنی یەکەکەم بۆ ئەوەی بەچۆڵی نەمێنێتەوە، نزیکەی 2 هەزار (20 گه‌ڵا) دۆلارم تێدا خەرج کردوە.
سەرباری ئەوانەش وەکخۆی ده‌ڵێت: کۆمپانیایی جێبەجێکار سکاڵای لەسەر کردوین بەو بیانوەی قیستی کۆتایی پڕۆژەکەمان پێنەداوە.
له‌به‌رامبه‌ردا، ئەحمەد حەسەن، خاوەنی کۆمپانیای روناکی شار کە جێبەجێکاری پڕۆژەى لانه سیتییه، وتی: ئێمە مافی خۆمانە کە داوای پارە بکەین، چونکە پڕۆژەکەمان تەواو بوە.
رەتیشیدەکاتەوە هاوڵاتیان خۆیان پارەیان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانیان خەرج کردبێت "خەرجکردنی پارە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بۆ شتی دیکە بوە کە ویستویانە خۆیان ئەنجامی بدەن، بۆ نمونە: دکتی موبەڕیدە کە ئەمە لەپڕۆژەکەی ئێمەدا نییە خۆیان رەزامەند بونە لە سەر ئەستۆی خۆیان بیکەن".
گەرچی پرۆژەی بان سیتی نزیکە لە رادەستکردنی یەکەکان بۆ بەشداربوان و هه‌ندێك له به‌شداربوانیش ماڵیان بردوه‌ته نێو یه‌كه‌كان، بەڵام وەک به‌شدارانى ئاماژەی پێدەکەن کەموکورتی لە پڕۆژەکان هۆکارە بۆ ئەوەی یەکەکانیان وەرنەگرنەوە .
کارزان ئیبراهیم، به‌شدارێكى پرۆژه‌كه، باسی لەوەکرد: ئەوان هیچ گرەنتیەکیان نیە کە کۆمپانیا پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان تەواو دەکات، چونکە قوتابخانەکە تەواو کراوە، بەڵام ئامادەکاریی بۆ نەکراوە، بۆیە نازانین چارەنوسی ئەو بڕگه خزمه‌تگوزاریانه‌ى ناو پڕۆژەكه چی لێدێت.
وتیشی: دەبو مزگەوت، یاریگا، بازاڕ، بنکەی تەندروستی، بنكه‌ى به‌رگرى شارستانى و یه‌كه‌ى چارەسەری ئاوی قورس له پرۆژه‌كه‌دا هه‌بوایه، بەڵام هیچیان نەکراوە، کەواتە چۆن بتوانین پڕۆژەکانمان وەربگرینەوە.
ئازاد ئه‌حمه‌د، بەشداربویەکی پڕۆژەی لانە سیتییه، وتى: قوتابخانەمان نیە و خوێندکارەکانمان لە نێو کابینهیەکدا وانە دەخوێنن.
به‌هه‌مانشێوه پڕۆژەی تابلۆ سیتییش قوتابخانه‌ى تێدا نییه.
سیروان محەمەد، به‌شداربوى پرۆژه‌كه، وتی: قوتابخانەی نێو پڕۆژەکە نه‌كراوه‌ته‌وه.
له‌باره‌ى ئه‌م كێشانه‌وه، به‌ڕێوبه‌ری گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان ده‌ڵێت: ئەو کەموکورتیانە لای ئێمه‌ش دیارن.
هونەر مەحمود، وتیشی: پڕۆژەی لانە سیتی گرفتی ئەوەبو کە پرۆژەیەکی گوێزراوەیە لە هەڵەبجەوە، وردەکاریی ئەنجامدانی پڕۆژەکە وەکخۆی دانەنراوە کە وەبەرهێنی پڕۆژەکە باسی لەوەکرد ئەم پڕۆژەیە سندوقی نیشتەجێبونە، بەمەش ئەنجامدانی خزمەتگوزاریی ناکەوێتە ئەستۆی، بەڵام رونکردنەوەمان پێدراوە لەسەر ئەو پڕۆژانە کە دەکەونە بەر سندوقی نیشتەجێبونیش دەبێت پڕۆژەکان وەکخۆی ئەنجامبده‌ن و کۆمپانیامان لەوبارەیەوە ئاگادار کردوه‌تەوە.
له‌باره‌ى پرۆژه‌ى بان سیتییشهوه، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا خزمه‌تگوزارییه‌كانى جێببهجێكردوه، وتى: ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەی دروستکردوە کە دەبو بیکات، لەوانە: قوتابخانەکەی تەواوکردوە تەنها دانانی کەرەستەکانی خوێندن و ژورەکانی ماوە.
سه‌باره‌ت به پرۆژه‌ى تابلۆ سیتییش، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد له‌و فراوانكردنهى كه بۆ پرۆژه‌كه كراوه، كۆمپانیاكه ناچاركراوه كه خزمه‌تگوزارییه‌كان ته‌واو بكات و بۆ وه‌رزی نوێی خوێندنیش قوتابخانه‌ی پرۆژه‌كه ئاماده ده‌بێت.
2. كێشه‌ى قیست و سكاڵاى دادگا
کۆمپانیاکان پڕۆژەکانیان تەواو ناکەن و داوای رادەستکردنی قیستی کۆتایی پڕۆژەکانیان دەکەن وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت: بەهیچ جۆرێک نابێت هاوڵاتیان پارە بدەن.
پڕۆژەی نیشتەجێبونی لانە سیتی لەگەڵ ئەوەی وەبەرهێنی پڕۆژەکە بەهۆی کەموکورتیەوە حکومەت پڕۆژەکەی لێوەرنەگرتوهتەوە، بەڵام فشار لەدانیشتوانی پڕۆژەکە دەکات بۆ پێدانی قیستەکان لەلایەن هاوڵاتیانەوە.
سامان حسێن، دانیشتوی ئەو پڕۆژەیە و دەڵێت: ئێستا کۆمپانیا بەردەوامە لەفشارکردن بۆ ئەوەی قیستی یەکەکانی رادەست بکرێت.
وتیشی: بەڵام بەهۆی ئەنجامنەدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی نێو پڕۆژەکەوه، رەتمان کردوه‌تەوە هیچ بڕه پارەیەکیان پێبدرێت.
وتیشی: تاوەکو ته‌واوكردنى کۆی یەکەکە بە نزیکی 45 هه‌زار (4 ده‌فته‌ر و نیو) دۆلار لەسەرمان دەکەوێت، هه‌تا رادەستکردنی یەکەکان دەبیت 60% پارە بدرێت، ئەو بڕە پارەیه‌ی دەمێنێتەوە دەکرێتە قیستی درێژخایەن، بەوپێیەش تاوەکو ئێستا 27 هه‌زار (270 گه‌ڵا) دۆلارم داوە و 17000 (1 ده‌فته‌ر و 70 گه‌ڵا) دۆلاری دیکەمان لایە.
كۆمپانایا روناكی شار كه جێبه‌جێكارى پرۆژه‌ى لانه سیتییه، به به‌رده‌وامى هۆشداریی بۆ به‌شداران ده‌نارد بۆ ئه‌وه‌ى قیسته‌كانیان بده‌ن.
به‌ڵام به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان له نوسراوێكدا له 25ـى حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ، هۆشداری داوه‌ته كۆمپانیاكه چیتر هۆشداریی بۆ به‌شداران نه‌نێرێت هه‌تا خزمه‌تگوزارییه‌كانى پرۆژه‌كه ته‌واو ده‌كات.
كێشه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه به‌وپێیه‌ى پرۆهى لانه سیتی به پشت به‌ستن به سندوقی نیشته‌جێكردن ئه‌نجامدراوه، كۆمپانیا ده‌ڵێت پابه‌ند نییه به‌وه‌ى بڕگه خزمه‌تگوزارییه‌كانى نێو پڕۆژه‌كه ئه‌نجام بدات، به‌ڵكو ده‌بێت حكومه‌ت خۆی بیكات.
له‌به‌رامبه‌ردا وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان له لێدوانیان بۆ ئێمه و هه‌روه‌ها به‌پێی نوسراوهكانیشیان كه بۆ كۆمپانیاكه‌یان ناردوه و وێنه‌یان لێ بڵاوكردوه‌ته‌وه، كۆمپانیاكه ناچار ده‌كات به ئه‌نجامدانى خزمه‌تگوزارییه‌كان.
پرۆژه‌ى تابلۆ سیتی بهههمانشێوە گرفتی هەیە لە پێدانی پارەی قیستی یەكەکانی، بەڵام به‌شداران ده‌ڵێن: رێژەیەکی زیاتر پارەمان بەکۆمپانیا داوە.
سیروان محەمەد، به‌شداربوى پرۆژه‌كه، وتی: نرخی هه‌ر یەكەیهك بە بەگشتی (76) ملیۆن دیناره تا کۆتا قیست، بۆ ئەو یەکانەشی کە روکنن (80) ملیۆن دینارە، بەڵام ئێمە به‌گشتى 90%ـى پارەکەمان رادەستی کۆمپانیاکە کردوە.
ئاماژەی بەوەشدا کە خۆی بڕی 72 ملیۆن دیناری رادەستی کۆمپانیاکە کردوە و چیتر ئامادە نین هیچ بڕە پارەیەکی تر بدەن، ئەمە لەکاتێکدایە کۆمپانیای وەبەرهێنی پڕۆژەکە لە رێگەی نوسراوی دادگای هەولێرەوە هاوڵاتی ناچاردەکات پارەکانیان رادەست بکەن.
له‌به‌رامبه‌ردا، به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: دانیشتوانی تابلۆ سیتیمان ئاگار کردوه‌تەوە کە هەر كه‌سێك 7 ملیۆن دینار قیستی كۆتایی لایە نەیدات بە کۆمپانیا، ئەمەش سزایە بۆ وەبەرهێنەکە.
به‌شدارانى پڕۆژەی بان سیتیش به‌هه‌مانشێوه نیگه‌رانن له شێوازی قیسته‌كانیان.
كارزان ئیبراهیم، بەشداربوی پڕۆژەکە، وتی: تاوەکو ئێستا کە کۆمپانیاکە یەکەکان رادەستی بەشداربوان دەکات، 37000 (3 ده‌فته‌ر و 70 گه‌ڵا) دۆلار دراوەتە کۆمپانیاکە، بەڵام ئێمە پێمانوایە هێستا پڕۆژەکە تەواو نەبوە، كه‌چى داوای قیستی کۆتایی رادەستکردنی دەکرێت، بەمەش ده‌بێت 24000 (2 ده‌فته‌ر و 40 گه‌ڵا) دۆلار بە قیستی درێژخایەن بدەینەوە بە کۆمپانیا.
به‌ڵام وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان پێیوایه پرۆژه‌ى بان سیتی وه‌كو دو پرۆژه‌كه‌ى دیكه نیه و كێشه‌ى نیه.
لایخۆشیه‌وه به‌ڕێوبه‌رى گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت: ئێمه هیچ کات لەگەڵ ئەوه‌دا نین تاوەکو کۆمپانیا یەکەکان بەتەواوی و به هه‌مو بڕگه خزمەتگوزارییەکانیەوە تەواو نه‌كات، هیچ بڕە پارەیەک یاخود قیستی کۆتایی پێ بدرێت.
وتیشی: به‌شداران هیچ قیستێک نەدەن تاوەکو وەبەرهێنەکە خزمەتگوزارییەکان تەواو دەکات، چونکە هه‌ندێك له‌و پرۆژانه فراوانکردنیان بۆ کراوە، ئێمە لەبەرامبەردا پابەندمان کردون بە ئەنجامدانی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری.
له‌باره‌ى پرۆژه‌ى بان سیتییشهوه وتى: هیچ کێشەیەکی نیە لە رادەستکردنەوەی پرۆژەکەیە بە دانیشتوان.
3. كێشه‌ى وهرنهگرتنهوهى پرۆژه‌كان
زۆرینه‌ى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون كه به‌حساب ته‌واوكراون و ماڵ چوه‌ته نێو یه‌كه‌كان، له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی بونى كه‌موكورتیی تیایاندا.
پرۆژه‌ى لانه سیتی، تائێستا وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه، چونكه به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى كه‌لار، ئاماده نییه بڕگه‌ى ئاوى پرۆژه‌كه وه‌ربگرێته‌وه.
سامان رەحیم، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى كه‌لار، وتی: لانەسیتی لەلایەن بەڕێوبەرایەتیمانهوه وەرنەگیراوەتەوە، بەوهۆیەی کە سەرپەرشتی تۆڕەکە له‌لایه‌ن ئێمه‌وه نەکراوە و تەنانەت کەرەستەکانیان بەراورد نەکراوە.
هه‌رچی پرۆژەی بان سیتییه، لەلایەن شارەوانی کەلاره‌وه وەرنەگیراوەتەوە، بەهۆی ئەنجامنەدانی بڕگه‌ى وێستگەی چارەسەری ئاوە قورس.
ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، وتى: پرۆژه‌ى بان ستى هه‌مو خزمه‌تگوزارییه‌كانى ته‌واو بوه، ته‌نها بڕگەی خزمه‌تگوزاریی تیایدا كه ته‌واو نه‌كراوه، یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوهڕۆكهیهتى.
وتیشى: له ئێستادا چاره‌سه‌رێكى به‌دیلیان بۆ داناوه تاوه‌كو ئه‌و یه‌كه‌ى چاره‌سه‌ره ته‌واو ده‌بێت كه ده‌كه‌وێته ناو پرۆسەی فراوانكردنەوهی پرۆژەکە كه ئه‌مه‌ش له رێكاردایه.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه سەرباری ئەوەش پرۆژەی بان سیتی وەرناگرنەوە، تاوه‌كو ئه‌و یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوه‌ڕۆیه ته‌واو نه‌بێت.
هێلان سیتی یان ئه‌وه‌ى له‌ناو هاوڵاتیان دا به "گوندى ئه‌ڵمانى" ناسراوه، كۆنترین پرۆژه‌ى نیشته‌جێبونه، به‌ڵام تائێستا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه.
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شاروانی کەلار، وتى: گرفت لە ئاوەڕۆکەی و شەقامەکانی دا هەیە، ئێستا لیژنه‌یه‌ك پێکدەهێنرێت بۆ تۆمارکردن و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لەو یەکانەدا.
خه‌لیل به‌رزان، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دابه‌شكردنى كاره‌بای كه‌لار، وتى: پرۆژه‌ى هێلان سیتی بڕگه‌ى کارەباکەمان وەرنەگرتوهتەوه، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوڵاتی تێیدا نیشتەجێ بوه، بوه‌ته ئەرکی ئێمە کە سەرپەرشتی كاره‌باكه‌ى بکەین.
پڕۆژەی تابلۆ سیتیش، به‌هه‌مانشێوه نه له‌لایه‌ن شاره‌وانى و نه له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاو و كاره‌باشه‌وه وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه.
به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كان، پێیانوایه ئه‌م رێكارهى ئێستا هه‌یه، هه‌ڵه‌یه و ده‌بێت رۆڵی ئه‌وان له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون دا زیاتر بێت بۆ ئه‌وه‌ى دواتر له وه‌رگرتنه‌وه‌ى دا كێشه دروست نه‌بێت.
بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی کەلار، سامان رەحیم، وتى: ئێمە بەنوسراوی فەرمی داوامان کردوە پرۆسه‌ى سەرپەرشتیکردنی ئاوی پڕۆژەکان لەلایەن ئێمەوە بکرێت، نەک وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه تەنها یەک ئەندامی ئێمە له لیژنه‌یه‌كی سه‌رپه‌رشتایری پرۆژه‌كه‌دا هه‌بێت، چونکە بەوجۆرە رۆتینات کەم دەبێتەوە.
ئەمە داواکاری به‌ڕێوبه‌رى بەڕێوبەرایهتى دابەشکردنی کارەبای کەلاریشە.
خەلیل بەرزان، دەڵێت: ئیمە گازندەی ئەوە دەکەین کە پرسمان پێناکرێت، بەڵکو خودی وەبەرهێنانی گەرمیان سەرپەرشتی دەکات، بۆنمونە پڕۆژەی تابلۆ سیتی چەندین کێشەی هەیە لە کێبڵ و بۆردی کارەباکەیان.
4. كێشه‌ى روبه‌رى سه‌وزایی
حکومەت داتایەکی ڕونی لەبارە رێژەی ئەنجامدراوی سەوزایی له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون لەلا نیە، پسپۆڕێکی بواری ژینگەش دەڵێت نەبونی چاودێری لەلایەن حکومەتوە هەلێکی باشی قۆستوەتەوە بۆ کۆمپانیاکان.
بڕی 2 ملیار دینار بۆ دروستكردنى روبەری سەوزایی لە پڕۆژەی تابلۆ سیتی ته‌رخانكراوه، به‌ڵام كۆمپانیاكه هیچ باخچه و روبه‌رێكى دروست نه‌كردوه، ئه‌مه‌ش به‌وته‌ى: سیروان محەمەد، به‌شداربوى پرۆژه‌كه.
سامان حسێن، به‌شداربو له پرۆژه‌ى لانه سیتی، ده‌ڵێت: سەرەتا بۆ كاتى رادەستکردنەوەی یەکەکان، روبەرێکی سەوزاییان دروستکرد، بەڵام پاش ئەوە هیچ شتێکی نەما، تەنانەت دارێک كه کۆمپانیاکە چاندبوی نەماوەتەوە.
عەبدولموتەڵب رەفعەت، مامۆستای زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕی بواری ئاو و ژینگە، کارەکانی لایەنه پەیوەندیدارەکان لەو روەوە بە خراپ هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێت: هیچ پڕۆژەیەکی یشتەجێبون رەچاوی لایەنی ژینگەی تێدا نەکراوە، چونکە لە ئەنجامدانی ئەو پرۆژانەدا پێویستی به بە رێژەی سەوزایی هاوسەنگ ده‌بێت کەنابێت بۆ هەر پڕۆژەیەک لە 25% کەمتر بێت.
بەڵام بەپێجەوانەوە رێژەی سەوزایی لەو پڕۆژانەی کە تەواوبون لە ستاندارده‌كان کەمترە و ئەو شوێنانەی بۆ چاندنى نه‌مام دیارییکراون، جێهێڵراون.
ئەو پسپۆڕە کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هۆکار دەزانێت بۆ پابەندنەبونی کۆمپانیاکان.
لەبەرامبەردا، فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، دەڵێت: ئێمە لایەنێکی راوێژکاریین نەک جێبەجێکار.
د. دورەید سەلیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان، باسی لەوەکرد: پڕۆژەی لانەی سیتی و تابلۆ سیتی رێژەی سەوزاییەکەیان هەرچەند بێت، بەپێی واقع حالی ئێستای پڕۆژەکە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
وتیشی: پرۆژه‌ى لانەی سیتی هێشتا رون نییە کە ئەو نەخشەیەی داویەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەکخۆی جێبەجێی کردوە یان نا، بۆیە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجامدەدرێت.
وتیشی: بەشێکی زۆری پڕۆژەکان وەکخۆی نەخشەکەیان جێبەجێ نەکردوە، بەهەمانشێوە سەوزایەکەشیان وه‌كخۆی نه‌كردوه، بەڵکو زیادەڕەوەی هەیە و خان‌و هەیە لەسەر روبەری سەوزایی نێو پڕۆژەکان دروستکراوه.
شارەوانی کەلار لایەنێکی دیکەی هەڵسەنگاندن و چاودێریی رێژەی سەوزایی پرۆژەکانه بەتایبەت باخچەکان.
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانی کەلار، وتی: باشتروایە روبەری سەوزایی لەنێو پڕۆژەکان زۆتر دەستپێبکات.
رێژەی جێگیرکراوی سه‌وزایی لە پڕۆژەکانی: (بان سیتی، بەهەشتی کەلار، قەڵای شێروانە و فەرمانبەران) بەپێی سایت پلانی جێگیرکراو، کەمترن لە 25%، به‌مشێوه‌یه‌ى لایخواره‌وه:
- بەهەشتی کەلار (15.6%)ـه.
- بان سیتی (16.16%)ـه.
- قه‌ڵای شێروانه (15.88%)ـه.
- فه‌رمانبه‌ران (18.9%)ـه.
له‌باره‌ى پرۆژه‌كانى دیكه‌شه‌وه، د. دورید سەلیم، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا هێشتا روپێوییان ته‌واو نه‌كردوه.
باسی لەوەشکرد: ئەو پڕۆژانەی کە کەمتر لە 25% رێژەی سەوزایی ئەنجام دەدەن، دەبێت "لە بری سەوزکردن" ئه‌نجام بده‌ن، واتا له شوێنی دیكه‌ى ناوشار كارى سه‌وزكردن ئه‌نجام بده‌ن، بەجۆرێک پلانمان هەیە هەمو كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌كان پێکەوە هه‌ستن به دروستکردن یاخود سەوزکردنی پارکی مام لەقەزای کەلار.
هونەرمەحمود، بەڕێوبەری گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان، وتی: هیچ پڕۆژەیەک نابێت کەمتر لەو رێژە سه‌وزاییه‌ی بۆی دیاریکراوە ئەنجام بدات، ئێمە چێککردنەوە بۆ رێژەیی سەوزایی پڕۆژەکان دەکەین.
وتیشی ئێستا رێنمایی نوێمان لەبەردەستە كه ده‌بێت 25%ـى روبه‌رى پرۆژه‌كان سه‌وزایی بن، بەڵام ئەو پڕۆژانە لەماوەی 5 ساڵی رابردو ئەنجامدراون و رێژەى سهوزاییهكانیان كه‌م بوه، "لەبری سەوزکردن" ئەنجامدەدەن.
5. دانه‌نانی یەکەی چارەسەری ئاوی قورس
یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوى قورس، بریتییه له دانانى یه‌كه‌یه‌ك كه شاوی قورسی پرۆژه‌كان (زیِراب و ئاوه‌ڕۆ) چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌وه‌ى ده‌یانپاڵێوێت و به‌شێك له ئاوه‌كه دوباره بۆ پرۆژه‌كه به‌كاردێنێت بۆ ئاودێرییكردنى پرۆژه‌كه به‌تایبه‌ت روبه‌رى سه‌وزایی. له كۆی هه‌مو پرۆژه‌كان، تەنها یه‌ك پرۆژه چارەسەری یەکەی ئاوی قورسی داناوە.
له پرۆژه كۆن و جێبه‌جێكراوه‌كان دا (هێلان سیتی، دریم لاند، تابلۆ سیتی، نۆژین سیتی و بان سیتی)، هیچیان یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوی قورسیان نیه.
له پرۆژه نوێیه‌كانیش دا ته‌نها پرۆژه‌ى به‌هه‌شتى كه‌لار "مامۆستایان" یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوى قورسی داناوه.
پڕۆژەی بان سیتی كه نوێترین پرۆژه‌ى ته‌واوبوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ى یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوی قورسی دانەناوە، له‌لایه‌ن شاره‌وانیه‌وه وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه و به‌وته‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانى له فراوانكردنى پرۆژه‌كه‌دا بڕیاره یه‌كه‌ى چاسهرهى ئاوى قورس دابنێت.
6. ناچاركردنى به‌شداران به وه‌رگرتنى یه‌كه‌كانیان
نوێنەرێكی بەشداربوانی پرۆژه‌ى بان سیتی ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه كۆمپانیاكه دەیەوێت به فشار به‌شداران یەکەکانیان وەربگرنەوە.
کارزان ئیبراهیم، وتى: کۆمپانیا فشارمان لێدەکات بە وەرگرتنی یەکەکانمان بۆ ئەوەی خۆیان زیانی دارایی نەکەن.
وتیشی: لەئێستادا کۆمپانیاکە دەیەوێت بە زۆرەملێ و بەبێ تەواوکردنی خزمەتگوزاریەکانی نێو پڕۆژەکە، یەکەکان رادەستی بەشداربوان بکات.
سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، عه‌دنان محه‌مه‌د، دەڵێت: ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە، پەیوەندیم لەگەڵ دانیشتوانی پرۆژەکە هەیە، دەبێت سکاڵا بکەن کە کۆمپانیا فشاری لێکردون.
پرۆژه‌ى بان سیتی هی چین و توێژه‌كانه و به‌ناوى توێژى كرێكارانه‌وه دروستكراوه، ئه‌گه‌رچی به وته‌ى عه‌دنان ئه‌حمه‌د به هۆی به‌رزی نرخى یه‌كه‌كانیه‌وه كه له تواناى كرێكار و كاسبكاراندا نیه، زۆربه‌یان پسوڵهكهیان فرۆشتوه‌ته‌وه.
لە بەرامبەردا، به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانى گەرمیان، دەڵێت: به هیچ جۆرێک زۆرەملێ بونی نیە، بەڵکو ئه‌وه‌ى هه‌یه هەموی لە گریبەستەکانیان دا هەیە و دەبێت هەمو لایەنێک پیوەی پابەند بێت، ئەوەی کێشەیە هاوڵاتی گرێبەستەکانیان ناخوێننه‌وه.
هەبونی زیاتر لە کەفیلێک کێشەیەکی دیکەی پڕۆژەکەیە، به‌وه‌ى به‌شداربو پێش ئه‌وه‌ى كلیلی یه‌كه‌كه‌ى راده‌ست بكرێت، ده‌بێت كه‌فیلێك بێنێت كه موچكهى 3 ملیۆن دینار بێت، بهوپێیهیشی كه كه‌م فه‌رمانبه‌ر هه‌یه موچه‌كه‌ى 2 ملیۆن دینار بێت، ئه‌وا كه‌سه‌كه ده‌بێت چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك بكات به كه‌فیل و پێكه‌وه پاره‌كه‌ى بكاته 3 ملیۆن دینار.
یونس غازی، به‌شداربوى پرۆژه‌كه، دەڵێت: بەدوای کڕیارهوهم بۆ فرۆشتنەوەی یەکەکەم، چونکە کەسم دەست ناکەویت بۆ کەفیلیی، مەرجی کۆمپانیا کەفیلە کە موچەکانیان بگاتە 2 ملیۆن دینار، ئه‌مه‌ش بۆ ئەوەی بتوانن لەکاتی پێنەدانی قیست یان گرفتێک، پارەی کەفیلەکانمان ببڕن و رێژەی قیستەکەی خۆیانیان دەست بکەوێتەوە.
دوه‌م: پرۆژه ته‌واونه‌كراوه‌كان
ئەو پرۆژانەی کە هێشتا تەواو نەبون و لەکارکردن دان.
1. كێشه‌ى دواكه‌وتن و ته‌واونه‌كردنى پرۆژه‌كان
رێژەی کاری ئەنجامدراو لە پڕۆژەکان، مایه‌ى نیگەرانیی بەشداربوانە، بەشداربویەکی پڕۆژەی مامۆستایان دەڵێت: به‌مشێوه‌یه بێت پڕۆژەکە لەکاتی خۆیدا تەواو نابێت.
پڕۆژەی بەهەشتی کەلار "مامۆستایان"، له ساڵی 2018 دەستی بەکارەکانی کردوە، دەبو مانگی 10ـى ساڵی 2022 کارەکانی تەواوکردبایه، بەڵام بەپێى رۆژی کارکردن بۆی درێژ كراوه‌ته‌وه، بەو پێیەش دەبێت مانگى شوباتى ساڵی داهاتو پڕۆژەکە رادەستی بەشداربوان بکرێت.
سیروان حەسەن، به‌شداربوى پرۆژەی بەهەشتی کەلار، دەڵێت: گەورەترین کێشه‌ى پڕۆژەکە تەواونەبونیەتی لەکاتی خۆیدا، تەنانەت بەو وادەیه‌ی بۆی زیادکراوە، ئێمە دڵنیاین زیاتر دوادهکەوێت، چونکە کاری پڕۆژەکە لەوەدهچێت لەسەرەتای کارکردن‌دا بن نەک کۆتایی کارەکانیان.
له‌به‌رامبه‌ردا، ئازاد حه‌سه‌ن، سه‌رۆكى لقی گه‌رمیانى یەکێتی مامۆستایان، پێیوایە هەندێک مامۆستا بە مەبەست گرفت بۆ یەکەکان دروست دەکەن، به‌وته‌ى خۆشیان رێژەی کارکردن لە پڕۆژەکە بەکۆی خزمەتگوزاریەکانەوە گەیشتوەتە 60%.
باس لەوەش دەکات كاتى پڕۆژەکە درێژ نەکراوەتەوه، بەڵكو بەپێی رۆژی کارکردن دیارییکراوە.
وتیشی: خانوەکانی پرۆژه‌كه به‌ڕێژه‌ى 100% دروستکراون، خزمەتگوزاریەکانیشیان هاوتەریبن.
باسی له‌وه‌شكرد: هاوتای کارکردن لەیەکەکان، کار لە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی نێو پڕۆژەکان کراوە، واتا چەند کار لەیەکەکان کرابێت ئەوەندەش کار لە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان کراوە.
هونەر مەحمود رێژەی کارکردن لە پڕۆژەکە بەزیاتر دەزانێت و دەڵێت: لە کۆی پڕۆژەکە 70%ـى کارەکانی تەواو کراوە، بۆیە پێمانوایە لەماوەی مانگی 10 تاوەکو مانگی 11ـى ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو دەکرێت و ناگاتە ساڵی داهاتو.
یەکێکی دیکە لەو پڕۆژانە، پڕۆژەی قەڵای شێروانەیە کە رێژەی کارکردن تێیدا بەپێی ئاماری بەرپرسی یەکێتی فەرمانبەرانی گەرمیان 42%ـه.
پڕۆژەکە ساڵی 2019 دەستی بەکارکردن کردوە و ماوەی ساڵێک راگیراوە و وادەی تەواوکردنی ساڵی 2021 بوه، وادەکەی بۆ درێژکراوەتەوە و لە ئێستاشدا ساڵێک و سێ مانگی ماوە بۆ رادەستکردنی یەکەکان بەهاوڵاتیان.
ئازاد محه‌مەد، بەشداربو لە پڕۆژەکە، وتی: هاوڵاتی هەیە 30 هه‌زار (3 ده‌فته‌ر) دۆلاری دەفتەری داوە کەچی سەقفی خانوەکەی بۆ دروست نەکراوە، کۆمپانیاکە هێندە بەسستی کارەکانیان دەکەن بەشداربو ناتوانێت متمانە بکات و قیستەکانیان مانگانە رادەست بکات.
وەکخۆیشی وتی: وەبەرهێنانی گەرمیان هیچ ئاگاداری ئەو پڕۆژەیە نیە، زیانی ئەو پڕۆژەیە بەجۆرێکە کەمترین خواستی لەسەرە له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه.
له‌به‌رامبه‌ردا رزگار وه‌هاب، بەرپرسی یەکێتی فەرمانبەرانی گەرمیان نایشارێتەوە کە پێشوتر گرفت لەو پڕۆژەیەدا هەبوە، بەڵام ئێستا گۆڕانکاری تێدا کراوە و به‌وته‌ى خۆیشی: رێژه‌ى کارکردن لە پڕۆژەکە گەشتوەتە 42%.
لایخۆشیه‌وه به‌ڕێوبه‌رى گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان، رەتیدەکاتەوە کاری پڕۆژەکە بەوجۆرە بێت كه باس ده‌كرێت.
هونه‌ر مه‌حمود، وتى: ئەو پڕۆژەیە لە دو زۆنی جیاواز پێکدێت (بازرگانی و چین و توێژه‌كان)، بەشی چین و توێژه‌كان 42%ـى کارەکانی بڕیوە.
یه‌كێكى تر له‌و پرۆژانه‌ى كه ته‌واونه‌كراوه و تاكه پرۆژه‌یه له قه‌زاى كفری، پرۆژه‌ى ده‌روازه‌ى كفرییه.
ئه‌و پرۆژه‌یه له لایه‌ن كۆمپانیای (خاکی عەفرین)ـه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت و له هه‌زار یه‌كه پێكدێت، به‌ڵام كاره‌كانى به سستى به‌ڕێوه‌ده‌چن.
هونه‌ر مه‌حمود، له‌باره‌ى ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه وتى: ئەم پڕۆژەیە گرفتی نرخی هەیە کە نرخەکەی بەرز بو، ئێستا گۆڕانکاری تێدا دەکرێت بە کەمکردنەوەی نرخەکەی، چونکە ئەو پڕۆژەیە هیچ کێشەیەکەی نیە تەنها کێشەی کڕینەوەی هەیە، لە ئێستادا نرخی یەکەکان کەمدەکەنەوە.
وتیشی: پڕۆژەکە بازرگانییە و هی چین و توێژه‌كان نییه.
2. كێشه‌ى قیست و پێدانى پاره به كۆمپانیا
گرفت لە پیدانی قیستی ئەو پرۆژانەشدا هەیە کە لە ئێستادا لەبواری جێبەجێکردنن، وەبەرهێنانی گەرمیان کەموکورتیەکان دەخاتە ئەستۆی یەکیتی مامۆستایان و یەکێتی فەرمانبەران و سەندیکای کرێکاران.
ساڵح سلێمان، به‌شداربو له پرۆژه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كۆمپانیای سه‌گرمه، وتی: پڕۆژەی فەرمانبەران لە روی قیستەوە باشترن، یەکەکەی من 180 مەترە نرخەکەی 57000 (5 ده‌فته‌ر و 70 گه‌ڵا) دۆلاره، تاوەکو ئێستا کە کارەکانی پڕۆژەکە زیاتر لە ساڵێکە دەستیپێکردوە 5000 (50 گه‌ڵا) دۆلار دراوەتە کۆمپانیا، شێوازی قیستەکانیش شەش مانگ جارێک 2500 (25 گه‌ڵا) دۆلار دەبێت.
پڕۆژەی قەڵای شیروانە پێدانی قیستەکانیان بەپێی هەنگاو بەهەنگاوی پڕۆژەکەیە، بەجۆرێک نرخی یەکەکان لە نێوان 50000-60000 (5 بۆ 6 ده‌فته‌ر) دۆلار دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەی پڕۆژەکانی دیکەوە گرفتێکی زۆر لە پێدانی قیستەکانی لە نێوان بەشداربواندا هەیە.
پڕۆژەکە تاوەکو رادەستکردنی دەبێت 39000 (3 ده‌فته‌ر و 90 گه‌ڵا) دۆلار درابێت، پاشان 21000 (2 ده‌فته‌ر و 10 گه‌ڵا) دۆلار بە قیستی درێژخایەن دەدرێتە کۆمپانیا.
ئازاد محەمەد، به‌شداربوى پرۆژه‌ى قه‌ڵای شێروانه، وتی: تاوەکو ئیستا12800 (1 ده‌فته‌ر و 28 گه‌ڵا) دۆلارم داوه بە کۆمپانیاکە، بەڵام پێموایە تەنها 9700 (97 گه‌ڵا) دۆلار لەسەر خانوەکەم خەرج کراوە، ئێستاش کۆمپانیاکە خانوەکەی لێوەگرتومەتەوە.
دڵشاد ئیسماعیل، به‌شداربوی پرۆژه‌ى به‌هه‌شتى كه‌لار، وتی: بەهانەی کۆمپانیا لە دواخستنی کارەکانمان ئەوەیە لەکاتی خۆیدا قیست رادەست ناکرێت، بەڵام ئەوە راست نیە و لەکاتی خۆیدا قیستەکانمان پێداوە.
قیستی پڕۆژەی مامۆستایان بەشێوازی مانگانەیە کە بڕی 370 دۆلارە، دەبێت پێش رادەستكردنی پرۆژه‌كه 33000 (3 ده‌فته‌ر و 30 گه‌ڵا) دۆلار رادەستی کۆمپانیاکە بکرێت کە 60%ـى پارەکەیە و 40%ـى پارەکەی تر بە قیستی درێژخایەن دەدرێت، تاوەکو ئێستاش به‌شداربوان 22000 (2ده‌فته‌ر و 20 گه‌ڵا) دۆلاریان داوه.
بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات شێوازی قیستەکى پرۆژه‌كان کە لە گرێبەستەکاندا هەیە، هەموی به رێکەوتنی سه‌ندیكاكانى (یەکێتی مامۆستایان، یەکێتی فەرمانبەران و سەندیکای کرێکاران) دیارییكراوه.
هونه‌ر مه‌حمود، وتیشی: ئه‌گەر باشەیەکی هەبو پەیوەندی بەوانەوه هەیە، ئه‌گه‌ر خراپیشە هه‌ر بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە، چونکە دەبێت توانای چین و توێژەکان لە پێش چاو بگرن و پاشان رێکەوتن بکەن.
له‌باره‌ى پێدانى قیستهكانیشهوه، هونەر مەحمود، باس لەوەدەکات: ئەوان بەهیچ جۆرێک بەرپرسیار نین لەوەی کە هاوڵاتی پارەی بە کۆمپانیا داوە، ده‌ڵێت: نابێت هاوڵاتی بە نەگەڕانەوەی بۆ ئێمە پارە بداتە کۆمپانیا، بەڵکو ده‌بێت ئه‌و پاره‌یه لە ئەژمارێکی بانک دا دابنێت و ئێمە بەپێی رێژه‌ى كاركردنیان له‌و پاره‌یه خه‌رج ده‌كه‌ین بۆ كۆمپانیا.
3. كێشه‌ى ته‌واونه‌كردن و كارنه‌كردن له خزمه‌تگوزارییه‌كان
به‌شدارانى ئه‌و پرۆژانه‌ى كه كاركردن تیایاندا به‌رده‌وامه، نیگه‌رانن له‌وه‌ى بڕگه خزمه‌تگوزارییه‌كان به باشی تیایدا جێبه‌جێ ناكرێت.
سیروان حەسەن، بەشداربو له پرۆژه‌ى به‌هه‌شتى كه‌لار، دەڵێت: لە کۆتاییدا یەکەیەکمان رادەست دەکەن بەبێ ئاو و کارەبا، چونكه تاوەکو ئێستا نازانین پێدانی ئاو و کارەبا لە یەکەکانمان چۆن دەبێت.
دڵشاد ئیسماعیل، بەشداربوی هەمان پڕۆژە، دەڵێت: پڕۆژەکان کراونەتە دو بەشەوە، بەشێکی ئەنجامدراوە و بەشێکی ئه‌نجام نه‌دراوه، بەتایبەت کارەباکەی هیچی نابینرێت.
له‌به‌رامبه‌ردا، ئازاد حەسەن، سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، دەڵێت: خزمەتگوزاریەکانی پرۆژه‌ى بەهەشتی کەلار لە قوتابخانە و دایەنگا رێگاوبان، زۆر به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چن و بەڕێژەی 60% تەواو بون.
بەشداربوانى پڕۆژەى قەڵای شێروانە رەتیدەکەنەوە هیچ بڕگه‌یه‌كى خزمه‌تگوزاریی تێدا ئەنجامدرابێت.
ئازاد محەمەد، به‌شداربوى پرۆژه‌كه، باسی له‌وه‌كرد كه زۆر بەسستی کاری تیێدا دەکرێت و هیچ بڕگه‌یه‌كى خزمەتگوزاری له‌نێو پڕۆژەکەدا بەدی نەکردوە، تەنانەت کاری سەرەتایی لە بڕگه خزمەتگوزاریەکانی وه‌كو: دایەنگە، قوتابخانە و باخچە دا نەکراوە.
له‌به‌رامبه‌ردا، رزگار وەهاب، لێپرسراوی یەکێتی فەرمانبەرانی گەرمیان كه پرۆژه‌ى قه‌ڵاى شێروانه تایبه‌ته به توێژی فه‌رمانبه‌رانه‌وه، دەڵێت: پرۆژەكه لەئێستادا باشتر کارەکانیان دەکەن، قوتابخانەیەک و دایەنگایەک تێدا دەستیان بەکارکردن كراوه و دەبێت تا چەند مانگی داهاتو هەیکەلی قوتابخانەکەی بەتەواوی دروست کردبێت.
بهشداربویهكى پرۆژه‌ى سه‌گرمه، باس له‌وه‌ده‌كات بڕگه‌ى خزمه‌تگوزاریی له پرۆژه‌كه‌دا نه‌بینیوه.
ساڵح سلێمان، به‌شداربوى پرۆژه‌ى سه‌گرمه، وتی: بەهیچ شێوەیەک بڕگه خزمەتگوزاریەکانم له پرۆژه‌كه‌دا نەبینیوە.
لایخۆشیه‌وه به‌ڕێوبه‌رى گشتى وەبەرهێنانی گەرمیان، لەبارەی بڕگه خزمه‌تگوزارییه‌كانى پرۆژه‌كانه‌وه پێیوایە کەموکورتییەکانیان بەو ئەندازەیە نیین.
هونه‌ر مه‌حمود، وتیشی: نازانم پێش من چۆن ئیش کراوە، بەڵام بەڵێن دەدەم لە مەودوا هیچ پڕۆژەیەک بەبێ خزمەتگوزاری نابێت.
4. وه‌رگرتنه‌وه‌ى یه‌كه‌كان له هاوڵاتیان
چه‌ند بهشداربویهكى پرۆژه‌ى قه‌ڵای شێروانه، نیگه‌رانن له‌وه‌ى یه‌كه‌كانیان له‌لایه‌ن كۆمپانیای گاردینیا كه جێبه‌جێكارى پرۆژه‌یه‌كه، وه‌رگیراوه‌ته‌وه.
ئەرمەن محه‌مه‌د، یەکێکە لەو بەشداربوانەی کە لە پڕۆژەی قەڵای شێروانە یەکەکەی لێوەرگیراوەتەوە بەهۆی دواکەوتنی لە پێدانی قیستەکانی.
وتی: سەرلەنوێ قیستەکانمان بۆ کۆمپانیا برد، بەڵام لێیان وەرنەگرتم و وتیان یەکەکەت هەڵوەشینراوەتەوە.
ئەگەرچی هونەر مەحمود ئاماژە بەوەدەکات ئەو حاڵەتە چارەسەر کراوە و کۆمپانیاکە یەکەکهی لێوەرنەگرتوهتەوە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی لقی گه‌رمیانى یەکێتی فەرمانبەران، زیاتر لە 30 بەشداربو یەکەکانیان لێوەرگیراوەتەوە.
رزگار وەهاب، وتی: کۆمپانیاکە هەڵوەشاندنەوە بۆ گرێبه‌ستى بەشداربوان دەکات، بەجۆرێک ئەگەر کەسێک 10 هه‌زار (1 دەفتەر) دۆلاری دابێت، 8800 (88 گه‌ڵا) دۆلاری بۆ گەڕێندراوەتەوە و 1200 (12 گه‌ڵا) دۆلاریشی کۆمپانیا دەستی بەسەردا دەگرێت.
بەڵام بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان، سورە لەسەر ئەوەی تەنها یەک حاڵەتی لەو شێوەیه هه‌بوە و بەتەداخولکردنی ئه‌وان یەکەکە دراوەتەوە به خاوەنەکەی.
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا کۆمپانیا دەتوانێت پڕۆژە لە خاوەنی یەکەکە وەربگرێتەوە؟ وەڵامی وەبەرهێنانی گەرمیان بەڵێیه.
هونه‌ر مه‌حمود، وتیشی: کۆمپانیا بۆی هەیە یه‌كه‌كان لە بەشداربوان وه‌ربگرێتەوە، بەڵام بەمەرجێک 2 قیستی نەدابێت یاخود 3 مانگ بەجیا جیا قیستەکانی رادەست نەکردبێت بەپێی گرێبەستەکە کە بەو جۆرە پەسەند کراوە، بەڵام ئێمە نەمانهێشتوە کۆمپانیا یەکەکانیان لێوەربگرێتەوە و چارەسەرمان کردوە.
به‌شى سێیه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. له سنورى گه‌رمیاندا 35 پرۆژه‌ى نیشته‌جێبون هه‌ن، 14 پرۆژه‌یان ئه‌نجامدراون، یاخود له كاردان یاخود زه‌ویان راده‌ستكراوه، 21 پرۆژه‌شیان له رێكارى وه‌رگرتنى مۆڵه‌تدان و هێشتا زه‌ویان راده‌ست نه‌كراوه. ئه‌و پرۆژانه‌ش پرۆژه‌ى چین و توێژه‌كان (لۆ كۆست) و پرۆژه‌ى بازرگانى (های كۆست) و تێكه‌ڵ (میكس)ن.
2. زۆرینه‌ى پرۆژه‌كان له قه‌زاى كه‌لارن، 3 پرۆژه‌یان له قه‌زاى كفریین و ئه‌وانى دیكه له قه‌زاى كه‌لارن كه له‌و ژماره‌یه سیانیان ده‌كه‌وێته ناحیه‌ى رزگاری.
3. كۆی گشتى ئه‌و روبهرهى بۆ پرۆژه نیشته‌جێبونه‌كان دانراوه (6 هه‌زار و 907) دۆنمه، كه (2 هه‌زار و 343) دۆنم بۆ ئه‌و 14 پرۆژه‌یه‌یه كه ده‌ستیان پێكراوه و مۆڵه‌تیان وه‌رگرتوه و زه‌ویان پێدراوه، (4 هه‌زار و 564) دۆنمیش بۆ ئه‌و پرۆژانه‌یه كه هێشتا ده‌ستیان پێنه‌كردوه و له قۆناغی كۆتایی مۆڵه‌ت وه‌رگرتن دان.
4. تائێستا شه‌ش پرۆژه‌ى نیشته‌جێبون ته‌واو بون و هاوڵاتی تیایاندا نیشته‌جێبون (هێلان سیتی، دریم لاند، تابلۆ سیتی، لانه سیتی، نۆژین سیتی و بان سیتی)، به‌ڵام ته‌نها دوان له‌و پرۆژانه (دریم لاند و نۆژین سیتی) له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه وه‌رگیراونه‌ته‌وه، ئه‌وانى دیكه هێشتا حكومه‌ت وهرینهگرتونهتهوه به‌هۆی بونى كه‌موكورتیی تێیاندا.
5. گوژمه‌ى تێچوى هه‌ر (14) پرۆژه‌كه كه چونه‌ته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه و زه‌ویان راده‌ستكراوه، سه‌روى 712 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكییه.
6. هیچ ستاندارد و یاسا و رێنمایی و په‌یڕه‌وێك نییه كه شێوازى دیارییكردن و پێویست بونى ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون دیاریی بكات، هه‌ربۆیه له گه‌رمیانیش به‌بێ هیچ كام له‌و بنه‌مایانه‌ى سه‌ره‌وه پرۆژه‌ى نیشته‌جێبون ئه‌نجامدراون. پێوه‌رى شاره‌وانى كه‌لار بۆ پێدانى مۆڵه‌ت به پرۆژه‌ى نوێ، بونى خواسته، واتا به‌وپێیه‌ى خواست له‌سه‌ر پرۆژه‌ى نیشته‌جێبون هه‌یه، كه‌واتا شاره‌كه پێویستی پێیه‌تى.
7. نرخی یه‌كه‌كانى نیشته‌جێبون له‌و پرۆژانه‌ى كه بازرگانیین دیارییكراو نیه و به‌پێی جۆری یه‌كه و مه‌واده بهكارهێنراوهكانى ناوى دیاریی ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى بۆ چین و توێژه‌كانن و (لۆو كۆستن)، دواى هه‌ژماركردنى نرخی یه‌كه‌كان به مه‌تری چوارگۆشه و خه‌مڵاندنى نرخی خزمه‌تگوزارییه‌كان و زیادكردنى بڕی 18%ـى قازانج بۆ كۆمپانیا، نرخی كۆتایی دیاریی ده‌كرێت.
8. ئه‌گه‌رچی وا باس ده‌كرێت ئه‌نجامدانى ئه‌و پرۆژانه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى قه‌یرانى نیشته‌جێبونه، به‌ڵام چالاكوانان و هاوڵاتیان و شاره‌زایان رایان پێچه‌وانه‌یه و پێیانوایه كه‌ڵه‌كه‌كردنى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبونه بۆ سودی بازرگان و كۆمپانیا و حزبه‌كان، هه‌روه‌ك ئه‌م یه‌كانه نهشبونهته هۆی دابه‌زینی نرخی خان‌و و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون له سنوره‌كه‌دا.
9. پێشتر له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى ئه‌و پرۆژانه‌دا، هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك به كۆمپانیاكان له‌ناو شاره‌كاندا جێبه‌جێ نه‌ده‌كران، به‌ڵام له‌ئێستادا بۆ پێدانى زه‌وی به كۆمپانیاكان بۆ به‌كارهێنانى له پرۆژه‌ى نیشته‌جێبون، ده‌بێت كۆمپانیا هه‌ندێك پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریی له‌ناو شار دا جێبه‌جێ بكات.
10. هه‌ندێك له پڕۆژه‌كان ئه‌گه‌رچی رێكاره‌كانیان ته‌واو بوه، به‌ڵام به‌هۆی بونى رێگرییه‌وه ده‌ست به‌كاركردن تیایاندا نه‌كراوه، بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م حاڵه‌ته‌ش لیژنه‌یه‌ك به سه‌رۆكایه‌تى نوسینگه‌ى جێگری سه‌رۆكى حكومه‌ت پێكهاتوه.
11. ئه‌و چوار پرۆژه‌یه‌ى كه ته‌واوكراون (هێلان سیتی، تابلۆ سیتی، لانه سیتی و بان سیتی)، له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه و زۆربه‌یان خزمه‌تگوزارییه‌كانیان ته‌واو نه‌كردوه و كه‌موكورتی له سێكته‌ره‌كانى: ئاو، كاره‌با، خزمه‌تگوزارییه‌كانیان دا هه‌یه، كه‌چى ئه‌وه‌ى مایه‌ى تێبینییه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كۆمپانیایانه پرۆژه‌ى تریان پێدراوه یاخود فراوانكردن بۆ پرۆژه كۆنه‌كانیان كراوه. پاساوى حكومه‌ت ئه‌وه‌یه كه ئه‌و زه‌ویانه‌ى ده‌یده‌ن به‌و كۆمپانیایانه كه‌من و بۆ ئه‌وه ناشێت پرۆژه‌ى تری له‌سه‌ر بكرێت، هه‌روه‌ك كۆمپانیاكان ناچار ده‌كه‌ن ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه ته‌واو بكه‌ن كه له پرۆژه‌ى پێشتردا ته‌واویان نه‌كردوه.
12. به‌شدارانى پرۆژه نیشته‌جێبونه‌كان كێشه‌ى قیستیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جێبه‌جێكاره‌كاندا هه‌یه، ئیتر چ له‌و پرۆژانه‌ى ته‌واو بون یان ئه‌وانه‌ى هێشتا له كاردان. به‌شداران له‌و پرۆژانه‌ى كه ته‌واو بون، ده‌ڵێن: بڕگه خزمه‌تگوزارییه‌كانى ناو پرۆژه‌كانمان ته‌واو نه‌كراون، كه‌چى داواى قیستی كۆتاییمان لێده‌كرێت. هه‌روه‌ك به‌شدارانى پرۆژه تهواونهبوهكانیش كه كاریان تێدا ده‌كرێت، ده‌ڵێن ئه‌و پاره‌یه‌ى لێیان داواده‌كرێت، یه‌كسان نیه به‌و ئیشه‌ى له پرۆژه‌كانیان دا ده‌كرێت و زیاتره. به‌شێك له‌و كێشانه‌ش كه‌وتوه‌ته دادگا و كۆمپانیاكان سكاڵایان له دژى به‌شداران تۆماركردوه.
13. ئه‌و روبهرهى دانراوه بۆ سه‌وزایی له پرۆژه‌كان دا، به رای شاره‌زایان زۆر كه‌مه و به‌گشتى له خوار 20%ـه‌وه‌یه، به‌ڵام حكومه‌ت ده‌ڵێت پرۆژه نوێكان ده‌بێت به‌لای كه‌مه‌وه رێژه‌ى سه‌وزاییان 25% بێت، ئه‌و پرۆژانهشى كه رێژه‌ى سه‌وزاییان له‌و رێژه‌یه كه‌متره، ئه‌وا ده‌بێت له شوێنى دیكه‌ى شار پرۆژه‌ى سه‌وزایی ئه‌نجام بده‌ن.
هه‌روه‌ك به رای شاره‌زایان پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون كاریگه‌ریی ژینگه‌یی خراپیان ده‌بێت، له گهرمتركردنى ناوچه‌كه و خه‌رجكردنى ئاوى ژێر زه‌وی و كه‌مكردنه‌وه‌ى روبه‌رى سه‌وزایی و پاوانه‌كان.
14. هیچكام له پرۆژه ته‌واو بوه‌كان یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوی قورسیان تێدا نییه، تاكه پرۆژه‌یه‌ك كه له‌كاردا بێت و یه‌كه‌كه‌ى تێدا بێت، پرۆژه‌ى به‌هه‌شتى كه‌لاره.
15. به‌شدارانى ئه‌و پرۆژانه‌ى ده‌ستیان پێكردوه و هێشتا ته‌واو نه‌كراون، نیگه‌رانن له‌وه‌ى پرۆژه‌كانیان سستى له جێبه‌جێكردنى دا ده‌كرێت و له‌و ماوه‌یه‌ى بۆیان دیارییكراوه ته‌واو ناكرێن، هه‌روه‌ك بڕگه خزمه‌تگوزارییه‌كان له پرۆژه‌كانیان به باشی كاریان تێدا ناكرێت.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. به‌وپێیه‌ى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییه‌وه، پێویسته وردتر كاریان تێدا بكرێت. سه‌ره‌تا پێویسته په‌یڕه‌و و رێكارێكى رون هه‌بێت به‌وه‌ى له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك پرۆژه ئه‌نجام بدرێت و به چ مه‌به‌ستێك؟ هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ى ورد بۆ سوده ئابوریی و گشتیه‌كانى پرۆژه‌كان بكرێت و خوێندنه‌وه‌ش بۆ لێكه‌وته جیاوازه‌كانى بكرێت.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته له‌سه‌ر بنه‌ماى لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچون، یاسای وه‌به‌رهێنان له‌وه‌ى په‌یوه‌سته به بوارى وه‌به‌رهێنان له پرۆژه‌ى نیشته‌جێبونه‌كان هه‌موار بكرێته‌وه و تیایدا ئه‌و خاڵانه‌ى مایه‌ى مشت‌ومڕ و ئاڵۆزین رون بكرێنه‌وه و به روحیهتێكى وه‌ها دابڕێژرێنه‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندیی گشتى بپارێزێت.
هه‌روه‌ك له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ماى سه‌ره‌وه‌ش، رێنمایی و په‌یڕه‌وى تایبه‌تمه‌ند ده‌ربكرێت، به‌شێوه‌یه‌ك وانهكهوێتهوه له مه‌وداى دوردا پرۆژه‌كان زیانیان زیاتر بێ له قازانج.
په‌یوه‌ندیدار به‌م بابه‌ته‌وه، پێویسته ده‌ستى حزب و كۆمپانیاكانى حزب و به‌رپرسانى حزب له‌م پرۆژانه دوربخرێنه‌وه، به‌رژه‌وه‌ندیی حزب و گروپێك نه‌خرێنه پێش به‌رژه‌وه‌ندیی گشتى و هاوڵاتیان و ناوچه‌كه باجی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه بده‌ن.
2. زۆرینه‌ى پرۆژه‌كان كه ته‌واو ده‌بن كێشه‌یان هه‌یه و ته‌نانه‌ت حكومه‌ت خۆی وه‌ریناگرێته‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته حكومه‌ت هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكات و به‌رده‌وام نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م كاره كه هه‌ر مۆڵه‌تى پرۆژه بدات و رێگه بدات به كه‌موكورتییه‌وه ته‌واو ببێت و وهرینهگرێتهوه. به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندێكى گشتى دۆخه‌كه بكات و ئه‌و كێشانه‌ى هه‌ن ده‌ستنیشانى بكات، بۆ ئه‌وه‌ى رێگه بگرێت له به‌رده‌وامبون و دوباره‌بونه‌وه‌ى ئه‌و كێشانه‌ی له پرۆژه‌كاندا هه‌ن. هه‌روه‌ها گرنگه كۆمپانیاكان ناچار بكات به ته‌واوكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كانى ناو پرۆژه‌كان، به‌وشێوه‌یه‌ى دیاریی كراوه. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ى پابه‌ندى بكات به ته‌واوكردنى پرۆژه‌كه له‌كاتى خۆیدا و خاوه‌خاو له جێبه‌جێكردنیان دا نه‌كه‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گرنگه ئیداره‌ى سنوره‌كه و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار كه به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیانه، راشكاو و ئازا بن له گرتنه‌به‌رى هه‌نگاو و رێكاره‌كان و پارێزه‌رى مافی گشتیی بن به‌ته‌واویی.
3. ئه‌و نرخانهى دانراون له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون دا به‌تایبه‌ت بۆ چین و توێژه‌كان، به‌و هاوڵاتیانه هه‌ڵناسوڕێت كه داهاتیان سنورداره، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته حكومه‌ت بیر له رێگاى دیكه و به‌دیل بكاته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك له هه‌ر پرۆژه‌یه‌كدا پشكێك دابنرێت بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى داهاتیان سنورداره و له چین و توێژى جیاواز و به‌تایبه‌تیش كرێچین.
4. رهچاونهكردن و به‌هه‌ندوه‌رنه‌گرتنى لایه‌نى ژینگه‌یی له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبون، مایه‌ى سه‌رسامیی و تێبینییه‌كى گه‌وره‌یه، چونكه گه‌رمیان یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ى به سه‌ختیی روبه‌ڕوى مه‌ترسی وشكه‌ساڵیی و بهبیابون ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر گرنگیی به‌م لایه‌نه نه‌درێت له پرۆژه‌كاندا، ئه‌وا ناوچه‌كه له بری گه‌شانه‌وه ده‌پوكێته‌وه و چۆڵ ده‌كرێت.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه گرنگه رێژه‌ى سه‌وزایی زیاتر بكرێت له‌و رێژه‌یه‌ى كه هه‌یه، هه‌روه‌ك كۆمپانیاكان ناچار بكرێن به دروستكردنى دارستان و باخچه‌ى ده‌ستكرد چ له‌ناو پرۆژه‌كانیان یاخود له ده‌وروبه‌ر و ته‌نانه‌ت له ناو شار و شوێنه‌كانى دیكه‌شدا.
5. بونى یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوی قورس، جگه له‌وه‌ى بۆ ژیانى ئێستا پێداویستیه‌كى زۆر گرنگه، هاوكات هه‌ر خودی ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانیش بڕیاریداوه كه ده‌بێت له هه‌مو پرۆژه‌یه‌كدا هه‌بێت. نه‌بونى ئه‌و یه‌كه‌یه له پرۆژه‌كانى گه‌رمیان مایه‌ى هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه، به‌تایبه‌تى هه‌ندێك له‌و پرۆژانه فراوانكردنیان بۆ كراوه، كه‌چى حسابی ئه‌م یه‌كه‌یه‌ى بۆ نه‌كراوه! بۆیه ده‌بێت ئه‌م یه‌كه‌یه بۆ هه‌مو پرۆژه‌یه‌ك زیاد بكرێت و هه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه كاریگه‌ریی و مه‌ترسیه‌كانى ئاوى قورس زۆر ده‌بن.
6. هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كى ستراتیژی له بابه‌تى ئاو له پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبونى سنوره‌كه‌دا نییه، به‌وه‌ى هیچ بایه‌خێك به‌و ره‌گه‌زه گرنگه‌ى ژیان نه‌دراوه و هه‌مو پرۆژه‌كان سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌كانیان كراون به بیر، كه ئه‌مه‌ش رێگه ئاسانه‌كه‌یه و تێچوى كه‌مه، به‌ڵام كاریگه‌ریی و لێكه‌وته‌كانى بۆ داهاتو به‌تایبه‌تى كه پرۆژه‌كان هه‌مویان ته‌واو ده‌بن، زۆر مه‌ترسیدار و ته‌نانه‌ت كاره‌ساتبار ده‌بێت.
ده‌بێت حكومه‌ت تێبگات له‌وه‌ى ئاو كێشه‌یه‌كى گرنگی داهاتوی ئه‌م ناوچه‌یه‌یه، سست مامه‌ڵه‌كردن و گوێنه‌دان به‌م ئاله‌نگارییه، ناوچه‌كه‌مان روبه‌ڕوى مه‌ترسیی گه‌وره ده‌كاته‌وه.
بۆیه پێویسته له پرۆژه‌كاندا هه‌وڵبدرێت ئاوی ژێر زه‌وی به‌كارنه‌هێنرێت و له بری ئه‌وه پشت به ئاوی روبار و ئه‌و چه‌م و به‌نداوانه ببه‌سترێت كه له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، ئه‌مه‌ش به دروستكردنى پاڵاوگه‌ى تایبه‌ت.
گرنگه حكومه‌ت تێبگات پرۆژه‌كان هه‌ر بۆ ئه‌مڕۆ نین، به‌ڵكو بۆ داهاتوشن، بۆیه ده‌بێت حساب بۆ هه‌مو ئه‌گه‌ر و ئاله‌نگارییه‌ك بكات.