یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له نوێترین راپۆرتى مانگانه‌ى خۆی دا تیشكیخستوه‌ته‌سه‌ر نوسینگه‌ى مافی مرۆڤى گه‌رمیان و ئاستی چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان.
رادیۆی ده‌نگ له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كى دا به پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، له رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانه‌وه، مانگانه راپۆرتێك له‌سه‌ر كه‌رتێكى په‌یوه‌ست به حكومه‌ت بڵاوده‌كاته‌وه.
راپۆرتى ئه‌م مانگه‌ی تایبه‌ت كردوه به خستنه‌ڕوى ئه‌رك و كاره‌كانى نوسینگه‌ى مافی مرۆڤى گه‌رمیان و ئه‌و كێشانه‌ى كه نوسینگه‌كه هه‌یه‌تى.
هه‌روه‌ك له راپۆرته‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجام به‌ده‌ستهاتوه و چه‌ند راسپارده‌یه‌كیش بۆ بره‌ودان به‌كاره‌كانى نوسینگه‌كه و ره‌وشى چاودێریی مافى مرۆڤ له گه‌رمیان به‌گشتى، خراوه‌ته‌ڕو.
ده‌قی راپۆرته‌كه له خواره‌وه ده‌خوێننه‌وه.
پێشه‌كى:
نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان سەر بەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤە لە هەرێمی کوردستان، دامەزراوەیەکی حکومییە بەپێی یاسایی ژمارە (4)ـی ساڵی 2010 کاردەکات. ئۆفیسی سه‌ره‌كیی له كه‌لاره و له هەریەکە لە قه‌زاكانى كفری و خانەقین هۆبه‌ى هه‌یه.
له‌م راپۆرته‌دا تیشكده‌خه‌ینه‌سه‌ر كار‌و چالاكییه‌كانى نوسینگه‌كه و ئه‌و ئاله‌نگاریی و كێشانه‌ى روبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه.
بەشی یەکەم: ئیشوکارەکانی نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان
1. ناساندنی نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان
نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان لە ساڵی 2001 بەناوی بەڕێوبەرایەتی مافی مرۆڤی گەرمیان دامەزراوە، پاشان لە ساڵی 2003 بوە بە بەڕێوبەرایەتی مافی مرۆڤ و ئاوارە و ئەنفال تا ساڵی 2010 وەکو بەڕێوبەرایەتی بوە، لە ساڵی 2010 دوای پەسەندکردنی یاسای دەستەی مافی مرۆڤ کە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2010 دەرکرا، وەزارەتی مافی مرۆڤ هەڵدەوەشێنرێتەوە و دەکرێت بە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سەرجەم بەڕێوبەرایەتیەکان دەکرێن بە نوسینگە. نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان دو هۆبە لە خۆدەگرێت له کفری و خانەقین. هەروەک خودی نوسینگەکەش خۆی لە 8 هۆبەدا دەبینێتەوە (ژمێریاریی، وردبینی، کارگێڕیی، خۆیەتی، یاسا و سکاڵا، گرتوخانەکان، پاراستنی مافی مناڵ، چاودێری و دۆکۆمێنتکردن).
ژمارەی تێکڕای فەرمانبەرانی نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان (19) فەرمانبەرە (8) فەرمانبەر لە نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیانن، (4) فەرمانبەرهۆبەی مافی مرۆڤی کفری و (7) فەرمانبەر له هۆبەی مافی مرۆڤی خانەقینه. کاری سەرەکی نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان وەرگرتنی سکاڵا و به‌دواداچونه بۆیان.
2. کارەکانی نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان
ا. وەرگرتنی سکاڵا
بەپێی یاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، کاری سەرەکی نوسینگەکانی مافی مرۆڤ وەرگرتنی سکاڵای هاوڵاتیانە کە پەیوەندنی بەمافی گشتییەوە هەبێت.
حەیدەر فازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: کاری سەرەکی ئێمە وەکو نوسینگەکانی مافی مرۆڤ بەپێی یاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، وەرگرتنی سکاڵایە، سیستەمی سکاڵا بە ئەلکترۆنی کراوە بۆ تۆمارکردنی داتا و زانیاری کەسی سکاڵاکار، بەڕەزامەندی خۆی ئەو داتا و زانیارییانە وەردەگرین لەیەک سیستەمدا لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کۆدەکرێتەوە.
دەشڵێت: بەشێک لە وسکاڵایانەی کە دەبێت کاری جدی لەسەر بکەین سکاڵایەکە ئەگەر دەزگایەکی گشتی مافی هاوڵاتی پێشێل بکات، دەبێت بەدواداچونی بۆ بکەین بەدوای راستی بابەتەکەدا بگەڕێین، وەکە لێکۆڵینەوەی سەرەتای گەڕانە بەدوای راستیدا، ئەگەر زانرا بەڵگەکان بەو شێوەیە ڕاست بێت، ئەبێت بە نوسراوێک ئاراستەی فەرمانگەی داواکاری گشتی گەرمیانی بکەین، بۆ ئەوەی وەکو سکاڵایەک لای ئەوان بجوڵێنرێت.
هێما بۆ ئەوە دەکات: زیاتر ئه‌و سكاڵایانه‌ى لامان تۆما ده‌كرێن، سکاڵای راگیراوانە کە سکاڵای ئەوە دەکەن کە ئەشکەنجەدراون، بەهۆی ئەوەی ئێمە چاودێری گرتوخانەکان دەکەین، بەدواداچون دەکەین و پرسیار و داتای خۆمان هەیە بۆ ئەشکەنجە، بەڵام کەمترین بەڵگەیان هەیە کە بیسەلمێنێت ئەشکەنجە دراون، ئاسەواری ئەشکەنجەیان پێوە دیار نییە، بەدوای شایەتدا دەگەرێین بەڵام ناگەین بە ئەنجام، کە بەڵگەی تەواومان دەست بکەوێت کە لە بنکەى پۆلیس یان ئاسایش کەسەکە ئەشکەنجە دراوە.
له‌باره‌ى دۆخی ئه‌شكه‌نجه‌دانى راگیراوانه‌وه، باسی لەوەکرد: ناتوانین بڵێین ئەشکەنجە نییە، زۆرجار دەچینە گرتوخانەکان کەسێک نابینی ئاسەواری ئەشکەنجەی پێوە دیاربێت، بەڵام ئیدعای هەیە و دەڵێت ئەشکەنجە دراوم، ناگەینە ئەنجام کە بڵێین لە 100% ئەشکەنجەدان هه‌بوە.
باسی لەوەشکرد: بەشێک لەو کەسانەی ئەم جۆرە سکاڵایە دەکەن نزیک دەبنەوە لەوەی تاوانەکەیان بەسەردا بسەپێنرێت کە ئەنجامیان داوە، بۆ ئەوەیە ببێتە هۆی ئەوەی سزاکەیان کەم بکرێتەوە، هه‌ربۆیه زۆرجار پەنا دەبەنە بەر ئەمجۆرە سکاڵایە و دەڵێن ئەشکەنجە دراوین.
ب. کەرتی پەروەردە
نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان بە هەماهەنگی بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی کەلار و کفری، بەدواداچون بۆ رەوشی پەروەردە دەکات.
حەیدەر فازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: بەشێک لە کارەکانمان کە رۆژانە بە دواداچونی بۆ دەکەین، په‌یوه‌سته به کەرتی پەروەردەوه، هەرچەندە لە ئێستادا دەوامی خوێندنگاکان نییە، زۆرجار بە دواداچون بۆ رەوشی پەروەردە دەکەین و هەماهەنگییه‌کی باشمان هەیە لە گەڵ پەروەردەی کەلار و کفری بۆ پێشکەشکردن سیمینار لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن.
هێماش بۆ ئەوە دەکات: لەگەڵ مامۆستایان و توێژەران بەتایبەتی دانیشتنمان هەبوە و رێنماییمان پێداون.
زۆرتر چالاكیه‌كانیان له‌م بواره، ئه‌نجامدانى سیمیناره بۆ فێرخوازان.
سه‌ڵاح محه‌مه‌د، لێپرسراوى هۆبەی مافی مرۆڤی کفری، دەڵێت: لە کاتی وەرزی خوێندندا خول و سیمیناری هۆشیاریی بۆ ناوەندەکانی خوێندن ئەنجام دەدەین.
فه‌رمانگه‌كه پلانی وه‌هایه بۆ ساڵی داهاتو سیمیناره‌كانیان زیاتر بكه‌ن، حه‌یده‌ر فازڵ له‌مباره‌وه وتى: لە پلانماندایە ئەمساڵ لە هەمو قوتابخانەکانی ئەم شارە ٢ بۆ ٣ سیمینار پێشکەش بکەین، لە بارەی بابەتەکانی وەکو: خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کە بابەتی سەرەکییە، هەروەها مافی قوتابی و بنه‌ماكانى مافی مرۆڤ.
ت. کەرتی تەندروستی
لەکاتی دروستبونی هەر کێشەیەک لە کەرتی تەندروستی، لیژنەیەکی نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان سەردانی کەرتی تەندروستی دەکات، بۆ بەدواداچون و ئاگەداربون لە لایەنی کەمتەرخەم.
حەیدەر فازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان وتى: له‌كاتى هه‌ر كێشه‌یه‌كدا ئێمە سەردانمانکردوه و بە راپۆرتێک ئەیدەینە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بۆ ئەوەی لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگەداربکاتەوە کە کەمتەرخەمی لە چ بەشێک و کەسێکدا هەبوە.
پ. ئامادەکردنی راپۆرتی هەڵسەنگاندنی رەوشی مافەکانی مرۆڤ
دەستەی سەربەخۆ مافی مرۆڤ ساڵانە لە رێگەی راپۆرتێکەوە هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی مافی مرۆڤ دەکات لە هەرێمی کوردستان، هەریەکە لە نوسینگەکان شەش مانگ جارێک راپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئاراستەی دەستە دەکەن.
حەیدەرفازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: ساڵانە دەستەی مافی مرۆڤ بەگشتی هەڵسەنگاندنێک دەکات بۆ رەوشی مافی مرۆڤ، نوسینگەکان لە سنوری خۆمان شەش مانگ جارێک لەسەر پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ ڕاپۆرتێک دەدەینە دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر هەمو سێكتەرەکان کە نزیکەی 14 سێكتەر دەگرێتەوە، بەگشتی باسی بچوکترین پێشێلکاری دەکەین کە رویدابێت و ئاماژەی پێدەکەین و لەوێ تۆماری دەکه‌ین، شەش مانگی دوەمیش راپۆرتی کۆتایی دەنوسین.
دەشڵێت: راپۆرتی سێ مانگەمان هەیە سەبارەت بە بەشی پاراستنی مناڵ کە ئەمە یەکێکە لەو بەشانەی کە تازە دروست بوە و دەستەی مافی مرۆڤ بە هاوکاری رێکخراوی یونسێف پێكیانهێناوه و سێ مانگ جارێک لەسەر پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە رەوشی مافه‌كانى مناڵ بەگشتی راپۆرتمان هەیە.
هێما بۆ ئەوەشدەکات: سەبارەت بە رەوشی سکاڵا، راپۆرتێکی دیکەمان هەیە لە بارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە سێ مانگ جارێک ئاماده‌ى ده‌كه‌ین و دەیدەینە دەستەی مافی مرۆڤ، هەمو ئەمانە لەدەستەی مافی مرۆڤ کۆدەکرێتەوە و ساڵانە به راپۆرتێکی تێروته‌سه‌ل دەردەچێت و دۆخی مافی مرۆڤی به‌گشتى تێدا باسدەکرێت.
وتیشی: ئێمە هەڵسەنگاندنی ئەوەمان کرد ئەمساڵ گەرمیان دۆخێکی خراپی بڕی لەم شەش مانگەی یەکەمدا، به‌تایبه‌تى لە روی مادەی هۆشبەرەوە، ئه‌مانه‌ش جێگای مەترسین.
ج. کەرتی تایبەت
ئەرکێکی دیکەى نوسینگەی مافی مرۆڤى گه‌رمیان پێی هه‌ڵده‌ستێت، بەدواداچونكردنه بۆ کەرتی تایبەت به‌مه‌به‌ستى ئاگەداربون لە دۆخی کرێکاران و پێدانی مافەکانیان.
حەیدەر فازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: لە دەسەڵاتماندا هەیە بە دواداچون بۆ کەرتی تایبەتیش بکەین بۆ ئاگەداربون لە دۆخی کرێکاران بەتایبەتی ئەو کرێکارانەی لە کۆمپانیا و کارگەکاندا کاردەکەن، ئاگەداری ئەوە ده‌بین کە ئایا بەپێی پێویست مافەکانیان پێدەدرێت و بەپێی یاسای کار گرێبەستیان هەیە، هه‌روه‌ها ئایا موچەکانیان بە پێی ئەو گرێبەستەی کراوە پێیان دەدرێت؟ چونکە هەندێک شوێن بەپێی ئەو گرێبەستەی کراوە بۆ موچەکانیان بەوشێوەیە پێیان نادەن.
چ. چاودێریی دۆخی مناڵان
بۆ ئاگەداربون لە دۆخی مناڵان و بەتایبەتی مناڵانی ئیشەری سەرشەقام، نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان هۆبەیەکی تایبەت به مناڵانی هه‌یه و لیژنەیەکی بەداواچونیشان هەیە.
ئیدریس حەمەکەریم، لێپرسراوی هۆبەی مناڵان، دەڵێت: ئێمە جگە لەوەی هۆبەیەکمان هەیە تایبەت بە مناڵان، لە دوو لیژنەیه‌شدا بەشدارین كه لیژنەیەکیان لەگەڵ ئیدارەی گەرمیانه و لیژنەیەک لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتى چاودێریی و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان و كاره‌كانیان تایبه‌ته به چاودێریی مناڵان.
دەشڵێت: دو جۆر کاردەکەین، کاری یەکێک لە لیژنەکانمان زۆر تەرکیزی لەسەر مناڵانی ئیشکەری سەر شەقامە، کارێکی تریشمان گشتگیر ترە بۆ مناڵان لە ئاست و شوێنەکانی دیکەدا، لیژنەیەکمان بە بەردەوامی دەرچونیان هەیە بۆ کۆکردنەوەی داتا و فۆرممان هەیە بۆ پڕکردنەوەی داتا و زانیاری مناڵان.
هێما بۆ ئەوەشدەکات: ئەو ئامارانەی کۆیدەکەینەوە دەیکەین بە راپۆرت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری لەسەر دەکەن.
باس لەوەشدەکات: لە پلانماندایە هەنگاو بۆ شوێنەکانی دیکەش بنێین، وەک: کافتریا و چێشتخانەکان، چونکە لەو شوێنانەش مناڵ هەن.
ح. سەردانی بنکەی پۆلیس و گرتوخانەکان
یەکێک لەو شوێنانەی نوسینگەی مافی مرۆڤ بەردەوام سەردانی دەکات گرتوخانەکانە، بۆ ئاگەداربون لە هەر پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە راگیراوان.
حەیدەرفازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: سەردانییەکانمان بەگشتی لە ئێستادا بەردەوام بۆ بنکەکانی پۆلیس و ئەو شوێنانەیە کە زیاتر هەست بکەین مافی کەسیی تیادا پێشێل دەکرێت، بەتایبەتی لەکاتی لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباراندا، دەچین سەردانیان دەکەین و رێنماییان پێدەدەین ئەوانیش هاوکارمانن.
دەشڵێت: هەروەها سەردانی گرتوخانەکانی گەرمیان دەکەین، هەریەکە لە گرتوخانەکانی بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان و گرتوخانەی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، هەندێکجاریش بەپێی پێویستی داواکاری بەندکراوان هەبێت کە داوابکەن سەردانیان بکەین، چونکە ژمارەمان لەلایانە داوادەکەن سەردانیان بکەین.
هاوکات دلێر رەحیم، لێپرسراوی بەشی یاسایی و گرتوخانەکان، دەڵێت: هەفتە یان دو هه‌فته جارێک سەردانی گرتوخانەکان دەکەین بۆ ئاگەداربون و لێکۆڵینەوەکردن لە نانخواردن و تەندروستی راگیراوان و مامەڵەی پۆلیس و ئاسایش له‌گه‌ڵ بەندکراوان و ئه‌گه‌رى بونى ئه‌شكه‌نجه.
دەشڵێت: تەنها کاتێک ئێمە تەداخول دەکەین کە پەیوەندی بە مافی گشتییەوە هەبێت، ئەگەر لێدان و ئەشکەنجە هەبێت لەم جۆرە حاڵەتانەدا ئێمە نوسراو بۆ داواکاری گشتی دەکەین، ئەرکی ئێمەیە لێکۆڵینەوە بکەین لە هەر کەمتەرخەمییەک کە هەبێت لە ناو گرتوخانەکاندا.
بەشی دوەم: گرفتەکانی نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان
1. گرفتی كه‌میی فه‌رمانبه‌ر
کەمی میلاکى فه‌رمانبه‌ر یەکێکه لە گرفتە سەرەکییەکانی نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان و کێشەی بۆ کارەکانیان دروست کردوە، بەم هۆیەوە نەیانتوانیوە هەمو بەشەکانیان پڕبکەنەوە.
حەیدەرفازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: وەکو نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان جگە لەخۆم 7 فەرمانبەرم هەیە، یەکێکیان پاسەوانە پاسەوانەکەم هێناوەتەوە بۆ بەش بەهۆی کەمی کارمەند بۆ ئەوەی سودی لێببینین، لەو نۆ بەشە سەرەکییەی کە هەمانە توانیومە تەنها شەش بەشی پڕبکەمەوە، ئەمەش تەنها وەکو بەرپرسی بەش فەرمانبەریان نییە. لە ساڵی 2013ـوه هیچ کەسێکمان بۆ دانەمەزراوە، لەگەڵ ئەوەشدا گواستنەوە و خانەنشین هەبوە و ٤ فەرمانبەرمان خانەنشین بون و جێگایان پڕنەکراوەتەوە.
دەشڵێت: بۆ بچوکترین کێشە دەبێت دوکەسی بۆ رابسپێریت بۆ ئەوەی چارەسەری بکەین، بەڵام من ئەبێت خۆم و فەرمانبەرێک بڕۆم چارەسەری بکەین، ئەمەش زۆر کێشەیە بۆمان.
هێما بۆ ئەوەشدەکات: لە میلاکدا شۆفێرمان نییە، بەپێی یاسا هیچ فەرمانبەرێک بۆی نییە ئۆتۆمبیل لێ بخوڕێت، ئەمە بەرپرسیاریەتییە، بەڵام رۆژانە هەمومان ئەو سەرپێچییە دەکەین.
هاوکات ئیدریس حەمەکەریم، لێپرسراوی هۆبەی پاراستنی مافی مناڵ، دەڵێت: یەک کارمەندم بەردەست نییە تەنها خۆمم، لە کاتێکدا بۆ کارەکەی من دەبێت بەلایەنی کەمەوە 3 کارمەندمان هەبێت جگە لە بەرپرسی هۆبە، ئەمە گرفتی بۆ دروستکردوین.
لە بەرامبەریشدا ئیبراهیم محه‌مه‌د، لێپرسراوی هۆبەی راگەیاندن و ژمێریاریی، دەڵێت: نەبونی فەرمانبەری ژمێریار کێشەیە بۆ کارەکانمان، پێویستمان بە 5 فەرمانبەرە بۆ هۆبەکەمان، بەڵام سەرجەم کارەکان لە ئەستۆی خۆمە.
دەشڵێت: فەرمانبەر مۆڵەتی هەیە یان رۆژێک لە هەفتەکەدا نایەت بۆ دەوام، بەڵام من ئەوەشم نییە، ئەمەش گرفتی بۆ دروستکردوین.
هاوکات دلێر رەحیم، لێپرسراوی هۆبەی یاسا و گرتوخانە، دەڵێت: بۆ ئەوەی کارەکانمان بەباشی بەڕێوەبچێت، پێویستمان بە 6 بۆ 7 فەرمانبەرە، بۆ ئەوەی هەریەکە و کارێک بکات، بۆ هەریەکە لەکارەکانی: وەرگرتنی سکاڵا، گرتوخانەکان، ئاسایش و پۆلیس، رۆشتن بەشوێن سكاڵا.
لە بەرامبەردا حەیدەرفازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: کاتێک سەردانی گرتوخانە دەکەین لیژنە دەنێرین، لیژنە دەبێت سێ کەس بچن و خۆمی تیادا نەبێت، بەڵام بەهۆی کەمی فەرمانبەرەوە خۆم لەگەڵیان دەچم.
دەشڵێت: کەمی میلاک وایکردوە ناتوانم لیژنەکانم ته‌واو بکەم.
هاوکات سه‌ڵاح محه‌مه‌د، لێپرسراوى هۆبەی مافی مرۆڤی کفری، دەڵێت: کێشەی سەرەکیمان نەبونی میلاکە، کە فەرمانبەرێکمان گواستنەوە یان خانەنشین دەبێت یان لە دەوام دادەبڕێت شوێنەکەی پڕ ناکرێتەوە، 4 فەرمانبەرین یەکێکیان مۆڵەتی دایکایەتی و یەکێکی تریان مۆڵەتی خوێندنی هەیە.
دەشڵێت: لەم جۆرە حاڵەتانەدا گرفتمان بۆ دروست دەبێت، چونکە هۆبەیەک بە دو کەس بەڕێوە ناچێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی گرفتی نەبونی کادری کارامەمان هەیە کە پێویستە شارەزایی هەبێت لە ئه‌نجامدان و بەڕێوەبردنی خول و راهێنان و سیمینار، چەندینجار داوای زیادکردنی میلاکمان کردوە، بەڵام وەڵام نەدراوینەتەوە.
کەمی فەرمانبەر لەنوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، وایکردوە بەرپرسی هۆبەیەک ئەرکی هۆبەیەکی دیکەی پێ بسپێردرێت، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی هەیە داوای فەرمانبەریان لە هۆبەی مافی مرۆڤی خانەقینیش کردوە.
حەیدەر فازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: بەهۆی نەبونی فەرمانبەری پێویست، بەرپرسی هۆبەیەک ئەرکی هۆبەیەکی دیکەشمان پێ سپاردوە، بەرپرسی هۆبە 15% دەرماڵه‌ی هه‌یه، بەڵام هیچیان بۆ خەرج ناکرێت لەبەر ئەوەی هۆبه‌كه فەرمانبەری پێویستی نییە، ته‌نانه‌ت بە پێی پەیکەری رێکخستن، ئەبێت (32) فەرمانبەرمان هەبێت.
دەشڵێت: بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی بە هۆی نەبونی فەرمانبەرەوە هەیە، داوام کردوە سود لە فەرمانبەرانی هۆبەی مافی مرۆڤی خانەقین وەربگرین و راژەکەیان بهێننە کەلار، ئۆتۆمبێلکیان بۆ ئەو مەبەستە بۆ دابین بکرێت، چونکە لەوێ ناتوانن کاربکەن، ئەوەشمان بۆ نەکرا.
لە بەرامبەریشدا، ئەمەل فوئاد، لێپرسراوى هۆبەی مافی مرۆڤی خانەقین، دەڵێت: کێشەی ئەوەمان هەیە بەردەوام داوای فەرمانبەرمان لێدەکرێت بۆ نوسینگەی مافی مرۆڤی کەلار، ئێستا 6 فەرمانبەرین، فه‌رمانبه‌رێكمان مۆڵەتی خوێندنی هەیە، خۆمان گرفتی میلاکمان هەیە و فەرمانبەرمان کەمە.
دەشڵێت: بۆ ئەو داواکارییەی لێمانکرا، کارمەندێکمان راژەی گواستەوە کەلار، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی کرێی هاتوچۆوە، گەڕایەوە خانەقین.
2. گرفتی بینا
گرفتی بینا یەکێکە لەو گرفتانەی بەرۆکی زۆربەی فەرمانگە حکومییەکانی گەرمیانی گرتوەتەوە، یەکێک لەو فەرمانگانەش نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیانە، کە بەهۆی نەبونی فەرمانگەی تایبەت بەخۆیان لە بینای فەرمانگەیەکی دیکەدان.
حەیدەر فازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: ماوەی 8 ساڵە لە بینای بەڕێوبەرایەتی گشتى چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیانین، چەندینجار پێویستیان بەو جێگایە بوە کە تیایداین، بەڵام بە حوکمی ئەوەی بینویانە ئێمەش سەرقاڵی کاروبار و بەدواداچونین لەباره‌ى رەوشی مافی مرۆڤ و نزیکییه‌ك لە کارەکانماندا هەبوە، داوامان کردوە بمانبەخشن بۆماوەیەکی دیکەش بمێنینەوە، نەرمییان نواندوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لێرە بمێنینەوە، ئەمە یەکێکە لەو گرفتانەی کە وایکردوە لە بری ئەوەی سەرقاڵی بە دواداچونبین، بەڵام سەرقاڵی بە دواداچونی ئەوەین بینایەک بۆ خۆمان دابین بکەین.
دەشڵێت: داوای بینامان کردوە پێمان وتراوە بینایەکی باش بەکرێ بگرین و ڕەزامەندیمان وەرگرت توانیمان بینایەک بەکرێ بگرین، بەڵام گرفتی دارایمان بۆ دروست بو بەهۆی ئەوەی حساباتمان مەرکەزییە، هەر خەرجییەکمان هەبێت لە رێگەی چەکێکەوە لە گەنجینە بۆمان دەکرێت و لە بانک خەرج دەکرێت، ئەبێت چەکێک بە ناوی خاوەن خان‌و بکەین لەبانک کرێکەی وەربگرێت، بەڵام بەهۆی کەمی پارە لە بانکدا ئەو چەکانە دوادەکەوێت و خاوەن خانوش مانگ و دو مانگ چاوەڕێ ناکات، بۆیه نەمانتوانی بچینە خانوی کرێ.
3. گرفتی پێشینە
یەکێکی دیکە لەو گرفتانەی دەکەوێتە دەرەوەی دەسەڵاتی نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دواکەوتنی پێشینەیه و بە گرفتی دواکەوتنی کارەکانیان دەزانن.
حەیدەر فازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: بۆ پێشینەی مانگانەمان ئەبێت سەردانی گەنجینە بکەین تاتەواو دەبێت، بە هۆی ئەوەی کە راستەوخۆ لەلای خۆمان نییە، گرفتمان بۆ دروست دەبێت، دەکەوێتە ژێر کۆمەڵێک چاودێری وردەوە، تەواوبونی مامه‌ڵه‌كان ماوەیەکی ئەوێت، پاشان دەکرێت بە چەک، دەبێت سەرەیەکی بۆ تۆمار بکەین لە بانک بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی بانکی ناوەندی سلێمانی، بەلایەنی کەمەوە چەکێکی پێشینە مانگێک دەخایەنێت، ئەمە وایکردوە دواکەوتن لە کارەکانمان دروست بکات.
دەشڵێت: کۆمەڵێک کاروچالاکیمان هەیە وەکو: چاپ و بڵاوکردنەوە و ئەنجامدانی وۆرکشۆپ و سیمینار، ئەمانە خەرجی دەوێت، ئەم گرفتە وایکردوە نەتوانین چالاکییەکانمان وەکو پێویست بکەین.
هێما بۆ ئەوەشدەکات: پێشینەیەکی باشمان هەیە بۆ خەرجییەکانی نوسینگە و هەردو هۆبەی کفری و خانەقین، بەڵام گرفتمان لە وەرگرتنی هەیە، ساڵی 2023 لەکۆی 12 پێشینە تەنها 6 پێشینەمان وەرگرتوە، دواکەوتنی وایکردوە نەتوانین سود لە هەمو پێشینەکان وەربگرین.
4. گرفتی دەسەڵات
هۆبەکانی سەر بە نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان نەبونی دەسەڵاتیان لە روی سەربەخۆی ئیداریی و داراییەوە بە گرفتی بەردەم کارەکانیان دادەنێن.
ئەمەل فوئاد، بەڕێوبەری هۆبەی مافی مرۆڤی خانەقین، دەڵێت: دەسەڵاتی سەربەخۆمان لە روی ئیداریی و ژمێریارییەوە نیە، من کە لێپرسراوی هۆبەم دەسەڵاتی ئەوەم نییە دو رۆژ مۆڵەتی فەرمانبەرەکەم بدەم، ئەبێت بۆ پشتگیریی بینێرم بۆ کەلار.
دەشڵێت: نەبونی دەسەڵات گرفتی بۆ ئیشوکارەکانمان دروستکردوە لەگەڵ رێکخراوەکان، ئەگەر حساباتی خۆمان هەبێت جیاوازە، چەند ساڵێکە داوای ئەوەمان کردوە جیابکرێینەوە و سەربەخۆ بین و وەکو نوسینگەیەک مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت، نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان لەمڕوەوە گرفتیان نییە و پەیوەندی بە وەزارەتەوە هەیە.
هێما بۆ ئەوەشدەکات: لە دوای روداوه‌كانى 16ـى ئۆکتۆبەری 2017ـوه سنوری دەسەڵاتی کارکردنمان کەم بوه‌تەوە و ناتوانین وەکو پێش‌و زۆر کاربکەین.
هاوکات سه‌ڵاح محه‌مه‌د، لێپرسراوى هۆبەی مافی مرۆڤی کفری، دەڵێت: هەر قەزایەک دەبێت په‌یوه‌ست بێت به دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە، بەڵام ئێمە په‌یوه‌ستین به نوسینگەی مافی مرۆڤی کەلار (گه‌رمیان)ـەوە.
دەشڵێت: ئەمە وایکردوە لە روی کارگێڕیی و داراییەوە گرفت دروست ببێت، ئەگەر ئەگەر دەسەڵاتی سەربەخۆمان هەبێت دەتوانین بەشێوەیەکی فراوانتر کار بکەین، نەبونی دەسەڵاتی سەربەخۆ لە روی داراییەوە گرفتی ئەوەی بۆ دروستکردوین بمانەوێت پرۆژەیەک یان چالاکییەک ئەنجام بدەین، راستەوخۆ دەسەڵات و ئیمکانیەتمان بەردەست نیە، لە روی کارگێڕیشەوە بەهەمان شێوە.
لەبەرامبەریشدا حەیدەر فازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: داوام لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کردوە کە ئەم هۆبانە سەربەخۆیی خۆیان پێبدرێت کە بتوانن رەوشی هۆبەکانیان لە روی کارگێڕیی و داراییەوە ئیدارە بدەن، چونکە فەرمانبەرێکی ئەم هۆبانە بیەوێت بۆ کارێکی فەرمی بێتە کەلار ئەبێت من فەرمانێک دەربکەم بۆی بنێرم، بەهۆی ئەوەی له‌ڕوى ژمێریاریی و ئیدارییەوه سەر بە ئێمه‌ن.
دەشڵێت: بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی هەمە داوامکردوە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە زیادکردنی چەند بڕگەیەک کە من دەسەڵات دابەزێنم بۆ بەرپرسی ئەو هۆبانە بۆ هەندێک لە ئیشوکارەکانیان، بەڵام نەکراوە.
هێما بۆ ئەوەشدەکات: پێویستمان بەزیادکردنی دەسەڵاتێکە کە بەڕێوبەری نوسینگە بتوانێت دەسەڵات بۆ خواروی خۆی دابەزێنێت، بۆ ئەوەی هۆبەی مافی مرۆڤی خانەقین و کفری چەند دەسەڵاتێکی ئیداری‌یان هەبێت.
5. گرفتی سکاڵا
جوڵاندنی سکاڵا لە رێگەی فەرمانگەی داواکاری گشتییەوە، گرفتی بۆ نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان دروستکردوە، وەکو خۆیان باسی لێوەدەکەن کاری ئەوانی قورسترکردوە.
حەیدەر فازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: پەیوەندییەکی باشمان هەیە لەگەڵ فەرمانگەی داواکاری گشتی، ئەو سکاڵایانەی کە لایەنێکی مافی گشتی بێت دەبێت لەڕێگەی ئەوانەوە بجوڵێنرێت، ئەمە گرفتی بۆ ئێمە دروستکردوە، لەیاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەبێت هەمو سکاڵایەک لە رێگەی فەرمانگەی داواکاری گشتییەوە چارەسەر بکرێت، ئەمە له یه‌ككاتدا دەبێتە هۆی قورسکردنی کاری ئێمە و ئەو کەسەش کە رودەکاتە لامان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا.
دەشڵێت: ئه‌و كه‌سه لە جیاتی ئەوەی بێتە لای ئێمە، خۆی دەڕواتە فەرمانگەی داواکاری گشتی و سکاڵاکەی تۆماردەکات، یان کەسێک لە جیاتی ئەوەی هەواڵێک بە ئێمە بدات، دەڕواتە لای ئەوان و هەواڵەکە بە ئەوان دەدات و ئەوان بەدواداچونی بۆ دەکەن.
باسی لەوەشکرد: بۆ ئەم گرفتە داوامانکردوه خۆمان بتوانین بەشێکی تەواومان هەبێت، چونکە بەشی یاسا و سکاڵامان هەیە و ده‌بێت ئەم بەشە دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت بتوانین بە دواداچونی جدی بۆ سکاڵاکان بکات و راستەوخۆ سکاڵاکان ئاراستەی دادگا بکات و بڕواتە لێکۆڵینەوەوە لەوێ وەکو دۆسیەیەکی لێبێت و كاری لەسەر بکرێت.
هێما بۆ ئەوەشدەکات: ئێمە وەکو پاشکۆی داواکاری گشتیین، ئه‌مه‌ش گرفتی بۆ دروستکردوین و بێ متمانەییەکی زۆری دروستکردوە، چونکە زۆرجار دواکەوتن لە وەڵامدانەوە کێشەكاندا دروست دەبێت.
6. گرفتی ئۆتۆمبیل
گرفتی ئۆتۆمبیل یەکێکی دیکەیە لەو گرفتانەی کە فەرمانگە حکومییەکان بەدەستییەوە دەناڵێنن، یەکێک لەو فەرمانگانەش نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیانە.
حەیدەر فازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: ئەو ئۆتۆمبیلانەی نوسینگەكه‌مان هەیەتی زۆر کۆنن و ئەرکی بەکارهێنانیان زۆر قورسە، خەرجییەکی زۆری ئەوێت هەروەها بزوێنەری گەورەیە و سوتەمەنی زۆری پێویستە، ئەمەش وایکردوە پێویستی بە خەرجییەکی زیاتر بێت، هەروەها تێکچونی زۆرە و بەردەوام ئەبێت خەریکی چاککردنەوەی بین.
دەشڵێت: چەندینجار دەرخستەمانکردوە داوامانکردوە کە ئەم ئۆتۆمبیلانە حکومەت وەری بگرێتەوە، له‌به‌رامبه‌ردا ئۆتۆمبیلی سادەمان بۆ دابین بکەن کە خەرخی کەم بوێت، بتوانین رۆژانە کارەکانمانی پێ رابپەڕێنین، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە.
7. گرفتی ئیمتیازات و نەبونی هاندان
حەیدەر فازڵ، بەڕێوبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان، دەڵێت: بەپێی یاسا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ژێر چاودێریی دیوانی چاودێری داراییە و لە روی کارگێڕییەوە دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بەڵام تائێستا ئەو رێنماییانەی ئەنجومەنی وەزیران دەریدەکات، بەسەر ئێمەشدا جێبەجێ دەکرێت.
دەشڵێت: ئێمە لەبنەڕەتدا وایە دەبێت فەرمانبەری پەرلەمان بین، ئەو ئیمتیازەی فەرمانبەری پەرلەمان هەیەتی دەستەی مافی مرۆڤیش دەبێت هەیبێت هاوشێوەی دەستەی دەستپاکی، به‌ڵام وانییه.
وتیشی: بەهۆی کەمی موچەکەیانەوە، هەمو فەرمانبەرەکانم داوای گواستنەوە دەکەن.
سەرەڕای هاوتانەبونی موچەی فەرمانبەرانی دەستە سەربەخۆی مافی مرۆڤ هاوشێوەی ئەو ئیمتیازاتانەی فەرمانبەری پەرلەمان هەیەتی، هیچ هاندانێكیشیان بۆ خه‌رج نەکراوە.
حەیدەر فازڵ، دەڵێت: داوامانکردوە تەنها ئەو فەرمانبەرانەی سەردانی گرتوخانە دەکەن هاندانیان پێبدرێت، بە هۆی ئەوەی هەندێکجار روبەڕوی مەترسیی دەبنەوە.
دەشڵێت: نوسراومان تا ئەنجومەنی وەزیران رۆشتوە، ئەنجومەنی وەزیران پرسیاری لە وەزارەتی دارايی کردوە کە ئایا دەستەی مافی مرۆڤ کارمەندانیان مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە بۆ ئه‌وه‌ى ئەو پارەیه‌یان بۆ خەرج بکرێت، لە وەڵامدا وەزارەتی دارایی دەڵێت: ئێمە وەک چاودێریی کۆمەڵایەتی نین و بۆمان نەکرا.
به‌شى سێیه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. نوسینگه‌ى مافی مرۆڤی گه‌رمیان یه‌كێكه له‌و ده‌زگا فه‌رمیانه‌ى كه په‌یوه‌سته به چاودێری مافی مرۆڤ و ماوه‌ى 23 ساڵه له سنوره‌كه‌دا له‌ژێر ناوی جیاوازدا كارده‌كات. ئه‌و كه سه‌ر به ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤه له هه‌رێم، بنكه‌ى سه‌ره‌كی له كه‌لاره و له خانه‌قین و كفریش یه‌كی هۆبه‌یه‌كى هه‌یه و تێكڕاش (19) فه‌رمانبه‌رى هه‌یه. كارى نوسینگه‌كه به‌دواداچونه بۆ پێشێلكارییه‌كانى مافی مرۆڤ، چ له رێگه‌ى تۆماركردنى سكاڵاوه، چ له له‌رێگه‌ى به‌دواداچونكردنى خۆیانه‌وه.
2. نوسینگه‌كه به‌دواداچون ده‌كات بۆ هه‌مو ئه‌و سكاڵایانه‌ى كه هاوڵاتیان له‌لایان تۆمارى ده‌كه‌ن له‌كاتى بونى پێشێلكاریی دا، ئه‌م نوسینگه‌یه‌ش به‌دواداچونى بۆ ده‌كات و ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه ببێت به دۆسیه، ئه‌وا ره‌وانه‌ى داواكاری گشتى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وان له روى یاساییه‌وه بیجوڵێنن.
3. نوسینگه‌كه هه‌روه‌ها مانگانه و وه‌رزانه و ساڵانه‌ش راپۆرتى جۆراوجۆر له‌باره‌ى پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر به مافی مرۆڤ به گشتى ئاماده ده‌كات و بۆ ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤى ده‌نێرێت.
4. یه‌كێكى تر له كاره‌كانى نوسینگه‌كه، ئه‌نجامدانى كۆڕ و كۆبونه‌وه و سیمیناره، به‌تایبه‌تى له‌ناوه‌نده په‌روه‌رده‌ییه‌كان، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستى شیكردنه‌وه‌ى بنه‌ماكانى مافی مرۆڤ و هاندانى هاوڵاتیان بۆ جێبه‌جێكردنى.
5. نوسینگه‌ى مافی مرۆڤى گه‌رمیان كێشه‌ى زۆری هه‌یه، كه هه‌ندێكیان بونیادیی و هه‌ندێكى دیكه‌یان ته‌كنیكین، له نمونه‌ى كێشه بونیادییه‌كان ئه‌وه‌یه كه ده‌سته‌كه ده‌بێت سه‌ر به پارله‌مانى كوردستان بێت، به‌ڵام وانیه، هه‌روه‌ها شێوازی كاركردنى نوسینگه‌كه به‌شێوه‌یه‌كه كه خۆی ناتوانێت سكاڵا بجوڵێنێت و به‌دواداچونى بۆ بكات له روى یاساییه‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت بیدات به داواكاری گشتى، ئه‌مه‌ش واده‌كات رۆڵی ئه‌و زیاتر وه‌كو چاو‌دێر و تۆماركه‌رى پێشێلكارییه‌كان ده‌ربكه‌وێت.
6. هه‌رچی كێشه‌ى ته‌كنیكییه، ئه‌وا نوسینگه‌كه زۆر كێشه‌ى هه‌یه، له نمونه‌ى: نه‌بونى بینای شیاو و تایبه‌ت به خۆی، نه‌بونى ئۆتۆمبیل بۆ به‌دواداچونى كاروباره‌كان، كێشه‌ى ئیداریی و ژمێریاریی و ...هتد.
7. نوسینگه‌كه یه‌كێكى تر له كێشه دیاره‌كانى، كه‌مى فه‌رمانبه‌ره، به‌شێوه‌یه‌ك به هه‌مویه‌وه (19) فه‌رمانبه‌رى هه‌یه كه ته‌نها 8 له‌و كارمه‌ندانه له نوسینگه‌ى سه‌ره‌كین له كه‌لار و ئه‌وانى دیكه له كفری و خانه‌قینن. ئه‌مه‌ش وایكردوه كه نوسینگه‌كه به‌هه‌مو كاروباره‌كان رانه‌گات و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك هۆبه‌یان هه‌یه هه‌ر نه‌یانتوانیوه دروستى بكه‌ن.
8. هۆبه‌كانى كفری و خانه‌قین كێشه‌ى زۆریان هه‌یه، كفری كه (4) فه‌رمانبه‌رى هه‌یه، دوانیان له مۆڵه‌تن و‌ئێستا ته‌نها به 2 فه‌رمانبه‌ره‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چن. خانه‌قینیش كێشه‌ى ئه‌وه‌ى هه‌یه كه سنوره‌كه‌یان له‌دواى روداوه‌كانى ئۆكتۆبه‌رى 2017ـه‌وه داموده‌زگاكانى هه‌رێمى كوردستان تیایاندا لاواز بوه و ناتوانن رۆڵی ئه‌وتۆ بگێڕن.
9. خودى نوسینگه‌كه و هۆبه‌كانیشی، كێشه‌ى ده‌سه‌ڵات و رێگه‌پێدانی كارگێڕیی و داراییان هه‌یه، به‌تایبه‌ت هۆبه‌كان كه بۆ هه‌مو شتێكى ئاسایی ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ نوسینگه‌ی گه‌رمیان له كه‌لار.
10. كێشه‌ى داریی و خه‌رجنه‌كردن یان دره‌نگ خه‌رجكردنى پێشینه‌كان، یه‌كێكى دیكه‌یه له كێشه‌كانى نوسینگه‌كه و كارى كردوه‌ته سه‌ر كوالێتیی كاره‌كانیان.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. بونى ده‌زگایه‌كى فه‌رمیی بۆ چاودێریی ره‌وشى مافی مرۆڤ له گه‌رمیان، پێویست و گرنگه، چونكه ئه‌م بواره روبه‌ڕوى زۆر پێشێلكاریی ده‌بێته‌وه و پێویست ده‌كات له‌لایه‌ن لایه‌نێكى فه‌رمییه‌وه به‌دواداچونى بۆ بكرێت و تۆمار بكرێت و كارى له‌سه‌ر بكرێت. به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه ده‌زگاكه گرنگیی پێبدرێت و رۆڵه‌كه‌ى شكڵی و سنوردار نه‌بێت و كاره‌كانیشی پیشه‌یی بن. یه‌كێك له بنه‌ماكانى پیشه‌یی بونى ده‌زگاكه‌ش ئه‌وه‌یه كه ده‌سته‌كه به‌گشتى سه‌ر به پارله‌مان بێت نه‌ك حكومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ى چاودێرێكى كارای حكومه‌ت بێت له روى به‌دواداچونكردن بۆ پێشێلكارییه‌كان كه ره‌نگه هه‌ندێكیان حكومه‌ت خۆی تیایدا به‌شدار بێت.
2. یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ى پێویسته به‌گرنگییه‌وه كارى له‌سه‌ر بكرێت و دوباره داڕشتنه‌وه‌ى بۆ بكرێت، مه‌سه‌له‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌م ده‌زگایه‌ى مافی مرۆڤه له پرسی به‌دواداچونى سكاڵاكان، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتى پێبدرێت كه بتوانێت خۆیشی سكاڵا له دادگاكان بجوڵێنێت و ته‌نها رایه‌ڵه‌یه‌ك نه‌بێت له‌نێوان داواكارى گشتى و هاوڵاتیانى سكاڵاكار دا، چونكه به‌مشێوه‌یه بونى ئه‌و له وه‌رگرتنى سكاڵادا رۆڵێكى لاواز و شكڵی ده‌بێت.
3. به‌هۆی گرنگیی پرسه‌كه‌وه، پێشنیازده‌كه‌ین كه بۆردێكى تایبه‌ت به مافی مرۆڤ یان چاودێریی مافی مرۆڤ له‌سه‌ر ئاستى ئیداره‌ى گه‌رمیان پێكبهێنرێت و له‌رێگه‌یه‌وه زیاتر و چڕتر به‌دواداچون بۆ پێشێلكارییه‌كانى مافی مرۆڤ بكرێت.
4. نوسینگه‌ى مافی مرۆڤى گه‌رمیان به‌ده‌ست زۆر كێشه‌وه ده‌ناڵێنێت، هه‌ر له بیناوه هه‌تا كێشه‌ى ده‌سه‌ڵات و دارایی و هی دیكه. گرنگه حكومه‌ت به بایه‌خه‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان بدات، چونكه ئه‌م كێشانه كاریان كردوه‌ته‌سه‌ر توانا و راده‌ى كارایی نوسینگه‌كه، ئه‌مه‌ش واده‌كات ئه‌و رۆڵه‌ى لێیان چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، نه‌توانرێت به‌جێی بێنن.
5. گرنگه پرسی چاودێریی مافی مرۆڤ هه‌ر له ناوه‌نددا نه‌مێنێته‌وه، ئیتر چ ناوه‌ندى پارێزگا یان ئیداره سه‌ربه‌خۆكان بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته گرنگیی زیاتر به هۆبه‌كانى مافی مرۆڤ له كفری و خانه‌قین بدرێت و كارا بكرێنه‌وه و خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى پێویستی كارگێڕیی و دارایی بن.
6. ئه‌نجامدانى راپۆرتى مانگانه و وه‌رزى و ساڵانه له‌لایه‌ن نوسینگه‌كه‌وه زۆر گرنگه، چونكه ده‌بێته سه‌كۆیه‌ك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى دۆخی مافی مرۆڤ له ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام گرنگه ئه‌م داتایانه به‌شێوه‌یه‌كى شه‌فاف بۆ رایگشتى به به‌رده‌وامیی بڵاوبكرێنه‌وه و هاوڵاتیانیان لێ ئاگه‌دار بكرێته‌وه، هه‌روه‌ك كۆبونه‌وه و كۆنفرانس بۆ چالاكوانان و رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجام بدرێت به‌مه‌به‌ستى گه‌یاندنى ئه‌م داتا و ئامار و راپۆرتانه پێیان.
7. زیادكردنى فه‌رمانبه‌ر و رێكخستنه‌وه‌یان، یه‌كێكه له پێویستییه‌كانى نوسینگه‌كه، چونكه كه‌می فه‌رمانبه‌ر وایكردوه كه‌موكورتیی زۆر له كاروباره‌كانى ده‌زگاكه‌دا دروست ببێت. بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته له داهاتودا له دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌راندا ئه‌م ده‌زگایه‌ش به گرنگییه‌وه لێی بڕوانرێت و میلاكی زیاتری بۆ دابینبكرێت.
8. له‌لایه‌كى دیكه‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنى به‌شێك له كێشه‌كانى په‌یوه‌ست به میلاك، ده‌توانرێت سود له دامه‌زراندنى كه‌سانى خۆبه‌خش بۆ نوسینگه‌كه ببینرێت، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى ده‌توانرێت سود وه‌ربگیرێت له كه‌سانى خۆبه‌خش یاخود ئه‌و فێرخوازانه‌ى مه‌شقی هاوینه ده‌كه‌ن.
9. هانى نوسینگه‌ى مافی مرۆڤی گه‌رمیان ده‌ده‌ین بۆ ئه‌نجامدانى كارى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی و زانكۆ و په‌یمانگا حكومى و ئه‌هلییه‌كان، چونكه له‌م رێگه‌یه‌وه به‌شێك له قورسایی دارایی و مرۆییان له‌سه‌ر كه‌مده‌بێته‌وه و ره‌نگه بشتوانن به‌شێوه‌یه‌كى گشتگیر تر و باشتریش كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن.
10. هانى نوسینگه‌ى مافی مرۆڤى گه‌رمیان ده‌ده‌ین كه به‌شێوه‌یه‌كى ده‌وریی كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ چالاكوانان و رۆژنامه‌نوسان و چین و توێژه‌كان ئه‌نجام بدات و له‌و رێگه‌یه‌وه تۆڕێك له هاوڕێ بۆ ده‌زگاكه‌یان دروست بكه‌ن، كه ده‌بنه مایه‌ى ئاسانكاریی كردن بۆیان له‌كاتى ئه‌نجامدانى چالاكی و ئاماده‌كردنى راپۆرت و ئامار و ...هتد.
11. بونى چالاكیی هۆشیاریی زۆرگرنگه، به‌تایبه‌تى ئه‌نجامدانى چالاكیی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى بنه‌ماكانى هۆشیاریی له‌باره‌ى مافه‌كانى مرۆڤه‌وه، پێویسته به‌رده‌وامیی به‌م چالاكییانه بدرێت و گه‌شیان پێبدرێت، ده‌شتوانرێت سود له چالاكوانان و كه‌سانى پسپۆڕ به‌شێوه‌ى خۆبه‌خش ببینرێت بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌م چالاكییانه.