راپۆرتێک لەبارەی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ راگیراوه‌كان له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان

2024/09/13    1135 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، راپۆرتى ئه‌م مانگه‌ى ته‌رخانكردوه‌ به‌ خستنه‌ڕوى پرسی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ راگیراوه‌كان له‌ سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیاندا.
 
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه‌ بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە به‌ شێوازى (PDF).  
 
 
رادیۆی ده‌نگ له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كى دا به‌ پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، له‌ رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانه‌وه‌، مانگانه‌ راپۆرتێك له‌سه‌ر كه‌رتێكى په‌یوه‌ست به‌ حكومه‌ت بڵاوده‌كاته‌وه‌.
 
له‌میانه‌ى راپۆرتى ئه‌مجاره‌ى دا، تیشكیخستوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ى كه‌ به‌ كاریگه‌ریی سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی له‌ ساڵی 2014ـه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا راگیراون و كاریان له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
 
له‌ راپۆرته‌كه‌دا ورده‌كاریی تاك به‌ تاكى ئه‌و پرۆژانه‌ خراوه‌ته‌ڕو، هه‌روه‌ك له‌سه‌ر زارى به‌رپرسانى حكومه‌تیشه‌وه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌یان باسكراوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ربارى خستنه‌ڕوى ئاله‌نگارییه‌كانى پێش ده‌ستبه‌كارنه‌بونه‌وه‌ى پرۆژه‌كان و هه‌روه‌ها لێكه‌وته‌كانى راگیرانى ئه‌و پرۆژانه‌ش له‌سه‌ر هاوڵاتیان.
 
له‌ كۆتاییشدا راپۆرته‌كه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجام و راسپارده‌ى له‌باره‌ى ئه‌م پرسه‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌ كردوه‌ و خستویه‌تییه‌ڕو.
 
ده‌قی راپۆرته‌كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ده‌خوێننه‌وه‌.
 
 
پێشه‌كى:
له‌پاش قه‌یرانى داراییه‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2014 هه‌رێمى كوردستانى گرته‌وه‌، تاوه‌كو ئێستا ژماره‌یه‌كى زۆرى پرۆژه‌ى ستراتیژى و خزمه‌تگوزارى له‌ سنورى گه‌رمیان راگیراون به‌هۆى ته‌رخان نه‌كردنى بودجه‌ بۆیان، كه‌ تاوه‌كو ئێستا ده‌ستیان پێنه‌كردوه‌ته‌وه‌.
ئه‌و پرۆژانه‌شى كه‌ راگیراون ته‌نها له‌ یه‌ك كه‌رت و یه‌ك وه‌زاره‌تدا نین، به‌ڵكو زۆرینه‌ى كه‌رت و وه‌زاره‌ته‌كانى گرتوه‌ته‌وه‌.
له‌م راپۆرته‌دا به‌دواداچون ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و پرۆژانه‌، ژماره‌ و ورده‌كارییه‌كانیان ده‌خه‌ینه‌ڕو و هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌یان باس ده‌كه‌ین.
 
به‌شى یه‌كه‌م: پرۆژە راگیراوەکان بەپێی بەڕێوبەرایەتییەکان
 
1. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان
له‌ سنورى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان، 21 پرۆژه‌ى راگیراو هه‌یه‌ کە بۆ سەردەمی قەیرانی دارایی دەگەڕێنەوە.
به‌رزان كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له‌ ئێستادا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌م پرۆژانه‌ بخرێنه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان و دۆسیه‌كان راده‌ستى وه‌زاره‌ته‌كان بكاته‌وه‌.
"به‌ره‌وپێشچونه‌كان له‌و پرۆژانه‌ى كه‌ له‌ ساڵانى رابردو راگیراون به‌هۆى ته‌رخان نه‌كردنى بودجه‌ بۆى و له‌سه‌ر پترۆ دۆلارن، دۆسیه‌ و بودجه‌شیان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌ و هیچى لاى وه‌زاره‌ته‌كان نه‌بوه‌، ئه‌وه‌ى هه‌بوه‌ له‌ گه‌رمیان لیژنه‌یه‌كى لاوه‌كى هه‌بوه‌ و چێكى بودجه‌كه‌یان كردوه‌ و ئاراسته‌ى ئه‌و لیژنه‌ باڵایه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بوه‌"، به‌رزان كه‌ریم وای وت.
له‌باره‌ى دوباره‌ ده‌ستكردن به‌ كاركردن له‌و پرۆژانه‌ى كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ شاره‌وانیه‌كان، به‌رزان كه‌ریم، باسى له‌وه‌شكرد: ئه‌م پرۆژانه‌ كێشه‌ى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ ئێستادا ئه‌گه‌ر بودجه‌شى بۆ دابنرێت و ته‌مویل بكرێت ناتوانرێت ده‌ست به‌كاركردن بكرێته‌وه‌ تێیاندا تاوه‌كو نه‌خرێنه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان.
به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان، یه‌كێكى دیكه‌ له‌و كێشانه‌ى روبه‌ڕویان بوه‌ته‌وه‌ كاتى خۆى كه‌ ده‌رخسته‌ كراوه‌ بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ دۆلار 120 هه‌زار دینار بوه‌ ئێستا دۆلار به‌ 150 هه‌زار دینار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌كرێت، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش بڕیاریداوه‌ به‌ 130 هه‌زار بۆ به‌ڵێنه‌ده‌ران بیشكێنێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش كێشه‌ى بۆ ئه‌وان دروستكردوه‌ و توشى زیان ده‌بن.
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: ئێمه‌ پشتگیرى به‌ڵێنده‌ره‌كان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى توشى زیان نه‌بن و گۆڕانكارى له‌ ده‌رخسته‌كانیاندا بكرێت و پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش بڕیارێك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بدات.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: به‌ ته‌واوكردنى ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ هه‌ن گه‌رمیان ده‌باته‌ قۆناغێكى تره‌وه‌.
 
ا. شاره‌وانى كه‌لار
ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار وتى: له‌ سنورى شاره‌وانى كه‌لار كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌مان هه‌یه‌ راگیراوه‌ و بودجه‌ى له‌سه‌ر پترۆ دۆلاره‌ كه‌ خۆى له‌ 5 پرۆژه‌یه‌ك ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ كاره‌كانیان راگیراوه‌ و هه‌ر یه‌كێكیان رێژه‌یه‌ك كاركردن تێیدا ئه‌نجامدراوه‌.
به‌پێى وته‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، پرۆژه‌ى قیرتاوكردنى زیاتر له‌ 7 گه‌ڕه‌كى قه‌زاى كه‌لار راگیراوه‌، وه‌ك خۆى ده‌ڵێت: له‌ ئێستادا رێكارێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژانه‌ ده‌ست به‌كار بكه‌نه‌وه‌.
ده‌شڵێت: ئه‌م پرۆژانه‌ له‌ ماوه‌كانى پێشتر ناوبه‌ناو كاریان تێدا كراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى خه‌رج نه‌كردنى پاره‌ بۆیان دیسان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا له‌ ماوه‌كانى رابردو چه‌ندینجار نوسراومان ئاراسته‌ى وه‌زاره‌ت كردوه‌ به‌ڵام نه‌كه‌وتونه‌ته‌وه‌ كار.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ ئێستادا بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى ئه‌م پرۆژانه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى داوه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر پترۆ دۆلارن بخرێنه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان و له‌ رێگه‌ى وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌ پاره‌ى بۆ ته‌رخان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا له‌ وه‌زاره‌ته‌ ئه‌و پرۆژانه‌ كه‌ هاته‌وه‌ لاى ئێمه‌ راسته‌وخۆ ده‌ست به‌ رێكاره‌كان ده‌كه‌ین و بودجه‌ى بۆ دیارى ده‌كه‌ین ئایه‌ له‌ رێگه‌ى وه‌زاره‌ته‌وه‌ بێت یان له‌سه‌ر داهاتى شاره‌وانى و فرۆشتنى زه‌ویه‌وه‌ بێت.
له‌باره‌ ئه‌وه‌ى چ پرۆژه‌یه‌ك له‌ ئێستادا له‌ كاردایه‌، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: له‌ ئێستادا ته‌نها یه‌ك پرۆژه‌مان هه‌یه‌ له‌ كاردایه‌ ئه‌ویش جاده‌ى پشتێنه‌ى كه‌لاره‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك كاره‌كانى راگیرا به‌هۆى قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى ئه‌و ماڵانه‌ى به‌ر پرۆژه‌كه‌ ده‌كه‌وت، ده‌ستى پێكردوه‌ته‌وه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ته‌واو ده‌بێت.
به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كان هه‌ر شاره‌وانیه‌و ده‌توانێت له‌سه‌ر داهاتى خۆى رێژه‌یه‌ك به‌كار ببات بۆ ئه‌نجامدانى پرۆژه‌، شاره‌وانى كه‌لاریش یه‌كێكه‌ له‌و شاره‌وانیانه‌، ئه‌كره‌م ساڵح، له‌مباره‌یه‌وه‌ وتى: پێشتر ده‌مانتوانى %20ـى داهاتى شاره‌وانى به‌كارببه‌ین له‌ پرۆژه‌كانماندا، به‌ڵام دواتر كه‌مكرایه‌وه‌ بۆ %17، دواى ماوه‌یه‌ك ئه‌و رێژه‌یه‌ش وه‌ستا و نه‌مانده‌توانى هیچ بڕه‌ داهاتێك خه‌رج بكه‌ین، به‌ڵام ئێستا بوه‌ به‌ له‌ %15 و ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌كارده‌به‌ین.
ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى چه‌ندێك له‌و پاره‌ ته‌رخانكراوه‌ ده‌توانن به‌كار ببه‌ن بۆ ته‌واوكردنى پرۆژه‌ راگیراوه‌كان، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار وتى: به‌و رێژه‌یه‌ ناتوانین پرۆژه‌ى گه‌وره‌ى پێ ئه‌نجام بده‌ین ته‌نها ده‌توانین پرۆژه‌ى بچوك ئه‌نجام بده‌ین، ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ راگیراون بودجه‌یان سه‌روى ملیۆنێك دۆلاره،‌ بۆیه‌ ئه‌بێت ته‌رخانكراوى هه‌بێت له‌ وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت پاره‌شمان له‌ به‌رده‌ست بوایه‌ نه‌مانده‌توانى ئیش له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ بكه‌ین، چونكه‌ له‌سه‌ر پترۆدۆلارن و تازه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت بخرێته‌ سه‌ر بودجه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان.
 
 
ب. شاره‌وانى قه‌زاى كفرى
له‌ كفریش 5 پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریی هه‌ن كه‌ به‌كاریگه‌ری قه‌یرانى دارایی راگیراون.
"ئه‌م پرۆژانه‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ راگیراون، به‌ڵام له‌ ئێستادا هه‌نگاوى جدى بۆ نراوه‌ به‌ گه‌ڕبخرێنه‌وه‌ و خراونه‌ته‌ سه‌ر بودجه‌ى وه‌زاره‌تمان". عه‌لى خورشید، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كفرى واى وت.
وتیشى: 3 له‌و پرۆژانه‌ كه‌ له‌سه‌ر پترۆدۆلارن و رێگاسازیى گه‌ڕه‌كه‌كانن له‌گه‌ڵ بیناى شاره‌وانى قه‌زاكه‌ خراونه‌ته‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تمان و له‌ ئێستادا سه‌رقاڵى هێنانه‌وه‌ى دۆسیه‌كانیان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه‌ و چاوه‌ڕوانین له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا راده‌ستمانى بكه‌نه‌وه‌.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: له‌ ئه‌مساڵدا بودجه‌ بۆ ئه‌و 3 پرۆژه‌یه‌ ته‌رخانكراوه‌، چاوه‌ڕوانین له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌ست به‌كار بكه‌ینه‌وه‌ تێیاندا، ته‌نانه‌ت به‌ڵێنده‌رى پرۆژه‌كانیشمان بانگ كردوه‌.
 
 
ت. شاره‌وانى قه‌زاى خانه‌قین
له‌ قه‌زاى خانه‌قین 6 پرۆژه‌ى راگیراو هه‌ن، به‌ڵام دواتر كه‌ روداوه‌كانى ئۆكتۆبه‌رى 2017ـى به‌سه‌ردا هات، داموده‌زگاكانى حكومه‌تى هه‌رێم و له‌نێویشیدا شاره‌وانى، له‌و شاره‌دا لاواز بون.
 
 
پ. پرۆژه‌ راگیراوه‌كانى ناحیه‌كانى: رزگاریى، باوه‌نور، سه‌رقه‌ڵا و كۆكس
 
 
2. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان
"ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌له‌سه‌ر پترۆدۆلارن و پێش ساڵى 2014 كراوه‌ وه‌ستاون تاوه‌كو ئێستا خۆى له‌ 4 پرۆژه‌ ده‌بینێته‌وه‌ وه‌ك ته‌ندروستى، ئه‌م پرۆژانه‌ش هیچ ئه‌وه‌لیاتێكى له‌لاى ئێمه‌ نیه‌، چونكه‌ كاتى خۆى له‌لایه‌ن لیژنه‌ی لاوه‌كی په‌ره‌پێدانى ناوچه‌كانى هه‌رێم كراوه‌ له‌سه‌ر پترۆ دۆلار". د.سیروان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
ده‌شڵێت: بۆ ماوه‌ى 3 ساڵه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌م پرۆژانه‌ بخرێنه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان بۆ ئه‌وه‌ى به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌، وه‌ك وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هیچ نه‌كراوه‌ تاوه‌كو ئێستا بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ وه‌ریبگرین.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌م پرۆژانه‌ هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كى له‌لاى ئێمه‌ نیه‌ و ناشزانین چۆنه‌، بۆیه‌ هه‌ر كات دۆسیه‌كه‌ى هاته‌وه‌ لاى ئێمه‌ كارى جدى له‌سه‌رده‌كه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ندین جاریش نوسراومان ئاراسته‌ى وه‌زاره‌ت كردوه‌ پێیان راگه‌یاندوین له‌سه‌ر وه‌زاره‌ت نین هه‌ر كات هاته‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ت كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ هه‌ن و ده‌رخسته‌یان بۆ كراوه‌ پێش 12 ساڵ ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ بێته‌وه‌ به‌رده‌ستى ئێمه‌ ناتوانین كارى له‌سه‌ر بكه‌ین و به‌و ده‌رخسته‌یه‌ش ته‌واو نابێت، چونكه‌ ئێستا دۆخه‌كه‌ جیاوازتره‌ له‌ پێشتر له‌ روى مه‌واد و پێداویستیه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت گۆڕانكارى له‌ ده‌رخسته‌كه‌ و دیزاینه‌كه‌شى دا بكرێت.
به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، كه‌رتى ته‌ندروستى گشتى له‌ گه‌رمیان بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ به‌چه‌قبه‌ستویى ماوه‌ته‌وه‌ و ژێرخانى ته‌ندروستى له‌ گه‌رمیانیش لاوازه‌، بۆیه‌ به‌ ئه‌نجامدانى ئه‌م پرۆژانه‌ تاڕاده‌یه‌ك كه‌رتى ته‌ندروستى گشتى له‌و چه‌قبه‌ستوییه‌ى كه‌ هه‌یه‌ رزگار ده‌كات، ئه‌گه‌رچى چه‌ندین پرۆژه‌ى دیكه‌یان هه‌یه‌ و له‌ پلاندایه‌ هه‌ر كات ده‌رگاى ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌ كرایه‌وه‌ كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
 
 
 
3. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى گه‌شتوگوزارى گه‌رمیان
پرۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كانى گه‌رمیان به‌شێكیان به‌ر پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان كه‌وتون و نه‌ماون، ئه‌وه‌شى ماوه‌ته‌وه‌ كاركردن تیایاندا راگیراوه‌، به‌ڕێوبه‌رى گشتى  گه‌شتوگوزارى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: حكومه‌ت كارى له‌سه‌ر كردوه‌ كاركردن تیایاندا ده‌ست پێبكاته‌وه‌ و ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانین.
 
 
"له‌ ئێستادا پلان بۆ یه‌ك پرۆژه‌ى گه‌شتیارى هه‌یه‌ كه‌ ده‌ست به‌كاربكاته‌وه‌ ئه‌ویش پرۆژه‌ى گه‌شتیارى به‌رلوته‌ كه‌ %60ـى كاره‌كانى ته‌واو بوه‌، به‌ڵام به‌هۆى خه‌رج نه‌كردنى بودجه‌ بۆ به‌ڵێنده‌رى پرۆژه‌كه‌ له‌ كاتێكدا چه‌كیشى هه‌یه‌ وازى له‌ پرۆژه‌كه‌ هێناوه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان". هێرش فه‌یزوڵڵا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌شتوگوزارى گه‌رمیان وتى.
ده‌شڵێت: له‌ ئێستادا راده‌ستكردن بۆ پرۆژه‌كه‌ كراوه‌ له‌سه‌ر ئاستى وه‌زاره‌ت و كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردوه‌ به‌ نوسراوى فه‌رمى كه‌ له‌ رێگه‌ى بانه‌وانى "موساته‌حه‌وه"‌ بدرێت به‌ به‌ڵێنده‌رێكى دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست كاربكاته‌وه‌ له‌و پرۆژه‌یه‌.
باسى له‌وه‌شكرد: 2 پرۆژه‌ى دیكه‌مان هه‌یه‌ گه‌شتیارى كه‌ به‌ر زۆنه‌كانى سه‌ر روبارى سیروان كه‌وتوه‌ ئه‌ویش له‌ زۆنى دو و شه‌شه‌، ئه‌وه‌ى زۆنى 2 هه‌ندێك كارى تێداكرابو داوامان كردوه‌ قه‌ره‌بوى به‌ڵێنده‌رى پرۆژه‌كه‌ بكرێته‌وه‌ و پرۆژه‌یه‌كى دیكه‌ى گه‌شتیاریمان بۆ ئه‌نجام بدات له‌ شوێنێكى دیكه‌، ئه‌وه‌ى زۆنى 6 هیچ كارى تێدا نه‌كراوه‌.
له‌ باره‌ى پرۆژه‌كانى كفرى و خانه‌قینه‌وه‌، به‌ڕێوبه‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى گه‌رمیان وتی: ئه‌وه‌ى كفرى و خانه‌قین وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی كاره‌كانیان راگیراوه‌، رێژه‌ى ئه‌نجامداراوین له‌ %6 و7ـه‌.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: له‌ ئێستادا حكومه‌ت پلانێكى هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ى له‌سه‌ر پترۆ دۆلارن بخرێنه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانى خۆیان بۆ ئه‌وه‌ى بودجه‌ى بۆ ته‌رخان بكرێت بۆ ئێمه‌ش هه‌مان شته‌ هه‌ندێك له‌و پرۆژانه‌ له‌سه‌ر پترۆدۆلاره‌ و كارى له‌سه‌ركراوه‌ و چاوه‌ڕوانین وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى كارى له‌سه‌ر بكه‌ین.
 
4. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان
هاوشێوه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانى دیكه‌ له‌ گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیانیش كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ى راگیراوه‌، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ش ده‌ڵێت: گرنگه‌ كاركردن تێیاندا ده‌ستپێبكاته‌وه‌.
 
 
دارا ئه‌حمه‌د سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى گشتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له‌ ساڵى 2014 و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی 3 پرۆژه‌ى گرنگمان كاركردن تێدیا ‌وه‌ستاوه‌ ئه‌ویش بیناى سێ قوتابخانه‌یه‌ كه‌ بودجه‌ى دوانیان له‌سه‌ر پترۆ دۆلاره‌.
وتیشى: له‌ ئێستادا حكومه‌ت نوسراوى بۆ كردوین كه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ بخرێنه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان و كارمان له‌سه‌ر كردوه‌، ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تمان داواى مامه‌ڵه‌ى ئه‌و پرۆژانه‌ى كردوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئێمه‌ گرفتى بینامان هه‌یه‌ له‌ گه‌رمیان زۆر گرنگه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ ته‌واو بكرێن، چونكه‌ رێژه‌یه‌كى زۆر باش كاركردن له‌ 2 دانه‌یان ئه‌نجام دراوه‌ و له‌ ته‌واوبوندایه‌.
هاوكات به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان نیگه‌رانى خۆى ده‌ربڕى له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌م پرۆژانه‌ ئه‌گه‌ر كاركردن تێیدا ده‌ست پێنه‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌ توشى داڕوخان ده‌بێت و ناچار ده‌بن بودجه‌ى دیكه‌ى بۆ ته‌رخان بكرێت بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى.
 
5. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان
شادیه‌ حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان وتى: 3 پرۆژه‌مان هه‌یه‌، ئه‌و پرۆژانه‌ش‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ رانه‌گیراوه‌، به‌ڵكو هه‌ر یه‌كێكیان و كۆمه‌ڵێك كێشه‌یان هه‌یه‌.
وتیشى: پرۆژه‌ى دروستكردنى بیناى كشتوكاڵى خانه‌قین له‌ ساڵى 2016 كۆمپانیاكه‌ وازى له‌ كاره‌كه‌ هێناوه‌ و وتى ناتوانم ته‌واوى بكه‌م، بۆیه‌ هه‌مو مامه‌ڵه‌كانى وه‌رگرتنه‌وه‌مان بۆ كردوه‌، ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ حكومه‌ت دیسان ته‌نده‌رینى بۆ بكاته‌وه‌ و كۆمپانیایه‌كى تر‌ وه‌ریبگرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بودجه‌كه‌ى ماوه‌ ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ ته‌رخانكردنى بۆ بكرێت.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: پرۆژه‌ى په‌نجه‌ ماسیه‌كه‌شمان وه‌ك خۆى ته‌واو بوه‌ ئه‌وه‌ى گرفته‌ نه‌بونى ستافه‌ له‌گه‌ڵ نه‌بونى 2 دایكانه‌ كه‌ له‌ عێراق نیه‌ و پێویسته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بهێنرێت، بۆیه‌ ته‌نها كێشه‌ى ستاف و هه‌ندێك رێكارى هونه‌ریی هه‌یه‌.
له‌باره‌ى سه‌ربڕیخانه‌ى په‌له‌وه‌رى كه‌لاره‌وه‌، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان ده‌ڵێت: ئه‌و پرۆژه‌یه‌مان به‌هۆى كێشه‌ى یاساییه‌وه‌ راگیراوه‌ نه‌ك قه‌یرانى دارایی، كێشه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كۆمپانیا هه‌ندێك بڕگه‌ى جێبه‌جێ نه‌كردوه‌ و پاره‌شى بۆ ته‌رخان كراوه‌، له‌ ساڵى 2012ـشه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا دۆسیه‌كه‌ له‌ دادگایه‌ و یه‌كلا نه‌بوه‌ته‌وه‌.
 
 
6. پرۆژه‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى رۆشنبیرى گه‌رمیان
"ئه‌م پرۆژانه‌ به‌هۆى قه‌یرانى دارییه‌وه‌ راگیران و 2 له‌ پرۆژه‌كان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى خۆمان، ئه‌وه‌ى قه‌زاى كفرى كه‌ هۆڵێكى داخراوه‌ و جێگه‌ى 3 هه‌زار كه‌سى تێدا ده‌بێته‌وه‌ ده‌ستى به‌كاركردوه‌ته‌وه‌ و كارى تێدا ده‌كرێت". ئازاد حسێن، جێگرى به‌ڕێوبه‌رى گشتى رۆشنبیرى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
وتیشى: پرۆژه‌ى هۆڵى رۆشنبیرى كه‌لاریش كۆمپانیا ده‌ستى له‌ كاركێشاوه‌ته‌وه‌ و نه‌یتوانى ئه‌نجامى بدات، له‌ ئێستادا كۆمپانیایه‌كى دیكه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شوێنه‌ى كه‌ بیبات، هۆڵێکی دیكه‌مان بۆ دروست بكات به‌ ره‌زامه‌ندى حكومه‌ت و چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ین.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: پرۆژه‌ى هۆڵى وه‌رزشى پارائۆڵۆمپیك کە بۆ وەرزشکارانی خاوەنپێداویستی تایبەتە، ئه‌وه‌ كاره‌كانى راگیراوه‌ و تاوه‌كو ئێستا به‌رەوپێشچون نیه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: ئه‌م پرۆژانه‌ گرنگن بۆ گه‌رمیان وه‌ پێویسته‌ كارى جدى تێدا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌كاربكرێته‌وه‌ تێیاندا.
 
 
7. سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى گه‌رمیان
پرۆژه‌كانى زانكۆى گه‌رمیانیش بێ به‌رى نه‌بوه‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كانى قه‌یرانى دارایی، به‌پێى وته‌ى سه‌رۆكى زانكۆكه‌: له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ئه‌و پرۆژانه‌ ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه‌. 
د.ئارازفه‌ریق زه‌ینه‌ڵ، سه‌رۆكى زانكۆى گه‌رمیان ده‌ڵێت: وه‌ك زانكۆى گه‌رمیان 3 پرۆژه‌ى گرنگمان كاركردن تێیاندا راگیراوه‌ له‌ ساڵى 2014ـه‌وه‌ به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و شه‌ڕى داعشه‌وه‌.
باسى له‌وه‌شكرد: له‌ پێشتردا لیژنه‌یه‌ك هه‌بوه‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنى كاره‌كانى ئه‌م پرۆژانه‌ ئه‌وه‌ش نه‌ماوه‌، له‌ ئێستادا لیژنه‌یه‌كمان بۆ پێكهێناوه‌ته‌وه‌ و به‌ڵێنده‌رى پرۆژه‌كانمان بانگكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستبه‌كار بكه‌نه‌وه‌ له‌ پرۆژه‌كاندا و به‌ڵێنیان داوه‌ ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ى بیناى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆ له‌گه‌ڵ كتێبخانه‌كه‌دا.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى كه‌ روبه‌رومان بوه‌ته‌وه‌ كاتێك بودجه‌ بۆ ئه‌م پرۆژانه‌ دانراوه‌ دۆلار به‌ 118 هه‌زار دینار بوه‌، ئێستا 100 دۆلار گه‌شتوه‌ به‌ 150 هه‌زار دینار، بۆیه‌ به‌ڵێنده‌ره‌كان داواكارییان پێشكه‌ش كردوین له‌سه‌ر بڕى بودجه‌كه‌ى له‌ به‌شى یاسایمان رێكاره‌كانمان بۆ كردون و ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى خۆمانى ده‌كه‌ین.
به‌پێى وته‌ى سه‌رۆكى زانكۆى گه‌رمیان به‌هه‌مان شێوه‌ى فه‌رمانگه‌كانى دیكه‌ له‌ گه‌رمیان كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر پترۆ دۆلارن بخرێنه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ى بودجه‌ى بۆ ته‌رخان بكرێت و ته‌واو بكرێت.
 
 
8. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنى گه‌رمیان
جیاواز له‌ پرۆژه‌ راگیراوه‌كانى ترى گه‌رمیان پرۆژه‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى گه‌رمیان جوڵه‌ى تێكه‌وتوه‌ و ده‌ست به‌كاركردن كراوه‌ له‌ هه‌ندێكیاندا.
پشتیوان عه‌بدوڵڵا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى گه‌رمیان وتى: 4 پرۆژه‌مان هه‌یه‌ له‌ گه‌رمیان كه‌ به‌هۆى قه‌یرانى دارایی كاركردن تێیاندا راگیرابو 2 پرۆژه‌یه‌ان له‌ قه‌زاى كه‌لاره‌ 2 پرۆژه‌شیان له‌ قه‌زاى كفرییه‌.
وتیشى: ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌لار 2 وه‌جبه‌ى 144 شوقه‌یه‌ كه‌ بۆ كه‌مده‌رامه‌تان دروستكراوه‌ و هه‌ریه‌كه‌ و رێژه‌یه‌كى باش كاركردن تێیاندا ئه‌نجام دراوه‌، به‌ڵام یه‌كێكیان كۆمپانیا لێى كشاوه‌ته‌وه‌ و هاتوه‌ته‌وه‌ سه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تى خۆمان، ئه‌وانه‌ى قه‌زاى كفریش خزمه‌تگوزارییه‌كانى 2 پرۆژه‌ى 36 یه‌كه‌ كه‌ له‌ ئێستادا كار له‌ یه‌كێكیاندا ده‌كرێت و نزیكه‌ى %97ـى كاره‌كانى ته‌واو بوه،‌ ئه‌وه‌كه‌ى دیكه‌شیان له‌ %50 كاره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانى ته‌واو بوه‌.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌م پرۆژانه‌ش له‌سه‌ر بودجه‌ى وه‌به‌رهێنانى وه‌زاره‌ته‌ و راگیراوه‌، له‌ ئێستاشدا كارمان له‌سه‌ر ئه‌و 144 شوقه‌یه‌ كردوه‌ كه‌ %85ـى كاركردن تێیدا ئه‌نجامدراوه‌ و ره‌زامه‌ندى بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ست به‌كاركردن بكرێته‌وه‌ تێیدا كه‌له‌لایه‌ن كۆمپانیاى شاتوه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، چاوه‌ڕوانین نوسراوه‌كه‌ به‌ فه‌رمى بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ بڕى 500 ملیۆن دینارى بۆ ته‌رخان كراوه‌ بۆماوه‌ى 3 مانگ بۆ ئه‌وه‌ى كارى له‌سه‌ر بكرێت.
ده‌شڵێت: 2 پرۆژه‌ى دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ هى ئێمه‌ نیه‌ و ته‌نها سه‌رپه‌رشتى ده‌كه‌ی،ن ئه‌ویش بیناى فه‌رمانگه‌ى داواكارى گشتیه‌ له‌گه‌ڵ دروستكردنى بیناى تاقیگه‌ى بیناسازى.
 
 
 
9. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان
به‌گوژمه‌ى زیاتر له‌ 9 ملیۆن دۆلار پرۆژه‌ى رێگاسازى له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان راگیراوه‌.
عه‌دنان خه‌لیل، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ له‌ سنورى ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌یه‌ و راگیراوه‌ به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و بودجه‌كه‌ى له‌سه‌ر پترۆدۆلار و په‌ره‌پێدانى ناوچه‌ جیاجیاكانى هه‌رێمه‌ خۆى له‌ 3 پرۆژه‌ ده‌بینێته‌وه‌ به‌ گوژمه‌ى 9ملیۆن و 982 هه‌زار دۆلاره‌.
وتیشى: له‌ ئێستادا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كارى له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردوه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌له‌سه‌ر پترۆدۆلارن بخرێنه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تمان و كۆدى خۆى وه‌رگرت، ئه‌وه‌ ئێمه‌ش ده‌ست به‌كارده‌كه‌ینه‌وه‌.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئێمه‌بوه‌ ساڵانه‌ به‌به‌رده‌وامى داوامان كردوه‌ به‌ نوسراوى فه‌رمى ئه‌م پرۆژانه‌ به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م پرۆژانه‌ پرۆژه‌ى ستراتیژین و گرنگن بۆ ناوچه‌كه‌.
 
 
10. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان
نه‌وزاد حه‌مید، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: ئه‌م پرۆژانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی راگیراون سه‌ره‌تا 10 پرۆژه‌ بون، به‌ڵام له‌ ئێستا ته‌نها 6 پرۆژه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ كاركردن تێیاندا ده‌ست پێبكاته‌وه‌.
ده‌شڵێت: له‌ ماوه‌كانى رابردوشدا چه‌ندینجار جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م پرۆژانه‌ به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌، چونكه‌ گرنگه‌ بۆ گه‌رمیان، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى بودجه‌كانیان له‌سه‌ر پترۆ دۆلار و وه‌به‌رهێنانى وه‌زاره‌ته‌كان بوه‌ كارى تێدا ده‌ستپێنه‌كراونه‌ته‌وه‌.
وتیشى: له‌ ئێستادا یه‌ك پرۆژه‌مان ده‌ستى به‌كاركردوه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش پرۆژه‌ى تانكى ئه‌رزى و دانانى په‌مپ سته‌یشنى ناحیه‌ى رزگارییه‌ كه‌ ئیشى تێدا ده‌كرێت.
 
 
11. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاودێرى گه‌رمیان
"له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى قه‌یرانى دارایی پرۆژه‌یه‌كی ئاودێریمان هه‌بو راگیرا‌، رێژه‌ى ئه‌نجامدراوى پرۆژه‌كه‌ش له‌ %21ـه‌" موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د ، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاودێرى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت.
ده‌شڵێت: له‌ ئێستادا حكومه‌ت هه‌نگاوێكى ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م پرۆژانه‌ ده‌ست به‌كارببنه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ره‌زامه‌ندى ئه‌وه‌ دراوه‌ ئه‌م پرۆژانه‌ بخه‌نه‌وه‌ سه‌ر بودجه‌ى ئاسایی وه‌زاره‌ته‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێگه‌ى وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌ بودجه‌ى بۆ ته‌رخانبكرێت.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئێمه‌ش له‌ رێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌رخسته‌ و مامه‌ڵه‌كانى ئه‌م پرۆژه‌یه‌مان ئاراسته‌ى سه‌روى خۆمان كردوه‌، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ین بودجه‌مان بۆ ته‌رخانبكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستبه‌كار بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ پرۆژه‌یه‌كى گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ و ئاو گل ده‌داته‌وه‌.
 
12. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى شوێنه‌وارى گه‌رمیان
بۆ ماوه‌ى 11 ساڵه‌ شوێنه‌واره‌كانى گه‌رمیان كاركردن تێیاندا راگیراوه‌، به‌ڕێوبه‌رى شوێنه‌وارى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ئه‌و 2 پرۆژه‌یه‌ى كه‌ راگیراوه‌ به‌ره‌و له‌ناوچون ده‌چن و شوێنه‌واره‌كانى گه‌رمیان له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى كارى حكومه‌ت نیه‌.
ساڵح محه‌مه‌د سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى شوێنه‌وارى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كات: له‌ ساڵى 2013ـه‌وه‌ ئه‌م پرۆژانه‌ى ئێمه‌ ده‌رچوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كارى له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و شه‌ڕى داعشه‌وه‌ هیچ كارى له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، ته‌نها بازاڕ و قه‌یسه‌رى كفرى نه‌بێت كه‌ ده‌ستمان به‌كاركردن كرد تێیدا.
وتیشى: بازاڕ و قه‌یسه‌رى كفرى له‌ رێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ به‌شێوه‌ى ته‌نده‌رین ده‌رچو بۆ نوسینگه‌ى سبه‌ى و كومپانیایه‌كى ئێرانى به‌ گوژمه‌ى 262 ملیۆن دینار، كه‌ دیزاینى پرۆژه‌كه‌ بكه‌ن، ئه‌وانه‌ كاره‌كانى خۆیان ته‌واو كرد به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك خه‌رج نه‌كراوه‌ بۆیان.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌م پرۆژانه‌ى ئێمه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ى وه‌زاره‌ته‌ به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى شوێنه‌وار له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى كارى حكومه‌تدا نیه‌ بۆى گرنگ نیه‌ ده‌ست پێبكاته‌وه‌ یان نا، چونكه‌ كه‌ باسى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ى بازاڕى قه‌یسه‌رى كفرى پێویستى به‌ 7 ملیاره‌ حكومه‌ت وه‌ڵامت ناداته‌وه‌ و ئه‌ڵێت پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى ئه‌وله‌ویه‌ته‌.
جه‌ختى له‌وه‌شكره‌وه‌: به‌به‌رده‌وامى داوامان كردوه‌ ئه‌م پرۆژانه‌ ده‌ست به‌كار ببن به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى كۆشكى مه‌حمود پاشا كه‌ 600 ملیۆن دینارى پێویسته‌ كه‌ ساڵانه‌ 200 ملیۆنمان بۆ ته‌رخان بكه‌ن، به‌ قسه‌ و نوسراو هه‌یه‌ ته‌رخان كردن، به‌ڵام واقع نیه‌.
 
13. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌رزشى گه‌رمیان
ته‌ڵعه‌ت سه‌عدوڵڵا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌رزشى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: یاریگاى شێروانه‌ قۆناغى یه‌كه‌مى یاریگاكه‌ ته‌واو بوه‌ له‌گه‌ڵ شوێنى دانیشتى 5 هه‌زار هانده‌ر، ئه‌وه‌ى گرفته‌ چیمه‌نى یاریگاكه‌ بو كه‌ له‌ ئێستادا ده‌ستكراوه‌ به‌ چاكردنى و پاره‌ى بۆ ته‌رخان كراوه‌.
وتیشى: به‌ڵام قۆناغى دوه‌مى پرۆژه‌كه‌ له‌ ساڵى 2014 به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ راگیرا كه‌ دروستكردنى شوێنى دانیشتنى 10 هه‌زار هانده‌ره‌ كه‌ له‌ %30 كاره‌كانى ته‌واو ببو، دواى ماوه‌یه‌ك ده‌ستكرایه‌وه‌ به‌ كاركردن تێیدا، به‌ڵام له‌ ساڵى 2019 كه‌ رێژه‌ى ئه‌نجامدراوى گه‌شتبوه‌ له‌ %40 دیسان كاركردن تێیدا راگیرایه‌وه‌ به‌هۆى نه‌بونى پاره‌ى نه‌ختینه‌ له‌ بانكدا.
ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌م یاریگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌ گه‌رمیان و ده‌توانرێت چه‌ندین پاڵه‌وانێتى تێدا ئه‌نجام بدرێت.
له‌باره‌ى ئه‌و پرۆژانه‌ى دیكه‌ كه‌ له‌ سنوره‌كه‌ راگیراون و ده‌ستیان به‌ كاركردن كردوه‌ته‌وه‌، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وه‌رزشى گه‌رمیان هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: هۆڵى داخراوى نێوده‌وڵه‌تى كفرى ئه‌وه‌ش قۆناغى یه‌كه‌مى ته‌واو ببو، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ راگیرابون، به‌ڵام له‌ ئێستادا قۆناغى دوه‌مى پرۆژه‌كه‌ ده‌ستى پێكردوه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش ته‌واو ببێت ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئه‌و بودجه‌ى بۆى ته‌رخان كردوه‌ خه‌رجى بكات.
به‌پێى وته‌ى ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌، له‌ سنورى گه‌رمیان 2 پرۆژه‌ى دیكه‌ى وه‌رزشى هه‌یه‌ كه‌ رۆشتوه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ له‌ ساڵى 2014ـه‌وه‌، به‌ڵام بودجه‌ى بۆ ته‌رخان نه‌كراوه‌ به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و ده‌ست به‌كاركردن نه‌كراوه‌ تێیاندا، ئه‌ویش 2 یاریگاى تارتانى 11 یاریزانیه‌ كه‌ یه‌كێكیان بۆ یانه‌ى شێروانه‌یه‌ و ئه‌وه‌كه‌ى دیكه‌شیان بۆ وه‌رزشكارانى سنوره‌كه‌یه‌.
 
 
14. بەنداوەکان
جه‌بار مه‌حمود، سه‌رپه‌رشتیارى به‌نداوه‌كانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له‌ سنورى گه‌رمیان 3 به‌نداومان هه‌بو ده‌ست به‌كاركردن تیایاندا كرا و قه‌یرانى دارایی به‌سه‌رداهات و راگیران، كه‌ بریتی بون له‌ به‌نداوه‌كانى: باوه‌نور، خۆرنه‌وه‌زان و توڕه‌جار.
وتیشی: ئه‌وه‌ى توڕه‌جاڕ به‌ ته‌واوى ته‌واو بوه‌ و تواناى گلدانه‌وه‌ى ئاویشى هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى باوه‌نور و خۆرنه‌وه‌زان به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ راگیراون و هه‌ر یه‌كه‌یان و رێژه‌یه‌ك كاریان تێدا كراوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى خۆرنه‌وه‌زان له‌ %95ـى ته‌واو بوه‌.
ده‌شڵێت: له‌ ئێستادا به‌ره‌وپێشچونێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌نداوى خۆرنه‌وه‌زان ده‌ست به‌كاركردن بكرێته‌وه‌ تێیدا و كۆمپانیایه‌كیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌رخسته‌یه‌كى پێشكه‌ش كردوه‌، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ین بزانین ره‌زامه‌ندى ده‌درێت یان نا.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌وه‌ى باوه‌نور له‌ %13 كارى تێداكراوه‌ و هیچ ده‌نگى نیه‌ كارى تێدابكرێته‌وه‌.
 
 
15. پرۆژه‌كانى تر
 
 
به‌شى دوه‌م: چاره‌نوسی پرۆژه‌ راگیراوه‌كان
 
ئیدارى گه‌رمیان رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و پرۆژانه‌ى راگیراون له‌ سنورى گه‌رمیان، كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌، ده‌ست به‌كاركردن تیایاندا بكرێته‌وه‌.
رامیار عه‌بدولڕه‌حمان، جێگرى سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان بۆ كاروبارى هونه‌رى باس له‌وه‌ ده‌كات: به‌شێكى پرۆژه‌كان كه‌ له‌ سنورى گه‌رمیانن و نزیكه‌ى 40 پرۆژه‌ ده‌بن، به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ راگیراوه‌ و بودجه‌كه‌یان له‌سه‌ر پترۆ دۆلاره‌.
ده‌شڵێت: له‌ ئێستادا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌و پرۆژانه‌ بخرێنه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌یان بۆ ته‌رخان بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كیان پێكهێناوه‌ و كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌شتونه‌ته‌ قۆناغى كۆتایى، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بێت ئه‌و ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلا ببێته‌وه‌ و ئه‌و پرۆژانه‌ به‌گه‌ڕبخرێنه‌وه‌ ئه‌وه‌ گه‌رمیان ده‌باته‌ قۆناغێكى تره‌وه‌.
هێناى بۆ ئه‌وه‌شكرد: وه‌ك ئیداره‌ى گه‌رمیانیش ئه‌وه‌ى به‌ ئێمه‌ كراوه‌ كردومانه‌ چ له‌ ئه‌نجامدانى كۆبنه‌وه‌ یان به‌ نوسراوى فه‌رمى كه‌ پاڵپشتى بوین، كۆتاجار ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران نوسراوى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌ته‌كان كردوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى به‌ گوژمه‌ى چه‌ند پرۆژه‌ له‌ گه‌رمیان راگیراوه‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌، جێگرى سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان بۆ كاروبارى هونه‌رى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌: له‌ سنورى گه‌رمیان به‌ گوژمه‌ى زیاتر له‌ 100 ملیار دینار پرۆژه‌ راگیراوه‌ له‌ سنوره‌كه‌ كه‌ له‌سه‌ر پترۆ دۆلاره‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ى وه‌به‌رهێنانى وه‌زاره‌ته‌كانیش پرۆژه‌مان هه‌یه‌ راگیراوه‌ به‌ گوژمه‌ى زیاتر له‌ 50 ملیار دینار.
سه‌باره‌ت به‌ به‌ڵێنده‌رانى پرۆژه‌كانیش ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: پشتگیرى ته‌واوى به‌ڵێنده‌رانى پرۆژه‌كانین له‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك كه‌ بیانه‌وێت له‌ ده‌رخسته‌كاندا بیكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و كات كه‌ ده‌رخسته‌كان كراوه‌ دۆلار نرخێك بوه‌ ئێستا نرخێكى تره‌، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌ر بڕیارێك بدات له‌و باره‌یه‌وه‌ ئێمه‌ كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین له‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك كه‌ بكرێت له‌ ده‌رخسته‌كاندا.
 
 
به‌شى سێیه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. تێكڕا ژماره‌ى پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ راگیراوه‌كان له‌ سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان، (67) پرۆژه‌ن، پرۆژه‌یه‌كیان كه‌ دروستكردنى 2 بنكه‌ى ته‌ندروستییه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ن، به‌ڵام هه‌ر یه‌كى له‌ ناحیه‌یه‌كن، تێکڕاش سەروی 150 ملیار دینار بودجەکانیانە.
2. زۆرینه‌ى پرۆژه‌ راگیراوه‌كان له‌ قه‌زاى كه‌لارن، كه‌ 26 پرۆژه‌ن، به‌دواى ئه‌ودا كفری دێت كه‌ 14 پرۆژه‌یه‌ و پاشان خانه‌قین كه‌ 12 پرۆژه‌یه‌.
3. له‌ ناحیه‌كانیش، زۆرترین پرۆژه‌ى راگیراو له‌ ناحیه‌ى رزگارییه‌ كه‌ 4 پرۆژه‌یه‌، پاشان ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا و كۆكس و باوەنور و ئاوەسپی دێن یەکی به‌ 2 پرۆژه‌، هه‌رچی ناحیه‌كانى: مه‌یدان، قۆره‌تو یه‌كى پرۆژه‌یه‌كى راگیراویان هه‌یه‌، هه‌روه‌ك پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌ى راگیراویش له‌ گونده‌كانى سنورى ناحیه‌ى سه‌نگاوه‌، ئه‌گه‌رچی ئێستا ئه‌و ناحیه‌یه‌ له‌سه‌ر ئیداره‌ى گه‌رمیان نییه‌، به‌ڵام پرۆژه‌كه‌ له‌لای ئیداره‌ى گه‌رمیان تۆماركراوه‌.
4. زۆرترین كه‌رت كه‌ پرۆژه‌ى راگیراوى هه‌یه‌، شاره‌وانییه‌ كه‌ 21 پرۆژه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى گه‌رمیان.
5. زۆرێك له‌و پرۆژانه‌ى راگیراون، له‌سه‌ر بودجه‌ى پترۆدۆلارن، واتا لەسەر پارەیەک بو پەیوەست بو بە دەرهێنانی نەوت و بە "شیرینی کۆمپانیا نەوتییەکان" ناودەبرا، بەڵام دوای دروستبونی قەیران و کێشە بەدوایەکدا هاتوەکان هەتا گەیشت بە راگیرانی هەناردەکردنی نەوت، ئەو پارەیە راگیرا، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین كێشه‌یه‌ له‌به‌رده‌م ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژانه‌.
6. پرۆژه‌ راگیراوه‌كان نزیکەی له‌ 15 بوار و سێكته‌رى سه‌ره‌كین، كه‌ له‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌و سێكته‌رانه‌ش به‌شى دیكه‌ى لێده‌بێته‌وه‌.
7. پرۆژه‌كان له‌ روى قه‌باره‌وه‌ جۆراوجۆرن، هه‌یانه‌ پرۆژه‌ى زۆر گه‌وره‌ و ستراتیژین، هه‌شیانه‌ مامناوه‌ند و هه‌شیانه‌ بچوكن.
8. له‌دواى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ كه‌ بوه‌ته‌ هۆی راگیرانى پرۆژه‌كان، ته‌نها توانراوه‌ 5 له‌و پرۆژانه‌ كه‌ پێشتر وه‌كو ئه‌م (67) پرۆژه‌یه‌ى ئێستا راگیرابون، ده‌ستبه‌كاركردن تیایاندا بكرێت و ته‌واو بكرێن.
9. به‌شێك له‌ پرۆژه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیای جێبه‌جێكار و به‌ڵێنده‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌رداریان بون و جێهێڵراون و چیتر ئاماده‌ نین كاریان تێدا بكرێته‌وه‌. 
10. بەشێک لە پرۆژەکان بەشی زۆریان جێبەجێ کراون و رێژەیەکی کەمیان ماوە تەواو بکرێن، هەروەها هەندێکیشیان ناوەناو دەست بە کارکردن تیایاندا کراوە و دواتر هەم راگیراونەتەوە.
 
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. ته‌واونه‌كردنى ئه‌و پرۆژانه‌ كاریگه‌رییه‌كى خراپی داناوه‌ له‌سه‌ر ئاستى خزمه‌تگوزارییه‌ پێشكه‌شكراوه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك وایكردوه‌ كه‌ له‌جێگه‌ى خۆیان بوه‌ستن یان به‌ره‌وپێش نه‌چن. هه‌ربۆیه‌ گرنگه‌ حكومه‌ت هاوكات به‌ رێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ند له‌باره‌ى پرسی دارایی، به‌رنامه‌یه‌ك دابنێت بۆ سه‌رله‌نوێ ده‌ستبه‌كاركردنه‌وه‌ له‌و پرۆژانه‌دا.
2. پێشنیاز ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئاستى ئیداره‌ى گه‌رمیان، لیژنه‌یه‌كى باڵا پێكبهێنرێت بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌ پرۆژه‌ راگیراوه‌كان و ئاماده‌كردنى راپۆرتێكى ورد له‌باره‌یانه‌وه‌، كه‌ ده‌رخسته‌ و تێبینییه‌ هونه‌رییه‌كان له‌خۆ بگرێت، هه‌روه‌ك پۆڵێنى پرۆژه‌كان به‌پێی قه‌باره‌ و بڕى جێبه‌جێكراو و گرنگیی و ستراتیژیی بونى پرۆژه‌كان بكرێت، بۆئه‌وه‌ى به‌رچاوڕونییه‌ك هه‌بێت له‌مباره‌یه‌وه‌.
3. یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌كانى به‌رده‌م پرۆژه‌كان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێكى گرنگیان له‌سه‌ر بودجه‌ى پترۆدۆلارن، ئێستاش كه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ راگیراوه‌ و نه‌ماوه‌، پرۆژه‌كان هیچ ئومێدێكیان نیه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌یان. له‌ئێستادا حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاری داوه‌ به‌ گواستنه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژانه‌ى له‌سه‌ر بودجه‌ى پترۆدۆلارن بۆسه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان، به‌ڵام هێشتا ئه‌و بڕیاره‌ له‌ ئه‌رزی واقیعدا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. بۆیه‌ به‌گرنگی ده‌زانین حكومه‌ت ده‌ستوبرد بكات له‌و پرۆسه‌یه‌دا.
4. له‌ئه‌گه‌رى باشبونى دۆخی دارایی و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ به‌ پرۆژه‌كان، گرنگه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت بدرێت به‌و پرۆژانه‌ى ستراتیژین و زیاتر گرنگن، ئه‌مه‌ش واباشتره‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ به‌دواداچونێكى زانستی و واقیعی بێت كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ و تیمه‌وه‌ ئه‌نجامدرابێت، وه‌ك له‌ خاڵی دودا پێشنیازمان كردوه‌.
5. به‌وپێیه‌ى دۆخی سه‌ره‌تاى راگه‌یاندن و ده‌ستبه‌كاربونى پرۆژه‌كان له‌سه‌ره‌تاوه‌ جیاوازه‌ وه‌ك ئێستا، چ له‌ روى پێكهاته‌ى پرۆژه‌كان، هه‌روه‌ها گونجاندنیان بۆ كاتى ئێستا له‌گه‌ڵ نرخ و بڕى پاره‌ى دیارییكراو بۆیان، ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ هه‌ندێك پرۆژه‌ له‌ئێستادا گرنگ و پێویست نه‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ى پێشتر بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ جێبه‌جێ بكرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌و روه‌شه‌وه‌ پێداچونه‌وه‌یه‌كى گشتگیر بكرێت.
6. گرنگه‌ كارێك بكرێت ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ رێژه‌یه‌كى كه‌میان ماوه‌ بۆ ته‌واوبون، ته‌واوبكرێن و بتوانرێت بودجه‌ى پێویستیان بۆ دابنرێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.
 

 

 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,456,756     ژمارەی میوان 748