راپۆرتێك له‌باره‌ى کێشەکانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان

2023/06/19    949 جار بینراوە
 
رادیۆى ده‌نگ
 
له‌میانه‌ى راپۆرتێكى دا، یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ ده‌وه‌ستێت كه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان هه‌یه‌تى.
 
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانى سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگ، له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌كانى رادیۆكه‌دا به‌ پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، هه‌ر مانگه‌ و له‌سه‌ كه‌رتێكى حكومی راپۆرتێك ئاماده‌ ده‌كات. بۆ ئه‌م مانگه‌ راپۆرتێكى ئاماده‌كردوه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، كه‌ تیایدا ورده‌كاری ئه‌رك و ئیشوكارى به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ى باسكردوه‌، هاوكات رۆشناییشی خستوه‌ته‌ سه‌ر  ئه‌و كێشه‌ جیاوازانه‌ى كه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ له‌ راییكردنى ئیشوكاره‌كانى دا دێته‌ رێی.
 
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه‌ بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە به‌ شێوازى (PDF).
 
 
ده‌قی راپۆرته‌كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ده‌خوێننه‌وه‌.
 
 
به‌شى یه‌كه‌م: ناساندنى كارى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان 
 
1. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان چیه‌؟
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى داراییه‌ له‌ گه‌رمیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ى داهات و تۆماركردنى خه‌رجیه‌كان به‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ى مه‌ركه‌زین و به‌وانه‌شى لامه‌ركه‌زین، هه‌ر بابه‌تێك په‌یوه‌ندیدار بێت به‌ داهات و خه‌رجیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان پێكدێت له‌ كۆمه‌ڵێك هۆبه،‌ ئه‌وانیش: (هۆبه‌ى كارگێرى و خۆیه‌تى، هۆبه‌ى ژمێریارى مه‌ركه‌زى و لامه‌ركه‌زى، هۆبه‌ى وردبینى، هۆبه‌ى ئامار و كۆمپیوته‌ر، هۆبه‌ى یاسایی، هۆبه‌ى كاروبارى رێكخراوه‌كان، هۆبه‌ى ئه‌ندازه‌ و هونه‌ری، هۆبه‌ى ژمێریارى، هۆبه‌ى كۆگا و هۆبه‌ى سه‌رپه‌رشتیارى ژمێریارى).
له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ 3 هۆبه‌ى دارایی هه‌یه‌ له‌ قه‌زاى كفرى و ناحیه‌كانى رزگارى و باوه‌نور.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان كار به‌ یاساى "أصول المحاسبات العامة"ـى ژماره‌ 28ـى ساڵى 1940ـى هه‌مواركراو ده‌كات.
 
2. كاره‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان
"له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى 2 ده‌سته‌ى وردبینمان هه‌یه‌، كه‌ ئیشوكارى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان راى ده‌كه‌ین به‌ مه‌ركه‌زى و لامه‌ركه‌زیه‌وه‌، بۆ هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك 5 فه‌رمانبه‌ر و لێپرسراوێكی هەیە به‌ كۆى گشتى به‌ هه‌ردو ده‌سته‌كه‌ 12 فه‌رمانبه‌رین". تارق خالد، لێپرسراوى هۆبه‌ى وردبین له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، واى وت.
وتیشى: ئه‌ركى ئێمه‌ وردبینیكردنى كۆى ئه‌و نوسراو و پسوله‌ و كارانه‌یه‌ كه‌ دێته‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى، وه‌ك: پێشینه‌كان، خه‌رجى راسته‌وخۆ، لیستى موچه‌، لیستی خه‌رجیه‌كان و داهاتیش.
هاوكات، په‌روین ره‌فیق، سه‌رپه‌رشتیارى ژمێریارى له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان سه‌رپه‌رشتیارى ژمێریاریم بۆ كارى ژمێریارى مه‌ركه‌زى و لامه‌ركه‌زى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان كه‌ دێته‌ لامان، ئه‌ركى ئێمه‌ زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ن كه‌ مه‌ركه‌زین و 48 یه‌كه‌ى ژمێریارییان هه‌یه‌، هاوكات وردبینى كارى ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ لامه‌ركه‌زین و یه‌كه‌ى ژمێریارى تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌.
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: كارى ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ش خۆى له‌: (داهات، بودجه‌، داهاتى بارمته‌، پێشینه‌كان، كارى تۆمارى رۆژانه‌، خه‌رجیه‌كان و ته‌رخان كردنه‌كان) ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ رۆژانه‌ ئه‌م كارانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین له‌ نێو به‌ڕێوبه‌رایه‌تى، دواتر ئه‌م كارانه‌ كه‌ ده‌كرێت ئاراسته‌ى به‌شه‌كانى دیكه‌ى وه‌ك: وردبینى، ژمێریارى و كۆمپیوته‌ر ده‌كرێت بۆ تۆماركردنیان، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ نزیكه‌ى 40 فه‌رمانبه‌ر ئه‌م كارانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، دواتر ده‌كرێت به‌ چه‌ك و ده‌نێردرێت بۆ بانك.
ده‌شڵێت: ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ش مانگانه‌ ته‌رازوى پێداچونه‌وه‌مان هه‌یه‌ كه‌ هه‌مو مانگێك ده‌بێت خه‌رجى و داهات به‌یه‌كه‌وه‌ یه‌كسان بن، ئه‌گه‌ر گرفتێكیش هه‌بێت ئه‌وه‌ ده‌بێت چاك بكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى پاكتاوى داهاتمان هه‌یه‌ كۆتایى ساڵ كه‌ ده‌بێت بنێردرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌ت.
له‌باره‌ى ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ى كه‌ لامه‌ركه‌زین كاره‌كانیان چۆن رایى ده‌كرێت؟ سه‌رپه‌رشتیارى ژمێریارى له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌: ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ى كه‌ لامه‌ركه‌زین و یه‌كه‌ى ژمێریارییان هه‌یه‌ و داهاتیان راسته‌وخۆ ده‌چێته‌ سه‌ر یه‌كه‌ى ژمێریارى خۆیان، خۆیان ئه‌و كارانه‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن و ئێمه‌ش وردبینى ده‌كه‌ین، ئه‌ركى ئێمه‌ ته‌نها ته‌رخانكردنه‌ بۆیان كه‌ بیانه‌وێت پرۆژه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن و ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى خۆیان پێیه‌، بۆ ته‌رخانكردنه‌كه‌ش له‌یه‌كى ژمێریارى ئێمه‌وه‌ ته‌رخانكردنى پاره‌یان بۆ ده‌خرێته‌ سه‌ر یه‌كه‌ى ژمێریاریى خۆیان.
 
3. كارى هۆبه‌كانى دارایی 
بەڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان ده‌ڵێت: جگه‌ له‌و هۆبانه‌ى كه‌ له‌ نێو به‌ڕێوبه‌رایه‌تى بونى هه‌یه‌، 3 هۆبه‌ى دیكه‌ى داراییمان هه‌یه‌ له‌ قه‌زاى كفرى و ناحیه‌کانى: رزگارى و باوه‌نور.
كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ده‌كات: به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان 3 هۆبه‌ى دارایى دیكه‌ی هه‌یه‌ له‌ قه‌زاى كفرى و ناحیه‌کانى رزگارى و باوه‌نور، ئه‌ركیان ته‌نها كۆكردنه‌وه‌ى داهاته‌ كه‌ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ راده‌ست ده‌كرێت.
وتیشى: ئه‌مه‌ش به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كان به‌وشێوه‌یه‌.
 
4. رۆژانه‌ داهاتى فه‌رمانگه‌كان راده‌ست ده‌كرێت
"رۆژانه‌ داهاتى كۆى ئه‌و فه‌رمانگانه‌ راده‌ست ده‌كرێت له‌لایه‌ن ئه‌مین سندوقه‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ مه‌ركه‌زیه‌كان كه‌ ژماره‌یان 48 یەکەی ژمێریارییە". كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، واى وت.
وتیشى: هاوكات لامه‌ركه‌زیه‌كان ئه‌و داهاته‌ى كه‌ هه‌یانه‌ ناخرێته‌ سه‌ر حساب بانكى گه‌نجینه‌، به‌ڵكو ده‌خرێته‌ سه‌ر حساب بانكى تایبه‌ت به‌ خۆیان كه‌ له‌ بانكدا هه‌یه‌.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: داهاته‌كان به‌ پسوله‌ى (37 ئه‌لیف) له‌ هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت و به‌ پسوله‌ى (35 ئەلیف) ده‌خرێته‌ بانكه‌وه‌ و به‌ پسوله‌ى (35 ئه‌لیف) داخڵى حساب بانكى تایبه‌تى گه‌نجینه‌ ده‌كرێت كه‌ ته‌نها ئێمه‌ به‌و پسوله‌یه‌ كارده‌كه‌ین.
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: هه‌مو مانگێك ئه‌و داهاته‌ به‌ مه‌ركه‌زى و لامه‌ركه‌زیه‌وه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر حساب بانكى ئاشتى له‌ سلێمانی كه‌ هى حكومه‌تى هه‌رێمه‌، هاوكات هه‌مو داهات و خه‌رجیه‌كیش هى وه‌زاره‌تى داراییه‌.
 
5. په‌یوه‌ندیی فه‌رمانگه‌كان له‌گه‌ڵ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان
فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانى گه‌رمیان په‌یوه‌ندیه‌كى راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیاندا هه‌یه‌، ئه‌و فه‌رمانگانه‌ش دابه‌ش بون به‌سه‌ر دو جۆر مامه‌ڵه‌دا (مه‌ركه‌زی و لامه‌ركه‌زی).
 
ا. ئه‌و فه‌رمانگانه‌ى مه‌ركه‌زین
ئه‌و فەرمانگە و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ى كه‌ مه‌ركه‌زین و ژمارەیان 48 دەزگایە، ته‌واوى كاره‌كانیان ده‌چێته‌وه‌ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، چ له‌ داهات و چ له‌ خه‌رجكردن دا، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى دارایی به‌وشێوه‌یه‌یه‌، هاوكات وردبینیكردن مامه‌ڵه‌كان و كردنى به‌چه‌ك و ئاراسته‌كردنى بۆ بانك، هه‌ر له‌رێگه‌ى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیانه‌وه‌یه‌.
حازم كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاره‌باى گه‌رمیان، وتى: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ گه‌نجینه‌ حساب مه‌ركه‌زیه‌ و پاكتاوكردنى خه‌رجیه‌كانمان له‌لاى ئه‌وانه‌ و بوه‌ به‌ ئۆنلاینیش و له‌وێ هه‌مو داهات كۆده‌كرێته‌وه‌.
باسى له‌وه‌شكرد: هه‌مو كاره‌كانمان ده‌ڕواته‌وه‌ ئه‌وێ، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ داهات و خه‌رجیه‌وه‌ هه‌بێت له‌وێوه‌ ئاراسته‌ى بانك ده‌كرێت و ده‌كرێت به‌ چه‌ك.
به‌هه‌مان شێوه‌، ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، ده‌ڵێت: پێشتر هیچ كارێكمان نه‌چوه‌ته‌ گه‌نجینه‌ و وردبینى بۆ بكرێت، ته‌نها نه‌سریه‌ى مانگانه‌ نه‌بێت، به‌ڵام ئێستا تاڕاده‌یه‌ك بوه‌ به‌ مه‌ركه‌زى كه‌ پێشتر لامه‌ركه‌زى بوه‌، هه‌ر پسوله‌یه‌كیش رۆشتبێته‌ گه‌نجینه‌ راسته‌وخۆ رۆشتوه‌ بۆ بانك.
وتیشى: به‌ڵام بۆ پرۆژه‌كان جیاوازه‌، هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك كه‌ ده‌كرێت ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى بۆ وه‌رده‌گرین، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه‌ له‌ 100 ملیۆن دینار زیاتربێت، ئه‌وه‌ راگه‌یاندنى ته‌نده‌رینى بۆ ده‌كه‌ین و به‌ ته‌نده‌رین وه‌رئه‌گیرێت، دواتر به‌ سولفه‌ بۆى خه‌رج ده‌كرێت له‌ بانك.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بودجه‌ى شاره‌وانى بێت وه‌ك پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، ئه‌مه‌ش دو جۆر خه‌رجى هه‌یه‌: یه‌كێك بۆ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌، ئه‌وه‌ى دیكه‌شیان بۆ بودجه‌ى فه‌رمانگه‌یه‌ كه‌ هى مانگانه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ڕواته‌وه‌ گه‌نجینه‌.
"كۆمه‌ڵێك كارمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیانه‌، ئه‌وانیش لیستى موچه‌ى مامۆستایانى میلاك و وانه‌بێژان، هاوكات كارى خه‌رجى مانگانه‌ى به‌رێوبه‌رایه‌تیمان له‌گه‌ڵ ئیفاده‌كان، ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ى پسوله‌ ده‌كرێت كه‌ به‌گوێره‌ى رێنماییه‌كان كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاره‌ى تاقیكردنه‌وه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌ رێگه‌ى گه‌نجینه‌وه‌یه‌ و ده‌كرێت به‌ چه‌ك بۆ بانك". ئیسماعیل سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى كفرى، واى وت.
هاوكات، سامان مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى بەڕێوبەرایەتی نه‌خشه‌دانانى ئاوه‌دانى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: ئێمە سولفەیەکى 2 ملیۆن دیناریمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ موچه‌ى كارمه‌نده‌كانمان، ئه‌مه‌یه‌ په‌یوه‌ندى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌، هاوكات له‌لاى ئه‌وان وردبینى ده‌كرێت و پسوله‌كان و داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێده‌كه‌ن له‌ لیژنه‌، هاوكات خه‌رجیه‌كانیش ئه‌وان پاكتاوى ئه‌كه‌ن و دایئه‌خه‌ن، چونكه‌ مه‌ركه‌زین.
وتیشى: ئه‌و داهاته‌شى بۆمان ته‌رخان ده‌كرێت ناتوانین خه‌رجى بكه‌ین، ته‌نها له‌ كاتێكدا نه‌بێت بۆ ئه‌نجامدانى ماسته‌رپلانێك یان دروستكردنى نه‌خشه‌یه‌ك یان نوێكردنه‌وه‌ى، ئه‌وكاته‌ش ده‌بێت به‌ ده‌رخسته‌یه‌ك ئاراسته‌ى گه‌نجینه‌ی بكه‌ین له‌وێوه‌ پاره‌مان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت.
 
 
ب. ئه‌و فەرمانگانەی لامه‌ركه‌زین
ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ى لامه‌ركه‌زین و ژمارەیان 21 دەزگایە، ته‌واوى كاره‌كانیان له‌لایه‌ن خودى خۆیانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت چ له‌ داهات كه‌ ده‌خرێته‌ حساب بانكى تایبه‌ت به‌خۆیان و داخراوه‌، هاوكات مامه‌ڵه‌كانیان چ ژمێركارى بێت چ پسوله‌كان بێت چ وردبینیكردن بێت له‌لایه‌ن خودى خۆیانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، ته‌نها كارێك كه‌ ده‌یانبه‌ستێته‌وه‌ به‌ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ ته‌رخانكردنه‌كانه‌، چ بۆ پرۆژه‌كان و چ بۆ نه‌سریه‌ى مانگانه‌ و چ بۆ موچه‌.
عه‌دنان خه‌لیل، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان، وتى: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان لامه‌ركه‌زیه‌ و زیاتر بودجه‌ى ئاساییمان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ته‌مویل ده‌كرێت، به‌ڵام بودجه‌ى وه‌به‌رهێنانمان له‌ گه‌نجینه‌ى 2ـى سلێمانیه‌وه‌ ته‌مویل ده‌كرێت، بۆیه‌ زیاتر پاكتاوى پێشینه‌كان له‌لاى خۆمانه‌.
هێماى بۆئه‌وه‌شكرد: موچه‌ى مانگانه‌مان له‌گه‌ڵ نه‌سریه‌ى مانگانه‌مان له‌گه‌ڵ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیاندایه‌.
هاوكات، نه‌وزاد حه‌مید، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: كاره‌كانى ئێمه‌ هه‌موى له‌گه‌ڵ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیانه‌، به‌ جۆرێك ته‌رخان كردنمان ده‌كه‌وێته‌وه‌ ئه‌وێ كه‌ له‌ %17ـى ئه‌و داهاته‌ى بۆمان ته‌رخان كراوه‌ به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌ت كه‌ بۆ خۆمان خه‌رجى ئه‌كه‌ين.
دەشڵێت: ئه‌مه‌ش به‌ نوسراو كه‌ داواى ده‌كه‌ین و ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر حساب بانكى خۆمان كه‌ تایبه‌ته‌ و له‌وێوه‌ ده‌توانین خه‌رجى بكه‌ین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ره‌كانمان كه‌ ئاراسته‌ى گه‌نجینه‌ ده‌كرێت و له‌وێشه‌وه‌ بۆ بانك.
"ئێمه‌ لامه‌ركه‌زین و په‌یوه‌نیدمان له‌گه‌ڵ گه‌نجینه‌ لیستى موچه‌یه‌، كه‌ بۆیان ده‌نێرین و وردبینى ده‌كه‌ن، گرفتێك هه‌بێت چاره‌سه‌رى ده‌كه‌ین، تایبه‌ت له‌ ده‌رماڵه‌كاندا كه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ره‌كانمان حساب ده‌كرێت". خه‌لیل به‌رزان برزۆ، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دابه‌شكردنى كاره‌باى كه‌لار، واى وت.
سامان ره‌حیم، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى كه‌لاریش ده‌ڵێت: هه‌مو خه‌رجیه‌كان و موچه‌مان له‌لایه‌ن گه‌نجینه‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ ته‌رخان كردنمان بۆ ده‌كرێت، ئێمه‌ سیسته‌مى لامه‌ركه‌زى په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین، ده‌بو سه‌ربه‌خۆ بوینایه‌، به‌ڵام به‌هۆى په‌سه‌ندنه‌كردنى بودجه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى 9 ساڵه‌ هه‌موى بوه‌ به‌ مه‌ركه‌زى، ئه‌مه‌ش رۆتینێكى زۆرمان بۆ دروست ده‌كات له‌ رایكردنى مامه‌ڵه‌كان.
 
 
6. كاره‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ به‌ لیژنه‌ ئه‌نجام ده‌درێت
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان كاره‌كانى به‌ لیژنه‌ ئه‌نجام ده‌دات له‌ نێو خودى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌، جگه‌ له‌مه‌ش نوێنه‌ریان له‌ كۆى ئه‌و لیژنانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كان پێكهێنراون بۆ هه‌ندێك له‌ كاره‌كان.
كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كات: كاره‌كانمان به‌ لیژنه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، وه‌ك خۆمان 4 لیژنه‌مان هه‌یه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌: (لیژنه‌ى دابه‌شكردنى موچه‌، لیژنه‌ى كڕین، لیژنه‌ى هونه‌رى، لیژنه‌ى پله‌به‌ركردنه‌وه‌ و سه‌ره‌ موچه‌ و ده‌رماڵه‌كان)، ئه‌م لیژنانه‌ش هه‌ریه‌كى له‌ 3 ئه‌ندام پێكهاتوه‌.
وتیشى: ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌نداممان هه‌یه‌ له‌ كۆى ئه‌و لیژنانه‌ى كه‌ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان پێكده‌هێنرێت، ئه‌وانیش: (خه‌مڵاندن، فرۆشتن، ته‌نده‌رین، باجى خانوبه‌ره‌، شیكردنه‌وه‌ى ته‌نده‌ر و... هتد).
 
7. راده‌ستكردنى داهاتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان
به‌پێى وته‌ى به‌شێك له‌ به‌ڕێوبه‌ره‌كان له‌ سنورى گه‌رمیان، ئه‌و داهاته‌ى كه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كان كۆده‌كرێته‌وه‌ به‌ پسوله‌ى (37 ئه‌لیف) راده‌ستى بانك ده‌كرێت، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت، ئه‌و داهاته‌ به‌ پسوله‌ى (35 ئه‌لیف) راده‌ستى بانك ده‌كرێت.
ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، ده‌ڵێت: ئێمه‌ یه‌كه‌ى ژمێریارى تایبه‌ت به‌ خۆمان هه‌یه‌ كه‌ چه‌ن یه‌كه‌یه‌كه‌، ئه‌وانیش: یه‌كه‌ى داهات، فرۆشتنى زه‌وى و وه‌رگرتنى پاره‌ى تۆماركردنى موڵك، هه‌ر داهاتێك دێته‌ شاره‌وانى راسته‌وخۆ ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و حساب بانكیه‌ ئه‌ویش به‌ پسوله‌ى (37 ئه‌لیف)، رۆژانه‌ش داهات راده‌ست ده‌كه‌ین.
هاوكات، حازم كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاره‌باى گه‌رمیان وتى: یه‌كه‌ى ژمێریارى تایبه‌ت به‌ خۆمان هه‌یه‌ له‌ بانكى كه‌لار و هه‌فتانه‌ش هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك بێته‌ به‌رده‌ستمان ئه‌وه‌ راسته‌وخۆ به‌ پسوله‌ى (37 ئه‌لیف) راده‌ستى بانكى ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى چه‌ند دانه‌یه‌كى دیكه‌ى حساب بانكى دیكه‌مان هه‌یه‌ بۆ نمونه‌ هى وه‌به‌رهێنان له‌گه‌ڵ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك كه‌ ئه‌نجامى بده‌ین ده‌بێت نوسراو بۆ گه‌نجینه‌ بكه‌ین ئه‌وكات ده‌توانین پاره‌ وه‌ربگرین له‌ بانك.
وتیشى: به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانى دابه‌شكردنى كاره‌باى قه‌زاكانیش حساب بانكى خۆیان هه‌یه‌ و راده‌ستى ده‌كه‌ن.
"ئێمه‌ به‌ پسوله‌ى (37 ئه‌لیف) داهات راده‌ستى بانك ده‌كه‌ین، دواتر ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى كاره‌باى ده‌كه‌ین". خه‌لیل به‌رزان برزۆ، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دابه‌شكردنى كاره‌باى كه‌لار، واى وت.
نه‌وزاد حه‌مید، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: هه‌مو ئه‌و داهاتانه‌ى كه‌ دێته‌وه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان به‌ پسوله‌ى (37 ئه‌لیف) راده‌ستى گه‌نجینه‌ى ئه‌كه‌ین و له‌وێشه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌ى ژمێریارى تایبه‌ت به‌ خۆمان كه‌ له‌ بانكدایه‌.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئێمه‌ پاره‌ى ئاو كۆمپانیاى ئۆرانۆس كۆى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌شى كه‌ دێته‌وه‌ لاى ئێمه‌ پاره‌ى هاوبه‌شى ئاوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌رزانه‌ى كه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌ ماوه‌ى 24 كاتژمێردا ده‌بێت راده‌ستى گه‌نجینه‌ بكرێت، ئه‌گه‌رچى هه‌ندێكجار ده‌چێته‌ چه‌ند رۆژێك.
له‌ به‌رامبه‌ردا، كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، وتى: هه‌مو به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان به‌ پسوله‌ى (37 ئه‌لیف) داهات وه‌رده‌گرن، هاوكات به‌ پسوله‌ى (35 ئه‌لیف) ده‌خرێته‌ بانكه‌وه‌، گه‌نجینه‌ش به‌ پسوله‌ى (34 ئه‌لیف) داهات وه‌رده‌گرین كه‌ ته‌نها ئێمه‌ كار به‌و پسوله‌یه‌ ئه‌كه‌ین، هاوكات به‌ پسوله‌ى (35 ئه‌لیف) ده‌خرێته‌ بانكه‌وه‌.
جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌: ته‌نها ئه‌مین سندوقى گه‌نجینه‌ به‌ پسوله‌ى (34 ئه‌لیف) داهات وه‌رده‌گرین.
جیاواز له‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ى كه‌ داهاتیان هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان داهاتیان نیه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ته‌نها ته‌رخانكردنیان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت.
ئيسماعیل سه‌مین، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى كفرى، وتى: یه‌كه‌ى ژمێریارى تایبه‌ت به‌ خۆمان هه‌یه‌ له‌گه‌نجینه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ى فه‌رمانگه‌كانى دیكه‌ هیچ داهاتێكمان نیه‌ راده‌ستى بانكى بكه‌ین، پاره‌یه‌كیش نیه‌ به‌ ناوى ئێمه‌وه‌ دانرابێت، بۆیه‌ ئێمه‌ راسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت ده‌كه‌ین.
هاوكات، سامان مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خشه‌دانانى ئاوه‌دانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: ئێمه‌ تاوه‌كو ئێستا داهاتمان نه‌بوه‌، به‌ڵكو به‌ ره‌زامه‌ندى لایه‌نه‌كان بڕیاردراوه‌ مانگانه‌ له‌ %1ـى كۆى گوژمه‌ى داهاتى شاره‌وانیه‌كان بۆ ئێمه‌ بێت و بخرێته‌ سه‌ر حساب بانكیمان كه‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ند مانگێك ده‌بێت كردومانه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا وه‌كخۆمان هیچ داهاتێكمان نیه‌ تاوه‌كو راده‌ستى بكه‌ین.
 
8. به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان به‌ هه‌ژمارى بانكیه‌وه‌ گرێدراون‌
هه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ك هه‌ژمارى (حساب) بانكى تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌یه‌، به‌جۆرێك له‌ سنورى گه‌رمیان 49 حساب بانكى مه‌ركه‌زى و 21 حساب بانكى لامه‌ركه‌زى بونى هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان.
سامان ره‌حیم، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى كه‌لار ده‌ڵێت: وه‌ك هه‌ر پاره‌یه‌ك كه‌ دێته‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان راسته‌وخۆ سپاردنى بۆ ده‌كرێت بۆ سه‌ر هه‌ژمارى بانكى كۆتایمان كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خۆمان.
وتیشى: دواتر له‌و داهاته‌ى كه‌ ده‌ستمان ده‌كه‌وێت به‌ ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى ته‌رخانكردنمان بۆ ده‌كرێت به‌ رێژه‌ى %17 له‌لایه‌ن گه‌نجینه‌ى گه‌رمیانه‌وه‌، بۆ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆمان.
"ئێمه‌ 3 یه‌كه‌ى ژمێریارى بانكى تایبه‌ت به‌خۆمان هه‌یه‌، یه‌كه‌ى 906 تایبه‌ته‌ به‌ خۆمان و یه‌كه‌یه‌كى ئاساییه‌، هاوكات یه‌كه‌ى 5097 تایبه‌ته‌ به‌ موچه‌، یه‌كه‌ى ژمێریارى بانكى تایبه‌ت به‌ داهاتمان هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش داخراوه‌، كه‌س ناتوانێت ده‌ستكارى بكات و له‌ بانكى گه‌رمیانه‌، ناتوانین خه‌رجى بكه‌ین تاوه‌كو ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى دارایی و كاره‌باى بۆ وه‌رنه‌گرین بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى لامه‌ركه‌زین". خه‌لیل به‌رزان برزۆ، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دابه‌شكردنى كاره‌باى كه‌لار، وای وت.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان ته‌نها ده‌توانن ته‌رخانكردنمان بۆ بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا هه‌مو كاره‌كان له‌لاى خۆمانه‌.
شادیه‌ حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان، هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتیمان له‌گه‌ڵ كه‌لار یه‌كه‌ى ژمێریارى تایبه‌ت به‌ خۆمان هه‌یه‌ كه‌ 2 یه‌كه‌ى ژمێریارییه‌، ئه‌وه‌ى ئێمه‌ لامه‌ركه‌زیه‌ و ده‌سه‌ڵاتێكى ره‌ها ترمان هه‌یه‌، به‌جۆرێك دواى ته‌واوكردنى داتا و رێكخستنه‌وه‌ى پێشینه‌كان مانگانه‌ ده‌چێته‌وه‌ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، دواتر پاكتاوكردنى داهاتمان هه‌یه‌ كه‌ مانگانه‌ ئه‌نجامى ئه‌ده‌ین و ئاراسته‌ى بانكى گه‌رمیانى ده‌كه‌ین، بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌كیش ئه‌وانه‌ ته‌رخانكردنمان بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچى ده‌سه‌ڵاتى خه‌رجكردنى 2 ملیۆن و 500 هه‌زار دینارمان هه‌یه‌.
ده‌شڵێت: چه‌ند یه‌كه‌یه‌كى ژمێریاریمان هه‌یه‌، یه‌كه‌ى 4735 تایبه‌ته‌ به‌ پێشینه‌ى مانگانه‌ و سه‌رجه‌م خه‌رجیه‌كان كه‌ له‌ بانكى كه‌لاره‌وه‌ ته‌واو ده‌كرێن، هاوكات یه‌كه‌ى 4734 تایبه‌ته‌ به‌ داهات و ئه‌مانات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌كه‌ى 4621 تایبه‌ته‌ به‌ موچه‌ و ئه‌و مافانه‌ى كه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران هه‌یه‌، له‌ هه‌مان كاتدا یه‌كه‌ى 1057 تایبه‌ته‌ به‌ بنه‌تۆى جوتیاران له‌ ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى ناوه‌نده‌.
باسى له‌وه‌شكرد: ئه‌مه‌ بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵى كه‌لار جیاوازتره‌ و ده‌سه‌ڵاتیان دیاریكراوه‌، ده‌سه‌ڵاتى خه‌رجكردن و ته‌رخانكردن هه‌موى له‌ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیانه‌وه‌یه‌، به‌ڵام كارى ئێمه‌ له‌لاى گه‌نجینه‌ ته‌نها ته‌رخانكردنه‌.
عه‌دنان خه‌لیل، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان وتى: ئێمه‌ یه‌كه‌ى ژمێریارى بانكیمان هه‌یه‌، به‌ڵام داهاتمان نیه‌ راده‌ستى بكه‌ین، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ته‌مویله‌كانه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر حساب بانكیمان.
 
9. په‌یوه‌ندى فه‌رمانگه‌كان له‌گه‌ڵ گه‌نجینه‌دا چۆنه‌؟
به‌پێى وته‌ى به‌شێك له‌ به‌ڕێوبه‌ران، په‌یوه‌ندیه‌كى باشیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیاندا هه‌یه‌ بۆ راییكردنى مامه‌ڵه‌كانیان، ئه‌وه‌ى گرفته‌ نه‌بونى پاره‌یه‌ له‌ بانكدا كه‌ چه‌كه‌كانیان وه‌كخۆى ده‌مێنێته‌وه‌ یان دوا ده‌كه‌وێت له‌ خه‌رجكردن.
حازم كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاره‌باى گه‌رمیان، وتى: په‌یوه‌ندیه‌كى باشمان له‌گه‌ڵ گه‌نجینه‌دا هه‌یه‌ و هاوكارێكى باشى ئێمه‌ن، هه‌ر گرفتێكیش هه‌بوبێت چاره‌سه‌ركراوه‌ به‌گوێره‌ى ئه‌و رێنمایانه‌ى كه‌ هه‌یه‌ و نه‌بونه‌ته‌ ئاسته‌نگ بۆ ئێمه‌.
ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، ده‌ڵێت: په‌یوه‌ندیه‌كى باشمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ بۆ راییكردنى كاره‌كان كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌وانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت كه‌ وردبینى ده‌كه‌ن گرفتێك هه‌بێت بۆمان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ چاككردنى.
وتیشى: ئه‌وه‌ى گرفته‌ بۆ ئێمه‌ پاره‌ى نه‌ختینه‌یه‌ كه‌ له‌ بانكدا نیه‌ نه‌ك گه‌نجینه‌، ئه‌و مامه‌ڵانه‌ى كه‌ ئه‌چێته‌ گه‌نجینه‌ ئه‌وان ئه‌یكه‌ن به‌ چه‌ك و ئه‌ڕواته‌ بانك، ئه‌وانیش نه‌سرییه‌ى فه‌رمانگه‌یه‌، بۆ نمونه‌ ئێمه‌ مانگانه‌ 25 ملیۆن دیناره‌.
نه‌وزاد حه‌مید، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات په‌یوه‌ندیه‌كى باشیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گه‌نجینه‌، ئه‌گه‌رچى هه‌ندێكجار كێشه‌ى ژمێریارى ده‌بێت، به‌ڵام وه‌كخۆی وتى: به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوه‌ ببێت به‌ كێشه‌، چونكه‌ گه‌نجینه‌ش به‌پێى ئه‌و رێنمایی كار ده‌كات كه‌ بۆیان هاتوه‌ته‌ خواره‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌.
ده‌شڵێت: هه‌مو خه‌رجیه‌ك ده‌بێت بچێته‌وه‌ وه‌زاره‌تى دارایی و ده‌بێت پابه‌ندیش بن.
به‌هه‌مان شێوه‌، عه‌دنان خه‌لیل، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان، وتى: وه‌ك گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان هیچ گرفتێك نیه‌، به‌ڵكو‌ ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ سیسته‌مه‌كه‌یه‌ كه‌ گرفتى دروست كردوه‌، چونكه‌ لامه‌ركه‌زیین، بۆ نمونه‌ پێشتر داواى ته‌مویلى هه‌ر پرۆژه‌یه‌كمان بكردایه‌ راسته‌وخۆ بۆمان ده‌كرا، به‌ڵام له‌ ئێستادا كه‌ بوه‌ به‌ ئۆنلاین و به‌پێى رێنماى ژماره‌ 2ـى ساڵى 2016 ده‌بێت سه‌ره‌تا داواى %20ـى ته‌مویل بكرێت دواتر‌ %80ــه‌كه‌ى داوا بكرێت.
وتیشى: هه‌مو ئه‌مانه‌ ده‌بێت بڕواته‌وه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ژمێركارى هه‌رێم، كه‌ ئه‌مه‌ گرفته‌.
"په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ گه‌نجینه‌ باشه‌ و یارمه‌تیده‌رمانن، به‌ڵام به‌هۆى رۆتینى زۆره‌وه‌ كه‌ دروست بوه‌ هه‌ندێكجار ئیشه‌كانمان دوا ده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌رچى ئێمه‌ سیسته‌مى لامه‌ركه‌زى په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین و زۆربه‌ى كاره‌كان له‌لاى خۆمانه‌". سامان ره‌حیم، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى كه‌لار وا ده‌ڵێت.
له‌ به‌رامبه‌ردا، كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كات: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان باشه‌ و هیچ گرفتێكمان نیه‌، ئه‌گه‌رچى هه‌ندێكجار تێبینى له‌سه‌ر كاره‌كانیان هه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستى چاككردن.
له‌باره‌ى كێشه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ بانكى گه‌رمیانیشه‌وه‌، به‌ڕێوبه‌رى بانكى گه‌رمیان، ئاریا ئه‌نوه‌ر، وتى: هه‌مو ئه‌و چەكانه‌ى كه‌ له‌ گه‌نجینه‌وه‌ ره‌وانه‌ى ئێمه‌ ده‌كرێت به‌ مه‌به‌ستى خه‌رجكردنى، رایی ده‌كه‌ین، به‌ڵام كه‌ دواده‌كه‌وێت په‌یوه‌ندی به‌ كێشه‌ى نه‌بون و كه‌می پاره‌ى نه‌ختینه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ بانك دا.
 
10. جگه‌ له‌ راییكردنى مامه‌ڵه‌ى فه‌رمانگه‌كان كارى كۆمپانیاكانیش ده‌چێته‌ گه‌نجینه‌
جگه‌ له‌ راییكردنى كاروبارى فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان، هه‌ندێك كارى دیكه‌ش ده‌ڕواته‌ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان بۆ ته‌مویلكردن، یه‌كێك له‌وانه‌ كۆمپانیاكانه‌.
كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ده‌كات: جگه‌ له‌ كاره‌كانى فه‌رمانگه‌كان، هه‌ندێك كارى دیكه‌ش دێته‌ لامان، یه‌كێك له‌وانه‌ كاره‌كانى كۆمپانیاكانه‌، بۆنمونه‌ كۆمپانیاى پاككردنه‌وه‌ى به‌شه‌ ناوخۆیه‌كانى زانكۆى گه‌رمیان، كارى ته‌مویلكردنیان "پارەپێدانیان" دێته‌ لاى ئێمه‌ و به ‌چه‌ك له‌ بانك پاره‌ وه‌رده‌گرن.
وتیشى: جگه‌ له‌مانه‌ كاروبارى فه‌رمانبه‌ران كه‌ خانه‌نشین ده‌بن، ئه‌وه‌ش دێته‌وه‌ لاى ئێمه،‌ له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنى پاداشتى مۆڵه‌ته‌ كۆكراوه‌كانیان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ى پێشینه‌ى هاوسه‌رگیریش.
 
11. گه‌نجینه‌ داهاتى ئاشكرا ناكات
یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ى كه‌ هه‌ن، ناڕونى و پێنه‌دانى زانیارییه‌ له‌سه‌ر داهات له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كانه‌وه، ئەمەش‌ به‌ كۆمه‌ڵێك پاساوى جیاواز، له‌وانه:‌ وه‌زاره‌ته‌كان ره‌زامه‌ندنین كه‌ زانیارى له‌سه‌ر داهات بڵاوبكرێته‌وه.
دواى چه‌ند جارێك سه‌ردانكردنى به‌ڕێوبه‌ریه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، وه‌كخۆیان باسیان له‌وه‌ كرد: راگه‌یاندنى داهات له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌واندا نیه‌، به‌ڵكو له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى دارایی دایه‌، بۆیه‌ به‌و پاساوه‌ ئاماده‌نه‌بون هیچ داتایه‌ك له‌باره‌ى داهاته‌وه‌ رابگه‌یه‌نن.
 
 
به‌شى دوه‌م: بەڕێوبەرایەتی گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان و كێشه‌كانى
 
1. کەمى فەرمانبەر
به‌كۆى گشتى له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان به‌ هه‌رسێ هۆبه‌ى داراییه‌وه‌ له‌ قه‌زاى كفرى و ناحیه‌كانى رزگارى و باوه‌نور، 91 فه‌رمانبه‌ر هه‌ن‌.
كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ده‌كات: له‌ سنورى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان 91 فه‌رمانبه‌ر بونى هه‌یه‌ به‌ هه‌ر سێ هۆبه‌ى دارایمان له‌ قه‌زاى كفرى و ناحیه‌كانى رزگارى و باوه‌نوریش، له‌و رێژه‌یه‌ش 14 یان گرێبه‌ستن‌ و 4 دانه‌شیان مۆڵه‌تى بێموچه‌یان هه‌یه‌.
 
2. كه‌مى پسپۆڕیى له‌ فه‌رمانبه‌ران
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان جیاواز له‌ فه‌رمانگه‌كانى دیكه‌ پێویستى به‌ پسپۆڕى تایبه‌ته‌ به‌ ژمێریارى، چونكه‌ وه‌كخۆیان ده‌ڵێن هه‌مو كاره‌كانى ئه‌وان ژماره‌یه‌ و پێویستى به‌ ژمێریاره‌، ئه‌م پسپۆڕیه‌ش له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌دا كه‌مه‌.
كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ده‌كات: یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ى كه‌ هه‌مانه‌ كه‌مى پسپۆرییه‌ له‌ به‌شه‌كان به‌تایبه‌ت ژمێریارى كه‌ كۆڵه‌كه‌ى به‌ڕێوبه‌رایتیه‌كه‌یه‌ و كاره‌كانیشمان هه‌موى ژمێریارییه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شى كه‌ له‌ به‌شى وردبینین پێویسته‌ پسپۆڕییان ژمێریارى بێت، له‌ كاتێكدا ده‌بێت زۆرترین فه‌رمانبه‌رمان ئه‌و پسپۆڕیه‌ بێت.
لە کۆی 91 فەرمانبەرەکەی گەنجینەی گەرمیان، 25 دانەیان پسپۆڕیی ژمێریاریین (17 هەمیشەیی و 8 گرێبەست).
 
3. كاركردن به‌ سیستەمى کۆمپیوتەر
"سیسته‌مى كۆمپیوته‌ر بۆ هه‌مو كاره‌كان به‌كار ده‌هێنین به‌تایبه‌ت بۆ تۆماره‌كان به‌ كاغه‌ز و كۆمپیوته‌ریش كار ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرینه‌ى كاره‌كانمان بوه‌ به‌ ئۆنلاین كه‌ هه‌رچى خه‌رجى هه‌یه‌ جگه‌ له‌ موچه،‌ له‌و سیسته‌مه‌ ئۆنلاینه‌ داخڵ ده‌كه‌ین". كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان واى وت.
ده‌شڵێت: هه‌مو گه‌نجینه‌كان له‌ كوردستان په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ پێكه‌وه‌، هه‌مو مانگێك داهات و خه‌رجى تۆمار ده‌كه‌ین، دواتر ده‌ینێرینه‌ به‌شى ژمێركارى مه‌ركه‌ز، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌یه‌ كه‌ مه‌ركه‌زین، به‌ڵام لامه‌ركه‌زیه‌كان خۆیان ئه‌و كارانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
وتیشى: هاوكات داهاتیش به‌ سیسته‌مێكى دیكه‌یه‌ به‌سه‌رپه‌رشتى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌كرێت.
جەختى لەوەشکردەوە: لە ئێستادا گرفتى کەمى کۆمپیوتەرمان هەیە و داواى نزیکەى 10 کۆمپیوتەرمان کردوە بۆمان دابین بکەن، چونکە بەرنامەى نێتۆركینگ به‌كارده‌هێنین.
 
4. گرفتى بینا
یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى روبه‌ڕوى به‌شێك له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان بوه‌ته‌وه‌، نه‌بونى بینا تایبه‌ت به‌ خۆیانه‌، به‌رێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیانیش له‌و كێشه‌یه‌ به‌ده‌ر نین.
كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ده‌كات: بیناى خۆمان نیه‌ و له‌ نهۆمێكى بینای بانكى كه‌لار داین، گرفتى بینامان هه‌یه‌، نه‌بونیشى كێشه‌ى زۆرى بۆ دروست کردوین، چونکە ژورەکانمان کەمن و کۆگامان نیە بۆ دانانى دۆسیەکان و شتومەک، ناچاربوین بە رەزامەندى وەزارەتى دارایی شوێنى دیکەمان بە کرێ گرتوە و پاسەوانمان بۆ دابین کردوە.
وتیشى: له‌ ساڵى 2014 زه‌ویمان بۆ ته‌رخان كرا له‌گه‌ڵ باجه‌كانى دیكه‌ بینایه‌كمان بۆ دروست بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ راگیرا، ئه‌گه‌رچى له‌ كۆتا قۆناغ بو بۆ ده‌ستبه‌كاربون.
 
5. گرفتى ئۆتۆمبیل
"1 ئۆتۆمبێلمان هه‌یه‌ و مۆدیل كۆنه‌ كه‌ هى ساڵى 2013یه‌ ، یه‌ك ئۆتۆمبێل بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان كه‌مه‌، چونكه‌ ئێمه‌ لیژنه‌مان هه‌یه‌ و به‌رده‌وام ده‌رچونیان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌‌ لیژنه‌كانى‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانى دیكه‌دا نوێنه‌رمان هه‌یه‌". كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، واى وت.
وتیشى: ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ش وه‌ك به‌ڕێوبه‌ر به‌كارى ده‌هێنم، بۆیه‌ پێویسته‌ ئۆتۆمبێلى دیكه‌مان بۆ دابین بكه‌ن.
 
6. مه‌ترسى له‌ناوچو‌نى دۆسیه‌كان
به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: ئه‌و تۆمارانه‌ى كه‌ هه‌مانه‌ به‌هۆى نه‌بونى شوێنى تایبه‌ت بردومانه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌ترسى له‌ناوچو‌نیان هه‌یه‌ به‌ هه‌ر روداوێك كه‌ روبدات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وێنه‌یان له‌ وه‌زاره‌تى دارایی بونى هه‌یه‌.
كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كات: شوێنى تایبه‌تمان نیه‌ به‌ هه‌ڵگرتنى دۆسیه‌كان و تۆماره‌كان كه‌ رۆژانه‌ مامه‌ڵه‌كان تۆمار ده‌كرێن، ناچاربوین به‌شێكى زۆریمان به‌ ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى دارایی بردوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى.
ده‌شڵێت: مه‌ترسى له‌ناچونیان هه‌یه‌ له‌ ئه‌گه‌رى ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ك یان هه‌ر روداوێك كه‌ روبدات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌مو ئه‌و تۆمارانه‌ وێنه‌یان له‌ وه‌زاره‌تى دارایی بونى هه‌یه‌، هاوكات له‌ سیسته‌مى كۆمپیوته‌ریش داتا به‌یسه‌.
 
7. بونى فشاری زۆر له‌سه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه
وه‌ك فه‌رمانبه‌رانى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان باسى لێوه‌ده‌كه‌ن، رۆژانه‌ بۆ راییكردنى كاره‌كانیان لۆدێكى زۆریان له‌سه‌ره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فه‌رمانبه‌ریان وه‌كپێویست نیه‌، به‌تایبه‌ت بۆ به‌شى وردبینى.
تارق خالد، لێپرسراوى هۆبه‌ى وردبین له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: رۆژانه‌ لۆدێكى زۆرمان له‌سه‌ر بۆ راییكردنى كاره‌كان، چونكه‌ 72 یه‌كه‌ى ژمێریارى فه‌رمانگه‌كانمان له‌لایه‌، ئه‌م فه‌رمانبه‌رانه‌شى كه‌ هه‌یه‌ به‌س نین بۆ راییكردنى مامه‌ڵه‌كان، به‌ڵكو پێویستمان به‌ 3 فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌ بۆ هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك له‌ وردبینى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دو ئیشمان هه‌یه‌ هه‌م كاغه‌ز هه‌م ئۆنلاینیش، هه‌ر كاغه‌زێك كه‌ دێته‌ لامان ده‌بێت به‌ ئۆنلاینیش تۆمار بكرێت.
هاوكات، په‌روین ره‌فیق، سه‌رپه‌رشتیارى ژمێریارى له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: رۆژانه‌ لۆدێكى زۆرمان له‌سه‌ره‌، چونكه‌ كارى یه‌كه‌ى ژمێریارى فه‌رمانگه‌كان رایی ده‌كه‌ین كه‌ مه‌ركه‌زین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كارى ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ش وردبینى ده‌كه‌ین كه‌ لامه‌ركه‌زین و یه‌كه‌ى ژمێریارى تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا، كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌: "رۆژانه‌ لۆدێكى زۆرمان له‌سه‌ره‌، چونكه‌ كارى ته‌واوى فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان دێته‌ لاى ئێمه‌، به‌جۆرێك 72 حساب بانكیمان هه‌یه‌".
 
8. كه‌میی خولی راهێنان بۆ فه‌رمانبه‌ران
به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌رانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، كردنه‌وه‌ى راهێنانى به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناى فه‌رمانبه‌ران گرنگه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌زمونیش گرنگه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ر.
تارق خالد، لێپرسراوى هۆبه‌ى وردبین له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: "وه‌ك خۆم 1 جار راهێنانى به‌رزكردنه‌وه‌ى توانى فه‌رمانبه‌رانم بینیوه‌، كردنه‌وه‌ى راهێنانیش بۆ فه‌رمانبه‌رانى وردبین به‌ تایبه‌تى زۆر گرنگه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌زمون زۆر گرنگه‌".
هاوكات، په‌روین ره‌فیق، سه‌رپه‌رشتیارى ژمێریارى له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان ،ده‌ڵێت: راهێنان گرنگه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران چه‌ند گرنگه‌ هێنده‌ش ئه‌زمون گرنگه‌، چونكه‌ هه‌ندێكجار خوله‌كان ده‌بینیت وه‌ك ئه‌زمونه‌كه‌ سودى نه‌بوه‌ بۆت، بۆیه‌ كاركردن گرنگه‌ له‌گه‌ڵ گرنگیدان به‌و كاره‌ى كه‌ ده‌یكه‌ى.
له‌ به‌رامبه‌ردا، كه‌نعان جه‌بار، به‌ڕێوبه‌رى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، باس له‌وه‌ده‌كات: كردنه‌وه‌ى راهێنان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناى فه‌رمانبه‌ران گرنگه‌ و به‌هاى خۆى، به‌ڵام كاتى ئه‌وێت، ئێمه‌ش به‌هۆى كه‌مى فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ ناتوانین به‌ زۆرى به‌شدارى ئه‌و راهێنانه‌ بكه‌ین كه‌ ده‌كرێنه‌وه‌، بۆ نمونه‌ له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان ئاماده‌كارى ده‌كرێت بۆ كردنه‌وه‌ى راهێنان و فه‌رمانبه‌رێكم به‌شدار ده‌بێت تێیدا، له‌ ئێستاوه‌ خه‌م دایگرتوم چۆن ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و ده‌ڕوات.
 
به‌شى سێیه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
 
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، یه‌كێكه‌ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ گرنگه‌كانى بوارى دارایی و ژمێریاریی له‌ سنوره‌كه‌دا و گرێدراوه‌ به‌ وه‌زاره‌تى دارایی هەرێمه‌وه‌، هه‌ر بابه‌تێك په‌یوه‌ندیدار بێت به‌ داهات و خه‌رجیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ و كارى پاكتاوى داهات و خه‌رجی و هه‌مو بابه‌تێكى په‌یوه‌ست به‌ لایه‌نى دارایی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان و هه‌ندێك له‌و كۆمپانیایانه‌ش كه‌ ئیش له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا ده‌كه‌ن، به‌ڕێوه‌ده‌بات.
2. به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ جگه‌ له‌ بنكه‌ى سه‌ره‌كیی له‌ كه‌لار، له‌ قه‌زاى كفری و ناحیه‌كانى باوه‌نور و رزگارییش، بنكه‌ى هه‌یه‌، تێكڕاش 91 فه‌رمانبه‌رى هه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر بنكه‌ و هۆبه‌ جیاوازه‌كاندا دابه‌ش بون. به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ بینای تایبه‌ت به‌خۆی نییه‌ بنكه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى له‌ كه‌لار له‌ بینای بانكى گه‌رمیان دایه‌.
3. سه‌رجه‌م داموده‌زگا حكومییه‌كان بۆ راییكردنى مامه‌ڵه‌ى داراییان په‌یوه‌ستن به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیانه‌وه‌، هه‌ندێكیان كه‌ ژماره‌یان (48) ده‌زگایه‌ به‌ شێوه‌ى مه‌ركه‌زیی و هه‌ندێكى تریشیان كه‌ ژماره‌یان (21) ده‌زگایه‌ به‌شێوه‌ى لامه‌ركه‌زیی گرێدراوى به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ فشارێكى زۆری كاركردن له‌سه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ هه‌بێت.
4. به‌گشتى ده‌زگا حكومییه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان به‌ باش ناوده‌به‌ن، ئه‌گه‌رچی هه‌ردولایان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ناوبه‌ناو كێشه‌ و ئاسته‌نگ دێته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام نه‌بون به‌هۆی وه‌ستانى كاروباره‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌كان.
5. زۆربه‌ى كاره‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ به‌ شێوه‌ى نوسراو و ته‌قلیدی ده‌كرێت، ئه‌گه‌رچی له‌م ماوانه‌ى رابردودا لایه‌نى ئۆنلاینیش داخل كراوه‌، بەڵام گشتگیر نییە.
6. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان كاره‌كانى به‌ لیژنه‌ ئه‌نجام ده‌دات له‌ نێو خودى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌، جگه‌ له‌مه‌ش نوێنه‌ریان له‌ كۆى ئه‌و لیژنانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كان پێكهێنراون بۆ هه‌ندێك له‌ كاره‌كان.
7. خودى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ چه‌ندین كێشه‌ى جیاوازى هه‌یه‌، له‌ نه‌بونى ئۆتۆمبیل و بینا و كۆگاى گونجاو بۆ هه‌ڵگرتنى دۆسیه‌كان و پێداویستی دیكه‌، كه‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر ئاستى خزمه‌تگوزارییه‌كان.
8. ئه‌و ژماره‌ فه‌رمانبه‌ره‌ى هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌دا، به‌وته‌ى به‌رپرسانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌، به‌شى راییكردنى كاروباره‌كان به‌ خێرایی ناكات، هه‌روه‌ك كێشه‌ى كه‌میی فه‌رمانبه‌رى پسپۆڕی بوارى ژمێریارییشیان هه‌یه‌.
9. به‌كه‌می خولی راهێنان بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌كرێته‌وه‌، به‌شێكى زۆریش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئیشوكارى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ زۆره‌ و ناپه‌رژێنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ر بخه‌نه‌ خوله‌وه‌.
 
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین ده‌زگا حكومییه‌كانى بوارى دارایی، چونكه‌ هه‌مو بابه‌تێكى په‌یوه‌ست به‌ دارایی له‌ هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كى سنوره‌كه‌ به‌تایبه‌تى له‌ بوارى داهات و خه‌رج، ده‌چێته‌وه‌ ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌. ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ فشارێكى زۆر له‌سه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ هه‌بێت.
به‌ڵام هه‌ستى پێده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ قه‌ده‌ر گرنگیی و زۆری ئیشوكاره‌كانى، پێداویستی بۆ فه‌راهه‌م نه‌كراوه‌، چونكه‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ كێشه‌ى زۆری بونیادیی هه‌یه‌، هه‌ر له‌ نه‌بونى بینا و كه‌می ستاف و نه‌بونى كۆگای باش و كه‌مى پێداویستی و... هتد.
بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌ت بارته‌قای ئه‌و ئه‌ركه‌ى خستویه‌تییه‌ سه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌، گرنگیشی پێبدات و كه‌شێكى وه‌هاى بۆ بسازێنێت كه‌ بتوانێت خزمه‌تگوزارییه‌كانى به‌شێوه‌یه‌كى باشتر جێبه‌جێ بكات.
2. پشت به‌ستن به‌ مامه‌ڵه‌ى ته‌قلیدیی و نوسراو و كاغه‌ز، له‌و كێشانه‌ن كه‌ هه‌م تێچونیان زۆرتره‌، هه‌میش رۆتین، ئه‌مه‌ش دواجار به‌ زیانى هاوڵاتیان به‌گشتى ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی هه‌نگاو نراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كار به‌ لایه‌نى ئه‌لیكترۆنى و ئۆنلاین بكرێت، پێویسته‌ چ له‌م بواره‌ و چ له‌ بواره‌كانى دیکه‌ش دا، حكومه‌ت هه‌نگاوى جیدیی تر بنێت به‌ئاقارى كاركردن به‌ شێوازی ئه‌لیكترۆنى، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ سیسته‌مى نوێ و ئاسان بخاته‌كار كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا ئیشوكاره‌كان ئاسانتر بكاته‌وه‌ و مامه‌ڵه‌كانیش زوتر رایی بكات.
3. كێشه‌ى نه‌بونى فه‌رمانبه‌رى پێویست له‌ گه‌نجینه‌ى گه‌رمیاندا هه‌یه‌، ئه‌وه‌یشی واده‌كات كێشه‌كه‌ زه‌قتر بێت، زۆریی ئیش و به‌رپرسیارێتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌یه‌. بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌ت ئه‌مه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرێت و له‌پاش دروستكردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى راژه‌شه‌وه‌، گرنگه‌ حكومه‌ت پێداچونه‌وه‌یه‌ك بكات و فه‌رمانگه‌كان به‌پێی گرنگیی و پێویستیی پۆڵێن بكات و فه‌رمانبه‌ران بۆ ئه‌و ده‌زگایانه‌ بگوازێته‌وه‌ كه‌ فشاریان زیاتر له‌سه‌ره‌ و كاره‌كانیان له‌پێشتره‌.
4. به‌گشتى ده‌زگا حكومییه‌كان له‌ مامه‌ڵه‌ى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان رازیی بون، كه‌ ئه‌مه‌ش خاڵێكه‌ ده‌بێت به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ بره‌وى پێبدات و وابكات به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام كێشه‌یان له‌وه‌دا هه‌بو كه‌ زۆربه‌یجار وه‌كو پێویست پاره‌ی پێویست و شایسته‌ى خۆیان پێنادرێت، ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌وه‌ نیه‌ و له‌لای بانكه‌، بانكى گه‌رمیانیش هۆكاره‌كه‌ى بۆ كێشه‌ى كه‌می و نه‌بونى پاره‌ى نه‌ختینه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.
پێویسته‌ حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان ئه‌م بابه‌ته‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرێت و كۆبونه‌وه‌ى پێویست بكات و ئالیه‌تێك بدۆزێته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ره‌چاوى دۆخی هاوڵاتیان و دادپه‌روه‌ریی نێوان ده‌زگاكانیش بكرێت.
5. دۆسیه‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان خراونه‌ته‌ شوێنێكه‌وه‌ كه‌ به‌ كرێ گیراوه‌، به‌ڵام ئه‌م شوێنه‌ وادیاره‌ پارێزراو نییه‌ و به‌وته‌ى به‌رپرسانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ره‌. بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م مه‌ترسییه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و هه‌ر كۆگایه‌ك تایبه‌ت ده‌كرێت به‌ هه‌ڵگرتنى دۆسیه‌كان، بنه‌ماكانى سه‌لامه‌تى و پارێزراویی تیادا جێبه‌جێ بكرێت.
6. ئه‌گه‌رچی به‌هۆی كه‌می ستافه‌وه‌ خولی پێویست بۆ فه‌رمانبه‌ران ناكرێته‌وه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئالیه‌تێك بۆ ئه‌مه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و ئه‌نجامدانى خول بكرێت به‌ كارێكى به‌رده‌وام، چونكه‌ زانراوه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ى خوله‌وه‌ ئاشنا ده‌بن به‌ زۆر میكانیزم و رێگاى ئه‌نجامدانى مامه‌ڵه‌ و ئیشوكاره‌كان به‌شێوه‌یه‌كى باشتر.
7. زۆربه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ بوارى داراییه‌وه‌ و له‌نێویشاندا به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گه‌نجینه‌ى گه‌رمیان، هه‌ستیارن له‌ بابه‌تى راگه‌یاندنى داهات دا، هه‌موشیان هۆكاره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌واندا نیه‌ داهات ئاشكرا بكه‌ن، له‌كاتێكدا ئاشكراكردنى داهات بنه‌مایه‌كى زۆر ساده‌ و سه‌ره‌تایی شه‌فافیه‌ته‌ و ته‌نانه‌ت ده‌بێت رۆژانه‌ش ئاشكرا بكرێن نه‌ك ئه‌وه‌ى بشاردرێنه‌وه‌ و رانه‌گه‌یه‌نرێن.
 
 

 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,352,252     ژمارەی میوان 485