رادیۆى ده‌نگ
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌میانه‌ى راپۆرته مانگانه‌ییه‌كانى دا راپۆرتێكى له‌باره‌ى "گرفتی دەسەڵات لە دامودەزگا حکومییەکانی گەرمیان" بڵاوكرده‌وه.
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە به شێوازى (PDF).
فایلی پیدی ئێف
هه‌مو مانگێك یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تی خۆجێی گه‌رمیانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگ، له چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كى دا به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) راپۆرتێك له‌باره‌ى گرفتتێكى په‌یوه‌ست به حكومه‌ت له سنورى گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه. راپۆرتى ئه‌مجاره تایبه‌ته به تاوتوێكردنى گرفتى ده‌سه‌ڵات.
له راپۆرته‌كه‌دا به وردى راده‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه رون كراوه‌ته‌وه كه ده‌زگا حكومییه‌كان هه‌یانه، هه‌روه‌ك باسیش له لێكه‌وته و كاریگه‌ریی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه له‌سه‌ر شێوازى حوكمڕانى كراوه.
هه‌روه‌ك له كۆتاییشدا ژماره‌یه‌ك خاڵی وه‌كو ده‌ره‌نجام و راسپارده ئاراسته‌ى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كردوه، بۆ ئه‌وه‌ى كارى له‌سه‌ر بكه‌ن.
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه، به ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی.
ده‌قی راپۆرته‌كه به تێكست له خواره‌وه ده‌خوێننه‌وه.
به‌شى یه‌كه‌م: راپۆرت
پێشه‌كى:
بۆ بەرێوەبردنی هەر وڵاتێک، چەند سیستەمێک هەن، لەوانە:
1. سیستەمی مەرکەزی: واتا گەڕاندنەوەی سەرجەم دەسەڵاتەکان بۆ ناوه‌ند (مەرکەز) و تەنها یەک کەس بڕیاری لێدەدات، کەمتر دەسەڵات بە وەزیر و پاشان بەڕێوبەره گشتییه‌كان دەدرێت.
2. سیستەمی لامەرکەزی: بەپێچەوانەوە پێدانی دەسەڵاتی تەواوەتیە به ناوچه‌كان و هیچ دەسەڵاتێکی فیعلی خۆجێی ناگەڕێتەوە بۆ ناوه‌ند، بەڵکو بەپێ جوگرافیایی شوێنەکە دەسەڵات بەیەکەی کارگێری و فه‌رمانگه‌كان ده‌درێت و ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ند له هه‌ندێك بواری گشتى دایه. 3. سیستەمی نیمچە لامەرکەزی: واتە شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەندەوە بەشێوەی جیا جیا، لە سەر ئاستی وەزارەتەکان دەسەڵاتەکان شۆڕکراونەتەوە.
لەم راپۆرتەدا لە بارەی پرسی ناوەندێتی لەدەسەڵات و پێدانی بەیەکە کارگێڕیەکان له سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان لە روی کارگێڕی و یاسایی و دارایی بەدواداچون کراوە، کە تێیدا له‌گه‌ڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی قەزای کەلار و ژماره‌یه‌ك بەرێوبەری گشتی و بەڕێوبەری ناحیە و سەرۆکی شارەوانی و کەسانی شارەزا گفتوگۆ کراوە.
یه‌كه‌م: جۆره‌كانی دەسەڵات له ئیداره‌ى گه‌رمیان
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەڵێت: بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانمان مەرکەزیە و پەیوەندی بە رەزامەندبونی ئێمەوە نیە.
بە پێی یاسای ژمارە ٣ـى ساڵی ٢٠٠٩، ئەرک و دەسەڵاتی یەکە کارگێڕییەکان لەوانەش پارێزگار دیاریکراوە.
جه‌لال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لەبارەی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆوە بۆیان شۆڕکراوەتەوە، دەڵێت: ئەو دەسەڵاتەی هەمانە پەیوەندی بە رازی بون و رازی نەبونی ئێمەوە نیە، ئەوەشی هەیە بەشێکی بەشێوەی لامەرکەزی پێمان دراوە، بەڵام بەشە زۆرەکەی مەرکەزیە.
پۆستەکانی سنوری گەرمیان لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دابەشکراوان و هه‌ندێك لایه‌نى تری وه‌كو: یه‌كگرتوى ئیسلامی و كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی به‌شدارییان پێكراوه.
جەلال شیخ نوری، باسی له‌وه‌كرد: گرفتی ئێمە ئێستا ئەوەیە ئه‌گەر بەرێوبەرێک لاببرێت، دەبێت بەبڕیاری خودی حزبەکەی بێت، ئێمە تەنها دەسەڵاتی پێشنیارکردنمان هەیە، هەندێكجار کێشەی ئەوەمان بۆ دروست دەکات کە لەلایەن حزبەکەی دەبێت دابنرێت و ئه‌وانیش درەنگ ئەو کارە دەکەن.
دەشڵێت: ئەگەر ئه‌دائی بەرێوبەرەکە باش نەبێت، ئێمه ته‌نها پێشنیارمان لایە بۆ گۆڕینی.
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانیش باس له‌وه‌ده‌كات ده‌سه‌ڵاتى ده‌زگا حكومییه خۆجێییه‌كان سنوردارن و سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردن به ته‌واوى مه‌ركه‌زییه.
بەرزان شێخ محەمەد، كه هاوكات سه‌رۆكى لیژنەی لامەرکەزییه له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، ده‌ڵێت: ئەوەی ئێستا لە هەرێم هەیە نیمچە لامەرکەزی نیە، بەڵکو مەرکەزیه‌تی تەواوە، تەنها بەشێک لە دەسەڵاتەکان شۆڕکراونەتەوە و جیاوازییش کراوە لەبودجەکانیان.
پێیشوایه لایه‌نه سیاسیه‌كان رێگرن له پیاده‌كردنى سیسته‌مى لامه‌ركه‌زی "لایەنەکان رێگرن لە به‌رقه‌راربونى سیستەمی نامەرکەزی، چونکە دەتوانرێت بەسانایی ئەنجامبدرێت".
دوه‌م: جۆره‌كانی دەسەڵات له بەڕێوبەرایه‌تی و بەڕێوبەرایه‌تییە گشتیەکان
جۆری دەسەڵاتەکان بەپێی هەر وەزارەتێک گۆڕانکاری بەسەردا دێت. پەروەردەی گەرمیان دەسەڵاتەکانی دابەش دەبێت بەسەر (کارگێڕی، دارایی، هونەری و یاسایی).
ئەم دەسەڵاتە بۆ بەڕێوبەری گشتی تەبدروستی گەرمیان بەمجۆرەیە: (کارگێڕی و دارایی).
بەڕێوبەری گشتی کشتوكاڵی گەرمیان دەسەڵاتەکانی بەمجۆرەیە: (کارگێڕی، دارایی ، یاسایی و هونەری).
بەوتەی بەرێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیانیش، تەنها دو جۆر دەسەڵاتیان هەیە (کارگێڕی و دارایی).
وەبەرهێنانی گەرمیانیش جۆری دەسەڵاتەکانی هەر سێ جۆری (کارگێڕی، داریی و یاسایی)ـە.
بەنمونە جۆرەکانی دەسەڵات لە ئاستی بەرێوبەرایەتیەک، لەوانە بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی قەزای کەلار (کارگێری، تەکنیکی و دارایی)ـه.
جۆری دەسەڵاتەکان ئه‌گەرچی بەتێكڕا هاوشێوەن، بەڵام لە چەندێتی دەسەڵاتپێدان دا جیاوازن.
1. دەسەڵاتی کارگێڕی
پێدانی دەسەڵاتی کارگێری لە بەڕێوبەرایەتیەک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە، بەڕێوبەری گشتى تەندروستی گەرمیان دەڵێت: بەهۆی بابەته سیاسی و ئابوریەکانەوە دەسەڵاتی پێویستی کارگێڕیان نیە، بەڕێوبەری گشتى شارەوانیەکانی گەرمیانیش دەسەڵاتەکانیان بە هی "سەر پەڕە" دەزانێت.
(پێدانی مۆڵەتی ئاسایی، مۆڵەتی بێ موچە، بە دواداچون بۆ دەوامی فەرمانبەران، گواستنەوەی فەرمانبەر لە بەڕێوبەرایەتیەک بۆ یەکێکی دیکە ، لێپێچینەوە لە گەڵ فەرمانبەر)، دیارترین دەسەڵاتە کارگێڕیەکانی بەڕێوبەرە گشتیەکانن.
چەندێتی پێدانی ئەم دەسەڵاتانە وه‌ك بەرێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، د. سیروان محەمەد باسی لێدەکات، سەرباری ئەوەی بەپێی پێویست نیە، سیستەمی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی کاریگەری زۆری لەسەر هەبوە و نەتوانراوە فەراهەم بکرێت. دەشڵێت: بۆ کردنەوەی مەڵبەندێکی تەندروستی، دەبێت وەزارەت بڕیار بدات کە جاری واهه‌یە ٦ مانگ دەخایەنێت، كه ئەمەش رۆتیناتە.
ئەم گرفتانە بۆ بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گه‌رمیان، زیاتر جێی رەخنە کردنە.
بەرزان کەریم، دەڵێت: بەیاسا دەسەڵاتمان پێدەدەرێت، کەچی وەزیر بە رێنماییەک لێمان وەردەگرێتەوە، بۆیە دەسەڵاتەکان لە سەر پەڕە زۆرن، بەڵام بۆ جێبەجێکردن لێمان وەرگیراوەتەوە.
وتیشی: بۆ دانان و لادانی گرێبەستێک دەبێت نوسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی بکەین، ئەوانیش بۆ وەزارەتی دارایی و دارایی‌ش بە ٨ مانگ وەڵام دەداتەوە، كه‌چى لە رێنماییەکانیش دا ٦ مانگ دیاریکراوە، بەمەش زۆرترین میلاکمان لە شارەوانیەکانی قەزای کەلار، خانەقین، کفری و ناحیەی رزگاری فەوتاوە.
دارا ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، ئه‌گەرچی دەسەڵاتە کارگێڕیەکانیان بە گونجاو دەزانێت، بەڵام به پێویستى ده‌زانێت دەسەڵاتی زیاتریان پێبدرێت، ئه‌مه‌ش بۆچونى بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیانیشە.
هاوکات جێی رەخنەیە بۆ جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، کە بەڕێوبەرایه‌تیەکی گشتى بەنمونە وەک کارەبا، کاری تەندەرینکردنی دەگەڕێتەوە بۆلای ئیدارەی گەرمیان.
رامیار عه‌بدولڕه‌حمان، دەڵێت: خۆیان سەرجەم کارەکانیان ئەنجامدەدەن، پێویستە ئەو دەسەڵاتە لای خۆیان بێت.
2. دەسەڵاتی دارایی
"هیچ دەسەڵاتێکی داراییمان نیە"، ئەمە وتەی بەڕێو بەری گشتی تەندروستی گەرمیانە. هاوکات بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان دەڵێت: بودجە نەبێت واتا هیچ دەسەڵاتێکمان بایەخی نیە، شارەوانی گەرمیانیش باس لەوەدەکات دەسەڵاتی کڕینی دو تایەی شۆفڵێکیان نیە.
تەندروستی گەرمیان لەگەڵ گرفتە کارگێڕیەکانی دا بەخراپتر باس لە دەسەڵاتی داراییان دەکات و دەڵێت: هیچ دەسەڵاتێکی داراییان نیە.
د. سیروان محەمەد، وتیشی: ئەمە دەسەڵات نیە کە پێماندراوە، چەندین گرفتی بۆ دروستکردوین، کۆمپانیاکان مانیان گرتوە لە کارکردن.
دەشڵێت: دەبێت لەو ١٠٠ ملیۆن دینارەی بۆمان دابین کراوە تەنها فریای پارە تەحویلکردن بکەوین لە بەنزینەوە بۆ نۆژەنکردنەوە و ئیفاد.
وتیشی: ئێستا لە کاتێکدا نەخۆشخانەی شه‌هید شیره‌ی نەقیب نۆژەن دەکرێتەوە، هیچی لای من نیە و رێكخراوێک ئەنجامی دەدات.
عه‌دنان خه‌لیل، به‌ڕێوبه‌رى رێگاوبانی گەرمیان، وەک ئەوەی پێدانی هیچ دەسەڵاتێک نەتوانرێت پیادە بکرێت، دەڵێت: بودجە نەبێت هیچمان نیە، ئه‌مه‌ش لەکاتێکدایە کە ئێمە لایەنێكی خزمەتگوزارین و ده‌بێت پارەمان بۆ سەرف بکرێت.
گرفته‌كه له‌لای به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى شارەوانیەکانی گەرمیان زەقترە، لەکاتێکدا بۆیان هەیە داهاتی ٪١٥ـى شارەوانی بەکار بهێننەوە، بەڵام دەبێت هێشتا بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی دارایی.
به‌رزان كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان وتى: بۆئەم رێکارە داوامانکردوە لە رێگەی لیژنەیەکەوە چاودێری بکرێت و دەسەڵات بدرێتە بەڕێوبەرە گشتییەکان، بەڵام نەکراوە.
به‌وته‌ى خۆیان ده‌سه‌ڵاتى داراییان هێندە بەرتەسکە، وه‌ك ئاماژه‌ى پێدا "ئه‌گەر بمانەوێت دار بکڕین بۆ مەبەستی سەوز کردن، یاخود بۆ کڕینی دو تایەی شۆفڵێک، ده‌بێت نوسراو بکەین بۆ وەزارەتی شارەوانی و پاشان ره‌زامه‌ندى لەسەر بکرێت، لە کاتێکدا دەتوانرا لای خۆمان بێت و پاشان وێنەیەکی بگەڕێنینەوە بۆ وەزارەت".
به‌ڕێوبه‌رى گشتى کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت: ئەو داهاتەی هەیە بەشێوەیەکی مەرکەزی کۆدەکرێتەوە، بەڵام بەهیج جۆرێک مافی تەسەروفکردنمان پێوه‌ی نیە.
شادیە حسێن، دەشڵێت: ساڵانی پێش‌و لە دەروازەی پەروێزخان داهاتی پشكنینمان هەبو، بەڵام ئێستا گواستراوەتەوە وەزارەتی دارایی و ئەوەشمان نه‌ما.
کشتوکاڵی گەرمیان کە کێشەی وشکەساڵی ٢ ساڵە بەرۆکی جوتیارەکانی سنورەکەی گرتوه، کەچی هیچ بڕە بودجەیەکی نیە کە پاڵپشتی جوتیارەکانی پێ‌بکات، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى کە ساڵانی پێشوتر بۆیان خەرج کراوە.
ره‌وشه‌كه ته‌نها بۆ ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه نیه كه داهاتیان نیه یان كه‌مه، به‌ڵكو له شوێنێكى وه‌كو ده‌روازه‌ى په‌روێزخانیش به‌هه‌مانشێوه‌یه.
گەرچی دەروازەكه سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی ناوخۆیە لە هەرێم، بەڵام نه‌توانراوە پارە بۆ خودی مەرزەکەش دابنرێت کە خاڵیە لە خزمەتگوزاری.
عه‌باس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەکە، دەڵێت: ئەوەی لە بەردەستماندایە تەنها نەسریەیەکە و هیچ بڕە پارەیەکى تر خەرجنەکراوە بۆم.
پەروه‌ردەی گەرمیان به‌پێویستى ده‌زانێت بودجەی تایبەت بۆ قوتابخانەکان دابندرێت کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ نۆژەنکردنەوەیان، بەو پێیەی ٧٠ قوتابخانەی سنورەکە نۆژەنکردنەوەیان گه‌ره‌كه.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، جەلال شێخ نوری، وەکخۆی وتی: هاوڕایە کە دەسەڵاتی بەڕێوبەرایه‌تیەکانی: کارەبا، شارەوانی و تەندروستی زیاتر بکرێت.
دەشڵێت: ئەوەمان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران خستوه‌تەڕو.
3. دەسەڵاتی یاسایی
بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت: بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکەمان پێدراوە، تەندروستی گەرمیانیش دەڵێت: دادگاکان کێشەکانمان بە رێگایەکی دیکەدا دەبەن.
"هەمو دەسەڵاتەکانمان پێدراوە، بەڵام بەشێوەیەکی سنوردار، دەستەی وەبەرهێنان دەسەڵاتی بەشێوەیەکی گشتی بۆ پڕۆژەکان پێدراوە هەمو رێکارەکان تەواو دەکەین، رەزامەندیشی لەسەر دەدەین، تەنها وەک وردبینیکردنێک دەیگەڕێنینەوە بۆ وەزارەت و پاشان خۆمان فەرمانی لەسەر دەردەکەین". هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان وای وت.
هاوکات به‌ڕێوبه‌رى کشتوکاڵی گەرمیانیش دەڵێت: چەند دەسەڵاتێکمان لە ماوەی پێشوتردا بۆ گەڕاوەتەوە، لەوانە: تواناى تەرخانکردنی روبه‌رى ١٠ دۆنم زەوی بۆ پڕۆژەی کشتوکاڵی و ئاژه‌ڵداریی کە پێشوتر لای وەزارەت بوە.
گرفتی دەسەڵاتی یاسایی بە وتەی بەڕێوبەری گشتى تەندروستی گەرمیان، كێشه‌ى له‌گه‌ڵ دادگاش دا بۆ دروست كردون.
د. سیروان محه‌مه‌د، وتى: "کێشەمان لەگەڵ دادگاکان هەیە، بابه‌تەکانمان بە رێگەیەکی دیکەدا دەبرێت، هه‌روه‌ك تەداخولاتی زۆری دامودەزگاکانی دیکە وایکردوە نەتوانین تەندروستی بە باشی بەڕێوە ببەین".
باسی له‌وه‌شكرد: "لە کاتێکدا چەندین سەنتەری لێزەر و شوێنی نایاسایی هەن دەمانەوێت دابخرێن، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار نایەتە پێشەوە بۆداخستنیان، چونکە ئێمەش دەسەڵاتی تەواوه‌تیمان پێ نەدراوە".
سێیه‌م: جۆره‌كانی دەسەڵات له یەکە کارگێڕییەکان
1. دەسەڵاتی کارگێڕی
بەوتەی بەڕێوبەری ناحیەی سەرقەڵا، دەسەڵاتەکانیان بەرەو نەمان دەڕوات. سەرۆکی شارەوانی رزگاریش دەڵێت: سەرەتا دەست برا بۆ دەسەڵاتی دارایی پاشانیش دەسەڵاتی کارگێڕی.
یاسای ژمارە ٣ـى ساڵی ٢٠٠٩ـى پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەرک و دەسەڵاتی یەکە کارگێڕیەکانی تێدا دیاریکراوە.
بەگشتی دەسەڵاتە کارگێڕیەکان زیاتر بەسەر فەرمانبەراندا جێبەجێ دەبێت، لەوانە: مۆڵەتپێدان، نه‌هاتن "غیابات"، پاداشت کردن و لێپێچێنەوە.
ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاری له كه‌لار، دەڵێت: ئه‌گەرچی سەرۆکایەتی دەبێت دەسەڵاتی زیاتر بێت، بەڵام پێمان نەدراوە.
وەکخۆیشی جەختی لێدەکاتەوە، لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـه‌وه دەسەڵاتی داراییان کەمکرایەوە، ئێستا دەست براوە بۆ دەسەڵاتی کارگێڕیشیان.
ئەو سەرۆکی شارەوانیە دەشڵێت: پێشوتر دەسەڵاتی لە جیاتی دانانمان هەبو ئه‌گه‌ر کەسێک وازی لەکارەکەی بهێنایه كه‌سێكى ترمان بە گرێبەست دەخستە شوێنی لە هەمان رۆژدا، بەڵام ئێستا ئەو دەسەڵاتەمان لێ وەرگیراوه‌ته‌وە و دراوەتە بەڕێوبەری گشتی و پاشانیش وەزارەتی شارەوانی و دواتر وه‌زاره‌تى دارایی .
بەوتەی خودى به‌رپرسان، حکومەت نەک گرفتی بۆ چارەسەر نه‌کردون، بەڵكو کێشەکانیانی گەورەتر کردوە، بەوپێیەی ئەو مامەڵەیەی كه دەبێت لە ٦ مانگ بکرێت، وەزارەت بە ٨ مانگ دەیکات، بەمەش زۆرجار میلاکیان ده‌فەوتێت.
تەها ئیبراهیم، بەرێوبەری ناحیەی سەرقەڵا له كفری، دەڵێت: بەپێی یاسا دەسەڵاتیان پێدراوە، بەڵام پەرشوبڵاوی هەیە، بە جۆرێک یاساکە هی سەردەمی بەعسە و کاری پێدەکرێت و گۆڕانکاری تێدانەکراوە، وه‌ک بەڕێوبەری ناحیەیش دەسه‌ڵاتمان بەرەوە نەمان دەڕوات.
"خودی دەسەڵاتی کارگێریمان بەجۆرێک کەمکراوەتەوە، كه پێشوتر ١٥ رۆژ مۆڵەتمان بە فەرمانبەر دەدا، ئێستا کراوەتەوە ١٠ رۆژ، ئە مە جگە لە نەمانی ده‌سه‌ڵاته‌كانى: ئیفاد، پاداشت کردن، سوپاس و پێ‌زانین". واحید یوسف، سەرۆکی شاروانی ناحیەی باوەنورى سه‌ر به كه‌لار وای وت.
2. دەسەڵاتی دارایی
سەرۆکی شارەوانی ناحیەی باوەنور دەڵێت داهاتی خۆمان بەشی پێویستمان پێ‌نادرێت، شارەوانی رزگاریش دەڵێت: دەسەڵاتی دارایم سفرە.
ئەرسەلان ئەحمەد، لەبارەی دەسەڵاتە داراییەکانیانەوە وەک سەرۆکی شارەوانی رزگارى، ده‌ڵێت: "ئه‌گەرچی 15%ـى داهاتمان لەبەردەستە، بەڵام دەسەڵاتی دارایم له ئاستى دا سفرە".
زیاتری لەوبارەیەوە خستەڕو "پێشوتر دەمانتوانی ئیفاد بکەین، بەڵام ئێستا ناتوانین، نەسریەی بەردەستیشمان لە ٥ ملیۆنەوە کەمکراوەتەوە بۆ ١ ملیۆن، ئەوەش بەتەنها بەشی گاز دەکات".
دەشڵێت: کاتێک ماتۆڕێكى بیر "غطاس" دەسوتێت، پارەمان لەبەردەست نیە بیکڕین و نوسراو بۆ وەزارەت دەکەین كه ٪ ٩٠ وەزارەت رەزامەندی نادات.
"ناکرێت سەرۆکی شارەوانیەک بیت و توانای کڕینی ئامێرێکت نەبێت، چۆن دەکرێت بە خەرجکردنی ١٠٠ هەزار دینار رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەت و وەزیری دارایی‌ش وەرگرم؟". واحید یوسف، سەرۆکی شارەوانی باوەنور وای وت.
ئه‌م دۆخه به نیسبه‌ت قه‌زاكانیشه‌وه راسته.
شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامی قەزای کەلار، دەڵێت: دەسەڵاتەکانی ئێمەش کەمکراوەتەوە.
3. دەسەڵاتی یاسایی
بەرێوبەری ناحیەکان بەدەر لە گازندەکردن لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی یاساییان، جەخت لە زیادبونی زیادەڕەوی دەکەنەوە، بەڕێوبەرى ناحیه‌یه‌كیش دەڵێت: دەسەڵات دراوەتە داگاکان و دەرەنجامی هیچ کارێکمان نەبینی.
بەشێکی زۆری بەڕێوبەری ناحیەکان دەڵێن: دەسەڵاتی یاسایی گرفتی زۆری دروستکردوە، لەوانە: کۆکن لە سەر زیادبونی زیادەڕەوی، دەستبەسەرا گرتنی موڵکی گشتی و دیاردەی راوکردن.
جەمال ساڵح، بەڕێوبەری ناحیەی رزگاری، دەڵێت: ئەو دەسەڵاتەمان لێوەرگیراوەتەوە و ناتوانین کەسێک بۆ ماوەی تەنها ١٠ خولەکیش رابگرین، لە کاتێکدا لە پێش چاومان دا زیادەڕەوی دەکرێت.
دەشڵێت: بۆ بابەتی لەو شێوەیه دادگا ئاگادار دەکەینەوە، بەڵام بەڕاستی ئەوە کاتێکی زۆر دەخایەنێت، تاوەکو ئێستاش نه‌مانبینی کە دادگا بینایەکی زیادەڕەوی بڕوخێنی یان سیاجێک لابدات.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیش جەخت لەودەکاتەوە كه ئەوه دەسەڵاتی دادوەرە و بەپێی دەستور تەنها ئەو بۆی هەیە هاوڵاتی رابگرێت.
ژیلوان عادل، بەڕێوبەری ناحیەی شێخ تەویل له كه‌لار، عه‌زیز محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى ئاوه‌سپی له كفری، هەمان بابەت بە هۆکار دەزانن بۆ زیادبونی زیادەڕەوی.
هاوكات شەهاب ئەحمەد، قایمقامی قه‌زاى كه‌لار دەڵێت: رۆتین دروست بوە، بەڵام ئاگاداری ئەوە نین زیادەڕەوی زیادی کردبێت.
هه‌ندێك له ده‌سه‌ڵاته یاساییه‌كان كه پێشتر هه‌بون، ئێستا كه‌م كراونه‌ته‌وه.
شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامی قەزای کەلار، وتى: دەسەڵاتی ئێمەش پێشوتر زیاتر بو کە دەسەڵاتی قازی بو کە ده‌مانتوانى له‌به‌ر سه‌رپێچی خەڵک تەوقیف بکه‌ین، بەڵام ئێستا راگیراوە و دەبێت ئەو بڕیارە دادوه‌ر بیدات.
4. تێبینی به‌ڕێوبه‌رانى حكومى لە بارەی دەسەڵاتەکانیانە
بەشێکی بەڕێوبەرە گشتیەکان رازی نین لەو دەسەڵاتانەی پێیاندراوە، بەتایبەت بەڕێوبەری ناحیەکان، بەڵام بەشێکی دیکە داوای فراوانتربونی دەسەڵاتەکانیان دەکەن.
بەڕێوبەرانی تەندروستی و شاره‌وانى گەرمیان، بەهیچ جۆرێک بە دەسەڵاتەکانیان رازی نین کە پێیان دراوە، هاوکات بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان و پەروەردە و وەبەرهێنان، خوازیارن دەسەڵاتی زیاتریان بۆ شۆڕ بکرێتەوە.
بەڕێوبەری ناحیەی رزگاری و سەرۆکی شارەوانیەکەی، سەرۆکی شارەوانی باوەنور، بەرێوبەری ناحیەی شێخ تەویل، رازی نین بەتێكرای ئەو دەسەڵاتانەی پێیان دراوە.
لەگەڵ ئەمەشدا هەریەکە له سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی قەزای کەلار، زیاتربونی دەسەڵاتەکان و لامەرکەزی زیاتر، پەسەند دەکەن.
چواره‌م: لێكه‌وته‌كانى نه‌بونى ده‌سه‌ڵات له ده‌زگا خۆجێییه‌كان
1. تێکەڵبونی کاروباری بەڕێوبەرایەتیەکان
کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت رێکنەخستنەوەی بەڕێوبەرایەتیمان لەگەڵ ئەو دامودەزگایانەی هەن، گرفتی بۆ دروستکردوین، تەندروستی گەرمیانیش دەڵێت: هێشتا حکومەت نەیتوانیەوە هەیکەلیەت رێکبخاتەوە.
شادیە حسێن، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، وتى: بەڕێوبەرایەتیەکانی: ڤێتەرنەری، ئاوی ژێرزەوی، ئاودێری، دارستان و پاوان و گرفتی بەنداوەکان، لە بەرێوبەرایەتی ئێمە نین، به‌ڵام هەمو رێکارێکیان دێتەوە لای ئێمە، بەنمونە کێشەی زەوی پاوان (مەرعا) بۆ دارستان و پاوانی گەرمیان گرفتێكی سەرەکیە، له‌کاتێكدا سەرجەم نوسراوەکان لە رێگەی بەڕێوبەرایه‌تی کشتوکاڵی گەرمیان دەکرێت، بەڵام دەبێت ئەو بەڕێوبەرایەتیە نوسراوەکەی بنێردرێتە وەزارەت کە ئەمە دەکرێت خۆمان ئەوە بکەین.
دەشڵێت: ئەمە تێکەڵاویی و ناڕێکی دروستکردوە، پێویستی بە رێکخستنەوەی زیاترە.
هاوكات بەرێوبەری گشتى تەندروستی گەرمیان دەڵێت: یەکێک لە گرفتەکان دیاریی نەکردن و رێکخستەوەی هەیکەلیەتە کە تێکەڵاوبونی دەسەڵاتەکانی لێکەوتوه‌تەوە.
د. سیروان محه‌مه‌د، وتی: مامەڵەی سەنتەرە تایبه‌تەکان و نەخۆشخانەکان کە پێویستە دەسەڵاتیان لەلای ئێمە بێت، بەڵام مۆڵەتیان لای ئێمە نیە، دەبێت لە وەزارەتی تایبەتمەندەوە بڕیاریان لەسەر بدرێت.
2. زۆربونی رۆتین
هاوڵاتیەک دەڵێت بۆ راییکردنی مامەڵەکانم ناچار چەند جارێک نوسراوم بۆ خودی ئەنجومەنی وەزیران بردوە، بەڕێوبەرە گشتیەکانیش جەخت لەسەر زیادبونی رۆتیانات دەکەنەوە.
به‌ڕێوبه‌رى گشتى تەندروستی گەرمیان باس لەوەدەکات بەتەنها مامه‌ڵه‌ى کڕینی ئامێرێکی سیتی سکان، ماوەی ٣ ساڵی خایاندوە.
جەختی لەوەشکردەوە کە ماوەی ٧ مانگە نوسراو کراوە بۆ وەزارەت به‌مه‌به‌ستى خەرجکردنی پارەی کرێکارانی پاکكەرەوە، بەڵام هێشتا وەڵامی نەهاتوه‌تەوە.
وەکخۆیشی دەڵێت: بەگشتی رۆتینات زۆرتر بوه، به‌تایبه‌ت لە بوارى دارایی.
هاوڵاتیه‌ك باس له‌وه‌ده‌كات زۆرجار له داموده‌زگاكانى سنوره‌كه‌وه ده‌نێردرێنه هه‌ولێر بۆ جێبه‌جێكردنى مامه‌ڵه‌كانیان، ئه‌مه‌ش به‌و هۆیه‌ى داموده‌زگاكانى ئێره ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتیان نیه بڕیار له‌و بابه‌تانه بده‌ن.
دلێرهیدایەت، کاسبكار لە قەزای کەلار و دانیشتوی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یه كه به "لیوا رەشەکه" ناسراوه، باسی له‌وه‌كرد بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یان ناردویانن بۆ وه‌زاره‌ت له هه‌ولێر و له‌وێشه‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، له‌كاتێكدا به‌وته‌ى خۆی، بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان پێی وتون خۆیان دەیانتوانی كێشەکە چارەسەر بكه‌ن.
هاوڵاتیه‌كى دیكه به‌ناوى حسێن ساڵح، له گوندی سه‌یده‌ى سه‌ر به ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا كه پێشەی ئاژەڵدارییە، بەهۆی وشکەساڵیەوە پێویستی بەلێدانی بیر هەبوە، كه‌چى به‌هۆی نه‌بونى ده‌سه‌ڵاتى بڕیاردان، ره‌زامه‌ندی پێنه‌دراوه و ئه‌ویش ناچار ئاژه‌ڵه‌كانى بردوه بۆ گوندی دیكه.
به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان، له‌باره‌ى ئه‌م حاڵه‌ته‌وه وتى: هەمو کارەکان بۆ لێدانی بیر لە کەشفکردن و رێکاری دیكه‌وه دەبێت خۆمان ئەنجامی بدەین، کەچی دواتر دەبێت لە رێگای ئێمەوە نەبێت و ئاوی ژێرزەوی گەرمیان مامەڵەکە بگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی.
وەبەرهێنانی گەرمیان گەرچی بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانیان لای خۆیانە، بەڵام دەڵێت رۆتینات و دەسەڵاتی دیاریکراوی دەزگاکانی دیکە، کاریگەری لەسەر کاری ئێمە هەبوە و بوە بە هۆکاریش بۆ دواکەوتنی.
هاوکات جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، رامیار عه‌بدولڕەحمان، دەڵێت: رۆتینات زیادی کردوە، هەندێک نوسراو هەن هیچ پەیوەندیه‌کیان بە وەزارەتی ناوخۆوە نیە، کەچی دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوان و پاشان بۆ وەزارەتەکانى تر.
ئەکرەم ساڵح، ئه‌گەرچی بەپێی ئەوەی شارەوانی کەلار پلە نایەبە، بەڵام پێیوایه هێشتا ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوه‌تیان نییه.
وتى: ئه‌گەردەسەڵاتی پێویستمان هەبوایە، خۆمان دەمانتوانی زوتر کارەکانمان رایی بکەین، بەنمونە بۆ دروستکردنی شەقامێک ئێستا دەبێت بگەڕێینەوە قایمقامیه‌ت، لەکاتێکدا لای خۆمان دەتوانین رێکاری پێویستی بۆ بگرینەبەر، ئەمەش تەنها زیادکردنی رۆتینە.
"بۆ نۆژەنکردنەوەی خانویەک، تەنها لە نێو دامەزراوەکانی سنورەکە سێ جار کەشف ئەنجامبدرێت، ئەم مامەڵەیە خۆی ٢ رۆژی پێویستە، بەڵام بە ٣ مانگ تەواو دەکرێت". سەرۆکی شارەوانی باوەنور وای وت.
به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى شێخ ته‌ویل، باس له‌وه‌ده‌كات ئه‌م نه‌بونى ده‌سه‌ڵاته به پله‌ى یه‌كه‌م هاوڵاتى ماندو و بێزار ده‌كات، ده‌ڵێت: "ئه‌گەر کەسێک مۆڵەتی پرۆژەیەکی کشتوکاڵی بوێت، ده‌بێت بچێتە وەزارەت و چەندین مانگی پێدەچێت".
3. دروستبونى بێمتمانه‌یی
به وته‌ى به‌ڕێوبه‌رێكى گشتى، نه‌بون یان سنورداریی ده‌سه‌ڵاته‌كان، وایكردوه گومان و قه‌له‌قی دروست ببێت.
به‌رزان كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان، بەرتەسکردنەوەی دەسەڵاتی ده‌زگا خۆجێییه‌كان لەوانەش دەسەڵاتی دارایی، بۆ بێ متمانەیی حکومەت دەگەڕێنێتەوە.
وتى: ئه‌مه وایکردوە حکومەت گومان لە سەرۆکی شارەوانیەک بکات کە چی و چۆن پارەی خەرجکردوە.
4. خراپبونى خزمه‌تگوزارییه‌كان
به‌ڕێوبه‌رانى ده‌زگا حكومیه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن سنورداریی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كوالێتى خزمه‌تگوزارییه‌كانیان بوه و خراپی كردوه.
عەزیز محەمەد، بەڕێوبەری ناحیەی ئاوەسپی له كفری، دەڵێت: لەهەردولای کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانمان کاریگەری خراپی لەسەر دامەزراوە وخەڵکیش هەیە، بەنمونە ناتوانین نە فەرمانبەرو نەپێداویستیش دابین بکەین، بۆ هاوڵاتیانیش چەندین پڕۆژە راگیراون.
سەرۆکی شارەوانی باوه‌نور، هاوڕای ئەو بەڕێوبەرەی ناحیه‌یە.
واحید یوسف، دەڵێت: ئێمە چیتر ناتوانین هیج خزمەتگوزاریەک ئەنجامبدەین، تەنها کرێکارەکانمان بەدەستەوە ماوە، بەهۆی درەنگ خەرجکردنی موچەکانیان ئەوانیش هەڕەشەی دەست لەکار هەڵگرتن دەکەن.
ئه‌م مه‌ركه‌زیه‌ته له ده‌سه‌ڵات، زانكۆ و كۆلێژه‌كانیشی گرتوه‌ته‌وه.
راگری کۆلێژی تەکنیکی کەلار، دەڵێت: ئه‌گەرچی خۆمان داهات کۆدەکەینەوە، بەڵام ناتوانین بێ رەزامەندی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانى هیچ بڕە پارەیەک خەرج بکەین، ته‌نانه‌ت ئەگەر لەبەردەستیشمان هەبێت، ئەوەش لەکاتێکدایە سەرەتای ئەمساڵ بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیانه‌وه، مامۆستایانی خوێندنى ئێواران لە کۆلێژەکە دەوامیان راگرت و رێگری لەخودی مامۆستایانی ده‌وامى بەیانیانیش کرا بڕۆنەوە نێو کۆلێژ.
5. زیادبونى گه‌نده‌ڵی
پسپۆڕێكى زانسته سیاسیه‌كان ئاماژه به‌وه‌ده‌كات مه‌ركه‌زیه‌ت واده‌كات گه‌نده‌ڵی زیاتر بێت.
ئاریان رەئوف، پسپۆڕی زانستە سیاسیەکان و مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، ده‌ڵێت: "دامەزراوەکانی سەرەوە متمانەیان بە ئیدارە خۆجێیەکان نیە، پێیانوایە ئه‌گەردەسەڵاتیان پێبدرێت پەرشوبڵاویی دروست دەبێ، ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەیە، چونكه گەندەڵی بە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ ناوه‌ند زیاتر دەبێت".
ئەوپسپۆڕەی بوارەی زانستە سیاسیەکان ئاماژه به‌وه‌ده‌كات بونى مه‌ركه‌زیه‌ت واده‌كات له پاڵ گه‌نده‌ڵی دا، نادادپه‌روه‌رییش دروست ببێت، له‌وباره‌شه‌وه نمونه‌ى ئه‌وه دێنێته‌وه "جێبەجێکردنی دەسەڵاتە پێدراوەکان بۆ هەولێر و دهۆک زیاتر فەراهەم کراوە و دەستکراوە ترن لە روی خزمەتگوزاریشەوە، بەڵام بۆ ئێرە (زۆنى سه‌وز) گروپی جیاوازی خاوەن بەرژەوەندی هەن گرفت بون لەپێش ئەو بابەتەدا".
پێیشیوایه پاشه‌كشه‌یه‌كى به‌رچاو له مه‌سه‌له‌ى شۆڕكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان دا به‌دیی هاتوه "رۆژ بە رۆژ دۆخه‌كه خراپتر دەبێت، پێشوتر تاوه‌کو ساڵانی پێش 2014 ئەنجومەنی پارێزگاكان هه‌بون كه بەهێز بون لەهەبونی دەسەڵاتەکانیان بەشێوەیەکی لامەرکەزی، ئێستا بەتەواوی پەکی کەوتوە."
دەشڵێت: ئێستا رێنماییەکان بۆ له‌چوارچێوەدان وسنوردارکردنی دەسەڵاتی بەڕێوبەرەکانە.
6. زیانمه‌ندبونى هاوڵاتیان
پسپۆڕێکی بواری کارگێڕیی پێوایە دەکرا لەبری گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکان، حکومەت دەسەڵاتی زیاتری شۆڕبکردایەتەوە و چاودێری بکردایە، چونکە ئه‌وه‌ى ئێستا به زیانى هاوڵاتیانه.
د.چیا حه‌سه‌ن، پسپۆڕی بواری کارگێڕی، دەڵێت: مه‌ركه‌زیه‌ت چەندین گرفتی هەیە بۆ هاوڵاتی بەتایبەت، چونكه هاوڵاتی بە زۆری روبەڕوی رۆتین دەبێتەوە و بۆ هه‌مو كارێك دەبێت بگەڕێتەوە بۆهەولێر کە رەنگە بۆ شتێکی زۆر ئاساییش بێت.
ده‌شڵێت: ئەم سیستەمەی لە پارێزگایەکی وەک هەولێر پیادە دەکرێت نابێت وەک گەرمیان بێت و دەبێت ئەم سنورە زیاتر بەرەو لامەرکەزیەت بڕوات.
ئه‌وه‌ش رونده‌كاته‌وه: "دەکرا لەبری گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکان حکومەت، پێدانى ده‌سه‌ڵاتى زیاتر بكردایه له‌گه‌ڵ چاودێریی کردنی".
پێشنیازیش ده‌كات چاكسازی له‌م بواره‌دا بكرێت و له قۆناغی یه‌كه‌میدا ده‌توانرێت هاوسه‌نگى له‌نێوان هه‌ردو سیسته‌مه‌كه بهێنرێته كایه‌وه "دەکرێت هەردو سیستەمەکە (لامەرکەزی و مەرکەزی) پێکەوە بە شێوەیەکی رێژەیی دیاری بکرێن".
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. به روكار و رێكاره‌كاندا دیاره كه ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمى كوردستاندا ئه‌گه‌ر مه‌ركه‌زیی نه‌بێت، ئه‌وا له باشترین حاڵه‌تدا نیمچه مه‌ركه‌زییه، ئه‌مه‌ش له روى بونیادی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌وه دژه به‌و پێناسه‌یه‌ى كه دراوه به رژێمى فه‌رمانڕه‌وایی هه‌رێمى كوردستان به‌وه‌ى گوایا دیموكراسی فیدراڵیه، چونكه هه‌مو سیسته‌مێكى دیموكراسی فیدراڵی پێویسته له‌هه‌ناویشیدا هه‌ڵگرى لامه‌ركه‌زیه‌ت و دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵات بێت به‌سه‌ر ناوچه و یه‌كه كارگێڕییه‌كان دا.
2. ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوبه‌رانى حكومی له گه‌رمیان، له ئاسته جۆراوجۆره‌كانى: (كارگێڕی، یاسایی، دارایی و هونه‌ریی)دایه، به‌ڵام هه‌ر بواره جیاوازى هه‌یه له‌وانى تر، هه‌روه‌ك بڕ و راده‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ش له ده‌زگایه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكى تر جیاوازه.
3. به‌ڕێوبه‌رانى حكومى له سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیان له به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ خوارترینیان، كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتیان سنورداره.
4. به‌ڕێوبه‌رانى حكومى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانیان پله به پله كه‌مكراوه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا سه‌ره‌تا زۆرتر له بوارى دارایی دا ده‌سه‌ڵاتیان لێوه‌رگیراوه‌ته‌وه، ئێستا سه‌ریكێشاوه بۆ بواره‌كانى تر، له نمونه‌ى ده‌سه‌ڵاتى كارگێڕیی.
5. به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رانى حكومى، ئه‌م سنوردارییه له ده‌سه‌ڵات، لێكه‌وته و كێشه‌ى زۆری هه‌بوه، بوه‌ته هۆی زیادكردنى رۆتینات و خاوه‌خاویی له جێبه‌جێكردنى ئه‌رك و كار و خراپبونى خزمه‌تگوزارییه‌كان و نه‌مانى متمانه له‌نێوان سێكته‌ره حكومییه‌كان و تێكه‌ڵبونى ده‌سه‌ڵاته‌كانیش.
6. هاوڵاتیان به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ له‌م دۆخه زیانمه‌ند بون، به‌وهۆیه‌ى ناوه‌ندێتى له فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی دا رۆتین زیاد ده‌كات، به‌مهۆیه‌شه‌وه ئه‌وان زیاتر زیانمه‌ندن و مامه‌ڵه‌كانیان كاتى زۆر پێده‌چێت.
7. شاره‌زایه‌كى زانستى سیاسی ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه ئه‌م دۆخه رێژه و راده‌ى گه‌نده‌ڵیش زیاتر ده‌كات نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه كه‌می بكات.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. ئه‌گه‌ر بڕیار بێت هه‌رێمى كوردستان یه‌كه‌یه‌كى فیدراڵی دیموكراسی بێت، ئه‌وا ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كى خۆكرد سیسته‌مى كارگێڕیه‌كه‌ی لامه‌ركه‌زیی بێت، كه‌چى ئه‌مه له سیسته‌مى هه‌رێمى كوردستان ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ى گرنگه حكومه‌تى هه‌رێم تێبینی بكات و گرنگی پێبدات، كه هیچ پێشكه‌وتنێكی ئه‌وتۆ و فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌كى دادپه‌روه‌ر و سه‌ركه‌وتو به‌دیی نایه‌ت، هه‌تا ده‌سه‌ڵاته‌كان به لامه‌ركه‌زیی نه‌كرێن و شۆڕ نه‌كرێنه‌وه به‌سه‌ر ناوچه و پارێزگا و یه‌كه ئیدارییه‌كانه‌وه.
له‌مڕوه‌وه هانى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ده‌ین كه بره‌وى زیاتر به‌م بواره بدات و به فیعلی به‌و ئاراسته‌یه‌دا هه‌نگاو بنێت، هه‌روه‌ك پارله‌مانى كوردستانیش پێویسته یاسای تایبه‌تمه‌ند ده‌ربچوێنێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و چاودێری حكومه‌تیش بێت له پابه‌ندبون به بنه‌ماكانى فه‌رمانڕه‌وایه‌تى لامه‌ركه‌زی.
2. به‌كاریگه‌ریی قه‌یرانى دارایی، زۆرینه‌ى ده‌سه‌ڵاته داراییه‌كان كراون به مه‌ركه‌زیی، ئه‌ویش له چنگى وه‌زاره‌تى دارایی و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا هێڵراونه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌م دو ده‌زگایه‌ش ناتوانن فریای هه‌مو داواكارى و به‌ده‌مه‌وه‌چونه‌كان بكه‌ون، ئه‌مه‌ش واده‌كات رۆتینات زیاتر بێت و خزمه‌تگوزارییه‌كان خراپ بن.
بۆیه پێشنیاز ده‌كه‌ین كه ده‌سه‌ڵاته‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ یه‌كه و فه‌رمانگه‌كان خۆیان، به‌شێوه‌یه‌ك پێویست نه‌كات هه‌مو شتێك له هه‌ولێره‌وه بڕیاری لێ بدرێت.
3. دیارترین هۆكارى ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ى ده‌سه‌ڵاته داراییه له هه‌ولێر، په‌یوه‌سته به نه‌بونى پرۆژه یاسای بودجه‌وه، چونكه نه‌بونى یاسای بودجه‌یه وایكردوه حكومه‌ت به‌وهۆیه‌ى به‌رچاوی رون نیه له داهات و خه‌رجی، هه‌ربۆیه بۆ گرتنه‌وه‌ى ئه‌م دو بواره په‌نا بۆ مه‌ركه‌زییه‌ت ده‌بات، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه حكومه‌ت به‌شێوه‌یه‌كى نادروست مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ پرسه‌كه‌دا كردوه و ئه‌م هه‌نگاوه‌ى كه ناویه‌تى ئه‌گه‌ر له روى داراییه‌وه هه‌ندێك كۆنترۆڵی بۆ گه‌ڕاندبێته‌وه، ئه‌وا له روى فه‌رمانڕه‌وایه‌تى و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارییه‌وه زیانى پێ گه‌یاندوه.
بۆیه هانى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ده‌ین كه گرنگی ته‌واو به‌م بواره بدات و چیتر هه‌رێم به‌بێ بونى یاسای بودجه به‌ڕێوه‌نه‌بات.
4. حكومه‌ت به راده‌یه‌كى یه‌كسان ده‌سه‌ڵاتى نه‌داوه به ده‌زگاكان، بۆنمونه ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌ته‌كان زیاتره له به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه گشتیه‌كان و ئه‌وانیش له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى و فه‌رمانگه‌كان، ته‌نانه‌ت له‌نێو وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه گشتیه‌كانیش دا ئه‌و جیاوازیه هه‌یه، له‌كاتێكدا ئه‌مه بۆ دۆخی یه‌كه كارگێڕییه‌كان ناهاوسه‌نگی دروست ده‌كات و واده‌كات ده‌سه‌ڵات هه‌ر له ده‌ستى چینێكى دیارییكراوى سه‌ره‌وه‌دا بێت و شۆڕ نه‌بێته‌وه.
بۆیه پێشنیاز ده‌كه‌ین حكومه‌ت به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان یان دادپه‌روه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كان شۆڕ بكاته‌وه و هه‌موان لێی به‌هره‌مه‌ند بن.
5. ره‌نگه حكومه‌ت پێی گران بێت ئه‌و سیسته‌مه مه‌ركه‌زیه‌ته‌ى كه ساڵانێكه له سه‌رى راهاتوه به ئاسانى بگۆڕێت و ببێت به لامه‌ركه‌زیی، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌توانرێت سه‌ره‌تا كار به سیسته‌مى تێكه‌ڵاو بكرێت (مه‌ركه‌زیه‌ت و لامه‌ركه‌زیه‌ت) و هه‌نگاو به هه‌نگاو لامه‌ركه‌زیه‌ت زیاتر بكرێت.
6. وه‌ك باس ده‌كرێت هۆكارێكى سه‌ره‌كی بونى مه‌ركه‌زیه‌ت، ئه‌وه‌یه كه حكومه‌تی ناوه‌ند (هه‌ولێر) متمانه‌ى به حكومه‌ته خۆجێییه‌كان نییه و پێیوایه ناتوانن سه‌ركه‌وتو بن یان به باشی ده‌سه‌ڵات ببه‌ن به‌ڕێوه یاخود ترسی له په‌رشوبڵاویی و دروستبونى گه‌نده‌ڵی و بێسه‌روبه‌ریی فراوان هه‌یه.
بۆ ئه‌مه‌ش گرنگه ئه‌وه ره‌چاو بكرێت كه شۆڕكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و چه‌سپاندنى لامه‌ركه‌زیه‌ت، پێویستی به بونى ده‌زگاى چاودێریی به‌هێزى خۆجێی و مه‌ركه‌زیش هه‌یه، هه‌ر له ئه‌نجومه‌نى شار و شاره‌وانى و پارێزگا، هه‌تا بونى ده‌زگاى چاودێریی دارایی و چاودێریی ده‌ستپاكیی به‌هێز، له‌گه‌ڵ داواكاری گشتى چالاك، ئه‌مه سه‌رباری دادگا و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى و میدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆ.
بۆیه هاوشانى چه‌سپاندنى سیسته‌مى لامه‌ركه‌زیی، ده‌بێت گرنگیی به دروستكردن و به‌هێزكردنى ئه‌و ده‌زگایانه‌ى چاودێریی و لێپرسینه‌وه بدرێت و زه‌مینه‌یان بۆ خۆش بكرێت.