یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، بیست و پێنجه‌مین راپۆرتى مانگانه‌ى بڵاوكرده‌وه كه تایبه‌ته به: "نه‌شته‌رگه‌رى پزیشكى له نێوان كه‌رتى گشتى و تایبه‌ت دا".
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە.
راپۆرته‌كه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، باسى له ژماره‌ى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریی پزیشكیی له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كانى گه‌رمیان و نه‌خۆشخانه حكومیه‌كاندا كردوه و باس له پاشه‌كشه‌ى كه‌رتى حكومى كراوه و هۆكاره‌كانى رونكراوه‌ته‌وه.
له راپۆرته‌كه‌دا بۆچونى هاوڵاتیان و چالاكوانانیش خراوه‌ته رو كه ره‌خنه‌یان له‌وه هه‌یه هاوڵاتیان ناچار ده‌كرێن بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریی بچنه كه‌رتى تایبه‌ت.
له كۆتاییشدا وه‌ك سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانى دیكه، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده خراونه‌ته‌ڕو به ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكورتیه‌كان.
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه، به ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی.
پێشه‌كى:
پرسی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستى له‌نێوان كه‌رتى تایبه‌ت»ئه‌هلی» و گشتى «حكومی» دا، یه‌كێكه له‌و پرسانه‌ى كه له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه له مێژه‌وه باسی له‌باره‌وه ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ بره‌وسه‌ندنى كه‌رتى تایبه‌ت له سنورى گه‌رمیان، ئه‌م پرسه گه‌رمتر بوه، به‌تایبه‌تى له بوارى نه‌شته‌رگه‌ریی دا.
له‌گه‌رمیان دا 4 نه‌خۆشخانه‌ى حكومى (نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار، نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له كفری، نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێره‌ى نه‌قیب بۆ ژنان و مناڵبون له كه‌لار و نه‌خۆشحانه‌ى فریاكه‌وتنى شه‌هید هه‌ژار له كه‌لار) بونیان هه‌یه، له‌گه‌ڵ سێ نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت (شاری پزیشكی گه‌رمیان، نه‌خۆشخانه‌ى لایفی تایبه‌ت و نه‌خۆشخانه‌ى كه‌لاری تایبه‌ت).
زانیارییه‌كان ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن كه ژماره‌ى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریی پزیشكیی له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كانى گه‌رمیان رو له زیاد بونه، له‌به‌رامبه‌ردا له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كاندا پاشه‌كشه‌ى كردوه، به‌رپرسانى كه‌رتى ته‌ندروستى له‌مباره‌یه‌وه پاساو و هۆكارى خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕو و هاوڵاتیان و چالاكوانانیش ره‌خنه‌یان له‌وه هه‌یه كه هاوڵاتیان ناچار ده‌كرێن بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریی بچنه كه‌رتى تایبه‌ت.
ئه‌م راپۆرته‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، به وردیی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه وه‌ستاوه و له‌سه‌ر زاری به‌رپرسان و هاوڵاتیان و چاودێران و كه‌سانى ئاگاداره‌وه، هۆكار و دۆخه‌كه‌ى رون كردوه‌ته‌وه.
به‌شى یه‌كه‌م: راپۆرت
یه‌كه‌م: دۆخی نه‌شته‌رگه‌رى له كه‌رتى تایبه‌ت و گشتى
1. ناردنى نه‌خۆش له كه‌رتى گشتیه‌وه بۆ تایبه‌ت
1-1. چالاكوانان: نه‌خۆش ناچار ده‌كرێت بچێته نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلی
چالاكوانان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه چه‌ندین كه‌یس هه‌ن له كه‌رتى گشتى نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ نه‌كراوه و نێردراونه‌ته كه‌رتى تایبه‌ت، هۆكارى ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه چاودێرى چڕنیه له‌سه‌ر كه‌رتى ته‌ندروستى.
هه‌ودا محه‌مه‌د، چالاكوانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له كه‌لار، ده‌ڵێت: «ئێمه چه‌ند كه‌یسێك هاتونه‌ته لامان جگه له‌وه‌ى كه هاوڵاتیان خۆیان باسى ئه‌كه‌ن، له كاتێكدا حاڵه‌تى گه‌رمیان هه‌بوه و پێویست بو له نه‌خۆشخانه‌ى نه‌شته‌رگه‌رى بۆ بكه‌ن، به‌ڵام نێردرابونه‌ته تایبه‌ت، حاڵه‌ته‌كانیش له دوان و سیان ده‌رچون».
وتیشى: سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌مان كرد، سه‌ره‌تا نكۆڵیان لێ‌كرد، دواتر پێیان وتین كه پزیشك كه‌مه و پێداویستى و شوێنیش یه‌كێكى دیكه‌یه له گرفته‌كانیان كه هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆريى رێژه‌ى نه‌خۆش یه‌كێكى تره له كێشه‌كان كه له هه‌مو ناوچه‌كانى گه‌رمیان سه‌ردان ده‌كه‌ن به ناوچه دابڕاوه‌كانیشه‌وه.
هه‌ودا باسى له‌وه‌شكرد: هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و پرسه سه‌ردانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیانیان كردوه بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشه‌یه، داواشمان كردوه نه‌شته‌رگه‌رى نیمچه‌تایبه‌ت بگه‌ڕێته‌وه نه‌خۆشخانه‌ى شێره‌ى نه‌قیب، به جۆرێك له ئه‌هلى 500 هه‌زار بێت ئه‌وا له نه‌خۆشخانه به 250 هه‌زار بیكه‌ن، هاوكات به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى داواى كرد كه ژنان هۆشیاربكرێنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه.
هاوكات، كه‌ریم مه‌دحه‌ت، مامۆستاى زانكۆ و چالاكى مه‌ده‌نى له كه‌لار، باس له‌وه ده‌كات: «راسته رێژه‌یه‌كى جیاوازى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له كه‌رتى تایبه‌ت و گشتى بونى هه‌یه ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك هۆكارى هه‌یه یه‌كێك له‌وانه ئه‌و ئامێر و پێداویستیانه‌ى كه له كه‌رتى تایبه‌ت هه‌ن به رێژه‌یه‌كى كه‌متر له كه‌رتى گشتى هه‌ن».
وتیشى: له‌لایه‌كى دیكه نه‌بونى چاودێرى چڕ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه له‌سه‌ر چ كه‌رتى تایبه‌ت و چ كه‌رتى گشتى یه‌كێكى تره له‌و خاڵانه‌ى كه له هه‌مو جیهاندا گرنگى پێدراوه كه‌چى له كوردستان هه‌ر بونى نیه، چونكه رێژه‌یه‌كى زۆر نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌درێت، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م هه‌مو نه‌شته‌رگه‌رییه له جێگه‌ى خۆیه‌تى و پێویستیه كه ئه‌نجا ده‌درێت؟ گرنگ نیه رێژه‌كه چه‌نده.
2-1. پزیشكان: كه‌س ناچار ناكه‌ین بچێته ئه‌هلی
پزیشكان له گه‌رمیان ئه‌وه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه كه نه‌خۆشیان ناچاركردبێت له كه‌رتى گشتیه‌وه ببرێت بۆ كه‌رتى تایبه‌ت بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى، باس له‌وه ده‌كه‌ن هاوڵاتیان له‌سه‌ر ویستى خۆیان ئه‌وه ده‌كه‌ن.
ئیسرا نازم كه‌ره‌م، پزیشكى پسپۆرى ژنان و مناڵبون له كه‌لار، وتى: «شتى وانیه پزیشكه‌كان كه‌مته‌رخه‌م بین، ئه‌مه زۆڵمه ئه‌كرێت له ئێمه‌ش و نه‌خۆشخانه‌كه‌ش».
پزیشكێك هۆكارى رۆشتنى هاوڵاتیان بۆ كه‌رتى تایبه‌ت بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى ده‌به‌ستێته‌وه به زۆرى پێداویستى و ئه‌و ئاسانكاریانه‌ى كه بۆى ده‌كرێت له كه‌رتى تایبه‌ت.
ئاكۆ ئیبراهیم، پسپۆرى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى له كه‌لار، ده‌ڵێت: «ناچاركردنى نه‌خۆش و بردنه ده‌ره‌وه‌یان بۆ كه‌رتى تایبه‌ت ئه‌وه ده‌بێت له تاكه كه‌سێك پرسیار بكرێت و به‌ڵگه‌ش بهێنیت، به‌ڵام رۆشتنى نه‌خۆش بۆ كه‌رتى تایبه‌ت بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان فره فاكته‌ره، بۆ نمونه شوێن و پێداویستى و ویستى خه‌ڵك خۆیه‌تى».
وتیشى: ئاسانكارییه‌كان كه‌من له كه‌رته گشتیه‌كان و هاوڵاتیانیش ئێستا زیاتر رۆشنبیرترن كه ده‌بینن له نه‌خۆشخانه‌ى گشتى زو بۆيان ده‌ست نادات به ویستى خۆيان ده‌ڕۆنه كه‌رتى تایبه‌ت.
«ئێمه نه‌خۆش ناچار به ده‌ره‌وه ناكه‌ین، ته‌نها ئه‌وه‌نه‌بێت هه‌ندێك ئامێرهه‌ن له كه‌رتى حكومى كار ناكه‌ن، ئه‌وه‌یشى له كه‌رتى حكومى دا ده‌كرێت جیاوازى نیه له‌گه‌ڵ كه‌رتى تایبه‌ت»، هه‌ردى كه‌ریم، پسپۆرى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى له كه‌لار واى وت.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: نه‌خۆش هه‌یه له كه‌رتى حكومه‌ت سه‌ره‌كه‌ى دوره و ناكرێت سه‌ره‌ى نه‌خۆشى دیكه‌ى بده‌یتێ و پێویستى پێیه‌تى و به ویستى خۆى ده‌ڕوات.
به‌ڕێوبه‌رانى نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه نه‌خۆش به ویستى خۆى ده‌ڕواته كه‌رتى تایبه‌ت بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی، باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن تاوه‌كو ئێستا هیچ سكاڵایه‌كیان بۆ نه‌هاتوه كه پزیشكێك نه‌خۆشێكى ناچاركردبێت و له ده‌ره‌وه نه‌شته‌رگه‌رى بۆ ئه‌نجام درابێت.
سامان سه‌رتیپ، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له كفرى، ده‌ڵێت: «له‌سه‌ر بردنه ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆش و ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى بۆى له ئه‌هلى، تاوه‌كو ئێستا سكاڵایه‌ك نه‌هاتوه‌ته لامان بۆ ئه‌وه‌ى به‌دواداچون بكه‌ین، ئه‌وه‌ى هه‌یه ته‌نها گله‌ییه«.
«شتێك نیه به‌ناوى كه‌مته‌رخه‌مى پزیشكه‌وه له نه‌خۆشخانه، به‌تایبه‌ت له روى نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه، هه‌ر هاوڵاتیه‌كیش به تایبه‌ت نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ئه‌دات ئه‌وه له‌سه‌ر ویستى خۆیه‌تى نه‌ك پزیشك»، حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار وای وت.
به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستی گه‌رمیانیش هاوڕای به‌ڕێوبه‌رى دو نه‌خۆشخانه‌كه‌یه و ده‌ڵێت: هیچ كارمه‌ند و پزیشكێكى خۆم به كه‌مته‌رخه‌م نازانم، چونكه ئه‌و كاته‌ى كه بۆیان دیارى كراوه كراى خۆیان ده‌كه‌ن به زیادیشه‌وه، باسى تاك و ته‌را ناكه‌م بۆیه چه‌م بێچه‌قه‌ڵ نابێت.
سیروان محه‌مه‌د، وتیشی: نه‌خۆشێك كه ده‌ڕواته ده‌ره‌وه نه‌شته‌رگه‌رى ده‌كات له‌سه‌ر ویستى خۆیه‌تى دواتر ده‌مى وا فێربوه بڵێن له نه‌خۆشخانه‌ى حكومی بۆیان نه‌كردوم، ئه‌گه‌رنا ئێمه نه‌شته‌رگه‌رى خۆمانمان هه‌ر كردوه.
2. رێژه‌ى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان
1-2. له‌كه‌رتى گشتى
ژماره‌ى نه‌شته‌رگه‌ریی له كه‌رتى گشتى «حكومی» له‌گه‌رمیان، له‌م خشته‌یه‌ى خواره‌وه رون كراوه‌ته‌وه.
2-2. له كه‌رتى تایبه‌ت
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه ده‌ست یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێى گه‌رمیان كه‌وتوه، نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان له سنورى گه‌رمیان رێژه‌یه‌كى زۆرى نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌ده‌ن به جۆرێك بۆ هه‌ر مانگێك به لای كه‌مه‌وه له سه‌روى 200 نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌یه و نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌وتۆش هه‌یه ژماره‌كه له‌لای سه‌روى 400 نه‌شته‌رگه‌رییه.
له نه‌خۆشخانه‌ى لایفى تایبه‌ت، مانگانه 150 بۆ 200 نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌درێت. رێژه‌كه له شاری پزیشكی گه‌رمیان زیاتره، به‌شێوه‌یه‌ك له‌نێوان 300 بۆ 400 نه‌شته‌رگه‌ریی دایه. له نه‌خۆشخانه‌ى كه‌لاریی تایبه‌تیش به‌هه‌مانشێوه، مانگانه له‌نێوان 300 بۆ 400 نه‌شته‌رگه‌ریی ئه‌نجام ده‌درێت.
هۆكارى نه‌بونى ئامارێكى وردیش له‌مباره‌یه‌وه، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هیچكام له‌و نه‌خۆشخانانه ئاماده نه‌بون ئامارى نه‌شته‌رگه‌ریه‌كان بخه‌نه‌ڕو.
هاوكات به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه مانگانه ئامارى نه‌شته‌رگه‌ریی و خزمه‌تگوزاریی نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كانیان به‌ده‌ستده‌گات، به‌ڵام به‌وپاساوه‌ى كه تایبه‌تن به ناوخۆی خۆیان، هیچ ئامارێكى نه‌خسته‌ڕو.
3-2. گومان له جیاوازی ژماره‌ى نه‌شته‌رگه‌رى له كه‌رتى تایبه‌ت و گشت
رێژه‌ى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له‌لایه‌ن پزیشكانه‌وه له كه‌رتى تایبه‌ت نادركێنرێت، هۆكارى ئه‌مه‌ش رون نیه بۆچى، ئه‌مه‌ش گومانى زیاتر دروست ده‌كات.
«با ئه‌وه رون بێت له كه‌رتى تایبه‌ت نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌ده‌م، به‌ڵام له هه‌فته‌یه‌كدا 1 بۆ 3 نه‌شته‌رگه‌رى به تێكراى مانگه‌كه 7 بۆ 8 نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌كات، زۆربه‌ى له كه‌رتى حكومه‌ت ئه‌نجامى ئه‌ده‌م»، ئه‌مه وته‌ى هه‌ردى كه‌ریم، پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى گشتیه له كه‌لار.
رزگار نه‌جمه‌دین، پسپۆرى نه‌شته‌رگه‌رى نه‌خۆشیه‌كانى چاو له كه‌لار، ده‌ڵێت: «له روى رێژه‌ى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان جیاوازه، به‌ڵام پێویست ناكا ئاماژه به رێژه‌ى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان بكه‌م له تایبه‌ته‌كان، هه‌ر نه‌شته‌رگه‌ریه‌كیش كه ده‌كرێت له تایبه‌ت هاوڵاتیان له‌سه‌ر ویستى خۆیانه».
له هه‌مان كاتدا، شكار نزار، پزیشكى پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى نه‌خۆشیه‌كانى قوڕگ و لوت و گوێ وتى: «له كه‌رتى تایبه‌ت نۆرینگه‌م هه‌یه و نه‌شته‌رگه‌ریش ئه‌نجام ده‌ده‌م ئه‌ویش به‌پێى كات و مانگ كه‌وتوه، جارى وا هه‌یه له یه‌ك مانگدا 1 نه‌شته‌رگه‌ریم هه‌یه جارى واش هه‌یه 7 دانه‌م هه‌یه».
3. نرخى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان
به‌شێكى زۆرى هاوڵاتیان ره‌خنه ئاراسته‌ى پزیشكه‌كان ده‌كه‌ن كه له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌ده‌ن و باس له‌وه ده‌كه‌ن بڕێكى زۆر پاره‌یان لێوه‌رگیراوه بۆ هه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك.
گوڵزار ئەحمەد، ھاوڵاتی لە شاری کەلار، باس لەوە دەکات: دو مناڵم نەشتەرگەرییان بۆ کراوە لە نەخۆشخانە تایبەتەکان (لایف و شاری پزیشکی)، بۆ یه‌كێكیان بە ٣٠٠ ھەزار و ئەوی تریان بە ٤٠٠ ھەزار، ئەمەش نرخێکی زۆرە بۆ کەسێکی وەک من کە خۆم نان دروست ئەکەم بۆماڵان، لە کاتێکدا دەیان توانی لە نەخۆشخانە حکومیەکان بۆم بکەن.
وتیشی: نەشتەرگەریەکانیش ئاسان بون دەیان توانی لە حکومی بیکەن، چونکە دانەیەکیان ریخۆڵەکوێرە بو دانەیەکیشیان ناسوری پشت بو.
«کە ئازاری مناڵ بونم بۆهات راستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانەی شه‌هید شێرەی نەقیبم کرد، کە گەشتمە ئەوێ دەسی دەسیم پێ کرا، دکتۆر نەهات بەلاما وەک پێویست، تەنها ئەوەی وت کە ئازاری زیاتر بو با‌نگم بکەن». سارا محەمەد، دانیشتوی ناحیەی رزگاری واى وت.
وتیشی: دواتر کە ماوەیەک لەوێ مامەوە وتیان بیبەنەوە ماڵەوە کە ئازارەکەی زۆر بو بیهێننەوە، منیش رۆشتمەوە، بەڵام لەماڵەوە خەریک بو خۆمیش و مناڵەکەشم بمرێت، ئەوەبو دیسان هاتینەوە ئەوێ کە چوینە ئەوێ وتیان بیبه‌نه نەخۆشخانەی ئه‌هلی بۆ نەشتەرگەری.
باسی لەوەشکرد: مناڵەکەم بە سروشتى بو، تەنها دو تەقەڵم هەبو لە خوارەوە و بەس، کەچی بۆ ئەوە ٥٠٠ هەزارم لێ وەرگیرا.
به‌ڕێوبه‌رانى نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه نرخى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان خۆیان دیاریی ناكه‌ن، به‌ڵكو بۆیان دیاریی كراوه.
فه‌رهاد تاهر باجه‌ڵان، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى لایفی تایبه‌ت له‌كه‌لار، وتى: «نرخى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى دایناوه به لیستێك كه بۆمان هاتوه به‌پێى جۆرى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان».
هاوكات به‌ڕێوبه‌رى شاری پزیشكی گه‌رمیان، پێیوایه كه نرخی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كانی سنوره‌كه له ناوچه‌كانى دیكه كه‌مترن.
ئه‌كره‌م مه‌حمود، وتى: نرخى ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه كه وه‌رده‌گیرێن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى پێشتر دیارى كردوه، له چاو هه‌مو ناوچه‌كانى تر‌ى كوردستانیش كه‌متره.
سارا محەمەد، دانیشتوی ناحیەی رزگاری، باسی لەوە کرد: «بۆ ماوەی دو کاتژمێر لە نەخۆشخانەیه‌كى تایبه‌ت مامەوە ٧٥ هەزاریان لێ وەرگرتم وتیان لەبەرامبەر خزمەتگوزارییە، ئەمە بۆ کەسێک داهاتێکی نەبێت چی بکات ئیتر نەخۆشخانەی حکومی بۆچی هەیە دایبخەن باشتر نیە.
له‌به‌رامبه‌ردا، فه‌رهاد تاهر باجه‌ڵان، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى لایفی تایبه‌ت له كه‌لار، وتى: «پاره‌ى خزمه‌تگوزارییه‌كان كه وه‌رده‌گیرێت بۆ ژور و پێداویستیه‌كانى تایبه‌ت به نه‌شته‌رگه‌رییه كه له هه‌مو شوێنێك به‌و شێوه‌یه‌یه«.
هاوكات، ئه‌كره‌م مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شاری پزیشكى گه‌رمیانى تایبه‌ت له كه‌لار باسى له‌وه كرد: «نرخى ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى كه هه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى پێشتر دیارى كردوه، به‌ڵام ئه‌م نرخه‌ى كه له گه‌رمیان و به‌گشتى هه‌یه له‌و نرخانه كه‌متره كه وه‌زاره‌ت دیارى كردوه له چاو هه‌مو ناوچه‌كانى تر‌ى كوردستان».
4. زۆربه‌ى نه‌شته‌رگه‌ریه‌كان له تایبه‌ت ده‌كرێن و له گشتى ناكرێن
وه‌ك هاوڵاتیان باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، به‌شێكى نه‌شته‌رگه‌ریه‌كان له نه‌خۆشخانه‌ى حكومى بۆیان ئه‌نجام نادرێت، یان ده‌خرێنه نۆره‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه له نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت بۆیان ده‌كرێت به كاتێكى كه‌م.
به‌وته‌ى سامان سه‌رتیپ، له نه‌خۆشخانه‌ى كفری، چه‌ند نه‌شته‌رگه‌رییه‌كى سنوردار ده‌كرێت، له‌وانه: (مایه‌سیرى، قورگ و گوێ، شكاوى، زراو، ف‌ت‌ق).
پزیشكێكیش باس له‌وه‌ده‌كات، كه‌رتى تایبه‌ت له‌روى ئامێر و كه‌ره‌سته‌وه پێشكه‌وتو تره، بۆیه زۆربه‌ى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانى تێدا ئه‌نجام ده‌درێت.
رزگار نه‌جمه‌دین، پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌رى نه‌خۆشیه‌كانى چاو له كه‌لار، ده‌ڵێت: كۆمه‌ڵێك نه‌شته‌رگه‌رى بچوك و مامناوه‌ند ئه‌نجام ئه‌درێت وه‌ك نه‌شته‌رگه‌رى خێله چاو و لابردنى كیسى چه‌ورى و یاخود كردنه‌وه‌ى بۆرى فرمێسك و لابردنى زیاده گۆشت و كیسى پێڵوى چاو، به‌ڵام نه‌شته‌رگه‌رى گه‌وره‌تر ناتوانین بیكه‌ین، هه‌ندێكجاریش نه‌شته‌رگه‌رى ئاوی سپى ئه‌كه‌ین ئه‌ویش به ته‌قه‌ڵ، چونكه ئامێرى بێته‌قه‌ڵمان نیه، ئه‌و رۆژانه‌شى كه له نه‌خۆشخانه نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ئه‌ده‌م 5 بۆ 7 حاڵه‌ت ده‌كه‌م.
ئیسرا نازم كه‌ره‌م، پزیشكى پسپۆڕى ژنان و مناڵبون له كه‌لار وتى: ئێمه 2 جۆر نه‌شته‌رگه‌ریمان هه‌یه: سارد و گه‌رم بۆ مناڵبون، جگه له نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانى تر‌ى تایبه‌ت به ژنان، نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانى به‌پێى رۆژه‌كان و ئه‌و خشته‌ى بۆمان دانراوه ده‌گۆڕێت.
5. ژماره‌ى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان به‌پێی پزیشك كه‌وتوه
به‌پێی ئه‌و به‌دواداچونانه‌ى یه‌كه‌مه‌مان كردویه‌تى، ژماره‌ى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریی له كه‌رتى حكومی دا له‌نێو پزیشكان دا جیاوازه، هیچ ئالیه‌تێكى رونیش نیه بۆ رێكخستنى ئه‌م بوار و كه‌رته، به‌شێوه‌یه‌ك پزیشك هه‌یه مانگى كه‌متر له 5 نه‌شته‌رگه‌ریی ده‌كات، هه‌شه له یه‌ك هه‌فته‌دا له‌و رێژه‌یه زۆرتر ده‌كات.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى جیاوازه ئه‌وه‌یه، كه هه‌مان ئه‌و پزیشكه‌ى كه له كه‌رتى گشتى دا له مانگێكدا كه‌متر له 5 نه‌شته‌رگه‌ریی ده‌كات، له كه‌رتى تایبه‌ت دا به‌پێچه‌وانه‌وه سێ یان چوار قاتى ئه‌وه نه‌شته‌رگه‌ریی ده‌كات.
پزیشكێك باس له‌وه ده‌كات له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان 2 رۆژ نه‌شته‌رگه‌رى بۆ نه‌خۆش ده‌كات به جۆرێك بۆ هه‌ر رۆژێك 8 نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌دات.
ئاكۆ ئیبراهیم، پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى له كه‌لار ده‌ڵێت: «له هه‌فته‌یه‌كدا 2 رۆژ نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ئه‌ده‌م رۆژێك له نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار به‌پێى خشته‌یه، رۆژى 7 بۆ 8 نه‌شته‌رگه‌رى جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌ده‌م، رۆژى دوه‌مم كه له نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى شه‌هید هه‌ژاره ئه‌وه‌ش به‌پێى روداوه‌كان و رێژه‌كه‌ى دیارنیه به‌پێى حاڵه‌ته‌كانه كه دێته لام و ئه‌نجامى ئه‌ده‌م».
«له كفرى رۆژێكم هه‌یه نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌ده‌م، هه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك پێویست بێت ئه‌نجامى ده‌ده‌م ئه‌و رۆژه‌ش به لاى كه‌مه‌وه 10 نه‌شته‌رگه‌رى جۆراوجۆر بۆ هاوڵاتیان ده‌كه‌م، هۆكارى ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه 2 كاتژمێر كاتمان هه‌یه بۆ نه‌شته‌رگه‌رى و له هه‌فته‌یه‌كیدا ته‌نها 2 رۆژ نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌درێت»، هه‌ردى كه‌ریم، پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى له كه‌لار وا ده‌ڵێت.
شكار نزار، پزیشكى پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى نه‌خۆشیه‌كانى قوڕگ و لوت و گوێ وتى: «له نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار یه‌ك رۆژ نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌ده‌م له‌و رۆژه‌شدا به پێى هه‌فته‌كه ده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌نێوان 2 بۆ 5 نه‌شته‌رگه‌رى ده‌كه‌م».
له‌باره‌ى هۆكارى جیاوازى نێوان پزیشكان له ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریی، حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار وتى: نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك بۆ یه‌كێكى تر جیاوازه، نه‌شته‌رگه‌ری هه‌یه 3 سه‌عاتى ده‌وێت، هه‌شه به‌ماوه‌یه‌كى كه‌م ته‌واو ده‌بێت.
وتيشي: میكانیزمى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى له نه‌خۆخشانه‌كه‌مان به‌پێى خشته‌یه‌كه كه ناوى پزیشكه‌كه و ناوى نه‌خۆشه‌كان و ناوى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه و ته‌نانه‌ت ورده‌كارى سڕكردن و شتى كه‌شى له‌سه‌ره، به جۆرێك واژۆى خۆم و پزیشكێك و به‌ڕێوبه‌رى هۆڵه نه‌شته‌رگه‌رى و پزیشكێكى ديكه‌ى له‌سه‌ره كه ئه‌و پزیشكه ئه‌م رۆژه ئه‌وه‌نده نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌دات».
هاوكات، سامان سه‌رتیپ، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له قه‌زاى كفرى، وتی: « له نه‌خۆخشانه‌كه‌مان به‌پێى خشته‌یه‌كه كه ناوى پزیشكه‌كه و ناوى نه‌خۆشه‌كان و ناوى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه و ته‌نانه‌ت ورده‌كارى سڕكردن و شتى ديكه‌شى له‌سه‌ره، ئه‌مه‌یه ئالیه‌تى ئه‌وه‌ى بزانین پزیشك چه‌ن نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌دات».
6. نه‌بونى سیسته‌مى پاداشت و سزا
له ناوه‌نده حكومیه‌كاندا، هیچ جیاوازیه‌ك نییه و هیچ پۆلێنكارییه‌كیش نیه له‌نێوان پزیشكه‌كان له روى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه، هه‌روه‌ك سیسته‌مى سزا و پاداشتیش جێبه‌جێ ناكرێت.
حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار، جه‌ختى له‌مه كرده‌وه و وتى: هیچ سزایه‌ك نیه بۆ پزیشكێك كه نه‌شته‌رگه‌رى كه‌م ئه‌نجام بدات یاخود نا، چونكه له وه‌زاره‌ته‌وه هیچ رێنماییه‌ك بۆ ئه‌وه نیه، بۆیه ئه‌كه‌وێته‌وه سه‌ر پزیشكه‌كه خۆى و په‌یوه‌ندى شه‌خسى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌كه.
سه‌باره‌ت به پاداشت كردنى پزیشكه‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و رێژه‌ى كه بۆیان دیاریكراوه و نه‌شته‌رگه‌رییان ئه‌نجامداوه، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشانه‌ى گشتى كه‌لار وتى: تاوه‌كو ئێستا نه‌بوه پاداشتى هیچ پزیشكێك بكرێت به سوپاس و پێزانینیش بێت، به‌ڵام له به‌رنامه‌مان دایه بۆیان بكه‌ین وه‌ك هاندانێك بۆ ئه‌وه‌ى پزیشكه‌كانى دیكه‌ش كه رێژه‌یه‌كى كه‌م نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌ده‌ن چاوی لێبكه‌ن.
به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له كفریش، باس له‌وه‌ده‌كات كه سزایان نه‌بوه، به‌ڵام پاداشتیان بوه «هیچ سزایه‌ك نیه بۆ پزیشك بۆ ئه‌نجام نه‌دانى نه‌شته‌رگه‌رى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سوپاس و پێزانینمان هه‌بوه بۆ پزیشك له به‌رامبه‌ر ئه‌و رێژه زۆره‌ى نه‌شته‌رگه‌رى كه ئه‌نجامى داوه».
7. كێشه‌ى نه‌شته‌رگه‌ری مناڵبون
به‌شێكى هاوڵاتیان نیگه‌رانن له‌وه‌ى پزیشكان نه‌شته‌رگه‌ری له‌دایكبونیان له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان بۆ ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵام له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان دا بۆیان ئه‌نجام ده‌درێت.
(س.ا) كچێكه كه نه‌یویست ئاماژه به‌ناوى بكرێت، باسی له‌وه‌كرد كه هاوه‌ڵی خوشكه‌كه‌ى بوه كه له سه‌روبه‌ندى مناڵبون بوه، ئه‌گه‌رچی ژانى زۆر بۆ هاتوه، به‌ڵام رازیی نه‌بون نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ بكه‌ن، كه‌چى كه له‌و نه‌خۆشخانه‌یه ده‌رمان كرد و بردمانه نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت، به پاره هه‌ر به‌و شه‌وه و هه‌مان ئه‌و پزیشكه‌ى كه له نه‌خۆشخانه‌ى مناڵبون خه‌فه‌ر بوه، نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ى بۆ كردوه.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌دا، به‌رپرسانى نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له نه‌خۆشخانه‌كانى تایبه‌ت به ژنان و مناڵ بون ده‌بێت نه‌خۆش به فلته‌رى مناڵبونى سروشتی‌دا تێبپه‌ڕێت.
گۆران محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوبەری نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون، وتى: « بەپێی رێنمای وه‌زاره‌تى تەندروستی نەشتەرگەری ئەنجام دەدەین، چونکە دەڵێت بۆ هه‌ر پزیشکێکی مناڵبون دەبێت نەخۆش بە فلتەری مناڵبونى سروشتی دا تێپه‌ڕێت، ئەگەر نەبو دواتر ئەبێت نەشتەرگەری بۆ بکەن، ئەمە جگە لە نەشتەرگەری رۆژانە کە بە پێی خشتە دەکرێت لەلایەن دکتۆرەکانەوە کە بە لیژنە بریارى له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، رێژه‌كه‌ش رۆژانه ده‌گۆڕێت».
ئیسرا نازم كه‌ره‌م، پزیشكى پسپۆڕى ژنان و مناڵبون له كه‌لار، وتى: ئێمه 2 جۆر نه‌شته‌رگه‌ریمان هه‌یه، هه‌یه به لیژنه پزیشكه‌كان بڕیارى له‌سه‌ر ئه‌ده‌ین، هه‌شه حاڵه‌تى گه‌رمه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر ئێمه به‌پێى داواكارى نه‌خۆش بڕۆین ده‌بێت هه‌موى بكه‌ین به نه‌شته‌رگه‌رى و ئه‌مه‌ش به‌پێى رێنماى وه‌زاره‌ت نابێت.
8. پرسی «شه‌ریكایه‌تى» پزیشك و نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان
ده‌نگۆ و زانیارییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه پزیشكان و نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان رێكه‌وتنیان له‌نێواندایه، بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ری له نه‌خۆشخانه‌كان.
به‌پێی زانیارییه‌كانى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، نه‌خۆشخانه‌كان بۆ راكێشانى پزیشك، ئۆفه‌رى جیاوازی قازانجی مادی ده‌خه‌نه به‌رده‌ست پزیشكان.
به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رانى نه‌خۆشخانه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌مه رێككه‌وتن نیه، به‌ڵكو پێدانى هه‌قى نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌یه به پزیشكه‌كه.
فه‌رهاد تاهر باجه‌ڵان، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى لایفى تایبه‌ت له كه‌لار، وتى: «له كه‌رتى تایبه‌ت شتێك نیه به‌ناوى رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پزیشك، ئێمه پزیشكمان هه‌یه نۆرینگه‌ى لاى ئێمه‌یه، به‌ڵام له نه‌خۆشخانه‌ى كه‌لارى تایبه‌ت یاخود شارى پزیشكى گه‌رمیان نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌دات».
سه‌باره‌ت به بونى شه‌ریكایه‌تى نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ پزیشكه‌كان و ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى كه وه‌رده‌گیرێت له‌به‌رامبه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان چه‌ندى بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانانه ده‌بێت، فه‌رهاد تاهر باجه‌ڵان، وتى: «ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییانه كه ئه‌كرێت لێره به‌شێك له پاره‌كه‌ى بۆ ئێمه دێت».
له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت پرسیارمان ئاراسته‌ى به‌ڕێوبه‌رى شارى پزیشكى گه‌رمیان كرد، به‌ڵام وه‌ڵامى پرسیاره‌كه‌ى نه‌دایه‌وه.
9. به‌كارهێنانى ئامێرى نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان
هه‌ندێكجار كه‌ره‌سته پزیشكیه‌كانى نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان، ده‌برێنه نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان و به‌كارده‌هێنرێن، كه ئه‌مه‌ش سه‌رپێچیی یاساییه.
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى پۆلیس په‌رده‌ى له‌سه‌ر پرسی به‌كارهێنانى كه‌ره‌سته حكومیه‌كان هه‌ڵدا، كاتێك ساڵی پار به‌رپرس و ژماره‌یه‌ك په‌رستار و كارمه‌ند و كارگوزار تۆمه‌تبار كران به بردن یان كه‌مته‌رخه‌میی له پاراستنى كه‌ره‌سته حكومیه‌كان و به‌كارهێنانیان له نه‌خۆشخانه‌ى كه‌لاری تایبه‌ت، كه سه‌روى 15 كه‌س له‌و دۆسیه‌یه له ستافی نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار و نه‌خۆشخانه‌ى كه‌لاری تایبه‌ت راگیران و سه‌ره‌نجام 4 كه‌سیان به زیندانییكردن سزا دران.
10. وه‌لانانى نه‌شته‌رگه‌ریی نیمچه تایبه‌ت
پێش چه‌ند ساڵێك، جۆره نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك له‌ناوه‌نده حكومییه‌كان ئه‌نجام ده‌درا كه به نیمچه تایبه‌ت «سیمی پرایڤت» ناسراو بو، ئه‌ویش بریتی بو له‌وه‌ى كه له دواى نیوه‌ڕۆوه، له نه‌خۆشخانه‌ى حكومیی نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ نه‌خۆش ده‌كرا، به‌ڵام به نیوه قیمه‌ت.
ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه ئێستا كارى پێناكرێت، له‌باره‌ى هۆكارى وه‌ستاندیشیه‌وه، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار وتى: هۆكارى نه‌مانى نه‌شته‌رگه‌رى نیمچه تایبه‌ت له نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار نازانم چیه و بۆچى نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌مه ده‌بێت ته‌ندروستى گه‌رمیان كارى له‌سه‌ر بكات و ئه‌و به‌شه بكاته‌وه و پزیشك ناچار بكات ئه‌وه بكات.
پێیشیوایه ئێستا به‌هۆى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه، قورسه پزیشك پابه‌ندى ئه‌م جۆره نه‌شته‌رگه‌رییه بێت.
به هه‌مان شێوه، سامان سه‌رتیپ، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانی له كفرى وتی: «نه‌شته‌رگه‌رى نیمچه تایبه‌ت له كفرى تاوه‌كو ساڵى 2012 كراوه، زۆر ئاگا دارى ئه‌وه نیم بۆ نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه باس كراوه و زانیاریم هه‌بێت هه‌ندێك رێكارى نایاسایى هه‌بوه له ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له كه‌لار و به‌وهۆیه‌وه كۆمه‌ڵێك پزیشك و فه‌رمانبه‌ر درابون به دادگا، دواى ئه‌وه ورده‌كارى ئه‌و بابه‌ته نازانم».
دوه‌م: هۆكاره‌كانى زۆری نه‌شته‌رگه‌رى له كه‌رتى تایبه‌ت و كه‌مبونه‌وه‌ى له كه‌رتى گشتى
1. گرفتى بینا
1.1. «بیر له دروستكردنى بیناى نه‌خۆشخانه نه‌كراوه‌ته‌وه»
پزیشكێك جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه كه‌رتى حكومى له روى بیناوه گه‌وره‌ترین كێشه‌ى هه‌یه، به جۆرێك تاوه‌كو ئێستا له‌گه‌ڵ زۆربونى رێژه‌ى دانیشتوان بیر له‌وه نه‌كراوه‌ته‌وه په‌ره به بینا بده‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردوه نه‌خۆش رو له كه‌رتى تایبه‌ت بكات بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانى.
ئاكۆ ئیبراهیم، پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى له كه‌لار، وتى: له روى بیناوه گرفتمان هه‌یه و نه‌خۆشخانه‌كان پێویستیان به به‌رفراوان كردن هه‌یه، چونكه نه‌خۆش زیادى كردوه و ژماره پسپۆرییه‌كانیش زیادى كردوه، به‌ڵام شوێن و ئاسانكارییه‌كان هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تى، ئه‌مه هۆكارێكى سه‌ره‌كیه بۆ ئه‌وه‌ى نه‌خۆش رو له كه‌رتى تایبه‌ت بكات.
به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ره‌خنه‌ى ئه‌وه ده‌گرێت له دروستكردنى بینادا كه‌رتى ته‌ندروستى وه‌لا نراوه.
حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار، باس له‌وه ده‌كات: «ئێمه گه‌وره‌ترین گرفتمان نه‌بونى بینایه له گه‌رمیان به گشتى له كاتێكدا پێشتر گرفتى بودجه نه‌بوه، خۆزگه به‌رپرسانى گه‌رمیان كه ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست یه‌كه‌م شه‌ڕیان كه بیكه‌ن شه‌ڕى دروستكردنى بیناى ته‌ندروستى بێت و كاتى خۆى بۆ دروست نه‌كراوه نازانم بۆچى، چونكه هه‌مو بیناى نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان كۆنن و چه‌ند نۆژه‌ن بكرێنه‌وه سودى نیه«.
وتیشى: به‌هۆى گرفتى بینا و نه‌بونى هه‌ندێك به‌شى پزیشكى رۆژانه 15 نه‌خۆش ئیحاله‌ى سلێمانى كراوه و ئه‌كرێت، چاره‌سه‌ریش دروستكردنى بیناى نوێیه.
هاوكات، سامان سه‌رتیپ، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له قه‌زاى كفرى، ده‌ڵێت: له روى بیناوه گەورەترین کێشەمان هەیە، چونكه ئه‌و ئامێرانه‌ى هه‌ن له نێو نه‌خۆشخانه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ بیناكه ناگونجێت، بە دەمەوە هاتنیش نیە لە سەرەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفته، بودجه و ده‌سه‌ڵاتى دروستکردنی بیناشمان نیە.
باسى له‌وه‌شكرد: رێکخراوی (GIZ) هۆلی نەشتەرگەریمان بۆ دروست ئەکەن کار لەسەر رێکارە كارگێڕییه‌كان کراوە و چاوەرێین حساب بانکی بۆ بکرێتەوە لە بانكى ئەهلی، به‌هۆى ئه‌وه‌ى بانكى ئه‌هلى له گه‌رمیان نیه ئه‌مه بوه به گرفت بۆمان ئه‌گه‌ر نا ئێستا دەستی پێ کردبو.
هاوكات، گۆران محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوبەری نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون له‌كه‌لار، وتى: له روى بیناوه گرفتمان هه‌یه، چونكه به‌شێكى دراوه به به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان به‌تایبه‌ت به‌شى له‌دایكبونمان وه‌ك پێویست نیه.
به‌پێچه‌وانه‌وه، نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات كێشه‌ى بینایان نییه.
رزگار له‌تیف، جێگرى به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى شه‌هید هه‌ژار له كه‌لار، وتى: «ئێمه له روى بیناوه هیچ گرفتێكمان نیه و زۆر گونجاوه، 2 هۆڵى نه‌شته‌رگه‌ریشمان هه‌یه«.
به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات یه‌كێك له هۆكاره‌كانى بۆ كه‌مى نه‌شته‌رگه‌رى له كه‌رتى گشتى گرفتى بینایه كه له ماوه‌كانى رابردو وه‌ك پێوست گرنگى به‌م كه‌رته نه‌دراوه و زیاتر بیر له كه‌رته‌كانى دیكه كراوه‌ته‌وه.
سیروان محه‌مه‌د، وتى: «ئیداره‌ى شار و پلانسازى شار بیریان له‌وه نه‌كردوته‌وه كه كۆمه‌ڵێك بینا و باڵه‌خانه‌ى گه‌وره له سنوره‌كه دروست بكرێت بۆ كه‌رتى ته‌ندروستى، ئێستا كه هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ بكرێت ده‌رده‌كه‌وێت، به جۆرێك له ناو شارى كه‌لار 8 باخچه‌ى ساوایان دروست كراوه، له به‌رامبه‌ردا 2 مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى دروستكراوه«.
ده‌شڵێت: به ئێستاشه‌وه ئه‌م بیرۆكه‌یه به‌رده‌وامه داواى زه‌ویمان كردوه بۆ كه‌رتى ته‌ندروستى و گۆڕانكارى كردن به‌تایبه‌ت له نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار پێمان ناده‌ن، پلانێكى 25 ساڵیمان داناوه تایبه‌ت به دروستكردنى بینا و باڵه‌خانه و نه‌خۆشخانه‌ى 400 قه‌ره‌وێڵه‌یى له كه‌لار، بۆیه ئه‌وكات له برى 4 هۆڵى نه‌شته‌رگه‌رى ده‌كرێت ببێت به 16 هۆڵ ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات رێژه‌ى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان زیاترببن.
2.1. كه‌می ژماره‌ى هۆڵى نه‌شته‌رگه‌ریی
له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان كه‌مى هۆڵى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌یه‌كى كه‌م نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام بدرێت، هۆكارى ئه‌مه‌ش زۆرى رێژه‌ى نه‌خۆشه له سنوره‌كه‌دا.
ئاكۆ ئیبراهیم، پزیشكی پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى له كه‌لار، وتى: پێشتر رێژه‌ى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان زۆربون ئێستا كه‌مى كردوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هۆڵه‌كانى نه‌شته‌رگه‌رى كه‌من و پێویسته فراوان بكرێت، پێداویستیه پزیشكیه‌كانیش زیاتر بكرێت.
«له روى بیناوه گرفتمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر بكرایه هۆڵى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان گه‌وره‌تر و پاكوخاوێن تربوایه بۆ ئێمه باشتر ئه‌بو، به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه ئیشى خۆمانى تێدا ئه‌كه‌ین». هه‌ردى كه‌ریم، پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى له كه‌لار، واى وت.
هاوكات، رزگار نه‌جمه‌دین، پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌رى نه‌خۆشیه‌كانى چاو له كه‌لار ده‌ڵێت: «هۆڵێكى نه‌شته‌رگه‌ریمان هه‌یه گشتیه و ژورێكمان هه‌یه بۆ كاره‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك شتى تر‌ى تیا ئه‌كرێت و زانستیانه به‌ڕێوه ناچێت، ئه‌گه‌ر بته‌وێت هۆڵێكى تایبه‌ت به نه‌شته‌رگه‌رى چاو بكرێته‌وه بودجه‌ى پێویسته، ئه‌مه له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان به پێچه‌وانه‌وه‌یه، چونكه پاره‌ى بۆ خه‌رج ئه‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش بۆ حكومى خه‌رج بكرێت».
گۆران محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوبەری نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون وتیشى: «ئێمه 2 هۆڵى نه‌شته‌رگه‌ریمان هه‌یه و له به‌رنامه‌دایه هۆڵێكى تر بكرێته‌وه كه له‌لایه‌ن رێكخراوى (GIZ) بكرێته‌وه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌كراوه و چاوه‌ڕێن».
«ئێمە ٢ هۆڵى نه‌شته‌رگه‌ریمان هه‌یه یه‌كێكیان گه‌وره‌یه ئه‌وى دیكه‌شیان بچوكه بۆ نه‌شته‌رگه‌رییه جۆراوجۆره‌كان»، سامان سه‌رتیپ، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له قه‌زاى كفرى واى وت.
حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: « ئێمه 5 هۆڵى نه‌شته‌رگه‌ریمان هه‌یه كه دابه‌شكراون بۆ جۆره‌كانى نه‌شته‌رگه‌رى وه‌ك: (نه‌شته‌رگه‌رى گشتى، چاو، قوڕگ و لوت و گوێ و گورچیله)، هه‌مو جۆره نه‌شته‌رگه‌رییه‌كى تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، ته‌نها نه‌شته‌رگه‌رییه قورسه‌كانى وه‌ك كردنه‌وه‌ى سنگ بۆ نه‌خۆشى دڵ ئه‌مه‌ش پزیشك و ستاف و شوێنى تایبه‌تى خۆى ده‌وێت كه نیمانه، بۆنمونه پزیشكى مێشك و ده‌مارمان هه‌یه، به‌ڵام شوێنمان نیه«.
به پێچه‌وانه‌وه، شكار نزار، پزیشكى پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى نه‌خۆشیه‌كانى قوڕگ و لوت و گوێ وتى: «هۆڵى نه‌شته‌رگه‌رى گرفتێك نیه و گونجاوه بۆ ئێمه و ده‌توانین كارى خۆمان بكه‌ین».
له نه‌ۆخشانه‌ى تایبه‌ته‌كان یه‌كێك له خاڵه‌كان كه زۆر گرنگى پێدراوه هۆڵه‌كانى نه‌شته‌رگه‌رییه، به جۆرێك نه‌خۆشخانه‌ى وا هه‌یه 6 هۆڵى نه‌شته‌رگه‌رى هه‌یه، له پاڵ ئه‌وه‌شدا له‌روى ئامێر و «تجهیز»ـه‌وه گرنگیی زۆریان پێدراوه.
ئه‌كره‌م مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى شاری پزیشكى گه‌رمیانى تایبه‌ت له كه‌لار، ده‌ڵێت: «شه‌ش هۆڵى نه‌شته‌رگه‌رى گه‌وره‌مان هه‌یه به ته‌واوى مواسه‌فاته‌كانى سه‌رده‌مه‌وه به ته‌واى پێداویستیه‌كانى ته‌عقیمه‌وه، له داهاتوشدا پێویست بكات ژماره‌ى هۆڵه‌كان زیاتر ده‌كه‌ین».
3.1. گه‌رمیان له چاوه‌ڕوانى نه‌خۆشخانه 100 قه‌ره‌وێڵه‌ییه‌كه
بۆ ماوه‌ى 8 ساڵه نه‌خۆشخانه 100 قه‌روێڵه‌یه‌كه‌ى كه‌لار كاره‌كانى راگیراوه ته‌ندروستى گه‌رمیان و ئیداره‌ى گه‌رمیانیش جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه هیچ واده‌یه‌ك دیارى نه‌كراوه بۆ دوباره ده‌ستپێكردنه‌وه به كاره‌كانى.
سیروان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان وتى: « تاوه‌كو ئێستا هیچ زانیارییه‌كمان بۆ نه‌هاتوه كه‌ى نه‌خۆشخانه 100 قه‌ره‌ویڵه‌ییه‌كه‌ى كه‌لار ده‌ستبه‌كار ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌رچى كاتێك وه‌زیرى پلاندانان هاته گه‌رمیان به ره‌زامه‌ندى سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانى سنوره‌كه كه یه‌كه‌م پرۆژه‌بێت بۆ دوباره ده‌ست به‌كاركردنه‌وه تێیدا، ئه‌گه‌رچى هه‌ر ئه‌وكات وه‌زیر پێى راگه‌یاندین بودجه‌كه‌ى زۆره و ناتوانن دابینى بكه‌ن».
نه‌خۆشخانه‌ى ١٠٠ قه‌ره‌وێڵه‌یی له كه‌لار، له ماوه‌ى ٨ ساڵدا ته‌نها ٣٥٪ كاره‌كانى ته‌واو كراوه.
رامیار عه‌بدولره‌حمان، جێگرى سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان، رایگه‌یاند: «نه‌خۆشخانه‌كه پێویستى به ١٥بۆ ١٨ ملیۆن دۆلاره و تا ئێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كاره‌كانى دیارى نه‌كراوه».
2. كه‌می ستافی پزیشكی
هه‌ندێك له نه‌خۆشخانه‌كان هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن كه كه‌می ژماره‌ى ستافی پزیشكیی هۆڵه‌كانى نه‌شته‌رگه‌رى هۆكارن بۆ كه‌می ژماره‌ى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان.
گۆران محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوبەری نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون، هێماى بۆئه‌وه‌كرد: له روى ستافه نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه گرفتى كه‌مى كارمه‌ندمان هه‌یه، رۆژى وا هه‌یه 7 نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجامده‌درێت له ده‌وامى به‌یانیاندا 1 كارمه‌ند ئیدامه‌ى ده‌دات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌نها 6 كارمه‌ندمان هه‌یه له به‌شى نه‌شته‌رگه‌رى، كه به‌لاى كه‌مه‌وه پێویستمان به 6 كارمه‌ندى دیكه هه‌یه، ئه‌و كارمه‌ندانه‌ش زۆربه‌یان له ناوچه‌كانى تر‌ى كوردستانه‌وه دێن.
ئه‌م كێشه‌یه له نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنیش هه‌یه. رزگار له‌تیف، جێگرى به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى شه‌هید هه‌ژار له كه‌لار، وتى: نه‌بون و كه‌می ستافى نه‌شته‌رگه‌رى یه‌كێكه له كێشه‌كانمان، چونكه ئه‌وه‌ى هه‌یه ستافى نه‌خۆشانه‌ى گشتى كه‌لارن و به ته‌نسیب لاى ئێمه‌ن و نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌لاى كه‌مه‌وه رۆژى 10 نه‌شته‌رگه‌رى جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌درێت.
به‌ڵام ئه‌م كێشه‌یه له نه‌خۆشخانه ئه‌هلیه‌كاندا بونی نیه.
ئه‌كره‌م مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى شاری پزیشكی گه‌رمیان، وتى: كێشه‌مان نیه له كه‌می كارمه‌ندى یاریده‌ده‌رى نه‌شته‌رگه‌ر یان یاریده‌ده‌رى پزیشكى بێهۆشكار، كه ژماره‌یان 20 كارمه‌ند ده‌بێت.
3. كه‌مى پزیشكى بێهۆشكارى
پزیشكان و به‌ڕێوبه‌رانى نه‌خۆشخانه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن یه‌كێك له هۆكاره‌كان بۆ سستى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له كه‌رتى حكومه‌ت بۆ كه‌مى پزیشكى بێهۆشكارى ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئیسرا نازم كه‌ره‌م، پزیشكى پسپۆڕى ژنان و مناڵبون له كه‌لار، باس له‌وه ده‌كات: «پزیشكى بێهۆشكار یه‌كێكى تره له گرفته‌كان بۆ ئێمه، چونكه ژماره‌یان كه‌مه، ئه‌مه‌ش وایكردوه نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان كه‌مبن، ئه‌گه‌رچى ئێمه نه‌وه‌ستاوین و كارى خۆمان هه‌ر كردوه».
به پێچه‌وانه‌وه، شكار نزار، پزیشكى پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى نه‌خۆشیه‌كانى قوڕگ و لوت و گوێ، وتى: «له روى پزیشكه‌وه گرفتێكمان نیه و پزیشكى بێهۆشكاریش هه‌یه، به‌ڵام گرفته‌كه نه‌بونى ده‌رمانى بێهۆشكارییه كه زۆرجار گرفتمان توش ده‌بێت، وایكردوه نه‌توانرێت هه‌مو جۆره نه‌شته‌رگه‌ریه‌ك بكرێت».
سامان سه‌رتیپ، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: «به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه پزیشكى بێهۆشكاریمان نیه ئه‌وه‌ى كه دێت له كه‌لاره‌وه‌یه هه‌ر 2 رۆژه له ئێستادا، به هه‌مو گه‌رمیانیشه‌وه 4 پزیشكى بێهۆشكارى میلاك هه‌یه له نه‌خۆشخانه‌كانى سنوره‌كه و به‌شى نه‌خۆشخانه‌ى قه‌ڵاش».
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه 2 رۆژ نه‌شته‌رگه‌ریمان هه‌یه له روى ستافه‌وه گرفتێكمان نیه، به‌ڵام بكرێت به 3 رۆژ له هه‌فته‌یه‌كدا پێویستمان به كارمه‌ند ده‌بێت.
له سنورى گه‌رمیان ته‌نها یه‌ك نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به ژنان و مناڵبون هه‌یه، رۆژانه رێژه‌یه‌كى به‌رچاوى ژنان رو له‌و نه‌خۆشخانه‌یه ده‌كه‌ن له كاتێكدا ته‌نها یه‌ك پزیشكى میلاكى بێهۆشكارى بونى هه‌یه.
گۆران محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوبەری نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون، وتى: «پزیشكى بێهۆشكاریمان 1 دانه هه‌یه میلاك بێت، ئه‌وه‌كانى تر له نه‌خۆشخانه‌كانى تر‌ى كه‌لاره‌وه دێن، ئه‌وانیش 2 خۆبه‌خش و 3 دانه‌شیان میلاكى ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه نه‌بوه‌ته رێگر بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان».
به پێچه‌وانه‌وه، حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: «7 پزیشكى بێهۆشكارمان هه‌یه كه ده‌كرا زیاتر له 15 دانه بن، چونكه له هه‌مو نه‌خۆشخانه‌كان كارده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردوه رێژه‌ى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له كه‌رتى حكومی كه‌م بێت، گرفتی یاریده‌ده‌رى پزیشكى بێهۆشكارمان هه‌بو، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى گرێبه‌ستى بۆ نوێ كردنه‌وه كه له نه‌خۆشخانه‌ى قه‌ڵاش ده‌وام ده‌كه‌ن، ژماره‌یان 16 كارمه‌ندن له هۆڵى نه‌شته‌رگه‌رى».
هاوكات، سیروان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، وتى: «گرفتى كه‌مى پزیشكى بێهۆشكارى له هه‌مو كوردستان هه‌یه، به‌ڵام گه‌رمیان له‌چاو هه‌ندێك ناوچه‌ى تر باشتره، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌ت هاندانى نیه بۆ ئه‌و پزیشكانه، چونكه له مانگێكدا 20 شه‌و خه‌فه‌ریاتیان هه‌یه كه‌چى موچه و ئیمتیازاتى ئه‌و پزیشكانه وه‌ك پزیشكێكى پێست وایه كه له هه‌فته‌یه‌كدا 1 رۆژ ده‌وام ده‌كات له نه‌خۆشخانه، هۆكارى ئه‌مه‌ش خراپى سیسته‌مه‌كه‌یه.
هاوكات، ئه‌كره‌م مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى شاری پزیشكى گه‌رمیانى تایبه‌ت له كه‌لار، ده‌ڵێت: «له روى ستافه‌وه كارمه‌ندى ته‌واومان هه‌یه به‌تایبه‌ت له به‌شى نه‌شته‌رگه‌رى».
4. كه‌مى كات هۆكاره بۆ سستى نه‌شته‌رگه‌ریی له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان
1-4. «3 كاتژمێر و نیو هه‌یه بۆ نه‌شته‌رگه‌ریی»
به‌ڕێوبه‌ران هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌مى كاتى دیاریكراو بۆ نه‌شته‌رگه‌ری له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان، هۆكاره بۆ كه‌مى رێژه‌ى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان به گشتى.
حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: له نێو نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار 4 رۆژ (یه‌كشه‌مه بۆ چوارشه‌مه) نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌نجام ده‌درێت، كاتى ده‌وامى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریه‌كانیش 3 كاتژمێر و نیوه، ئه‌مه یه‌كێكه له هۆكاره‌كان بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌یه‌كى كه‌م له هه‌مو جۆره‌كانى نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام بدرێت، ئه‌گه‌رچى له‌و ماوه‌یه‌دا كه دیارى كراوه به لاى كه‌مه‌وه رۆژانه 10 بۆ 11 نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ئه‌درێت، له هه‌وڵداین رۆژانى شه‌مه‌شى بۆ زیاد بكه‌ین».
له‌باره‌ى جیاوازى كاتى نه‌شته‌رگه‌ری له نه‌خۆشخانه گشتى و تایبه‌ته‌كان دا، حارس محه‌مه‌د وتى: به به‌راورد به نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان رێژه‌ى نه‌شته‌رگه‌ریه‌كان له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان كه‌مه چونكه كاتى نه‌شته‌رگه‌ریه‌كان كه‌مه، چونكه پزیشك له كه‌رتى تایبه‌ت 16 كاتژمێر نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌دات».
وتیشى: ئێمه ساڵ هۆڵه‌كانى نه‌شته‌رگه‌رى داخرا تاوه‌كو كۆتایى ساڵى 2020 چ به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێك له كارمه‌نده‌كان كێشه‌یان هه‌بو و چ به‌هۆی هاتنى كۆرۆناشه‌وه كه ماوه‌یه‌ك ئیشوكاره‌كانمان په‌كیان كه‌وت.
به هه‌مانشێوه، سامان سه‌رتیپ، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: «هۆكارى كه‌مى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى له نێو نه‌خۆشخانه‌مان ئه‌وه‌یه كه 2 رۆژ نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌درێت، بۆ هه‌ر رۆژێكیش به لاى كه‌مه‌وه 13 نه‌شته‌گه‌رى ئه‌نجامده‌درێت، بۆ مانگه‌كه‌ش ناگاته 50 نه‌شته‌رگه‌رى، ئه‌مه‌ش بۆ قه‌زایه‌كى وه‌ك كفرى كه‌مه«.
وتیشى: له هه‌وڵداین بیكه‌ین به سێ رۆژ.
به هه‌مان شێوه، سیروان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان وتى: «ئێمه له نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كاتێكمان هه‌یه پێوه‌ى پابه‌ندین و نه‌شته‌رگه‌رى خۆمانى تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ین، ئه‌ویش له كاتژمێر 9 بۆ 12 نیوه‌رۆیه، پزیشكه‌كان له فریاكه‌وتنیش ده‌وام ده‌كه‌ن شه‌وى وا هه‌بوه 9 نه‌شته‌رگه‌رییان ئه‌نجامداوه، راسته له روى ژماره‌وه جیاوازى هه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ژێرخانى كه‌رتى ته‌ندروستى له گه‌رمیان خراپه، به‌ڵام ئه‌وانه‌شى له كه‌رتى تایبه‌ت رێژه‌كه زیاتره كاتى خۆى گرتوه بۆیه«.
2-4. «مه‌رج نیه پزیشك تا كاتژمێر 12 له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان بێت»
به‌ڕێوبه‌ران باس له‌وه ده‌كه‌ن رێنماى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى نیه كه تاوه‌كو كاتژمێرى 12ى نیوه‌ڕۆ ده‌بێت پزیشك له نه‌خۆشخانه‌ى حكومى ده‌وام بكات، به‌ڵكو له هه‌مو نه‌خۆشخانه‌كانى كوردستان به‌وشێوه‌یه كه پێى ده‌وترێت (راوێژكاریی =استشارى)، دوابه‌دواى ئه‌وه پزیشك سه‌ردانى نه‌خۆشه‌كانى ده‌كات كه داخڵ به‌و نه‌خۆشخانه‌یه بون.
سامان سه‌رتیپ، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له قه‌زاى كفرى، ده‌ڵێت: رێنمای وەزارەتی تەندروستی نیە كه ده‌بێت تاوه‌كو كاتژمێر 12 ده‌وام بكه‌ن، ئه‌مه ته‌نها بۆ راوێژكاریی به‌یانیانه، له دواى ئه‌وه پزیشك سه‌ردانى نه‌خۆشه‌كانى ده‌كات كه نه‌شته‌رگه‌رى بۆ ئه‌نجام داوه یاخود نه‌خۆشێكى هه‌یه و له نه‌خۆشخانه خه‌وێنراوه، زۆرجار تاوه‌كو كاتژمێر 2 ده‌مێننه‌وه.
«لە هەمو شوێنێکى كوردستان وایە کە پزیشک لە كاتژمێر ١٢ هه‌ڵده‌ستێت، ئه‌وه‌ى كه ده‌وترێت نه‌شته‌رگه‌رى كه‌م ئه‌نجام ده‌درێت، ئێمه 24 كاتژمێر نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ده‌ده‌ین بۆ حاڵه‌ته گه‌رم و كتوپڕه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆژانه به‌لاى كه‌مه‌وه 100 نه‌خۆش ئه‌بینرێت له‌لایه‌ن پزیشكه‌كانه‌وه«. گۆران محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوبەری نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون وای وت.
5. كه‌مى ژماره‌ى پزیشك
1-5. كه‌مى پزیشك و زۆرى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان
«لە روی ژماره‌ى پزیشكه‌وه ٥ دانه‌مان هەیە هه‌مویان نەشتەرگەری گشتین، به‌ڵام كه پزیشكى بێهۆشكارى نه‌بێت هیچ شتێك ناگۆڕێت، ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ى كه ئه‌نجام ده‌درێت رێژه‌كه‌ى به‌رز نابێته‌وه«، ئه‌مه وته‌ى سامان سه‌رتیپ، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانیه له قه‌زاى كفرى.
ده‌شڵێت: به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه پزیشكه‌كانمان له كه‌لاره‌وه دێن زۆرجار له كاتژمێر 9ى به‌یانى ده‌ست به ده‌وام ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكى تره له گرفته‌كان كه تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه ئۆتۆمبێلى باش دابین بكه‌ن بۆ زوتر گه‌یاندنیان، سه‌ربارى ئاراسته‌كردنى نوسراو.
هاوكات، گۆران محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوبەری نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون وتى: «وەک هەمو نەخۆشخانەکانی تر بەدەرنین لە کەموکورتی، ئێمه جیاوازین له نه‌خۆشخانه‌كانى تر‌ى گه‌رمیان چونكه 24 كاتژمێر كراوه‌یه و نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام ئه‌درێت، 9 پزیشکمان هه‌یه پسپۆڕى ژنان و مناڵبون، به‌ڵام پزیشكى نیشتەجێی دێرین کەمن 2 دانەمان هەیە ناتوانن ئیشی هەمو گەرمیان بکەن».
وتیشى: دو ساڵە پزیشکی نیشتەجێى خولاومان نیە، ئه‌مه‌ش یه‌كێكى تره له گرفته‌كانمان.
به پێچه‌وانه‌وه، حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: «له ئێستادا زیاتر له هه‌مو كاته‌كان پزیشكى پسپۆر له گه‌رمیان بونى هه‌یه، به‌ڵام گرفت كه‌مى پزیشكى بێهۆشكارییه».
2-5. نه‌بونى پزیشكى مناڵان
پزیشكێكى ژنان و مناڵبون باس له‌وه ده‌كات له نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به ژنان و مناڵبون پزیشكى مناڵان نیه كه ئه‌مه گرفتێكه، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له هۆكاره‌كان كه هاوڵاتیان ده‌چنه كه‌رتى تایبه‌ت بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى.
ئیسرا نازم كه‌ره‌م، پزیشكى پسپۆڕى ژنان و مناڵبون له كه‌لار، وتى: «گرفتى ئێمه له نێو نه‌خۆشخانه‌ى شێره‌ى نه‌قیب ئه‌وه‌یه كه دكتۆرى مناڵانمان نیه ئه‌ركى ئه‌وه‌ش كه‌وتوه ئه‌ستۆى ئێمه، زۆرجار كێشه‌مان توش ئه‌بێت به‌تایبه‌ت ئه‌و مناڵانه‌ى كه به نه‌شته‌رگه‌رى له‌دایك ئه‌بن، چونكه هه‌ندێكجار سڕكردن (به‌نج) بۆ ئه‌وانیش ئه‌ڕوات».
6. نه‌بونى به‌شى چاودێرى چڕ له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان
هه‌ردى كه‌ریم، پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى له كه‌لار، ده‌ڵێت: «كۆمه‌ڵێك هاوڵاتى هه‌ن ناتوانین نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ ئه‌نجام بده‌ین، چونكه هه‌یه فشارى خوێنیان به‌رزه یاخود لێدانى دڵى لاوازه یاخود توشى شه‌كره بوه، ئه‌مانه كه مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانیان هه‌بێت بۆیان ناكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێویستت به به‌شى چاودێرى چڕ ئه‌بێت نه له نه‌خۆشخانه‌ى كه‌لار و نه كفریش ئه‌و به‌شه نیه«.
وتیشى: مه‌رج نیه بتوانین له تایبه‌ت ئه‌وه بكه‌ین، زۆرجار ئه‌و كه‌سانه ده‌برێنه سلێمانى، به‌ڵام وه‌ك خۆم تاوه‌كو ئێستا نه‌خۆشى وام نه‌بوه.
رزگار له‌تیف، جێگرى به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى شه‌هید هه‌ژار له كه‌لار، ده‌ڵێت: «به‌شى چاودێرى چڕ له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان له گه‌رمیان نیه، ئه‌مه‌ش هۆكارى سه‌ره‌كى بوه بۆ ره‌وانه‌كردنى نه‌خۆش له گه‌رمیانه‌وه، ئه‌گه‌رچى ئێستا رێژه‌كه كه‌مى كردوه، هۆكارى ئه‌وه‌شى كه نیه شوێنى تایبه‌ت و ستافى تایبه‌تى ئه‌وێت كه نیمانه به‌هۆى نه‌بونى دامه‌زراندنه‌وه«.
«به‌هۆى نه‌بونى به‌شى چاودێرى چڕ له هه‌مو نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان له گه‌رمیان وایكردوه نه‌شته‌رگه‌رییه قورسه‌كان ئه‌نجام نه‌درێت، كه ئه‌مه‌ش ستاف و شوێن و ئامێرى باشى ده‌وێت، ئێمه‌ش ئه‌و بودجه‌یه‌مان نیه بۆ ئه‌وه‌ى دابینى بكه‌ین»، حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار وای وت.
هاوكات، سیروان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان وتى: «به‌شى چاودێرى چڕ راسته له گه‌رمیان نیه، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك هۆكارى هه‌یه یه‌كێك له‌وانه نه‌بونى به‌شى تایبه‌ت و پزیشكى پێویست و ئامێرى پێویستیش، بۆیه كاتێك نه‌خۆشخانه‌ى قه‌ڵا دروست كرا دیزاینه‌كه‌ى به‌و شێوه‌یه بو كه له داهاتو به‌شێكى بكرێت به به‌شى چاودێرى چڕ، چونكه ئامێر و بیناكه‌شى گونجاوه و ئه‌و ستافه‌شى له‌وێیه ده‌توانرێت سوديان لێببینرێت».
7. بەرێوبەری نەخۆشخانەکان هۆکاری کەمی نەشتەرگەری بۆ کەمی ئامێرەکان دەگێرنەوە
به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌یه‌ك باس له‌وه‌ده‌كات هۆكارى كه‌مى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له كه‌رتى حكومه بۆ گرفتى كه‌مى ئامێره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه به جۆرێك به‌شێكیان له كڕیندان.
حارس محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: «یه‌كێكى دیكه له هۆكاره‌كان بۆ ئه‌نجامدانى كه‌مى نه‌شته‌رگه‌رى له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان گرفتى كه‌مى ئامێره‌كانه، ئه‌گه‌رچى ئه‌وه نه‌یوه‌ستاندوین و به‌رده‌وامین و رۆژانه به‌پێى ئه‌و پێداویستیانه‌ى كه هه‌یه نه‌شته‌رگه‌رى ده‌كرێت ، به‌تایبه‌ت ئامێرى COT كه تایبه‌ته به نه‌شته‌رگه‌رى زراو ئه‌وه بۆ ماوه‌ى 10 مانگ ده‌بێت له كاركه‌وتوه و له ئێستادا كڕدراوه له‌لایه‌ن ته‌ندروستى گه‌رمیانه‌وه به‌م نزیكانه ئه‌ویش ده‌كه‌وێته‌وه كار، چونكه رێژه‌یه‌كى زۆرى نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه له ده‌ره‌وه ده‌كرێت».
وتیشى: كۆمه‌ڵێك ئامێرى دیكه‌مان هه‌ن له ته‌نده‌ریندایه و چاوه‌ڕوانین بیكڕن بۆمان، ئه‌وانیش: (ئامێرى شكاندنى به‌ردى زراو، ئامێره‌كانى تایبه‌ت به نه‌شته‌رگه‌رى زراو، ئامێرى OTO كله‌یڤ) هه‌مو ئه‌مانه هه‌ندێكى له لیژنه‌ى كڕیندایه، ئه‌و ئامێرانه‌شى كه هه‌یه له نه‌خۆشخانه‌ى گشتى له روى كوالێتیه‌وه باشترینن.
سامان سه‌رتیپ، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید خالد گه‌رمیانى له قه‌زاى كفرى، ده‌ڵێت: «له روى ئامێره‌وه ئه‌وه‌ى كه پێویسته بۆ ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ى كه ئه‌نجام ده‌درێت هه‌ن، بۆ نمونه: وه‌ك ئامێرى نه‌شته‌رگه‌رى (زراو، ریخۆڵه‌كوێره، مایه‌سیرى، ف‌ت‌ق، شكاوى، قورگ و گوێ و لوت، نه‌شته‌رگه‌رى تایبه‌ت به ژنان)، به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه ئامێرمان نیه له هه‌مان جۆر كه ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر خراپ ببێت ژیانى كه‌سێك كه نه‌شته‌رگه‌رى بۆ بكرێت ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه«.
ده‌شڵێت: بۆ نه‌شته‌رگه‌رییه قورسه‌كان ئامێرمان نیه، بۆ نمونه نه‌خۆشى دڵ یاخود گورچیله، دكتۆرى پسپۆریشمان نیه، ئه‌وانه‌شى كه لێره‌ن و له ئه‌هلیه‌كانن میلاكى ئێره نین.
له نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێره‌ى نه‌قیب تایبه‌ت به ژنان و مناڵبون تاوه‌كو ئێستا ئامێرى نه‌شته‌رگه‌رى به نازور نیه، هۆكارى ئه‌مه‌ش بۆ نه‌بونى بودجه‌ى پێویست ده‌گه‌ڕێته‌وه.
گۆران محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوبەری نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبون، وتى: لە روی ئامێرەوە گرفتێکی ئەوتۆمان نیە کە یەکێک بێت لە گرفتە زۆر گەورەکان و نەتوانین نەشتەرگەری ئەنجام بدەین ئیشەکانمان رای ئەکەین، به‌ڵام ئەو ئامێرانه‌ى وا پێشکەوتون و ئامێرى نه‌شته‌رگه‌رى به نازور نیمانه، ئه‌گه‌رهه‌بێت باشتره، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و ئامێرانه‌ى كه هه‌ن له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م ئه‌گونجێن.
8. كه‌مى ئامێره‌كانى نه‌شته‌رگه‌رى له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان
پزیشكان و به‌ڕێوبه‌ران باس له‌وه ده‌كه‌ن نه‌خۆشخانه گشتیه‌كان له روى ئامێره‌وه گرفتى هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان به تایبه‌ت نه‌شته‌رگه‌رى زراو كه له كه‌لار بۆ ماوه 10 مانگه له كاركه‌وتوه.
ئاكۆ ئیبراهیم، پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى له كه‌لار، ده‌ڵێت: «له روى ئامێر و پێداویسته‌كان پێشتر گونجاوتر بون له ئێستا، چونكه به‌شێك له نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان په‌وه‌ندى به ئامێرى ناوبینه‌وه هه‌یه واتا (نازور)، بۆ ماوه‌ى 10 مانگ ده‌بێت نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌مان نه‌كردوه له نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئامێره‌كه چاك نه‌كراوه‌ته‌وه و له‌كاركه‌وتوه، ئه‌مه‌ش گرفتى دروست كردوه بۆمان».
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: به‌ڵام ئه‌وانه‌ى كه كرانه‌وه‌یه و به ده‌ست ئه‌نجامى ده‌ده‌ین هه‌مو نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان ده‌كه‌ین و گرفتێك نیه.
«ئه‌و ئامێر‌و پێداویستیانه‌ى كه پێویسته بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شه‌رگه‌رى هه‌موى له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان هه‌یه، ته‌نها هه‌ندێكجار نه‌بێت هه‌ندێك پێداویستى نه‌بوه به تایبه‌ت ده‌رمان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له كه‌لار ته‌نها ئامێرى نه‌شته‌رگه‌رى زراوه‌كه نه‌بێت ئه‌وه‌ش له هه‌وڵدان بۆ دابینكردنى»، هه‌ردى كه‌ریم، پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى له كه‌لارباسى له‌وه‌كرد.
پزیشكێك باس له‌وه ده‌كات له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان هه‌مو شتێك ده‌سته‌به‌ر نیه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانیت هه‌مو ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ى كه پێویسته بۆيان ئه‌نجام بدرێت به تایبه له روى ئامێره‌وه.
رزگار نه‌جمه‌دین، پسپۆره نه‌شته‌رگه‌رى نه‌خۆشیه‌كانى چاو له كه‌لار، ده‌ڵێت: «به‌گشتى له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان هه‌مو شتێك ده‌سته‌به‌ر نیه و تۆزێك خاو ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ش به پاساوى ئه‌وه‌ى بودجه نیه و بۆیان ته‌رخان ناكرێت، زۆرجار پێمان وتراوه كه لیستێك پڕبكه‌ینه‌وه كه چیمان پێویسته و له روى ئامێر و پێداویستیه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه بۆ 6 ساڵ ده‌ڕوات هێشتا نه‌كڕاون».
وتیشى: ئه‌گه‌ربته‌وێت هۆڵێكى تایبه‌ت به نه‌شته‌رگه‌رى چاو دروست بكه‌یت و هه‌مو پێداویستیه‌كت هه‌بێت وه‌ك ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى به‌بێ ته‌قه‌ڵ و لابردنى ئاوى سپى و هێنانى عه‌ده‌سه‌ی تایبه‌ت، تێچوى زۆرى ده‌وێت و سه‌پۆرتێكى باشى پێویسته، كه‌سێك ده‌بێت سه‌رپه‌ر‌شتى بكات جگه له پزیشك خۆى، قابیلى كردنیشه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار ته‌نها هه‌ندێك ئامێرى هه‌یه، به‌گشتى ئامێره‌كانیشی بای 20 هه‌زار دۆلار (2 ده‌فته‌ر) ده‌بن.
«له روى ئامێر و پێداویستى تایبه‌ت به نه‌شته‌رگه‌رى كه‌موكورتى هه‌یه به‌تایبه‌ت ئامێره‌كانى تایبه‌ت به نه‌شته‌رگه‌رى لوت، له كاتێكدا ئێمه كاره‌كانمان ته‌نها به ئامێر به‌ڕێوه ده‌چێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرفتى ماده پاككه‌ره‌وه‌كانى تایبه‌ت به ته‌عقیم كردنى ئامێره‌كانیش هه‌یه«. شكار نزار، پزیشكى پسپۆڕى نه‌شته‌رگه‌رى نه‌خۆشیه‌كانى قوڕگ و لوت و گوێ واى وت.
هاوكات د.هیوا پێنجوێنی، پزیشكى پسپۆڕ لە نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی گورچیلە، له لێدوانێكى پێشترى دا بۆ رادیۆى ده‌نگ، باسى له‌وه‌كرد: کە ئەو بەشەی ئەو كارى تێدا دەکات زۆربەی نەشتەرگەرییەکانی بەنازور دەکرێ، بەڵام لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار هیچ جۆرە ئامێرێكى نازور نیە، بۆیە نەخۆش ناچارە بڕوات لە نەخۆشخانەیەکی نەشتەرگەرییەکەی بکات.
هاوكات ئیسرا نازم كه‌ره‌م، پزیشكى پسپۆڕى ژنان و مناڵبون له كه‌لار، ده‌ڵێت: له‌روى ئامێر و پێداویستيه‌وه باشین و ده‌توانین نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام بده‌ین، راسته كه‌موكورتى هه‌یه، به‌ڵام گونجاوه.
«له روى ئامێره‌وه گرفتێكى ئه‌وتۆمان نیه، به‌ڵكو ئه‌مساڵ ئامێرى زۆرباشمان كڕی، زۆربه‌ى نه‌شته‌رگه‌رییه سارد و گه‌رمه‌كانیش ئه‌نجام ئه‌ده‌ین»، رزگار له‌تیف جێگرى به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى شه‌هید هه‌ژار له كه‌لار وا ده‌ڵێت.
به‌پێچه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه حكومیه‌كانه‌وه له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان زۆربه‌ى ئه‌و ئامێرانه‌ى كه پێوسستن بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى بونى هه‌یه به كوالێتیه‌كى به‌رزه‌وه.
ئه‌كره‌م مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى شاری پزیشكى گه‌رمیانى تایبه‌ت له كه‌لار باسى له‌وه كرد: «هه‌مو ئه‌و ئامێرانه‌ى كه پێویستن بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان به كوالێتیه‌كى باش كه له جیهاندا به‌ربڵاون به‌پێى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان پێداویستیه‌كان به‌رده‌ستن».
وتیشى: هه‌مو نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان ده‌كرێن وه‌ك: (قورگ و لوت و گوێ، ئێسك و شكاوى، مناڵبون و نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانى دیكه‌ى ژنان، گورچیله و میز و میزه‌رۆ، هه‌مو جۆره‌كانى تر‌ى نه‌شته‌رگه‌رى گشتى)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌م نزیكانه‌ش مێشك و ده‌ماریشمان ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ته‌واوى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان چاو.
٩. ته‌نها نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار ساڵانە 600 ملیۆن دینارى پێویستە
به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیانیش هۆكارى نه‌بونى ئامێری پێویست گرێده‌داته‌وه بۆ نه‌بونى بودجه‌وه.
سیروان محه‌مه‌د، وتى: «ئێمه له ساڵى 2020ـه‌وه كه روبه‌روى قه‌یران بوینه‌وه له روى بودجه‌وه كه لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناوه له به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌كان بۆ كڕینى ئامێر و پێداویستى، كاتێك بودجه به‌ش كرا نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار ته‌نها 60 ملیۆن دینارى به‌ركه‌وتوه ئه‌مه به‌شى كڕینى یه‌ك ئامێریش ناكات، بۆ ماوه‌ى 2 ساڵه هیچ ئامێرێكمان نه‌كڕیوه بۆ نه‌خۆشخانه‌كان، رێژه‌یه‌كى زۆرمان له ته‌نده‌رین دایه».
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بۆ هه‌ر ساڵێك به به‌رده‌وامى ئامێر و پێویستى بكڕین و چاكسازی «سیانه» بكه‌ینه‌وه، ته‌نها نه‌خۆشخانه‌ى گشتى كه‌لار 600 ملیۆن دینارى پێویست ئه‌بێت.
سه‌باره‌ت به كۆمپانیاكانى كڕین و هێنانى ئامێر بۆ نه‌خۆشخانه‌كانى گه‌رمیان، باسى له‌وه كرد: «یه‌كێكى دیكه له گرفته‌كانمان ئه‌وه‌یه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى دارایى ئه‌و ئامێرانه‌ى كه ده‌كڕدرێن یان ده‌هێنرێن له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه راسته‌وخۆ پاره‌كه‌یان پێ‌نادرێت، به‌ڵكو ده‌كرێت به قیست بۆیان، ئه‌مه‌ش وایكردوه ساردبن و نه‌یه‌نه پێشه‌وه، به‌جۆرێك كۆمپانیاى وا هه‌بوه باى 100 ملیۆن دینار ئامێری كڕیوه بۆ ته‌ندروستى، كه‌چى به 50 مانگ پاره‌كه‌یان پێداوه‌ته‌وه».
10. چالاكوانێك «پاساوه‌كانى ته‌ندروستى» ره‌د ده‌كاته‌وه
به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى له‌م نۆ حاڵه‌ى رابردودا باس كرا، چالاكوانێك پێیوایه كێشه‌كه له كه‌مته‌رخه‌مى و لێپێچینه‌وه‌یه، نه‌ك له كه‌موكورتی و هۆكارى دیكه.
ئاراس محه‌مه‌د، رۆژنامه‌نوس و چالاكوانى مه‌ده‌نى له كه‌لار ده‌ڵێت: چه‌ندین كه‌یس هه‌یه به‌تایبه‌ت ژنان و مناڵبون كه نێردراوه بۆ كه‌رتى تایبه‌ت، كه‌یس هه‌یه پزیشك به نه‌عل له نه‌خۆشى داوه كه نه‌خۆشى خۆى نه‌بوه و له نه‌خۆشخانه نه‌شته‌گه‌رى بۆ كردوه، بۆ ئه‌مانه چی كراوه؟ كام لێپێچینه‌وه كراوه؟
ئه‌و چالاكوانه پێشیوایه پزیشكان پشتیان له كه‌رتى گشتى و رویان له كه‌رتى تایبه‌ت كردوه «به جۆرێك پزیشك پێى حه‌یفه بچێت له كه‌رتى گشتى نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام بدات».
وتیشى: به‌پێى ئه‌و به‌دواداچونه‌ى كه له ماوه‌كانى رابردو كردومه، كێشه‌كه ئامێر و بینا و كات نیه، به‌ڵكو پزیشكه‌كانن كه ئیجرائات نیه به‌رامبه‌ریان له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیانه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتى نیه به سه‌ریانه‌وه.
نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، ئه‌و چالاكوانه پێشیوایه كه كه‌رتى تایبه‌ت به راده‌یه‌ك به‌هێز بون، كه مامه‌ڵه به پزیشكانه‌وه ده‌كه‌ن و كه‌سانێك هه‌ن وه‌كو تۆڕ كار له كه‌رتى تایبه‌ت دا ده‌كه‌ن، عیاده و ده‌رمانخانه و تاقیگه بۆ پزیشكه‌كان ئاماده ده‌كه‌ن و ده‌گرن و له‌گه‌ڵیاندا رێككه‌وتن و شه‌ریكایه‌تى ده‌كه‌ن، ده‌شڵێت: «ته‌نانه‌ت پزیشكی وا هه‌بوه كه نه‌چوه‌ته ژێر باریان بۆ كه‌رتى تایبه‌ت، نه‌یانهێشتوه لێره بمێنێته‌وه، چونكه بازاڕى ئه‌وانه‌ى شكاندبو».
سێیه‌م: چاودێریكردنى حكومه‌ت بۆ كه‌رتى تایبه‌ت
ته‌ندروستى گه‌رمیان به‌شێكى تایبه‌تى هه‌یه به چاودێریی و پشكنین، كه هاوكات له‌گه‌ڵ چاودێریی به‌شه‌كانى ناوخۆی، چاودێریی كه‌رتى تایبه‌تیش ده‌كات، به‌ڵام ئه‌م به‌شه زۆرتر پشت به تۆماركردنى سكاڵا ده‌به‌ستێت وه‌ك له‌وه‌ى خۆی به‌دواداچون و لێپێچینه‌وه بكات.
بۆ ئه‌مساڵ نزیكه‌ى 25 سكاڵاى جۆراوجۆر له ئاراسته‌ى ته‌ندروستى گه‌رمیان كراوه له‌سه‌ر كه‌مته‌رخه‌میه‌كان له كه‌رتى تایبه‌ت و گشتى له سنوره‌كه‌دا، به‌وته‌ى خۆیان پزیشك و كارمه‌ند له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵانه سزادراون.
ره‌حیم عه‌بدوڵڵا، لێپرسراوى هۆبه‌ى سكاڵا له به‌شى پشكنین و به‌دواداچون له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: «ئێمه 2 جۆر سه‌ردانمان هه‌یه سه‌ردانێك بۆ كه‌رتى گشتى سه‌ردانێكیش به كه‌رتى تایبه‌ته، به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه گرفتى كه‌مى كارمه‌ندمان هه‌یه كه تاوه‌كو ئێستا 2 كه‌س بوین تازه بوین به 4 كه‌س، سه‌ردان و پشكنینه‌كانمان ئه‌نجام داوه به پێى كات».
وتیشى: سكاڵامان بۆ هاتوه جۆراوجۆره كه بۆ ئه‌مساڵ نزیكه‌ى 25 دانه‌مان به‌ده‌ست گه‌شتوه، به دواداچونیشى بۆ كراوه له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رى گشتیه‌وه كه به یاداشت ئاراسته‌مان كردوه، پزیشك و كارمه‌ندیش سزا دراون له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵانه.
هاوكات به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، سیروان محه‌مه‌د، ده‌ڵێت: «ئێمه به به‌رده‌وامى چاودێرى نه‌خۆشخانه گشتى و تایبه‌ته‌كان ده‌كه‌ین و سه‌ردانیان ده‌كه‌ین، هه‌ر هاوڵاتیه‌ك چ ره‌خنه و گله‌ییه‌كى هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ى كه پێشكه‌شى ده‌كرێت و هاوكات له روى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانیشه‌وه سكاڵا تۆمار بكات، به‌دواداچون ده‌كه‌ین و كردوشمانه«.
له‌به‌رامبه‌ردا چالاكوانێك گومانى هه‌یه حكومه‌ت به‌دواداچونێكى جیدیی بۆ ئه‌م پرسه كردبێت.
كه‌ریم مه‌دحه‌ت، مامۆستاى زانكۆ و چالاكى مه‌ده‌نى، وتى: له‌لاى ئێمه هیچ ئیجرائاتێك نیه به‌رامبه‌ر پزیشك و نه‌خۆشخانه‌كان، به‌جۆرێك هاوڵاتى له ژێرده‌ستى پزیشك ده‌مرێت شته‌كه به ئاسایى وه‌رده‌گیرێت، نه‌خۆش هه‌بوه پێش ئه‌وه‌ى له تاقیگه‌وه پشكنینه‌كانى بگه‌ڕێته‌وه، نه‌شته‌رگه‌رى بۆ ئه‌نجام دراوه، ئه‌مه واتاى چى؟!
وتیشی: «لێره كه‌رتى ته‌ندروستى ته‌نها خه‌ڵك روتاندنه‌وه‌یه نه‌ك چاره‌سه‌ركردن، ئه‌مه له كاتیكدا له وڵاتانى ده‌ره‌وه له كه‌رتى حكومى خزمه‌تێكى زۆرباش ده‌كرێت كه له كه‌رتى تایبه‌تیش ئه‌وه‌ت بۆ ناكه‌ن».
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. نه‌شته‌رگه‌ری له كه‌رتى گشتى دا له‌گه‌رمیان پاشه‌كشه‌ى زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه، له‌به‌رامبه‌ردا له كه‌رتى تایبه‌ت دا به‌ره‌وپێشه‌وه چوه، ئه‌مه‌ش جگه له‌وه‌ى له‌لایه‌ك نیگه‌رانى لای هاولآتیان دروست كردوه به‌وه‌ى به‌شێكى به‌رچاو له نه‌شته‌رگه‌رییه ورد و تایبه‌تیه‌كان له نه‌خۆشخانه گشتیه‌كان دا ئه‌نجام نادرێن و خراونه‌ته نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان، له لایه‌كى تریشه‌وه سودی بۆ هاوڵاتیان هه‌بوه كه له بری په‌نا بردن بۆ نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌تى شاره‌كانى تر، له ناوچه‌كه‌ى خۆیاندا نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه ئه‌نجام بده‌ن.
2. چالاكوانان ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌یان هه‌یه كه زۆرجار هاوڵاتیان ناچار ده‌كرێن بچنه نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان و له‌وێ نه‌شته‌رگه‌ری بكه‌ن، پزیشكان و به‌رپرسانى هه‌ردو كه‌رته‌كه‌ش ئه‌مه ره‌د ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ى له‌م نێوه‌نده‌شدا ونه، نه‌بونى به‌دواداچونێكى جیدییه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ ئه‌م ده‌نگۆیانه، هه‌روه‌ها تۆمارنه‌كردنى سكاڵایه له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه.
3. ناشه‌فافیه‌تێكى زۆر هه‌یه له داتاى نه‌خۆشخانه ئه‌هلیه‌كان، له‌كاتێكدا له‌لای نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان داتاكان به‌رده‌ستن. خۆدزینه‌وه‌ى به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى كه‌لاری تایبه‌ت بۆ قسه‌كردن بۆ یه‌كه‌كه‌مان، هێنده‌ى تر ناڕونى و ناشه‌فافیه‌ت له‌كارى ئه‌و نه‌خۆشخانانه و رۆڵ و كاره‌كانیان دروست ده‌كات.
4. پزیشكان و به‌رپرسانى نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان، هۆكارى سست بونى نه‌شته‌رگه‌ریی له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان دا ده‌گێڕنه‌وه بۆ چه‌ندین هۆكار، دیارترینیان: نه‌بون و خراپی بینا و هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری، نه‌بون و كۆنى ئامێره پزیشكیه‌كان، كه‌می كاتى ته‌رخانكراو بۆ نه‌شته‌رگه‌ری، كه‌مى ژماره‌ى پزیشكی بێهۆشكار و ستافی پزیشكی.
5. هاوڵاتیان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه نرخی نه‌شته‌رگه‌ریی و خزمه‌تگوزاریی نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان گرانن و زۆربه‌یان پێیان هه‌ڵناسوڕێت، له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانى نه‌خۆشخانه ئه‌هلیه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه نرخی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیه‌وه ده‌ستنیشان كراوه، بگره پێشیان وایه له‌چاو ناوچه‌كانى دیكه هه‌رزانترن.
6. گه‌وره‌ترین كێشه‌ى له ره‌وانه‌كردنى نه‌خۆش له نه‌خۆشخانه‌ى حكومیه‌وه بۆ ئه‌هلی، په‌یوه‌سته به نه‌شته‌رگه‌ری مناڵبونه‌وه، چونكه له‌كاتێكدا له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان فلته‌رى وردی بۆ دانراوه، له ئه‌هلیه‌كاندا هیچ فلته‌رێكى نیه، ئه‌مه‌ش وایكردوه كه هاوڵاتیان زۆر به ره‌خنه و گله‌یی بن له‌وباره‌وه.
7. ژماره‌ى جۆری ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ى له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كان دا ده‌كرێن زۆرترن له ئه‌وانه‌ى حكومیین، ئه‌مه‌ش به‌شێكى په‌یوه‌سته به نه‌بونى ئامێر و هۆڵ و كه‌ره‌سته‌ى پێویسته‌وه له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان، به‌شێكى تریشی نازانرێت هۆكارى چییه.
8. له‌میانه‌ى قسه‌كردنمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حكومی، سه‌رباری جه‌خت كردنه‌وه‌یان له‌وه‌ى به‌دواداچون و چاودێریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ ئامارێكیان بۆ نه‌خستینه‌ڕو له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى له‌م ماوه‌یه‌دا چ لێپرسینه‌وه‌یه‌كیان كردوه له پزیشكان و نه‌خۆشخانه گشتى و تایبه‌ته‌كان له بابه‌تى په‌یوه‌ندی و كێشه‌كانى نێوانیان.
9. نه‌شته‌رگه‌رییه سارده‌كان، زۆرترین جۆری نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان پێكدێنن، به‌ڵام كێشه‌ى سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌یه كه ماوه‌ى ئه‌نجامدانى ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییانه له نه‌خۆشخانه حكومیه‌كاندا، رۆژانه 2 بۆ 3 كاتژمێره (9ی به‌یانى بۆ 12ى نیوه‌ڕۆ) و له‌باشترین حاڵیش دا 4 رۆژ له هه‌فته‌یه‌كدا نه‌شته‌رگه‌رى تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات نۆره‌ى هاوڵاتیان بۆ نه‌شته‌رگه‌ری زۆر دورودرێژ بێت و هاوڵاتیش به ناچارى رو له نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت بكات كه تیایدا به زویی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ى بۆ ئه‌نجام ده‌درێت.
پێشتریش سیسته‌مێك بۆ نه‌شته‌رگه‌ریه‌كانى دوانیوه‌ڕوان پیاده ده‌كرا كه به نیوه تایبه‌ت «سیمی پرایڤت» ناودێر كرابو، كه هاوڵاتى نیوه‌ى نرخی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ى ده‌دا ئه‌گه‌ر له دواى نیوه‌ڕۆوه له نه‌خۆشخانه‌ى حكومی ئه‌نجامى بدات، به‌ڵام ماوه‌یه‌كى زۆره به‌بێ بونى هۆیه‌كى رون، ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه له گه‌رمیان راگیراوه.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. كارى كه‌رتى تایبه‌تى ته‌ندروستى به‌گشتى له هه‌رێمدا زۆر گۆڕاوه و زۆر به‌رفراوان بوه، ئه‌مه‌ش پێویستى به رێكخستنه‌وه‌یه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گرنگه یاسای نوێ كه ئه‌م بواره رێك بخاته‌وه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ده‌ربكرێت، چونكه به‌بێ بونى چوارچێوه‌یه‌كى یاسایی مۆدێرن و رون، رێكخستنه‌وه‌ى ئه‌م بواره كارێكى قورس ده‌بێت.
2. ئه‌گه‌رچی هاوڵاتیان به خواستى خۆیان رو له نه‌خۆشخانه ئه‌هلیه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و رۆتین و نۆره و كێشانه‌ى له كه‌رتى گشتى دا هه‌یه، ناچار به‌مه‌یان ده‌كات. بۆیه گرنگه حكومه‌ت و وزاره‌تى ته‌ندروستی و له‌ئاستى ناوچه‌كه‌شدا ته‌ندروستى گه‌رمیان، وردتر له‌سه‌ر ئه‌م هۆكارانه بوه‌ستن و چاره‌سه‌رى گونجاوى بۆ بدۆزنه‌وه.
3. كێشه سه‌رخانیه‌كانى كه‌رتى ته‌ندروستى گشتى له نمونه‌ى نه‌بونى بینای گونجاو و ئامێری پێشكه‌وتو و ستافی باش، وایكردوه ئه‌م كه‌رته پاشه‌كشه‌یه‌كى زۆر به‌خۆیه‌وه ببینێت، ئه‌مه‌ش زه‌نگێكى مه‌ترسیداره بۆ كه‌وتنى ته‌واوه‌تى ئه‌م كه‌رته و ئیفلیج بونى له ماوه‌ى كه‌مى داهاتودا.
به‌وپێیه‌ى كه‌رتى ته‌ندروستى ده‌بێت له ئه‌وله‌ویه‌تى گرنگیپێدانى هه‌مو حكومه‌تێكدا بێت، بۆیه گرنگه حكومه‌تى هه‌رێم بایه‌خ به‌م كه‌رته بدات له رێگه‌ى پلانێكى ستراتیژییه‌وه به‌تایبه‌تى بۆ ناوچه دوره ده‌سته‌كانى وه‌كو گه‌رمیان، كه خزمه‌تگوزارییه‌كان تیایدا هێشتا له خانه‌ى سه‌ره‌تایین.
هه‌روه‌ك گرنگه ئیداره‌ى گه‌رمیانیش هاوکار بێت لە چارەسەرکردنی کشەکانی وەم کەرتە هاوشانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، خۆی و ده‌زگاكانى دیكه‌ش خه‌مى ئەم کەرتە بخۆن و هه‌وڵی به‌ره‌وپێشبردنى خزمه‌تگوزارییه‌كانى بده‌ن.
4. هه‌ست به‌وه‌ناكرێت به‌دواداچون و چاودێرییه‌كى گونجاو و تۆكمه هه‌بێت به‌سه‌ر كه‌رتى تایبه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆشاییه‌كى زۆر گه‌وره‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك حكومه‌ت له لایه‌ك خزمه‌تگوزارییه‌كانى به‌باشی بۆ هاوڵاتیان بۆ ده‌سته‌به‌ر نابێت، له‌لایه‌كى تریشه‌وه نابێته چاودێرێكى ورد و تۆكمه به‌سه‌ر كه‌رتى تایبه‌ته‌وه، كه ئه‌مه‌ش سه‌رده‌كێشێت بۆ فه‌وزا.
بۆیه گرنگه ته‌ندروستى گه‌رمیان بره‌وى زۆر به پرسی چاودێریی بدات و لیژنه‌ى تایبه‌ت بۆ چاودێریی نه‌خۆشخانه ئه‌هلیه‌كان دروست بكات و به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام چاودێرییان بكه‌ن و لێیان بپێچنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتى له‌و نێوه‌نده‌دا زیانمه‌ند نه‌بێت.
5. هه‌ندێكجار ره‌نگه كه‌مبونه‌وه‌ى ژماره‌ى خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستیه‌كان له نێویشیاندا نه‌شته‌رگه‌ریی له كه‌رتى گشتى دا، په‌یوه‌ندیی به كه‌مته‌رخه‌میی شه‌خسییه‌وه هه‌بێت، ده‌بێت ته‌ندروستى گه‌رمیان له‌مڕوه‌وه پلانی تۆكمه دابنێت و به‌دواداچون بكات، چ له‌سه‌ر ئاستى ستافی ئیدارى و چ له‌سه‌ر ئاستى ستافی پزیشكی و ته‌ندروستى، بۆ ئه‌وه‌ى بزانرێت كه‌موكورتیه‌كان له‌كوێدان و هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنى بده‌ن، هاوكات سیسته‌مى پاداشت و سزا په‌ڕه‌و بكه‌ن بۆ ئه‌و ستافانه.
6. ده‌بێت ته‌ندروستى گه‌رمیان رێنمایی و ئالیه‌تێك دابنێت كه پزیشكان ناچار بكات پابه‌ند بن به ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه، نه‌ك به مه‌زاجی شه‌خسی ئه‌و كار بكرێت، هه‌روه‌ك رێكارى پاداشت و سزا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كارا بكات و بۆ خه‌ڵكیشی ئاشكرا بكات كه كام پزیشك چالاك و كامه‌یان ناچالاكه.
7. ته‌ندروستى گه‌رمیان و لایه‌نه‌كانى دیكه ده‌بێت به‌دواداچون بكه‌ن بۆ بونى قۆرغكاری له كه‌رتى تایبه‌ت، هه‌روه‌ها هه‌وڵی دروستكردنى تۆڕ و ده‌سته له‌نێو كه‌رتى تایبه‌ت دا، كه به زیانى هاوڵاتى بشكێته‌وه.
8. له‌ماوه‌كانى رابردودا لایه‌نه ئه‌منیه‌كان هه‌ستان به ئاشكرا كردنى دۆسیه‌یه‌كى به‌كارهێنانى كه‌ره‌سته و پێداویستی پزیشكی گشتى له نه‌خۆشخانه‌یه‌كى تایبه‌ت، دادگاش له‌مڕوه‌وه به‌دواداچونى خۆی كرد و حوكمی ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندى دا، گرنگه ئه‌م رێكارانه به‌رده‌وام بن و له‌م دۆسیه‌یه‌دا كۆتایی پێنه‌یات.