یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، بیست و یه‌كه‌م راپۆرتى مانگانه‌ى بڵاوكرده‌وه كه تایبه‌ته به: "سەوزایی لە گەرمیان و کێشەکانی".
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە.
راپۆرته‌كه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، به وردیی باسى له رێژه‌ى سه‌وزایی له سنورى گه‌رمیان كردوه و هه‌روه‌ك ئه‌و هۆكارانه‌ش رونكراوه‌ته‌وه بۆ رێژه‌ى سه‌وزایی له گه‌رمیان كه‌متره له ستانداردى جیهانى بۆ سه‌وزایی، له‌گه‌ڵ رۆڵ و پلانى حكومه‌ت بۆ زیادكردنى رێژه‌ى سه‌وزایی له گه‌رمیان.
له كۆتاییشدا وه‌ك سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانى دیكه، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده خراونه‌ته‌ڕو به ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكورتیه‌كان.
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه، به ئامانجی تیشكخستنهسهر ئه‌و بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی.
1. رێژه‌ى سه‌وزایى له قه‌زاكان
به‌پێى ئاماره‌كانى به‌شى باخچه‌كان له سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانیه‌كان له قه‌زاكان رێژه‌ى سه‌وزایى له سنورى شاره‌وانیه‌كان نه‌گه‌شتوه‌ته نیوه‌ى ئاستى ستاندارد.
ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: «رێژەی سەوزایی ئه‌وه‌ى جێگیربێت گەیشتوەتە % ٧.
ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه، ئه‌و رێژه سه‌وزاییه به‌شێكى هى دارستانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوه‌ن و كشتوكاڵیشى تێكه‌وتوه، به جۆرێك 300 دۆنمى هى دارستان و پاوه‌نه، 60 دۆنمى باخى زه‌یتونه و 30 دۆنمیشى باخى مزرهمهنیه كه هى كشتوكاڵه.
وتیشى: زۆربه‌ى شه‌قام و شۆسته و باخچه‌كانى شارى كه‌لار سهوزكراون، به‌ڵام تا ئێستا ئامارێكى رون نیه، چونكه به‌شێكى باخچه‌كان سه‌وز نه‌كراون، هاوكات ماسته‌ر پلانى ورد نیه بۆ قه‌زاكه و خه‌ریكى ئاماده‌كردنى ماستهرپلانێكى ته‌واوین.
جیاواز له وته‌كانى سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار له‌سه‌ر رێژه‌ى سه‌وزایى له سنوره‌كه كه باس له‌وه‌ده‌كات رێژه‌ى سه‌وزایى گه‌شتوه‌ته %7، به‌رپرسى باخچه‌كان له هه‌مان شاره‌وانى ده‌ڵێت: رێژه‌كه گه‌شتوه‌ته %18.
ئارام نه‌جمه‌دین، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى كه‌لار ده‌ڵێت: «رێژه‌ى سه‌وزایى به‌پێى دواین ئامار به كۆى گشتى و به ته‌واوى ئه‌و باخانهشى كه له ده‌ورو به‌ریدا گه‌شتوه‌ته %18».
«له ساڵى 2015 رێژه‌ى سه‌وزایى له قه‌زاكه 4.20 بوه وه له دواى ئه‌و به‌رواره تاوه‌كو ئێستا رێژه‌كه گه‌شتوه به 8.53، چونكه له 2015 ته‌نها 25 باخچه‌مان هه‌بوه و له دواى ئه‌وه تاوه‌كو ئێستا 47 باخچه‌مان دروست كردوه، به جۆرێك ته‌نها له 6 مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ 6 باخچه‌مان دروست كردوه«، هارون حه‌مه‌ره‌شید، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كانى شاره‌وانى له قه‌زاى كفرى واده‌ڵێت.
ده‌شڵێت: هیچ ساڵێك نه‌بوه له 4 هه‌زار كه‌متر نه‌مام بچێنین، هه‌ندێكجار گه‌شتوه‌ته 6 هه‌زار نه‌مام، بۆ شه‌ش مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵیش 3 هه‌زار نه‌ماممان چاندوه.
سه‌باره‌ت به ئه‌و جێگانهى كه نه‌مامى لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: ئێمه چه‌ند جێگه‌یه‌كمان هه‌یه شهتڵگهیهكى تایبه‌ت به خۆمان هه‌یه وه شهتڵگهى كشتوكاڵمان هه‌یه كه 9 دۆنم زه‌وى هه‌یه بۆ به‌رهه‌مهێنانى نه‌مام كه به‌رده‌وام لێى دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كاندا.
2. رێژه‌ى سه‌وزایى له ناحیه‌كان
به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى كه به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌كان باسى لێوه‌ده‌كه‌ن رێژه‌ى سه‌وزایى نه‌گه‌شتوه‌ته چاره‌كێك له ستاندارد.
ئه‌یوب كه‌ریم، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى وتى: «رێژه‌ى سه‌وزایى له ساڵى 2015 بۆ 2019 %1.39 بوه، به‌ڵام له دواى 2019 زیادى كردوه بۆ 4.39، رێژه‌كه‌ش به‌و پێه‌ى دیارى ئه‌كرێت روبه‌رى ناحیه‌كه 2648 دۆنمه، ئه‌و روبهرشى كه كراوه به سه‌وزایى 116.7 دۆنمه«.
باسى له‌وه‌شكرد: كۆى گشتى 25 باخچه‌مان هه‌یه و دروست كراوه و پاركێكمان هه‌یه كه روبه‌ره‌كه‌ى 14 دۆنمه، ئه‌و باخچانه‌ش له دواى ساڵى 2019 دروستكراون، له ساڵى 2019 بۆ 6 مانگى ئه‌مساڵ 15 هه‌زار و 188 نه‌مامى ئه‌لبیزیا و ئه‌كاسیا و گوڵهمینامان چاندوه.
هاوكات، عه‌لى محه‌مه‌د، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور ده‌ڵێت: «رێژه‌ى سه‌وزایى له ساڵى 2015 بۆ2019 ته‌نها %2 بو، به‌ڵام له ساڵى 2019 بۆ 2021 رێژه‌كه‌مان زیاد كردوه بۆ %3، هه‌مو ساڵێك 500 بۆ 600 دارمان له ناحیه‌كه چاندوه، كه‌چى ئه‌مساڵ ته‌نها 60 دارمان چاندوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بوه به پاره له كاتێكدا پێشتر له مهشتهلهكانى قه‌زاى كفرى و كه‌لار ئهمانهێنان».
وتیشى: به دۆنم رێژه‌ى سه‌وزایمان نیه، ئه‌وه‌ى هه‌یه ده‌ورى شۆسته‌كان به‌ینى شه‌قامه‌كان و باخچه‌كانمان هه‌یه، كه 5 باخچه‌یه، بۆیه له ماوه‌ى زیاتر له 6 ساڵ 1200 دارمان چاندوه، ئه‌گه‌رچى له‌و رێژه‌یه‌ش زیاتر بوه، به‌ڵام له ناویان بردوه.
3. به چ پێوه‌رێك رێژه‌ى سه‌وزایى دیارى ده‌كرێت
تاوه‌كو ئێستا هیچ پێوه‌رێكى وردى دروست نیه بۆ دیاریكردنى رێژه‌ى سه‌وزایى له گه‌رمیان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌یه ته‌نها روبه‌رى ئه‌و رێژه سه‌وزاییه‌ى كه له قه‌زاكه یاخود ناحیه‌كه‌دا هه‌یه دابه‌شى روبه‌رى ته‌واوى قه‌زاكه یاخود ناحیه‌كه ده‌كرێت ئه‌وكات رێژه‌كه دیارى ده‌كرێت، كه ئه‌مه له‌روى زانستیه‌وه گونجاو نیه.
هارون حه‌مه‌ره‌شید، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كانى شاره‌وانى قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: «رێژه‌ى سه‌وزایى به گوێره‌ى دۆنم دیارى ده‌كه‌ین بۆ نمونه كۆى گشتى 186 هه‌زار دۆنممان سه‌وزاییه له قه‌زاى كفرى، ئه‌و روبه‌ره دابه‌شى روبه‌رى ته‌واوى قه‌زاى كفرى ده‌كه‌ین رێژه‌كه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت».
به‌هه‌مان شێوه، نیهاد وه‌لى، لێپرسراوى به‌شى باخچه‌كان له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان باسى له‌وه كرد: هیچ ئامیرێك نیه بۆ دیارى كردنى رێژه‌ى سه‌وزایى له گه‌رمیان، ئه‌وه‌ى هه‌یه به‌پێى روبه‌رى گشتى شاره‌كه و رێژه‌ى سه‌وزایی دیارى ده‌كه‌ین.
4. پسپۆڕێك ئامارى جیاوازی لایه له‌باره‌ى رێژه‌ى سه‌وزاییه‌وه
عه‌بدولمته‌لب ره‌فعه‌ت، مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕی بوارى به‌ڕێوبردنى ژینگه و سه‌رچاوه‌كانى ئاو، پێیوایه رێژەى سەوزایى لە گەرمیان زۆر کەمترە لە ستاندەرى جیهانى کە دەبێت لە نێوان (١٥-٣٠%) بێت، وتیشی: لە گەرمیاندا سەرەڕاى نەبوونى هاوسەنگى ئاوهەوا و گرفتى شوێنى جوگرافى ناوچەکە کە ده‌كه‌وێته ناوچەى وشک ونیمچەوشکەوە و سه‌رباری وسەرەڕاى کاریگەرى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا لە سەری، بەڵام تا ئێستا کارى جدى لە سەر بەرزکردنەوەى رێژەى سەوزایى نەکراوە.
ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه ئەوەى کە تا ئێستا وتا ڕادەیەکى زۆر کەم ئیشى لە سەر کراوە تەنها رێژەى سەوزاییە لە ناوەندى شارەکان، کەچى رێژەى سەوزایى و پۆشاکى روەکى لە دەرەوەى شارەکان بە هیچ شێوەیەک ئیشى لە سەر نەکراوە.
وتی: ئەو رێژەیەى کە دانراوە (١٥-٣٠%) وەکو ستاندەر دەبێت ناوەند ودەرەوەى شار بگرێتەوە بە گشتى، چونکە نەبونى پۆشاکى روەکى لە دەرەوەى شار و لە دەشتاییەکان وادەکات کە زەوى رێژەیەکى زۆر لە تیشکى خۆر هەڵمژێت و رێژەیەکى کەمتر بگەرێنێتەوە بۆ بەرگى هەواویی، بۆیە ئەمە هۆکارى سەرەکییە بۆ بەرزبونەوەى پلەکانى گەرما به‌تایبه‌ت به گه‌رمیان.
سه‌باره‌ت به رێژه‌ى سه‌وزاى له سه‌نته‌رى قه‌زاكان هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: رێژەى سەوزایى لە ناوەندى شارى کفرى ٨.٦% و لە ناوەندى شارى کەلار تەنها ٧.٣%ـه، بەڵام ئەگەر رێژەى سەوزایى لە هەمو گەرمیان حساب بکرێت بە دەرەوەى ناوەندى شارەکانەوە، ئەوە کەمتر دەبێت لە ٢%.
5. به‌شى زۆرى سه‌وزاییه‌كانى گه‌رمیان سیسته‌مى ئاودانى نیه
سه‌ربارى پێشكه‌وتنه‌كان، به‌ڵام تا ئێستا زۆربه‌ى سه‌وزاییه‌كانى سنورى گه‌رمیان به تانكه‌ر یان به بیرى ئیرتیوازى ئاو ده‌درێن و سیسته‌مى ئاودانیان نیه.
عه‌لى محه‌مه‌د، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور ده‌ڵێت: «ئێمه گرفتى كه‌م ئاویمان هه‌یه له ناحیه‌كه به ته‌نكه‌ر ئاو دابین ئه‌كه‌ین، نه بیرى ئیرتیوازیمان هه‌یه نه سیسته‌مى دڵۆپاندن».
به‌هه‌مان شێوه، ئه‌یوب كه‌ریم، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى وتى: «شێوازى ئاودان یه‌كێكى تره له گرفته‌كان، چونكه تائێستا پشت به تانكه‌ر ده‌به‌سترێت و به 5 تانكه‌ر و 3 بیرى ئیرتیوازی ئاوى سه‌وزاییه‌كان ده‌ده‌ین و سیسته‌مى مورهشهش نیه، به‌ڵكو بۆرییه».
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: باشترین سیسته‌م دڵۆپه كه تاوه‌كو ئێستا له ناحیه‌كه دانه‌نراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تێچوى پێویسته.
«ئاودان بیرى ئیرتیوازى و ته‌نكه‌ره، سیسته‌مى دڵۆپاندنمان نیه، چونكه ئاوه‌كه خاوێن نیه و توشى گرفت ده‌بین»، هارون حه‌مه‌ره‌شید، سه‌رۆكى به‌شى باخچه‌كانى شاره‌وانى له قه‌زاى كفرى هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد.
6. ته‌نها له كه‌لار سیسته‌مى دڵۆپین به‌كارهێنراوه
به پێچه‌وانه‌ى قه‌زا و ناحیه‌كانى گه‌رمیان سیسته‌مى ئاودانى دڵۆپین له به‌شێك له سه‌وزاییه‌كانى شهقامهكانى كه‌لار جێبه‌جێكراوه و سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لاریش جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه به‌رده‌وام ده‌بن بۆ زیاتر په‌ره‌دان به‌و سیسته‌مه.
ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار وتى: «له ئێستادا به‌شێك له‌و شوێنانه‌ى كه سه‌وزایى تێدا چێنراوه به‌تایبه‌ت له شه‌قامه‌كان كراون به سیسته‌مى دڵۆپین، له پلانماندایه به‌رده‌وامى به‌و سیسته‌مه بده‌ین، چونكه ئاو كه‌م به فیڕۆ ده‌دات هاوكات سودهكهشى ته‌نها بۆ داره‌كه‌یه».
سه‌باره‌ت به سودى سیسته‌مى دڵۆپین تاچه‌ند پێویستى شاره‌وانى بۆ كرێكار كه‌م ده‌كاته‌وه، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار جه‌ختى كردوه به بونى ئه‌و سیسته‌مه ده‌ستى كرێكارمان كه‌متر پێویست ده‌بیت، هاوكات كه‌متریش ماندو ده‌بن، به‌ڵام له ئێستادا به‌شێكى سیسته‌مى دڵۆپینه، تهنكهرمان هه‌یه له‌گه‌ڵ مورهشهشدا كه له بیرى ئیرتیوازییه‌وه دابینى ده‌كه‌ین.
هاوكات، ئارام نه‌جمه‌دین، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى كه‌لار ده‌ڵێت: ده‌رخسته‌یه‌كمان كردوه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مو كه‌لار بكه‌ین به دلۆپین، به‌ڵام تا ئێستا نه‌مانكردوه به هۆكارى به‌رده‌ست نه‌بونى بودجه‌ی پێویست.
باسى له‌وه‌شكرد: كارمه‌ندى پێویست و شاره‌زاشمان نیه بۆ ئه‌و بابه‌ته و له پلانماندایه خولى تایبه‌ت بكه‌ینه‌وه بۆ به‌شێك له كارمه‌نده‌كانمان.
به‌ڵام له قه‌زاى كفری دا تاوه‌كو ئێستا به ته‌نكه‌ر باخچه و شوێنه سه‌وزاییه‌كان ئاو ده‌درێن.
قادر فاتیح، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: «سیسته‌مى دلۆپینمان نیه و له كاتى خۆی دا پرۆژه‌یه‌كى باش بۆ كفرى نه‌كراوه جا به هه‌ر هۆكارێك بێت، قه‌یرانى دارایش دهستمانى به‌ستوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ى له به‌رده‌ستمانه ته‌نها ده‌توانین له ئێستا ته‌نها ناوچه‌كه سه‌وز بكه‌ین».
7. پلان چیه بۆ زیادكردنى رێژه‌ى سه‌وزایى له گه‌رمیان؟
به‌پێى وته‌ى به‌رپرسان پلانى به‌رده‌وام هه‌یه بۆ زیاتركردنى رێژه‌ى سه‌وزایى له سنورى گه‌رمیان به قه‌زا و ناحیه‌كانه‌وه، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن چاوه‌ڕوانى وه‌رزى چاندنى نه‌مامن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به كاره‌كانیان بكه‌ن له دروست كردنى پارك و باخچه.
عه‌لى محه‌مه‌د، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور ده‌ڵێت: «پرۆژه‌یه‌كمان هه‌یه له مانگى 9 بۆ 10 رێژه‌ى سه‌وزایى له نێو ناحیه‌كه زیاد بكه‌ین، به جۆرێك 1000 نه‌مامى گوڵى مینا ده‌چێنین، بۆ زیادكردنى رێژه‌ى سه‌وزایى له ده‌روازه‌ى ناحیه‌كه و دروستكردنى باخچه‌ى بچوك».
به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: ئێمه به‌رده‌وامین له چاندنى نه‌مام و زیادكردنى رێژه‌ى سه‌وزایی و نه‌وه‌ستاوین، بۆ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ 1 باخچه‌مان دروست كردوه، هاوكات 1 دانه‌شمان له قۆناغى جێبه‌جێكردن دایه.
«ئێمه پلانى به‌رده‌واممان هه‌بوه بۆ زیادكردنى رێژه‌ى سه‌وزایى له ته‌واوى گه‌رمیان، ئه‌و جێگانهى كه له ماسته‌ر پلان دانراون به‌رده‌وام هه‌وڵدراوه سهوزبكرێن، ئه‌گه‌رچى قه‌یرانى دارایی كاریگه‌رى هه‌بو له سه‌ر كاره‌كانمان، به‌ڵام نه‌وه‌ستاین». نیهاد وه‌لى، لێپرسراوى به‌شى باخچه‌كان له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان واى وت.
به‌پێى ئامارێكى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان رێژه‌ى سه‌وزایى و چاندنى نه‌مام به‌و شێوه‌یه‌یه:
8. گه‌رمیان پاركى گه‌وره‌ى تێدا نیه
به‌پێى ئامارێكى به‌شى باخچه‌كان له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان، له ماوه‌ى شه‌ش مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا 88 دۆنم و 500 مه‌تر رێژه‌ى سه‌وزایى كراوه به باخچه كه 58 دۆنمى له قه‌زاى كه‌لار 30 دۆنمى له ناحیه‌ى رزگارى بوه، به‌ڵام له قه‌زاى كفرى و ناحیه‌كانى تر به دۆنم نه‌بوه سه‌وزاى زیاتر بكرێت، به‌ڵكو ته‌نها به رێژه دار نێژراوه بۆ نمونه 5 بۆ 6 هه‌زار نه‌مام له قه‌زاى كفرى نێژراوه.
هاوكات له ساڵى (2018 بۆ 2019) له سنورى گه‌رمیان 143 باخچه دروست كراوه، جگه له‌وه‌ى بۆ 6 مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ 25 باخچه‌ى دیكه‌ش دروست كراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ساڵى 2020 هیچ ئامارێكى دروست كردنى باخچه تۆمار نه‌كراوه.
ئامارى دروستكردنى باخچه له ساڵى (2018 بۆ 2019) به‌مشێوه‌یه‌یه:
سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار وتى: پلانى به‌رده‌واممان هه‌یه بۆ زیاتركردنى رێژه‌ى سه‌وزایى، به جۆرێك كار بۆ دروستكردنى پاركێكى گه‌وره ده‌كه‌ین له شارى كه‌لار، جگه له دروستكردنى باخچه به به‌رده‌وامى.
ئه‌كره‌م ساڵح، باس له‌وه ده‌كات: ئێمه پلانى به‌رده‌واممان هه‌یه له هه‌ر شوێنێك گونجاو بێت ده‌یكه‌ین به سه‌وزایى و باخچه، له ئێستادا پلانمانه پاركێكى گه‌وره دروست بكه‌ین له به‌رزاییه‌كانى به‌رده‌سور خه‌ریكى ئاماده‌كارین و نه‌خشه‌سازى بۆ ئه‌كه‌ین، هۆكارى دواكهوتنهكهشى قه‌یرانى دارایی و نه‌بونى زه‌وى پێویست بوه.
«له پلانماندایه به پانتاى 50 مه‌تر و به‌درێژاى جاده‌یی پشتێنه‌ى كه‌لار دارستانى ده‌ستكرد دروست بكه‌ین، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌كراوه، هۆكاره‌كه‌شى نه‌بونى بودجه‌ى پێویست و نه‌بونى سه‌رچاوه‌ى ئاو و نه‌بونى كارمه‌ند بوه، بۆیه پلانه‌كه‌مان هه‌یه به‌ڵام پێویستى به كاره«، ئارام نه‌جمه‌دین، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى كه‌لار وا ده‌ڵێت.
قادر فاتیح، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كفرى وتى: له پلانمان هه‌یه چه‌ند باخچه‌یه‌كى تایبه‌ت دروست بكه‌ین بۆ جێگه‌ى دانیشتن له قه‌زاكه، هاوكات ئه‌و شوێنانه‌ى كه جێگه‌ى سه‌وزاییه بیكه‌ین به سه‌وزایى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتێنه‌یه‌ك بۆ ده‌ورى شار دروست بكه‌ین، له پلانمانه بیكه‌ین به دارى كنار چونكه به‌رگه گرتنى زۆره بۆ گه‌رما.
وتیشى: وه‌ك ده‌رخسته هیچ ده‌رخسته‌یه‌كمان بۆ ئه‌وه ئاماده نه‌كردوه، چونكه برى بودجه‌ى پێویستمان له‌به‌رده‌ست نیه له ئێستا، به‌ڵام كۆبونه‌وه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كردوه.
9. به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوان به پاره نه‌مام ده‌ده‌نه شاره‌وانیه‌كان
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوه‌نى گه‌رمیان له 2015 تاوه‌كو 2020، (585 هه‌زار و 410) نه‌مام به‌رهه‌مهێنراوه، له‌و رێژه‌یه‌ش (445 هه‌زار و 348) نه‌مامى فرۆشراوه و دابه‌ش كراوه له گه‌رمیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا %80ى ئه‌و به‌رهه‌مانه شاره‌وانیه‌كان لێى سودمه‌ند بون.
ره‌شید به‌كر، به‌ڕێوبه‌رى دارستان و پاوانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: «ئێمه به‌رده‌وام پلانى درێژخایه‌نمان هه‌بوه به‌پێى ئه‌و بودجه‌یه‌ى له به‌رده‌ستمان بوه بۆ زیادكردنى رێژه‌ى سه‌وزایى و به‌رهه‌مهێنانى نه‌مام له گه‌رمیان، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه ئاسته‌نگمان بۆ دروست بوه».
ده‌شڵێت: له مانگى 9ى ساڵى 2020ـه‌وه به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى دارایى و وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ئه‌و نهمامانهشى كه ده‌درێت به فه‌رمانگه‌كان به بڕێك پاره‌ى ره‌مزى پێیان بدرێت و به‌بێ به‌رامبه‌ر نه‌ماوه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى خۆى هه‌بو له‌سه‌ر زیادكردنى رێژه‌ى سه‌وزایى، چونكه هه‌ر فه‌رمانگه و به‌پێى ئه‌و بودجه‌یه‌ى له به‌رده‌ستى دایه نه‌مام ده‌كڕێت.
10. دارستان و پاوان شاره‌وانیه‌كان ناچار ده‌كات پشت به مهشتهلهكانى خۆیان ببه‌ستن
پێشتر به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوان ساڵانه ژماره‌یه‌كى زۆر نه‌مانى ده‌دایه شاره‌وانیه‌كان بۆ زیادكردنى سه‌وزایی، به‌ڵام ئێستا كراوه‌ته پاره.
نیهاد وه‌لى، لێپرسراوى به‌شى باخچه‌كان له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان وتى: بۆ ئه‌مساڵ كۆمه‌ڵێك رێنماى هاتوه بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوان كه به پاره دارمان پێبده‌ن ئه‌مه كاریگه‌رى هه‌بو له‌سه‌رمان، چونكه ئێمه ساڵانه 33 بۆ 35 هه‌زار نه‌ماممان له ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه وه‌رگرتوه و چاندومانه له گه‌رمیان، بۆ نمونه ته‌نها ساڵى 2019، 37 هه‌زار نه‌ماممان لێیان وه‌رگرتوه، بۆیه ئێستا هه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه و به‌پێى نه‌سرییه‌ى خۆى ده‌توانێت دار بكڕێت.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر چیه بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌ى سه‌وزایى له سنوره‌كه زیاتر ببێت كه ئه‌و بریاره ده‌ركراوه له‌لایه‌ن دارستان و پاوانه‌وه؟ نیهاد وه‌لى وتى: چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه گرنگى به مهشتهلهكانى خۆمان بده‌ین به‌تایبه‌ت له قه‌زاكانى كفرى و كه‌لار، به‌ڵام توانا‌مان نیه بۆ ناحیه دوره ده‌سته‌كان و نه‌مان توانیوه مهشتهلى تایبه‌ت دروست بكه‌ین، چونكه كارمه‌ندى پێویسته، بۆیه ده‌توانین هاوكارى ناحیه‌كانى تریش بكه‌ین، كاریگهرییهكانیشى بۆ ساڵى داهاتو ده‌رئه‌كه‌وێت.
11. كێ جۆرى داره چێنراوه‌كان دیارى ده‌كات؟
له دیاریكردنى جۆرى ئه‌و دارانه‌ى كه له گه‌رمیان ده‌چێنرێن، زیاتر پشت به ئه‌زمون به‌ستراوه وه‌ك له پسپۆڕى بواره‌كه، ئه‌مه‌ش به وته‌ى به‌شێكى به‌رپرسانى باخچه‌كان له شاره‌وانیه‌كان.
عه‌لى محه‌مه‌د، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور ده‌ڵێت: خۆمان جۆرى داره‌كان دیارى ده‌كه‌ین به‌پێى ئه‌و شاره‌زاییه‌ى كه هه‌مانه كه چ دارێك گونجاوه، كه دیارترینیان دارى (ئه‌لبیزیا و ژاڵه)یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه گرفتى خاكه‌كه‌مان هه‌یه كه چه‌ندین دارمان له‌ناوچوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌رده‌ڵانه، به‌تایبه‌ت ئه‌و دارانه‌ى كه له‌لاى قوله‌ى باوه‌نور چاندمان كه یه‌ك مه‌تر شوێنه‌كه‌مان بۆ قۆڵ كرد هه‌ر سه‌رى نه‌گرت.
«خۆمان جۆرى داره‌كان دیارى ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌ى ئه‌و باخچه‌ى كه دیارى ده‌كه‌ین، دارى ئه‌لبیزیا باشترینه و به‌رگه‌ى گه‌رما ده‌گرێت هاوكات بۆ نه‌خۆشی كه‌متر توش ده‌بێت و ئاوى كهمتریشى پێویسته، بۆیه له %70ى ئه‌و داره‌ى كه له قه‌زاكه چێنراوه ئهلبیزیایه، ئه‌گه‌رچى چه‌ند جۆرێكى تریشمان هه‌یه وه‌ك گوڵ و دارى واشنتۆن». هارون حه‌مه ره‌شید، سه‌رۆكى به‌شى باخچه‌كانى شاره‌وانى كفرى وتى.
شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگاریش رێگه‌یه‌كى جیاوازى نیه له دیارىكردنى داره‌كان و هاوتاى شاره‌وانیه‌كانى دیكه‌یه له هه‌ڵبژاردنى جۆره‌كانیدا.
ئه‌یوب كه‌ریم، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى وتى: «ئێمه خۆمان جۆرى داره‌كان دیارى ده‌كه‌ین به‌پێى ئه‌و شاره‌زاییه‌ى كه هه‌مانه، بۆمان ده‌ركه‌وتوه كه دارى (ئه‌لبیزیا، ئه‌كاسیا و گوڵه مینا) گونجاوه بۆ گه‌رمیان».
زۆرترین ئه‌و داره‌ى كه له گه‌رمیان سه‌ركه‌وتوبوه ئهلبیزیایه، هاوكات (چنارى هۆڵه‌ندى و واشنتۆنیا و گوڵه قاوه‌یی و ئه‌كاسیا و ده‌دۆنیا)ش به‌هه‌مانشێوه سه‌ركه‌وتو بون، ئه‌مه‌ش به‌پێى وته‌ى به‌رپرسانى شاره‌وانیه‌كانى سنوره‌كه.
سه‌باره‌ت به جۆرى داره‌كان كه كێ بڕیارى له‌سه‌رده‌دات كه گونجاوه بۆ ناوچه‌كه لێپرسراوى به‌شى باخچه‌كان له به‌ڕێوبه‌رایه‌تى شاره‌وانیه‌كان گه‌رمیان جه‌ختیكرده‌وه كه خۆیان بریارى له‌سه‌ر ده‌ده‌ن به پێى ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ى كه كردویان له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌مام و دارنهى كه هێناویانه‌ته سنوره‌كه.
له وڵاته پێشكه‌وتوه‌كان بۆ دروستكردنى باخچه و چاندنى نه‌مام، پشكنینى تایبه‌ت بۆ خاكه‌كه‌ى ئه‌نجام ده‌درێت كه تا چه‌ند گونجاوه بۆ چاندنى نه‌مام تێیدا، به‌ڵام ئه‌مه له گه‌رمیان نه‌كراوه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌یه له‌لایه‌ن ئه‌ندازیارێكى كشتوكاڵیه‌وه دیارى ده‌كرێت.
ره‌شید به‌كر، به‌ڕێوبه‌رى دارستان و پاوانى گه‌رمیان هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: «پێوه‌رێك یان ئامێرێكى دیاریكراومان نیه بۆ دیاریكراوى زه‌وى بۆ چاندنى دار له‌و جێگانه، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵیه‌وه و پسپۆر له بواره‌كانى خاك و ئاوى ژێرزه‌وی شوێن دیارى ده‌كه‌ین، بۆیه شوێنى وامان هه‌بوه روبهرهكهشى فراوان بوه و گونجاو نه‌بوه بۆ چاندنى دار، بۆیه نه‌مان كردوه».
12. شاره‌وانى داره چێنراوه‌كان ده‌بڕێته‌وه!
له كاتێكدا به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان قه‌ده‌غه‌یه دار ببڕێته‌وه، كه‌چى خودی شاره‌وانى كه‌لار داره‌كانى ناو بازاڕى شاره‌كه ده‌بڕێته‌وه.
ئارام نەجمەدین، بەرپرسی بەشی باخچەکان لە شارەوانی کەلار دەڵێت: «ھۆکاری بڕینەوەی دارەکانی نێو بازاری کەلار ئەوەیە کە لە ساڵانی پێشوتر كه چێنراوه ئەوە رەچاو نەکراوە ئەو دارانە کە گەورە دەبن ئاستەنگ بۆ ھاوڵاتیان دروست دەکات».
وتیشی: بەھۆی چڕی ریشکی دارەکەوە گرفتی بۆ شەقامەکەش دروست دەکرد کە خراپ دەبو، بۆیە ناچاربوین بیان بڕینەوە و بڕیاره لە شوێنیان نەمامی دیکە بچێنین، بەڵام بەھۆی نۆژەنکردنەوەی شەقامی نێو بازار تاوەکو ئێستا ھیچ نەمامێکمان نهچاندوه.
سەبارەت بە خراپ بون و وشک بونەوەی نەمام لە سنوری شارەوانی کەلار، بەرپرسی بەشی باخچەکان لە وەڵامدا رایگەیاند: خراپ بون و لە ناوچونی نەمام لە سنوری شارەوانیمان بەو رێژەیە نیە تۆمار کرابێت.
13. نه‌بونى كارمه‌ند بۆ چاودێریكردنى باخچه و سه‌وزاییه‌كانى گه‌رمیان
گرفتى نه‌بونى كارمه‌ندى پێویست یه‌كێكه له‌و كێشانه‌ى كه روبه‌ڕوى به‌شێكى زۆرى به‌شى باخچه‌كان بوه‌ته‌وه له شاره‌وانیه‌كان، وه‌كخۆیان ده‌ڵێن به‌هۆى كه‌مى كارمه‌نده‌وه ناتوانین به‌سى پێویست خزمه‌تى ئه‌و رێژه سه‌وزاییانه بكه‌ن كه له سنوره‌كه هه‌یه.
عه‌لى محه‌مه‌د، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور ده‌ڵێت: گرفتى كارمه‌ند یه‌كێكه له كێشه دیاره‌كانى ئێمه، بۆ نمونه به‌شه‌كه‌ى من 8 كارمه‌ندمان هه‌یه، له كاتێكدا پێویستمان به 15 بۆ 20 كارمه‌ندى دیكه هه‌یه، چونكه 3 باخچه‌مان هه‌یه و كارمه‌ندى نیه چاودێرى بكات، خۆم سه‌رپه‌رشتى ده‌كه‌م و ئاگام لێیه‌تى.
«ئێمه كۆمه‌ڵێك گرفتمان هه‌یه ئه‌ویش نه‌بونى كارمه‌ندى پێویست كه 57 كارمه‌ندمان هه‌یه هه‌موى گرێبه‌سته، پێویستمان به 25 بۆ 30 كارمه‌ندى دیكه هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش نه‌بونى ئامێرى پێشكه‌وتو یه‌كێكى دیكه‌یه له گرفته‌كان كه ناتوانین وه‌كپێویست كارى خۆمان بكه‌ین»، هارون حه‌مه‌ره‌شید، سه‌رۆكى به‌شى باخچه‌كانى شاره‌وانى كفرى جه‌ختی لێكرده‌وه.
ئه‌یوب كه‌ریم، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى وتى: «گه‌وره‌ترین كێشه‌مان كه‌مى كارمه‌نده كه ناتوانین كاره‌كانمان به‌جوانى ئه‌نجامبده‌ین كه 44 كرێكارمان هه‌یه ئه‌ویش 39 یان گرێبه‌سته«.
ده‌شڵێت: له ئێستا پێویستمان به 50 بۆ 60 كرێكار هه‌یه كه بتوانین كۆنترۆڵى كاره‌كانمان بكه‌ین.
ئارام نه‌جمه‌دین، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى كه‌لار وتى: «ئێمه كارمه‌ندمان وه‌كپێویست نیه و نزیكه‌ى 50 كارمه‌ندمان پێویسته، ئێستا خۆمان 120 كارمه‌ندمان هه‌یه ئه‌وه‌شى كه هه‌مانه هه‌موى كارى باخچه ناكه‌ن، هه‌مو كارێك ئه‌نجام ده‌ده‌ن».
14. قه‌یرانى دارایی كاری له ده‌وامكردن كردوه
قه‌یرانى دارایى و كه‌مبونه‌وه‌ى ده‌وامى فه‌رمانبه‌ران یه‌كێكى دیكه له‌و گرفتانه‌ى كه روبه‌روى به‌شێك له فه‌رمانگه‌كان بوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوان، وه‌ك خۆیان باسى لێوه‌ده‌كه‌ن ناتوانن چاودێرى ئه‌و جیگانه بكه‌ن كه نه‌مامیان پێیان داوه.
ره‌شید به‌كر، به‌ڕێوبه‌رى دارستان و پاوانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: قه‌یرانى دارایی و به سه‌ره «تناوب» ده‌وامكردنى فه‌رمانبه‌ران وایكردوه نه‌توانین وه‌كپێویست چاودێرى ئه‌و جێگایانه بكه‌ین كه نه‌ماممان پێداون بۆ چاندن، له پێشتر به لیژنه سه‌ردانى فه‌رمانگه و ئه‌و شوێنانه كراوه‌ته‌وه، بۆیه ته‌نها شاره‌وانى نه‌بێت رونه و دیاره نهمامهكانى چى لێكردوه.
باسى له‌وه‌شكرد: زۆربه‌ى نهمامهكانمان به هه‌ڵمه‌ت بوه و خۆمان له هه‌ڵمه‌ته‌كاندا بوین، فه‌رمانگه هه‌بوه نه‌مامى بردوه و نه‌یتوانیوه وه‌كپێویست خزمه‌تى بكات به هه‌ر هۆكارێك بێت، بۆیه كه هاتۆته‌وه پێمان نه‌داوه‌ته‌وه وه‌ك پێشتر.
15. نه‌بونى بودجه‌ى پێویست و ئاسته‌نگه‌كانى
كه‌مى بودجه و نه‌بونى پێداویستى پێویست ئاسته‌نگى بۆ زیادكردنى رێژه‌ى سه‌وزایى دروست كردوه، به جۆرێك نه‌سرییه‌ى مانگانه بۆ هه‌ر به‌شێكى باخچه‌كان له شاره‌وانیه‌كان نه‌گه‌شتوه‌ته 2 ملیۆن دینار.
عه‌لى محه‌مه‌د، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور ده‌ڵێت: «ئێمه بودجه‌یه‌كمان نیه سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌یه له‌لایه‌ن شاره‌وانیه‌وه سه‌رف ئه‌كرا پێشتر داهاتى شاره‌وانى 500 هه‌زار بو ئێستا بوه به سه‌روى 1 ملیۆن و 500 هه‌زار، له‌و بڕه پاره‌یه خه‌رجیه‌كانمان بۆ سه‌رف ده‌كه‌ن».
«ئه‌و بودجه‌ى كه له به‌رده‌ستماندایه مانگانه له نێوان 500 هه‌زار بۆ ملیۆنێك دیناره بۆ هه‌مو كاره‌كانمان و به‌پێى ئه‌و بودجه‌یه ده‌توانین كاربكه‌ین»، ئه‌یوب كه‌ریم، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى واى وت.
ئارام نه‌جمه‌دین، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: بودجه‌ى تایبه‌تمان نیه وه‌كو به‌ش، به‌ڵكو پێشینه‌ى مانگانه‌مان هه‌یه كه له لایه‌ن شاره‌وانیه‌وه دابین ئه‌كرێت، ئه‌مه‌ش گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت به‌جۆرێك مانگانه له نێوان (3 بۆ 7) ملیۆنه».
16. «له ماوه‌ى 10 ساڵدا 6 دارستانى ده‌ستكرد دروستكراوه»
به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوانى گه‌رمیان له ماوه‌ى 10 ساڵى رابردو ته‌نها 6 دارستانى ده‌ستكرد دروست كراوه له سنورى گه‌رمیان، كه ئه‌مه بۆ ناوچه‌یه‌كى به‌رفراوان و گه‌رمى وه‌ك گه‌رمیان كه‌مه.
ره‌شید به‌كر، به‌ڕێوبه‌رى دارستان و پاوانى گه‌رمیان ده‌ڵێت: «له ساڵى 2010ـه‌وه تاوه‌كو ئێستا 6 دارستانى ده‌ستكردمان دروست كردوه به روبه‌رى 530 دۆنم زه‌وى، به جۆرێك له كه‌لار 3 دارستان دروست كراوه به روبه‌رى 350 دۆنم زه‌وى له به‌رده‌سور و پێشتێنهى شارى كه‌لار، ئه‌م دو دارستانه 47 هه‌زار نه‌مامى تێدا چێنراوه و به‌رده‌وام خزمه‌ت ده‌كرێت».
وتیشى: له ناحیه‌ى رزگاریش به روبه‌رى 50 دۆنم زه‌وى له دێبنهى مه‌زارى ئه‌نفاله‌كان دارستانێكمان دروست كردوه، هاوكات له قه‌زاى كفریش 3 دارستانمان دروست كردوه به روبه‌رى 150 هه‌زار دۆنم زه‌وى له گوندى گۆبان و ده‌روازه‌ى قه‌زاكه و له تهنیشى به‌نداوى باوه‌شاسواره كه هه‌ر یه‌كیان و په‌نجا دۆنمه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مانه‌وێت روبه‌رى سه‌وزایى له‌وێ زیاتر بكه‌ین ئه‌گه‌ر قه‌یرانى دارایى نه‌بێت بیگه‌یه‌نین به 200 دۆنم.
17. هه‌ماهه‌نگى فه‌رمانگه‌كان بۆ زیادكردنى رێژه‌ى سه‌وزایى له گه‌رمیان
به‌پێى زانیارییه‌كانى یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێى گه‌رمیان بونى هه‌ماهه‌نگى له نێوان فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كانى له سنورى گه‌رمیان بۆ زیاتركردنى رێژه‌ى سه‌وزایى وه‌ك پێویست نیه، به‌پێى وته‌ى به‌شێك له به‌رپرسانى باخچه‌كان ئه‌وه‌ى هه‌یه خۆیان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن.
ئه‌كره‌م ساڵه‌ح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار ده‌ڵێت: هه‌ر به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ك و پلانى خۆى هه‌یه بۆ زیاتركردنى رێژه‌ى سه‌وزایى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانین سبه‌ى دابنیشین، به‌ڵام ئایا ئه‌و دانیشتن و كۆبونه‌وانه ده‌رئه‌نجامى ئه‌بێت؟ هه‌مو كارێك میكانیزم و بودجه‌ى پێویسته».
هاوكات، قادر فاتیح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كفرى وتى: بۆ زیاتر كردنى رێژه‌ى سه‌وزایی، هه‌ماهه‌نگى و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ فهرمانگهكانى په‌یوه‌ندیدار هه‌یه، به‌تایبه‌ت دارستان و پاوان.
«په‌یوه‌ندیه‌كان په‌یوه‌ندیه‌كى باشن، به‌ڵام حكومه‌ت له قه‌یران دایه، له‌لایه‌كى دیكه‌ش له بونى هه‌ڵمه‌ته‌كانمان به‌تایبه‌ت زۆرترین په‌یوه‌ندیمان هه‌بوه له‌گه‌ڵ فهرمانگهكانى په‌یوه‌ندیدار».دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان واده‌ڵێت.
ره‌شید به‌كر، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان وپاوانى گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات: «به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان له‌گه‌ڵ هه‌مو فه‌رمانگه و داموده‌زگاكانى حكومه‌ت په‌یوه‌ندیه‌كى باشی هه‌یه، به‌ڵام زۆرترین په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ شاره‌وانیه‌كانه بۆ زیاتركردنى رێژه‌ى سه‌وزایى، چونكه زۆرترین ئه‌رك له‌سه‌ر ئه‌وان بوه».
به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحییه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: «تاوه‌كو ئێستا هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك و را وه‌رگرتنێك نه‌بوه له نێوان فهرمانگهكانى په‌یوه‌ندیدار به‌م پرسه، هۆكاره‌كه‌شى نازانم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه به‌رده‌وامبوین له كارى خۆمان بۆ زیاتركردنى رێژه‌ى سه‌وزاى له ناحیه‌كه».
18. حكومه‌ت پلانی بۆ سه‌وزكردن نیه
سه‌رۆكى رێكخراوێكى ژینگه‌یی باس له‌وه‌ده‌كات حكومه‌ت پلانى نیه بۆ پرسی سه‌وزكردنى شاره‌كان.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى رێكخراوى ژینگه‌پارێزى گه‌رمیان ده‌ڵێت: "هه‌ماهه‌نگى هه‌یه و گوێ گیراوه له رێكخراوه‌كان ئه‌وانه‌ى كه به فعلى كار له‌سه‌ر ژینگه ده‌كه‌ن، باشترین په‌یوه‌نیدمان له‌گه‌ڵ شاره‌وانیه‌كان و فهرمانگهكانى تر‌ى په‌یوه‌ندیدار هه‌یه، به‌ڵام حكومه‌ت بۆ ئه‌م پرسه پلانى نیه و نهشبوه".
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: تاوه‌كو ئێستا گرفتى ئاودان به‌و شوێنانه‌ى كه كراون به سه‌وزایى چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و به تانكه‌ر ئاوده‌درێن.
19. ئاستى هۆشیارى هاوڵاتیان بۆ پاراستنى سه‌وزایى
كه‌مى ئاستى هۆشیارى هاوڵاتیان یه‌كێكى دیكه‌یه له گرفته‌كان كه بونه‌ته هۆى له‌ناوبردنى به‌شێك له رێژه‌ى سه‌وزاییه‌كان جا به هه‌ر هۆكارێك بێت، به‌رپرسێكیش ده‌ڵێت: هاوڵاتیم سزاداوه له‌سه‌ر ئه‌و كاره.
قادر فاتیح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كفرى ده‌ڵێت: «له هه‌مو شوێنك ئه‌و گرفته هه‌یه كه داره‌كان له ناو ئه‌برێن له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه یان له‌لایه‌ن مه‌رو ماڵهتهوه ده‌خورێن، ئه‌گه‌رچى تیمه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێن، بۆ ئه‌مساڵ جارێك هیچ دارێكمان نه‌فه‌وتاوه، به‌ڵام پارساڵ كۆمه‌ڵێك دارمان فه‌وتا ئه‌و دارانه‌ش كه ئه‌فه‌وتێت به بنبڕى نه‌فه‌وتاوه، به‌ڵكو دیسان گهشهدهكاتهوه و به‌شێوه‌یه‌كى گشتى باشه و ئاستى هۆشیارى هاوڵاتیانى قه‌زاكه باشن».
ئارام نه‌جمه‌دین، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى كه‌لار وتى: «ئاستى هۆشیارى هاوڵاتیان به‌رامبه‌ر به رێژه‌ى سه‌وزایی و پاراستنى به رێژه‌ى %90 گۆڕاوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دارستانى ده‌ستكردمان هه‌بوه له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه له‌ناوبراوه و شكێنراوه، هاوكات ئه‌و كه‌سانه‌ى كه كارى بازرگانى ده‌كه‌ن ئه‌م بواره‌یان به لاوه گرنگ نیه».
20. نه‌بونى پشتێنه‌ى سه‌وزایى
پشتێنه‌ى سه‌وز به ده‌ورى قه‌زا و ناحیه‌كان تاوه‌كو ئێستا وه‌كپێویست نهرۆشتوهته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه، جگه له قه‌زاى كه‌لار كه ئه‌ویش به نیوه به‌جێماوه.
به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى كفرى ده‌ڵێت: چه‌ندینجار داوامان كردوه تاوه‌كو ئێستا هیچ پشتێنه‌یه‌كى سه‌وز له قه‌زاكه دروست نه‌كراوه.
وابڕیاربو پشتێنه‌ى سه‌وز به ده‌ورى كه‌لاردا دروست بكرێت، به‌ڵام له نیوه‌دا كاره‌كانى وه‌ستاو، به‌ڕێوبه‌رى دارستان و پاوانیش ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر كێشه‌ى زه‌ویمان بۆ دروست نه‌بێت ئه‌و پشتێنه‌یه ته‌واو ده‌كه‌ین.
ره‌شید به‌كر، به‌ڕێوبه‌رى دارستان و پاوانى گه‌رمیان وتى: «پشتێنەی سەوزی کەلار رانەگیراوە، بەڵکو بەشی دوەمی ماوە تەواوی بکەین لەسەر ٥٠ دۆنمە پێنچ کیلۆمەتر سەوزکراوە کە ١٠ هەزار نەمامی تیایە و خزمەت ئەکرێت، بۆیه ئەگەر کێشەی زەوی نەبێت له لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه كه به‌رى بكه‌وێت ئەوە تەواوی ئەکەین».
ده‌شڵێت: پلان ئه‌وه‌بو به ده‌ورى سه‌رجه‌م قه‌زا و ناحیه‌كاندا پشتێنى سه‌وز دروست بكه‌ین، به‌ڵام به هۆى قه‌یرانى دارایی و نه‌بونى كارمه‌ندى پێویست و پێداویستى و هاوكات زه‌وى پێویست ئه‌و كاره ئه‌نجام نه‌دراوه، به‌تایبه‌ت له قه‌زاى كفرى له ساڵى 2014 بۆ 2015 بڕیار بو ئه‌و پشتێنه‌یه دروست بكرێت، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بونى زه‌وى گونجاو كه به‌شێكى گرده نه‌كرا.
«له قه‌زاى كه‌لار چه‌ند دارستانێكى ده‌ستكردمان دروست كردوه، به جۆرێك له گه‌ڕه‌كى سه‌ركه‌وتن 2 دارستانى ده‌ستكردمان هه‌بوه، له گه‌ڕه‌كى راپه‌ڕین 3 دانه و له گه‌ڕه‌كى شۆڕش 1 دانه». ئارام نه‌جمه‌دین، به‌رپرسى به‌شى باخچه‌كان له شاره‌وانى كه‌لار واى وت.
21. فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان: ئه‌ركی ئێمه چاودێرییه
جگه له شاره‌وانیه‌كان، چه‌ند ده‌زگا و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كى دیكه هه‌ن په‌یوه‌ستن به بوارى سه‌وزكردنى شاره‌وه، یه‌كێك له‌وانه‌ش فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌یه، به‌ڵام به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ى ده‌ڵێت: ئه‌ركى ئێمه نیه رێژه‌ى سه‌وزایى زیاد بكه‌ین.
دوره‌ید سه‌لیم، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان وتى: «فه‌رمانگه‌ى ئێمه فه‌رمانگه‌یه‌كى چاودێرى و راوێژكارییه، به هیچ شێوه‌یه‌ك جێبه‌جێكردن نیه، ئه‌ركى فه‌رمانگه‌ى ژینگه هۆشیاركردنه‌وه‌ى هاوڵاتیانه له رێگه‌ى ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ى ئه‌نجامى ده‌دات كه سه‌وزایى گرنگه، نه‌ك روبه‌رى سه‌وزایى زیاتر بكات یان هه‌ر بابه‌تێك كه قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت».
به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه وتیشى: به‌ڵێ هه‌ڵمه‌تمان ئه‌نجامداوه له چه‌ند ناوچه‌یه‌كى گه‌رمیان به تایبه‌ت له ناحیه‌ى باوه‌نور و رزگارى كه داتاكان سه‌لمێنه‌رى ئه‌وه‌ن، بۆیه پاراستنى دارستان و سه‌وزایى له ئه‌ركى بهڕێوبهرایهتیهكه به ناوى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان كه له‌ده‌ره‌وه‌ى شار و ناوه‌وه‌ى شار به‌شى تایبه‌ت و بنكه‌ى تایبه‌تیان هه‌یه.
سه‌باره‌ت به پلانیان وه‌ك فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان چى ده‌بێت بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ى هاوڵاتیان بۆ زیاتركردنى رێژه‌ى سه‌وزایى له گه‌رمیان، به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان جه‌ختیكرده‌وه: له وه‌رزى چاندنى نه‌مام بۆ ئه‌مساڵ گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تیان ده‌بێت سه‌باره‌ت به زیاتركردنى هۆشیارى هاوڵاتیان به زیاتركردنى رێژه‌ى سه‌وزایى، له‌و كاته‌شدا پلانه‌كه له كاتى خۆى راده‌گه‌یه‌نن.
22. مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رپێچییه‌كان
به‌ڕێوبه‌رێك باس له‌وه‌ده‌كات كه‌مى كارمه‌ند وایكردوه كه نه‌توانن وه‌كپێویست چاودێرى ئه‌و سنورانه‌ى ژێرده‌سه‌ڵاتیان بكه‌ن كه پێیان سپێردراوه و كراون به سه‌وزایى له سنورى گه‌رمیان، هاوكات جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه لێپێچینه‌وه‌ى پێویست نیه بۆ سه‌رپێچیكاران.
شوان ره‌شید، به‌ڕێوبه‌رى پۆلیسى پاراستنى دارستان و ژینگه‌ى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: «له 6 مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ ته‌نها یه‌ك كه‌س ده‌ستگیركراوه به‌هۆى له‌ناوبردن و بڕینه‌وه‌ى دار له گه‌رمیان، هه‌مو پێداویستیهكانیشى ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ركى ئێمه ته‌نها ده‌ستگیركردنه و ناتوانین كه‌س سزا بده‌ین، لێپێچینه‌وه‌ش وه‌كپێویست ئه‌نجام نادرێت، ناشزانم هۆكاره‌كه‌ى چیه».
وتیشى: به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئێمه 5 به‌ش و نزیكه‌ى 15 بنكه‌یه و 500 فه‌رمانبه‌رم هه‌یه، ئه‌مه‌ش بۆ سنورێكى وه‌ك گه‌رمیان كه‌مه و له ناوچه‌ى خانه‌قینه‌وه تاوه‌كو ده‌ربه‌ندیخان، له كهلاریشهوه تاوه‌كو قه‌ره‌هه‌نجیر سنورمانه، ئه‌مه‌ش به به ئاسانى چاودێرى ناكرێت، له یه‌ك مانگدا ته‌نها 120 هه‌زار ده‌ده‌م به ئه‌فسه‌رێك بۆ به‌نزین ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێت به‌شى دو رۆژ ناكات، بۆیه گرفتى كارمه‌ند و پێداویستى و بودجه‌شمان هه‌یه كه وه‌كپێویست نیه.
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: هاوڵاتیان ئاگادارمان ده‌كه‌نه‌وه له بونى هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك.
23. نه‌بونى توێژینه‌وه‌ی زانستى له‌سه‌ر رێژه‌ى سه‌وزایى
سه‌ربارى بونى زانكۆ و پسپۆڕێتى له بوارى ژینگه له گه‌رمیان، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ توێژینه‌وه‌یه‌كى زانستى له‌سه‌ر رێژه‌ى سه‌وزایى له سنوره‌كه ئه‌نجام نه‌دراوه، به‌پێى وته‌ى سه‌رۆكى رێكخراوێكى ژینگه‌یی، ناوچه‌كه په‌راوێزخراوه له روى ئه‌م پرسه‌وه.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى رێكخراوى ژینگه‌پارێزى گه‌رمیان باس له‌وه ده‌كات: «هیچ توێژینه‌وه‌یه‌كى زانستى له‌سه‌ر رێژه‌ى سه‌وزایى نه‌بوه و نه‌كراوه، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه وڵات خاوه‌نى نیه و ئیهمال كراوه وه‌ك هه‌مو سێكته‌ره‌كانى دیكه، چونكه ئه‌گه‌ر له كه‌لار ده‌ربچیت سه‌وزاییه‌ك نیه، ئه‌وه‌ى گرنگى پێدراوه سه‌نته‌رى شاره‌كانه ئه‌گه‌ر نا له ده‌ره‌وه‌ى كه‌لار رێژه‌ى سه‌وزایى سفره، ئه‌وه‌ى هه‌بو روبارى سیروان بو ئه‌وه‌شیان وێران كرد، له قه‌زاى كه‌لار رێژه‌كه ناگاته %5 به‌ڵكو %3ـه«.
وتیشى: ئێمه به‌دواداچونى مه‌یدانیمان هه‌یه بۆ رێژه‌ى سه‌وزایى گه‌رمیان، زۆرێك دار چێنراوه بۆ وێنه‌ى سه‌ر تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و دواتر به‌جێهێڵراوه و خزمه‌ت نه‌كراوه، بۆیه حكومه‌ت نه پلانى هه‌یه نه بودحهى هه‌یه بۆ ئه‌م بواره.
هاوكات، ئازاد ئه‌حمه‌د، چالاكوانى ژینگه‌ى له گه‌رمیان وتى: «ئەوەندهی ئێمە ئاگاداربین ھیچ توێژینەوەیەک لەسەر رێژەی سەوزایی لەگەرمیان نەکراوە، تەنھا قسەو لێدوانی بەرپرسانی پەیوەندیدارە كه باس له رێژه‌كه‌ى ده‌كه‌ن، بۆیە رێژەی سەوزایی تا ئێستا بەوردی نازانرێت، چونکە ھەریەکە و رێژەکەیان بەجۆرێک باس کردوە، نەتوانراوە تا ئیستا بەشێوەی زانستی ئەو رێژەیە دیاریی بکرێت».
وتیشى: ئەوەی ھەیە کە بەشێوەی زانستی کرابێت ئەو روپێویە بو کە لە ساڵی ٢٠١٨ کراوە کە وەزارەتی کشتوکاڵ بەھاوکاری سەنتەری جی ئای ئێس لە زانکۆی زاخۆ بەھاوکاری پسپۆڕانی بوارەکە لەزانکۆی سەڵاحەدین و گەرمیان کراوە و دەریدەخات کە گەرمیان کەمترین رێژەی سەوزایی ھەیە و کەلاریش رێژەی سەوزاییەکەی لەناوچەکانی تر ئیدارەی گەرمیان زیاترە كه ٥،٥٪ـه، ئەمەش رێژەیەکی زۆر کەمترە لەئاستى ستانداردی جيهانی.
به‌شى دوه‌م: دەرئەنجام و راسپاردەکان
یه‌كه‌م: دەرئەنجامەکان
1. وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، داتایه‌كى ورد و زانستى له‌باره‌ى رێژه‌ى سه‌وزاییه‌وه له گه‌رمیان و به‌تایبه‌ت له‌ناو قه‌زا و ناحیه‌كاندا نیه، ئه‌وه‌ى هه‌یه له باشترین حاڵه‌ت دا خه‌مڵاندنه و كه پێوه‌رى ئه‌م خه‌مڵاندنانه‌ش رون نیه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى جه‌ختى لێده‌كرێته‌وه له‌لایه‌ن حكومه‌ت و پسپۆڕانیشه‌وه، ئه‌وه‌یه رێژه‌كه زۆر كه‌مه و زۆر له پاش ستانداره جیهانیهكانهوهیه و له باشترین حاڵه‌تدا ناگاته نیوه‌ى كه‌مترین ستانداردى جیهانى كه 15%ـه.
2. سه‌رباری ئه‌وه‌ى رێژه‌ى سه‌وزایی زۆر له دواى ستانداردى جیهانیه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى دڵخۆشیه كه ساڵ دواى ساڵ رێژه‌كه ئه‌گه‌رچی به رێژه‌یه‌كى كه‌میش بێت، زیاد ده‌كات، واتا به‌ره‌وپێشه‌وه‌چون له بواره‌كه‌دا هه‌یه.
3. ئه‌گه‌رچی شاره‌وانیه‌كان گرنگی به‌م بواره ده‌ده‌ن به‌تایبه‌تى له‌م چه‌ند ساڵه‌ى رابردودا، به‌ڵام هه‌ست به‌وه‌ناكرێت كه پلان یان ستراتیژێكى دورمه‌ودا له‌م بواره‌دا هه‌بێت، به‌ڵكو زۆرتر پلانه‌كان به‌پێی بارودۆخ و پێشهاته‌كان داده‌ڕێژرێن.
4. هه‌ندێكجار هه‌ڵمه‌ته‌كانى سه‌وزكردن یان چاندنى نه‌مام و دروستكردنى باخچه، به‌بێ پلانی ورد ئه‌نجام دراون، ئه‌مه‌ش وایكردوه كه وه‌كو خۆی جێگه نه‌گرێت، یان نه‌مامه‌كان بفه‌وتێن و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك جاریش دا خودی حكومه‌ت بیانبڕێتهوه.
5. حكومه‌ت به‌مه‌به‌ستى دانانى پلان و به‌رنامه بۆ سه‌وزایی، پرس و رایه‌كى ئه‌وتۆی به شاره‌زایان نه‌كردوه و هیچ كۆنفرانس و كۆبونه‌وه‌یه‌كى به‌رفراوانیشی له‌مڕوه‌وه نه‌بوه، ئه‌وه‌شى هه‌یه په‌یوه‌ندیی كه‌سیی و سنورداره.
6. شێوازى ئیداره‌دانى روبه‌ره سه‌وزاییه‌كان ئیتر چ باخچه بن یان نه‌مام، كۆن و ته‌قلیدین، به‌تایبه‌تى له شێوازی ئاودێریی دا.
7. ئه‌گه‌رچی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان تاڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌ندیان هه‌یه له‌نێواندا، به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندیه زۆر شۆڕ نه‌بوه‌ته‌وه و هێشتاش بۆشایی هه‌یه، به‌تایبه‌تى له پرۆسه‌ى ئاگادار بون له روبه‌ره سه‌وزاییه‌كان و چاودێرییكردن و لێپێچینه‌وه له سهرپێچییكاران.
8. هاوڵاتیان زۆر هاوكار نین بۆ زیاتر بون و پاراستنى روبه‌ره سه‌وزاییه‌كان، ئه‌گه‌رچی به‌وته‌ى به‌رپرسان، ئاستى تێگه‌یشتنى هاولاتیان بۆ گرنگیی ئه‌م بواره له‌م چه‌ند ساڵه‌ى كۆتایی دا باشتر بوه.
9. به‌گشتى هه‌ست به‌وه‌ده‌كرێت كه پرسی سه‌وزكردنى ناوچه‌كه له ئه‌وله‌ویه‌تى كاره‌كان دا نیه، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و بودجه و گرنگیه‌ى بۆ كه‌رت و بواره‌كانى تر داده‌نرێت، بۆ بارى سه‌وزایی دانانرێت، به‌ڵكو زۆربه‌ى ئه‌و بودجانه به‌پێی دۆخ و پێشهاته‌كان دیاریی ده‌كرێن، كه به‌شێك له‌مه‌ش په‌یوه‌سته به نه‌بونى بودجه‌ى ساڵانه‌وه به كاریگه‌ریی قه‌یرانى داراییه‌وه.
10. راهێنان و به‌هێزكردنى توانا و كۆنفرانس بۆ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ى كه له بواره‌كه‌دان ناكرێته‌وه، ئه‌مه‌ش واده‌كات به‌هره‌مه‌ند نه‌بن له پێشكه‌وتنه‌كانى ئه‌م بواره و بهرهوپێشهوهچونهكانیش زۆرتر به شێوازی ته‌قلیدیی بن.
دوەم: راسپارده‌كان
1. پێویسته حكومه‌ت له‌م بواره‌دا رون بێت، به‌و مانایه‌ى بزانێت چی ده‌كات و چۆنیش جێبه‌جێی ده‌كات، پلانی كورت و ماوه درێژ دابینێت بۆ ئه‌وه‌ى ساڵانه به‌شێكى لێ جێبه‌جێ بكات.
ئه‌م كاره‌ش به دانانى نه‌خشه یان پلانێكى گشتگیر ده‌بێت، دانانى ئه‌م نه‌خشه گشتگیرهش پێویسته له كۆنفرانس یان كۆبونه‌وه‌یه‌كى گشتى دا بڕیاری لێبدرێت له‌نێوان فه‌رمانگه و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان، به به‌شداریی كه‌سانى پسپۆڕ و چالاكانى بوارى ژینگه.
بۆیه هانى ئیداره‌ى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان و شاره‌وانى قه‌زا و ناحیه‌كان ده‌ده‌ین كه هه‌ستن به ئه‌نجامدانى وه‌ها كارێك.
2. گه‌وره‌ترین ئه‌و كێشانه‌ى په‌یوه‌ندیان به شاره‌وانیه‌كانه‌وه هه‌بێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر نه‌بونى نه‌خشه‌ى بنه‌ڕه‌تى «ماسته‌ر پلان»، كه ئه‌مه له‌م پرسه‌شدا به زه‌قی ده‌ركه‌وتوه.
بۆیه هانى حكومه‌ت ده‌ده‌ین كه په‌له بكات له ته‌واوكردنى نه‌خشه‌ى شاره‌كان و چیتر خاوهخاوى تێدا نه‌كرێت.
3. هه‌ماهه‌نگیی له‌نێوان ده‌زگاكانى په‌یوه‌ست به سه‌وزایی، زۆر رون و به‌رنامه بۆ داڕێژراو نیه، به‌ڵكو پشتى به په‌یوه‌ندیی كه‌سى و پێوه‌رى دیكه به‌ستوه.
ئه‌ركى حكومه‌ته «كه له‌مه‌یاندا رومان له ئیداره‌ى گه‌رمیانه«، سه‌كۆ یان ده‌سته یاخود لیژنه‌یه‌كى هه‌ماهه‌نگیی له‌نێوان ئه‌و فه‌رمانگانه پێكبهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ى له پرسی زیادكردنى رێژه‌ى سه‌وزایی دا هاوكاری یه‌كتری بكه‌ن.
4. زۆربه‌ى جار كاره‌كانى سه‌وزكردن به‌بێ بونى لێكۆڵینه‌وه‌ى پێشوه‌خت و پشتئه‌ستور به بنه‌ما زانستیه‌كان كراون، ئه‌مه‌ش له‌وه‌دا ره‌نگیداوه‌ته‌وه كه هه‌وڵ و بودجه‌یه‌كى زۆر خه‌رجكراوه، به‌ڵام بارته‌قاى ئه‌وه به‌رهه‌مى نه‌بوه.
بۆیه پێشنیاز ده‌كه‌ین بۆ حكومه‌ت كه له‌مه‌ودوا و پێش هه‌ر بڕیار و پرۆژه‌یه‌كى ئه‌م بواره، توێژینه‌وه له باره‌ى سودی پرۆژه‌كان و ورده‌كارییه‌كان بكرێت، ئه‌مه‌ش به راوێژ به‌كه‌سانى پسپۆڕ و سود بینین له لێكۆڵینه‌وه و ئه‌زمونى كه‌س و ناوچه‌كانى دیكه.
5. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى چاندن و زیادكردنى نه‌مام و چیمه‌ن گرنگن، چاودێرییكردن و ئاودێرییكردنیشیان گرنگه، بۆیه واباشتره له‌مه‌ودوا پێش ئه‌وه‌ى هه‌ر نه‌مامێك بچێنرێت و هه‌ر باخچه‌یه‌ك دروست بكرێت، خه‌مى چاودێریی و ئاودێرییكردنهكهیشی بخورێت. هه‌روه‌ك له‌م بواره‌شدا گرنگه حكومه‌ت ده‌ستبه‌ردارى رێگا و شێوازه كۆنه‌كان بێت وه‌كو ئاودێریی به‌تانكه‌ر، كه هه‌م تێچوى زۆره و هه‌م بارگرانیهكهشی، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه پشت به سیسته‌م و رێگاى تازه ببه‌ستێت به ره‌چاوكردنى ئه‌وه‌ى به‌فیڕۆدانى ئاویش كه‌م بكاته‌وه.
6. هانى شاره‌وانیه‌كان ده‌ده‌ین به هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ فهرمانگهكانى كشتوكاڵ و زانكۆی گه‌رمیان، كه توێژینه‌وه له‌باره‌ى جۆری ئه‌و نه‌مام و چیمه‌نانه بكه‌ن كه له سنوره‌كه‌دا ده‌چێنرێن، له روى گونجانیان به بارودۆخی سروشتى و ئاوهه‌وای ناوچكه، هه‌روه‌ها كهمخهرجییان و رێژه‌ى سه‌ركه‌وتنیان، ئه‌مه‌ش بۆ رایگشتى بڵاو بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیانیش لێی ئاگادار بن و سودی لێببینن.
7. بونى ده‌زگاى فه‌رمیی چ بۆ چاودێریی و چ بۆ هاندانى زیادكردنى سه‌وزایی و په‌ره‌دان به ژینگه گرنگه، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر چالاك بونیانه. ئه‌و ده‌زگایانه له گه‌رمیان به‌هۆكارى ئیدارى و دارایی و هه‌روه‌ها نه‌بونى به‌رچاوڕونى، نه‌یانتوانیوه رۆڵێكى چالاكیان هه‌بێت له رێگریی له پیسكردنى ژینگه و بره‌ودان به سه‌وزایی.
هه‌روه‌ك پێویسته فه‌رمانگه‌ى ژینگه ساڵانه یان وه‌رزانه راپۆرتى هه‌ڵسه‌نگاندنى هه‌بێت بۆ پرسی سه‌وزایی و ئه‌و تێبینییه زانستی و ئیدارییانهى كه له‌لایان گه‌ڵاڵه ده‌بێت، بیخه‌نه‌ڕو بۆ ئه‌وه‌ى فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان سودی لێببینن و ره‌چاوى بكه‌ن.
8. بون و بۆچونى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى له بوارى ژینگه ده‌بێت به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، چونكه ئه‌وان هه‌م وه‌كو چاودێری به‌سه‌ر حكومه‌ت و هه‌م هاوكاریش له سه‌رخستنى هه‌ڵمه‌ته‌كان دا ده‌توانن رۆڵی باش و به‌رچاویان هه‌بێت، بۆیه گرنگه له گفتوگۆكانى په‌یوه‌ست به‌م بواره راوێژ و به‌شدارییان پێبكرێت.
9. پێویسته بودجه‌ى تایبه‌ت به‌م بواره به رونى و دیارییكراوى ته‌رخان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و بودجه‌یه نه‌خشه و پلانه‌كان دابنرێن.
هاوشانى بودجه، گرنگه كه له دابینكردن و دامه‌زراندنى كارمه‌ند و فهرمانبهریشدا، ئه‌م بواره گرنگیی پێبدرێت و بۆشاییه‌كانى پڕ بكرێته‌وه.
10. پێویسته تێبینی و توێژینه‌وه و به‌شداریی كه‌سانى ئه‌كادیمی و ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كانیش به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، بۆ ئه‌مه‌ش گرنگه سود له زانكۆی گه‌رمیان و توێژه‌ره‌كانى وه‌ربگیرێت و ئاسانكارییان بۆ بكرێت له ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه و به‌دواداچونه زانستیه‌كانیان.
11. ئه‌نجامدانى سیمینار و وۆركشۆپ و خولی راهێنان زۆرگرنگه بۆ ئه‌وانه‌ى له‌م بواره‌دا كارده‌كه‌ن، به ئامانجی ئاشناكردنیان به شێوازه نوێیه‌كانى كاركردن له‌م بواره و هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ى بیرۆكه‌ى نوێ.
12. گرنگه سه‌رباری ئاسته‌نگی و قه‌یران و هه‌ر هۆكارێكى دیكه، حكومه‌ت هه‌وڵبدات به بره‌ودان به روهبهرهكانى سه‌وزایی، به‌تایبه‌تى دروستكردنى باخچه و دارستان و هاوشێوه‌كانیان، بۆ ئه‌مه‌ش پلانیان هه‌بێت و سودیش له به‌خشه‌ران و بازرگانان و سه‌رمایه‌داران وه‌ربگرن بۆ به‌شدارییكردن له پاره‌داركردنى «تمویل» ئه‌و پرۆژانه.