رادیۆی ده‌نگ
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، حه‌ڤده‌هه‌مین راپۆرتى مانگانه‌ى بڵاوكرده‌وه كه تایبه‌ته به: "زیاده‌ڕۆیی له سنورى شاره‌وانیه‌كان".
كلیك لەم فایلەی خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌کە.
راپۆرته‌كه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، به وردیی باسى قه‌باره‌ى زیاده‌ڕۆى كردوه له سنورى شاره‌وانیه‌كان له گه‌رمیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ رێكخستنه‌وه‌ى زیاده‌رۆییه‌كان و شێوازى رێگریكردن له زیاده‌ڕۆی باسكراوه و هاوڵاتیانیش بۆچونى خۆیان له‌و باره‌یه‌وه خستوه‌ته‌رو.
له كۆتاییشدا وه‌ك سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانى دیكه، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده خراونه‌ته‌ڕو به ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكورتیه‌كان.
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه، به ئامانجی تیشكخستنه‌سه‌ر ئه‌و بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی.
راپۆرتێك له‌باره‌ى
زیاده‌ڕۆى له سنورى شاره‌وانیه‌كان
پێشه‌كى:
زیاده‌ڕه‌وى یه‌كێكه له كێشه دیاره‌كانى بوارى خزمه‌تگوزارییه فه‌رمییه‌كان له گه‌رمیان، به‌شێوه‌یه‌ك كه چه‌ندین كاریگه‌ریی خراپ و سلبی له‌سه‌ر كۆی خزمه‌تگوزارییه‌كان و نه‌خشه‌ى بنه‌ڕه‌تى شاره‌كان دروستكردوه.
كێشه‌ی زیاده‌ڕه‌وى له ناوچه‌كه به ئاستێكه كه چه‌ندین گه‌ڕه‌ك به زیاده‌ڕه‌وى دروستكراون.
له‌به‌رامبه‌ردا زۆر پرس و بابه‌تى په‌یوه‌ست به زیاده‌ڕه‌وه‌ییه‌وه هه‌یه كه بونه‌ته جێی مشت‌ومڕ و قسه، ئه‌مه‌ش هاوشان به هه‌ندێك هه‌نگاوى حكومه‌ت كه له‌مڕوه‌وه ناویه‌تى.
زیاده‌ڕه‌ویی زۆر به‌ش و جۆری هه‌یه، ئه‌وه‌ى ئێمه له‌م راپۆرته‌دا به وردی له‌سه‌رى ده‌وه‌ستین زیاده‌ڕه‌وییه له‌سه‌ر زه‌وی شاره‌وانى، تیایدا لایه‌نه جیاوازه‌كانى ئه‌م پرسه خراوه‌ته‌ڕو.
یه‌كه‌م: راپۆرت
1. قه‌باره‌ى كێشه‌ى زیاده‌ڕه‌وه‌یی
به‌پێ ئاماره‌كانى شاره‌وانیه‌كان له گه‌رمیان، بۆ ساڵى 2020-2021، ژماره‌ى گه‌ڕه‌كى زیاده‌ڕه‌وى له شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان به‌مجۆریه:
2. مێژوى زیاده‌ڕه‌ویی له گه‌رمیان
به‌شێكى زۆرى هاوڵاتیان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه له گه‌رمیان كراوه به‌شێكى زۆرى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس و پێشتریش به تایبه‌ت له ناحیه‌كاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ئه‌و پرسه تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامى هه‌یه.
ئارام جەبار، هاوڵاتی لە ناحیەی باوەنور، دەڵێت: "لە ناحیەی باوەنور هاوڵاتی کەمدەرامەت و دەسەڵاتداریش وەک یەک دەستدرێژیان کردوەتە سەر موڵکی گشتی و زیادەڕەویەکی زۆر لە نێو ناحیەکە هەیە و بەردەوامیشن، ئەو زەویانەی کە زیاددڕەوییان کراوەتە سەر موڵکی شارەوانیە".
وتیشی: تەجاوزاتەکانیش بەشێکی دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دەستی پێکردوە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە ئەم رێژەیە زۆر زیادی کردوە و تاوەکو ئێستاش ساڵ بە ساڵ رێژەکەی دەگۆڕێت.
لە هەمان کاتدا، غەریب محەمەد رەشید، هاوڵاتی لە ناحیەی سەرقەڵا، باس لەوە دەکات: ناحیەی سەرقەڵا کە لە ساڵانی چلەکان بوە بە ناحیە لە کۆنەوە سەرەتا ٥٠ ماڵ بوین ئێستاش بوین بە ٩٥٠ ماڵ، لە ئێستاشدا تەنها ١٥٠ی تاپۆ کراوە، ئەوەی ماوەتەوە بە زیادەڕەوی دروست کراوە و هەموشی یەکەی نیشتەجێبونە.
پرسی زیادەڕەوی کردنە سەر موڵکی شارەوانی لە شوێنێکی گەرمیان بۆ شوێنێکی تر جیاوازی هەیە، بە جۆرێک تا ساڵی ٢٠١٠ لە ناحیەی رزگاری زیادەڕەوەی کردن بەردەوامی هەبوە بە ئێستاشەوە.
بەمۆ ئیبراهیم، هاوڵاتی لە ناحیەی رزگاری، وتی: "زیادەڕەوی لە نێو ناحیەی رزگاری لە چاو ناوچەکانی تری گەرمیان و کوردستان کەمە، ئەوەشی کە کراوە لە ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٠ ئەگەڕێتەوە".
به‌پێى زانیارییه‌كانى یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێى گه‌رمیان، له قه‌زاى كفرى ماوەیەکی زۆر نیە زیادەڕوی ده‌كرێت و نوێیە، لە کاتێکدا لە ساڵانى هه‌شتاكان دا وەک "پاکترین" قەزا دیاری کراوه لە پارێزگای دیالە کە زیادەڕەوی تێدا نەبوە.
هیوا محەمەد، هاوڵاتی لە قەزای کفری، باس لەوە دەکات: "قەزای کفری جیاوازی هەیە لەگەڵ ناوچەکانی تری گەرمیان لە روی زیادەڕەوییەوە، چونکە رێژەکە زۆر نیە، ئەوەی هەیە لە گەڕەکی ئیمام محەمەد و دەوروبەری به‌نداوى باوەشاسوار کراوە، لەگەڵ ئەوەش لە نێو گەڕەکەکان دوکان دروست کراوە و سەر شۆشتەی شەقامەکانی گرتوە، سەرباری دروستکردنی چەندین باخچە کە رێگرە لە دروستکردنی جادەی دو ساید".
دەشڵێت: یەک دو شوێنمان هەیە نزیک بە ناوچەی پیشەسازی لە کفری کە خۆی دانرابو بۆ پێشانگای ئۆتۆمبێل، کەچی کراوە بە خان‌و تاپۆ کراوە هی هاوڵاتی ئاسایش نیە، بەڵکو هی بەرپرسە.
3. كڕین و فرۆشتن به‌و یه‌كه نیشته‌جێبوانه‌وه ده‌كرێت كه به زیاده‌ڕه‌وى دروست كراون
له نێو ناحیه‌كان و قه‌زاكان ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ى كه به ته‌جاوز دروست كراون كڕین و فرۆشتنى پێوه ده‌كرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ گرێبه‌ستێك ئه‌نجام بدرێت.
ئارام جەبار، هاوڵاتی لە ناحیەی باوەنور، دەڵێت: لە نێو ناحیەی باوەنور ئەو خانوانەی کە بە تەجاوز دروست کراون کڕین و فرۆشتنی پێوە ئەکرێت بەبێ ئەوەی هیچ گرێبەستێک هەبێت لە نێوانیان، تاوەکو ئێستاش کەس توشی گرفت نەبوە.
بە پێچەوانەی ناحیەی باوەنور لە ناحیەی رزگاری پرۆسەی تاپۆکردن هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی سست بەڕێوە دەچێت.
بەمۆ ئیبراهیم، هاوڵاتی لە ناحیەی رزگاری، وتی: "کڕین و فرۆشتن هەیە لە ناحیەی رزگاری بۆ ئەو خانوانەی کە تاپۆ نین و رێگەپێدانی شارەوانی بۆ دەکرێت، لە نێو نوسینگەکانی کڕین و فرۆشتن گرێبەستێک دەکرێت لە نێوان هاوڵاتیان، بەدەر لەمە شتێکی دیکە نیە".
وتیشی: "بڕیاری تاپۆکردن هەبوە بەردەوام هاوڵاتیان مامەڵەی تاپۆی خان‌و زەویەکانیان دەکەن، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر سست بەڕێوە دەچێت".
4. به‌شێك له ناحیه‌كانى گه‌رمیان بێ تاپۆن
ناحیه‌كانى سنورى گه‌رمیان زۆرینه‌ى به زیاده‌ڕه‌وى دروست كراون، تاوه‌كو ئێستا پرۆسه‌ى تاپۆكردن نه‌یگرتونه‌ته‌وه ئه‌گه‌رچى حكومه‌تى هه‌رێم له ئێستادا یاسایه‌كى تایبه‌تى به‌و پرسه جێبه‌جێ كردوه بۆ تاپۆكردنى ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ى كه له سنورى شاره‌وانیه‌كان دان.
غەریب محەمەد رەشید، هاوڵاتی لە ناحیەی سەرقەڵا، باس لەوە دەکات: "لە ناحیەی سەرقەڵا تەنها ١٥٠ خانوی تاپۆ کراوە و رونیش نیە کەی تاپۆ دەکرێت، چونکە هەر جارە و شتێک ئەڵێن و ئەڵێن مامەڵەکانمان ناردوە بۆ ئەوەی وەڵاممان بدەنەوە".
بە هەمان شێوە، ئارام جەبار، هاوڵاتی لە ناحیەی باوەنور، دەڵێت: "تاوەکو ئێستا لە ناحیەی باوەنور هیچ شوێنێکی تاپۆ نەکراوە، بەرپرسانیش چەندین جار بەڵێنیان داوە کە تاپۆ بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە و ناشزانم هۆکارەکەی چیە، بەم پێیەش بێت هەموی تەجاوزە".
به پێچه‌وانه‌وه، كه‌مال عه‌لى سابیر، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى ساڵه‌ح ئاغا، وتى: "ئێمه تاپۆ نامانگرێته‌وه، چونكه زه‌ویه‌كانمان سه‌ربه پارێزگاى دیاله‌یه، به‌ڵام له روى ئیداریه‌وه سه‌ر به ئیداره‌ى گه‌رمیانین، هه‌روه‌ك ئێمه نه‌خشه‌مان نه‌بوه وا تازه نه‌خشه‌كه‌ى گه‌شتوه‌ته قۆناغى كۆتایى و چاوه‌ڕوانین ته‌واو ببێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له روى ئیداریه‌وه ده‌توانین ئیجرائات بكه‌ین".
هاوكات، به‌رزان كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان، باسى له‌وه كرد: "گه‌وره‌ترین گرفتمان ناحیه‌ى ساڵه‌ح ئاغایه، چونكه زه‌ویه‌كانیان سه‌ر به پارێزگاى دیاله‌یه، به پێچه‌وانه‌ى سه‌رۆك شاره‌وانى ساڵه‌ح ئاغاوه شاره‌وانى گه‌رمیان ده‌ڵێت ناتوانین ئیجرائات كه‌ین".
وتیشى: به‌ڵام بۆ ناحیه‌كانى دیكه له قۆناغى رێكخستنه‌وه‌ى گه‌ڕه‌ك و ناحیه‌كانین به پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2019 ده‌ست به تاپۆكردن ده‌كرێت تێیاندا.
به پێچه‌وانه‌ى ناحیه‌كانى دیكه‌ى گه‌رمیان، ناحیه‌ى رزگارى كه‌مترین زیاده‌ڕه‌وى تێدا كراوه له چاو ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرفتى تاپۆى هه‌یه.
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى، باس له‌وه ده‌كات: "ئه‌وه‌ى پێویست بێت وه‌ك شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌مانه‌وه كراوه بۆ رایكردنى مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان كه یاساى ژماره 3ى ساڵى 2019 ئه‌یگرێته‌وه بۆ تاپۆكردن زیاده‌ڕه‌ویه‌كانیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى پێمان راگه‌یه‌ندراوه له‌لایه به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تاپۆى گه‌رمیانه‌وه ده‌ڵێن تاپۆ ناكرێت ئه‌و ماڵانه، چونكه ناحیه‌كه كاتى خۆى مه‌له‌فى تاپۆى سوتێنراوه".
5. له پرسى زیاده‌ڕوى جیاوازى ده‌كرێت له نێو هاوڵاتیان
هاوڵاتیان باس له‌وه ده‌كه‌ن له زیاده‌ڕه‌وى كردن‌دا جیاوازى ده‌كرێت له نێوان هاوڵاتیان و به‌رپرساندا بۆ ئه‌نجامدانى زیاده‌ڕه‌وى، به جۆرێك ته‌نها هاوڵاتیانى كه‌مده‌رامه‌ت روبه‌روى یاسا ده‌كرێنه‌وه، به‌رپرسانى شاره‌وانیه‌كانیش ئه‌وه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
ئارام جەبار، هاوڵاتی لە ناحیەی باوەنور، باس لەوە دەکات: "جیاوازیەکان لە روی تەجاوزاتەوە رونە و دیارە".
لە هەمان کاتدا، بەمۆ ئیبراهیم، هاوڵاتی لە ناحیەی رزگاری، وتی: بێگومان جیاوازی دەکرێت لە نێوان هاوڵاتیان بە جۆرێک سەدان پارچە زەوی هەن کە کراونەتە خان‌و و هیچ مۆڵەتێکی یاساییان نییە.
وتیشی: "بەشێکی زۆری ئەوانەی زیادەڕەوییان کردوە خەڵکانێکی هەژارن، هەرچەندە کاتێک ئەمە کراوە حکومەت بەم جۆرەی ئێستا نەبوە و یاسای رێگری کردنیش نەبوە.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكى شاره‌وانى رزگاری ره‌دى ده‌كاته‌وه كه جیاوازیان كردبێت.
"بەڵێ جیاوازی زۆر دەکرێت لە نێوان هاوڵاتیانی ئاسایی و دەسەڵاتداران، بە جۆرێکە شوێنی وامان هەیە لە کفری رێگەیان نەداوە بکرێت بە دوکان بە پاساوی ئەوەی شوێنی ئەوە نیە، کەچی بە پێش چاوی هاوڵاتیانەوە دیزاینی بۆ کرا و کراوە بە دوکان، کەچی کەسێک نیە بپرسێتەوە، زیاتریش کۆتای هەفتەکان ئەوە دەکەن". هیوا محەمەد، هاوڵاتی لە قەزای کفری واى وت.
له به‌رامبه‌ردا، قادر فاتیح، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كفرى، ده‌ڵێت: "هیچ جیاوازیه‌ك نیه له نێوان هاوڵاتیان له‌سه‌ر پرسى زیاده‌ڕه‌وى و نه‌مان كردوه ئه‌وه‌ى كه ده‌وترێت، به جۆرێك كه به‌رپرسى وا هه‌بوه له قه‌زاكه ماوه‌ى دو رۆژدا زیاده‌ڕه‌وى كردوه و روخاندومانه، خۆشم له‌گه‌ڵ لیژنه‌كه‌دا بوم".
"له روى ئیجرائاته‌وه جیاوازیه‌ك نه‌كراوه له نێوان هاوڵاتیاندا، به‌ڵكو یاسا جێبه‌جێ ده‌كرێت كه ئه‌ویش یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018یه كه هه‌ر هاوڵاتیه‌ك زیاده‌ڕه‌وى ئه‌نجام بدات ئه‌وه ئیجرائاتى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت له‌لایه‌ن ته‌واوى شاره‌وانیه‌كانه‌وه له گه‌رمیان". به‌رزان كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان واى وت.
قادر فاتیح، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كفرى، ده‌ڵێت: "شتى وانیه كه له‌نێو قه‌زاى كفرى زیاده‌ڕه‌وى كرابێته سه‌ر موڵكى گشتى و داگیركرابێت".
6. زیاده‌ڕه‌وى كراوه‌ته سه‌ر بیناى حكومه‌ت له گه‌رمیان
هاوڵاتیان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه زیاده‌ڕه‌وى كراوه‌ته سه‌ر بیناى حكومه‌ت و ئیجرائاتى پێویست نه‌كراوه، به‌رپرسانى شاره‌وانیه‌كانیش ده‌ڵێن ئیجرائات كراوه.
غەریب محەمەد رەشید، هاوڵاتی لە ناحیەی سەرقەڵا، باس لەوە دەکات: "لە ناحیەی سەرقەڵا زیادەڕەوی کراوەتە سەر بینای حکومیش لە ناحیەکە لە سەردەمی بەعس بۆیان دروست کرا وەک بینای کشتوکاڵی ناحیەکە و بینای باخچه‌ى ساوایانى ناحیەکە و بینای بەڕێوبەری ناحیەکە، ئەو زیادەڕەویانەش لە نێوان حەوت بۆ هەشت ساڵ دەبێت کراوە، لەگەڵ ئەوەش هاوڵاتیان مافی خۆیانە، چونکە زەوی دابەشکردن نەماوە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بژێت".
له به‌رامبه‌ردا، وه‌سفى عومه‌ر، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا، له‌مباره‌یه‌وه وتى: "له نێو ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا كه له‌سه‌ر بیناى حكومه‌ت خان‌و دروست كراوه له پێش من بوه ئه‌وه كراوه و ئیجرائات كراوه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ش ئه‌وه‌ى ئاگاداربم".
له هه‌مان كاتدا، هیوا محەمەد، هاوڵاتی لە قەزای کفری باس لەوە دەکات: "تاوەکو ئێستا نەبوە بینای حکومی بڕوخێنرێت و بکرێت بە خان‌و بە زیادەڕەوی، بەڵام لە سەردەمی رژێمی بەعس کە شوێنێکی ستراتیژیە و بینای حکومی بوە به نەخۆشخانەی گەورەی کفری بوە، ماوەیەکە روخێنراوە و پاک کراوەتەوە بۆ شوێنی پارک و بازرگانی، بەڵام هەندێک زانیاری هەن کە ئەڵێن بەرپرس ئەیەوێت دەستی تێبخات".
7. هاوڵاتیه‌ك: وه‌ك پێویست ئیجرائات ناكرێت
"ئیجرائات نیە بەرامبەر ئەوانەی کە زیادەڕەوی ئەکەن، بە جۆرێکە کە دەدرێنە دادگا و بانگ دەکرێن بە ٥٠ هەزار غەرامە کردن ئازاد دەکرێن"، غەریب محەمەد رەشید، هاوڵاتی لە ناحیەی سەرقەڵا باس لەوە دەکات.
له به‌رامبه‌ردا، وه‌سفى عومه‌ر، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا له‌مباره‌یه‌وه وتى: "له ماوه‌ى ساڵى رابردو ته‌نها 4 كه‌یسى زیاده‌ڕویمان هه‌بوه و ئاراسته‌ى دادگامان كردوه بۆ ئیجرائات كردن، بریاره‌كان لاى ئه‌وانه‌وه ده‌رده‌چێت".
"ئێمه رێگه ناده‌ین خانوى نوێ دروست بكرێت له نێو ناحیه‌كه، پار ساڵ هیچ كه‌یسێكمان نه‌بو له دادگا، بێت له سه‌ر پرسى زیاده‌ڕه‌وى، ئه‌وه‌شى هه‌یه یه‌كه‌ى نیشته‌جێبونه"، شاكر عه‌بد، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور وا ده‌ڵێت.
قادر فاتیح، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: "به‌رده‌وامین له لابردنى زیاده‌ڕه‌وى له نێو قه‌زاكه، به جۆرێك له ماوه‌ى یه‌ك هه‌فته‌دا 12 زیاده‌ڕه‌ویمان لابردوه، له %80ى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى كه له نێو شار به‌خێوده‌كران 3 جێگه‌مان پێداون كه تێیدا به‌خێوى بكه‌ن له ده‌ره‌وه‌ى شار، هاوكات 12 هاوڵاتى كه زیاتر له 8 ساڵه زه‌وى شاره‌وانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه كه مه‌ڕوماڵاتى تێدا به‌خێوده‌كه‌ن له گه‌ره‌كى حه‌ی ئیشتراكى هه‌مویمان روخاندوه و كردومانه به باخچه".
وتیشى: له‌وه‌ته‌ى ده‌ست به‌كاربوم زیاتر له 40 دۆنم زه‌وى به ده‌ستى هاوڵاتیه‌وه بوه گه‌ڕاندومانه‌ته‌وه بۆ شاره‌وانى كه كارگه‌ى قیر و ده‌واجنى له‌سه‌ر بوه.
به‌پێى ئه‌و رێنمایانه‌ى كه له یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018دا هاتوه كه تایبه‌ته به پێشگیریكردن به زیاده‌ڕه‌وى سه‌ره‌تا كه‌سى زیاده‌ڕه‌وى كار ئاگادار ده‌كرێته‌وه له ماوه‌ى 24 كاتژمێردا زیاده‌ڕه‌ویه‌كى لاببات، ئه‌گه‌ر نا نوسراو ئاراسته‌ى قایمقامى قه‌زا و به‌ڕێوبه‌رى ناحیه و داوكارى گشتى ده‌كرێت بۆ لابردنى ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویه، هاوكات ئه‌گه‌ر كه‌سى زیاده‌ڕه‌وى كار دژى وه‌ستایه‌وه ئه‌وه ده‌درێت به دادگا.
"له ماوه‌ى ساڵى رابردو سه‌روى 80 كه‌یسمان هه‌بوه و 44 كه‌سیان فه‌رمانى ده‌ستگیركردنیان هه‌یه و 11 خانوش روخێنراون، به‌پێى ده‌ه‌سه‌ڵاتى خۆمان ئیجرائاتمان كردوه و دۆسیه‌كانمان ئاراسته داواكارى گشتى كردوه له‌وێشه‌وه بۆ دادگا". ئه‌كره‌م ساڵه‌ح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار باسى له‌وه كرد.
وتیشى: ئێمه یاسا جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، هیچ جیاكاریه‌ك نیه له نێوان هاوڵاتى ئاسایى و ده‌سه‌ڵاتدار، ئه‌وانه‌شى كه خانوه‌كانیان روخێنراوه هه‌ر نایان ناسین كێن، ره‌نگه روخانى خانویه‌ك بۆ خانویه‌كى كه ده‌ستگیركردنى كه‌سێك بۆ كه‌سێكى كه له روى كاته‌وه جیاوازى هه‌بێت، ئه‌گه‌ر گومانیان له‌وه هه‌یه ده‌توانن سكاڵا بكه‌ن.
هاوڵاتیان به‌به‌رده‌وامى ره‌خنه ئاراسته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ن له‌وه‌ى كه ئیجرائات وه‌ك پێویست ناكرێت له ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه ده‌كرێت، جیاوازیش ده‌كرێت له نێوان هاوڵاتیاندا.
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى باس له‌وه ده‌كات: "ئیجرائات كراوه بۆ ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه دروست كراون له دواى ئه‌و یاسایه‌ى كه ده‌ركراوه ژماره 3ى ساڵى 2018وه له ماوه‌ى ساڵى 2019 و 2020، (5) شوێنى زیاده‌ڕه‌وى لابراون له نێو ناحیه‌كه به‌بێ جیاوازى".
8. هاوڵاتیه‌ك: ئێمه بێ پشت و په‌ناین بۆیه سزا دراین
به وته‌ى هاوڵاتیه‌ك له قه‌زاى كه‌لار له‌سه‌ر پرسى زیاده‌ڕه‌وى 11 خان‌و روخێنراوه و چه‌ندین هاوڵاتى سزا دراون به غه‌رامه كردن، 30 هاوڵاتیش فه‌رمانى ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رچوه.
بەشیر سابر، هاوڵاتی لە شاری کەلار، دەڵێت: "هۆکاری روخانی خانوەکانی ئێمە لە گەڕەکی حەمرینی کەلار تەنها هەژاری و بێ پشت و پەناییە و هیچیتر، چونکە کەسانی وا هەیە لە دوای ئێمە دروستیان کردوە ئێستا چیمەنتۆیە ئێمەش بە چینکۆ و بلۆکەوە ئەیانەوێ بیڕوخێنن، لە کاتێکدا لە ریزی ماڵەکانیش دروست کراوە و سیمای ناوچەکەی تێک نەداوە".
باسی لەوەشکرد: تاوەکو ئێستا ١١ خانومان روخاوە و ٣٠ کەسمان فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى بۆ دەرچوە، ١١ کەسیشمان دەستگیر کران و بە کەفالەت ئازاد کراون و خانوەکانیشیان روخێنراوە، ٣ ملیۆن و ٣٠ هەزار دیناریش غەرامە کراون، بەڵام جارێک پارەکەیان نەداوە.
هێمای بۆ ئەوەشکرد: کەسی وا هەیە لەو گەڕەکە ٥ خانوی هەیە کەسێک نیە لێی بپرسێتەوە ناشزانین هۆکاری ئەمە چیە، لەگەڵ ئەوەش دا ئەوانەی فه‌رمانى ده‌ستگیركردنیان بۆ دەرچوە لە دەشت و دەرئەمێننەوە، تەنانەت هاوڵاتی وا مان هەیە لە هەولێر ئەژێت.
سەبارەت بە کاتی دروستکردنی ئەو خانوانەی کە بە زیادەڕەوی دروست کراوە، بەشیر سابیر دەشڵێت: هەندێک لەو خانوانە لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ دروست کراوە وە هی واشی تیایە کە هی ئەمساڵ بوە، وە هی واشمان لەگەڵ بوە بە واستە کاتی دروست کردنەکەیان بە کۆن بۆ حساب کردوە نەیان روخاندوە، لەگەڵ ئەوەش کرێن و فرۆشتنی پێوە ناکرێت ئێمە ئەمانەوێ بژین سەردانی پەرلەمان و شارەوانیشمان کردوە بۆ ئەو مەبەستە کە رێگە چارەیەک بدۆزنەوە.
9. به‌شێك له گه‌ڕه‌كى قه‌زاكانى گه‌رمیان به زیاده‌ڕه‌وى دروست كراون
ئه‌كره‌م ساڵه‌ح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: دیارده‌ى زیاده‌ڕه‌وى له كه‌لار له‌م دواییانه‌دا به‌تایبه‌تى له كاتى كه‌ره‌نتینه سه‌ریهه‌ڵدا كه حكومه‌ت وه‌ك پێویست له كار نه‌بو، له كۆمه‌ڵێك گه‌ڕه‌ك خه‌ڵك ده‌ستى دایه زیاده‌ڕه‌وى خان‌و له نزیكه‌ى مانگێك سه‌روى 30 خان‌و دروست كرا، زیاتریش له دو گه‌ڕه‌ك بون ئه‌وانیش (حه‌مرین و سیروان) بون، سێ به‌شى شارى كه‌لار به زیاده‌ڕه‌وى دروست كراوه، به جۆرێك له 10 گه‌ڕه‌ك پێكهاتوه.
ده‌شڵێت: زۆرترین ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه كراون خانون، دواى ئه‌وه‌ش زیاده‌ڕه‌ویه‌كانى سه‌ر شه‌قام و شۆسته‌كانن، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى كه له نێو كۆڵانه‌كانن بۆ به‌خێوكردنى مه‌ر و ماڵات كراوه، له‌گه‌ڵ دروستكردنى باخچه، یانه‌ى شێروانه‌ش زه‌وى شاره‌وانى به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ شه‌خسى نیه، به‌ڵكو بۆ ناوچه‌كه‌یه، چونكه یانه‌ى شێروانه موڵكى هه‌مو گه‌رمیانه.
هاوكات، قادر فاتیح، سه‌رۆكى شاره‌وانى قه‌زاى كفرى ده‌ڵێت: "له قه‌زاى كفرى 2 گه‌ڕه‌كمان هه‌یه به زیاده‌ڕه‌وى دروست كراوه‌كه نوێ نیه و له سه‌رده‌مى شه‌سته‌كان دروست كراون، ئێستاش به‌پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2019 كار ده‌كه‌ین بۆ تاپۆ كردنیان، قه‌زاى كفرى تاكه قه‌زایه كه زیاده‌ڕه‌وى تێدا كه‌مه و ئه‌وه‌ى ده‌وترێت له‌سه‌ر پرسى زیاده‌ره‌وى له قه‌زاكه دوره له راسیته‌وه".
ئەکرەم رەزا، بەڕێوبەری تاپۆی گەرمیان وتی: "ئەو گەڕەکانەی کە بێ تاپۆن و بە زیادەڕۆی دروست کراون لە گەرمیان بە قەزا و ناحیەکانەوە تاوەکو ئێستا هیچ شتێکمان بۆ نەهاتوە بۆ تاپۆکردنی".
وتیشی: هۆکارەکەی ئەوەیە تاوەکو ئێستا لە لایەن شارەوانیەکانەوە کاری ئیفرازکردنی بۆ تەواو نەکراوە، تاوەکو دەست بە کارەکانی تاپۆکردن بکرێت.
10. ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى خانوه‌كانیان به‌ر پرۆژه‌ى شاره‌وانى ده‌كه‌وێت قه‌ره‌بو ده‌كرێنه‌وه
سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار ده‌ڵێت: ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى كه خانوه‌كانیان له نه‌خشه‌ى گه‌ڕه‌كه‌كانیان به‌ر پرۆژه‌ى شاره‌وانى ده‌كه‌وێت ئه‌وه قه‌ربو ده‌كرێنه‌وه له كاتى تاپۆكردنیاندا.
ئه‌كره‌م ساڵه‌ح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار باس له‌وه ده‌كات: "ئه‌و زیاده‌ڕویانه‌ى كه دروست كراون له گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى به‌عس و پێشتر، له ئێستاشدا به پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2019 سه‌رقاڵى دیزاینكردنى نه‌خشه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى تاپۆ بكرێن، ئه‌گه‌ر هه‌ر خانویه‌ك به پرۆژه‌ى شاره‌وانى بكه‌وێت، چونكه به ناڕێكى دروست كراون به‌شێكیان ئه‌وه قه‌ره‌بو ده‌كرێنه‌وه به پارچه‌یه‌ك زه‌وى".
وتیشى: به‌پێى ئه‌و لیژنه‌یه‌ى كه تایبه‌ته به‌و كاره له %70ى ناگونجێت له‌گه‌ڵ نه‌خشه‌دا.
11. به شێك له ناحیه‌كانى گه‌رمیان به زیاده‌ڕه‌وى دروستكراوه
"ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا له كۆنه‌وه دروست بوه و ماڵمان هه‌یه تاپۆیه و هه‌شمانه زیاده‌ڕه‌ویه، نزیكه‌ى 1000 ماڵن، ئه‌وه‌ى به زیاده‌ڕه‌وى ته‌واو بوه چاوه‌ڕوانى نه‌خشه‌كه‌ین ته‌واو ببێت بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به مامه‌ڵه‌كانى تر‌ى بكه‌ین بۆ تاپۆكردنى به‌پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2019 ". وه‌سفى عومه‌ر، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا له‌مباره‌یه‌وه وتى.
وتیشى: بۆ رێگه‌گرتن له زیاده‌ڕوى به پێى فه‌رمانى به‌ڕێوبه‌رى ناحیه هه‌ر بارێكى پێداویستى خانوبه‌ره كه دێته ناحیه‌كه ده‌بێت ره‌زامه‌ندى شاره‌وانى هه‌بێت له بازگه‌كان كه دێت.
له هه‌مان كاتدا، شاكر عه‌بد، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى باوه‌نور، ده‌ڵێت: ناحیه‌ى باوه‌نور له‌سه‌رده‌مى زو دروست كراوه و نه وێنه‌ى تۆماریان هه‌یه نه "سوره‌ت قه‌ید" هه‌موى به زیاده‌ڕه‌وى دروست كراوه ته‌نها یه‌ك پارچه زه‌وى تاپۆى هه‌یه ئه‌ویش ژماره 41ـه وا تازه رێك ئه‌خرێنه‌وه و كراون به 5 به‌ش بۆ ئه‌وه‌ى مه‌ساح بكرێت، به‌مزوانه ته‌واو ئه‌بێت و ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌دانان په‌سه‌ندى بكات ئه‌وه ئاراسته‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تاپۆ ئه‌كرێت بۆ تاپۆكردنى، ئه‌گه‌رچى باوه‌نور نه‌خشه‌ى هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێك ماڵ به ناڕێكى دروست كراون".
كه‌مال عه‌لى سابیر، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى ساڵه‌ح ئاغا وتى: "ناحیه‌ى ساڵه‌ح ئاغا له سێ گه‌ڕه‌ك پێكهاتوه و كاتى خۆى به زیاده‌ڕه‌وى دروست نه‌كراوه و پێش دروستبونى شاره‌وانى له ساڵى 2013 لایه‌ن ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه بۆ كۆنوسێك رێگه به هاوڵاتیان دراوه كه خان‌و دروست بكه‌ن، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكى واى تیایه سودمه‌ند بوه له پێشینه‌ى خانوبه‌ره".
وتیشى: بۆ پار ساڵ له سنورى شاره‌وانى هیچ زیاده‌ڕه‌ویه‌ك تۆمار نه‌كراوه، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ى سنورى شاره‌وانى ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه كشتوكاڵ ده‌ستى لێهه‌ڵگرتوه و تاوه‌كو ئێستا نه‌بوه به هى شاره‌وانى و له قۆناغى كوژاندنه‌وه‌یه كه 2 هه‌زار و 36 دۆنم زه‌ویه زیاده‌ڕه‌وى كراوه و باخ و سیاج و بیرلێدان هه‌بوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌و شێوه‌یه نیه كه هاوڵاتیان باسى لێوه ده‌كه‌ن.
باسى له‌وه‌شكرد: ئیجرائاتى ئێمه به پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 سه‌ره‌تا ئاگادار ده‌كرێنه‌وه كه له ماوه‌ى 24 كاتژمێر زیاده‌ڕه‌ویه‌كه‌ى لاببرێت، ئه‌گه‌رنا به نوسراو ئاراسته‌ى یه‌كه‌ى ئیدارى و داوكارى گشتى ده‌كرێت بۆ روخاندنى، ئه‌گه‌ر رێگرى بكات ئه‌وه ده‌درێت به دادگا.
له به‌رامبه‌ردا، به‌رزان كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى شاره‌وانیه‌كانى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: پرسى زیاده‌ڕه‌وى له نێو ناحیه‌كانى گه‌رمیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانى نه‌وه‌ده‌كان و پێشتر وه به‌م ساڵانه‌ى دوایه‌وه، به‌ڵام له ساڵى 2018 یاسایه‌ك ده‌ركرا بۆ نه‌هێشتنى زیاده‌ڕه‌وى كه ژماره 3یه، ئه‌مه واى كردوه حاڵه‌ته‌كه كه‌م ببێته‌وه و ئه‌وه‌شى ده‌كرێت یه‌كه‌ى نیشته‌جێبونه.
"ناحیه‌ى رزگارى گه‌ڕه‌كى نیه به زیاده‌ڕه‌وى دروست كرابێت، به‌ڵكو ماڵه و له نێوبه‌ینى ئه‌و ماڵانه‌ى كه هه‌ن كاتى خۆى له سه‌رده‌مى نه‌وه‌ده‌كان كراوه كه ژماره‌یان 167 ماڵه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جێگه‌ى دیكه‌مان نیه به زیاده‌ڕه‌وى دروست كرابێت، جگه له‌و 7 به‌نزینخانانه‌ى كه له‌سه‌ر رێگه‌ى ناحیه‌كه‌ن ئه‌وه هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كیان نه‌هاتوه‌ته لاى ئێمه و ناشزانین كێ رێگه‌ى پێداون كه دایبنێن". ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانى ناحیه‌ى رزگارى وا ده‌ڵێت.
باسى له‌وه‌شكرد: له سه‌رده‌مى ئێمه هیچ یاریگایه‌ك نیه به زیاده‌ڕه‌وى دروست كرابێت، وه‌ك باسى لێوه ئه‌كرێت.
12. چالاكوانێك: پرسى زیاده‌ڕه‌وى زیادى كردوه و یه‌كه ئیدارییه‌كانیش ته‌نها كار به‌ڕێكه‌رن
چالاكوانێك ده‌ڵێت: پرسى زیاده‌ڕوى له‌م ساڵانه‌ى دواى زۆر زیادى كردوه و كه‌سانى ئاسایش ناتوانن ئه‌و كاره بكه‌ن، یه‌كه ئیدارییه‌كانیش لێره هه‌ر كاربه‌ڕێكه‌رن.
ئاراز محه‌مه‌د، چالاكوان له گه‌رمیان، له باره‌ى پرسى زیاده‌ڕه‌ویه‌وه له سنوره‌كه ده‌ڵێت: "زیاده‌ڕه‌وى له‌ماوه‌ى ئه‌و 3 ساڵه‌ى دواى په‌ره‌ى سه‌ندوه به جۆرێك كه‌سانى ئاسایش ناتوانن ئه‌وه بكه‌ن، یان ئه‌وه‌یه كه‌سێكى ده‌ست رۆشتوه یان ئه‌وه‌تا كه‌سێكى له پشته، له سنورى شاره‌وانیه‌كانیش په‌ره‌ى سه‌ندوه، هۆكارى ئه‌وه‌ش لایه‌نه ئیدارییه‌كانى لێره هه‌ر كاربه‌ڕێكه‌رن و ناتوانن رێ له زیاده‌ڕه‌وى بگرن له سنوره‌كه، هۆكارى ئه‌مه‌ش رون نیه، ئایه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى و ئیلاقاتى شه‌خسى خۆى بێت؟ یان تاوان و ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ردا ناشكێت؟ ئه‌مه رون نیه".
له گه‌رمیان داگیركردنى زه‌وى و ده‌ستبردن بۆ موڵكى گشتى له زۆرنى سه‌وز زۆر زه‌ق بوه‌ته‌وه به جۆرێك به‌رپرس له به‌رزایی به‌رده سور زه‌وى شاره‌وانى داگیركردوه و بیناى له‌سه‌ر دروست كردوه تاوه‌كو ئێستا ئیجرائات نه‌كراوه.
ئاراس محه‌مه‌د وتى: له مله‌ى به‌رده سور مه‌سئول هاتوه زه‌وى داگیركردوه و بینا و كۆشكى لێ بنیات ناوه یه‌ك كه‌سیش ناتوانێت رێگه‌ى لێبگرێت، به‌ڵام ئه‌مه بۆ هاوڵاتیه‌كى هه‌ژار ته‌واو پێچه‌وانه‌یه".
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، ئه‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه كه یه‌كه ئیداریه‌كان له سنورى گه‌رمیان به كارى خۆیان هه‌ڵنه‌ستاون له پرسى زیاده‌ڕه‌ویدا.
كه‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت: زیاده‌ڕه‌وى له سنورى شاره‌وانیه‌كان و به‌ده‌ر له شاره‌وانیه‌كانیش به شێوه‌یه‌كى به‌رچاوبونى هه‌یه و شێوازێكه له چاو ساڵانى رابردو زیاتره و جیاوازتره و گه‌شتوه‌ته ئاستێك كه ده‌زگا ئیدارییه‌كان وه‌ك پێویست رۆڵى خۆیان نابینن، چونكه هه‌ندێك كه‌س به‌ده‌ر ئه‌كرێن له شێوازى ئیجرائاته‌كان، له به‌رامبه‌ریشدا كۆمه‌ڵێك كه‌سى هه‌ژار هه‌ن روبه‌ڕوى دادگا ئه‌كرێنه‌وه".
وتیشى: هۆكارى ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه له ساڵى 2006 تاوه‌كو ئێستا زه‌وى دابه‌ش نه‌كراوه به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا و ئه‌وانیش پێویستان به‌وه‌یه.
ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت هۆكارى زۆرى زیاده‌ڕه‌ویه‌كان به‌تایبه‌ت یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون دابه‌شنه‌كردنى زه‌وییه و داوایان كردوه له وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و په‌رله‌مان كه ده‌ست به دابه‌شكردنى زه‌وى بكرێته‌وه له ته‌نیشى پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان "ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه هه‌یه جۆراو جۆره به‌تایبه‌ت یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون، یه‌كێك له هۆكاره‌كانى زیادبونى پرسى زیاده‌ڕه‌وى له ئێستا له سنورى شاره‌وانیه‌كان ئه‌وه‌یه كه بۆ ماوه‌ى 15 ساڵه حكومه‌تى هه‌رێمى زه‌وى دابه‌ش نه‌كردوه به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا و هه‌موى بوه به پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان و ناتوانن به‌شداربن لێى، ئه‌وانه‌شى كه زیاده‌ڕوى ئه‌كه‌ن زۆرێكیان هاوڵاتیانى كه‌م ده‌رامه‌تن". رزگار محه‌مه‌د، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان و یه‌كێك له ئه‌ندامانى لیژنه‌ى زیاده‌ڕه‌وى له په‌رله‌مان وتى.
ده‌شڵێت: داواشمان كردوه كه زه‌وى ئیفراز بكرێت و دابه‌شبكرێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى شاره‌وانیه.
13. یاساى زیاده‌ڕه‌وى وه‌كخۆى جێبه‌جێ ناكرێت
له‌لایه‌ن پارله‌مانى كوردستانه‌وه یاسایىكى تایبه‌ت به پرسى زیاده‌ڕوى ده‌ركراوه كه یاساى ژمارى 3ى ساڵى 2018یه، لایه‌ن چالاكوانان و ئه‌ندام په‌رله‌مان و ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نه‌وه تێبینى له‌سه‌ر به‌جۆرێك وه‌كخۆى له سه‌ر پرسى زیاده‌ڕه‌وى جێبه‌جێ ناكرێت له نێو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه زیاده‌ڕه‌وى ده‌كه‌ن.
ئاراز محه‌مه‌د، چالاكوان، ده‌ڵێت: "یاسا بوه به یاساى حزبى و حكومه‌ت یارى پێده‌كات به ویستى خۆى، ئه‌و كه‌سانه‌شى له پۆسته ئیدارییه‌كانن ده‌سه‌ڵاتى ته‌واویان به‌سه‌ره‌وه نیه، جیاوازى ده‌كرێت له جێبه‌جێكردنى به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى كه زیاده‌ڕه‌وى ده‌كه‌ن به‌جۆرێك زیاتر بۆ كه‌سانى هه‌ژارن".
ده‌شڵێت: له ساڵه‌ح ئاغا تاوه‌كو ده‌وروبه‌رى شارى كه‌لار هه‌موى كراوه به باخ و ڤێلا كه‌سێك نیه بپرسێت ئه‌مه بۆ، له كاتێكدا هه‌مو ئه‌و حزبانه‌ى كه ده‌سه‌ڵاتیان لێره‌یه له ناو بیناى ته‌جاوزن، ئیتر چۆن ئه‌توانن رێگه بگرن".
هاوكات، كه‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 وه‌ك خۆى جێبه‌جێ بكرێت ئه‌وه %90ى پرسه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه و رێگه‌ى لێ ده‌گرێت، چونكه یاساكه كۆمه‌ڵێك ماده‌ى تیایه كه حاكمه‌كانیش ئه‌ڵێن یاسایه‌كى تونده له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌فاله‌تى تیا نیه غه‌رامه‌ى تیایه وله 3 میلۆنه‌وه بۆ 15 ملیۆنه، به‌ڵام وه‌كخۆى جێبه‌جێ ناكرێت، داواكارى گشتیش وه‌ك پێویست كارى له‌سه‌ر ناكات و دڵخۆش نین به ده‌رئه‌نجامى داواكارییه‌كان كه ده‌یكه‌ین له‌سه‌ر زیاده‌ڕوى.
"ئه‌و یاسایه‌ى كه تایبه‌ته به زیاده‌ڕه‌وى كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ده‌ركراوه یاسایه‌كى تونده و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌كخۆى جێبه‌جێ ناكرێت، زیاتریش بۆ كه‌سانى كه‌مده‌رامه‌تن كه زیاده‌ڕه‌وى ئه‌كه‌ن و پێویستیان به یه‌كه‌ى نیشته‌جێبونه، نمونه‌ى مله‌ى به‌رده‌سورمان هه‌یه كه ته‌نانه‌ت كه‌س ناتوانێت نزیكه‌ى ئه‌و تۆڕى ئاوه‌ش بكه‌وێ كه له‌وێیه". رزگار محه‌مه‌د، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان و یه‌كێك له ئه‌ندامانى لیژنه‌ى زیاده‌ڕه‌وى له په‌رله‌مان وتى.
باسى له‌وه‌شكرد: له په‌رمانه‌وه زۆر هه‌وڵماندا كه ئه‌م یاسایه به‌م شێوه‌یه نه‌بێت، به‌ڵام به زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سه‌ند كرا، له ئێستادا ته‌مه‌نى خۆى ته‌واو كردوه و له هه‌مواردایه و هه‌ڵمان داوه كه وابكه‌ین ئه‌و گرفتانه‌ى كه هه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێن، له ئێستادا یاسایه‌كى دیكه‌مان له به‌رده‌سته بۆ خاوه‌ندارێتى كردنى زه‌ویه زیاده‌ڕه‌وییه‌كان و كارى له‌سه‌ر ئه‌كرێت.
14. زیاده‌ڕویه‌كان ته‌نها له یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوندا نه‌ماوه‌ته‌وه
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت: ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه ده‌كرێت له گه‌رمیان له یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوندا نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له بازاڕ و به‌نزینخانه و یاریگاش خۆى ده‌بینێته‌وه.
كه‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، ده‌ڵێت: "زیاده‌ڕه‌ویه‌كان ته‌نها یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون نیه، به‌ڵكو دوكان و بازاڕ و به‌نزینخانه و یاریگان، ئه‌وانه‌شى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه‌سانى ده‌ستڕۆشتون كه به‌و كاره هه‌ستاون".
ده‌شڵێت: ته‌واوى گه‌رمیان له سنورى شاره‌وانیه‌كان زیاده‌ڕوى تێدا كراوه، ئه‌گه‌رچى ئێستا زیاتر له زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كاندا زۆر زه‌ق بوه‌ته‌وه.
15. نه‌خشه‌دانانى گه‌رمیان ره‌خنه ئاراسته‌ى شاره‌وانیه‌كان ده‌كات
به‌ڕێوبه‌رى نه‌خشه‌دانانى گه‌رمیان ره‌خنه ئاراسته‌ى شاره‌وانیه‌كان ده‌كات له‌وه‌ى كه پرسى زیاده‌ڕه‌وى به‌رده‌وامى هه‌یه و كارى كردوه‌ته سه‌ر كاره‌كانیان به جۆرێك كه نه‌خشه‌یه‌ك دروست ده‌كرێت و په‌سه‌ند ده‌كرێت، له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه زیاده‌ڕه‌وى ده‌كرێت و ئیجرائات ناكرێت و نه‌خشه‌كه‌یان تێك ده‌دات.
كاروان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خشه‌دانانى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: "هیچ گه‌ڕه‌كێك نه‌ماوه له كه‌لار كه نه‌خشه‌ى بۆ نه‌كرابێت كۆتا گه‌ڕه‌ك (ئه‌له و محه) بو، ته‌نها یه‌ك گه‌ڕه‌كمان هه‌یه ئه‌ویش به‌شێك له فه‌رمانبه‌رانه كه به (حه‌ى مانگا) ناسراوه ئه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌خشه‌ى بنه‌ڕه‌تى ناگونجێت و ناتوانین نه‌خشه‌ى بۆ دروست بكه‌ین".
هێماى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: بۆ پرسى زیاده‌ڕه‌وى ئێمه له ئێستا هیچ نه‌خشه‌یه‌كمان له به‌رده‌ستدا نیه جگه له كه‌لار، به‌ڵام گه‌وره‌ترین گرفت كه روبه‌ڕوى ئێمه ئه‌بێته‌وه كه نه‌خشه‌ى ئه‌و گه‌ڕه‌كانه په‌سه‌ند ئه‌كرێت كه ده‌زانن سنورى ئیفرازكردنى ئێمه كوێیه ده‌ست ئه‌كرێت به زیاده‌ڕه‌وى و نازانم بۆ بۆیان ئه‌چێته سه‌ر و بۆ رێگرى ناكرێت، به‌جۆرێك ئێستا زیاد له 70 حاڵه‌تم لایه له گه‌ڕه‌كى حه‌مرین كه دروست كراوه و نه‌خشه‌كه‌ى تێكداوه‌ته‌وه، تاوه‌كو ئێستاش هیچ به‌رپرسێك ئیجرائاتى یاساى له‌گه‌ڵ نه‌كراوه ده‌رهه‌ق به ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه له سنورى شاره‌وانیه‌كان ئه‌كرێت.
وتیشى: بۆ ناحیه‌كان تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن ناحیه‌كانه‌وه هیچ داواكاریه‌كى نه‌خشه‌مان بۆ نه‌هاتوه، له كۆبونه‌وه‌ى وه‌زاره‌تیش باسمان له‌وه كردوه كه هیچ داهاتێكمان نیه تاوه‌كو بتوانین كاره‌كانمان رایی بكه‌ین، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه بڕیاردراوه كه له %1ى داهاتى ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیانه‌ى كه دێته لامان بۆ نه‌خشه‌دانان بێت.
16. به‌رپرسانى گه‌رمیان: له‌پرسى لێپیچینه‌وه له زیاده‌ڕۆی جیاوازى له نێوان هاوڵاتیان ناكه‌ین
به‌رپرسانى سنورى گه‌رمیان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه به‌پێی یاسا‌و رێنماییه‌كان لێپێچینه‌وه‌یان كردوه، باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه جیاوازیان نه‌كردوه له نێوان هاوڵاتیاندا و نمونه‌ش به‌وه ده‌هێننه‌وه چه‌ندین كه‌یسیان له دادگایه.
شەهاب ئەحمەد، قایمقامی قەزای کەلار باس لەوەدەکات: "بەپێی رێکارەکان و یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٨ سەرەتا کارەکان لە شارەوانیەوە دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەبێت ئەو زیادەڕۆییەی کە هەیە دەبیت لاببرێت، دوا بەدوای ئەوە ئەگەر لای نەبات بەنوسراوی فەرمی دێتە لای ئێمە بۆ رێکاری یاسایی، کە ئارستەی داواکاری گشتی دەکرێت، هەر بۆیە لە بونی هەر زیادەڕەویەک لێپێچینه‌وه کراوە و کەیسیشمان هەیە لە دادگا".
هێمای بۆ ئەوەشکرد: ئەو ئامارانەی کە هەن لەسەر پرسی زیادەڕەوی راستەوخۆ پەیوەندی بە ئیدارەوە هەیە، رەنگە بۆ راگەیاندنەکان نەبێت.
سەبارەت بەوەی کە لیپێچینه‌وه بەرامبەر بە دەسەڵاتداران نیە کە زیادەڕەوی دەکەن، قایمقامی قەزای کەلار، وتیشی: ئەو زیادەڕۆییەی کە کراوە بۆ یەکەیەکی فەرماندەی بوە و لەسەردەمی سەرپەرشتیاری پێشوی ئیدارەی گەرمیان کە بانگ کرا، باس لەوە کرا کە ئەمە جێگەیەکی شەخسی نیە، وە لەگەڵ ئەوەشدا ئەو شوێنانەی کە لەسەنتەری شاری کەلارن و حزب زیادەڕەوی کردوەتە سەری ئەوە ئیشی شارەوانیە و دەبێت ئەو پرسیارە ئاراستەی ئەو بکرێت.
لە بەرمبەردا، ئەکرەم ساڵەح سەرۆکی شارەوانی کەلار وتی: "ئەو زەویانەی کە بە دەستی حزبەوەیە و موڵکی شارەوانیە لە کۆنەوە هەبوە و بوە بە بارەگایان، وە هەندێکیشی گەڕاوەتەوە بۆ شارەوانی و هەندێکیشی ماوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٨ هیچ زیادەڕەویەک نەکراوە لەلایەن حزبەوە تا بڕوخێندرێت".
جەختی لەوەشکردەوە: ئەو بینایەی کە لەبه‌رزایی بەردەسور کراوە لە لایەن بەرپرسێکەوە موڵکی شارەوانی نیە.
هاوکات، جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وتی: "پرسی زیادەڕەوی لە سنوری شارەوانیەکان وەک ئەوەی باسی لێوە دەکرێت بەو جۆرە نیە و ئێستا کەمی کردوە، ئەوەی کراوە هی ساڵانی پێشوترە".
باس له‌وه‌شده‌كات: لەم چەند مانگەی پێشتر زیاده‌رۆیی هەبوە و لێپێچینه‌وه‌ش کراوە، تەنانەت چەندین جێگە روخێنراوە و چەندین کەیسیشمان لە دادگا هەیە دوای ئەو رێکارانەی کە لایەنە ئیداریەکان ئەنجامیان داوە.
سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان، دەشڵێت: هیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان هاولاتیان بۆ لێپێچینه‌وه کردن و رێنمای و یاسا وەک یەک جێبەجێ دەکرێت.
له‌باره‌ى ئه‌و موڵكانه‌ى شاره‌وانى كه لای حزبه‌كانه، سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان، ده‌ڵێت: ئەو شوێنانەی کە باسی لێوە دەکر
ئێت بە دەستی حزبەوەیە لە ساڵی ٢٠٠٩ کۆمەڵێک ڕێنمای هەبو هەندێک شوێن گەڕایەوە بۆ شارەوانیەکان، بەڵام دوابەدوای ئەوە رێکارەکان وەستان وە ناشزانم هۆکارەکەی چیە.
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. زیاده‌ڕه‌ویی له زه‌ویه‌كانى شاره‌وانى، یه‌كێكه له دیارده زه‌قه‌كان، ئه‌مه‌ش میچژوه‌كه‌ى كۆنه و هه‌ندێكى بۆ سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس و هه‌ندێكى تریش بۆ دواى راپه‌ڕین ده‌گه‌ڕێته‌وه.
2. له دواى راپه‌ڕین و پرۆسه‌ى ئازادیی عێراقه‌وه، هه‌ست به ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى دیارده‌كه ده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك تائێستا به فه‌رمی 22 گه‌ڕه‌كى زیاده‌ڕۆ هه‌یه له سنورى گه‌رمیان سه‌رباری ئه‌وه‌ى له‌هه‌ندێك ناحیه‌دا زیاده‌ڕه‌ویه‌كان به گه‌ڕه‌ك نیه و په‌رش و بڵاوه.
3. نه‌بونى یاسای گونجاوى تایبه‌تمه‌ند، هه‌روه‌ها لاوازیی لێپێچینه‌وه‌ى ئیداریی، له‌گه‌ڵ بونى قه‌یران و كێشه‌ى نیشته‌جێبون و خراپی دۆخی دارایی هاوڵاتیان له‌گه‌ڵ قۆستنه‌وه‌ى ئه‌م پرسه له‌لایه‌ن كه‌سانى هه‌لپه‌رست كه به‌رپرسی حزبی و حكومیش تێوه‌ى گلاون، له هۆكارى ئه‌وه‌ن كه دیارده‌ى زیاده‌ڕه‌ویی به‌رفراوانتر بێت.
4. سه‌رباری ده‌ركردنى یاساییه‌ك له ساڵی (2018) بۆ مامه‌ڵه‌كردن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى زه‌ویه زیاده‌ڕۆكان، به‌ڵام هێشتا ئه‌م یاسایه به باشی جێبه‌جێنه‌كراوه و خه‌ڵكیش به‌ته‌واوى سودیان لێی نه‌بینیوه. هه‌روه‌ك خودی پارله‌منتارانیش باس له پێویستیی هه‌مواركردنه‌وه و پێداچونه‌وه به یاساكه ده‌كه‌ن.
5. ئه‌گه‌رچی به‌رپرسان ره‌دی ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام وه‌ك هاوڵاتیان جه‌ختى لێده‌كه‌نه‌وه و ئه‌وه‌شى كه به‌رچاوه، جیاكارییه‌ك بونى هه‌یه له مامه‌ڵه‌كردن له رێگه‌دان به ئه‌نجامدانى زیاده‌ڕه‌وی، ئه‌م جیاكاریه‌ش به بونى واسته و پاڵپشتی حكومی و حزبی زه‌قتر ده‌بێته‌وه.
6. بونى مه‌ركه‌زیه‌ت له بڕیاره كارگێڕیه‌كان، وایكردوه تایبه‌تمه‌ندى ناوچه‌كان ره‌چاو نه‌كرێت، ئه‌مه‌ش هۆكاره بۆ ئه‌وه‌ى رێوشوێنه‌كانى روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى دیارده‌ى زیاده‌ڕۆیی له گه‌رمیان لاواز بن.
7. هه‌ست به‌وه‌ناكرێت كه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بڕیارێكى بنه‌ڕه‌تیی و هه‌ماهه‌نگیه‌كى ته‌واو و یه‌كده‌ستییان هه‌بێت له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى زیاده‌ڕه‌وی، به‌ڵكو هه‌ر نه‌بونى ئه‌م هه‌ماهه‌نگی و یه‌ك بڕیارییه وایكردوه حاڵه‌ته‌كانى زیاده‌ڕه‌ویی په‌ره بسێنن.
8. به‌شى زۆری ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى به ته‌جاوز یه‌كه‌ى نیشته‌جێبونیان دروستكردوه یان كڕیوه، كه‌سانى كه‌مدرامه‌ت و هه‌ژارن، ئه‌مانه‌ش به‌هۆی نه‌بونى رێگه چاره‌ى دیكه بۆ رزگاربون له بارگرانى كرێچێتى په‌نایان بۆ ئه‌م حاڵه‌ته بردوه. له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ست به‌وه‌ناكرێت ئه‌نجامدانى رێكاره‌كانى وه‌كو دابه‌شكردنى زه‌وی و دروستكردنى پرۆژه‌ى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون، زۆر سودی به‌م توێژه گه‌یاندبێت كه رۆژ به رۆژ ژماره‌یان زیاد ده‌كات، ئه‌مه‌ش وایكردوه دیارده‌كه زیاد بكات نه‌ك كه‌م، هه‌تاوه‌كو چاره‌سه‌رێكى بنه‌بڕی ئه‌مه‌ش نه‌كرێت، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت زیاده‌ڕه‌ویی به‌رده‌وام بێت.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. پێویسته حكومه‌ت به هه‌ردو ئاسته‌كه‌یه‌وه (ناوخۆیی و مه‌ركه‌زی)، به‌جدیتر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه هه‌ڵوه‌سته بكات، ئه‌ویش له رێگه‌ى دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌ى گونجاو و نوێ به پاڵپشتی پارله‌مان و ده‌زگاى دادوه‌ریی، ئه‌مه‌ش به گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه.
2. هه‌وڵی ده‌ركردنی یاسای نوێ یان هه‌مواركردنى یاسای تایبه‌تمه‌ند بدرێت، چونكه بونى بۆشایی یاسایی یان نه‌بونى یاسای ته‌واو و بێكه‌موكورتیی، مه‌رجه بۆ سه‌رگرتنى هه‌ر هه‌وڵێكى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى زیاده‌ڕۆیی.
3. بره‌ودان به لامه‌ركه‌زیی له كۆی بڕیاره‌كاندا و له‌نێویاندا ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته به پرسی زیاده‌ڕه‌ویه‌وه، پێویست و گرنگه، واده‌كات ناوچه‌كان باشتر ده‌ستیان به‌سه‌ر كێشه‌كه‌دا بشكێته‌وه و باشتر هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنى بده‌ن، به‌پێی گونجاویی و شیاویی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی گشتى.
4. پێویسته لێكتێگه‌یشتن و هاوكاری نێوان ده‌زگا حكومیه‌كانى په‌یوه‌ست به‌م پرسه‌وه به‌هێز بكرێت، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ى كۆبونه‌وه و دۆزینه‌وه‌ى میكانیزم و رێوشوێنى گونجاو و ره‌واندنه‌وه‌ى هه‌ر ته‌مومژ و به‌دحاَلی بونێك.
5. گرنگه حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، لیژنه‌یه‌كى باڵا پێكبهێنێت بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى دیارده‌ى زیاده‌ڕۆیی، به به‌شداریی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و ده‌رفه‌ت دان به چاودێریی نوێنه‌ره هه‌ڵبژێردراوه‌كان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی. كارى ئه‌م لیژنه‌یه داڕشتنى پلانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى زیاده‌ڕۆیی و هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنى لێكه‌وته‌كانى بێت.
6. به‌مه‌به‌ستى بنبڕ‌كردنى هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كه‌ى زیاده‌ڕه‌ویی كه نه‌بونى شوێنى نیشته‌جێبونه بۆ كه‌سانى كه‌مدرامه‌ت، پێویسته حكومه‌ت هه‌وڵ بدات چ به دابینكردنى زه‌وی و چ دروستكردنى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون به نرخی گونجاو، ده‌ستپێشخه‌ریی و هه‌نگاوی هه‌بێت.
7. حكومه‌ت پێویسته وه‌ك یه‌ك و به یه‌ك ئاست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زیاده‌ڕه‌ویه‌كان و كه‌سانى زیاده‌ڕۆكاردا بكات، نه‌ك به جیاوازیی و ره‌چاوكردنى واسته و پاڵپشتی، بۆ ئه‌مه‌ش دروستكردنى لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ند له‌سه‌ر بنه‌ماى پیشه‌یی بون و پابه‌ندبون به یاسا، پێویست و گرنگه.