کەسێک بەتۆمەتی تەقەکردن لە ماڵی 'نەقیب هاوڕێ' دەستگیر دەکرێت
هەواڵ
06:44PM - 2026-10-19 , بینین : 46


رادیۆی دەنگ

دوای ٦ رۆژ لە لێکۆڵینەوە و گەڕان، کەسێک بەتۆمەتی تەقەکردن لە ماڵی نەقیب هاوڕێ جەلیل- لێپرسراوی بەشی خانەقینی پۆلیسی دارستان، دەستگیرکرا.

عەقید- سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، جەختی لە هەواڵەکە کردەوە و بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کەمێک پێش ئێستا تۆمەتبارێک بەتۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەی تەقەکردن لەماڵی نەقیب هاوڕێ، لەلایەن هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان و بەهاوکاری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لەناو بازاڕی کەلار دەستگیر کراوە.

وتیشی: لەئێستا تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ٤۳۰ لە یاسای سزادانی عێراقی، دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، تۆمەتبارەکە راوچی بوە و پێشتر لەلایەن نەقیب 'هاوڕێ جەلیل'ـەوە دەستگیرکراوە و دواتر بە فەرمانی دادوەر لەسەر راوکردن سزا دراوە.

بەرەبەیانی رۆژی ۱۳ـی ۱۰ـی ۲۰۲٦، ماڵی بەرپرسی بەشی خانەقینی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان- نەقیب هاوڕێ جەلیل، درایە بەر دەستڕێژ و نزیکەی  ۳۰ فیشەک نرایە ماڵ و ئۆتۆمبیلەکەیەوە کە ٢٢ فیشەکیان بەر ئۆتۆمبیلەکەی کەوت. روداوەکەش زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە. لەوکاتەشەوە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە دەستپێکرد.

↑