چاودێریی بازرگانی گەرمیان بۆ هاوڵاتیان: لە بەرزکردنەوەی نرخی شتومەک ئاگادارمان بکەنەوە
هەواڵ
12:15PM - 2026-10-19 , بینین : 59


رادیۆی دەنگ

لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی دۆلار و بەردەوامیی کێشە هەرێمایەتییەکان، هاوڵاتیان باس لەوەدەکەن نرخی شتومەک بەگشتی لە بازاڕدا گران بون، چاودێری بازرگانیش دەڵێت: بەدواداچونەکانمان بەردەوامن و داوا دەکەم هاوڵاتیان ئاگادارمان بکەنەوە.

بەپێی وتەی چەند هاوڵاتییەک کە قسەیان بۆ رادیۆی دەنگ کردوە، نرخی شتومەک لە مارکێت و مۆڵ و بازاڕدا لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی دۆلاردا زیاتر بەرزبوەتەوە، بۆ جۆرێک کاڵای وا هەیە ٥ هەزار دیناری رۆشتوەتەسەر.

باس لەوەشدەکەن پێشتر و بەکاریگەری شەڕی ئێران نرخەکان هەندێک زیادیان کردبو، ئێستا لەگەڵ هەڵکشانی نرخی دۆلار زیاتر گرانبون.

لەبەرامبەردا، حیکمەت ئەحمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی چاودێریی بازرگانیی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لیژنەکانمان بەبەردەوامی سەردانی شوێنکارەکان دەکەن بەمەبەستی چاودێرییکردنی نرخەکان.

دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هاوڵاتیان هاوکارمان بن و ئاگادارمان بکەنەوە لە هەر شوێنێک نرخ بەرزکرابێتەوە، پێویستە سکاڵا تۆماربکەن بۆ ئەوەی راستەوخۆ بتوانین بچینە شوێنکارەکە.

↑