ئایا ڤایرۆسی هەنتا دەبێتە پەتای جیهانی؟
02:26PM - 2026-05-14 , بینین : 100


د.شێرکۆ سوبحان* 


بۆ تێگەیشتن لە ڤایرۆسی هەنتا، پێویستە لە زانستی بەربڵاوی میکرۆبەکە، میژو، جینات (Genome)، بەدواداچونی بەرکەوتوانی ناو کەشتییەکە و شێوازی چونە ناو خانەکانی مرۆڤ بکۆڵرێتەوە.


زانستی بەربڵاوی میکرۆب

لە زانستی بەربڵاوی نەخۆشی (epidemiology)ـدا چەند زاراوەیەکی گرنگ هەن پێویستن بۆ تێگەیشتن لە مەترسیی بڵاوبونەوەی میکرۆب. 

خۆجێی یان داکوتان لە شوێنێک (Endemic): واتا نەخۆشیەکە لە شوێنێکی دیاریکراودا دایکوتیوە و بەردەوام هەیە، بەڵام لە شوێنێک تر بونی نیە. بۆ نمونە مەلاریا لە ئەفریقا. ڤایرۆسی هەنتا لە ئەمریکا، بەرازیل، ئەرجەنتین، چیلی، پۆلیڤیا، چین و کۆریا، کە لە ناو قرتێنەرەکان (مشک و جرج)ـدا دایکوتیەوە و بەردەوام قرتێنەرەکان دەبنە کۆگا (Reservoir) بۆ ڤایرۆسی هەنتا. 

پەرشوبڵاویی (Sporadic): واتا میکرۆبەکە ناوبەناو سەرهەڵدەدات لەو شوێنانەی کە خۆجێین یان دەبنە خۆجێی بەهۆی بونی گیانداری خانەخوێ (Reservoir host). بۆ نمونە نەخۆشی هاری (Rabies) یان دەردەکۆپان (کزاز). 

سەرهەڵدان (Outbreak): واتا میکرۆبەکە لە شوێنێکی دیاریکراودا دەتەقێتەوە. بۆ نمونە سەرهەڵدانی میکرۆبێک لە خوێندگایەک یان گەڕەکێک یان لە ناو چێشتخانەیەک یان هۆتێڵێک یان کەشتیەک. 

پەتای کاتی (Epidemic): میکرۆبێک لە ناوچەیەکی خۆجێی دێتە ناوچەیەکی تر کە پێشتر میکرۆبەکە نەبوە یان کەم بوە، بەڵام وردە وردە رو لە زیادبون دەبێت. بۆ نمونە نەخۆشی زامی بەغدادی (لیشمانیا)  لە باشوری عێراق خۆجێیە. بەڵام کاتێک کە دێتە ناو هەرێمی کوردستان دەبێتە پەتا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و دواتر نامێنێت. 

پەتای جیهانی (Pandemic): میکرۆبەکە لەیەک کاتدا سنوری چەند کیشوەرێک دەبڕێت، بۆ نمونە ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکەم جار لە چین خۆجێی بو، دواتر گواسترایەوە بۆ ئەوروپا بو بە پەتای کاتی، پاشان بو بە پەتای جیهانی. 

ساڵانە یان مانگانە رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) پۆلێنی نەخۆشییەکان دەکەن وەک ئەوەی لەسەرەوە باسکرا. 


مێژوی ڤایرۆسی هەنتا

لە رابردودا چەندینجار بەشێوەی پچڕ پچڕ (Sporadic) ئەم ڤایرۆسە سەری هەڵداوە. بۆ نمونە لە روسیا و چین لە ساڵانی بیستەکان و لە کۆریا ساڵانی پەنجاکان، لە کاتی جەنگ و بەرکەوتنی سەرباز بە قرتێنەرەکان، هەزاران کەس توشبون. ئەم ڤایرۆسە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لە کیشوەری ئەمریکاوە دایکوتیوە و بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ مرۆڤ توش دەکات. لەم ساڵدا چەند رۆژێک لەمەوبەر ڤایرۆسی هەنتا لە ناو کەشتییەکی گەشتیاری لە ئەرجەنتینەوە بۆ هۆڵەندا سەریهەڵدایەوە.  


جیناتی ڤایرۆسی هەنتا

ڤایرۆسی هەنتا جینۆمەکەی لە جۆری ترشی ناوکی ئاڕ ئێن ئەی (RNA)ـە. ئەم جۆرە جیناتە زیاتر گۆڕانکاری بۆماوەیی تێیدا رودەدات و توانی خۆگۆڕینی هەیە، بۆ نمونە جۆری ئەندێز کە ئێستا هەیە و توانای گواستنەوەی لە نێوان مرۆڤەکان هەیە بەبێ خانەخوێی قرتێنەرەکان. هەروەک لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلوەنزادا کە دەیان جۆری لێ پەیدا بوە و لە نێوان مرۆڤەکان دەگوازرێنەوە. 


شێوازی چونە ناو خانەکانی مرۆڤ

 ڤایرۆسی هەنتا لەڕێگەی وەرگری پڕۆتینێک کە لە ناو لولەی خوێندایە، دەچێتە ناو خانەکانی مرۆڤ، واتا ڤایرۆسەکە زیاتر توشی هەر شوێنێک دەبێت کە لولەی خوێنی تێدایە، بە تایبەت بۆ سی و گورچیلە دەڕوات. هەر بۆیە نیشانەکانی بە شێوەی هەوکردنی سی و گورچیلە و خوێنبەربون خۆی نیشان دەدات.

لێرەدا هەنتا جیاوازە لە کۆرۆنا و ئەنفلوەنزا کە توشی خانەکانی هەناسەدان دەبن، بەڵام هەنتا توشی خانەکانی ناوپۆشی لولەی خوێن (Endothelial cells) دەبێت، نەک خانە سیکڵدانۆچکەکانی ناو سیەکان. کەواتە دەبێت شێوازی گواستنەوەکەش جیاواز بێت. واتا ڕەنگە هێواش تر بێت لە ڤایرۆسەکانی تر. بۆ نموونە ڤایرۆسی سوورێژە یەک مناڵی توشبو دەتوانێت نزیکەی ١٨ مناڵی تر توش بکات. لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا یەک کەس دەتوانێت نزیکەی ٧ کەس توش بکات. ئەمە لەزانستی بەربڵاوی میکرۆبەکان پێی دەوترێت (R0). 


بەدواداچوونی بەرکەوتوان (Contact tracing)

لە کاتی کۆنترۆڵکردنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسدا، لایەنی تەندروستی دەستدەکات بە دواداچون بۆ ئەو کەسانەی لەو شوێنەی ڤایرۆسەکەی تێدا تەقیوەتەوە. لەم بەدواداچونەدا پێویستە بەرکەوتەی یەکەم و دوەم و سێیەم بگرێتەوە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ڤایرۆسەکە تەنها لە مشکەوە گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ یان لە ناو مرۆڤەکان خۆشیاندا بڵاوبوەتەوە؟ لەبەرئەوە ئەگەر گواستنەوەکە تەنها مشک بۆ مرۆڤ بێت، کۆنترۆڵکردنی ئاسانە و بە دورکەوتنەوە لە مشک نەخۆشییەکە خۆپارێزی لێ دەکرێت. بەڵام ئەگەر گواستنەوەکە لە نێوان مرۆڤەکان خۆیاندا بو، ئەوا پێویستە بە گوێرەی سوڕی ژیان (Incubation period)ـی میکرۆبەکە بەرکەوتووان کەرەنتینە بکرێن. 

دەوترێت کە لە ناو کەشتییەکە مشک نەبوە. ئەمە ئەگەر وابێت، کەواتە یەکەم کەسی نەخۆش (Zero patient) توانیویەتی ٩ کەسی تر توش بکات! بەڵام ئەگەر لە ناو کەشتییەکە مشک هەبوبێت، ئەمە باشترە، چونکە ئەگەری هەیە هەر ئەو ١٠ کەسەی لە ناو کەشتییەکەدا بون، بەهۆی مشکەوە توش بوبێتن، ئەمەش ئەگەری مرۆڤ بۆ مرۆڤ لاوازتر دەکات. بەڵام بۆ ناوبانگی کەشتیەکە خراپە. هەروەها ئەم ئەگەرە لە دوای بەدواداچونی بەرکەوتوانی دووەم و سێیەم رونتر دەبێتەوە. واتا هەتا نزیکەی دو مانگی تر یەکلا نابێتەوە. 


داهاتوی ڤایرۆسی هەنتا

بۆمان دەردەکەوێت کە ڤایرۆسی هەنتا لە رابردودا بەشێوەی پچڕ پچڕ (Sporadic) هەبوە، جیناتەکەشی قابیلی گۆڕان (mutation)ـە و جۆری نوێ (Variants)ـی لێ دێتە کایەوە (بۆ نمونە جۆری ئەندێز)، بەڵگەش هەیە کە سەرەڕای مشک، لە نێوان مرۆڤەکان خۆشیاندا دەگوازرێتەوە.

هەر بۆیە لەڕوی تیۆرییەوە دەکرێت ئەم ڤایرۆسە ببێت بە پەتای جیهانی، بەڵام لەئێستادا مەترسی ئەوتۆی نیە، لەبەرئەوەی کە شێوازی گواستنەوەکەی زۆر هێواشە و پێویستی بەوە هەیە کە مرۆڤەکان زۆر نزیک بن لەیەکەوە، وەک لەکاتی خواردن و خەوتن و ماچکردن. بەڵام ئەگەر بێت و لەڕێگەی هەناسەوە بگوازێتەوە ئەوا دەبێت بە پەتای جیهانی. 

ئەوەی کە زۆر گرنگە سەرنجی بخرێتە سەر ئەو ١٠ وڵاتەی کە هاوڵاتییەکانیان لە ناو کەشتییەکەدا بوە. سەرنشینەکانی کەشتیەکە ئێستا کەرەنتین کراون بۆ ماوەی نزیکەی ٥٠ رۆژ، چونکە سوڕی ژیانی میکرۆبەکە لە نێوان ٥ بۆ ٤٢ رۆژ دەبێت، هەندێکجار تا ٨ هەفتە دەبێت. هەروەها دەبێت پاش گەڕانەوەی بەرکەوتوانی ناو کەشتییەکە بۆ ناو ماڵی خۆیان، بەرکەوتوانی دوەم و سێیەمیش بەدواداچوونیان بۆ بکرێت. ئەمانە هەموی رێکاری تاقیگەیی خۆی هەیە کە دەبێت حیساب بۆ هەمو ئەو شتانەی لەسەرەوە باسکران، بکرێن.

هەر بۆیە داهاتوی ئەم پەتایە نازانرێت تاوەکو بەرکەوتەی دوەم و سێیەمیش بەدواداچونی بۆ نەکرێت. 


گەورەکردنی ڤایرۆسەکە

 ئەم ڤایرۆسە لە سنووری خۆی زیاتر لە راگەیاندنەکاندا باسدەکرێت، رەنگە هۆکارێکی ئەوە بێت کە نەوەک هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بتەقێتەوە، هەر بۆیە وڵاتان دەترسن ڤایرۆسەکە خۆی بگۆڕێت و بە خێرایی بڵاوبێتەوە. رەنگیشە هۆکارێکی ئابوریی لە پشتەوە بێت، ئەوەش لەبەرئەوەی کۆمەڵێک توێژەر و کۆمپانیا لە دو ساڵی رابردودا خەریکی دۆزینەوەی ڤاکیسنی هەنتان، ئەمەش بۆ ئەوەی پشتگیریی دروستکردنی ڤاکسینەکەیان بۆ بکرێت.


کۆتایی

هەرچۆنێک بێت، ئەم ڤایرۆسە راستە و سروشتیە و جێگەی مەترسیە، ئەمە رەنگە هۆکاری ناڕۆحی و حیسابنەکردنی سیستەمی سەرمایەداری بێت بۆ جۆراوجۆری (Biodiversity) و ژینگەی گیانداران. لەبەرئەوە لە سیستەمی سەرمایەداریدا ماددە بۆ بەدەستهێنانی ژیانی مرۆڤ سەنتەرە.  بەڵام سەرمایەدار حیساب بۆ ئەوە ناکات کە گۆڕینی ژینگەی ئاژەڵان و وەدەرنانی مشک و قرتێنەرەکان و باڵندەکان و مێروەکان کە هەڵگر و کۆگای میکرۆبە ترسناکەکانن، دەبێت هۆی لەناوچونی خودی سەرمایەدار و دەسەڵاتدار خۆی و نەوەکانیشی.

 ئەمە لە میژوی مرۆڤایەتی و مێژوی ئایینەکانیش ئەم هەڵسوکەوتە ماددی و ستەمکاریانەی خاوەن سەرمایە و دەسەڵات، چارەنووسیان باسکراوە، کە چۆن بە حیساب نەکردن بۆ سروشت و دەوروبەر، لەناوچوون. 

ئەم میکرۆبە دەبێت ببێتە وانەیەکی خێرا بۆ پەتای جیهانی داهاتو، بەڵام پێویستە گەورە نەکرێت و لەهەمان کاتدا بەردەوام بەدواداچون بۆ ئەو میکرۆبانە بکرێت کە ترسی بڵاوبونەوەی پەتای جیهانی هەیە، وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئایدز و ئەنفلوەنزا و تای خوێنبەربون.


* پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەرگری لەش دژی میکرۆب/ کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان