فەرمانی گرتن بۆ مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستان دەردەچێت کە ژمارەیەک تۆمەتبار تەقەی لێکردون
هەواڵ
07:13PM - 2025-11-24 , بینین : 815
 
رادیۆی دەنگ
 
دوای ئەوەی 5 تۆمەتبار بە راوکردن لەگەرمیان لە ماوەکانی پێشودا تەقەیان لە مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستان کرد و پۆلیسێکیان بریندارکرد، کەچی دادوەر فەرمانی گرتنی بۆ ئەو مەفرەزەیە دەرکردوە کە تەقەیان لێکراوە.
 
روداوەکە چۆن بوە؟
 
روداوەکە بەرەبەیانی ۱٤ـی ۷ـی ۲۰۲٥ رویداوە کە مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین لە سنوری گوندی سەنگەر بەمەبەستی نەهێشتنی راوکردن، دەرچونێکیان ئەنجامداوە و چەند تۆمەتبارێک هەستاون بە تەقەکردن لێیان و فیشەکیان ناوە بە ئۆتۆمبیلی خودی بەڕێوبەری پۆلیسی دارستانی خانەقینەوە.
 
هاوکات بەهۆی ئەو هێرشەوە کارمەندێکی مەفرەزەکە بەناوی (باقی ئەبوبەکر) بریندار بوە. دواتر چەکدارەکان ئۆئۆمبیلەکەیان کە لە جۆری نیسان پاترۆڵە بەجێهێشتوە و لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
 
 
دواتر چی رویدا؟
 
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، دوای روداوەکە، تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون و روبەڕوی دادگا کراونەتەوە. بەڵام دواتر تۆمەتبارەکان سکاڵا لەسەر مەفرەزەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین تۆمار دەکەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، لەئێستادا فەرمانی گرتن بۆ مەفرەزەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین دەرچوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەڕێوبەری بەشەکە و ٤ لە کارمەندەکانی.
 
 
پۆلیس: ئامادەین بۆ بەردەم دادگا
 
نەقیب هاوڕێ جەلیل، بەرپرسی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین، بۆ رادیۆی دەنگ جەختی لە هەواڵەکە کردەوە و وتی: فەرمانی گرتنمان بۆ دەرچوە و ئامادەین بۆ چونە بەردەم دادگا، چاوەڕێی فەرمانی سەروی خۆمانین.
 
 
رونکردنەوەی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوە
 
لەبارەی روداوەکە و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ مەفرەزەکە، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوک/ گەرمیان رونکردنەوە دەدات و دەڵێت: دەسەڵاتی دادوەرە.
 
د. ئاوات حاجی، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوک/ گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: باشتر وایە ئەو کەسانە بانگهێشت بکرێن بۆ دادگا، بەڵام ئەگەر مادەکە قورس بێت ئەوا فەرمانی گرتن دەردەچێت لەلایەن دادوەرەوە.
 
وتیشی: دادوەر دەسەڵاتی تەواوەتی هەیە بانگهێشت بۆ تۆمەتباران دەربکات یاخود فەرمانی گرتنیان بۆ دەربکات، دیارە دادوەرەکە بەباشی زانیوە بڕیارەکەی فەرمانی دەستگیرکردن بێت.
 
 لەبارەی نیگەرانییەکان لەبارەی ئەم بڕیارەی دادوەر لەکاتێکدا مەفرەزەکە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردوە و دەکرا تەنها بانگهێشت بکرایەن، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوک/ گەرمیان وتی: (مەفرەزەکەی پۆلیسی دارستان) دەکرا تەمیزی فەرمانەکەیان بکردایەتەوە، ئەوکات دۆسییەکە دەهاتە لای ئێمە و بڕیارێکمان دەردەکرد کە ئەو فەرمانی دەستگیرکردنە دروستە یان نا.
 
وتیشی: دەتوانن بۆ ئەو مەبەستە سەردانمان بکەن، یاخود فەرمانەکە تێهەڵبچنەوە "تەمیزی بکەنەوە".