
د. شێرکۆ نەریمان سوبحان*
پێشەکیی:
بەپێی ماڵپەڕی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO) (بڕوانە سەرچاوەی ژمارە ١) تای خوێنبەربوون کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە لە ناو ئاژەڵاندا لە ڕێگەی قەپگرتنی مێرووی (گەنە)ـوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵەکانی تر، ئاژەڵەکە تەنها تایەکی کەمی دەبێت و بێ ئەوەی نیشانەی تری تێدا بێت کە گومانی تای خوێنبەربوونی لێ بکرێت (سەرچاوەی ژمارە ٤). دواتر لە ڕێگەی خوێن و شلەی دەردراو و گۆشت و ئەندامانی لەشی ئاژەڵی هەڵگری نەخۆشییەکە، ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ڕێژەی مردن لە نێو مرۆڤدا دەگاتە نزیکەی ١٠ بۆ ٤٠ لەسەد.
هۆکاری نەخۆشییەکە:
ڤایرۆسەکە ناوی هەیە پێی دەوترێت ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونی کریمیا و کۆنگۆ (Crimean Congo Hemorrhagic fever)، لەبەرئەوە بۆ یەکەم جار لە ساڵی چلەکان لە ناو سەربازانی ڕووسیا لە نیمچەدوورگەی کریمیا (Crimea) سەری هەڵدا کە دواتر لە ساڵەکانی شەستەکان لە وڵاتی کۆنگۆ (Congo) ی کیشوەری ئەفریقا بڵاوبوویەوە. ئەم ڤایرۆسە سەربە خێزانی ( Bunyaviridae) و و ترشی ناوکی لە جۆری ئاڕ ئێن ئەی (RNA)ـە. چەندین میکرۆبی هاوشێوەمان هەیە کە لە ڕێگەی گەنە دەگوارێنەوە پێیان دەوترێن نەخۆشییەکانی گوازراوە لەڕێگەی مێروو (Arthropod-Borne Diseases) نموونەی تای خوێنبەربوون، بابیزیا، تای زەرد، تای نیل، زیکا، چێکونگونیا، زامی بەغدادی، مەلاریا، تاعون کە لە ڕێگەی مێشوولە و مێش و گەنەوە دەگوازرێنەوە.
لەناکاو بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە نەخۆشییانە، هۆکاری بنەڕەتی بریتیە لە تێکدانی ژینگە وەک ڕاوکردن و داربڕین و گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبارەکان و دەستکاری سروشت و داگیرکردنی زەوی کشتوکاڵی بۆ درووستکردنی ڤێڵا و باڵەخانە. ئەمانە دواتر دەبێتە هۆی لە ناوچوونی مرۆڤ خۆی. لە سەدا نازانم چەندی کوردستان موسڵمانن، بەڵام کەسی نازانێت مردن و ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی نەمرود بە هۆی مێشوولەوە مەبەستی ئێستایە، مەبەستەکە بەشێوەی سومبولی واتا نەمروود کارەکتەرێکی ستەمکاری لەخۆبایی سرووشت تێکدەری سەرمایەدارە، کە لە گشت سەردەمەکاندا وجودی هەیە و خودای گەورەش وا بە بچوکترین دروستکراوی خۆی توڵەی لێ دەسێنرێتەوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی تری بڵاوبوونەوەی پەتای نوێ بریتیە لە هاوردەکردنی ئاژەڵی نوێ لەو شوێنانەی کە نەخۆشییەکەی لێیە بۆ ئەو شوێنانەی کە پێشتر نەخۆشی لێ نیە، بۆ نموونە ئێستا لە باشوری عێراق و ئێران تای خوێنبەربوون هەیە، بەڵام لە کوردستاندا نیە یان کەمە، هەر بۆیە پێویستە بە بێ پشکنین هیچ ئاژەڵێک نەهێنرێت بۆ ناو هەرێمی كوردستان. پشکنینینەکانیش دوایی لە دەست نیشانکردن و کۆنترۆڵ کردنی نەخۆشییەکە باسی دەکەین، کە بریتین لە پشکنینی پرۆتین یان ترشی ناوکی ڤایرۆسەکە.
ئەم ڤایرۆسە پێویستە هەموو پزیشکێکی مرۆڤ و ڤێتێرنەری و خوێندکارانیان بیزانن. لێرەدا ڕەخنەکە ئەوەیە کە پزیشک و خوێندکاری سەردەمی سەرمایەداری ڕقیان لە زانیاریی بنەڕەتی پزیشکیە، لەبەرئەوە زانیاریی بنەڕەتی ئاسان نیە بۆ وەبیرهێنانەوە، بۆیە هەمووی هەوڵدەدات لە کورتترین ماوەدا بە کەمترین زانیاریی زۆرترین دەستکەوتی هەبێت! بەڵام لەڕاستیدا جگە لە سەرمایەیەکی کورت مەودا، هیچی دەست ناکەوێت. هەر بۆیەش ئێستا حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆی دەرکەوتووە کە زۆر و بۆری پزیشک ڕۆڵی نیە لە بوژاندنەوەی تەندروستیدا. پزیشکێک یان خوێندکارێکی پزیشکی نەزانێت وەڵامی سەرەتاییترین زانیاری پزیشکی بداتەوە، حکوومەت پزیشکی وای بۆچییە؟!
نیشانەکانی نەخۆشیەکە:
ماوەی سوڕی ژیانی پەیوەستە بە چۆنیەتی تووشبوونی ڤایرۆسەکە. پاش تووشبوون بە پێوەدانی گەنە، ماوەی زۆربوونی ڤایرۆسەكە بەشێوەیەکی ئاسایی یەک تا سێ ڕۆژ دەبێت و زۆرترین ماوەی 9 ڕۆژ دەبێت. ماوەی زۆربوونی پاش بەرکەوتن لەگەڵ خوێن یان شانە تووشبووەکان 5 بۆ 6 ڕۆژ دەبێت و زۆرترین ماوەی 13 ڕۆژ دەبێت.
دەرکەوتنی نیشانەکان لەناکاو دەبێت، لەگەڵ تا، ئازاری ماسولکەکان، سەرگێژبوون، ئازاری مل و ڕەقبوون، پشت ئێشە، سەرئێشە، چاو ئێشە و فۆفۆبیا (هەستیاری بەرامبەر ڕووناکی). لەوانەیە زوو دڵ شێواندن، ڕشانەوە، سکچوون، ئازاری سک و قوڕگ ئێشە و بەدوایدا گۆڕانی باری دەروونی و سەرلێشێواوی هەبێت. پاش دوو تا چوار ڕۆژ خەواڵوویی، خەمۆکی و تەمبەڵی دەگۆڕێت و ئازاری سک لە چارەکی سەرەوەی راستدا دەردەکەوێت و جگەر گەورە دەبێت.
نیشانەکانی تری کلینیکی بریتین لە لێدانی خێرای دڵ، گەورەبوونی گرێ لیمفاوییەکان و دروست بوونی لیر لە ژێر پێست بەهۆی خوێنبەربوونەوە، لەسەر ڕووی ناوپۆشی ناوخۆیی وەک دەم و قوڕگ و پێست. لەوانەیە نەخۆشی خوێنبەربوون ببێتە هۆی لیری گەورەتر کە پێی دەوترێت ئیکیمۆس و دیاردەکانی تری خوێنبەربوون. بەزۆری نیشانەی هەوکردنی جگەر هەیە و نەخۆشە سەختەکان دوای پێنجەمین ڕۆژی نەخۆشییەکە تووشی خراپبوونی خێرای گورچیلە، سستی لەناکاوی جگەر یان سییەکان دەبن.
رێژەی مردن بەهۆی CCHF تای خوێنبەربوون نزیکەی ٪30ـە و مردنیش لە هەفتەی دووەمی نەخۆشییەکە ڕوودەدات. چاکبوونەوە لە نەخۆشەکان بە شێوەیەکی گشتی لە رۆژی نۆیەم یان دەیەمی پاش دەستپێکردنی نەخۆشییەکە دەست پێدەکات.
بەربڵاوی جوگرافیای نەخۆشییەکە:
ئەم ڤایرۆسە لە ئەفریقیا و وڵاتانی نیوەدورگەی بەڵکان (یۆنان، بۆسنیا، بولگاریا، ئەلبانیا، ڕۆمانیا، سربیا، ئەورووپای تورکیا)، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (بە تایبەتی عێراق و ئێران)، باشوری ئاسیا بەردەوام لە نێوان ئاژەڵان و گەنەدا دەسورێتەوە، جارجاریش لە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. ئەو کەسانەی بە پلەی یەک تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن کە زیاتر بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵاندا هەیە وەک پزیشکی ڤێتێرنەری، ئاژەڵداران، کرێکاری قەسابخانە، قەساب، شوان، بزگیری مەیدانی ئاژەڵان.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی ڕەخنەی توند لە حکومەتی ھەرێم و خەڵکیش بگیردرێت سەبارەت بە نەبوونی مەرجی تەندروستی و ڤێتێرنەریی لە قەسابخانە و مەیدانی ئاژەڵان. هەروەک پێشتریش لە بابەتێکی تر ڕەخنەم لە وەزارەت و خەڵکیش گرتووە (بڕوانە سەرچاوەی ژمارە ٢). بێجگە لەوەی حکوومەت بە پێی پێویست گرنگی نادات بە سەربڕگەکان، بەڵام خەڵکیش زۆر بەشێوەیەکی ناشارستانی بەربوونەتە سەربڕینی ئاژەڵان بە ناوی خێر و قوربانی و فڕێدانی پاشەڕۆی ئاژەڵان لە چواردەوری قەزا و شارۆچکە و گوندەکان.
هەروەک لە بابەتێکی تر بە درێژایی (بڕوانە سەرچاوەی ژمارە ٣) باسی ئەوەم کردووە کە هەرێمی کوردستان جێگەی مەترسیە بۆ پەتا میکرۆبیەکانی وەک ئەنفلۆنزای باڵندە و تای خوێنبەربوون بەهۆی نەبوونی قەسابخانەی مۆدێرن. هەروەها نەخۆشیە گوازراوەکانی تر وەک سورێژە لە ئەنجامی نەمانی متمانەی دایک و باوکان بە کوتانی مناڵان. جگە لەمەش نەخۆشییە بەکتریاییەکانیش کە بە هۆی خراپ بەکارھێنانی دژە میکرۆب (Antibiotics)ـەوە، جێگای مەترسی سەرهەڵدانن لەم دەڤەرەی کە هەزاران ساڵ پێش ئێستا لانکەی شارستانیەت بووە، بەڵام ئێستا لە زۆر ڕووەوە لە ١٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا خراپترن.
دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە:
هەوکردنی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونی کریمیا گۆنگۆ دەتوانرێت بە چەند پشکنینێکی جیاواز دەستنیشان بکرێت:
ـ تاقیکردنەوەی بەرگری بەستراو بە ئەنزیم (ELISA) بۆ دۆزینەوەی پرۆتینی دژە ڤایرۆس لە ناو خوێن.
- تاقیکردنەوەی کاردانەوەی زنجیرەیی پۆلیمەراز پێچەوانە (RT-PCR).لە ڕۆژانی یەکەمی نەخۆشییەکدا، بەزۆری دژە تەن لە خوێندا دەرناکەوێت، بۆیە دەستنیشانکردنی ڤایرۆس یان ترشی ناوکی RNA لە نمونەی خوێن یان شانەکاندا ئەنجام دەدرێت.
- بەخێوکردنی ڤایرۆسەکە لە ناو خانە یەکێکی ترە لە دڵنیا بوون لە دەست نیشان کردنی ڤایرۆسەکە. ئەمە زۆر قورسە لە کوردستاندا ئەنجام بدرێت چونکە پێویستی ئاسایشی بایۆلۆجی توند هەیە.
چارەسەری نەخۆشەییەکە:
تائێستا چارەسەرێکی تایبەتمەند بەردەست نیە بۆ نەخۆشی تای خوێنبەربوون، هەرچەندە دژە ڤایرۆسی ڕیباڤارین (Ribavarin) لە دەرەوەی لەش تاقیکراوەتەوە کە توانیویەتی ڤایرۆسەکە بکوژێت، بەڵام تا ئێستا لە ڕووی کلینیکیەوە، دڵنیایی نیە کە ئەم دژە ڤایرۆسە ڕۆڵی کاریگەری هەبێت لە چارەسەری نەخۆشییەکە. هیچ دەرمانێک هەتا بە پشکنینی کۆنترۆڵی هەڕەمەکیدا (Randomised control trial) نەڕوات لە پزیشکیدا ناتوانرێت وەک بەڵگە بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەركردن.
لە ئێستادا چارەسەری نیشانەکانی نەخۆشییەکە گرنگە، بە تایبەتی کۆنترۆڵکردنی تا بە پێدانی دژە تا، و کۆنترۆڵکردنی شلەی ناو خوێنی نەخۆشەکە لە ڕێگەی پێدانی شلەی کانزایی (مغەزی).
خۆپاراستن و کۆنترۆڵ کردنی نەخۆشییەکە:
- پشکنینی ئاژەڵان لە کاتی هاوردەکردنیان لەو شوێنانەی کە گومانی بوونی ڤایرۆسەکەیان لێ دەکرێت، بە پشکنینی ئیلایزا و تێستی خێرا و پی سی ئاڕ.
- بەکارهێنانی دەرمانی دژە گەنە و شۆردنی گشت ئاژەڵان بە شێوەی ڕێکخراو و بە خۆڕایی و دابینکردنی حەوزی ئاژەڵ شتن بۆ گشت گوندەکان. پێویستە گشت خاوەن ئاژەڵێک پەڕاوی خۆی هەبێت بۆ کوتان و شتن و دەرمانی ئاژەڵەکانی.
- پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی قەسابخانەکان لە ڕووی تەندروستی و ڤێتێرنەرییەوە. ئەوەندەی من ئاگادار بم، خۆشبەختانە ئەو ئاژەڵانەی کە تایان هەیە یان گەنەیان پێوەیە لە قەسابخانەکان لە لایەن پزیشکی ڤێتێرنەرییەوە ڕەت دەکرێنەوە.
- ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی هاوبەشی نێوان وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە تەرخانکردنی گرانتی توێژینەوەی زانستی، لەسەر بنەمای زانستی و ئەکادیمی، نەک بە میزاج و موجامەلەی زانکۆیەک یان پەیمانگایەک.
- وەزارەتی ناوخۆ ئەو یاسا و ڕێنماییانە جێ بەجێ بکات کە لە لایەن پەرلەمان و وەزارەتەکانەوە دەرکراون بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان، نموونەی قەدەغە کردنی سەربڕینی ئاژەڵان لە دەرەوەی قەسابخانە.
نەخۆشی ئاوا کۆنترۆڵ دەکرێت نەک بە ڕێنمایی و قسەی گشتی، کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێویستە ڕاوێژکاری پزیشکی ڤێتێرنەری لە بواری پسپۆری نەخۆشییە مرۆژەڵییەکاندا هەبێت.
ئومێدەوارین خوانەخواستە هەمان سیناریۆی کۆرۆنا و شارە ئاڵتونیەکە دووبارە نەبێتەوە، کە بەڕێوەبەرێکی گشتی تەندروستی ئاماژەی پێدەکرد! بەداخەوە ساڵی ٢٠٢٠ کۆرۆناش دوای جەژنی قوربان تەقییەوە و ڕێژەی مردن لە شارە ئاڵتوونیەکە لە ئیتاڵیا زۆر تر بوو.
سەرچاوە:
١. ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO):
https://www.who.int/news-room/fact-sheets/detail/crimean-congo-haemorrhagic-fever
٢. تای خوێنبەربوون:
https://www.awene.com/article?no=24172&auther=1512
٣. بۆچی پەتا میکرۆبیەکان لە کوردستانی جێگای مەترسین؟
https://www.awene.com/article?no=21364&auther=1512
٤. تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵان: وێبسایتی مێرک کە بە ئینجیلی پزیشکی ڤێتێرنەری دادەنرێت.
https://www.msdvetmanual.com/generalized-conditions/crimean-congo-hemorrhagic-fever/crimean-congo-hemorrhagic-fever-in-animals
* پزیشکی ڤێتێرنەری و دکتۆرا لە بەرگری لەش دژی میکرۆبەکان، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان
- دوایین بابەتەکان
-
راپۆرترۆژنامهنوسانی ژن له گهرمیان: ئالهنگارییهكان زۆرن، بهڵام نامانوهستێنن
-
-
یەکەی مافی مرۆڤرۆژنامهنوسانى گهرمیان: دۆخی ئازادیی رۆژنامهوانیی له گهرمیان مامناوهنده
-
-
راپۆرتسهندیكاى كرێكاران و كۆمپانیای ئایندهى بامۆك لهسهر چی شهڕیانه؟
-
-
وتارهەواڵى کەشناسى لە نێوان "راگەیاندن" و "شارەزایانى کەشناسی"ـدا
-
-
هەواڵڤێلایەک دەدرێت بە سەرۆکی شارەوانی کەلار
-
زۆرترین بینراوەکان