فەرمانی دەستگیرکردن بۆ "ئەبو مونتەزر" دەرچو
هەواڵ
11:18PM - 2025-04-11 , بینین : 785
 
رادیۆی دەنگ
 
دوای ئەوەی لە ڤیدیۆیەکدا لەسەر چیای ئەزمەڕەوە رایگەیاند کە لیستێکی تایبەتی دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە خانەقین، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ "ئەبو مونتەزر" سەرکردەی پێشوی رەوتی بەدر دەرچو.
 
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ئەمڕۆ بازگەکانی ئاسایش لە سنوری سلێمانی ئاگادارکراونەتەوە لەکاتی تێپەڕینی 'کامەران وەیس عەلی مراد' ناسراو بە "ئەبو مونتەزر"، رابگیرێت و دەستگیر بکرێت.
 
ئەمەش دوای ئەوە هات کە شەوی رابردو ناوبراو ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەڵێت: لەسەر چیای ئەزمەڕەوە رایدەگەنم کە بۆ هەڵبژاردنی داهاتو لیستی تایبەتمان دەبێت لە سنوری خانەقین.
 
کامەران وەیس عەلی مراد ناسراو بە ئەبو مونتەزر، پێشتر ئامر فەوجی خانەقینی لیوای ١١٠ـی حەشدی شەعبی بو، دوای کۆتاییهاتنی داعش کرا بە بەرپرسی نوسینگەی خانەقینی رێکخراوی بەدر بو، دواتر لەو رێکخراوەش جیابویەوە. ناوبراو بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە رۆڵی هەبوە لەو ئاژاوەگێڕییەی کە لە شەوی مەراسیمی نەورۆزی ئەمساڵ لە خانەقیندا ئەنجامدرا.