لەسەر سکاڵای کەریم عەلی بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان سزادرا
هەواڵ
12:12AM - 2023/12/19 , بینین : 1,050
 
دەنگ نێت
 
لەسەر سکاڵایەکی کەریم عەلی- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دادگای کەتنی کەلار سزای ساڵێک زیندانیی بە راگرتنەوە بەسەر بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان سەپاند بەتۆمەتی ناوزڕاندن.
 
کاوە لەتیف- پارێزەری کەریم عەلی بە رادیۆی دەنگی وت:  سزادانەکە بۆ ماوەی ساڵێک بوە لەگەڵ راگرتن، ئەویش بەتۆمەتی ناوزڕاندن و بەپێی ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی.
 
لەگەڵ راگرتن کە (ايقاف تنفیذ)ـی پێدەوترێت، بنەمایەکی یاساییە ئەگەر کەسێک پێشینەی تاوانکاری نەبو و یەکەمجار بو سزابدرێت و سزاکەشی لەساڵێک تێنەپەڕێ، ئەوا سزاکە رادەگیرێت بۆ ماوەی سێ ساڵ، ئەگەر لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا هەر تاوانێکی ئەنقەست یان نائەنقەست ئەنجام بدات، ئەوا ئەو ساڵەی بۆ حساب دەکرێت و سزاکەی بەسەردا ئەسەپێنرێت، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا هیچ تاوانێکی ئەنجام نەدات، ئەوە سزاکەی کۆتایی دێت و جێبەجێناکرێت. 
 
لایخۆشییەوە، بەرزان کەریم- بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی وت: لەدوای ۳۰ رۆژ بڕیارەکە دەردەچێت، دوای ۳۰ رۆژ پەسەند دەکرێت، قەرار تاوەکو پەسەند نەکرێت هیچ ئەسڵێکی نییە.
 
هاوکات پارێزەری کەریم عەلی ئاماژەی بەوەکرد "لەوانەیە ئێمە بەو سزایە رازی نەبین و تانەی لێ دەدەین، چونکە دەبو بە مادەی 2 لەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی سزابدرایە و لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بە ماددەی 5 لەهەمان یاسا کە باس لەوەدەکات کەسێک پۆستێکی حکومی هەبو و پۆستەکەی بەکارهێنا بۆ ناوزڕاندن، ئەوە سزاکەی دەبێت توندتر بێت".
 
لە ئایاری ٢٠٢١، کەریم عەلی- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سکاڵای لە دژی بەرزان کەریم- بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان و ئەرسەلان ئەحمەد- سەرۆکی شارەوانی رزگاریی تۆمارکرد، بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری نایاسایی لە ناوچەی نوێی پیشەسازی رزگاریی، لەسەر ئەو سکاڵایەش فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەردو بەرپرسەکە دەرچو و دواتریش چەند رۆژێک راگیران. لەو میانەشدا بەرزان کەریم لە لێدوانێکدا باسی لەوەکردبو کە کەریم عەلی بۆیە دۆسیەی ناوچەی پیشەسازی جوڵاندوە، بەوهۆیەی داوای زەویی لە ناوچەکە کردوە بۆ کەسێکی خۆی و پێینەدراوە، لەسەر ئەم قسەیەش کەریم عەلی سکاڵای لەسەر بەرزان کەریم تۆمارکرد بەتۆمەتی ناوزڕاندن.