داگرتنی جۆزەی قاتعی کارەبا زیانی زۆری لە هاوڵاتیان داوە
هەواڵ
12:12AM - 2023/09/21 , بینین : 339
 
دەنگ نێت
 
بەشێک لە هاوڵاتیان لەکاتی دابەزینی پێوەری زیرەکی کارەبای ماڵانیان پەنا دەبەنەبەر داگرتن و دوبارە هەڵکردنەوەی جۆزەی قاتعی محەویلەکانی کارەبای کۆڵانەکانیان، ئەمەش شۆرتی کارەبایی و سوتانی ئامێرەکانی لێدەکەوێتەوە، کارەبای گەرمیانیش دەڵێت: دەبێت هاوڵاتیان هاوکار بن و ناتوانین حاڵەتەکە کۆنترۆڵ بکەین.
 
 لەکاتی هاتنەخوارەوەی پێوەرەی زیرەکی کارەبا، بەشێک لە هاوڵاتیان پەنا دەبەنە بەر داگرتنی جۆزەی قاتعەکانی کارەبای کۆڵانەکەیان و دواتر هەڵدانەوەی، بەمەش کارەبای هەمو کۆڵانەکە دەبڕێت و دواتر دێتەوە بەو ماڵەیشی کە پێوەرە زیرەکەکەی داکەوتوە. بەڵام ئەم حاڵەتە کێشە بۆ ماڵانی دیکە دەسازێنێت، بە دروستکردنی شۆرتی کارەبایی و سوتاندنی ئامێرە کارەباییەکانیان.
 
وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان، جەخت لەبونی کێشەکە دەکاتەوە و بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: کاتێک ئەم گۆڕەرانە (محاویلە) دانران هیچ کێشەیان نەبو، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆر لە گەڕەکان پڕکراونەتەوە یان قیرتاوکراون بۆیە بە ئاسانی دەست دەگات بەو قاتعانەی هەیانە.
 
ئالان ئەرکان، وتیشی: ناتوانین قاتعەکان بەرز بکەینەوە، چونکە کە پێویستی بەچاکسازی ئەبێت یان کارەبای ماڵێک دەبڕێت ئەوکات مەترسی دروست دەکات لەسەر فەرمانبەرەکانمان.
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی کارەبای گەرمیان نزیکەی ۳٤۰۰ گۆڕەر لە سنوری گەرمیاندا هەن، نزیکەی هەزار گۆڕەڕیان یەک سندوقی (قاتعی)یان بۆ بەستراوە کە زۆریان پرۆژە تایبەتەکانن، ئەوانی تر هەمویان دو سندوقی قاتعیان هەیە و هەر قاتعە کارەبای ژمارەیەک ماڵی لەسەرە.
 
دانانی قوفڵ بۆ ئەو بۆکسانە یەکێکە لە چارەسەرەکان، بەڵام بەوتەی ئالان ئەرکان نزیک شەش هەزار قاتع لە گەرمیاندا هەیە، ناتوانن هەموی قوفڵ بکەن، چونکە بەوتەی خۆی "بودجەیەکی گەورە و چاودێریەکی بەردەوامی دەوێت، بەڵام قوفڵیشی بکەین هاوڵاتی مەبەستی بێت قوفڵەکەش دەشکێنێت".
 
باسی لەوەشکرد؛ خۆشبەختانە بەشێک لە هاوڵاتیان خۆیان قوفڵیان بۆ بۆکسەکان کردوە.
 
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکەوە، وتەبێژی کارەبای گەرمیان دەڵێت: ئەمەمان بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت، بەهاوڵاتیانمان وتوە هەرکات پێوەرەکەتان دابەزی پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پێوەری زیرەکەوە (کۆڵ سەنتەر) لە سێ خولەکدا پێوەرە زیرەکانتان بۆ هەڵئەدرێتەوە، بەڵام نزیکەی ٦٠٪ـی هاوڵاتیان پەنا دەبەنەبەر داگرتنی قاتعەکان و بەرزکردنەوەیان.
 
کۆڵ سەنتەر، سەنتەرێکی خزمەتگوزاریە لە بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندیان پێوە بکەن لەکاتی بونی هەرکێشەیەکی لە کارەباکانیان (کلیک بکە بۆ زانینی ژمارە تەلەفۆنی سەنتەرەکە)
 
وتیشی: ئێمە بەهاوڵاتیانمان وتوە خۆتان ببنە چاودێر، ئەزانن هەر هاوڵاتیەک ئەمە دوبارە دەکاتەوە ئێمە ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگرینەبەر، چونکە ئەمە زیانیش دەگەیەنێت بەو قاتع و سرکتانەی لەسەر محاویلەکانن.
 
ئالان ئەرکان، باسی لەوەشکرد ئێستا حاڵەتەکە کەمترە، چونکە کارەبا کەمتر دەبڕێت، بەڵام لەکاتەکانی دیکەدا بەربڵاوە.