وردەکاریی.. فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوبەری گومرکی گەرمیان دەردەچێت
هەواڵ
12:12AM - 2023/08/26 , بینین : 884
 
دەنگ نێت
 
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوبەری گومرکی گەرمیان- هێمن نوری دەردەچێت، خودی خۆی دەڵێت: ئەسڵ و ئەساسی نییە، بەرپرسێکی پۆلیسیش بێئاگایی خۆی دەردەبڕێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییەی سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رادیۆی دەنگی داوە، هێمن نوری- بەڕێوبەری گومرکی گەرمیان، بە تۆمەتی راوی ئاژەڵی کێویی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوە و فەرمانەکە لە بنکەی پۆلیسی کەلاری کۆنە.
 
لایخۆیەوە سەرچاوەیەکی دیکە لە پۆلیسی گەرمیان بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: بابەتە پەیوەندی بە دۆسێیەکی کۆنی ناوبراوەوە هەیە پێش ئەوەی ببێت بە بەڕێوبەری گومرکی گەرمیان و ئێستا دوبارە دۆسیەکە هاتوەتە سەرەوە.
 
لەبەرامبەریشدا، هێمن نوری- بەڕێوبەری گومرکی گەرمیان، لە وەڵای رادیۆی دەنگدا، بێئاگایی خۆی لە بونی وەها بڕیارێک دەربڕی و رایگەیاند شتی وای پێنەوتراوە و هیچ بنەمایەکی نییە و تی: "ئەسڵ و ئەساسی نییە".
 
هاوکات رادیۆی دەنگ پەیوەندی بە عەمید: شوان محەمەد- بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیانەوە کرد کە ئەوان لایەنی پەیوەندیدارن بە بەدواداچونی دۆسیەکانی راوی ئاژەڵی کێویی، ئەویش بێئاگایی خۆی دەربڕی.