
رادیۆی دەنگ
ئەو ژنانەی کە جیادەبنەوە لەهاوسەرەکانیان، زۆرینەی مافە داراییهكانیان لێزەوتدەکرێت لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە، ئەمەش بەشاردنەوەی ماڵ و موڵکیان، هەندێک لەو ژنانەش لەبەرامبەر لەدەستنەدانی مناڵەکانیان واز لەسەرجەم مافەکانیان دێنن.
سەرگوڵ، ناوی خوازراوی ژنێکى 23 ساڵە و لەمێردەکەی جیابۆتەوە، دەڵیت: "دواى تەڵاقدانم بەشێوەی تەڵاقی دەرەکی هاوسەرەکەم سەرجەم ماڵ و موڵکی بەناوی کەسی ترەوە کردبو، بۆ بێبەشکردنم لەو مافانەی کە دەمکەوێت"
سەرگوڵ ئەوە روندەکاتەوە "من و هاوسەرەکەم پەیوەندیمان هەبو، دوای ئەوەی شوم پێکرد بەپێچەوانەی کچی ترەوە هاوسەرەکەم هاتە سەر خانو ماڵی من، کە لە باوانەوە بۆم مابوەوە".
وتیشی: "دوای ئەوەی ئاگادار کرامەوە لەدادگاوە کە تەڵاق دراوم، بەڵام من هەر ئومیدم هەبو کە مێردەکەم دڵی نەرمبێت و بگەڕێتەوە لام، بەڵام بەپێچەوانەی بیرکردنەوەی من لەو ماوەیەدا مێردەکەم هەمو ماڵ و موڵکی خستبوە سەر کەسی تر".
هەندێک لەو ژنانەش ئەو بارودۆخەی کەلەدوای جیابونەوە تیایدان بەوەی کە لەماڵی باوک یاخود برا دەمێننەوەو قسەو قسەڵۆکی خەڵکی و نەبونی موچەیەک وکارێکی تایبەت بۆهەندێك لەو ژنانە، وادەکات بارودۆخ و ژیانکردنیان تاڕادهیەک قورس بێت.
ڤیان یەدوڵڵا، توێژەری کۆمەڵایەتی، دەڵێت: "قسەو قسەلۆکی خەڵکی وتوانج و بەچاوێکی تر سەیرکردن ئەو ژنانە وادەکات کەهەندێكجار ئەو ژنانە توشی حاڵەتی دەرونی ببن، لەکۆتایشدا دو رێگە هەیە هەندێکیان بەناچاری شودەکەنەوەو هەندێکی تریشیان لەسەر قاچەکانی خۆیان دەوەستن و بەهێز دەبن".
هەندێكجار ژنان ناچار دەبن هاوسەرگیری بکەن، دوای ماوەیەکیش بەجیابونەوە پەیوەندی هاوسەرێتیان بەکۆتادێت، هەندێک لەو ژنانەش بۆئەوەی مناڵەکانیان لێوەرنەگیرێتەوە واز لەسەرجەم مافەکانیان دێنن.
نەرمین، ژنێکی ترە کە لەهاوسەرەکەی جیابوهتەوە، وتی: "من تەمەنم21 ساڵ بو شوم کرد، لەبەر ئەو دۆخەی ماڵی باوکمی تیایدا بون ناچار بوم شو بەو کوڕە بکەم کە 30 ساڵ لەخۆم گەورەتر بو، دوای دو منداڵ هاوسەرەکەم لێم جیابویەوە".
دەشڵێت: "کاتێک داوام تۆمارکرد بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانم، هاوسەرەکەم هەڵسا بەتۆمارکردنی داوا بۆ وەرگرتنەوەی مناڵەکانم، بۆیە ناچاربوم واز لەسەرجەم مافەکانم بێنم لەبەرامبەر مناڵەکانم".
ئهوهى تائێستا باسمان كرد، روه دارایی و كۆمهلایهتیی و دهرونیهكان بون، بهڵام ئایا لهروی یاساییەوە ئەم حاڵەتانە چۆنن و دادگا چی دەکات بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە؟
پارێزەر (یاسین ئەنوەر) رونیکردەوە "سەبارەت بەو حاڵەتانەی کە دروست دەبن لەدواى تەڵاقدانی ئافرەت یا جیابونەوە لەڕێگەی دادگاوە و وەرگرتنی بڕیار سەبارەت بەمافەکانی ئافرەتەکە، لەکاتی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بڕیارەکاندا ئەگەر ئافرەتەکە بۆی دەرکەوت کە پیاوەکە هەستاوە بەشاردنەوە یاخود بەناوکردنی موڵک وماڵی بۆناوی کەسێکی تر بەمەبەستی بێبەشکردنی ئهو، بۆیە بەپێی یاسای شارستانی بەرکار لە کوردستاندا ئافرەتەکە دەتوانێت لەڕێگەی دادگای بەرایی تانە لە مامەڵانەی پیاوەکە بدات".
وتیشی: "ئەو تانەیەش بەوەدەبێت کە بەهەڵوەشاندنەوەی لەڕێگەی (الدعوی الصوری) بەسەلماندنی ئەوەی کە ئەم کردارە بۆبێبەشکردن یاخود وەرنەگرتنەوەی مافی ئافرەتەکە بوە بەیەکجار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەلماندن و وەرگرتنی بڕیاری کۆتایی لەم جۆره داوایەدا قورسە و سەرەڕاى ئەوەی ماوەیەکی زۆری پێویستە، بۆیە هەمیشە لەم حاڵەتانەدا لایەنی زەرەرمەند و قوربانیی، ئافرەتەکەیە".
ههندێك لهو ژنانه دڵتهنگن بهوهى كه لههاوسهرگیریی كردنیان دا، نهیانهێشتوه ببن به بار بهسهر مێردهكانیانهوه، بهڵام له جیابونهوهیهاندا، مێردهكانیان ئهو خاڵهیان رهچاو نهكردوه.
شیلان، کەتاقانەی باوکێتی ولەتەمەنی حەڤدە ساڵیدا چوەتە ژیانی هاوسەرێتیەوە، یهكێكه له ژنه جیابوهكان. بەم جۆرە چیرۆکی ژیانی باس دەکات "کاتیک شوم بەو کوڕە کرد تەنها ئەڵقەیەکی بۆکردم، تەنانەت باوکم خانویەکى بەکرێ گرتبو بۆمان". دەشڵێت: "سەرەڕای ئەو هەمو شتەی کە بۆم کردبو، پەیوەندی هاوسەرگیرمان لەدوای دوساڵ پێکەوەبون هاوسەرەکەم لەدادگا داوای جیابونەوە لەسەر تۆمار کردبوم، کاتێکیش داوام تۆمارکرد بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانم، هاوسەرەکەم هەمو ماڵ و موڵکی خستبوە سەر کەسی تر".
شیلان، بەپێچەوانەی (نەرمین) و (سەرگوڵ)ەوە ئامادبوە بەحازری وناچاری بەبڕە پارەیەکی کەم واز لەهەمو شتێک بێنێت. دەڵێت: "من نەمویست بەشێوەی مانگانە پارەکە وەربگرم، بۆیە ناچاربوم بەبڕی ملیۆنێک و دوسەدوپەنجا هەزار دیناری حازریی، واز لەسەرجەم مافە داراییهكانم بێنم".
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵهاتوچۆی گەرمیان: رێکارەکانی دانانی کامێرای پۆینت تو پۆینت تەواو بوە
-
-
راپۆرتچیتر خانوە پلاستیکییەکان ژینگە پیس ناکەن
-
-
هەواڵکارەکانی بەشی پشکنینی مەمک لە نەخۆشخانەی کفری راگیراوە
-
-
هەواڵشارەوانی کەلار: بەمنزیکانە بەرزەپردەکەی کەلار تەواو دەبێت
-
-
هەواڵلە کەلار ٥٠ کەس بەتۆمەتی هەڵگرتنی چەقۆ و لێخوڕینی ماتۆڕسکیل دەستگیرکراون
-
زۆرترین بینراوەکان