گفتوگۆیه‌ك له‌باره‌ى دۆخی ژنانى گه‌رمیان

2022/03/14    690 جار بینراوە
 
1. پێشه‌كى
 
چالاكوانان و پارێزه‌ر و ژنانى خاوه‌نكار له‌ گه‌رمیان، باس له‌ دیارترین ئه‌و كێشانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ روبه‌ڕوى ژنان له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌بێته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن له‌ هه‌ندێك ئاست و بواردا دۆخی مافه‌كانى ژنان چونه‌ته‌ پێشه‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌ زۆر ئاست و بواری دیكه‌شدا ره‌وشه‌كه‌ یان وه‌كوخۆی ماوه‌ته‌وه‌، یان پاشه‌كشه‌ى كردوه‌.
 
ماڵپه‌ڕ و دیجیتاڵ میدیای نه‌وژین، به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى ژنانه‌وه‌، گفتوگۆیه‌كى له‌ رێكه‌وتى (7/3/2022) له‌ هۆڵی رادیۆی ده‌نگ له‌ كه‌لار ئه‌نجام دا.
 
گفتوگۆكه‌ به‌ به‌شداری هه‌ریه‌كه‌ له‌: (له‌یلا ئه‌حمه‌د- چالاكى ژنان، به‌ناز ئه‌حمه‌د- پارێزه‌ر، سارا مه‌جید- خاوه‌نكار و هه‌یفا مه‌جید- چالاكی ژنان) و به‌ڕێوه‌بردنى: زریان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌چو.
 
پوخته‌یه‌ك له‌ دیارترین سه‌رنجه‌كانى به‌شدارانى گفتوگۆكه‌، له‌ خواره‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕو.
 
 
2. ئابورى سه‌ربه‌خۆ ژنان له‌ كێشه‌ رزگار ده‌كات
 
زۆرجار جه‌خت له‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ بۆنى ئابورییه‌كى سه‌ربه‌خۆ به‌شێكى كێشه‌كانى ژنان چاره‌سه‌ر ده‌كات، چونكه‌ ده‌توانن پێى بژێت، خاوه‌نكارێكیش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ بونى ئابورى سه‌ربه‌خۆ زۆر گرنگه‌ بۆ ژنان.
 
سارا مه‌جید، خاوه‌نى دایه‌نگه‌ى هه‌پى ده‌ى ناحكومى له‌ كه‌لار، ده‌ڵێت: "بونى ئابورییه‌كى سه‌ربه‌خۆ بۆ ژنان زۆر گرنگه‌، چونكه‌ رێگه‌ چاره‌یه‌ بۆ كه‌مبونه‌وه‌ى ئه‌و كێشانه‌ى كه‌ روبه‌ڕوى ژنان ده‌بێته‌وه‌".
 
وتیشى: له‌ گه‌رمیان به‌ تایبه‌تى رێژه‌یه‌كى زۆرى ژنان هاتوه‌نه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و كارده‌كه‌ن و خاوه‌نى ئابورییه‌كى خۆیانن، به‌ڵام ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ نیه‌ تێڕوانینى بۆ كاركردنى ئافره‌تان گۆڕیوه‌، به‌ڵكو ئه‌و دۆخه‌ داراییه‌ كه‌ هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ ناچارن ئه‌وه‌یان قبوڵ كردوه‌.
 
باسى له‌وه‌شكرد: چه‌ندین كه‌یسمان هه‌یه‌ رۆژانه‌ ژنان روبه‌ڕوى ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌لایه‌ن ره‌گه‌زى به‌رامبه‌ره‌وه‌ قبوڵى كردوه‌ و جیانه‌بوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئابورییه‌كى سه‌ربه‌خۆى نیه‌ پێى بژێت و مناڵه‌كانى پێ به‌خێوبكات. 
 
 
3. قه‌یرانى دارایی هۆكارى سه‌رهه‌ڵدانى توندوتیژییه‌كانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنان
 
چالاكوانێك ده‌ڵێت: قه‌یرانى دارایی یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كان بۆ زیادبونى حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژى به‌رامبه‌ر به‌ ژنان، ته‌نانه‌ت سه‌رى كێشاوه‌ بۆ خۆ كوشتن.
 
له‌یلا ئه‌حمه‌د، چالاكوانى بوارى ژنان له‌ كه‌لار باس له‌وه‌ ده‌كات: "تاوه‌كو پێش قه‌یرانى دارایی دۆخى ژنان له‌ روى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ باش بو، به‌ڵام دوابه‌دواى ئه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ خراپ بو به‌ جۆرێك توندوتیژییه‌كان زیاتربون به‌رامبه‌ر به‌ ژنان، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى ڤایرۆسى كۆرۆنا دۆخه‌كه‌ زۆر خراپتربو".
 
وتیشى: ئه‌و توندوتیژیانه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا باوه‌ دابڕینى كچانه‌ له‌ خوێندن كه‌ ئه‌مه‌ له‌ لادێكان زۆر زۆره‌، به‌جۆرێك وایكردوه‌ رێژى به‌شودانى كچانى خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ زیاتر ببێت، ته‌نانه‌ت به‌ زۆر به‌شودانیش هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ چه‌ندین كه‌یسمان لایه‌، چونكه‌ بارى داراییان خراپه‌ و ناتوانن كچه‌كانیان به‌خێوبكه‌ن.
 
جه‌ختى له‌وه‌شكردوه‌: زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كانى كوشتن و خۆكوشتن و خۆسوتاندن وهه‌ڵاتن له‌ ماڵه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌و بابه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كچان ناتوانن كێشه‌كانیان باس بكه‌ن و ده‌رى ببڕن كه‌ روبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه‌.
 
 
4. تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هۆكارێك بۆ توندوتیژی دژ به‌ ژنان
 
به‌كارهێنانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، به‌پێى وته‌ى چالاكوانانى بواره‌كانى ژنان یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كان بۆ زیادبونى كێشه‌ خێزانیه‌كان و دروستبونى توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان.
 
هه‌یفا مه‌جید، چالاكوان له‌ گه‌رمیان، وتى: "تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ ئێستادا یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانى زیادبونى كێشه‌ خێزانیه‌كان، به‌جۆرێك بوه‌ته‌ هۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى چه‌ندین خێزان، ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكرێت له‌گه‌ڵ پێشتر كێشه‌كان ئێستا زۆر زیاترن، هۆكاره‌كه‌شى خراپ به‌كارهێنانى ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندى كردن و تۆڕه‌كانى ئینته‌رنێته‌".
 
ده‌شڵێت: ئه‌نجامدانى سیمینارى تایبه‌ت به‌و پرسه‌ زۆر گرنگه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ نێو قوتابخانه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێبكرێت دواتر هاوڵاتیان هۆشیار بكرێنه‌وه‌.
 
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: ئاستى رۆشنبیرى خه‌ڵك له‌ چاو ساڵانى پێشتر رۆشتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، ژنان تا راده‌یه‌كى باش ئازادیان وه‌رگرتوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى تێبینیه‌ كه‌یسه‌كانى كوشتنى ژنان زۆر زیادى كردوه‌، حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژییه‌كان زۆر زیادیان كردوه‌، هۆكاره‌كه‌شى رونه‌ چیه‌.
 
 
5. یاسا رۆڵى نه‌بوه‌ له‌ كه‌مبونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كانى كوشتنى ژنان له‌ هه‌رێم
 
پارێزه‌رێك جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ یاساكاتى تایبه‌ت به‌ كه‌یسه‌ خێزانیه‌كان و ژنان له‌ هه‌رێمى كوردستان پێویسته‌ هه‌موار بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ وه‌كپێویست مافى به‌ ژنان نه‌داوه‌.
 
به‌ناز ئه‌حمه‌د، پارێزه‌ر له‌ گه‌رمیان، ده‌ڵێت: "یاساكانى تایبه‌ت به‌ پرسى ژن كه‌ له‌ دادگاكان كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت وه‌كپێویست مافى به‌ ژن نه‌داوه‌، پێویسته‌ هه‌موار بكرێنه‌وه‌ كه‌ ساڵانێكى زۆره‌ بونیان هه‌یه،‌ به‌تایبه‌ت ماده‌ى 59 له‌ یاساى باری كه‌سى ژماره‌ 188ـى ساڵى 1959 تایبه‌ت‌ به‌ نه‌فه‌قه‌ى مناڵان كه‌ زۆربه‌ى كێشه‌كان له‌ دادگاكان له‌سه‌ر مناڵه‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژنان كراوه‌ كه‌ مناڵه‌كانیان پێ ناده‌ن ناچاربوه‌ سكاڵاى تۆمار نه‌كردوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و توندوتیژیانه‌ى كه‌ به‌رامبه‌رى ئه‌نجام ده‌درێت چ زاره‌كى چ جه‌سته‌یی".
 
باسى له‌وه‌شكرد: یاساكانمان نه‌بوه‌ته‌ هۆى كه‌مبونه‌وه‌ حاڵه‌ته‌كانى كوشتنى ژنان له‌ هه‌رێمى كوردستان، چونكه‌ كه‌یسه‌كان په‌یوه‌ست ده‌كه‌ن به‌یه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌، له‌ كاتێكدا به‌ پێى ماده‌ى 406 سزاكان قورسن كه‌ 20 ساڵ و زیندانى هه‌تا هه‌تایی و له‌ سێداره‌دانه‌.
 
بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه‌ به‌ شێوه‌ى (PDF) كلیك له‌م لینكه‌ى لایخواره‌وه‌ بكه‌:
 
 
 
له‌باره‌ى (نه‌وژین)ـه‌وه‌
 
نه‌وژین، سه‌كۆیه‌كى رۆژنامه‌وانیی ئیلیكترۆنی تایبه‌ت به‌ پرسه‌كانى ژنانه‌، له‌لایه‌ن (رادیۆی ده‌نگ) له‌ گه‌رمیان سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێت و به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی كاره‌كانى رایی ده‌كات.
 
سەره‌تای کارەکانی (نه‌وژین) له‌ كۆتایی ساڵی 2016 دەستی پێکرد، بەشێوەی مانگنامه‌یه‌كى چاپكراو یەکەم ژماره‌ى لێ بڵاوكرایه‌وه‌ و پاش ده‌رچونى 45 ژماره‌ له‌ مانگی ئه‌یلولی 2020 كۆتایی به‌ وه‌شانى كاغه‌زیی خۆی هێنا و وه‌كو سه‌كۆیه‌كى ئیلیكترۆنى به‌رده‌وامى به‌ خۆی دا.
 
ئه‌م سه‌كۆیه‌ گرنگیی به‌ هه‌مو ئه‌و بابه‌ت و پرس و باسانه‌ ده‌دات كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ ژنان، له‌ سۆنگه‌ى بره‌ودانى زیاتر به‌ دۆخی ژنان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنى مافه‌كانیان و داكۆكیكردن لێیان.
 

 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,352,259     ژمارەی میوان 492