رادیۆی دەنگ
یەکەی رۆژنامەوانی مافی مرۆڤ راپۆرت و راسپاردەی گفتوگۆیەکی تایبەت بە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەگەیەنێتە ئیدارەی گەرمیان، سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش دەڵێت: بەھەند وەریدەگرین.
یەکەی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ لە رادیۆی دەنگ، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ
راپۆرتێکی تێروتەسەلی بڵاوکردەوە لەبارەی کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ئەو ئاستەنگانەی روبەڕوی دەبنەوە. مانگێک دواتر و ھەر بۆ باسکردن لەبارەی ئەو پرسەوە، بە بەشداریی ژمارەیەک چالاکوان، گفتوگۆیەکی ئەنجام دا. دواتر راپۆرتەکە و پوختە و دەرەنجامی گفتوگۆکەی خستە بەردەمی سەرپەرشتاری ئیدارەی گەرمیان، بۆ ئەوەی کاری لەبارەوە بکەن بەتایبەت لە پرسی پەیوەندی حکومەت و رێکخراوەکان.
لایخۆشیەوە جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، وێڕای دەستخۆشیی لە چالاکیەکانی یەکەکە، وتی:«راپۆرتی پەیوەندیدار بە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەھەند وەردەگرین و کاری لەسەر دەکەین».
لە راپۆرت و گفتوگۆکاندا باس لە پتەوکردنی پەیوەندی حکومەت و کۆمەڵی مەدەنی کرابو، لەو روەشەوە ھەندێک پێشنیاز کرابو بۆ حکومەت، لەوانە ئەنجامدانی کۆنفرانس و کۆبونەوە لەگەڵ کۆمەڵی مەدەنی. سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لەمبارەوە وتی: لە ئێستادا بەھۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ناتوانین کۆنفرانسی تایبەت سەبارەت بەو پرسە ئەنجام بدەین، بەڵام ھەوڵ دەدەین ئەگەر بارودۆخەکە لەباربێت لەم ماوەیەی داھاتودا کۆبونەوەیەکی تایبەت بەو پرسە ئەنجام بدەین.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد: لەسەر راسپاردەی راپۆرتەکە گشتاندن دەکەین بۆ سەرجەم بەرێوبەرایەتیەکان کە ھاوکاری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بن و ئاستەنگ بۆ کارەکانیان دروست نەکەن.
جەختیشیکردەوە کە ئەوان بەبایەخەوە لەکاری رێکخراوەکان دەڕوانن و کار بۆ پتەوکردنی پەیوەندییان بە رێکخراوەکانەوە دەکەن.
یەکەی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ، یەکەیەکی رادیۆی دەنگە لە گەرمیان کە بە پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی NED دامەزراوە و جگە لە بەرھەمھێنانی بابەتی رۆژنامەوانی پەیوەست بە مافی مرۆڤەوە، چالاکی دیکەش بۆ برەودان بە کاری رۆژنامەوانی و ھەروەھا مافی مرۆڤ و بەرەوپێشچونی دیموکراسی و کۆمەڵی مەدەنی ئەنجام دەدات.