گه‌رمیان: كۆنفرانسی پته‌وكردنى په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌ت و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى به‌ڕێوه‌چو

2021/02/14    973 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
رۆژى (9/24/2020) رادیۆی ده‌نگ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی، له‌ رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانه‌وه‌ كۆنفرانسی (پته‌وكردنى په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی) ئه‌نجامدا، به‌ به‌شداریی ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوبه‌رى حكومی و چالاكوانى مه‌ده‌نی.
 
ئه‌حمه‌د حه‌مید، سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌وباره‌وه‌ وتى: كۆنفرانسه‌كه‌ تایبه‌ت بوه‌ به‌ چۆنیه‌تى پته‌وكردنى په‌یوه‌ندی نێوان ده‌زگا حكومیه‌كان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بیروڕاى پێویست ئاڵوگۆڕ كرا.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: به‌شداران به‌گشتى له‌سه‌ر دیارترین ئه‌و كێشانه‌ وه‌ستان كه‌ له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا هه‌یه‌، باسیان له‌و هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن و گرفتانه‌ كرد كه‌ له‌ نێوان چالاكوانان و به‌رپرسان دا دروست ده‌بن، كه‌ واده‌كات به‌ زیانى پرۆسه‌ى دیموكراسیی به‌گشتى و حكومه‌تداریی باش و خزمه‌تگوزار بشكێته‌وه‌.
 
ئه‌حمه‌د حه‌مید، باسی له‌وه‌شكرد ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ به‌رپرسان و چالاكوانان به‌شدارییان له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا كردوه‌ و خودی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ى گه‌رمیان و قایمقامى قه‌زاى كه‌لاریش ئاماده‌ بون و هاوڕێ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رانى دیكه‌ جه‌ختیان له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ راسپارده‌ و بڕیاره‌كانى كۆنفرانسه‌كه‌ به‌هه‌ند وه‌رده‌گرن.
 
له‌ كۆی گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه‌كاندا، به‌شداران پێكه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك راسپارده‌یان دیارییكرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیی نێوان حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی دا پشتی پێببه‌سترێت و كاریان له‌سه‌ر بكرێت. به‌وته‌ى سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، ئه‌و راسپاردانه‌ به‌ ئاماده‌كراوى ئاراسته‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیان و قایمقامیه‌ته‌كانى كه‌لار و كفری و ده‌زگا حكومیه‌كانى ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئاراسته‌ى پارله‌مانى كوردستان و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و داواكاری گشتیشی ده‌كه‌ن.
 
وتیشی: به‌گشتى ئاستى به‌شداریی و ئه‌و تێبینی و سه‌رنجانه‌ى له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خرانه‌ڕو، باش و دڵخۆشكه‌ر بون، كار بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ له‌سه‌ر رێڕه‌ویی سروشتى خۆی به‌رده‌وام بێت.
 
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، پرۆژه‌یه‌كى سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگه‌ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی ئه‌مریكی (NED)، كه‌ چالاكى جیاواز له‌ بوارى چاودێرییكردنى حكومه‌تى خۆجێی دا ئه‌نجام ده‌دات، به‌تایبه‌تیش هه‌ر مانگه‌ و راپۆرتێكى ورد و بنكۆڵكاریی له‌سه‌ر بوارێك له‌ بواره‌كانى حكومه‌تداریی دا له‌ سنوریی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ ئامانجی بره‌ودان پێیان.
 
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,421,208     ژمارەی میوان 972