په‌روه‌رده‌ی گەرمیان كار له‌ سه‌ر راپۆرته‌كانى (یه‌كه‌ى چاودێریى) ده‌كات

6/12/2019    1890 جار بینراوە
 
رادیۆى ده‌نگ
 
به‌رێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان كار له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرتانه‌ى (یه‌كه‌ى چاودێرى  حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان) ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ وگرفته‌كانى په‌روه‌رده‌ له‌ سنورى گه‌رمیان ئاماده‌كراون، ده‌شڵێت: به‌شێكى ئه‌و گرفتانه‌ چاره‌سه‌ر كراون.
 
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان پرۆژه‌یه‌كى رادیۆى ده‌نگه‌ به‌ پاڵپشتى رێكخراوی (NED) ئه‌مریكى، ئه‌م یه‌كه‌یه‌ له‌ پرۆژه‌یه‌كدا به‌دواداچون بۆ كه‌رتى ته‌ندروستى  په‌روه‌رده‌ ده‌كات له‌ سنورى گه‌رمیان و مانگانه‌ 2 راپۆرت له‌سه‌ر ئه‌و دو كه‌رته‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، تائێستاش 40 راپۆرتى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌.
 
به‌ پێی نوسراوێكى به‌رێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان كه‌ ئاراسته‌ى یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان كراوه‌، وه‌ڵامى به‌شێكى راپۆرته‌كانى یه‌كه‌ى چاودێرى داوه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌ كه‌ كاریان له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرتانه‌ كردوه‌.
 
له‌ وه‌ڵامه‌كانى به‌رێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان دا هاتوه‌ كه‌ ئه‌وان راپۆرته‌كانیان به‌ هه‌ند وه‌رگرتوه‌ بۆ باشتركردنى ره‌وشى په‌روه‌رده‌ له‌ سنوره‌كه‌ و به‌ره‌وپێشبردنى، هه‌روه‌ك ئاماژه‌یان به‌ ناوه‌ڕۆكى راپۆرته‌كان داوه‌ و باسیان له‌و تێبینیانه‌ كردوه‌ كه‌ هه‌یانه‌ له‌و روه‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌و گۆڕانكاری و بڕیارانه‌شیان خستوه‌ته‌ڕ كه‌له‌سه‌ر ئه‌و بوارانه‌ و پاش بڵاوبونه‌وه‌ى راپۆرته‌كان داویانه‌.
 
ئه‌حمه‌د حه‌مید، سه‌رپه‌رشتیارى یه‌كه‌ى چاودێرى حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، وه‌ڵامدانه‌وه‌ و كاركردنه‌كانى به‌رێوبه‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان له‌سه‌ر راپۆرته‌كانى یه‌كه‌كه‌یان به‌ گرنگ داده‌نێت و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد "ئه‌مه‌ ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ تێبینی و سه‌رنجه‌كانى به‌هه‌ند وه‌رگرتوه‌ و كار له‌سه‌ر چاككردنى كه‌موكورتیه‌كان ده‌كات".
 
وتیشی: "ئه‌مه‌ هاندانێكى باشه‌ بۆ ئێمه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى وردتر ده‌ستبخه‌ینه‌ سه‌ر گرفته‌كان و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه‌".
 
ئه‌م یه‌كه‌یه‌ له‌ مانگى تشرینی یه‌كه‌مى (2017)ه‌وه‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌ له‌ ئاماده‌كردنى راپۆرته‌كانى و هه‌مو سه‌ره‌تای مانگێك 2 راپۆرت بڵاوده‌كاته‌وه‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ بواره‌كانى (په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى) و هه‌رجاره‌ و ته‌وه‌ر یان كێشه‌یه‌كى ئه‌و بوارانه‌ له‌ راپۆرته‌كانى دا ده‌خاته‌ڕو و به‌دواداچونى ورد و قوڵیان بۆ ده‌كات.
 
بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كانى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان تایبه‌ت به‌ هه‌ردو كه‌رتى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى، كلیك بكه‌.
 
 
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,456,711     ژمارەی میوان 720