ئەنجامی پێشبڕکێی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی کوردستان راگەیاندرا

0000-00-00    1507 جار بینراوە
 
رادیۆی دەنگ
 
رۆژی 14ی ئەم مانگە لە شاری کەلار، دەرئەنجامی دوەم پێشبڕکێی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ لە سەر ئاستی کوردستان راگەیاندرا.
 
محەمەد رەحیم، سەرپەرەشتیاری پرۆژەی پێشبڕکێی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ رایگەیان:" بۆ ساڵی دوەمە لەسەر یەک رادیۆی دەنگ ئەم پێشبڕکێیە ئەنجام دەدات، رۆژنامەنوسان لە سەرتاسەری کوردستان بە 34 ڕاپۆرتی رۆژنامەوانی لە 18 دەزگای راگەیاندن پێشكەش کراوە."
 
سەپەرشتیاری پێشبڕکێکە وتیشی: ساڵی رابردوو تەنها وێب سایت و رۆژنامەکان توانیان بەشداری بکەن، بەڵام ئەمساڵ راپۆرتی تەلەفزیۆن و رادیۆیش توانیویانە بەشداری بکەن و ژمارەی بەشداربوانیش زیاتربوون لە چاو ساڵی رابردو، هەروەک هەمو رۆژنامەنوسێک لە کوردستان توانیویەتی بەشداری پێشبڕکێکە بکات بە مەرجێک راپۆرتەکانی لە چوارچێوەی خستنەڕوی پرسی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی ساڵی 2017دا."
 
ئاماژەی بەوەشکرد ئەو راپۆرتانەی کە تایبەت بون بە خستنەڕوی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی ساڵی 2017 توانیان پلە بەدەست بهێنن ئەوانیش:
 
1- ئەو بەرەبەیانەی گەڕەکی کۆماری کەوت. / رۆژنامەنوسان(ژینۆ خەلیل، لەیلا ئەحمەد، عەلی مەحمود)، سایتی کەرکوک ناو.
2- چیرۆکی بەشودانی کچێکی تەمەن 10 ساڵ. / رۆژنامەنوس(کاروان رەحمان)، کەناڵی K24.
3- داعش نەوەیەک مناڵی بێ ناسنامە بەجێدەهێڵێت. / رۆژنامەنوس(کاروان ساڵەحی)، سایتی کەرکوک ناو.
 
پێشبڕكێکە لەلایەن ڕادیۆی دەنگ بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی NEDی ئەمەریکی بۆ دوەم ساڵە ئەنجام دەدرێت.
 
رادیۆی دەنگ، یەکەمین رادیۆی ئەهلی سەربەخۆی کۆمەڵگەییە لە دەڤەری گەرمیان، لە ساڵی 2010وە لەلایەن چەند رۆژنامەنوسێکی سەربەخۆوە دامەزراوە و چەندین جار روبەڕوی هێرش بوەتەوە و لەساڵی 2011دا تاڵانکراوە.
 
رادیۆی دەنگ لەساڵی 2013وە لەلایەن رێکخراوی سندوقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموکراسی NED ئەمەریکی پاڵپشتی دەکرێت و لە ئێستادا جگە لە پەخشی رادیۆیی، خاوەن وێب سایتێکی ئەلیکترۆنیی و رۆژنامەیەکی تایبەتە بە رەگەزی مێینە و هاوکات چەند یەکەیەکی تایبەت بە چاودێری دۆخی مافی مرۆڤ و حکومەتی خۆجێی و چاودێری وزەیە، ئەمە جگە لەوەی بەبەردەوامی ڕا‌هێنان بە گەنجان و رۆژنامەنوسان دەکات بە ئاراستەی بەهێزکردنی پێگەکانی دیموکراسی و چاودێری مافی مرۆڤ.
 
 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,189,118     ژمارەی میوان 829